چیرۆکی “تامپۆن”ی کاوس قەفتان

کاوە جەلال

كاوس قه‌فتان
135

چیرۆکەکە

چیرۆکی “تامپۆن” لەبارەی دوو مامۆستای نووسەرە بە ناوی محە و مچە. شوێنی ڕوودانی چیرۆکەکە بریتییە لەو خوێندنگەیە کە هەردووکیان وەک مامۆستا کاری لێ دەکەن.

چیرۆکی “تامپۆن” لە سێ بەش پێکدێت: لە بەشی یەکەمدا مچە و لە بەشی دووەمدا محە دەبینین کە هەر یەکەیان بەتەنیا لە ژووری خۆیدایە. لە بەشی سێیەمدا هەردوو مامۆستا لە دەرەوەی ژوورەکانیان بە بەرچاوی حاجیی فەڕاشەوە پێکدا دەدەن: تامپۆن دەکەن.

لە بەشی یەکەمدا مچە لە ژووری خۆیدا دەبینین، لێ لە دۆخێکی پەرێشاندایە، چونکە لەو ڕۆژەدا کتێبێکی محە بڵاوبۆتەوە، بەو هۆیەشەوە محە کەوتۆتە نێو دۆخی شادمانییەکی بێسنوورەوە. محە لەو کتێبەی خۆی هەروەها دانەیەکی بە دیاری داوە بە مچەی “دۆست و دوژمن”ی، لێ مچە ناتوانێت تەنانەت تەماشایەکی ئەو کتێبە بکات، بە پێچەوانەوە، کیین وەک پەرچەکردار لە ناخیدا هەڵدەچێت! مچە پێشتر ئاواتەخواز بوو کە هەڤاڵە دوژمنەکەی بمرێت و ئەو شادییە نەچێژێت کە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی ناخی دەتەنێت، یان هیچ نەبێت خۆی بمرێت و ئەو ساتە شادمانانەی محە نەبینێت. گەر بە دەستی مچە بووایە، دەستی هەموو نووسەرێکی دەقرتاند تاکو بە تەنیا خۆی وەک نووسەر لە نێوەندی کولووریدا بمایایەتەوە. کاتێک مچە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی سەر لە محە بدات، کتوپڕ بە هۆشسامی لە بەردەرکی ژورەکەیدا دەچەقێت: دوو چۆلەکەی نێر دەبینێت کە لەسەر مێیەک شەڕ دەکەن. لەو لاشەوە حاجی فەڕاش لەسەر کورسییەک لە بەردەم ژوورەکەی محەدا دانیشتووە. هۆشی مچە بە بینینی ئەم شەڕە چۆلەکەیە بە چەشنێک دەوروژێت کە ئیدی لێشاوی هزرین و وێنە بواری نادات: چیرۆکی مام ڕێویی بە هۆشدا دێت کە چۆن شێر بەکوشت دەدات و پاشان خۆی بەدەستی ڕاوچییەک دەکوژرێت. لێ کێ ناڵێت کە ئەو ڕاوچییە خۆیشی بە دەستی ڕاوچییەکی دی ناکوژرێت؟ بۆ نا؟ ئایا مرۆڤ کە هەزار بەردی بە پشتی ئیبلیسدا داوە، لەسەر پێستی ڕێوییەک برای خۆی ناکوژێت؟ بە دیدی مچە تا چەند مرۆڤ پێش بکەوێت، ئەوەندەش خوو و ڕەوشتی دەداتە دواوە. لێ دوای ئەوەی مچە بۆ نێو دۆخی هەنووکەی بێداردەبێتەوە، ئیدی یەکسەر بە جنێودان بەرەو ژوورەکەی محە دەڕوات، ئەوجا کاتێک هەردووکیان لە بەردەم ژوورەکەدا بە یەک دەگەن، یەکسەر پێکدادەدەن.

لە بەشی دووەمدا محە لە ژوورەکەی خۆیدا دەبینین پێش پێکدادانی لەتەک مچەدا. دۆخی ناخەکیی محە جیاوازە: ئەم ئێستا هەست بە برسێتی دەکات، ئەم ئێستا دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی لە خۆی دەپرسێت کە بۆچی و بۆ کێ دەنووسێت؟ ئاخر ئایا نووسین چە سوودێکی هەیە؟ لێ محە ئێستا دەخوازێت ئەو جۆرە پرسیارانە وەلاوە بنێت و بیر لە خواردنێکی بەتام بکاتەوە کە لەش و دەروونی ساتار بکات. کاتێک محە بۆ لای پەنجەرەی ژوورەکەی دەڕوات، ئەویش دوو نێرە چۆلەکەکە دەبینێت کە لەسەر مێیەک شەڕ دەکەن. محە تەواو هۆشسام دەبێت بە زۆرانی دوو چۆلەکەی نێر لەسەر مێیەک. ئەو بە خۆی دەبێژێت، کە مرۆڤ خۆی بە شت دەزانێت، لێ لە بنەڕەتدا دەبێت لە چۆلەکەوە فێرببێت. “مچەی گەوج” باوەڕ دەکات گەورەیی و نەمریی لە زۆریی نووسین و بڵاوکردنەوەی زۆردایە، لێ بە دیدی محە پوختی لە نووسیندا گرنگە، کە دیارە “مچەی گەوج” جارێ نەیزانیوە، یان بیستوویەتی بەبێ ئەوەی لێی تێگەیشتبێت! محە ئەم ئیدێیەی خۆی لا پەسندە و بڕیار دەدات بیخاتە شێوەی پارچەک هۆنراوەوە. ئاخ! ئەم هەموو ئیدی پڕبایەخە بە بیری ئەمدا دێن، کەچی بە داخەوە کاتی نییە بییانخاتە سەر کاغەز! بەم شێوەیە محە لەنێو ئەم دۆخەیدا لەشی دادەهێزرێت و نازانێت چی بکات، ئەوجا دوای ئەوە کە گوڕدەداتە خۆی، ئیدی لە بەردەم دەرگای ژوورەکەیدا لە ئەمیش دەقەومێت.

مچە و محە لە دەرەوەی ژوورەکانیان پێکدادەدەن و حاجیی فەڕاش تاکە شایەتی ئەم “تامپۆن”ەی ئەوانە. حاجی تێناگات بۆچی ئەم دوو هەڤاڵە کەللەیان لە یەکدی دەوەشێنن. لێرەدا ئەوە سەیرە، کە کاتێک خەڵک پێشتر ئاوڕیان لەم فەڕاشە نەدەدایەوە یان بە فیزەوە سڵاوێکیان لێدەکرد، ئەوا لەم ڕۆژە بەدواوە دەوروژێن، تەنانەت خۆیان دێن بۆ لای و جگەرەی بۆ دادەگیسێنن، تاکو وەک شایەتحاڵ ڕوداوەکەیان بۆ بگێڕێتەوە. ئەمیش ئێستا لە ڕەوتی گێڕانەوەی ڕوداوەکەدا هەڵوێست دەنوێنێت و تەنانەت خوێندن بە مایەی سووککردنی ئاوەز دادەنێت.

ئێمە لە کۆتایی چیرۆکی “تامپۆن”دا سەرلەنوێ محە و مچە لە ژوورەکانیاندا دەبینین. محە بە سەری قورسەوە بڕیار دەدات واز لە نووسین بهێنێت، مچەش بە سەری قورسەوە دەیدرکێنێت کە چیدی توانای ئەفراندنی نەماوە.

ڕەخنەی چیرۆکەکە

کاوس قەفتان لە چیرۆکی “تامپۆن”دا بە نموونەی محە و مچە هاڤڕکێی نێومرۆڤییانەمان لەنێو تەنگژەیەکی کۆمەڵایەتیدا پێشان دەدات، کە تێیدا بە دیدی ئەو “چاکەی ڕابوردوو” لەیادچۆتەوە. لەو هاڤرکێیەدا هەڤاڵێتی نەماوە و هەر یەکەیان “بەرزبوونەوە”ی ئەویدیکەیان وەک نەواندنی یان وەک شاردنەوەی خۆی دەبینێت، بۆیە ناخیان بە ئیرەیی تەنراوە. لەم ڕوانگەیەوە محە و مچەی کاوس قەفتان بریتی نین لە ناوی کورتکراوەی ترادیسیۆنی کە زۆر جار لە خۆشەویستییەوە یان لە ئاشنایەتیی نزیکەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵکو بریتین لە محێدین و مستەفای داتەپیو بەسەر محە و مچەدا. ئێستاش کاوس قەفتان بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە حاجیی فەڕاش دەهێنێتە نێوانەوە و وەک “نموونەیەکی چاکەی ڕابوردوو” چالاکی دەکاتەوە. ئەم حاجییە لە سەردەمدا لەیادچۆتەوە، بەڵی مرۆ هیچ گرنگییەکی پێنادات، لێ دوای ئەوە کە کامڵەکانی سەردەم بەرەدەوام شەڕاگێزتر دەبن، ئیدی ئەم “نموونە چاکە” دێتەوە یادی خەڵک. بێگومان ئەمیش بۆ کاوس قەفتان هێندە کامڵ نییە، چونکە ئەمیش خۆی لا مەبەستە و شانازی بە دنیادیدەیی خۆیەوە دەکات، لێ هەر چۆنێک بێت بۆ کاوس قەفتان باشترە لە محە و مچەکان، چونکە لانی کەم خاوەنی ڕەوشتی نەریتیی و ئەزموونە، هەروەها شایەتی شەڕە قۆچی ئاژەڵانە و دەزانێت کە قۆچوەشاندنی ئاژەڵان لە یەکدی هێندەی تامپۆنە نێومرۆڤییەکان بەزەبر نییە. واتا کاوس قەفتان بەرانبەر ئەم تەنگژە کۆمەڵایەتییە پەرچە-کردار (ڕێ-ئەکسیۆن) دەنوێنێت، لێرەشدا بەرەو پاش بۆ لای پیرەکان “دەگەڕێتەوە”، کەواتە پاشڤەرووە (رەجعییە). ئەو ناتوانێت ئازادێک و ژیانێکی زارۆک ببینێت کە لەنێو گۆڕەپانی خوێندنگەکەیانەوە لچ لە مامۆستا شەڕانگێزەکانیان هەڵدەقورتێنن. بەڵێ، کاوس قەفتان لەنێو دیدی وەرچەرخاویدا ڕووەو ڕابوردوو چیدی نابینێت کە جیهانی مامەوڕەحمان و شەمسە خانم بۆگەنی کردووە، هەروەها خودی ئەو جیهانە فاکتەرێکی کرۆکییە لە داتەپینی محێدین و مستەفاکانی کوڕیاندا و بوونیان بە محە و مچە – بە بیچمی تلیساوە. مرۆڤ دواى “گرتن” يان “سەندن”ى پێگەیەک دەیەوێت پێگەکەی بچێژێت و وەک سەرکەوتنێکی شایانی ئاهەنگ و شایی پێشانی هەمووانی بدات، لەم ڕەوتەشدا ڕەمەکە مرۆڤییەکانی کە لە ژیانی ئاسایی پێش دەرکەوتنیدا چەپێنرابوون، دەتەقنەوە و وا پێشبینی دەکات، کە سەرکەوتنی کولتووری یان کۆمەڵایەتی دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنن حەزەکانی بە کەیفی خۆی ساتار بکات.

کورتە چیرۆکی “تامپۆن” لە سێ بەش پێکهاتووە و بەشەکان بە ناچاری لەو پرسیارەوە هاتۆنەتە ئاراوە کە کاوس قەفتانی بۆ نووسینی چیرۆکەکە بزواندووە: چیرۆکەکە لە میانەی ناکۆکییە نێومرۆڤییەکاندا پێشانی دەدات کە چۆن ناخی مرۆڤەکان بە ئیرەیی تەنراوە، لێرەشدا نووسەر شەڕی مرۆڤەکان بۆ سەندنی ناساندنی دەرەکی دەهێنێتە نێوەندی چیرۆکەکەوە. بۆیە نووسەر محە و مچە لە پشت هەبوونی کۆمەڵایەتییانەوە دادەنێت، تاکو ناخی کییناوییان دەربخات. ئەمە نووسەری ناچارکردووە چیرۆکەکەی داببەشێنێت و هەر یەکەی دوو فیگورەکە بخاتە شوێنێکی داخراوەوە، ئەوجا لە بەشێکی سێیەمدا کینی تەقیەوەیان لە دەرەوە دابڕێژێت. سەرەڕای ئەوە کورتە چیرۆکی “تامپۆن” سادەیە، واتا جوان نییە. گەرچی نووسەر کێشەیەکی ئالۆزی نێومرۆڤییانەی وەک کەرەسەی چیرۆک وەرگرتووە کە ئیرەییە لەنێو هەڤاڵاندا، لێ ئەو هەتا ڕادەیەکی زۆر چیرۆکەکەی بە دیاریکردنێکی کورت و ساکاری محە و مچە داڕشتووە بەبێ ئەوەی ناخ بهەژێنێت یان خوێنەر لەنێو خۆیدا بزر بکات. جگە لەوە کەرەسەی “تامپۆن” بابەتی چیرۆک نییە، جا نەخوازە کورتە چیرۆک، بەڵکو پتر بۆ دراما دەگونجێت: جێیەکی سێبەشێنراو کە تییدا سێ کارەکتەر چالاکن.

واتای هەنووکەیی چیرۆکەکە

خوێندنەوەى رەخنەیى “تامپۆن” لە ئەمڕۆدا پێش هەموو شتێک مرۆڤى ناخ وروژاوی کوردمان (کوردى ئێراقمان) پێشان دەدات کە خزاوەتە نێو هەڵپەوە بەتایبەتی بۆ ساتارکردنى ڕەمەکە بیۆلۆژى و حەزە رواڵەتییەکانی. لێ ئەم ڕەوشە ستەمتر دەبێت گەر هاتوو کەسانێک بگرێتەوە کە “بە حساب” لە بوارە جیاکانى کایەى هۆشەکیدا کاردەکەن – واتا ئەوە کە نەفامانە ناودەنرێت کایەى رۆشنبیرى، هەر وەک کوردەکان خۆیان لە سەردەمى بزاوتێکی ڕۆشناییداندا ببیننەوە! بێگومان جیاوازیی ئەم “بە حساب نووسەرانە” لە عەوام ئەوەیە، کە ئەمان پێش هەموو شتێک بۆ سەندنى پرێستیژی (هەیمەنەی) کۆمەڵایەتی و سامان وروژاون، لێرەشدا بەتایبەتی لەوە دەترسن کە بە دەرکەوتنی کاری جیاواز و باشتر بشاردرێنەوە یان تەنانەت واتایان نەمێنێت. بۆیە بنووسانى (نەک نووسەرانى) ناخپەژارە کە نزیکەی تەنیا دەنگى سێنسەکانى (حەواسەکانی) خۆیان دەبیستن، تەنیا لەنێو تەراتێندا هەبوونى خۆیانیان پێ مسۆگەر دەکرێت، لێرەشدا هەمیشە پتر بەرەو پێش هەڵدێن، چونکە وەستان و بوێری بۆ ئاوەڕدانەوە لە خۆ وەک مایەى شکست دەبینن، لەم ڕەوتەشدا نەشیاو نییە کە لە لای ئەم یان ئەو مەسئولی چەکل و گەندەڵ و مرۆڤکوژ بگیرسێنەوە. ئاخر ئەوان نازانن کە لەخۆڕوانین مایەى خۆناسینە، ئەوەش دلێرییە نەک شکست. نەخێر، ئەوان بە پەلەپروزێ دەست بۆ هەر نووسراوێک دەبەن کە لە “ئەولاى مەزن”، لە خۆرئاوا، بەرهەمهێنراوە و ئارەبەکان یان فارسەکان لە ئەقڵیەتی خۆیانەوە بە زمانەکەیان داویانەتەوە. ئەمانە ئەو محێدین و مستەفایانەن کە ڕێزیان بۆ خۆیان نەماوە، بۆیە تەپیون و بوون بە محە و مچە کە هەمیشە خۆیان مەڵاس داوە و هەبوونى بێزەمینە و سڵەمیوەى خۆیان هاوشێوەی مافیاى سیاسی دابین دەکەن. ئەوان هێشتا لەنێو ئەشکەوتەکەى پلاتۆندان (ئیفلاتۆندان) و بە چەقەچەق سێبەر دەکەن بە داکەوت (واقع). لێ بە چە دەنگێکى بڵند ئەوە دەکەن؟ ئەوجا کێ ساغی بکاتەوە کە دیاریکراوەکانی ئەوان سێبەرن نەک داکەوت، ئەوا جەنگ لەدژی ڕادەگەیەنن و ژیانی دەخەنە مەترسییەوە. ئەوان وەک دیلی ڕاڤەکاری سێبەرەکان هەرگیز نەیانزانیوە کە ئافراندن لە ئازادییەوە هەڵدەقوڵێت، هەروەها ئافرێنەرى ئازاد تایبەتمەندیى هەیە و خاوەنی هەڵوێستە، بەڵێ ئافرێنەری ئازاد شاگەشکە دەبێت گەر ئافراندنى کەسێکی ئازادى دیکە ببینێت، چونکە دەزانێت ئیجتیهادێکى جیاوازە لەوەی خۆى و دەشێت تەنانەت هزرى خۆى دەوڵەمەند بکات.

ئەمڕۆ محە و مچەکان لە سەرجەم بوارەکانی سیاسەت و زانکۆ، ئەدەب و هونەر و هزر، تەلارسازی و بەڵێندەرایەتی و میدیادا دەبینرێن، لێرەشدا ئەوان نەک تەنیا کاران، بەڵکو تەنانەت پێگەی دیاریان گرتووە. لێ لەبەر ئەوەی محە و مچەکان نووسەرێتی و هونەرمەندێتی، یان چەقەچەقی هزر، وەک مایەی دەرکەوتن و هیچاندنی (نێگاسیۆنی) نادیارییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان دەبینن نەک وەک ڕیالیزەکردنی (تەحقیقکردنی) خۆیەتی، ئەوا زۆر ئاسان دەشێت تاوانیان لێبووەشێتەوە، واتا ببن بە دزی وێنە و چیرۆکی ئەدەبی، یان تەنانەت نووسینی کەسانی دی بفەوتێنن (١). لەم ڕوانگەیەوە محە و مچەکان نەک تەنیا لە مۆرال ڕووت بوونەتەوە، بەڵکو ئامادەن بۆ خاتری مەرامی سەرەکییان کە مانەوەی تەواوەتیی خۆیانە لە مەیداندا، هەموو کەسێک بە کوشت بدەن و هاوکات وەک ڕێویی نەفرەت لە مەسئولە گەندەڵەکان بکەن کە بە دیوێکی دیکەدا هەمان کرۆکی خۆیانیان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە سکاڵاکردن یان ڕەخنەگرتن لە مەسئولەکان و گەندەڵی، بۆ زۆرینەی دەنگزلەکانی بواری کولتوور هیچی دیکە نین جگە لە هەوڵی خشکەیی بۆ پەردەپۆشکرنی خۆیەتییان وەک محە و مچە. کەواتە جەبانن، واتا خۆیان لە پشتی پەچەی نوێگەریی و خەمخۆری و هەڵوێستەوە مەڵاس داوە و هەردەم چاوەڕێی هەلن. لێ لەبەر ئەوەی محە و مچەکان جەبانن، ئەوا زۆر جار – هاوشێوەی جرج – بە تاقم کارا دەبن و بە دەربڕینی بێواتا کە خۆیشیان لێیان تێناگەن (ئاخر تێگەیشتنیان نییە و بۆیە خاوەنی تێگە نین)، گەڕەلاوژێیەک دەهێننە گۆڕێ کە کەس سەری لە هیچ دەرناچێت. ئەوان هێشتا ئەلفوبێی فەلسەفەیان نەخوێندۆتەوە، کەچی لەوسیان لە فەیلەسوفانی بەواتای خۆرئاوا وەردەدەن! ئەوان لەنێو بەرهەمهێنانەوەی نەریتیدا نقوم بوون و تەنیا کار بە ئینفۆرماسیۆنی (مەعلوماتی) کۆکراوە دەکەن، واتا ڕێگەبڕینی (مێتۆدی) هزری ناناسان، کەچی لە مێتۆدی خۆیی دەدوێن! ئەوان بە نامۆبوویی لەنێو رواڵەتدا سەرچۆپییان گرتووە، کەچی خۆیان وەک پیادەکەری جۆرێکی بوون دەردەخەن!

بۆیە هیچ جێی سووڕمان نییە کە ئەمڕۆ قەومگەلە ئێتنیکی کوردییەکەی ئێراق تەنانەت لە شێوە ئەدەبییە سەرەکییەکەی خۆیان نامۆ بوون کە هۆزانە(شیعرە)! ئاخر ئەو داماوانە لەبیریانچۆتەوە هۆزان چییە و مامۆستایانی زمانناسیشیان (!) نەیانتوانیوە فێریان بکەن کە داخۆ هۆزان چییە، بۆیە کاتێک هۆزانێک دەخوێننەوە، ئەوا موزیکی ناخەکیی هۆزانەکە ناکەن بە دەنگ، بەڵکو بە دەنگ ئاوازێکی سۆزمەندی دەدەنە پاڵ! واتا دەیکەن بە شێوەیەکی ستران!

———

(١) بەڕێزێک کە لە هەشتاکاندا پەیوەندیی هەڤاڵێتیم لەتەکیدا هەبوو، جارێک بۆی گێڕامەوە: ئەو ڕۆمانێکی پڕواتای ئەڵمانی بۆ کوردی وەردەگێڕێت (پێویست بە ناوهێنانی ناکات، ئاماژەکە بەسە!). ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە دوو ساڵ دەخایەنێت! ئەوجا بۆ پێداچوونەوەی زمانەوانی دەیدات بە کەسێک کە گۆیا شارەزای زمانە. لێ ئەوی وەرگێڕ سەخت تێدەکەوێت، چونکە دەردەکەوێت کە کەسی بەناو شارەزای زمان یەکێکە لە محە و مچەکان: بەرهەمەی لەناودەبات. وەرگێڕ ڕۆژێک لەبارەی پێداچوونەوەی کارەکەی پرسیار لەو بەناو شارەزایەی زمان دەکات، لێ ئەو وەڵامی دەداتەوە: “نازانم چیی لێهاتووە”. دوای ئەوە جارێکی دی سەر دەکرێتە سەری و لەبارەی وەرگێڕانەکە پرسیاری لێدەکرێتەوە، ئەو بە حەیا داماڵراوی وەڵام دەداتەوە: “ئەی بۆم نەهێنایتەوە؟”. بەم شێوەیە شاکارێکی مەزنی ئەڵمانی، کە تا ئەمڕۆ بۆ پتر لە پەنجا زمان وەرگێڕراوە و هیچ ڕۆمانێکی ئەڵمانیش تا ئەمڕۆ هێندەی ئەو زۆرفرۆش نەبووە، لە لایەن محەیەک یان مچەیەک ڕێی لێ دەگیرێت بە کوردیش بخوێنرێتەوە.

سەرچاوە

کاوس قەفتان: پێنج تابلۆی شێواو. بەغداد 1985.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.