The Falling Man of 11 sphotographer September 2001- photographer Richard Drew

مه‌رگی هه‌ڵبژارده‌، مه‌رگی بۆهیمی، بەربوونەوەی پیاوێکی تەنها


Loading

چرکەساتی بەربوونەوەی ئەم پیاوە لەیازدەی سێپتمبەری 2001 و لەکاتژمێر 9:41:15 نۆ و چل و یەک خولەک و لەدواچرکەی پازدەهەمینی ژیانیدا بوو، فۆتۆی ئەم پیاوە چرکەساتێکی ترسناکی ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤە لەبەرامبەر مردن، لەهەمانکاتیشدا چرکەساتی بڕیاردانی شێوازی کۆتایی هێنانە بەژیان. لەچرکەی پازدەدا چیتر ئەم پیاوە لەسەر زەوی نەما، لەنێو هەوادا بەهێمنی وەک پەڕی باڵندەیەکی بەختەوەر خۆی هەڵدایە خوارەوە. لەفۆتۆکەدا دیارە، قاچی ڕاستی نوشتانۆتەوە و سەریشی بەهێمنی بۆ خوارەوە شۆڕکردۆتەوە، وەک ئەوەی بیەوێت دواساتەکانی ژیانی لەتێپەڕبوونی خێرایی پەنجەرەکان بڕوانێت، وەک ئەوەی بیەوێت لەدواساتەکانی ژیانیدا شتێک بدۆزێتەوە کەهێشتا بەدویدا دەگەڕێت، ئەویش چێژ وەرگرتنە لەمردنێکی هەڵبژاردە. له‌م فۆتۆیه‌دا ئیرادەیەک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەژیان بەو شێوەیەی خود دەیەوێت، نەک جەبرێک هەبێت بەتۆبزی خود  بخاتە بەردەم پرسی مردن. له‌م فۆتۆیه‌دا مەرگێک هەیە هەڵبژاردە، مەرگێک هەیە بەختەوەر، یاخود مه‌رگ (بازهه‌ڵدانێکی وجودیانه‌)یه‌ بەتەعبیری ئالبێرکامۆ   بۆ‌نێو ژیان، به‌مانای مەرگێک هەیە بەشێکە لەنێو ژیانەوە دێتە دەرێ و دەچێتەوە نێو ژیان. ئیدی چەندە ڕاوکردنی ئەو چرکەساتانەی  مردن دەمانخاتە بەردەم پرسیارە وجودیەکانی نێوان خۆمان و دنیای دەرەوەی خۆمان، ئەوەندەش ئیشکالیەتی فیکری لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچدەکات. مەرگی هەڵبژاردە یەکێکە لەو کێشەبەندیە گەورانەی دنیای ئێمە، کەتێدا پرسیار لەسەر پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژیان، مرۆڤ و به‌رپرسیارێتی، لەسەر لیستی مۆڕاڵی ئاینی و هیومانی یه‌کلاده‌کاته‌وه‌.

 

 

The Falling Man of 11 sphotographer September 2001- photographer Richard Drew

ئەم فۆتۆیە تەنها چرکەساتیکی تیرۆر نییە وه‌ک ئه‌وه‌ی دیاره‌ و ده‌یبینین، بەڵکو چرکەساتی ئامادەبوونی مردنێکی هەڵبژاردەیە، له‌سووچێکی بچوکی ڕووداوێکی گه‌وره‌که‌دا خۆی نمایشده‌کات . لەوانەیە ئاماده‌بوونی بیرۆکه‌ی (مردنی هه‌ڵبژارده‌) له‌م فۆتۆیه‌دا هۆکارێک بووبێت، کەئەم فۆتۆیە تەنها یەکجار لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان بڵاوبکرێتەوە و چیتر هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێک ئامادەنەبوو جارێکی دیکە  فۆتۆی (پیاوە بەربۆوەکەی یازدەی سێپتمبەر)ی فۆتۆگراف (ڕیتچارد درۆ) بڵاوبکاتەوە، سانسۆرێکی ئه‌خلاقی له‌دژی ئه‌م فۆتۆیه‌ که‌وته‌کار، که‌هه‌موو ڕۆژنامه‌یه‌ک به‌تایبه‌ت له‌ئه‌مه‌ریکا، له‌و بڕوایه‌دا بێت، به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م فۆتۆیه‌ گوناهه‌یه‌کی گه‌وره‌که‌ ده‌کات. له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌مۆتیڤه‌کانی پشت ئه‌م نیگه‌رانیه‌ ئه‌خلاقیه‌ تێبگه‌م، هه‌وڵده‌ده‌م له‌ڕێگه‌ی هونه‌ری فۆتۆگرافه‌وه‌ کۆد و شفره‌ نه‌کراوه‌کانی ئه‌م گرته‌یه‌ ڕاڤه‌بکه‌م. ‌

 

مردنێکی بۆهیمی

خوێندنەوەی ئەم چرکە ساتە تەنها ئەو گفتوگۆیە ئەخلاقیە ناهاروژێنێت، بەوەی تەماشاکردنی فۆتۆی ئاوەها، جۆرێکە لەبەشداریکردن لە فۆیۆریسمێکی(Voyeurismus- ته‌ماشاچێژ) ناشیسته،‌ جۆرێکه‌ له‌ئیستاتیکایکردنی مردن، کەلەوێنەی مەرگێکی هەڵبژاردە لەم فۆتویەدا خۆی نمایشدەکات. نەخێر، بەڵکو دەرگای ئەو گفتوگۆیە حەرامە دێرینه‌ واڵادەکاتەوە بەوەی: گه‌ر لەدایکبوون لەدەرەوەی ئیرادەی مندا بێت، ئەوا دەشێت مردن لەچرکەساتی بڕیارداندا بەئیرادەی منەوە پابەند بێت‌؟ بەڵام ئایا ئەم چرکەساتە بەخراپەکاری لەقەڵەماندرێت؟ ئەم بیرۆکەیه‌ لەگەڵ خۆیدا دەمانهێنێت و دەمانبات،بەوەی؛ ئایا کۆتایی هێنان بەژیان، یان مەرگی هەڵبژاردە مانای ئەوە نییە، کەئێمە لەدواجاردا وەک پیاوخراپێک وەک مرۆڤێکی خراپ دەمرین؟ یاخود ئەمە مردنیکی بۆهیمیانەیه‌؟

هەرچەندە لەسەرەتادا ئەم پرسیارە خۆی لەو سنورە ئاینیانە دەدات، کەکۆتایی هێنان بەجەستە دەبێت لەدواجاردا بەدەست خواوەندەوە بێت، لەم کاتیگۆریه‌ ئاینیه‌دا جەستە و ژیانی خۆمان لەدواویستگەدا بەرامبەر بەساتەکانی لەدایکبوون دەبێتەوە، وەک چۆن لەدایکبوون بەدەستە خۆمان و بەبڕیاری خۆمان نییە، ئاوەها دەبێت مردنیش بەهەمان ڕیتمی میتافیزیکیانەی خۆیدا تێپەڕێت. بەمانایەکی دی دەبێت لەدایکبوون و مردن بەقەدەرە ڕۆحانیەکەیەوە وەک مەخلوقیکی خودایی یەکسان ببنەوە، چۆن لەدایکدەبین،  دەبێت ئاوه‌هاش بمرین. لەدایکبوون چرکە ساتێکی قەدەریی لەپڕە، چرکەیەکی میتافیزیکیە، هەڵبژاردنێکی خۆڕسکی لەپڕە و نهێنیەک لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، بەوەی نازانین لەچ ساتێکدا سەدەها هەزار سپێرم، تەنها یەکێکیان دەچێتە نێو هێلکەی مێینه‌ وئیمبریۆنێک پێکدێنێت کەچرکەساتی ئه‌فراندنی مرۆڤێکە.. ئەو ڕەهەندە ئاینیە دەیەوێت قەدەری خودایی لەپرسیاری لەدایکبوون ومردن جیانەبێتەوە، لەچرکەساتی میتافیزیکیەوە لەوە تێدەگەین کەمردنی خۆمان نابێت بەدەستی خۆمان بێت، دەبێت بەدەست هێزێکی ئەو دیوی خۆمان بێت، مردن دەبێت میتافیزیکیانە بێت، خوداییانه‌ بێت.. ئەم تەفسیرە دەمانگەیەنێتە بەردەمی وێنەی نەگوتراوی ئاینی  کەمردنی هەڵبژاردە مردنێکی مرۆڤێکی خراپەکارە، چ نەبێت مردنێکی خراپە.

 

بۆ تێگەیشتن لەم گریمانە وهیپۆتێزەی سەرەوە، دەبێت ئەم پرسیارە لەخۆمان بکەین. بەوەی  دەبێت ئەم مردنە چۆن بێت و چۆن تەفسیر بکرێت؟! پێموایە لەکاتی مەرگی هەڵبژاردەدا، مرۆڤ مومارەسەی دوو کردە دەکات؛ یەکەمیان خۆپەرستی (ئیگۆیزم) و دووهەمیان ئیرادەگەرایی.

یه‌كه‌میان  لەخۆپەرستیدا (ئیگۆیزم)،  دەگەڕێنەوە بۆ خۆمان وەک بونەوەرێکی تاک، وەک ئیندڤیدوالیستێک کەدەیەوێت سنورەکانی تاکڕەویخۆی فراوانبکات. بەڵام مەرج نییە هەموو خۆپەرستیەک مانای نێزیکبونەوەبێت لە پێشێلکردنی ئەویتر. بەڵکو مانای ونبوونی ئەو هەستە هاوکارەیە کە ئیگۆسیت (خۆپەرست) بەئەوانیترەوە دەبەستێتەوە. ئیگۆئیزم بەشێکە لەکردەی مەرگی هەڵبژاردە ئەمجۆرە ئیگۆئیزمیە، تاکڕەوێک و ئیندیڤیدوالێک دروستدەکات کەخۆی بەکۆمەڵگەوە نابەستێتەوە. بەڵام مەرج نییە ئەم ئیگۆئیزمیە هەمیشە بەرەو خراپەکاری ڕێچکەی خۆی بگرێتە بەر، بەڵکو وەک ئاپاتیه‌ک  (نابەشدارێک Apathie) بەژیانی کۆمەڵگەدا تێپەڕ دەبێت. ئەم ئیگۆئیزیمە جۆرێکە لەمومارەسەی ئیندڤیدوالیەت، من پێموایە لەهەموو تاکڕەو و ئیندڤیدوالیکی ئازادا خۆپەرستیک نوستووە، خۆپه‌رستیک جیهان له‌نێوخوێدا به‌وشێوه‌یه‌ نیگارکێشی ده‌کات‌ که‌خۆی ده‌یه‌وێت. خۆپەرست سۆلۆژەنێکی ترسناکە کاتێک بڕیاردەدات چێژەکانی خۆی لەسەروو ئیدیالەکانەوە دانێت، هەموو ئیدیالەکان لەبەردەم ئیندڤیدوالیەتدا بوونی جێگیریان لەق دەبێت. لێرەوە مەرگی هەڵبژاردە بەجۆریک لەجۆرەکان داهێنانێکە بەبێ بوونی تێکستی نوسراو، به‌بوونی به‌ر‌هه‌میکی ئۆبێکتیڤی ده‌ستلێدراو و بینراو،  پڕۆسەیەکە پێویستی بەخۆپەرستێکە لەنێو خۆیدا دنیای خۆی فراوان بکات، بەجۆرێک سنوورەکانی ژیان تێپەڕێنێت، چرکه‌ساتی بینی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ چرکه‌ساتی مه‌رگ خۆیه‌تی.

له‌م فۆتۆیه‌دا ئه‌م چرکه‌ساته‌ بینراو بووه‌. لەئەدەب و هونەر و تەنانەت کاری فیکریشیدا، هەر کاتێک خۆپەرستیت لەئەفراندن کردەوە، ئەواهیچ نامێنێتەوە جگە لەکۆپیکردنەوەی وێنەباوەکان نەبێت، ئەوانەی زۆر خەمی مێگەلی کۆمەڵایەتیان هەڵگرتووە، ئەوانە ڕۆژ بەڕۆژ لەدۆزینەوەی جیاوازی دووردەکەونەوە، ئەوانە وێنەی خۆیان لێدەبێتە تارماییەکی نامۆ، خودی خۆیان، سوبێکت، خود، دەبینین، دوور زۆر دوور، دەستی ماڵئاوایی بۆ خۆیان بەرزدەکاتەوە، ئەوانە ڕۆژ بەڕۆژ لەخۆیان دووردەکەونەوە و لەنێو کۆ و مێگەلدا دەتوێنەوە. خۆپەرستی لەکردەی مەرگی هەڵبژاردەدا لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کەڕەچاوی حوزنی ئەوانیترناکەین و برینی کۆچکردن و بیرۆکەی مردن لەلای زیندووانی دوای خۆمان قوڵتر دەکەینەوە.

 

دووهەم توخم لەمەرگی هەڵبژاردەدا لەئیرادەیەکەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت، بەوەی مردن جۆریکە لەئیرادەیەک، جۆرێکە لەبڕیاردان، جۆریکە لەئیدیالێکی تایبەت. لێرەوە خۆپەرستی مەرگی هەڵبژاردە، بەڕای من خۆپەرستیەکەی ترنسێندێنتاله( ‌باڵا Transzendental)، مادامەکی ئیرادەیەک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەژیان!. پارادۆکسەکە لێرەدایە کەئیرادەی مردنی هەڵبژاردە، چەندە بڕیارێکی خۆپەرستیە بۆ کۆتایی هێنان بەجەستە، لەگەڵیشیدا خۆپەرستی (ئیگۆسێنتری) وه‌ک توخمی یه‌که‌م  ئامادبوون و ئێستاکێی خۆی وندەکات، دەبێت بەڕابوردوو!، دەبێت بەنەمان و لێرەنەبوون،لێره‌وه‌ گاڵته‌جاڕی ئه‌م چرکه‌ساتهمان بۆ ئاشکراده‌بێت،‌ چونکه‌ له‌گه‌ڵ کرده‌بوونی مه‌رگ    وێنەت ئامادە نییە، خۆپەرستیت ئامادە نییە، ئیگۆت، منت، خۆت لەجیهاندا نامێنیت. ئیدی ئیرادەگەری خۆپەرست،  خودێکی ئیگۆئیستی  وەک جەستەیەک لەسەر شانۆی ژیان دەکاتە دەرەوە.  لێره‌ره‌وه‌ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجامی ته‌فسیره‌ ئایینیه‌که‌دا یه‌کده‌گرینه‌وه‌، بەپێێ ئەم تەفسیرەش مەرگی هەڵبژاردە مەرگێکی خراپە.

دیسانه‌وه‌ ئه‌م پرسیاره‌ خۆی ئاماده‌ ده‌کاته‌وه، ئایا مه‌رگی هه‌ڵبژارده‌  ناچێتە ڕیزی مردنی خراپەکاران؟

(شۆبنهاوەر)  کەباس لەمرۆڤی خراپەکار دەکات،باس لەخودێکی خۆپەرست دەکات، خودێکە (کاتێک  بۆی دەلوێت و هیچ دەسەڵاتێک ڕێگرنییە لەبەردەمیدا، ئەوسا مەیلی خراپەکاری هەیە)

بڕوانە:

Arthur Schopenhauers,Die Welt als Wille und Vorstellung,Zweiter Teilband, Erster Band, S528-529, Könnemannverlag 1997

بەبۆچوونی شۆبنهاوەر  خراپەکار ئەو کەسەیە، کاتێک دەسەڵاتەکان لەبەردەمیدا وندەبن و هیچ ڕێگرێک نامێنێت، ئه‌وسا خراپه‌ ده‌رهه‌ق به‌ئه‌وانیتر ده‌کات.. شۆپنهاوەر دەڵێت؛

 

(لەڕوانگەی ئێمەوە خراپەکار ئەو کەسەیەکە پێشوازی دەکات لەئیرادەی ژیان  وەک چۆن لەخۆیدا دەردەکەوێت خواستێتی، بەمانای  بەڵکو بەڵێ گووتنە بۆخۆی، بەجۆرێک، زێدەڕۆیی دەکاتە سەر ئیرادەی ئەوانیتر و ئیرادەی ژیانی  ئیندیڤیدوالی ئەوانیتر  ڕەتدەکاتەوە…)هەمان سەرچاوەی پێشوو.

 

شۆبنهاوەر لەم تێکستەدا باس لەو ئیرادە  ئیگۆئیزمیە  خراپەکارە دەکات کە ئیرادەی بڕیاردان بۆ خۆی لەسەر لیستی ئیرادەی ئەوانیتر یاری خۆی دەکات، گه‌ر دیوێکی دیکه‌ی ئه‌م ڕستانه‌ی شۆنبهاوه‌ر وه‌ربگرین، بەرامبەر ئیشکالیەتی ئەخلاقی ئیرادەگه‌ر دەبینەوە وەک بڕیارێک کەخۆمان دەدەین و ئەوانیتر دەخاتە هاوکێشەیەکی پڕ نیگەرانیەوە. گەر بچینە دیوێکی دیکەی ئەم تێزەی شۆبنهاوەر  ئەوا لەمردنی هەڵبژاردەدا، لەجەوهەردا خراپە دەکەین، مادامەکی دژی ئیرادەی ژیان دەوستینەوە. لەجه‌وهه‌ردا لەگەڵ خراپەکاریدا یەکدەگرینەوە، بەڵام لەفۆرمێکی تردا. لەم گۆشەنیگایەوە  لەو حوکمە ئەخلاقیە تێدەگەم کەئەم فۆتۆیە لەگەڵ خۆیدا هارووژاندی، بەوەی چرکەساتی فۆتۆگرافی ئاوەها، چرکەساتی بڕیاردانێکی خراپەکاریە، کەئازاری ئەوانیتر دەدات. دیوی دووهەمی ئەم بۆچوونە ئەوەمان پێدەڵێت کەبڕیاری ئاوەها هەرچەندە بە مەرگی جەستەیی خاوەنەکی کۆتایی پێهاتووە، مەرگی پیاوێکی خراپەکارە کە دوور لەئیدیالی ئێمەوە، دژی ئیرادەی ژیان دەوستێتەوە. ئه‌مه‌ چرکەساتی شەڕکردن نییە لەپێناو ژیاندا تادواهەناسە وەک چۆن ئیدیالی باو ئاشنایەپێی و دەسەڵاتی کۆمەڵگەو خوتبەبێژە مۆڕالیستەکان بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکەن.  جادووی ئەم فۆتۆیە لەو پرسیارەیە کەبەردەوام خۆی ئامادە دەکات بەوەی؛ دەکرا ئەم پیاوە بەز‌وویی خۆی هەڵندایە خوارەوە، دەکرا وەک ئەوانیتر تادوا هەناسە و دواچڕکەسات خۆی بەپەنچەرەکانەوە گیر بکات، شەڕ بکات لەپێناو مانەوە، نەک لەکاتی بەربونەوەیدا بێباکانە، وەک ئەوەی خۆی هەڵدەداتە نێو حەوزی مەلەوانگەیەک، خۆی هەڵداتە نێو بۆشایی؟

 

ئاوەها لەفۆتۆکەدا ئەو خۆهەڵدانە فیزیکیە دەست ئەنقستە هەستپێدەکەین بۆ نێو بۆشایی و ئاسمان و هەوایەکی پاک، بۆ هیچ نا، تەنها بۆ ئەوەی دواچرکەساتی ژیانی بەسەر بەرێت. ئەم پیاوە بڕیاردەدات لەنێو ئاگردا نەسوتێت، بڕیادەدات لەنێو هەوایەکی بەرین چێژ لەدواساتەکانی ببینێت وەک چۆن لەفۆتۆکەدا قاچی نوشتانۆتەوە، وەک ئەوەی بەهێمنی لەتێپەڕبوونی پەنچەرەکان بڕوانێت کەشاقوڵی لەگەڵ بەربوونەوەی جەستەیدا دەیانبینێت. توڕەبوونی ڕای گشتی بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەم فۆتۆیە لەوەدایە کەبێئەوەی بەخۆمان بزانین (ئیدیالی گشتی) بریندار دەکات، ئیدیالی ئیرادەیەک بۆ ژیان. مێگەلی کۆمەڵایەتی لەم چرکە ساتە توڕەیەی خۆیدا ئەم فۆتۆیە بەتوندی ڕەتدەکاتەوە، نێگاتیڤی دەکات و بارقورسی دەکات بەئیدیالەکانی. لێرەوە دەگەینە بەردەم تەفسیری دووهەمی مردنی هەڵبژاردە، بەوەی  کەلەمردنی هەڵبژاردەدا، لەم فۆتەیەدا وێنەی بۆهیمی ئامادەیە، کەبەپێچەوانەی ئیدیالەوە شێوازی ژیان و مردن بۆ خۆی دیاریدەکات.

 

بۆهیمیەت لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدە وەک دیاردەیەک دەرئەنجامی کۆمەڵگەی پیشەسازی و ڕوخانی کۆمەڵگەی ئۆرستوکراتیەتی فیودالی و دروستبونی شارەگەورەکان پەیدا بوو. بۆهیمی ئەو کەسەیە خاوەنی کولتورێکی تایبەتی بەخۆیەتی، کەدەتوانین بەکلتورۆچکە یان سوبکولتور (Subkultur)ناوی بەرین. بۆهیمی لای مارکس بە (  پڕوپاتاڵی پڕۆلیتاریا ) لەقەڵەمدراوە، دیارە لەبەر ئەوە بووە، بۆهیمیەکان بەشێکی زۆریان هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانن، کەبەهۆی هەڵبژاردنی شێوازێکی تایبەتی ژیانەوە نێزیکبوونەتەوە لەسنورەکانی هەژاری. بەهۆی پشتگیریان لەهەژاران و ئیدیاکانی سۆسیالزم بەشێک بوون لەو بزوتنەوەیە، بەڵام ئەوە بۆهیمیە ناچێتە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیەوە و نابێت بەبەشێک لەمێژووی کرێکاران و نایەوێت ئەندام بێت لەهەر دەستە و بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستیدا. (یۆلیس ڤالێس) بۆهیمیەکان (بە پڕۆلیتاریای ڕۆشنبیر) ناودەبات.. ئاوەها بۆهیمی لەچوارچێوەکان دەچێتە دەرەوە و بەردەوام لەشێوازێکی ژیانی قەرەجیدا دەژی. سەیر نییە!لەبەرئەوەی ‌وشەی  (Bohème)لەزمانی فەڕەنسی و لەسەدەی پازدە بۆ ئەو قەرەجانە بەکاردەهێنرا کەلەناوچەی بۆهیمی چیکەوە هاتبوونە فەڕەنسا، شێوە ژیانی قەرەجەکان لەسەدەی پازدەوە بە بۆهیمی ناودەبرێت.

ئارسه‌ر ڕامبۆ له‌ته‌مه‌نی حه‌ڤده‌ ساڵیدا ١٨٧١
Rimbaud, aged 17, by Étienne Carjat, probably taken in December 1871

(ئارسەر ڕامبۆ  ١٨٥٤-١٨٩١) شاعیری فەڕەنسی کتبێکی بەناوی ( ژیانی بۆهیمیم)،  بڵاوکردەوە، کەیەکێکە لەشاکارە جوانەکانی ئەدەبی فەڕەنسی.  لەئەدەبدا ڕامبۆ و ڤرلین بەرجەستەبوونی ئەو ژیانە بۆهیمیە بوون، هەرچەندە ڤرلین لەدواجاردا تەسلیم بەنۆرمەکانی کڵێسا و هاوڵاتیبوون دەبێت و ئەدەب و ژیانی بۆهیمی جێدەهێڵێت، ڤرلین دیسانەوە دەبێتەوە بەهاوڵاتیەکی ساڵح. ڕاسته‌ ڕامبۆ واز لەشیعر نوسین دێنێت، بەڵام ناتوانێت واز لەشێوە ژیانی قەرەجی بهێێنێت و لەساراکانی ئەفریقا دەبێت بەبازرگانی چەک. ڕامبۆ نەک تەنها لەداهێنانی شیعریدا بۆهیمی بوو، بەڵکو تەنانەت دوای وازهێنانی لەداهێنان و ژیانی وەک بازرگانێک، لەساراکانی ئەسیوبیا و ناوچەکەدا وەک بازرگانێکی بۆهیمی درێژە بەژیانی بۆهیمی دەدات، ڕامبۆ لەتەمەنی سی و حەوت ساڵیدا لەبەندەری مارسیلیا وەک بۆهیمیەکی ئەبەدی دەمرێت..

 

خه‌سڵه‌تێکی دیکه‌ی بۆهیمیه‌کان دژه‌جێگیربوونه‌ له‌شوینێکدا، دژه‌ جێگیربوون له‌شوێنێکی تایبه‌تدا خۆی له‌خۆیدا ڕه‌مزێکی دژه‌ هاوڵاتیبوونه‌، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌بۆهیمیه‌کان دژی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نین، به‌ڵکو دژی ئه‌وه‌ن به‌ته‌واوه‌تی ببن به‌و هاوڵاتیه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئاین و ده‌زگاکانی دیکه‌ وێناییده‌که‌ن. دژه‌‌هاوڵاتیبوون لای بۆهیمیه‌کان مانای تێگه‌یشتنێکی دیکه‌یه‌ بۆ چه‌مکی هاوڵاتی، هاوڵاتیه‌ک له‌ئازادییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژی، له‌نێو سروشتدا و دوور له‌جه‌بری یاساکانی ده‌وڵه‌ت و خێزان و ده‌زگاکانی په‌روه‌رده‌ی کۆنه‌خوازانه‌. ئه‌م ئیدیایه‌ لەدژایەتی شوێنە داخراوەکاندا خۆی بەرجەستەدەکات، له‌به‌رئه‌م هۆکاره‌ بۆهیمیەکان هەموو ئەو قاوەخانە و ڕیستۆڕانت و یانەکۆمەڵایەتی و ئەدەبیانە ڕەتدەکەنەوە، کەکۆمەڵگەی ئەوروپایی لەگەڵ نۆرم و بەها باوەکانی خۆیدا گه‌شه‌ی پێداوه‌. شوێنە داخراوەکان، گەلەرییەکان و ئاهەنگەکانی موجامەلەو ئاته‌کێتی قاوەخانەئەدەبیەکان و بوون بەئەندام لەو کۆمەڵگە ئەدەبی و فەرهەنگیە داخراوانەدا، بەشێکە  لەو نۆرم و نەریتانەی زمانێکی تایبەت و هەڵس وکەوتیکی تایبەت دەخوازێت، بەتایبەت لەسەدەی نۆزدەدا ساڵۆنە ئەدەبیەکان لەئەوروپادا لەگەشانەوەیه‌کی سه‌یردا بوون. ئەوە بۆهیمیەتە وەک کولتورێکی پێچەوانە، وه‌ک سوبکولتور لەشوێنە جێگیر و داخراوەکان هەڵدێت، ئەو نەریتە ئۆرستۆکراتیە ئەدەبیە ڕەتدەکاتەوە و لەنێو شێداری کێڵگەو لەکەناری گەڕەکە هەژارەکانی شارەگەورەکاندا درێژە بەداهێنان دەدات..

بۆ زیاتر زانیاری بڕوانە:

Helmut Kreuzer: Die Boheme. Analyse und Dokumentation der intellektuellen Subkultur.J. B. Metzler Verlag, Stuttgart 2000

ئەوەی له‌م باسه‌دا بۆمن   جێگەی سەرنجە دووتوخمی سەرەکیە کەبۆهیمی لەئەویتر جیادەکاتەوە، یەکەمیان دەرچوونه‌ لەنۆرم و ئیدیالە باوەکان و دووهەمیان دەرچوونه‌ لەشوێنە داخراوەکان، که‌مانای هەڵبژاردنی ژیانی گەڕۆکیه‌، زۆرجار بەمردنێکی هەژارانه‌ یان مردنی نەخۆشێک کۆتایی دێت…ئەم دووتوخمە پێکڕا دەرچوونن لەئیرادەی گشتی بۆمانەوە لەنێو چەقی ژیاندا، هەڵبژاردنی کەنارەکانە، ژیانه‌ له‌لێواره‌کاندا،له‌بێده‌نگیدا، له‌ته‌نهایه‌کی شاعیرانه یان له‌ته‌نهایه‌کی زاهیدانه‌دا. هەڵبژاردنی شێوە ژیانی بۆهیمیانە، نێزیکە لەمەرگی هەڵبژاردە،بەوەی  نێزیکدەبینەوە لەونبوون وەک لەئامادەبوون. لێرەوە بۆهیمی شەڕ بۆ ئامادەبوون ناکات لەو کایەی تێدا کاردەکات، بۆنمونه‌ شاعیری بۆهیمی بەپێچەوانەی شاعیرانی دیکەوە نایەوێت هەمیشە لەنێو ڕوناکی نێوەندە ڕۆشنبیریەکاندا ئامادەبێت، شاعیری بۆهیمی وەک شاعیرێکی ناسیونالستی نییە هەمیشە ئامادە و دەنگ بەهاوار بێت، مۆڕالیست نییە و خوتبەی ئەخلاقی بدات، جەنگاوەر نییە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە، ئەو خاوەنی ئیدیالی خۆیەتی کەلەشیوازێکی ژیانی تایبەتدا خۆی نمایشدەکات.

 

دیووێکی نەفرتکردنی کۆنەستی کۆمەڵایەتی ئەمریکایی  لەفۆتۆی ( پیاوە بەربۆوەکەی یازدەی سێپتمبەر ) لەوەدایە، کەوێنەی بۆهیمیەک نیشاندەدات بەچێژەوە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە، بەمەرجێک سەدەها فۆتۆی لەهاوشێوەی ئەو فۆتۆیە بڵاوکرایەوە، تەنانەت کەناڵەکانی تەلفیزۆن تائێستاش ئەو گرتانە نیشاندەدەن کەمرۆڤەکان لەباڵاخانەکانی یازدەی سێپتمبەرەوە خۆیان هەڵدەدەن خوارێ، کەچی هەمان ئەقڵی گشتیە کەفۆتۆیەکی هەتیو و تاقانەی (ڕیتچارد درۆ)  پێ قووت ناچێت! ڕەتیدەکاتەوە و جۆرێک سانسۆری لەسەر دادەنێت و بۆ ئەبەد لەسەر ڕووبەری ڕۆژنامەکان بڵاونابێتەوە.

 

 

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەم ساڵانەی دوایدا بۆ ناساندنی ناسنامەی ئەو پیاوەی یازدەی سێپتمبەر ئەنجامدرا، ئەو پیاوە ناوی جۆناسان برایلیه‌ Jonathan Briley †43).  کارمەند بووە لەڕیستۆرانتی (پەنجەرەیەکی دونیا) کەلەقاتی سەدو حەوتدا بووە، بەپێی ئەو ڕیپۆرتاژەی لەکەناڵی (RTL) ئەڵمانی که‌تەنها بۆ یەکجار بڵاوکرایەوە، ئەم پیاوە تەمەن چل و سێ ساڵە، کوڕی خوتبەبێژو قەشەیەکی ئیفانگیلیە، بەمانای لەخێزانێکی ئایینەوە هەڵقوڵاوە. بەگشتی جۆناسان برایلی وێنەی هاوڵاتیەکی ئەمریکانی کۆنزەتاتیڤی نیشتمانپەروەر و خواناسە کەلەگەڵ وێنەی (نیو کۆنزەڤاتیزم / موحافزکارە نوێیەکان) دا دەگونجێنت، نابێت ئەوە لەبیرکەین کە نیوکۆنزەرڤاتیڤ ئایدۆلۆژی ڕەسمی کۆمەڵگەی ئەمریکانیە، هه‌ر بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا ناوی جۆناسان به‌ته‌موژاوی دێت و گومان ده‌خه‌نه ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بێت خۆی هه‌ڵدابێته‌ خواره‌وه‌ و ته‌سلیمی قه‌ده‌ریی خوایی نه‌بوو بێت.

 

گه‌ر له‌گریمانه‌ی جۆناسه‌وه‌ و  بەچاوی نیوکۆنزەرڤاتیڤێکه‌وه‌ لەو فۆتۆیە بڕوانین، خۆهەڵدانی کوڕی خوتبەبێژێکی کریست، کەنوینەری کۆنزەڤاتیڤە ، مانای ترسناکی لێدەکەوێتەوە، بەمانایەکی تر، مردنێکی باش نیە، مردنێکی خراپه‌. جۆناسان، پیاوە بەربۆکەی یازدەی سێپتمبەر، نمونەی کارمەندێکی بەوەفا و دڵسۆز بووە بۆ کارەکەی وەک لەڕیپۆرتاژەکەدا هاتبوو، نمونەی هاوڵاتیەکی ئەمریکایە کەنیو کۆنزەڤاتیڤ پشتگیری ده‌کات. بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی کۆنزەرڤاتیڤە نوێیەکان، لەجیاتی  ئەوەی تادواساتەکانی هەوڵبدات لەژیاندا بمێنێت، بۆ ژیان بجەنگێت، یاخود واز لەقەدەری خودایی بهێنێت کۆتایی بەژیانی بهێنیت، یان ببێت به‌وێنەی پاڵەوانێکی ئەمریکایی کەدواساتەکانی لەپێناو مانەوەدا شەڕ لەگەڵ ئاگر و دوکەڵدا بکات.. جۆناسان بەجیا لەهاوەڵەکانی، بێباکانە خۆی هەڵدەداتە خوارێ!

 

ئەمە ئەو ساتە عەبەسیانەی  ڕۆمانەکەی ئالبێرکامۆ (نامۆ) بیردێتەوە کەلەوەڵامی دادگادا، بەوەی بۆچی کاتێک لەسەر کەنار دەریا بوو دووپیاوی کوشتووە، لەوەڵامدا پاڵەوانەکەی کامۆ دەڵێت: بریقەی چەقۆکەی دەستی یەکێکیان چاوی بێزارکردم، بەشێوەیەک کەچارم نەمێنێت جگە لەتەقەکردن نەبێت، بۆ ئەوەی چیتر ئەو بریقەیە بێزارم نەکات…پیاوەکە بەربۆوەکەی یازدەی سێپتمبەر وەک لەڕاپۆرتێکی کورتی شپیگل ئۆنلاینی ئەڵمانیدا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشم بەرچاو کەوت کەدەڵێت جۆناسان؛

(بڕیاریدا خۆی هەڵداتە خوارێ، لەجیاتی ئەوەی ئەوەی لەدوکەڵدا بخنکێت، یان بەئاگر بسوتێت..)

بڕوانە:

http://www.bild.de/BTO/news/aktuell/2006/03/16/11-september-2001-springer/11-september-2001-springer.html

لێرەوە مردنی جۆناسان، مردنێک نییە لەگەڵ ئیدیالەکاندا یەکبگرێتەوە، ڕەمزی مردنێکی دژە ئایین و دژە ناسیونالە، دژ بەوێنەی مەرگە وەک ئەوەی لەهۆشمەندی گشتیدا بوونی هەیە.  لەم خاڵەوە مردنی وەها هەڵبژاردە کەبڕیاردان و ئیرادەیەک بۆ بڕیاردان پشتە وێنەی بن، بۆ هۆشمەندی گشتی ناشرینترین نموزەج دەبێت، بەتایبەت جۆناسان تاوەکو دواچرکەساتی بڕیارێکی ئاوەها، نموزەجی هاوڵاتی کۆنزەرەڤاتیڤ و بەباوەڕی ئەمریکی بووە، لەچرکەساتێک دوور لەمێگەلی کۆمەڵایەتی وەک بۆهیمیەک دەمرێت و خۆی ناداتە دەست قەدەری خودایی، کەلەوانەیە بەشێوەیەک لەشێوەکان قوتاری بوایە، نەخێر، بڕیاردەدت لەنێو هەوای پاک و فێنکدا بمرێت، وەک لەوەی لەنێو دوکەڵ و ئاگردا شەڕبکات بۆ ژیان و چاوەڕوانی موعجیزەی ئیلاهی بێت.

 

 

دیوێکی تری ئەم مردنە ئەو پارادۆکسە ڕەمزییە لەنێوان شوێنی داخراو و شوێنی کراوەدا خۆی نمایشدەکات. بۆهیمیەکان وەک لەسەرەوەدا ئاماژەم پێدا لەشوێنی داخراو و جێگیربونەوە بەرەو شوێنی کراوەو ناجێگیر و گەڕۆک هەنگاودەنێن، لەبەر ئەوە بۆهیمیەت شێوەژیانی ڕەوەندیە، وەک هەموو قەرەجێک بێزارن لەکردەی نیشتەجێبوون و ژیانی هاوڵاتیبوون. بۆهیمیەکان لەدژی ڕیستۆڕانت و یانە و قاوەخانە و کابارێتەکانن، ئەوان یەکتربینین و ئاشناییان لەگەڵ یەکتردا لەدەرەوەی ئەو شوێنە داخراوانە بەچاک دەزانن. جۆناسان، پیاوە بەربۆکەی یازدەی سێپتمبەر هەرچەندە چەندەها ساڵ لەڕیستۆڕانیکدا بەدڵسۆزی کاردەکات، و پیشەکەی ئەوەیە، کەچی لەچرکەساتی بڕیارداندا دەیەوێت لەدەرەوەی ڕیستۆڕانتەکە بمرێت. هەر وەک ئەوەی کاتێک دەچێتە نێو بۆشاییەوە بەختەوەر ده‌بێت بەوەی ژیانی ڕیستۆڕانت بۆ ئەبەد جێدێلێت!. له‌م خاڵه‌دا  وێنەی ئەو کاپیتانە تێرناکات کەلەگەڵ پاپۆرەکەیدا ژێڕ ئاودەکەوێت، نەخێر وەک بۆهیمەکی تەنیا، بەشیوازی خۆی دوور لەهەموو ئەم ئیدیالانە، لەچرکەساتێکدا پشت دەکاتە هەموو ئەم ئیدیالانە و بڕیار بۆ مردنێکی بۆهیمی دەدات.

Ein undatiertes Archivbild zeigt den deutschen Philosophen Theodor W. Adorno,

کاتێک باس لەمردن دەکرێت، هۆشمەندی گشتی پەلاماری پڕنسیبە ئیدیالەکانی خۆی دەدات، پەلاماری ئەو وێنانە دەدات کەلەهۆشمەندی خۆیدا پاراستویەتی، وێنەی پاڵەوان، وێنەی جەنگاوەر، وێنەی باوەڕدار، وێنەی مۆرالیست..مردنی بۆهیمی لەگەڵ سەرجەم ئەو هاوکێشە ئەقڵانی و ئه‌خلاقیانه‌دا ناگونجێت کەکۆمەڵگە لەسەری وەستاوە. ئەمە جگە لەو ڕەهەندە ئاینیەی هەموو ئەم جۆرە مەرگە هەڵبژاردەیە ڕەتدەکاتەوە. مردن لەدەرەوەی ئیدیالە گشتیەکان  مردنێکی هەتیو و بۆهیمیە. مردنی بۆهیمی، ئەو مردنەیە کەهەموو ئەم توخمانەی تێدا دەسوڕێتەوە و ناتوانین بەتەواوەتی تەفسیر بۆ مەرگی هەڵبژاردەی بکەین، چونکە لەگەڵ ئەو وێنە ئامادەبووانەدا یەکناگرێتەوە کەهۆشمەندی گشتی لەگەڵیدا ژیاوە. ئەم جۆرە مەرگە بۆهیمیە وەک لەپیاوە بەربووەکەی یازدەی سێپتمبەردا ڕوویدا، چرکەساتی و لەپڕە، پێش ئەوە هەموو ئەم توخمانە لەو کەسەدا کەشفنەکراوە. ئەوە چرکە ساتێکە، ئادۆرنۆگووتەنی (کەگوشار دەبێتە ئۆبێکت)..به‌مانای گوشار دەبێتە مردنێکی هەڵبژاردە.

Theodor WoAdorno,Minima Moralia ,Reflexionen aus dem beschädigten Leben, Suhrkamp Verlag 1998,s100

لەژێر ئەو پەستاوتنەدا، لەژێر فشاردا  (خودیکی بۆهیمی)  خۆی کەشفدەکات و بڕیاردەدات، بەمانای  چرکە ساتی خۆهەڵدان بۆ خوارەوە هەمان چرکەساتی کەشفبووونی خودێکی بۆهیمیە، کەتاوەکو گوشاری ئاگر ئامادەنەبوو، ئەو خودە بەسەر بۆهیمیەتی خۆیدا نەکەوت. پێش ئەوە ئەم خودە لەنێو ژیانی هاوڵاتبووندا ڕۆژەکانی خۆی دڕیژکردۆتەوە، لەنێو ئیدیالەکاندا ژیانی بەسەربردووە، بەڵام لەچرکەساتی بۆهیمیدا بەجودا لەدووسەد کەسیتر کەلەو قاتەدا وەک ئەو لەنێو گەرمایی و ئاگردا به‌هیوای ژیان لەنێو چوارچێوەی بیناکەدا دەمێننەوە. ئەو خودە بۆهیمیە بێباکانە بڕیار بۆ هەوا و ئاسمان و باڵەفڕەیەکی ئازادانە دەدات.

مه‌رگی ئیدیالیست

سوکرات پێیوایە؛ مردن سەفەرێکە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر… به‌مانای مردن پابەندە بەسەفەرێکەوە لێرەوە دەستپێدەکات و دەچێت بۆ شوێنیکی تر، ڕۆحمان لەم شوێنەوە دەڕوات بۆ دنیایەکی تر، ئەمە ئیدیالێکە کەلەڕێگەی پلاتۆنەوە و لەسەر زاری سوکرات گوتراوە.

بڕوانە:Platon: Apologie des Sokrates. Kriton, Reclam Verlag  2006, S37

مردن وەک ئیدیالێك کەدەبێت پێوەی خەریک بین، بیری لێبکەینەوە و قسەی لەسەر بکەین، ئەمە ئەو وانە سەیرەیە سوکرات لەمەرگی هەڵبژاردەی خۆیدا بۆ ئێمەی جێدێڵێت. مانا دیار وئاشکراکانی ئەم مەرگە هەڵبژاردەیەی سوکرات مردنە لەپێناو هەقیقەتدا، ئەمەتەنها دیوێکی ئەم مردنەمان بۆ ئاشکرا دەکات. بەوەی سوکرات ڕاوێژی هاوڕێکانی ڕەتدەکاتەوە کەئەسینا جێبهێڵێت و تامردن لەسەر دوورگەیەک بژی. بەڵام ووردەکاریەکان لەمردنی هەڵبژاردەی سوکراتدا لەبیرۆکەی مردنەوە دەستپێدەکات، نەک لەپابەند بوون بەدۆزی هەقیقەتەوە، بەڵکو من پێموایە لەوەوە سەرچاوە هەڵدەگرێ  کەمردن لای سوکرات کارێکی کەسییە، پریڤاتە، بەمانای پێرسۆنالیزەکردنی مردن لەڕوانینی سوکراتەوە دەستپێدەکات بۆ مردن، بەوەی مردن سەفەرێکه‌ لەشوێنێکەوە بۆ شوینێکی تر..ئەم سەفەرە مەرجی سەختی خۆی هەیە، کەسوکرات لەبەرگریکردنه‌که‌یدا، لەدادگادا بۆ تۆمەتبارانی ڕووندەکاتەوە، کەبۆچی ئەو لەمەرگ ناترسێت، لەو ناهەقیە ناترسێت کەبەرامبەری کراوە، بۆچی نەیهێشتووە مناڵەکانی، سێ کوڕەکەی، کەدووانیان هێشتا مناڵن بێنە هۆڵی دادگا، نەبادا دادوەر دڵی نەرمبێت و حوکمیکی نەرمتری بەسەردا بدات. سوکرات نایەوێت پەشیمانی نیشانبدات بەرامبەر بەو سێ تاوانبارکردنەی لەدژی تۆمارکراوە بەوەی:  خواداوەندە ڕەسمیەکانی گریگ بەڕەوا نازانێت، گەنجەکان لەخشتە دەبات و خەریکی جادووکارییە. سوکرات بڕیاردەدات کەبەرگری لەخۆی بکات نەک بۆ ئەوەی ژیان بەریتەوە و لەمردن هەڵبێت، بەڵکو وەک خۆی دەڵێت; (باشتر وەهایە بەمجۆرە بەرگریکردنە کاریگەریم هەبێت لەسەر مردن.. ه.س.پ ل٣٤)

 سوکرات مردنی پیباشترە وەک ئەوەی شیوازە ژیانیک بەسەر بەرێت  وەک ئەوەی کەتۆمبارانی بۆی دەخوازن، سوکرات لەڕێگەی مردنەوە بەرگری لەشێوازی ژیان دەکات، بەمانای بەرگری لەتاکڕەوێتی خۆی دەکات، مردن دەبێت بەئەکتیکی کەسی بۆ ئەوەی شێوەژیانی کەسی خۆی وەک فەیلەسوفێک، وەک خوتبەبێژیکی ئەخلاقی، وەک مۆڕالیستێک لەبازاڕەکانی ئەسینادا درێژەپێبدات. مردن دەبێت بەدرێژکردنەوەی ئەو شێوەژیانە، مردنی سوکرات دەبێتە مردنی فەیلەسوفێک، نەک کەسێکی عەوام، لێرەوە کاریگەری سوکرات  لەسەر مردن دەردەکەوێت، بەوەی بەرگرییە لەشیوازی ژیان. لەدواجاردا مردن گوتارێکی تاکڕەوییە، لەم خاڵەدا، کەمردن گوتارێکی تاکڕەویە دەتوانین لەبڕیاڕەکەی جۆناسان، پیاوە بەربۆوەکەی یازدەی سێپتەمبەر تێبگەین.

 

بەدیوێکی تردا سوکرات دەیەوێت مردن ئیدیالیزەبکات بەئیدیالەکانی خۆی، لەبەر ئەوە تێڕوانینی ئەو مردن تەنها لەوەشدا قەتیس نابێت کەڕۆحی ئەو دەچێتە شوێنێکی تر، بەڵکو مەرجی ئەو سەفەرە بۆ سوکرات چەند مەرجێکی سەختە کەبەرامبەر بەنەیارانی دەکاتەوە، لێرەوە مردن بیرۆکەیەکی کراوەیە بەسەر چەندەها ڕەهەندی دیکەدا دەکرێتەوە.سوکرات ده‌ڵێت:(مردن یەکێکە لەم دووشتە: یان ئەوەیە شێویەکە لە نەبوون  Nichtsein، کەمردووەکان هەست بەهیچ ناکەن، یان ئەوەیە شێوازێکی گواستنەوەیە، کۆچکردنێکی ڕۆحیە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ..ه‌‌.س.پ ل٣٦  ).

 

ژاك لویس داڤید – مردنی سوكرات – تابلۆی زه‌یتی
The Death of Socrates
1787- Jacques Louis David

لەشێوازی یه‌که‌مدا که‌نەبوونه‌ یان غیابدا، وەک ئەوە وەهایە بخەویت و خەو نەبینیت، ئەمەش بەڕای سوکرات بەختەوەرترین جۆری مردنە. دووهەمیان سەفەرە بۆ شوێنێکی تر کەڕۆحە باڵاکان لەوێن و جارێکی تر ڕۆح لەدنیای مردن، لەنێو دنیای (هادێسی خوای مردن) دادگایدەکرێنەوە. ئیدی دەبێت دادوەری ئێوە چی بێت لەچاو دادوەرەکانی خواوەندی مردن!. ئەوە قسەی سوکراتە بەرامبەر دادوەرەکانی، لەهەمانکاتیشدا تەعنەلێدانی ژیانە لەڕێگەی مردنەوە. مردن دەبێتە دنیایەکی بەراووردکاری لەنێوان باڵایی و تێوەگلان لەقوڕولیتەی دنیای فانیدا. دادوەرەکانی سەرزەوی کەسوکرات بەناهەق دادگایی دەکەن، هەموویان مرۆڤن و لەجنسی خواوەند نین. دادوەرەکانی سوکرات لەدنیای هادێس، خواوەندن و کاتی خۆی لەسەر زەوی پاڵەوان و پیاوە حەکیمەکانی سەر زەوی بووون. نیوە خواوەند و نیوە مرۆڤ بوون. لەمەوە سوکرات لەڕێگەی مردنەوە دادگایی ژیان دەکات، بەجۆرێک کەمردن درێژەبونەوەی ژیان بێت بەڵام لەسەر ئاستێکی باڵاتر. ئەوانەی له‌دنیای هادێسی خوای مردنن،بەڕای سوکرات نیوە خواوەندن و نیوە مرۆڤن، یاخود مرۆڤ بوون و له‌ڕێگه‌ی کاره‌ مه‌زنه‌کانیه‌وه‌ هه‌ڵکشاونه‌ته‌ سه‌ر ئاستی خواوه‌نده‌کان، بێگومان به‌ڕای سوکرات دادگایی ئەوان ئەقڵانیترە، حەکیمانەترە و لەئاستی فەیلەسوفێکە، بێگومان باڵاترە لەدادگایی زیندوان. لێرەوە مردن ئەزمونێکی باڵاییە (ترانسێندێنتاڵە  Transzendental) لەوەی کەلەدنیای زیندوواندا ڕوودەدات. مردن دەبێتە شانۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی هەقیقەت، بۆ پێدانی شوێنی گونجاو بۆ ژن و پیاوەکان، ئەوانەی بەئاسانی بەژیاندا تێنەپەڕیوون. سوکرات خۆشحاڵە بەوەی کەدەچێتە دنیای مردنەوە لەبەرئەوە ژەهر خواردنەوە بەهۆکاریک دەبینێت بۆ چوونە نێو دنیای باڵاوە، مردن ئەزمونێکی ترانسێندێنتاڵە، باڵاییە، گەیشتنی ئەقڵە لەگفتوگۆی خۆیدا بەرەو کەماڵێکی ڕۆحی، لەبەرئەوەی سوکرات گومانی لەفەیله‌سوفبوونی خۆی نییە، ترسی لەوە نییە  لەدنیای مردندا بەرامبەر دادوەرانی وەک مینۆس، وئایکۆس و ئەوانیتر بێتەوە، ئەوانەی پێش ئەوەی بچنە نێو دنیای هادێس، دنیای مردن، خاوەنی سەرکێشی گەورەو دەسەڵاتی بەرین بوون لەسەر زەوی، بەمشێوەیە مردنی هەڵبژاردەی سوکرات گەیشتنە بەباڵایی، بەمانای مردنێکی ترانسێندێتاڵە.

 

ئەم مردنە ئیدیالیە پێشبڕکێی مرۆڤە لەگەڵ خراپەکاری و چاکەکردندا، ئەم پێشبڕکێیەدا بردنەوەی گرەوە گەورەکانی ژیانە، بەخشینی مانایەکە بەژیان لەڕێگەی مردنەوە، سوکرات پێیوایە مردن هێندەی خراپەکاری ترسناک نییە، ئەوە خراپەکاریە کەچاو بەرەژێری و سوکایەتی بۆ بکەرەکەی دەخوڵێنێت، سوکرات لەئاپۆلۆگیەکەیدا دەڵێت:(خۆدوورخستنەوە لەمردن کارێکی گران نییە، لەوە گرانتر خۆبەدوورگرتنە لەخراپەکاری، چونکە خراپەکاری لەمردن خێراتر هەنگاودەنێت. ئێوە دەبینین من پیربووم و هەنگاوەکانم قورس و خابوونەتەوە، مردن توانی پێشمبکەوێت، بەڵام ئێوەی تۆمەتبارانم  بەپێچەوانەی منەوە  لەخراپەکاریدا لەمن بەهێزتر و خێراترن، خراپەکاری و چابەرەو ژێری پێش ئێوەکەوتووە …لەبەر ئەوە منیش وەک ئێوە بەم بڕیارەی مردنەم زۆر شادمانم.. ) ه.س. پ٣٤.

 

لەدیدی سوکراتدا مردن و خراپەکاری لەپێشبڕکێدان، مردن درێژە پێدانی ئەو سەفەرە ئەزەلیە کەمرۆڤ لەگەڵ ڕۆحی خۆیدا دەستیپێدەکات، ئەوەی کەترسناکە خراپەکاریە کەئەو سەفەرە لەهاوکێشەی ڕۆحی خۆی دەردەکات، بەمەش مرۆڤ ناهەقی دەکات بەرامبەر سروشتی خۆی وەک بونەوەرێکی ڕۆحی، وەک ئەقڵێک، وەک سروشتێکی باڵا. ئەم تێزەی سوکرات بەڕای من جیاوازی دەکات لەنێوان دوومردندا، مردنیکی جەستەیی و مردنیکی مەعنەوی. مردنی مەعنەوی مانای مردنێکی خودە لەگەڵ خۆیدا، ئەوەی خراپەکاری دەکات ناهەقی دەکات بەرامبەر خودی خۆی، مردنی مەعنەوی مردنی سوبێکتە. مردنی سوبێکت مانای دابڕانی جەستەی مرۆڤەکانە لەڕۆحیان، ژیانە لەنێو ئارەزووەکاندا، باڵاییەک نییە کەخود خاوەنی کولتوری خۆی بێت، لێرەوە کەسێکی نامۆ بەجەستە زیندوو بەڵام بەڕۆح مردوو لەبەرامبەر دنیا دەوستێتەوە. ڕۆح  بەتەفسیرە هێگڵیەکەی دیاردەیەکی  ئەقڵانیە کەهۆشمەندی  باڵادەکاتە ئاستی  هەقیقەت، بەمشێوەیە هەقیقەت، ڕاستگۆیی، چاکە دەبێتە بەشیکی نەپچڕاو لەئەقڵ و لەوێوە ڕۆح ئەو ئەقڵەیە کەیەقینێکە بەرەو هەقیقەت. (هێگڵ) لەفینۆمۆلۆژیای ڕۆحدا نوسیویەتی (ڕۆحئەقڵە، بەیەقینەوە هەموو ڕیاڵێکە باڵادەبێت بەرەو هەقیقەت و لەخودی خۆیدا هۆشمەندە  بەدنیای خۆی .. ڕۆح هۆشمەندیەکی ڕاستەقینەیە)

 

 G.W.F. Hegel, Phänomenologie des Geistes, Felix Meiner Verlag 2006, S238-239.

ڕۆح  ئەقڵێکە کەدنیای ڕاستەقینەی خۆی، ژیانی خۆی باڵا دەکات بەرەو هەقیقەت، هێگڵیەت سەرسامە بەو کولتورە باڵایەی مرۆڤەکان لەدۆزینەوەی ڕۆحی خۆیاندا شارستانیەکانی لەسەر بینادەکەن، بێگومان ئەمە لەڕێگەی دیالەکتیکێکی ئەقڵانیەوە خۆی کریستالیزەدەکات. ڕۆح لەسەر پشتی ئەسپی ڕیاڵیستیەوە بەرەو هەقیقەتیکی ئەقڵانی، باڵایی خۆی بانگەشەدەکات. باڵابوونەوە بۆ هەقیقەت خەونێکی میتافیزیکیانەیە، بەڵام تێگەیشتنێکە لەئیدیالیەکان کەدنیای ئێمە لەسەر پایەکانی خۆی ڕاگیردەکەن، مۆڕاڵ  لەم پێوانە ڕۆحیە ئەقڵانیەوە، دەسەڵات و کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم لێپسراوێتی خۆی. لەم گۆشەنیگایەوە مردنی هەڵبژاردەی سوکرات ئەو دادگایکردنە ئەخلاقیەی دەسەڵات و کۆمەڵگەیە، لەبەرامبەر ئیدیالەباڵاکانی هەقیقەتی ئەقڵانی.

ڕۆح بەمانا تاکڕەویەکەی لێیبڕاوانین دۆزینەوەی دنیایەکی دیکەیە کەدنیای ئاشتبونەوەیە لەگەڵ خود، ئاشتبونەوە لەگەڵ خود لەم گۆشەنیگا میتافیزیکیەوە یەکگرتنەوەیە لەگەڵ هەقیقەت. لێرەوە مردنی هەڵبژاردەی سوکراتی یەکگرتنەوەیە لەگەڵ دنیای ڕۆحی خۆیدا، پارێزگاریکردنە لەسەر سوبێکت، لەسەر خودی خۆی. بەڵام بەهەمان بیرکردنەوەی فەلسەفی هێگڵیانە دەتوانین لەوەتێبگەین، کەمردنی هەڵبژاردەی سوکراتۆس، مردنێکە ژیانی ڕیالیستی بەرزدەکاتەوە ئاستی باڵایی، لەمەوە دەتوانین لەو ڕستەیەی سوکراتۆس تێبگەین کەدەیەوێت کاریگەری هەبێت لەسەر مردن..بەمشێوەیە مردنی ئیدیالی خاوەنی چەندەها ئیشکالیەتی فیکری ئاوەهایە، کەدواجار دەبێتە بڕیارێک کەخود بۆ قوتاربوون لەدنیایەکی ناشرین، یان بۆ پارێزگاریکردن لەئاستی باڵای خۆی، بۆ  کاریگەری لەسەر دنیا، بڕیاری لەسەر دەدات.

دیویکی دیکەی مردنی ئیدیالی ئەوەیە کەمەبەستیدارە، ئەقڵانیترە وەک لەمردنی بۆهیمی. مردنی ئیدیالی دەیەوێت هاوکێشەیەک تێکبدات و هاوکێشەیەکی نوێ بخاتە دنیاوە. مردنی ئیدیالی لەفۆرمدا مردنیکی قارەمانانەیە، کەبە(هیرۆیزمHeroismus) ناوی دەبەین. ئەوەی بۆ ئیدیالەکان دەمرێت، دەکوژرێت، یان بڕیاری مردن دەدات، نێزیکدەبێتەوە لەگوتاری هیرۆیزم، بەوەی مردنێکە وەک پاڵەوانیکی ئەبەدی…جاریکی دیکە دەگەڕێنەوە سەر مردنی ئیدیالی سوکرات کەخەون بەوە دەبینێت لەڕێگەی مردنەوە لەبەردەم دادوەرە موزەیفەکانەوە بچێتە بەردەم دادوەرە حەکیمەکان، لەوێ دەتوانێت وەک فەیلەسوفێک، خوتبەژبێژێک هونەرەکانی فەلسەفاندنی بخاتە ژێر پێوانەوە. بەڵام لەهەمانکاتدا سوکرات بیری ناچێت باسی ئەخیلیس نەکات، لەوێ لەدنیای مردن، لەدنیای هادێس، ئەخیلیس ئامادەیە، هەروەک چۆن هۆمیرۆسی شاعیری گەورەش لەوێیە. مردن لەم گۆشەنیگایەوە شوێنێکە بۆ کۆبونەوەی ئیدیالەکان، لەدادوەری و هێزەوە بیگرە کە لە(مینۆس) دا خۆی بەرجەستەدەکات تاوەکو دەگاتە هونەری باڵای شیعر و گێڕانەوە، لەوێوە بۆ قارەمانێتی. من  پێموایە لەهەموو مردنێکی ئیدیالیدا، قارەمانێکی نەبینراو پاڵکەتووە، قارەمانێک دەیەوێت لەڕێگەی مردنی هەڵبژاردەیەوە درێژە بەژیانی بدات، لەڕیگەی مردنەوە جارێکی تر لەنێو ئیدیا و مێژوودا ڕاکشێت. سوکرات بیری ناچێت باس لەوە بکات سەفەری ئەو بۆ دنیای مردن، بۆشوێنێکە کەسانی وەک (ئۆدیسۆس و ئاخیلیس) قسەی لەگەڵدا دەکەن، لەبەرئەوە مردنی خۆی بەحوکمی ناهەق مانای گەیشتنە بەئاستی ئەو قارەمانەنەی لەجەنگی تەراودە بەشداریان کردووە، ئەوە مانای بوونە بەپاڵەوان و قارەمانێک لەمێژوودا. مردنی سوکرات مردنێکی ئیدیالی قارەمانیە، هەڵگری ڕەهەندیکی هیرۆیزمیە.

 

پاوڵ ڕوبن ١٦٣٠- مردنی پاڵه‌وانانه‌ی ئه‌خیلیس – زه‌یتی له‌سه‌ر ته‌خته‌.
The Death of Achilles, 1630, Peter Paul Rubens
Medium: oil, panel

لێرەوە دەمەوێت بگەمە ئەوەی، کەچرکەساتی جۆناسان کەخۆی هەڵدەداتە خوارێ و لەفۆتۆکەدا بێباکی پێوەدیارە، چرکەساتێکی قارەمانیە کەنایەوێت وەک ئەوانیتر بمرێت. ئیدیالێکی نەبینراو، نەنوسراو و دەرنەبڕدراو هەیە لەفۆتۆکەدا، ئەویش مردنە لەنێو ئاسماندا، مردنێکە دەرئەنجامی بڕیاردانە. لەوانەیە جۆناسان کرێکاریکی سادە بێت، بەخەونی بچوکەوە وەک هەموو هاوڵاتیەک ژیان بەسەر بەرێت، خەونی کارمەندی چێشتخانەیەک لەنێو ئیدیالەکانی ئاین و خێزان و دڵسۆزی بۆ کارەکەیدا بژی. بەڵام لەچرکەساتی مردنیدا بڕیاردەدات لەدەرەوەی هەموو ئەم ئیدیالە کۆلێکتیڤانە، لەدەرەوەی هەموو ئیدیالە دەستە جەمعیانە وەک ئەوانیتر نەمرێت، مردنی ئەو نابێت لەمردنی ئەوانیتر بچێت، ئەم ئیندیڤیدوالیەتە، ئەم بڕیاردانە، ئەم ‌هەڵبژاردنی مردنەی، پیاوە بەربۆکەی یازدەی سێپتمبەرمان نێزیکی خاتەوە لەسنورەکانی مردنێکی ئیدیالی.

مردنی هەڵبژاردە و مردنی جەبری و خۆکوشتن

مردنی جەبری یان چاکتر وایە بڵێم مردنی سەرجێگا و ڕووداوە لەپڕەکان، کۆتایی هێنانە بەژیان لەبەردەم جەبری ڕێکەوت یان یاسای سروشتدا. ئێمە وەک هەموو بونەوەرێکی بایۆلۆجی پیر دەبین، نەخۆش دەکەوین و ڕووداوە لەپڕەکان دەمانخاتە بەردەم کەنارەسپیەکانی مردن. لەهەموو ئەمانەدا جەبرێک هەیە لەدەرەوەی ئێمە کەنایەڵێت بەردەوام بین لەژیان، جەبرێک هەیە لەدەرەوەی ئێمە بڕیاردەدات، جەستە دەخاتە مەترسیەوە، پیلانەکانی ژیانمان تێکدەدات و پڕۆژە کەسیەکانمان دەخاتە بەردەم هەڵوەشانەوە. گوتاری مردن گوتاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بونیادە یەکگرتووەیە کەپابەند بووە بەژیانەوە. چونە نێو بۆشاییەکە، تێدا مرۆڤ (ئادۆرنۆ) گوتەنی لەژێر گوشاردا دەبێت بەئۆبێکت. مردن، ئۆبێکتە، بەرجەستەبوونە، گوشاریکە لەسەر ژیانمان و ئێمەدەکات بەپڕۆژەی خۆی. کاتێک پڕۆژەی ئەو دەستپێدەکات، پڕۆژەکانی ئێمە کۆتایی پێدێت.  مردن، ئۆبیکتە ولەئێمەدا خۆی بەرجەستە دەکات، ئێمە دەکات بەئۆبێکتی خۆی، لەئێمەدا خۆی ئاوینەیی دەکات، لەوکاتەدا هەست بەمردن دەکەین کەلەنێو ئێمەدا ئامادەیە، لەنەبینراو بۆ بینرراو، لەغیابەوە دەچێتە ئاستی ئامادەبوون، ئامادەبوونی ئەو مانای غیابی ئێمە دەگەیەنێ.

 

بەڵام مەرگی هەڵبژاردە ئەم هاوکێشە جەبریە ئاوەژوو دەکاتەوە، بڕیاردان دەبێتە توخمێکی سەرەکی ئامادەگی مردن لەنێو ژیاندا. کۆتایی هێنان بەژیان بە پڕۆسەی بیرکردنەوەیەکدا تێدەپەڕێ کەپابەندە بەپرسیکی وجودیەوە، بەهۆشمەندیەکی وجودیانەوە. بوون، زاین (Sein)و لێرەبوون، دازاین(Dasein )هاوکێشەیەکی تری ئەم هۆشمەندییە، بەمانا هایدگارییەکەی  لێرەبوون ئە هۆشمەندییە کەبوونمان، لەبوونی ئێمە لەبونی بونەوەرەکانی دیکەی ئەم دنیایە جیادەکاتەوە. لێرەوە مردن لای هایدگەر لێرەبوونە، سەلماندنی بوونە لەلێرەبووندا. بەدیوێکی دیکەدا چرکەساتی مەرگی هەڵبژاردە، چرکەساتیکی هۆشمەندیەکی تایبەتە کە(بوون) دەخاتە بەردەم پرسیارەوە، ئایا مانەوە بەزیندوویی هیچ مانایەکی دیکەی ماوە، ئایا بوونی من، زاینی من لەمجۆرە ژیانەدایە، یاخود دازاینی من، لێرەبوونی من لەمەرگی هەڵبژاردەدا مانای سەلماندی بوونی منە. مەرگی خەلیل حاوی شاعیر لەکاتی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی لوبنانیدا نمونەیەکە  لە مەرگە هەڵبژاردەدەیەی خۆی لەخۆکوشتنی ئاسایی جودا دەکاتەوە و لەگەل ئەم هاوکێشەی بوون و لێرەبووندا یەکدەگرێتەوە. لێرەوە بەرپرسیارێت و مردن ، مردن  وەک مردنی خۆم یان وەک ئەویترێک نامۆ بەمن ژیانم لێ زەوتدەکات تەوەرەیەکی دیکەی گفتۆی فەلسەفی نێوان ذیردا و لێڤانسە. سەرنجی خوینەری ئازیزم بۆ نوسینێکی گرنگی بیرمەند (ئازاد حەمە) لەماڵپەڕی چراکان ڕادەکێشم.

 بڕوانە:ئازاد حەمە: له‌نێوان (سه‌رووتاره‌ هه‌ڕته‌قیه‌كان له‌مه‌ڕ فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو) و (دانی مه‌رگ)دا..
http://chrakan.com/jimare-1518.html

ئەمە ئەم پرسیاریە کەمردنی هەڵبژاردە دەیکات لەخۆی، ئەو پرسەیە دەربارەی بوونی ئێمە لەنێوان ژیان و مردندا، ئایا مردنی هەڵبژاردە دۆزینەوەی بوونیکی دیکە نیە!، وەک مەرگی سوکرات کەلەنێو زەمەندا خۆی ڕادەکێشێت، بوونی سوکرات تائێستا لەگەڵ قسەکردن لەسەر هەقیقەت، لەمەڕ ئازادی، ڕۆڵی فەیلەسوف و ڕۆشنبیر لەژیاندا..ئامادەیە. کەواتە ئەم مردنە هەڵبژاردەیە بەشیکە لەبوون کەلە (لێرەبوونی/ دازاین – Dasein) لەزەمەندا خۆی ڕادەکێشێت، ئەمە دۆزینەوەی بوونە لەڕێگەی هۆشمەندیەکەوە کەمەرگی هەڵبژاردووە. مەرگی هەڵبژاردە درێژبوونەوەی مرۆڤبوونی خۆمانە لەنێو ژیاندا، بەجێهێشتنی پرسیاری کراوەی زۆرە،  لەنێو ژیانی زیندواندا،  درێژكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌ جێهێڵراوكانی ژیانه‌، بۆ ئه‌وانیتری زیندوو جێهێڵراون. لێرەوە مەرگی هەڵبژاردە خۆی لەخۆکوشتنێک جیادەکاتەوە کەلەژێر گوشارێکی دەروونی لەپڕدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەم خۆکوشتنە لەپڕانە پابەند نین بە لێرەبوونی کەسەکانەوە، بەڵکو کۆتاییەکە بەئازارێکی دەروونی کەچیدی بەرگەی ناگیرێت.

مەرگی هەڵبژاردە لەدەرکەتنیدا خۆکوشتنە بەڵام لەجەوهەردا پابەندە بەهۆشمەندیەکی ئیندڤیدوالیەوە کەئەمڕۆ جێگەی گفتوگۆیە لەدنیادا، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی بەردەوام ئازاردەکێشن وبەردەوام لەژێر خزمەتی پژیشکیدان، ئایا ئەوانە مافی ئەوەیان نییە کەکۆتایی ژیانیان بەدەست خۆیان بێت، هەمان پرسیارە ئەمڕۆ دەکرێت، ئایا مرۆڤ مافی کۆتایی هێنانی بەژیانی خۆی نییە، بەجۆریک هێمن و لەسەرخۆ بێت، وەک ئەوەی سەفەریک بێت لەشوینێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە!. ئەمڕۆ چەندەها مرۆڤ لەئەوروپا هەیە سەفەردەکەن بۆ سویسرا بۆ ئەوەی لەوێ بەهێمنی بمرن، لەوێ یاسایەک هەیە کەئەو مافەی دابین کردووە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشیەکانیان بێچارەیە و ئازاری سەرجێگا ژیانیانی گەمارۆداوە. مردنی هەڵبژاردەی ئەدیبەکان، فەیلەسوفەکان، ڕۆشنبیرەکان، هونەمەندەکان، مردنێکن ناتوانرێت بەخۆکوشتنێکی ساکار لەقەڵەم بدرێت، ئەوە مردنێکی هەڵبژاردەیە، مردنێکە نایەوێت جەبری مردن نادیاری بکات.

ئەگەر بەووردی سەیری فۆتۆی جۆناسان بکەین کەلەباڵاخانە زەبەلاحەکەی یازدەی سێپتمبەر خۆی بەردەداتەوە، تێبینی ئەوە دەکەین، کەئەم پیاوە چەندە بەهێمنی لەنێو بۆشایدا پێمەلەیەتی، ئاوەهاش چاوی فۆتۆگراف ئەو گرتەیەی ڕاوکردووە، ئەوچرکە ساتە بەهەقەت ساتە وەختی مەرگ نییە، وەک زۆر لەڕەخنەگرانی توڕەی ئەم فۆتۆیە پێیان وابووە کەئەمە نیشاندانی مردنە بەجوانی، ئەمەش بەڕای ئەوانە دژی سروشتی مردنە کەناشرینی و ئازارو غەمباری دەبەخشێت. ئەم فۆتۆیە بەڕای من نیشاندانی ئیستاتیکای مردنە ، ئیستاتکیاکردنی مردنیش کارێکە لای زۆرمان جێگەی نیگەرانیە.

(ئومبێرتۆ ئیکۆ) تێڕوانێیکی  تایبەتی هەیە لەمەڕ جوانی ناشرینی لەدووکتێبدا گفتوگۆیان لەسەر دەکات، ئەم دووکتێبە تایبەت بەهونەری نیگارکێشی، پەیکاسازی و ئیدیاکانی مردن و جوانی و ناشرینی،گەشتیکە بەنێو هونەری نیگارکێشی و تابلۆسازی لەکلاسیکەوە تاوەکو مۆدێرن و ئاڤانگراد. کتێبی (مێژووی جوانی) و کتێبی دووهەم (مێژووی ناشرینی)، لەکتێبی مێژووی ناشرینیدا مردن بەشێکە لەو ناشرینەی کە ئیکۆ لایەنە ئیستاتیکیەکەیان کەشفدەکات، ئیکۆ لەبەشی (هەرای مردن) باس لەوە دەکات کەمردن لەسەدەی ناوەڕاستدا ئامادەگیەکی هەمیشەیی هەبووە لەکۆمەڵگەی ئەوروپایدا، بێگومان لەبەر بڵاوبونەوەی نەخۆشەکانی وەک تاعون و گەڕووگولی و سفلس و سیل و زۆری تر کەزانستی ئەو سەردەمە توانای چارەسەرکردنی نەبوو. ئەمە جگە لەو جەنگە بەردەوامەی نێوان مەملەکەتانی ئەوروپا، هەموو ئەمانە وەهای کردبوو کەمردن لەنێوەڕاستی ژیاندا بێت، نەک لەکەناردا ڕاگیربکرێت. لێرەوە مامەڵەکردن لەگەڵ لەگەڵ مردندا لەنێوان قەشەیەکی بەئیمان کەمردن بەتاقیکردنەوەی ئیمانی تێدەگات و جەماوەرێکی تۆقیو لەجەهەنەم،ئیستاتیکای خۆی لەبابەتی تابلۆکاندا ئاوینەیی دەکاتەوە، بەوەی هەمووان دەبینەوە بەئێسک و پروسک، بەڵام بوون بەئێسک و پروسک مانای ئەوەیە لەکەنەرڤاڵی مردندا لوتبەرزیمان، ڕەگەزپەرستیمان، تەماع و چڵێسیمان، پلەو پایەکانمان مانای خۆیان وندەکەن. ئەوە ڕۆحی چاکەکارانە کەلەمردن ناترسێت، ڕیگەکانی جوانی و چاکە نیشانی جەماوەری تۆقیو لەمردن دەدات.

 

 

هانز هۆلباین -كاری ته‌خته‌- زنجیره‌ كاری (سه‌مای مردن ) -١٥٣٨
HANS HOLBEIN der jüngere (1497-1543 c) Holzschnitt von The Peddler aus seiner 1538-Dance of Death

لێرەوە لەناشرینی مردنەوە مۆڕاڵێکی هیومانی کریستالیزە دەبێت، وورد دەبێتەوە بۆ بەها باڵاکانی جوانی.  ڕۆڵی کڵێسا نەک هەر لەوە خۆی بەرجەستە نەدەکردووە پەیامی کریستومی باڵادەست بێت، بەڵکو بوون بەو بابەتەی سەدەها تابلۆ و پەیکەرسازی جوان. ئیستیکای مردن لەبابەتی ئەم تابلۆیانە ئەوەیە کەپاشا و سوارچاک و سۆزانی و مناڵ و نەخۆش هەموویان لەبەردەم مردندا لەیەک ئاستدا دەوەستنەوە، مادامەکی هەمووان لەدواجاردا دەبینەوە بەئێسک و پروسک. لێرەوە مردن جوانیەکانی خۆی نمایشدەکات بەوەی هەمووان لەبەردەمیدا یەکسانین، لێرەوە مردن دادوەرێکی ڕاستگۆ و بەئەخلاقە.

ئیکۆ پێیوایە کەچەرخی ئێستا، چەرخی بەکەنارخستنی مردنە، سەدەیەکە (خۆی تەرخانکردووە بۆ لەبیرکردنی مردن، بۆ تاریکردنی وێنەکانی، بۆ سوتاندنی لەقەبرسانەکان)  بڕوانە:

Umberto Eco, Die Geschichte der Häßlichkeit, Hanse Veralg 2007, S62-90

ئەم سەدەیە بەڕای ئیکۆ بەپێجەوانەی سەدەی ناوەڕاست، مردن لەهاوکێشەی ژیان نەفیدەکات.  ئەم سەدەیە دوای وێنەکانی  گەنجبوونەوە دەکەوێت و مردن لەبیردەکات.  تابلۆ و پەیکەرسازی شەڕی نێوان پیرۆزی و شەیتان و شەڕی نێوان فەنابوون و ژیانەوە، خۆی لەخۆیدا بەشێکە لەو هونەرە باڵاو جوانەی کەتاوەکو ئێستا بۆ مرۆڤایەتی ماوەتەوە، لێرەوە  مردن مانایەک دەبەخشێت بەژیان، مادامەکی ئێمە دەزانین تێپەڕین لەم ژیاندا، مادامەکی دەزانین مردن وەک ڕەشەبایەک هەڵماندەگرێت بۆ نادیار، ئەوا ئەفراندن بەشێک دەبێت لەنەمرکردنی خود لەجیهاندا.  بەڕای ئیکۆ لەسەدەی ناوەڕاستدا مردن وەک بابەتێک ئیلهامبەخشێکی گەورەی هونەری پەیکەرسازی و نیگارکێشی کلاسیکی بووە،  پێشوازیکردن لەمردن وەک بەشێک لەناوەڕاستی ژیاندا هونەری شیعر و شانۆی لەسەدەی ناوەڕاست و ڕێنیساس ئیلهامبەخش کردووە بەوێنەکانی.

ڕیتچارد دروو فۆتۆگرافه‌كه‌ی پیاوه‌ به‌ربووه‌كه‌ی یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر
Fotograf agentury AP Richard Drew.

لەم سووچە بچوکەوە لەمردن بڕوانین هەست دەکەین کەمردنی هەڵبژاردە ئەوەندە ترسناک نییە، بەڵکو خاوەنی ساتەوەختی ئیستاتیکی خۆیەتی، بەمانای ڕاوکردنی ساتەوەختێکی بڕیاردانی شێوەیەکە لەژیان، لەبوون کەلەهێنانەوەی مردنە بۆ نێوەڕاستی ژیان خۆی بەرجەستەدەکات. ئەمە ڕوودەدات نەک بۆ ئەوەی دژایەتی ژیان بکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە ژیان لەڕێگەی مردنەوە ئامادەیەکی بوونگەرایی هەبێت. بێگومان گەر هاتوو ئەو ژیانە پازدە چرکەش بێت، ئەوا ئەوە لەوە ناگۆڕێت کەئەم پازدە چرکەیە لەیازدەی سێپتمەبەری دووهەزرویەکدا، چرکە ساتی ژیانە  نەک مەرگ، چرکە ساتی بڕیاردانە  نەک خۆ بەدەستەوەدانی مەرگ. ئەم فۆتۆیە وەک (ڕیتچارد درۆ) لەچاوپێکەوتنێکد ئاماژدەی پێدابوو(چرکەساتی مەرگی مرۆڤێکم فۆتۆگرافی نەکردووە، بەڵکو ساتەوەختی بڕیاردانی مرۆڤێکم ڕاوکردووە کەبڕیاری داوە خۆی هەڵبداتەخوارێ…).

http://de.wikipedia.org/wiki/The_Falling_Man

من پێموایە خۆهەڵدانی ئەم پیاوە نادیارە  چرکەساتی بڕیاردانی شێوازێکە لەژیان لەدژی مەرگ، نەک بەرەو پیرچوونی مەرگ بێت. لەم خاڵەوە مردنی هەڵبژاردن،  لەخۆکوشتن خۆی جیادەکاتەوە، بەمانایەکی دیکە خۆکوشتیک لەخۆکوشتنیکی تر خۆی جیادەکاتەوە.

بەتەماشا کردنی وێنەی جۆناسان کەئاوەها بێباکانە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و قاچی ڕاستی نوشتاندۆتەوە، چەندەها ئیدیای تر دوور لەناوەڕۆکی ڕووداوە کەتیرۆرە، خۆی نمایشدەکات، ئەمەش ئیستاتیکای هونەری فۆتۆگرافیە، کەڕاوکردنی چرکە ساتە مرۆییە لەبیرکراوەکانە کەلەنێو ژاوەژاوی ڕووداوە گەورەکاندا لەبیردەکرێن.  بەمشێوەیە زۆر ئیدیا لەم فۆتۆیەدا خۆی نمایشدەکات، ئەم فۆتۆیە بەمانا ڕۆڵا بارتیەکەی ئاماژەیەکە بۆ چەندەها ئاماژەبۆکراوی تر، دالێکە بۆ چەندەها مەدلول، بیرۆکەی مردن لەنێوان ئیدیال و جەبر و بۆهیمیەدا سەمای خۆی دەکات.

من پێموایە ئەم فۆتۆیە ترسناکی تیرۆر نیشان نادات، بەقەد هێندەی چرکە ئیندڤیدوالانەی مردنێکی هەڵبژاردەیە،  کە لەمردنەکانی تر ناچێت، لەسەدەها بەربونەوه‌کانی تر ناچێت، ئەم مردنە لەگەڵ ئەوەی خۆی قوربانی ئەم کارەساتەیە، بەڵام  بێ ئینتیمایە بۆ ساتەوەختەکانی یازدەی سێپتمبەر، ئەم مردنە  تەنها لەخۆی و خۆی و لەکەسیتر ناچێت…

 

تەواو

نورنبێرگ 20. August 2010

سەرچاوەو په‌راوێزه‌كان

 

1.Arthur Schopenhauers, Die Welt als Wille und Vorstellung,Zweiter Teilband, Erster Band, Könnemannverlag 1997

  1. Helmut Kreuzer: Die Boheme. Analyse und Dokumentation der intellektuellen Subkultur.J. B. Metzler Verlag, Stuttgart 2000

  2. Theodor WoAdorno,Minima Moralia,Reflexionen aus dem beschädigten Leben, Suhrkamp Verlag 1998

  3. Platon:Apologie des Sokrates. Kriton, Reclam Verlag  2006,

  4. Umberto Eco, Die Geschichte der Häßlichkeit, Hanse Veralg2007

6.ئازاد حەمە: له‌نێوان (سه‌رووتاره‌ هه‌ڕته‌قیه‌كان له‌مه‌ڕ فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو) و (دانی مه‌رگ)دا..

http://chrakan.com/jimare-1518.html

7.http://de.wikipedia.org/wiki/The_Falling_Man

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.