خۆشەویستی لە شانشینی بووندا

سۆران ئازاد

ڕامبرانت؛ حه‌زره‌تی ئیبراهیم ئیسماعیلی كوڕی سه‌رده‌برێت rtist:Rembrandt van Rijn (1606 - 1669) Art style: Baroque Title: Sacrifice of Isaak (1636)
471

لە شانشینی بووندا، نەکردەکان وەکو ئەگەری کردن دەمێننەوە، چونکە لەو شانشینەدا، هێزی گەورە خۆیان مەڵاس داوە. لە بنەڕەتدا، ئەو هێزانە لە بوونەوە دێن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بوون بکەن. لەژێر سایەی پێکهاتەی هێز بە گشتی و مانیفێستە جیاوازەکانیدا، بوون لە ژیاندا و هەموو پڕۆژەکانی وزە وەردەگرن. یەکێک لەو هێزە گەورانە خۆشەویستییە. ئەو هێزە دەمانخاتە بەردەم شۆڕشی بیرکردنەوەی جیاواز لە ژیاندا. وەک هەموو هێزێکی تر، لە بیرکردنەوەی ئێمەدا ئەو هێزە بە بۆچوونی جەماوەری و هەلومەرجە سەختەکانی ژیان لە ناوەڕۆکەکەی خۆی دوور خراوەتەوە. ئەو بیرکردنەوەیەی، بە زمانی (هایدیگەر) بێت، ڕاستیی بوونمان بۆ نەدۆزێتەوە، لە ناوەڕۆکە بنەڕەتییەکەی خۆی دابڕاوە. لە ئەنجامدا، تێڕامان لە خۆشەویستی دوور لە پێناسی کۆمەڵایەتی و دوور لە ستایشی هۆنەرانەی ڕووکەشبۆ واڵا دەکات و ڕێگەمان دەدات هەر خۆمان بە تەنیا خاوەن تێگەیشتنی خۆمان بین بۆ وزە پەنهان و شاراوەکانی ناوەوەمان. وزەکانی بوون ئەوانەن، کە هەموو بوون ئاسۆیانە و ستوونیانە بەرەو پەرەسەندن پاڵ دەنێن.

بۆ دەمانەوێت لە خۆشەویستی تێبگەین؟ بۆچی لە جیاتی هیچ شتێكی تر، ئێمە پەنا بۆ تێگەیشتن دەبەین؟ پێ دەچێت ئەو پارچە هۆنراوەی (فردریک نیتچە) لە پەرتووکی (زانستی هۆژی) وەڵامێک بێت بۆ ئەو پرسیارە:

 

نیتچه‌

بە شەکەتی بەدواگەڕان مەزن بووم و

خۆم فێری ڕێگا دۆزینەوە کرد

بەو گەردەلوولەی جارێک ڕاماڵدرام

ئێستا بە شوێن ئاڕاستەی با-یەکەی دەڕۆم. “

 

 

خۆشەویستی دەتوانێت ئەو گەردەلوولە بێت، کە ئەگەر بە ئاڕاستەی با-یەکەی، وەک ئەوەی (نیتچە) ئاماژەی پێ دەدات، ڕووەو ئاسۆ نەڕۆین، لە خۆیدا ڕامان دەماڵێت. گەردەلوول کاتێک توانای ڕاماڵینی هەیە، کە ئەگەر بە هێزێکی گەورەوە هەڵ بکات. هەرچەند ئەو هێزە گەورەتر بێت، هێندە زیاتر کاریگەرییەکانی گەورە دەبێت. لە ڕاستیدا، ئەوەی (نیتچە) ئاماژەی پێ دەدات، گەردەلوولی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو ئەو هێزانەن، کە لە ناوەوەی ئێمە هەڵدەقوڵێن. ئێمە هەرچەند دژ بە ئاڕاستەی ئەو هێزانە هەنگاو بنێین، هێندە زیاتر ڕادەماڵدرێین. هەر لەبەر ئەوەیە، کە لە بەرهەمەکانیدا، (نیتچە) بەردەوام پێداگری لە هێزی خوڕسکەکانی مرۆڤ دەکات، تەواو پێچەوانەی ئەوەی ئایین فێرمان دەکات. هۆکارەکە ڕوونە؛

خوڕسکەکان لە بوونەوە دێن و سەر بە بوون و ژیانن. هەتا ئەو کاتەی خوڕسکەکان هەبن، بوونەوەران بۆ هێز تێدەکۆشن. خوڕسک (غەریزە) سەر بە ژیانە و دەیەوێت ژیان بەرەو پێشەوە ببات. هۆکاری هەوڵدانمان بۆ تێگەیشتن لە هێزی خۆشەویستی ئەوەیە، کە مادام خۆشەویستی هێزە و لە هەرە ناوەوەی بوونەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر بە پێچەوانەی ئاڕاستەکەی بەرەو ئاسۆ بڕۆین، ڕامان دەماڵێت. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هێزە ئاگرینەکەی خۆشەویستی، ئەو کاتەی لە دژی هەنگاو دەنێین، لە ئاستماندا یاخی دەبێت و تا دواین پڕوشکی خۆی شەڕمان پێ دەفرۆشێت. خۆشەویستی هێزێکە دژ بە ڕاهاتن و دەستەمۆییەکانی مرۆڤ دەجەنگێت و لە هەمان کاتدا مرۆڤ بە وزەی جیاوازەوە دەخاتە بەردەم ئەگەرە کراوەکانی بەردەم بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاڕاستەی باسەکەمان لەسەر بۆچوونەکانی (نیتچە) بونیاد ناندرێت، بەڵکو هەوڵ دەدرێت خوێندنەوەیەکی بوونگەرایانە بۆ خۆشەویستی بکرێت، بە تایبەت لەبەر ئەوەی باسەکەمان لەژێر ڕۆشنایی بۆچوونەکانی (سۆرێن کیاکەگارد) بەرەو قووڵاییەکی نەزاندراو دەچێت.

لە یەکێک لە نامە خۆشەویستییەکانی بۆ (هانا ئارێنت)، (مارتن هایدیگەر) باسی خۆشەویستییەکمان بۆ دەکات، کە پێویستە (هەرە کڕۆکی بوون) بپارێزرێت ، وەک دەنووسێت،

 “ئێمە بۆمان ڕەخساوە یەک بناسین: پێویستە ئەوە لە وەکو دیارییەک لە هەرە کڕۆکی بوونمان هەڵگرین و خۆمان لەوە دوور بگرین، کە لە ڕێگەی خۆ-فریودان سەبارەت بە پاکیەتی ژیان، بیشێوێنین.”

مارتین هایدیگه‌ر

مەبەستەکەی (هایدیگەر) ڕوونە؛ خۆشەویستی لە هیچ کوێیەک نا، لە هەرە کڕۆکی ناوەوەی بوونی ئێمەوە دێت و پێویستیشە هەر لەوێدا بپارێزرێت. بەڵام چونکە نوێنەرایەتی قووڵاییەکانی بوون دەکات، خۆشەویستی ئەو کاتەی باڵەکانی بەسەر ئاسمانی بوونی ئێمەدا بڵاودەکاتەوە، بۆمان ڕوون نابێت بەرەو کامە ئاسۆ دەفڕێت و بەرەو کامە سەرزەمین بوون ئاڕاستە دەکات. ئێمە تەنیا یەک شت دەزانین، ئەویش ئەوەیە، کە هێزی خۆشەویستی سەرسورهێنەرە. هەرچەند لێشمان هەڵگەڕێتەوە، هەرچەند لێشمان یاخی بێت و بوونمان ڕووەو مەترسی گەورە ئاڕاستە بکات، هێشتا پێگەی خۆی لە ناوەوەماندا لە دەست نادات. ئەگەر بە گڕوتینی ئاگری خۆشەویستیش چەندجار و جارانی زۆر بسووتێین، هێشتا لە ئەندێشەماندا پەیکەری نەمریی بۆ یادەرەورییەکانی خۆی دروست دەکات و یادی سووتانی خۆی لەناومان دەکاتەوە، وەک بڵێی هەمیشە وەک ئەگەری داهاتوو خۆی لەبەردەممان بەرز بکاتەوە. (هایدیگەر) دەیەوێت گوتاری خۆشەویستی لە گوتارەکانی تر، لەوانە ئەو وەهمانەی، کە ئەوە بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنن لەژێر ناوی پاراستنی پاکیەتییەکانی ژیان وا لە هێزەکانی بهێنێت، بپارێزێت. پاکیەتی ژیان ئەو بۆچوون و بەربەستانەن، کە بە هۆیەوە ژیانی ئازاد لە تاک داگیر دەکرێت. بە واتایەکی تر، ئەو پرۆژە ڕەوشتیانەن، کە ڕەزامەندی گشتی لەسەرە و لەگەڵ سەربەستیی تاک یەک ناگرنەوە.

 

پرسیارێکی بنەڕەتی ئەوەیە، کە ئایا دەکرێت خۆشەویستی لە بوونەوە بێت و دژ بە بوون بێت؟ ئایا دەکرێت خۆشەویستی ببێت بە هۆکاری ئەوەی ئێمە لە بوونەوە بۆ بۆ ناو خەرندی مردن هەڵدا؟ یان، ئایا دەکرێت ئێمە بەهۆی خۆشەویستییەوە پڕ بین لە هەیەجان و بفڕین بۆ بەرزاییەکانی ئاسوودەیی، بەڵام لە دەمە تاریکەکانیدا، ئەو کاتەی ژیانمان دەکات بە پارچەیەک لە تاریکییەکی سامناک و کوشندە، بەرگەی ئازارەکەی نەگرین و بەو هۆیەوە هەتا بۆمان دەکرێت خێراتر خۆمان بخەینە ناو بۆشایی مردن؟

مەبەستمان چییە، کە ئەو هێزە لە بوونەوە دێت؟ تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی، هیچی نەسەلماندبێت، ئەوەی سەلماندووە، کە تاوەکو ئەو ساتەی ئێستامان، هیچ بەڵگەیەک نییە، کە مردووەکان هەستی خۆشەویستییان بۆ یەکتر و بۆ ئێمەی زیندوو هەبێت. تاوەکو ئێستا، هیچ مردوویەک هەستی خۆشەویستی بۆ کەسێکی زیندوو دەرنەبڕیوە. بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت خاوەن خۆشەویستی بێت، دەبێت و پێشمەرجە، کە سەرەتا بوونی هەبێت. بۆ ئەوەی کەسێک هێزی هەبێت و ئەو هێزە بە کار بهێنێت، پێویستە بوونی هەبێت. دەکرێت زیندووەکان هەستی خۆشەویستیان بۆ مردووەکان هەبێت، دەکرێت هێز بە پڕۆژەی مردووەکان ببەخشن، بەڵام نەکردەیە مردوویەک هێز بە زیندووەکان ببەخشێت. خۆشەویستی لە نەبوونەوە نایەت، بەڵکو هەمیشە ‌هێزێکی شاراوەیە لە بووندا. ئێمە هێشتا ئەوەیش نازانین، کە ئاخۆ مردنیش هێزێکی تری بوون نییە، چونکە ئێمە کاتێک دەمرین، کە بوونمان هەبێت. کەس ناتوانێت لە نەبوونەوە بچێت بۆ ناو نەبوون. ئایا مردنیش ئەو ئاگرە نییە، کە پڕوشکی بوون بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە؟ یان وەک ئەوەی ئاگرێک پڕوشکێک لە خۆی فڕێ دەدات و دواتریش ئەو پڕوشکە ژیانێکی دوور لە ئاگرە گەورەکە دەژیێت و لە هەمان کاتدا هەموو پێکهاتە و نهێنییەکانی ئەو ئاگرەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، بوونیش ئەو پڕوشکە سەربەستە بێت و بە مردن خۆی بگوازێتەوە بۆ فۆڕمی جیاوازتر؟

هەتا بوون هەبێت، هەموو ئەگەرەکان، بە مردنیشەوە کراوەن و لەبەردەمان دان. لەبارەی خۆشەویستی، هەمان هۆکار وا لە (هایدیگەر) دەکات، کە (کڕۆکی بوون) بە نیشتیمانی خۆشەویستی دابنێت. لەوە زیاتر، هیچ کەسێک ناتوانێت لە جیاتی کەسێکی تر ئەزموونی خۆشەویستی بکات. خۆشەویستی هەر کەسێک وابەستەیە بە ئەزموونی ئەو کەسە. دەشێت ئەو خۆشەویستییە ببێتە پێوەندیی نیوان کەسێک، دووان، سیان و کۆمەڵێک، بەڵام هەر یەکێک لەو کەسانە بە جیا ئەزموونی ئەو خۆشەویستییە دەکەن. بۆ ئەوەی ئەوانیش ئەو ئەزموونە بکەن، پێشمەرجە کە بوونیان هەبێت.

 

سۆرێن کیاکەگارد
Søren Kierkegaard
5. Mai 1813 in Kopenhagen; † 11. November 1855

لە پەرتووکی (ترس و لەرز)، (سۆرێن کیاکەگارد) دەمانخاتە بەردەم هێزی باڵای خۆشەویستی و دەنووسێت:

نەخێر، نابێت تاقە کەسێکی مەزن لەبیر بکرێت. بەڵام هەر کەسەو بە ڕێگەی خۆی مەزنە و هەر کەسێکیش بە پانتای ئەو شتەی خۆشی ویستووە، مەزنە. ئەوەی خۆی خۆش دەوێت، بۆ خۆی مەزنە و ئەوەی ئەوانی تری خۆش دەوێت، بە هۆی ئەو خۆتەرخانکردنە ناخۆپەرستییەی مەزن دەبێت، بەڵام ئەوەی خوای خۆش ویستووە، لەهەموویان مەزنتر دەبێت.”

لە دیدی (کیاکەگارد)، خۆشەویستی و ئەو بابەتەی ئێمە خۆشەویستیمان بەرانبەری هەیە، بڕیار لەسەر مەزنی ئێمە دەدەن. وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، کە ئەگەر کەسێک بە تەنیا خۆی خۆش بوێت، بە تەنیا بۆ خۆی مەزنە. بەڵام، باڵاترین فۆڕمی خۆشەویستی، خۆشویستنی خوایە. لە دیدی ئەو، ڕەگی هەر خۆشەویستییەک دەچێتەوە سەر خۆشەویستیی یەزدانی، بۆیە (کیاکەگارد) پێداگریی لەسەر بە پێشەنگزانینی خۆشەویستیی یەزدانی لە سەرووی هەموو جۆرە خۆشەویستییەکانی تر دەکاتەوە. بە ڕەچاوکردنی ئەو کاتەی (کیاکەگارد)  تێیدا ژیاوە، دەسەڵاتی کڵێسە حاشاهەڵنەگر بوو.

نووسینە جیاوازەکانی لەبارەی مەسیحیەت و پیاوانی ئایینی وایکرد، کە لە کاتی مردنیدا، هیچ کەشیشێک لە شاری (کۆپنهاگن) ئامادە نەبێت ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بەڕێوە ببات. بەڵام لە کۆتاییدا، یەکێک لە کەشیشەکان، کە هاوڕێی کۆنی باوکی بوو، ڕێوڕەسمەکەی بەڕێوە برد. بۆیە تێگەیشتنی ئەو بۆ خوا جیاوازە لە تێگەیشتنە ئایینەکان. لە هەمان کاتدا، مەبەستی (کیاکەگارد) لەبارەی خۆشەویستی ڕوونە. گەورەیی خۆشەویستیی هەر کەسێک بڕیار لەسەر مەزنیی ئەو کەسە دەدات. ئەگەر کەسێک بە تەنیا خۆشەویستی لە هەستی سۆزدارانە بۆ کەسێک یان بۆ چەند کەسێک کورت بکاتەوە، ئەو کورتکردنەوەیە ڕووبەر بۆ مەزنی ئەو کەسە دادەنێت. ئەوەی خاوەن گەورەترین خۆشەویستییە، ئەو کەسە پێویستە خاوەن گەورەترین پێگە بێت لە یادەوەری ئێمەدا.

بەگشتی لە بیرکردنەوەی ئێمەدا خۆشەویستی لە چوارچێوەی پێناسە سۆزدارییەکان دەرنەچووە. خۆشەویستی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووبەرەکەی بچووکە و ئەو ڕووبەرە سنووردارەش کەسی بچووک بەرهەم دەهێنێت. گەورەترین خۆشەویستی بۆ خوایە، بەڵام وێنەی ئێمە بۆ خواش بچووکە و سنووردارە. لە باشترین حاڵەتدا، خوا پاسەوانە گەورەکەی دۆزەخ و بەهەشتە. خوا ئەوەیە، کە بە وشە داهێندراوەکانی مرۆڤ، ترس و تۆقاندن بڵاو دەکاتەوە و بەسەرمان دەسەپێنێت، کە پشت لە جیهانی ڕاستەقینە بکەین. بە گشتی، وێنەی ئێمە بۆ خوا هەمان ئەو وێنەیە، کە بۆ جەللادێکی خوێن سارد هەمانە و هەر چەند دەشزانین، کە وەها بوونەوەرێک زۆر دڕندەیە، بەڵام هێشتا دەمانەوێت لەچاوی ئەو دڕندەیە میهرەبانی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لێمان خۆش بێت.

 

 

بۆتیچیللی؛ جه‌هه‌نه‌م – سروشێك له‌ كۆمیدیای خواوه‌ندی دانتێ.
Sandro Botticelli, Drawing for Dante’s Divine Comedy, 1480-95, gouache, brown ink over metal point on parchment (Staatliche Museen, Berlin)

ئەوە هەمان لۆگیکی (ماکیاڤیللی)یە، کە لە پەرتووکی (شازاده‌) پێداگری لەسەر دەکات. (شازاده‌) کاتێک بە هۆی شەڕ خاکێکی تر داگیر دەکات، سەرەتا پێویستە کەسێک ڕاسپێرێت بۆئەوەی دەست بکات بە کوشتاریەکی لەناکاو و ژمارەیەک لە خەڵکە داگیرکراوەکە بکوژێت. لەو ڕێگەیەوە، خەڵک هەرچەند دەزان جەللادە دڕندەیە، بەڵام هێشتا هەوڵ دەدەن میهرەبانی و لێبوورەدەیی لە چاوەکانی ئەو جەللادە ببینن. بۆیە دوای ئەو کوشتارە، شازادە پێویستە جەللادەکە بکوژێت، بۆ ئەوەی وێنەی خۆی بە گوماناوی بهێڵێتەوە و خەڵکیش بە ترس و گومان و لە هەمان کاتدا بە کەسێکی لێبوردە لێی بڕوانن، کە تۆڵەیان بۆ دەکاتەوە، چونکە ئەوان بە گومانن لەوەی، کە هەر لە بنەڕەتدا ئەو جەللادە ڕاسپاردەی شازادە خۆی بوو.

وێنەی ئێمە و ئەوەی ئایین پێمان دەبەخشێت سەبارەی بە خوا هەمان شتە؛ خوا دۆزەخێکی گەورەی دروستکردووە و خەڵكی تێدا دەسووتێنێت، واتە ئەوە دیوە هەرە ترسناکەکەیەتی و ئێمە دەزانین، کە خاوەن وەها دیوێکی ترسناکە، لە لایەکی ترەوە بانگەشەی میهرەبای و لێ خۆشبوون دەکات. لەبەر ئەوە بچووکی تێگەیشتنی ئێمە بە هۆکاری ترس و لەرز و ڕووکەشی بەردەوام بچووکترمان دەکاتەوە. لە کاتێکدا خوا ئەو وێنەیەیە، کە ئێمە بۆ بوونێکی باڵاتر دامانناوە. خۆشەویستیی یەزدانی لێرەدا خۆشەویستنی ئەو ئەگەرە گەورانەیە، کە لەبەردەم مەزنبوونی ئێمەدان. کاتێک مرۆڤ خۆی لەناو بەربەستی سرووشتی دەبینێتەوە و خاوەن ویستێکی باڵاشە بۆ هەڵکشان بەسەر خۆیدا، تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئاستە باڵاکانی بیرکردنەوە و زاڵبوون بەسەر خۆدا، گونجاوتر دەردەکەوێت ئەگەر خاوەن دڵنیاییەکی گەردوونی بێت، کە خوایە. بە واتایەکی تر، لەبەردەم هەلومەرج و بەربەستەکاندا، بە ئافراندنی وێنەیەکی باڵاتر بۆ هێزی بوون، پەنابردن بۆ خوا پەنابردنە بۆ ئەو هێزەی لە بوونەوە دێت و بوون دەخاتەوە بەردەم خۆی. کەواتە دەشێت ڕاڤەی ئێمە بۆ خۆشویستنی خوا بریتی بێت لە پەیوەستکردنی خوا بە خۆمانەوە؛ خوایەک کە بوونی پەیوەستە بە بوونی ئێمەوە. ئەوەی ئێمە و خواش کۆ دەکاتەوە بوونە، چونکە بۆ ئەوەی خوا هەبێت، دەبێت ئێمە هەبین.

مرۆڤ بۆ ئەوە دەجەنگێت، کە خۆشی دەوێت. جەنگان لەپێناو ژیان بۆ ئەوەی هەلومەرجەکانی خۆمان بخەینە ئاستی بوونمان گەورەترین دەستکەوتی خۆشەویستییە. لەژێر ئەو رۆشناییەدا، وەک (کیاکەگارد) لە پەرتووکی (کارەکانی خۆشەویستی) پێداگری لەسەر دەکات، خۆشەویستی هێندە هەست نییە هێندەی کردارە. ئەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە خۆشەویستی لەپێناو ئەوە نییە مرۆڤ هەست بە خۆشی بکات، چونکە ئەو جۆرە خۆشەویستییە ئیرۆتیکییە، بەڵکو ژیانەکردنە بە خۆشەویستییەوە. ئەو کەسەی خاوەن خۆشەویستییە لە ژیاندا، ژیاندۆستی دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانکردنی. ئەوە لە خۆیدا ئاماژەیە بەوەی، کە خۆشەویستی، وەک (کیاکەگارد) فێرمان دەکات، پەیوەستبوونی ئێمەیە بە ژیان لەپێناو ژیان. هەر لەبەر ئەوەیە، کە لە پەرتووکی (ترس و لەرز)، تێمای سەرەکی باسەکە بۆ هاوپێوەندیی نێوان خۆشەویستی و باوەڕ تەرخان دەکات. بە هێنانەوەی بەسەرهاتی (ئەبرەهام/ئیبراهیم)ی پەیامبەر لە ئامادەیی ئەو بۆ قوربانیکردنی (ئیساک/ئیسماعیل)ی کوڕی بۆ خوا، (كیاکەگارد) ئەو هاوپێوەندییە بەرفراوانتر دەکات. لە دیدی ئەو، (ئەبرەهام)ی پەیامبەر خۆی لەنێوان خۆشەویستی خوا و کوڕە تاقانەکەی دەبینێتەوە.  لەلایەکەوە خوا یەک لە دوای یەک دێتە خەونەکانی (ئەبرەهام) و داوای لێ دەکات کوڕە تاقانەکەی بۆ سەرببڕێت و بیکات بە قوربانی، لە لاکەی ترەوە، ئەو کوڕە خۆشەویستترینیەتی لە ژیاندا: (ئەبرەهام)ی پەیامبەر لە بەیانییەکی زوودا لە خێمەکەی دێتە دەرەوە و بەرەو چیای (موریا) بەڕێ دەکەوێت. پاش سێ ڕۆژ و لە بەیانی ڕۆژی چوارەمدا، چەقۆکەی دەردەهێنێت و دەیەوێت سەری کوڕەکەی ببڕێت تا بیکات بە قوربانی بۆ خوا. هەرچەند (ئیساک) لە باوکە پیرەکەی دەپاڕێتەوە، دەپاڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژە خۆشانەی هەیبووە و دەیبێت، بۆ گەرموگوڕی ماڵ و بۆ ئەو تەنیاییە و ئازارانەی لە دوای مردن پێی دەگات، بەڵام (ئەبرەهام) پێ لەسەر جگەری خۆی دادەنێت و دەیەوێت فەرمانی خوا بە جێ بگەیەنێت. (کیاکەگارد) بۆچوونی وایە، کە (ئەبرەهام) سەروەری باوەڕە. ئەو ئامادە بوو، کە خۆشەویستی باوکانەی خۆی بکات بە قوربانی خۆشەویستی خوا. بۆیە لای ئەو، ئەو جۆرە خۆشەویستییە باڵاترینە و باوەڕی (ئەبرەهام)یش بەرزترینە.

بەڵام (کیاکەگارد) لەو نموونەیەدا مەبەستی ئەوە نییە، کە مرۆڤ کوێرانە بە دوای باوەڕی خۆی بە خوا بکەوێت. واتە لەپێناو خوادا ئامادەی کوشتن بێت و وەکو دەستکەوتێک بیبەخشێتەوە بۆ خوا و ئەوانی تر، بەڵکو ئەوەی (کیاکەگارد) پێداگری لەسەر دەکات پاراستنی خۆشەویستییە لە ویستە خۆپەرستییەکان. خۆشەویستیی (ئەبرەهام)ی پەیامبەر بۆ (ئیساک) خۆشەویستییەکی باوکانەیە، کە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ خۆپەرستی. (ئەبرەهام) بۆیە (ئیساک)ی هێندە خۆش دەوێت، چونکە کوڕیەتی. ئەگەر کوڕی نەبووایە، تا ئەو ڕادەیە خۆشویستن مەحاڵ دەبوو. لە دیدی (کیاکەگارد) مادام (ئەبرەهام) ئامادە بوو لەپێناو خۆشەویستی بۆ خوا و باوەڕەکەی کوڕە تاقانەکەی بکات بە قوربانی، ئەوا (ئەبرەهام) هێزی خۆپەرستی و خوڕسکەکانی تێپەڕاندووە و وەک کەسێک لە دەرەوەی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی باوەڕی هەیە. ئامادەبوونی (ئەبرەهام) لە بە قوربانیکردنی کوڕەکەی لە هێزی باوەڕی ئەوەوە بۆ خوا هاتووە. ئەو باوەڕە (ئەبرەهام)ی بۆ ناخۆشترین و پڕ ئازارترین ساتەکانی ژیان ئامادە کردووە؛ هێزی ئەو باوەڕەیە، کە وا لە (ئەبرەهام) دەکات بەسەر تەواوی بەربەستەکان زاڵ بێت و خۆی بۆ تەواوی ناخۆشی و ئازارە سەختەکان ئامادە بکات. (ئەبرەهام) کوڕەکەی سەرنابڕێت، بەڵام ئەو ئامادەییەی بۆ دەستبەرداربوون لە خۆشەویستییە خۆپەرستییەکەی وا دەکات ببێت بە کەسێکی نموونەیی. لەبەر ئەوەیە، کە (کیاکەگارد) خۆشەویستیی خۆپەرستانە و سۆزدارانە دەخاتە خانەی خۆپەرستی. لای ئەو دەستبەرداربوون لە خۆپەرستی و زاڵبوون بەسەر ویستە کەسییەکان باڵاترین ئاستی خۆشەویستییە. وەکو تر، (کیاکەگارد) نکۆڵییەکی گەورە لەوە دەکات، کە خۆشەویستی بۆ ئەم ژیانە و جیهانەی ئێستا نەبێت، چونکە ئەو کەسەی ئەم ژیانە و جیهانەی ئێستای خۆش دەوێت، نیگەرانی ئەوە نابێت لە دوای مردن چی بەسەر دێت مادام ئەو ژیانەی کە ژیاوە بە خۆشەویستییەکی گەورە و دوور لە خودپەرستی بووە. ئەو کەسەی بۆ پاداشتی ژیانی ئەو دیو جیهان دەکات بە قەسابخانە لەپێناو پاداشتی خۆپەرستییە، چونکە ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی کوشتن و ئازاردانی ئەوانی تر بە باشترین شوێنی جیهانی ئەو دیو بگات. ئەو جۆرە خۆشەویستییە دوورە لە خۆشەویستی بۆ خوا، چونکە ئەگەر خوا مەبەستی ئەوە بووایە، کە مرۆڤی بۆ بکرێت بە قوربانی، لە بنەڕەتدا (ئەبرەهام) وازی لە کوشتنی کوڕەکەی نەدەهێنا. بۆیە لە دیدی (کیاکەگارد) ڕەتکردنەوەی ئەم ژیانەی ئێستا و چاوەڕوانبوون بۆ مردن دوورە لە باوەڕ. ئەو نموونەیە بۆچوونەکەیمان زیاتر بۆ دەردەخات:

ڕامبرانت؛ حه‌زره‌تی ئیبراهیم ئیسماعیلی كوڕی سه‌رده‌برێت
rtist:Rembrandt van Rijn (1606 – 1669)
Art style: Baroque
Title: Sacrifice of Isaak (1636)

”(ئەبرەهام) باوەڕی هەبوو و باوەڕەکەی بەم ژیانە بوو. بەڵێ، ئەگەر باوەڕی ئەو تەنیا بۆ ژیانی داهاتوو بووایە، بەبێ گومان هەموو شتێکی فڕێ دەدا و بۆ ئەوەی بەخێرایەکی بێ وێنە لەم جیهانەی، کە شوێنی ئەو نەدەبوو، دەربچێت. بەڵام باوەڕی (ئەبرەهام) لەو جۆرە نییە. ئەگەر ئەو جۆرە هەبێت، لە ڕاستیدا ئەوە باوەڕ نییە، بەڵکو دوورترین ئەگەری باوەڕە…
بەڵام (ئەبرەهام)باوەڕی بە تەنیا بۆ ئەم ژیانە بوو، بۆ ئەو خاکەی تێیدا پیر دەبێت، لە لایەن خەڵکەکەیەوە ڕێزی لێ دەگیرێت، لەلایەن نەوەی سەردەمەکەی ئاسوودە بێت، بۆ هەتاهەتایە بەهۆی (ئیساک)ەوە لە بیر بێت، بۆ ئازیزترین شتی لە ژیانیدا، کە بە جۆرە خۆشەویستییەک لەخۆی گرت زۆر هەژارە ئەگەر دەربڕێنەکەمان ئەوە بێت، کە وەفادارانە ئەرکی باوکانی خۆی بە جێ گەیاند لە خۆشەویستی کوڕەکەی، کە لە ڕاستیدا لە وشەی فەرمانەکان [فەرمانەکانی خوا] بە بەڵگەوە هەیە: ‘ئەو کوڕەی، کە خۆشەویستترینتە.” یاقوب دوانزدە کوڕی هەبوو و یەکێک لەوانی خۆش ویست؛ (ئەبرەهام)یەک کوڕی هەبووە، ئەو کوڕەی خۆشی دەویست.”

پشتکردنە جیهانی ئێستا و هەوڵنەدان بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخ و هەلومەرجەکانی ژیان لەژێر ناوی باوەڕبوون بە خوا و خۆشەویستی بۆ خوا هەموو شتێک بێت باوەڕ نییە، بەڵکو ویستێکی تێکدەرانەیە بۆ ژیان. (کیاکەگارد) پێداگری لەسەر ژیان دەکاتەوە و لە باوەڕی ناڕەسەن دەیپارێزیت. لەو هاوکێشەیەدا خۆشەویستی بۆ خوا خۆشەویستی نییە بۆ کەسێکی باڵاتر لە ئێمە، کە لە دەرەوەی بوونە، بەڵکو خۆشەویستییە بۆ ئەو هێزەی لە بوونەوە سەرچاوە دەگرێت و توانای خستنەبەری بوونی بە بوونەوە هەیە. ئەو هەوڵە بۆ پەیوەستبوونی ئێمە نییە بە هێزێک، کە نادیار بێت و دەرفەتی قۆستنەوەی ئەو نادیارییە ببێت بە بەشێک لە تاکتیکی ئەوانەی دەیانەوێت لە مەیدانی هێز لە هەرە براوەکان بن و بڕیار بەسەر ئێمەدا بسەپێنن، بەڵکو بۆ ئەوەیە، کە ئێمە بە تەنیا نوێنەرایەتی ئەو هێزە بکەین، کە لە بنەڕەتدا هەر خۆمانین.

لە ڕێگەی باسکردنی خۆشەویستی بۆ خوا و ژیانکردن بە خۆشەویستییەوە، (کیاکەگارد) پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە خۆشەویستی لە خۆپەرستی و بەرژەوەندییە کەسییەکان بپارێزرێت. خۆشەویستی هەستخۆشی نییە و ئامانج لێی چێژوەرگرتن نییە، بەڵکو هێزی ژیانکردنە بەوپەڕی بەکارهێنانی وزەکان بۆ بەرەوپێشبرنی ژیان. خۆشەویستی لەهەرە قووڵاییەکانی بوونی ئێمەوە دێت و پێویستیشە بخرێتە خزمەت بوون و ژیان. ئێمە دەزانین، کە خوا هیچی تر نییە، جگە لە بوون. ئەم بۆچوونەش لەو ڕوانگەیەوەیە، کە خوا کاتێک هەیە، کە بوونی هەبێت. هەر بۆیە باسی خوا هەیە یان خوا نییە لە ڕووی لۆگیکییەوە نادروستە. کەسێک ناتوانێت بڵێت من باوەڕم بە خوا نییە، چونکە ئەگەر خوا هەبێت، هەر دەبێت باوەڕمان پێی هەبێت. پرسیاری دروستتر ئەوەیە، کە ئاخۆ خوا بوونی هەیە یان بوونی نییە. کاتێک ئێمە وشەی (بوون) زیاد دەکەین، واتە (بوون) کێشە سەرەکییەکەیە نەک خوا، لەبەر ئەوەی ئەگەر خوا بوونی نەبێت، باسکردن لە خوا بەتاڵە. لەو ڕوانگەیەوە بۆ ئەوەی خوا هەبێت، دەبێت سەرەتا بوونی هەبێت. گرنگ نییە ئەو بوونە باڵاترینە یان نا، چونکە بێگومان بوون باڵاترینە. هەر لەبەر ئەوەیە، کە بوون، کە بوونی خواشە لێرەدا، باڵا و پێشمەرجە.هەر شتێکیش بوونی هەبێت، بە تەنیا ناتوانێت بوونی هەبێت، بەڵکو بوونی ئەو وابەستە دەبێت بە بوونی ئەوانی تر و گەردوون. لە باسکردنی خواش، ئێمە ڕووبەڕووی هەمان لۆگیک دەبینەوە: بۆ ئەوەی خوا بوونی هەبێت، دەبێت ئێمەیش بوونمان هەبێت. ئێمە ئیستا، کە بوونمان هەیە، بە تەنیا ناتوانین هەبین، بەڵام بەبێ بوونی ئێمەیش، بوون و نەبوونی هیچ هێزێکی تر کێشەی ئێمە نییە، مادام ئێمە کاتێک دەتوانین کێشەمان هەبێت، کە بوونمان هەبێت. (کیاکەگارد) بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:

”هەر وەک چۆن گۆمێکی بچووک لەهەرە قووڵایی سەرچاوەیەکی شاراوە، کە تاوەکو ئێستا هیچ چاوێک نەیبنیووە، سەرچاوە دەگرێت، ئاوا خۆشەویستی کەسێک زۆر زیاتر لەو قووڵایییە لە خۆشەویستی خوا سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر ئەو سەرچاوە خرۆشێنەرە لەو قووڵاییەوە نەبووایە، ئەگەر خوا خۆشەویستی نەبووایە، ئەوا نە گۆمە بچووکە کە و نە خۆشەویستیی مرۆڤەکان بوونیان نەدەبوو. هەر وەک چۆن ئەو گۆمە بچووکە لە تاریکیی ئەو سەرچاوە قووڵەوە دێت، ئاوا خۆشەویستیی مرۆڤ سیحریانە لە خۆشەویستیی خواوە سەرچاوە دەگرێت.”

یەکەم (کیاکەگارد) بۆچوونی وایە، کە خوا خۆشەویستییە، دووەم بۆچوونی وایە، کە خودی ئەو خۆشەویستییەش لە ئەوەوە دێت. لە ئاکامدا، بۆچوونەکەمان نالۆگیکیی نییە، کە پێمان وایە خوا خۆشەویستییە بۆ بوون، چونکە بەبێ بوون خۆشەویستی هیچ شانشینێکی تری نییە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆشەویستی هەبێت، بۆ ئەوەی خوا خۆشەویستی بێت، پێویستە بوون هەبێت. هەر لەبەر ئەوەیشە ئاڕاستەکردنی ئەو هێزە نموونەییە دژ بە سەرچاوەکەی خۆی، کە بوونە، وەک (کیاکەگارد) ئاماژەی پێ دەدات، دوورترین ئەگەری باوەڕە و سەرچاوەکەی گومڕایی و خۆپەرستییە. مادام خوا خۆشەویستییە و ئامانجی خۆشەویستیش کاولکاری و وێرانکاری نییە، بۆچوونەکەی (ئیمانوێڵ کانت) لەبارەی چیرۆکی (ئەبرەهام) و (ئیساک)، هەرچەند ناکۆکە لەگەڵ هیی (کیاکەگارد)، بەڵام دروستە: (ئەبرەهام) دەبووایە زانیبای، کە وەها فەرمانێک ناتوانێت لە لایەن خواوە بێت.

بێگومان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەم خۆشەویستی ئیرۆتیکی و هەمیش باوەڕبوونی توندڕەوانە بە خوا وایکردووە، کە خۆشەویستی لە ناوەڕۆکە ڕەسەنەکەی خۆی داببڕێندرێت. لە ئاکامدا، دۆخێک دروست بێت، کە تێکدەر و گومڕاکەرە. ئەوەی نەتوانێت بەسەر خۆی بەرز ببێتەوە و ژیان بە ڕەهەندە بەرفراوانەکانەوە ببینێت، ئەوەی بەردەوام لە گۆڕی خۆپەرستانە و بەرژەوەندپەرستیدا بژیێت، ئەوەی هێشتا تاریکستانی بیرکردنەوەی ڕۆشن نەکردبێتەوە و بەو هۆیەوە هەستە کوشندە و ڕووخێنەرەکان دەستیان بەسەر ئاسمانی ئەگەرە گەورەکانی بوونیدا گرتبێت، بڕیار نییە هەر لە خۆوە بکەوێتە ناو قووڵایی هێزە باڵاکەی خۆشەویستی. هەر بۆیەشە بڕیار نییە خۆشەویستی شۆڕشێکی لەناکاو بێت بەسەر بیرکردنەوەی ڕووخێنەرانەی بۆ ژیان، لە کاتێکدا خۆشەویستی هاتنی هەستێکی جیاوازتر نییە لەوەی کە هەمانە، بەڵکو فەرمانبەخشینە بە هەستەکان و ئاڕاستەکردنیانە بەرەو ژیانکردنێکی جیاوازتر بە هێزێکی باڵاتر، کە بە خۆشەویستییەوە لەپێناو ژیاندا و بۆ ژیان و بوون و جیهان. ئەو ئاڕاستەکردنە داهێنەرانەیە، چونکە وا دەکات لە دەمە هەرە سەختەکانیشدا، لەو کاتەی بیرکردنەوە لە وشکەساڵیی بێ هەستی ئارامی و ڕۆشنایی پڕ ئازارە، لەو کاتەی تاریکیی دەروون ژیان هەراسان دەکات، خۆشەویستی هێزی بەردەوامیدان و پەتی ڕێنیشاندەرمان دەبێت. ئەگەر ئەو خۆشەویستییە لە بنەڕەتدا بۆ بوون نەبێت، هەمیشە ئەگەری تێکشکانی لەبەردەمە و لە خۆی و لە بوون هەڵدەگەڕێتەوە. لە ئاکامدا، هەر جۆرە ئەزموونێکی خۆشەویستی، ئەگەر وەکو دیارییەک، وەک (هایدیگەر) ئاماژەی پێ داوە، کە لە بوونەوە هاتووە سەیر نەکرێت و ئەگەر هەرە کڕۆکی بوونیشدا نەپارێزرێت، هێزی هەڵگەڕانەوەی لێمان هەیە، چونکە ئێمە لە ئاست نیشتیمانەکەی ئەو و خۆمان، کە بوونە، هەڵگەڕاوینەتەوە. لەژێر سایەی بوونە، کە ئێمە دەتوانین خاوەن خۆشەویستی بین، بوونێک، کە بە تەنیا لە بوونی ئیگۆیانە یان منیەتی کورت ناکرێتەوە، بەڵکو بوونە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لەنێوان بوونەکانی تر، لە جیهان، لە گەردوون، لە یەکانگیری و باڵاییدا.

سەرچاوەکان:

Grau, C., Smuts, A., & Lippitt, J. (n.d.). Kierkegaard on Love. In The Oxford Handbook of Philosophy of Love (p. The Oxford Handbook of Philosophy of Love, Chapter 23). Oxford University Press.

Heidegger, Martin. ‘A Letter on Humanism’. Translated by Frank A. Capuzzi. First Edition, 1949

Kierkegaard, Søren. ‘Fear and Trembling’. Translated by Walter Lowrie, 1941. An HTMLPresentation by Siegfried.  http://www.solargeneral.org/wp-content/uploads/library/fear-and-trembling-johannes-de-silentio.pdf

Kierkegaard, Søren. ‘Works of Love’, Some Christian Reflections in the Form of Discourses. Translated by Howard and Edna Hog. Harper Torchbooks.

McClelland (1996), ‘Romans and Humanists’, ch 9 and 11 (on Machiavelli and Hobbes).

Nietzsche, Friedrich. ‘The Gay Science’. Translated by Josefine Nauckhoff. Edited by Bernard Williams. Cambridge University Press. First Publication 2001.

Popova, M. (2016, May 02). The Remarkable Love Letters of Hannah Arendt and Martin Heidegger. Retrieved from https://www.brainpickings.org/2016/04/25/hannah-arendt-martin-heidegger-love-letters/

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

You might also like More from author

error: Content is protected !!