Kuwaiti girls give a victory sign as they stand in front of a polling station in Jahra February 2, 2012. Kuwaitis headed to the polls on Thursday for the fourth time in six years in a snap parliamentary election in which opposition candidates expect to expand their influence and push for change in the oil-exporting Gulf Arab state. REUTERS/Stephanie McGehee (KUWAIT - Tags: POLITICS ELECTIONS)

سیروان عەبدول؛ سێکسکردن بەبێ گرێبەستی هاوسەریی مافی مرۆڤە


Loading

هاوینی ساڵی ١٩٩٦ کچێکی تەمەن بیست ساڵی ئاسیایی موسڵمان لە دوبەی، دوای ئەوەی لە ئاوەکەدا توانای مەلەکردنی نەما و کەوتە پەلەقاژە و بەرەو خنکان دەچوو، دوو لەو پیاوانەی کاری ڕزگارکردنی خەڵک دەکەن لە خنکان، گەیشتنە شوێنەکە بۆ دەرکردنی بەر لەوەی بخنکێت. بەڵام باوکی کچەکە بەرگرییەکی زۆری کرد و ڕێگەی لێگرتن کچەکەی لە ئاوەکە دەرکەن بە بیانووی ئەوەی کە بە لەمسکردنی لەشی کچەکەی لەلایەن ڕزگارکەرە پیاوەکانەوە «شەرەفی کچەکە لەکەدار دەبێت». پاشتر کچەکە بە خنکاویی لە ئاوەکە دەرکرا.

مانگی سێی ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری مەککە ئاگر لە قوتابخانەیەکی کچان بەربوو کە نزیکەی ٩٠٠ خوێندکار و مامۆستای تیا بوو. کاتێک کچەکان ویستیان لە قوتابخانەکە ڕابکەنە دەرەوە، «پۆلیسی ئاینیی» دەرگای لەسەر داخستن بەبیانوی ئەوەی کە «لەچکیان لەسەر نییە و پیاوان قژیان دەبینن». کاتێکیش پیاوانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە، ڕێگە نەدرا بڕۆنە ژوورەوە بە بیانووی ئەوەی کە «ژن و کچ لە ژوورەوەیە کە مەحرەمی پیاوە ئاگرکوژێنەرەوەکان نین». لە ئاکامدا دوای کوژانەوەی ئاگرەکە، پانزە پارچە خەڵوز لە قوتابخانەکە هێنرایە دەرەوە، کە تەرمی پانزە لە کچە خوێندکارەکان بوو.

«سێکسیزم وەک نەخۆشییەکی درم»

شتی هاوبەش لەنێوان ئەو ڕووداوانەی سەرەوەدا ئەوەیە کە ڕوانگە بۆ سێکس لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا لە ڕۆژهەڵات گەیشتۆتە ئەو ئاستە ئەحمەقانەیە لە سێکسیزم کە بینینی قژی کچێک، یان بەریەککەوتنی لەشی ئینسانێکی نێر و ئینسانێکی مێ، بەلایەوە کارەساتێکی گەورەترە لە خنکان و سوتانی ئینسانێک. ئەمە ئیتر ئاستێکی ئەوەندە عەبەسییە لە ئیغتیرابی جنسیی و لە ڕوانگەی کەرەستەییانە بۆ ئینسانی مێ کە بەهای ئینسان (Dignity) دوایین بەهایەکە کە گرنگ بێت بۆی.

ڕێک ئەم ڕوانگە کاڵاییەیە بۆ ئینسان کە ئەوە لە کۆمەڵگای کوردییدا مومکین دەکات کە گەنجێک لە بادینان ڤیدیۆیەکی هاوسەرەکەی خۆی بڵاو بکاتەوە و شانازیی بەوەوە بکات کە ئەو پێیوایە جیاوازیی هەیە لەنێوان قیمەتی ئینسانێکی مێدا کە پێشتر سێکسی کردبێت و ئینسانێکی مێ کە پێشتر سێکسی نەکردبێت. هەر ئەم حەماقەتەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا جیاوازیی دەبینێت لەنێوان بەهای ئینسانیی ئینسانێکی مێدا کە بە ئەو «بێوەژن» ناوی دەبات، بەبەراورد لەگەڵ ئینسانێکی مێدا کە ئەو بە «عازەب» ناوی دەبات.

بینینی جیاوازییەکی وا، شێواوییەکی دەرونییە کە ئاکامێکی ڕاستەوخۆی ئەو سێکسیزمەیە کە سەرتاپای پەروەردەی ئاینیی لە کۆمەڵگای پاتریارکدا بە خۆی ڕەنگڕێژ کردووە.

گرفتێکی گەورەی ئەو ڕوانگە کاڵاییەی کە لە پەروەردەی ئاینییدا هەیە بۆ ئینسانی مێ ئەوەیە کە وادەکات کەسی وەرگر ئیتر توانای ئەوەی تیا بمرێت بتوانێت کاتێک ناوی کچ و ژن دێت، یان کاتێک ئینسانێکی مێ دەبینێت یان قسەی لەگەڵدا دەکات، وەک ئینسانێک بیبینێت و سێکس بە مێشکیدا نەیەت و مێبوونی ئینسانەکەی بەرامبەری لە مێشکیدا مەوجود نەبێت. بە داڕشتنەوەیەکی تر بیڵێم: کەسێک کە ڕوانگەیەکی بەو ئەندازەیە مونحەریفانەی بۆ سێکس لەلا دروست دەبێت کە پێیوایە قیمەت و بەهای ئینسان بەوە کەم و زیاد دەکات کە ئایا تا چەند سێکسی کردووە یا نەیکردووە، ئەو کەسە ئیتر لەوە دەکەوێت بتوانێت تێبگات و قەناعەت بێنێت کە تاکی مرۆڤ بەهایەکی جەوهەریی «لە لەناوچوون-نەهاتوو»ی هەیە و، ئەو بەهایە لای هەموو تاکێکی ئینسانیی (ئیتر کەسەکە هەر ڕەگەزێک بێت و هەر ڕەنگێک بێت) یەکسانە بەیەکتر و، هیچ تاکێکی ئینسانیی بەهایەکی زۆرتری لە تاکێکی تر نییە.

دیارە خەتەرناکە ئەم زەربەیە لە دەرونی ئینسان بکەوێت، بەڵام بەداخەوە دەبێت دانی پێدا بنێین کە هیچ تاکە کەسێک کە لەو کۆمەڵگایانەی ئێمەدا پەروەردە بووبێت، پارێزراو نەبووە لەوەی کەم یان زۆر بەشێک لەم زەربەیەی بەربکەوێت. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە و ئینسان تەواو خەمبار دەکات ئەوەیە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت (یان ڕەنگە دروستتر بێت بووترێت کە ئێستا لە جاران زیاتر) ڕۆژانە لەسەر دەستی واعیزە کۆنسەرڤاتیڤەکان لە مزگەوت و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانەوە و، لەڕێگەی پەروەردەی پاتریارکییانەوە لەناو خێزانەکان و قوتابخانەکاندا، ئەم شێواوییە دەرونییە وەک نەخۆشییەکی درم بەناو خەڵکی کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاو دەکرێتەوە. بۆیە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆرتر و زۆرتری تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمە ئالودە دەبن پێی.

«ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە مافەکانی مرۆڤ»

شتێک کە گرنگە لە درێژەی ئەمەدا بووترێت ئەوەیە کە بە حوکمی ئەوەی ئینسانی سێکسیست ئیتر ناتوانێت (وەک پێویست دەکات) بەهای ئینسان (Dignity) بە دابڕاو لە بەکارهاتوویی لەشی ئینسان و سێکسواڵیتیی ئینسان ببینێت، ئیتر زۆریک لەو ئازادییانەی کە مافی سەلمێنراوی مرۆڤن و هەموو ئیدیعاکەرێکی مافی مرۆڤ دەبێت قبوڵی بێت، زۆر ئاسان پێشێل دەکرێن و لە زۆر شوێندا وەک «تاوان» دەناسرێن.

ئەمەیە وا دەکات مافەکانی ژنان (کە بەشێکی موسەلەم و، لەئێستای کوردستاندا گرنگترین بەشی مافەکانی مرۆڤن) لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەواو بنکۆڵ ببێت. ئەو ژیانە دۆزەخەی کە کۆمەڵگای ئـێمە بۆ ژنان و کچانی کوردستانی ساز داوە و، ئەو بەربەرییەت و زیادەڕۆییانەی ڕۆژانە بەرامبەر بە کچان و ژنانی ئەوێ ئەنجام دەدرێن، ئاکامی هیچ شتێکی تر نییە بەغەیری دەرمانخواردووبوون و شێوانی زیهنی هاوڵاتییان نەبێت بەو سێکسیزمەی کە بەناوی ڕەوشتەوە، لەناو خێزان و لە دەرەوەی خێزان، پێی سۆشیالیزە دەکرێن.

وە هەر ئەمەشە کە ئەو پارادۆکسە لە کوردستاندا مومکین دەکات کە قەرەقۆزێکی پەرلەمانتاری سەربە ئۆپۆزیسیۆنی «شۆشگێڕ»، بێت بەناوی مافی مرۆڤەوە، یەکێک لە مافە هەرە قەتعییەکانی مرۆڤ، کە مافی سێکسکردنی ئینسانی بالغە، ئینکار بکات و بە «تاوان»ی تێبگات.

کاتێک کەسێک ئەم قوڵاییەی پەیوەندیی نێوان مافی مرۆڤ و سێکسیزم دەبینێت، ئینجا توانای ئەوەی دەبێت ئەو ڕاستییە ببینێت کە لە ڕووی مۆڕاڵ و، لە ڕووی ئاستی هۆشیاریی و باوەڕهەبوون بە مافی مرۆڤ و، لە ڕووی  ئاستی ئالودەبوون بە سێکسیزمەوە، هیچ جیاوازییەکی فیعلیی لەنێوان ئەو گەنجەی بادینان و ئەو پەرلەمانتارەدا نییە.

«سێکسکردن و مافی مرۆڤ»

یەکێک لەو هۆکارانەی کە جێگرتن و پارێزراویی زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤی (بەتایبەت مافەکانی ژنان) لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەواو قورس کردووە ئەوەیە کە هەر خۆی لەڕووی سایکۆلۆجییەوە مومکین نییە لەناو یەک تاکە ئینسانێکدا هەم سێکسیزم و هەم ڕێز بۆ ئازادییە شەخسییەکانی بەتایبەت ژنان جێگەیان ببێتەوە.

سێکسکردنی کەسی بالغ بەر لە زەواج «ئازادییەکی پۆزەتیڤانە»ی هەموو تاکێکە کە جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی کۆنسێپتی «ئازادیی شەخسیی»دا وەک مافێک لە مافەکانی مرۆڤ ڕەسمییەتی پێداوە. خاڵی دەستپێکردنی داڕێژەرانی جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕەسمییەتدان بەم ئازادییە ئەوەیە کە ئینسان بەهایەکی جێگیر و یەکسان بە بەهای ئینسانەکانی تری هەیە کە نە یاخیبوون لە چاوەڕوانییە کولتورییەکانی کۆمەڵگا و سێکسکردن بەبێ زەواج و، نە هیچ ئازادیوەرگرتنێکی تر، هیچێک لەو بەهایەی کەم ناکاتەوە.

گرفت ئەوەیە کە بەپێچەوانەی ئەم خاڵی دەستپێکردنەی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەو سێکسیزمەی کە لەناو ئەو پەروەردە ئاینییەدا هەیە کە ئەو پەرلەمانتارە و زۆربەی خەڵکی ئێمەی پێ ئالودە دەکرێت، پێیوایە ئەو بەهایە کەم دەبێتەوە. ئەمەیە وا دەکات ئەو پەرلەمانتارە لەوە بکەوێت لە مامەڵەدا لەگەڵ کەسێکدا کە بەبێ زەواج سێکسی کردووە، بتوانێت ئەوە لە زیهنیدا نەبێت و هیچی بۆ نەگەیەنێت کە ئەو کەسە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەبێ زەواج سێکسی کردووە.

ئەمە زەربەخواردنێکی دەرونیی گەورەیە. من پێموایە ئەگەر تاکە شتێک هەبێت کە دروست بێت بە «شزوزی جنسیی» ناو ببرێت، دەبێت ئەمە بێت. سەرقاڵبوونی مێشکی کۆمەڵگای ئێمە بە ئەندامێکی فەسلەجیی تافیهەوە کە ئەوان ناوی دەنێن «پەردەی کچێنیی»، دەبێت یەکێک لە شزوزە جنسییە هەرە نامۆ و عەبەسییەکان بێت کە زانستی سێکسیۆلۆجی تا ئێستا پەی پێ بردبێت.

«کولتوری عیففەت وەک سەرچاوەیەک بۆ بەرەڵایی»

من نیگەرانی ئەو کوڕ و کچە گەنجانەی کوردستانم کە ئێستاش ڕۆژانە بەم سێکسیزمە ئالودە دەکرێن و بۆ هەتا هەتایە دەرونیان دەشێوێننرێت و تووشی چەندین جۆر گرفتی دەرونیی و کۆمەڵایەتیی دەکرێن.

ئەوەی کە موفارەقەیە لە کارەکەدا ئەوەیە کە ئەو پەروەردە مۆڕاڵیستییە ئاینییە بەوە تەبریری خۆی دەکات کە گوایە لەپێناو پاراستنی کچان لە دەستدرێژیی سێکسیی و لەپێناو دروستکردنی ئینسانی ڕەوشت بەرزدایە ئەو هەموو جەختە لەسەر «عیففەتی سێکسیی» دەکاتەوە. بەڵام قورس نییە کەسێک ئەوە ببینێت کە «کولتوری عیففەت» ڕێک ئەو دۆخە دەخاتەوە کە لایەنگرانی کولتوری عیففەت بە «بەرەڵایی» یان «بێئەخلاقیی» ناوی دەبەن:

  • ئەوەندەی کچان لەسەر جادەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و زۆرینە موسڵمان موعەرەزن بە تەنگپێهەڵچنین و دەستبۆبردن و تەجاوز، لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە کولتوری عیففەت خراوەتە لاوە، ئەوەندە کەمترە کە زەمینەیەک نەبێت بۆ بەراورد.

  • «گەلەکۆمەی سێکسیی» لە کچان و جلداکەندن و دەستبۆبردنیان، دیاردەیەکە لە قاهیرە نەک پاریس.

  • لە توێژینەوەیەکدا کە ئەمەل باشا، پارێزەری بواری مافی مرۆڤ لە یەمەن کردویەتی، هاتووە کە (٩٠%)ی کچان و ژنانی وڵاتی یەمەن لە تەوقی سەرەیانەوە تا نوکی پێیان دادەپۆشن، کەچی (٩٠%)ی کچان و ژنانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی موزایەقەی سێکسیی بوونەتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە واعیزەکانی کولتوری عیففەت، ئەم تەجاوزانەی ناو کۆمەڵگای ئیسلامیی بۆ سەر کچان و ژنان وەک بەڵگەیەک بۆ زەرورەتی زیادکردنی وەعزی ئەخلاقیی ئاینیی بەکار دەهێنن و وای پیشان دەدەن کە گوایە ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن کەسانێکن کە بەگوێی ڕوانگەی مۆالیستانەی ئەوانیان بۆ ئینسانی مێ نەکردووە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوە ڕێک بەقسەکردنی ئەوانە ئەو زیادەڕۆییانە دەخاتەوە. ئەوە سەیرکردنی ئینسانی مێیە وەک کەرەستەی سێکس نەک ئینسان کە وادەکات تەجاوزی سێکسیی بکرێتە سەر ژنان.

سەرەتای ئەم مانگە گەنجێکی کوردم بینی باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە چۆن لەگەڵ چەند کەسێکی تردا کچێکیان ئیغتیساب کردووە. بۆ پیشاندانی ئەوەی کە خۆی چەند ئینسانێکی نەرم و نیان و بەڕەحمە، دەیوت دوای ئەوەی تەواو بووم و ئەوانی تر دەستیان پێکرد، پێم ووتن «قەینا بەزۆر سێکسی لەگەڵ بکەن، بەس بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەم لێی بدەن». قسەیەکی وا پیشانی دەدات کە سێکسیزم دەتوانێت پیاو تا ئەو ئاستە لە هەستپێنەکردن بەرامبەر بە ئینسانی مێ ببات کە ئیغتیسابکردنی وەک مومارەسەیەکی ناتوندوتیژانەی ڕەوا و ئاسایی سەیر بکات، نەک وەک تەجاوز و ناحەقیی و توندوتیژیی. ئاخر کاتێک ژنت لە زیهنی پیاودا کردە کائینێک کە بۆ چێژبینینی ئەو دروست کراوە، ئیتر قورس نییە ببینین کە چۆن ڕوانگەیەکی وا دەبێتە هۆی ئەوەی کە پیاوان پێیان وانەبێت کە تەجاوزێکی ناحەقانە و ئازاردەریان کردۆتە سەر ئینسانێک کاتێک کچێک سەغڵەت دەکەن، یان دەست بۆ لەشی دەبەن، یان ئیغتیسابی دەکەن.

هەر ڕێک ئەم میکانیزمەشە کە ئەوە دەکاتە کۆنسێپتێکی جێگیر لەناو ئاینێکدا کە کچان و ژنانی دوژمن وەک غەنیمە سەیر بکرێت و ئەوە ببێتە حوکمێک لەناو ئاینێکی عیففەتخوازدا کە گوایە ئاساییە ژنانی دوژمن ئیغتیساب بکەیت و دواتریش وەک کۆیلەی سێکس لە سوچێکی ماڵەکەتدا ڕایانبگریت. ئەم بەربەرییەتە بەرامبەر بە کائینی مێ تەنها سێکسیزمی ناو کولتوری عیففەت لە ڕۆژهەڵات دەتوانێت دروستی بکات و کارێکیش بکات خەڵک پێی شۆک نەبن، نەک کولتوری لیبراڵی ناو وڵاتانی ڕۆژئاوایی.

«مۆڕاڵیزم وەک ڕەچەتەیەک بۆ دروستکردنی ئینسانی مونافیق»

وڵاتانی ئیسلامیی هەمیشە لە سەری سەرەوەی ئەو لیستی ئامارەوەن کە بۆ پێوانەی ڕێژەی سەردانکردنی سایتەکانی پۆرنۆ لە جیهاندا دەکرێن، بەڵام کاتێک لەسەر جادە و شوێنە گشتییەکاندا و لەبەر تیشکی ڕۆژ مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمەڵگایانەدا دەکەیت، قەت هاوڵاتییانی ئینتیباعێکی وا نادەن کە ئەوانن کە لە ماڵەوە خەریکی ئەو سایتانەن.

ئەمە وایە چونکە مۆڕالیزم هەمیشە دوژمنی ئازادیی و دوژمنی تاکەکان بووە و، هەمیشە کۆمەڵگایەکی مونافیق بەرهەم دەهێنێت. ئەمە چونکە لە کۆمەڵگا داخراوەکاندا تاکە ڕێگەیەک بۆ دەرچوونی تاک لەو بەرتەسکییەی کە سنورەکانی مۆڕالیزم بۆ ژیانی دروست دەکات ئەوەیە کە دەست بداتە نیفاق و هەوڵبدات لە ڕوخساردا خۆی وەک گوێڕایەڵ و «بەئەخلاق» پیشان بدات و، ژێر بەژێر کەناڵێک بۆ تەنفیسکردنی پێویستییە ڕۆحییە ڕەواکانی خۆی بدۆزێتەوە.

ئەم ناچارکردنەی ئینسان بە درۆکردن لەگەڵ خۆی، قەت هاوڵاتییەکی دەروونساغ و خاوەن ویقار دروست ناکات. ڕەنگە سکانداڵەکەی لەتیف سەلەفیی و ئەو نیفاق و درۆزنییەی کە دەرکەوت ئەو پیاوە لەپشت ڕوخساری پیاوێکی ئاینیی مۆڕالیستەوە مومارەسەی کردبوو، باشترین نموونەی سەلمێنەری ئەم میکانیزمە خەتەرناکە بێت. شتێک کە گرنگە لەسەر ئەو سکانداڵە بوترێت ئەوەیە کە دروست نییە پێمانوابێت ئەوە هەر تەنها ئەو کابرا سەلەفییەیە کە مونافیق و درۆزنە، بەڵکو شتێک کە دەکرێت بە دڵنیاییەوە بوترێت ئەوەیە کە هەر هەموو پیاوانی ئاینیی و ئینجاش هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە کە لە جورئەت کە لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆ بن، کەم و زۆر ئەو دووتاککەوتنەوە شیزۆفیرینییەی ئەو پیاوە سەلەفییە لە ناخیاندا هەیە.

«مافی ئافرەتان و دیموکراتییەت»

پایزی ساڵی ٢٠١٤ وێنەی چەکدارێکی داعش بڵاو بووەوە کە سەری کچە گەریلایەکی لێکردۆتەوە و بە قژەکەیدا سەرەکەی بەرزکردۆتەوە و بە شانازییەکەوە بۆ کامێراکە پێدەکەنێت. ئەو وێنەیە بەتەبیعەتی حاڵ شۆکێکی لای خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست کرد و زۆرێک لە میدیاکان باسیان کرد. دیارە زەحمەتە بزانرێت ئایا ئەو مامەڵەکردنە بەربەرییە و ئەو پێشێلکردنەی بەهای مرۆڤ تا چەند شۆکی لەناو کۆمەڵگای کوردییدا دروست کرد چونکە بۆی هەیە بەشێک لە پەرچەکردارەکان کوردایەتی پاڵنەریان بووبێت، بەڵام شتێک کە سەبارەت بەو وێنەیە باس کرا و جێگەی سەرنج بوو ئەوەبوو کە کەسێک لە کۆمێنتێکدا لەژێر وێنەکە پرسیاری ئەوەی هەببوو کە ئایا ئەوەی کە ئەو چەکدارەی داعش دەستی بە قژی ئەو کچەوەیە، ئایا ئەوە حەرام نییە.

لێرەدایە کەسێک دەبینێت کە کولتوری عیففەت چۆن دەتوانێت فۆکەسی ئینسان لەسەر زیادەڕۆییەکی گەورە لاببات و دوای کۆنسێپتی شەرەف و ناموسی بخات. ئەوە سۆسیۆپاتییە بە پلەی ئیمتیاز. سۆسیۆپاتیی حاڵەتێکە کە ئینسان ئیتر ئیمپاتیی و هەستکردنی بە بەرامبەری تیا نامێنێت. مارکەی داعش لەسەر دەستی کۆمەڵێک سۆسیۆپات دروست بوو کە لەسەر دەستی واعیزەکانی ئەخلاق لە وڵاتەکانی خۆیان دروست بوون (لەوانە لە هەرێمی کوردستان)، دواتر چوون بۆ سوریا و بە خوێنێکی ساردەوە ئینسانیان دەسوتان و ئینسانیان سەردەبڕی.

من پێموایە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئۆفەنسیڤانە ڕەخنەی توند بەرامبەر ئەم شێواندنەی کۆمەڵگای ئێمە بکرێتەوە و، نەهێڵێرێت لەوە زیاتر لە کوردستاندا بەناوی مۆڕاڵەوە، بەرەڵایی زیاتر و نیفاقی زیاتر و هاونیشتیمانیی درۆزن و پیاوی سێکسیست و سۆسیۆپات بەرهەم بهێنرێت. خەتەرناکە کچان و کوڕان پێیانوابێت کارێکی زۆر پیس و ناپەسەند دەکەن کاتێک سەیری فیلمێکی سێکسیی دەکەن. ئەو هەستە زاتییە بە دووڕوویی لەناو ئینساندا، ڕەچەتەی تووشبوونە بە نەخۆشیی دەرونیی. دەبێت کار بۆ دروستکردنی دۆخێک بکرێت کە گەنجان بە ویژدانێکی ئاسودەوە بیر لە سێکس بکەنەوە و مامەڵەیەکی ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئەو پێویستییە ڕۆحییەی خۆیان بکەن و تەندروستییەکی دەرونیی باشتر بەدەست بهێنن.

کەوتنەوەی دۆخێکی وا تەندروست هەر بۆ ئەوە گرنگ نییە کە تاکەکان تەندروست دروست بن، بەڵکو هەبوونی هاونیشتیمانیی سەڕاست کە ڕێزی ڕاستەقینەی بۆ خۆی هەبێت، کە ئالودە نەبووبێت بە سێکسیزم، مەرجی سەرەکییە هەم بۆ زیادبوونی پلەی یەکسانیی جیندەریی لە کۆمەڵگادا و، هەمیش بۆ بوونی هاونیشتیمانیان بە ڕەقیبی بەسەنگ بەسەر حوکمدرانەوە و ناچارکردنیان بە ڕێزگرتنی ڕێساکانی حوکمڕانیی دیموکراتیی.

ئۆسلۆ

٢٣/٣/٢٠١٧

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین