تابلۆ ؛ مردن و ڕه‌زیله‌كه‌ - ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شازده‌ - نیگاركێش ژان پرۆڤۆست - زه‌یت له‌سه‌ر ته‌خته‌. Jan Provoost، Death and the Miser-first half of 16th century-oil on oak panel

شه‌كیب شه‌قشه‌قه‌


Loading

شەکیب شەقشەقە، فەرمانبەرێکی بەوەجی حوکوومەت بوو، ملەستوورێکی کەتەی سەر چوارقولینچکی کەپوو بەرانانیی گوێ دەفی لچەستووری سمێڵ و ئەبرۆ بۆیاغکەرەوە بوو. برادەرەکانی بە شەکۆ شەقشەقە بانگیان دەکرد، چونکە لەماڵەوە لەگەڵ کچەزاکانی ھەر خەریکی شەقشەقانێ بوو. شەکۆ سێ کچی ھەبوو و ھەرسێکی بەشوو دابوو، خۆی و مامزی ژنی لە ماڵەوە مابوونەوە. شەکۆ لە حوکوومەت دەسڕۆییو بوو، نێوانی لەگەڵ گەورە بەرپرسان مشە بوو، بەشەو بەردەوام پێیەکی لای وەزیرێک یان بەرپرسێکی گەورەی حیزب بوو، سبەینانیش لە دەوام بوو و ھێوارانیش دەچووە بارەگای حیزب و لەوێ سەری مەجلیسی چەقەچەقە سییاسییەکانی دەگرت و دەمودووێکی ھەبوو تڕەتڕی بە ھەمووان دەخست.

شەکۆ ھەفتەیەکی مابوو خانەنشین بێت، چونکە دوای ئەو ھەفتەیە تەمەنی لە شەست و سێ دەپەڕییەوە و بەپێی بڕیاری پەرلەمانیش ھەر دەبووا تەقاویت بێت، پرسی تەقاویتییەکەی ھەراسانی کردبوو و شەوانە خەوی نەدەچووە چاوی. شەکۆ شەقشەقە لەگەڵ ئەوەی خاوەن نۆ باڵەخانەی گەورە بوو لەناو شەستمەتریی ھەولێر و مانگانە داھاتی چەندین ڕیزە دوکانیشی بۆ دەھاتە ماڵەوە لە شاری خەونەکان، بەڵام ئەوەندە دەسقوچاو و پیسکە و چڕدۆ و ڕەزیل و چاوچنۆک بوو، گەر ڕۆژێک سووکە مەسرەفێکی ھەبا، بۆ شەوەکەی بە داڵغەی ھەندێ، خەمی دونیای دەھاتە کۆڵ.    ماوه‌یه‌ك بوو دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی ئاو، گێچی ئاوپێویان له‌ ماڵان به‌ستبوو، نێوانی له‌گه‌ڵ مامز هه‌ر قڕه‌وبڕه‌ بوو، چونكه‌ شه‌كۆ دوای به‌ستنی ئاوپێوه‌كه‌، داوای له‌ مامز كرد چیتر ڕۆژانه‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌ نه‌شوات، به‌ڵكوو بیكاته‌ هه‌فته‌ی جارێك، چونكه‌ ئیتر وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆت ئاو سه‌رف بكه‌یت، چونكه‌ ئاوپێوه‌كه‌ پاره‌ی زۆریان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات.

 

 شەکۆ لەجیاتیی ئیسراحەت و ئازادبوونی له‌ ده‌وام و دائیره‌ و كه‌وتنه‌ ژیانێکی ئاساییی ئادەمییانە، خەفەتی تەقاویت بوونەکەی، دنیای لێ کردبووە چەرمی کێشکە. چاوی بە ھیچ تێر نەدەبوو. ئەو گوێی لێ نەبوو ڕۆژانە دەبووا بە تڕومبێل نزیکەی سەعاتە ڕێیەک لە ماڵەوەڕا ببڕێت تا دەگاتە فەرمانگەکەی كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كه‌ڵه‌ك بوو، بیری لەوە دەکردەوە ساڵێكیتریش خزمەتەکەی نوێ بکاتەوە، کە ئەمەش لەدەست سەرەک وەزیرانە.

سەری ھەفتە شەکۆ مەوعیدێکی لە نووسینگەی سەرەک وەزیرانی وەرگرت و لە دیدارەکەی لەگەڵ جەنابی سەرەکدا، داوای کرد ساڵێکی وەزیفەکەی بە پێچەوانەی باقی فەرمانبەران بۆ نوێ بکاتەوە. سەرەک وەزیرانیش بێئەوەی بۆ یاسا بگەڕێتەوە، یەکسەر بە بڕیارێکی سەر پارچە قاقەزێک، شەکۆ شەقشەقەی گەڕاندەوە فەرمانگەکەی، ڕۆژی پاشتر شەکۆ بەر لەوەی بچێتەوە سەر کارەکەی، بڕیاریدا ھەندێ لە فەرمانبەرانی کاربەدەستی فەرمانگەکەی دەعوەتی سه‌یرانه‌گه‌شتێكی مەی خواردنەوە بکات. ئێوارەکەی سندووقی قەمەرەکەی پڕ کرد لە ئارەق و ویسکی و بیرە و بڕاندی و شه‌مپانیا و ڤۆدگا، بەڵام لەگەڵ بابەکری ژمێریاری فەرمانگەکەی وەک چۆن لەمێژ بوو بۆ پارەوپوول کلکیان توند لێک گرێدابوو، لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە سەرجەم مەسرەفی مەی و خواردنەکانی بۆ بکات بە پسوولەی کەلووپەلی پێویستی فەرمانگەکەی. ڕۆژی ھەینی گەشتێکی خۆشیان بۆ لای کورداوە کرد و شەکۆ و برادەرەکانی و چەند بەرپرسێکی حیزبیش کە ھێنابوونی، تا مڕ بوون بەدەم چه‌قه‌چه‌ق و فڵته‌فڵتی سییاسه‌ت و حیزب و سوێند بە خاکی پیرۆزی کوردستان و گۆڕی شەھیدان و ھەڵوێستی پاک و مەردانەیان بەرامبەر گەندەڵی و گەندەڵان، پەیمانە لەدوای پەیمانە ھەڵیاندەقوڕاند.

تابلۆ ؛ مردن و ڕه‌زیله‌كه‌ – ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شازده‌ – نیگاركێش ژان پرۆڤۆست – زه‌یت له‌سه‌ر ته‌خته‌.
Jan Provoost، Death and the Miser-first half of 16th century-oil on oak panel

شەکۆ دەستی بە دەوام کردەوە. سێیەم ڕۆژی دەوامی دوای بڕیاری گەڕانەوەکەی، شەکۆ شەقشەقە لە گەڕانەوەی لە دەوام، لەگەڵ لۆرییەک تامپۆنیان کرد و شەکۆ بە سەختی بریندار بوو. بە بڕیاری حیزب و سەرەک وەزیران شەکۆیان بۆ چارەسەری ناردە ئەڵمانیا، دوای ھەفتەیەک مانەوەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھانۆڤەر، شەکۆ گیانی بە خاکی پاکی کوردستان بەخشی، حوکوومەتیش بڕیاریدا ناوی لە لیستی شەھیدان بنووسرێ و ژنەکەشی تا ماوه‌، مانگانه‌ شەھیدانەی بدرێتێ.

 

دوای ھەفتەیەک کە پرسە ھەڵگیرا، ھەر سێ زاوای شەکۆ، ھاتنە سەر شانۆ و لەسەر وەرگرتنی کرێی ڕێزە دوکانەکان و باڵەخانەكانی شەكۆ پاک و پوختە و بێ قڕەقڕ پێکھاتن و سەڵاواتێکیان لەدیداری شەکیب شەقشەقە خوێند و بڕیاریاندا شەوی ھەینی مەولوودێکی گەورە لە مزگەوتی جەلیل خەیات بگێڕن و پڕیکەن لە ئەشڕافی شار و شارستانانی ھەولێر.
خۆزگە شەکۆ چاوێکت لەوێ دەبوو.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.