وێنه‌ی ژماره‌ نۆ

Loading

١

كارۆ حسێن

هەموو لە ژوورەکانی خۆیانن، دایک و باوکم یەک ژووریان هەیە، هەردوو براکەم هەریەکەو ژوورێک و شەنگەی خوشکم یەک ژوور، منیش لە ژورەکەی خۆمم. ئەم ئێوارەیە کەمێک ناساغ بووم، بۆیە دوای نانخواردن دایکم گووتی: کچم من لەبری تۆ قاپەکان دەشۆم، تۆ بڕۆ ژوورەکەت. ویستم پێداگری بکەم و  خۆم کارەکە بکەم، بەڵام دایکم گووتی: کچم من دایکی تۆم، دەی بڕۆ ژوورەکەت. هاتمە ژوورەکەم. زیاتر لە دوو کاتژمێرە ڕاکشاوم، بەڵام هەست بە دڵتەنگی و لاوازی دەکەم.

-بێری… بێری، کچم…

دایکم بانگمدەکات، هەر لە شوێنی خۆمەوە وەڵام دەدەمەوە: بەڵێ دایکە…
-کچم تائێرە وەرە
هەڵدەستم و دەچم بۆ لای دایکم : بەڵێ دایکە…
-کچم بڕۆ شوتیه‌ قاش بكه‌  و ئامادەی بکە، دواتر بەشی هەرکەس بەرە ژوورەکەی خۆی و بە ئەحمەد بڵێ ئەو دواتر قاپەکان کۆبکاتەوە!
– بەسەرچاو دایکە گیان….
دایکم ئەم کارەی پێ سپاردم، دەزانم بۆ قەرەبووی نەشۆردنی قاپەکانە، کە ئەوە کاری منە و هەموو ئێوارانێک دەبێت قاپەکان بشۆم. دایکم زۆر میهرەبانە لەگەڵماندا، پێچەوانەی باوکم، ئەو هەمیشە لێبوردەیە، ئەو کارەکانی ماڵ ڕێکدەخات و کارەکانمان بەسەردا دابەشدەکات. باوکم دوکانی جلی ئافرەتانی هەیە بەهۆی ئەزموونەکەیەوە کڕیارێکی زۆری لەدەوری خۆی کۆ کردۆتەوە و داهاتی خێزانەکەمان زۆر باشە…

لە موبەقم، هەستدەکەم تام هەیە، قاچەکانم دەلەرزن، دوومانگ لەمەوبەر جارێکی تر ئاوابووم.  ئەوکات لەگەڵ ئەحمەدی برا بچوکم ڕێک کەوتم کە لە بەرامبەر بڕێک پارە ئەو کارەکانی منیش بکات، بەڵام سەری مانگ خۆم لێ دزییەوە و پارەکەم پێ نەدا و  لای دایک و باوکم سکاڵای کرد. دەیویست مافەکەی بۆ بگەڕێنمەوە، بەڵام پێداگریم کرد؛ کە هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێمەدا نەبووە، لەبەر ئەوە ئێستا ناتوانم داوای هاوکاری لەو بکەمەوە.

قاپ و سینی و چنگاڵەکان ئامادە دەکەم و شوتییەکەی ناو بەفرگرەکە دەردەکەم، بێ هێز و بێ تاقەت دەستم بەئاستەم چەقۆکە دەگرێت. زانای برام هات ئاو بخواتەوە؛ سوپاس خوایه‌،  ئەو لەگەڵ باوکم لە دوکانەکە کاردەکات، بۆیە تەنها شەو و شەو دێتەوە ماڵ. گووتم؛  زانا گیان ئەم شوتییەم لەگەڵ بشکێنە… دەبە ئاوەکە ناو بەفرگرەکە دەردەکات و هەر لەگەڵ ئەوەدا؛ بێری گیان ببوورە، هاوڕێیەکم لەسەر هێڵی ته‌لفۆنه‌ چاوەڕێم دەکات، پەلەمە شکاندنی شوتییەک شتێکی وانییە خۆت بیکە!

کەمێک دەوەستم و هه‌ستده‌كه‌م  بێ هێز تر بووم،  دەست بۆ چەقۆکە دەبەم، هەڵیدەگرم. چەقۆیەکی گەورەیە هەمیشە ئەوە بەکار دەهێنین بۆ شوتی شکاندن، دەیخەمە سەر شوتییە گەورەکە، دەستم دەلەرزێ، چەقۆکە بەر پەنجەم دەکەوێ، دەستم خوێنی لێ دێت.
نازانم بگریم یان بەردەوام بم لە کارەکەم، خوێنی لێ دەچۆڕێت هەر ئاوا بەم بێتاقەتییەوە لەنێو کەوەنتەرەکەدا دەگەرێم بۆ  پلاستەر، نایبینمەوە دەست دەخەمە بەر ئاوی قاپ شۆرییەکە، فرمێسک لە چاوم دێت، بەڵام نازانم فرمێسکەکانم بۆ برینەکەی دەستمە یان برینەکەی سەر دڵم!

 

-بێری، ئەوە ئەو شووتییە بوو بەچی؟! …باوکم وای گووت
– باوکە دەستم بڕی
-کچم ئاوا نابێت، تۆ یان نەخۆشی یان شوێنێکی خۆت دەبڕی، یان بیانوویەک دەبینیتەوە تا کارەکانت نەکەیت!

-باوکە تۆ بڕۆ ژوورەکەت، کەمێکی تر شووتییەکە ئامادە دەکەم..

باوکم دەچێتەوە ژورەکەی خۆی. هەر بەسەر قاپشۆرییەکەوە دەستم بە پەڕۆیەک دەبەستم،  یەک پا دەکشێمەوە و ڕوو وەردەگێڕم یەک هەنگاوی پەلە دەنێم. بیرم نییە چەقۆکە لەوێیە و دەمەتیژەکەی ڕوو لە بنمیچی موبەقەکەیە، پێی پێدا دەنێم!

هاوار دەکەم. بەرچاوم تاریک دەبێت، هۆشم لە خۆمە، دایکم بەپەلە بەدەم هاوارەکەمەوە دێت، بانگی باوکم دەکات. باوکیشم حاڵم دەبینێت.

 دایکم دەڵێت: بابیبەین بۆ نەخۆشخانە…

باوکم دەڵێت: نا هیچی وانییە…

دایکم تووڕە دەبێت دەڵێت: بابیبەین…

باوکم بێدەنگ دەوەستێت، کەمێک دواتر دایکم دەڵێت: باشە خۆم پارەی پاشەکەوتم هەیە!

دەمبەن بۆ نەخۆشخانە…

 

 

٢

حەزدەکەم پزیشکەکە دەرزی مەرگم لێ بدات، یان لایەنی کەم هێندە دۆخم خراپ بێت تا بەیانی بمخەوێنن، بەڵام پزیشکەکە دەڵێت: بیبەنەوە بۆ ماڵ. برینەکەی هێندە نییە لێرە بهێڵرێتەوە.

دەگەینەوە ماڵ. باوکم دەچێتەوە ژوورەکەی. خوشکەکەم و براکانم بەخێرهاتنەوەم دەکەن و دوای هەواڵ پرسینم، دەچنەوە ژوورەکەی خۆیان.

دایکم دەڵێت: کچم بڕۆ ژوورەکەی خۆت من شوتییەکە دەشکێنم.
-دایکە، دەمەوێت قسە بکەین.
+فەرموو کچم.
-دایکە من بێزاربووم، ئێمە چۆن دەژین!
+بۆ کچم خەڵک ئیرەیی بە خێزانەکەمان دەبات، تۆیش وادەڵێیت.
– خەڵکی ئیرەییمان پێ دەبات، چونکە ئەوان نازانن ئێمە چۆن دەژین…
+کچم تۆ ناساغی بڕۆ ژوورەکەت..
-دایکە ئێمە دەمێکە ناساغین، لەو کاتەوەی ئەم شێوە ژیانەی خێزانەکەمان دیاریکرد!
+کچم!

-کچت، تۆ کچت نییە دایکە، تۆ دوو کچی کارەکەرت هەیە، دوو کوڕ کە ئەوانیش خزمەتکارن، ئاخر دایکە ئەمە چ ماڵێکە ئەگەر لەوپەڕی نەخۆشیشدا بیت پێویستە قاپەکان بشۆی! بۆچی؟ هەر بۆئەوەی لە مانگانەکەت کەم نەکرێتەوە! یەکێک ئەگەر بە ویستی ئیلاهی تانکی سەربانەکە پڕ نەبێت، سەری مانگ لە پارەکەی کەم دەکرێتەوە، یەکێکی تر ئەگەر جلەکان نەشوات با لەو پەڕی ئازاریشدا بێت سەری مانگ حیسابی لەگەڵدا دەکرێت!

+کچم بێ دەنگبە…
-باشە دایکە بێدەنگ دەبم، ئیتر لەم ماڵەدا هەر هێندە کار دەکەم، پێم ڕەوا ببینرێت لە ژوورەکەمدا دانیشم و بخەوم، تا برسێتی و تێنوویەتی ڕۆحم دەردەکات، ئیدی من کار ناکەم، بۆیە شووتی بۆ ژوورەکەی من مەهێنە ! دایکم بانگم دەکات، بەڵام من وەڵام نادەمەوە و دەڕۆم.

دەچمەوە ژورەکەم، فێنککەرەوەکە دەکوژێنمەوە، مۆبایلەکەم لە دیووی دەرەوەی ژوورەکەم دادەنێم ، ئەو جانتایەی پارەم تێدا دادەنا بەو پارەیەوەی کە تێیدایە دەخەمە دەرەوەی ژوورەکەم. ڕووناکییەکان دەکوژێنمەوە، دەرگاکە دادەخەم. دەچمە ژێر بەتانیەکەم.

چەند کاتژمێرێك دەبێت بەو شێوەیە ماومەتەوە. تەواوی جەستەم لە ئارەقەدا نقوم بووە وەک ئەوەی تانکییەک ئاوم پێدا کرابێت، برینەکانم ئازاریان هەیە، هەناسەدانم توند بووە، ئاوا دەمێنمەوە…..

 

 

                                         ٣

دوای چوار کاتژمێر، كاتژمێر دووی شه‌و  شەو ئارەقەیەکی زۆرم کردبووەوە، لەژێر بەتانییەکە دەرچووم، ، هیچ پارچە جلێکم لەبەرنەما بوو، لەژوورەکەم هاتمە دەرەوە، شتێک ناچاری کردم بەم هاتنە دەرەوەیە، نازانم ئەو شتە چییە؟ لەوانەیە برینەکانم بن… لە ڕاڕەوەکەم، ئەو شوێنەی هەر کەس لەهەر ژوورێکەوە بێتەدەرەوە، چ بۆ

وێنه‌ی ژماره‌ حه‌ڤده‌

ئاوخواردنەوە لە موبەقەکە و چ بۆ توالێت یان هەرکارێک لەنێو حەوشی ماڵەکەدا، ئەوا چاوی بە من دەکەوێت.

ئەحمەد دێت بۆ توالێت، کەمێک بەولای مندا دەڕوات، نامبینێت، چونکە چاوی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەیەتی، لەسەرخۆ دەڕوات و دەچێتە توالێتەکەوە. دوای چەند خولەکێک، ئەحمەد لە توالێتەکە دێتە دەرەوە، دووبارە من نابینێت، نا، نا دەبێت من گرفتێکم هەبێت، ئایە زیندووم؟! هەردوو ناولەپی دەستم دەکێشم بەسەر ڕانە ڕووتەکانمدا، بۆ ئەوەی دڵنیاببمەوە کە زیندووم، شەپەی دێت، ئەحمەد بە واق وڕمانەوە سەیرم دەکات. بێری چیبووە شێت بووی؟ ئەحمەد تۆ من دەبینی؟! بەڵێ بۆ ناتبینم؟

لە نێوان بیرکردنەوەکانمدا گیرمابووم. بەڵام ئێستا بڕیارمدا بچمە ژووری میوان، لەوێ دابنیشم، لە نێوان هەموو ژوورەکاندام. ئاو بەچاومەوە ناوەستێ، نازانم بەهۆی کام برینمەوەیە. چەند بانگێک دەکەم؛ ئەحمەد…شەنگە… دایکە…باوکە…زانا پێویستم پێتانە. هیچ وەڵامێک نییە، پەلەتر لە جاری یەکەم دووبارە بانگ دەکەمەوە: باوکە باوکە، ئەحمەد، ئەحمەد، دایە دایە، شەنگە شەنگە، زانا، زانا، وەرن پێویستم پێتانە…

نەک وەڵام، بگرە نە چرپەیەک، نە خشپەیەک هیچ دەنگێک نییە، دەچم بێ لە دەرگادان سەیری ژوورەکەی ئەحمەد دەکەم، ئەو سەلامەتە، ڕووناکییەکانی بەداگیرساوی ماونەتەوە، دانیشتووە و چاوی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەیەتی و هیتڤۆنێک بە هەردوو گوێوەیەتی،  دەگەڕێمەوە دەرگاکە بەکراوەیی جێدەهێڵم.

دەچمە ژوورەکەی شەنگە ئەویش هیتڤۆنێک لە هەردوو گوێیدایە و قاقا پێدەکەنێت. دەمبینێت، بەئاماژەی دەست داوای لێبووردن دەکەم و دەگەڕێمەوە و دەرگاکە دادەخەمەوە!

دەچمە بەردەم ژوورەکەی زانا تەقتەق… تەقتەق… دەرگا دەکەمەوە پشت لەدەرگا دانیشتوە و شاشەیەکی گەورە لە بەرامبەریەتی و هیتفۆنێک لە گوێکانی، دەرگاکە بەکراوەیی جێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە.

 دەچمە بەردەرگای ژوورەکەی دایک و باوکم. لەدەرگا دەدەم. نایکەنەوە، بانگدەکەم، وەڵام نییە، دوودڵم لەوەی خۆم دەرگاکە بکەمەوە. ئەمەیان ژوورێکی جیاوازترە، لەوانەیە دایک و باوکم دەست لەملان بن. هەم ئەوان و هەم خۆشم تەریق ببمەوە.  دەست دەخەمە سەر دەسکی دەرگاکە، هەناسەم سوارە، ئەگەر ڕووی خۆمم لێ دیاربووایە دەمتوانی بڵێم سوور هەڵگەڕاوم، چاو دادەخەم دەرگاکە دەکەمەوە. چاو دەکەمەوە، ئەمجارەیان بەشێوەیەک هەناسەم توند دەبێت لەگەڵیدا دەکۆکم، ئەوان هەردووک ڕووتوقوت، پشت لەدەرگا و ڕوو لەشاشەی تیڤیەکی گەورە، هیتڤۆن لەگوێ، سەیری فیلمە سێکسییەکان دەکەن، دەرگا دادەخەم و دەگەڕێمەوە….

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.