لە تاریکاییەکەدا زۆر شت دەگوزەرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینم تەنها پەپوولە ئاگرینەکانی شەوانن. لەسەرخۆ بەناویاندا دەڕۆم، دەستیان بۆ بڵند دەکەم، هەندێکیان بە پرچمەوە و هەندێکیان لەسەر پەنجەکانم دەنیشنەوە. بەریەککەوتنی قامکم و پێی پەپوولەکان ختوورەیەک دەخەنە دڵمەوە، خۆمیان لێ هەڵە دەکەم و بە جوانیی ئەو پریشک و بریسکانەوە خۆم خەریکدەکەم کە وەک مشتێک وردە یاقوت بەسەر سەرمدا ڕژاون. تاریکاییەکە ک‌ش و ماتە، وەک ئەوەی هیچ شتێک لەوێ ڕوونەدات، بە نیگای تێڕاماو و تەڕەوە لە ڕوواڵەت و بریقەی باڵدارە پڕ ئەفسوونەکان دەڕوانم، یادەوەری لە دڵمدا گڕ دەگرێت، بە ناو هەناوی ڕۆشنی پەپوولەکاندا، دەگەمەوە دونیای منداڵی؛ لەگەڵ ئادەم و ئالاندا، بۆ هەڵمەتی کوشتنی مێرووە زیانبەخشەکان دەچینە دارستانەکە. لە پڕێکدا بەهەڵەداوان دەڵێم؛ هاوڕێیان دەبێت زۆر وریابین، نابێت بە هیچ جۆرێک پەپوولە بکوژین، تەنانەت نابێت داشیانچڵەکێنین. ئالان دەپرسێت؛ بۆچی؟ لەبەرئەوەی زیانبەخش نین؟ دەڵێم؛ لەبەر ئەوە و لەبەرئەوەی داپیرەش دەیگووت؛ پەپوولەکان ڕۆحی مردووەکانمانن!
دەڕۆم و بەتەنها دووردەکەومەوە، چەندین چۆڵەوانی و ئاوادانی ڕەتدەکەم و بۆم گرنگ نییە چرکەیەک بحەوێمەوە. شتێک کێشم دەکات لە کێشی ڕاکێشانی سێگۆشەی بەرمۆدا بەهێزترە. کەلێنێک لە ڕۆحمدایە، یەکبینە تەشەنە دەکات و مەترسییەکەی لە هه‌ناومدا لە مەترسی کونی ئۆزۆن بۆ سەر زەوی، سامناکترە. تکایە بێدەنگی ڕاگرن، هەنووکە گوێم لە هاتوهاواری شەڕە، لە ناو نەڕە و پیاکێشاندا، دەنگی نەوجەوانێکی تەرەبوو دەناسمەوە. دەنگێکی نێر بەڵام لێوان‌لێو لە میهری دایکایەتی. دەنگێکی کز بەڵام پڕ دلێریی باوکایەتی. گوێڕادێرن ئەوە ئادەمە، بە پەرۆشەوە ئالانی لەبەردەم خۆیدا داناوە و بەدەم گفتوگۆوە برینەکەی تەوێڵی بۆ تیمار دەکات. برینێک کە ڕیشەی لە بێڕیشەییدا داکوتاوە و چەخماخەی ئازاری لە جەرگی سەرگەردانییەوە هەڵدەستێت.
+ من قوربانی سەرتبم، با بڵێن سەرڕەش، با بڵێن بێ‌ماڵ، بۆ خۆیان وت، تۆ نابێت ئاوها نیگەران بیت، نەدەبوو لەگەڵیان بە شەڕ بێیت.
ــ من كێم، بۆ لێرەم، ماڵم لەکوێیە ئادەم؟
+ تۆ کوڕی وڵاتی خۆریت، تۆ برا شیرینەکەی منیت، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتوویت و ڕۆژئاوا بووەتە ماڵت، گوێمەدە دەمارگیران ئالان، ئێمە کە پەڕەوازە بووین، ڕۆژئاوا باوەشی بۆ کردینەوە، لە وەرزی كڕێوه و تۆفاندا لە سکەندەناڤیا گەرمبووینەوە.
ــ من هێشتا سەرمامە ئادەم، من هێشتا هەڵدەلەرزم.
وەک هەمیشە، لە دونیا تایبەتەکەی خۆمدا، لە گەرمەی هەڵبەزودابەزدام. به ماهیه‌تی ئه‌و خه‌ونه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئاده‌م و ئالان ده‌مانبینی و ده‌مانوت؛ كه گه‌وره‌بووین ده‌بینه شانۆكار و جیهان له داستانی خۆمان خه‌به‌ردار ده‌كه‌ین، ده‌بینه له‌یبووكی ستاند ئه‌ب كۆمیدی و قه‌شمه‌ری به سیسته‌م و سنوور و یاسا ده‌كه‌ین… ژوورەکەم لێدەبێتە سته‌یجێكی چوار مەتری و جێ بە خۆم ناگرم، چەپڵە بۆ هاوڕێکانم لێدەدەم و دەڵێم ئافەرین، ئێمە چیرۆکی خۆمان لێرەوە دەگێڕینەوە، نیشتیمانە ونبووەکەمان ئاوها دەدۆزینەوە. دەی با کات بگەڕێنینەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە من ئێوەم تێدا بینی. شۆستە و شەقام و بینای کەمپەکە لێرەدا چێکەن. زەوییەکە بە شوێنپێی دێوانە و دیوارەکان بە جێدەستی مەراق چڵکن بکەن. بە ئەندێشەی قووڵتانەوە بنۆڕنە ئەو خێزانە شەکەت و لێکدابڕاوانەی بۆ گەیشتنە قەڵای ئاشتی و لانکی هێمنی، بەناو ئاو و ئاگردا هاتوون و سنوورەکانیان بڕیووە، لەو گەنجە تەنها و بێچارانە ڕابمێنن، مەرگیان پێش ژیانیان خستووە و ڕێی هاتونەهاتیان گرتووە. تکایە لەگەڵ گریانی خۆتان و زریکەی منداڵەکانی دی پشوودرێژبن، هەرچۆنبێت، بوونی ئێمە لێرە و یەکترناسینمان لە ساتێکی وادا، بەختە لەناو بەدبەختیدا.
هاوڕێ دڵخوازه‌كه‌م کە بە ناخ منداڵترینمانه و بە پێناس تەنها ساڵێک لە ئێمه بەتەمەنترە، لەوەتەی دەیناسم و بینیومە، لە ڕۆڵی گەورەیەکی بە ئەزموون و لێپرسراودایە، ئەگەرچی گەورەبوون بۆ ئەو، هەرگیز هەڵبژاردنێک نەبووە، بەڵکە داوایەک بووە لێیکراوە، داوایەک نەک هەر منداڵیی لێسەندووەتەوە، بگرە بۆتاهەتا ئەرک و بەرپرسیارییەتی پێسپاردووە. سەروەختی کەمپەکە، ئەو حەوت ساڵان و من و ئالانی برای شەش ساڵان دەبووین. لە شارانی جیاوازەوە هاتبووین و کارەسات و دژواری زۆرمان بینیبوو. دروست وردەکاریی هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەم بیر نییە بەڵام دەتوانم بڵێم هەستمان بە هەموو شت دەکرد و زۆرتر لەوە تێدەگەشتین کە دەشیا تێبگەین. كه‌چی ئێستا، دوانزە ساڵ بەسەر شەش ساڵیمدا تێپەڕیووە و لە هیچی ئه‌وتۆ تێناگەم، ئەوەی هەستیشی پێدەکەم، بۆ هەر کەسێکی باس دەکەم گاڵته‌ی لێدێت. هەمووان دۆخی من بە پەشێوی دەروونی و خولیای ئەفراندن و خەیاڵکارییەوە دەبەستنەوە، بەڵام خۆم یەقینم هەیە ئەوەی کە دەیبینم و دەیبیستم و درکیپێدەکەم، ڕوئیایه، ڕاستییە.
+ ئاسیا
ــ ئادەم
+ هەمیشە لە خەونمدا ڕادەکەم، ڕادەکەم بۆ ئەوەی بە شەمەنده‌فەرێک ڕابگەم کە دەنگی لە دوورەوە دێت…
ــ هەموو جارێکیش دەپەشۆکێیت و شمەکێکی گرنگت لەبیر دەچێت.
+ چۆن دەزانیت؟
ــ چەندین جار ئەمەت بۆ گێڕاومەتەوە.
+ من لە دونیادا بۆ ئالان دەژیم و خۆمم تەواو لەبیرکردووە، بەڵام وەک شتێک هەستدەکەم لەبەر خۆمە تۆم وننەکردووە، تەنها تۆ دەمگەیەنیتەوە ڕۆحم و نزیکمدەکەیتەوە لەو منەی کە وێڵمکردووە، تەنها تۆ ئاسیا، تۆ دەمگەیەنیتەوە کوچەکانی نیشتیمان و دوورمدەخەیتەوە لەو دڵەڕاوکێیەی بێماڵیم دروستیکردووە …
هێشتا قسەکانی تەواو نەکردبوو، شادیی لە چاوەکانمدا وەک خۆر داگیرسا، دڵم کەوته تەپە تەپ و سکم پڕ بوو لە پەپوولە. ئاخر ئەوە یەکەم جار بوو شتێک لەسەر خۆم و خۆی بڵێت، یەکەم جار بوو ڕێگام بدات گوێم لە ئاوازی دڵی بێت. هەر وەک ئەوەی یەکەم جار بوو، بیرۆکەی فڕینی پەپوولە، مزگێنی ئه‌ڤینم پێ‌بدا و دڵم نەخاتە ختوورە.
بروسكه‌یه‌ك له ئاسمانه‌وه، خۆی ده‌دات له په‌نجه‌ره‌كه‌م و ژووره‌كه‌م ڕۆشن ده‌كاته‌وه، ڕووناكاییه‌كه له‌و چه‌ند چركه‌یه‌دا، ئه‌وه‌م لێ ونده‌كات كه ئه‌و ده‌م له‌تاریكاییه‌كه‌دا ڕوویده‌دا. به دووباره تاریكبوونه‌وه‌ی چوارده‌ورم، ده‌بینم ژووره‌كه‌م سه‌رئاو ده‌كه‌وێت، ده‌بینم ژووره‌كه‌م چوون به‌له‌مێكی كونی بێ چارۆكه، له ده‌ریایه‌كی شێت و گلاراودا به ته‌واوی سه‌رنشینه‌كانییه‌وه، خه‌ریكه نوقم ده‌بێت. ئه‌وه‌ی چاوم له‌سه‌رییه‌تی دایكێكه دوو منداڵی تووند به خۆیه‌وه نووساندووه له هاوته‌مه‌ن ده‌چن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ترازان و نوقومبوونی ژنه‌كه‌دا، هاوارێك بۆ تاهه‌تا له گوێی ئاده‌مدا ده‌زرنگێته‌وه كه ده‌ڵێت؛ كوڕم، خۆت بگره و ئاگات له برا بچكۆله‌كه‌ت بێت، ئاگات له برا بچكۆله‌كه‌ت بێت …
گوایه ئازار کە هەڵدەکات ناپرسێت خەڵکی کوێیت، به‌س من پێموایە ئازار دەروونی دەربەدەرەکان بە لەبارترین زەوی دەزانێت كه دەواری خۆی تێیانداهەڵبدات. لەوەتەی بیرمە له كۆڕه‌و و له سه‌فه‌رداین، له‌وه‌ته‌ی بیرمه ماڵ بار دەکەین، لەم وڵات بۆ ئەو وڵات، لەم شار بۆ ئەو شار و لەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک. هەر شوێنێک جێدەهێڵین، بەشێک لە منی لێجێدەمێنێت و هەرچیم دەمێنێتەوە بەدوای خۆمدا کێشی دەکەم تا لە شوێنێکی دی بەشێکی تری بەجێدەهێڵم. ئەمە ئێجگار ئازارمدەدات، به‌ڵام دڵنەوایی خۆم بەوە دەدەمەوە کە دەشێت لە دەڤەرە تازەکەمان هاوڕێکانم بدۆزمەوە! چیتان بۆ باس بكه‌م، له‌و شار و وڵاتانه‌ی نیشته‌جێیان ده‌بین، زۆرجار گوێبیستی وته‌یه‌كی جوان ده‌بین، كه له هه‌ندێك شوێن پێشوازیت لێ ده‌كه‌ن و خزمه‌تت پێشكه‌شده‌كه‌ن، به میهره‌بانی سه‌یرت ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن (تكایه هه‌ست بكه له ماڵه‌وه‌یت)، وه‌ختێك یه‌كه‌م جار ئه‌مه‌م پێوترا، زۆر كه‌سیی و جدی وه‌رمگرت، به‌دڵخۆشیییه‌كی زۆره‌وه، ته‌واوی هه‌فته‌یه‌ك بیرملێده‌كرده‌وه و خه‌ریكبووم ئه‌و سۆز و به‌رپرسیارییه‌تییه‌م له ناخمدا سه‌وز ده‌كرد كه بۆ ماڵ هه‌مانه و ماڵ پێمان ده‌به‌خشێت. به‌ڵام ئه‌فسووس پاشان تێگه‌یشتم، به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌ربڕینه، ته‌نها یارییه‌كی زمانه‌وانییه به كاریگه‌ریی چه‌ند خوله‌كێك. له‌وه‌ش سه‌ختتر پێگه‌شتنی هه‌قیقه‌تی ئه‌و هه‌سته‌یه كه ئێمه لێره بێگانه‌ین و شتێك نییه لێره ناوی ماڵی ئێمه بێت. وه‌ك چۆن سه‌ختترینیش ئه‌وه‌یه كه ئێمه نیشتیمانی خۆمان به ماڵ پێ ڕه‌وا نه‌بینراوه، ئێمه له زێدی خۆماندا نسیبی ماڵێكمان نه‌بووه.
ئاسمان له ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌م سایه‌قه‌یه و ژووره‌كه‌م نیمچه ڕووناكه، دۆخه‌كه نه ئه‌وه‌یه جارانی تیا به‌رجه‌سته بكه‌مه‌وه، نه ئه‌وه‌شه ته‌ماسی له‌گه‌ڵ داهاتوودا تیا ببه‌ستم. ده‌ڵێن ژیانكردن له ئێستادا باشترینه، به‌ڵام من ئێستام هێند تاقه‌تپڕووكێنه، گه‌ر وه‌كوو حه‌بی شه‌قیقه و شێتی قووتی نه‌ده‌م، گڕده‌گرم و تا بوونم به خۆڵه‌مێش و غوبار ناكوژێمه‌وه. بیری هاوڕێكانم ده‌كه‌م، بیر له بێحاڵیی خۆم ده‌كه‌مه‌وه، بیرمه ئه‌و ڕۆژه‌ی گریانی من به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسراوه‌كان قایل ببن به‌وه‌ی ئاده‌م و ئالان وه‌ك منداڵی خۆمان هه‌ڵبگرینه‌وه، هیوامخواست منیش وه‌ك ئه‌وان بێكه‌س بوومایه، تا قه‌ت لێیان دوور نه‌خرامایه‌ته‌وه. دڵی دونیا بێئه‌ندازه ڕه‌قه، ئه‌و كات، دره‌نگانی شه‌وه‌كه‌ی، له كه‌مپه‌كه، من به ده‌م هه‌نسكه‌وه خه‌و بردمییه‌وه و كاتێك به‌خه‌به‌رهاتم، هاوڕێكانمیان بردبوو، ئیدی قه‌ت نه‌مبینینه‌وه. وای چ هه‌نسكێك قووڕگمی گرتووه، وای چ خه‌وێك له چاومدایه …
+ ئاسیا
ــ ئاده‌م
+ چه‌ند باشه تۆ هه‌یت، چه‌ند باشه لێره‌یت.
ــ چه‌ند باشه قسه‌م بۆ ده‌كه‌یت، چه‌ند باش ده‌بوو بتتوانیایه ده‌ستم لێبده‌یت.
+ هه‌میسان ده‌نگی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه، له دووره‌وه دێت، هه‌میسان ڕاده‌كه‌م و پێناگه‌م و شمه‌كێكی گرنگم له‌بیرده‌چێت.
ــ …
+ ڕابه، ڕابه میوانت دێت.