ساڵی 1988 تەمەنم ڕێک شانزە ساڵ و چوار مانگ و بیست و شەش ڕۆژ ده‌بوو، ئەگەر پێمبڵێن بۆچی ئەو بەروارەت بە ووردی ئه‌زبەرە؟ لە وەڵامدا پێتاندەڵێم؛ چونکە پەیوەندی بە کەسێکەوە هەیە کە لەو کاتەدا ناسیم، ناوی (شەفیق ڕەفیق) بوو.
من و شەفیق هاوڕێی یەکدی بووین لە (قوتابخانەی هاوڕێیانی تێکەڵاو) كه ده‌كه‌وته گەڕەکی ئاشه‌وانه‌كان…من تازە ناسیبووم، خانه‌واده‌كه‌ی وه‌ك خۆی ده‌یگووت؛ لەبەر کوردایەتی لە کەرکوکەوە بۆ سلێمانی هەڵهاتبوون…گوایه بە هۆی ناسیاوییان لەگەڵ ماڵی (مامە ڕیشە) ئه‌منی ئێراقی تینیان بۆ هێناوبوون. دیاره من هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەم خزمایه‌تیە، به‌ڵام شه‌فیق ڕه‌فیق زوو زوو وەک شانازییەکی زۆر مەزن باسیده‌كردو خۆی پێوه‌باده‌دا.
ئەو هەڵانەی کە دەبوو بیانکەم بە مناڵی و هەرەزەکاریدا (شەفیق ڕه‌فیق) هەر هەموویانی لە جیاتی من کرد. هه‌مووشی لە ژێر ناوی (کوردایەتی) بۆ نمونه؛ جارێک سەگی ئەکوشت و ئەیخستە گوێنی ئاردەوە و لە (دارستانی زه‌رده‌واڵه) فڕێی ئەدا، دیاره ئێستا ئەو شوێنە بۆتە هوتێلێکی گەورە بۆ قەڵەوکردنی ئەو کەسانەی هێشتا قەڵەو نەکراون…یان جارێک کێبڵی درێژی لە شوێنێک ئەدزی و هەڵیئەدایە ناوەڕاستی تەلی کارەبای ناو عاموودەکان، ئیتر شۆرتێکی ئەکرد هەر ئەتگووت جبەخانەیەک تەقێنراوە، ئاوا بۆ ماوەی چەند سەعات ئەو خەڵکە بێ کارەبا ئەبوون… من زوو زوو پێمئەگووت؛ شەفیق ئەو کارەی ئەیکەیت زۆر هەڵەیە و گەر واز نەهێنیت تووشی بەڵایەکمان ئەکەیت؟! ئەویش لە وەڵامدا پێئەکەنی ده‌یگووت؛ تۆ زۆر ساویلکەیت و هیچ نازانیت، ئەوەی من ئەیکەم هەر هەمووی لەپێناوی کوردایەتیە…منیش بە بێزارییەوە وەڵامم دایەوە؛ سەگ کوشتنیش کوردایەتییە؟…كه‌چی ئه‌و بەڕاشکاوانە گووتی؛ هەموو سەگێک وەک ئەمنێکی عەرەب وایه…
سەرم نەسوڕما لە وەڵامەکەی، بەڵکو سەرم لەوە سوڕما کە ده‌رئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی سەری ساڵ دەهاتەوە لە حەوت وانه کەوتبوو، ئیتر هەرچی شووشەی ئەو مەکتەبە هەبوو بە دەستی ئەو هاڕەی ئەکرد و هەرچی بەلووعەی زیوی ئەو مەکتەبە هەبوو لێی ئەکردەوە و ئەچوو ئەیفرۆشت لە لای فافۆن فرۆشەکان و دوایی لە مەزاتخانەکەی خوارەوە دەعوەتی نۆکاوی ئەکردم… دوای ئەوەش ئەچووین بۆ سینەما دڵشاد بۆ بینینی فیلمی قەڵەو و ترنتی (بۆد سپێنسێر و ترانس هێڵ) کە هەزەلیترین دوو کەس بوون لەو سەردمەدا.
هه‌ر ئەو ڕۆژەش کە لە سینەما هاتینە دەرەوە، ئه‌وه دواهەمین ڕۆژی هاوڕێیەتی من بوو لەگەڵ شەفیق ڕه‌فیق. ئه‌و رۆژه بە دەم گۆرانییەکانی (ڕاغب عەلامە) وە، سەرکەوتین بەرەو جادەی کوردان…ئاگام لێ بوو شەفیق ڕه‌فیق زوو زوو دەستی بۆ کچان ئەبرد و ئەوانیش لە تاو شەرمدا هیچیان نەدەگووت و لە ترساندا خۆیان ڕائەپسکان و دیار بوو شپرزه بووبوون.
-کاکە تۆ بۆ وا ئەکەیت عەیبە؟
-تۆ کەریت هیچ نازانیت، هەر هەمووی لە پێناوی کوردایەتیە!
-بە توڕەیی پێمگووت؛ کێ ئەو شتانەت فێر ئەکات؟
-شه‌فیق گووتی؛ باوکم!
-ئەی باوکت چ کارەیە؟
شەفیق زۆر بە شانازییەوە وەڵامیدامەوە؛ باوکم پێشمەرگەیە و خەبات ئەکات لە پێناوی ڕزگارکردنی کورد و کوردستان!
گەیشتینە (بازاڕی عەسران) و لە دوای دوو کچی جوانەوە ئەڕۆیشتین و شەفیقیش دڵی زۆر خۆش‌بوو بەو دوو کچە و دەستی خستە نێوان سمتی ئەو کچەی لە پێشئەوەوە بوو و نووقورچێکی توندی لێگرت، کچەکەش له‌تاو ئەو ئازارەی پێیگەیشت زریکانی. هەر ئەوەندەم زانی دوو برای ئەو کچە کە لەدوامانەوە دەڕۆیشتن، نیشتنە سەر شەفیق و شەقبارانیان کرد تاوه‌کو چایخانەی مه‌زڵومان، هەر لەوێ ئۆتۆمبێلی پڕ چه‌كدار وەستابوو، شەش حەوت ئەمنی عەرەب دابەزین و زانیم یەکێکیان (مولازم عەزه‌یم) بوو، کە ئەسمەرێکی ڕیوه‌ڵه بوو و قاتێکی زەیتوونی تۆخی لەبەردابوو و خێرا پرسی؛ چیبووە؟!…بەحوکمی ئەوەی (شەفیق ڕه‌فیق) عەرەبی ئەزانی هاتە قسە و بە مولازم عەزیمی گووت؛ گەورەم ئەم دوو سەگبابە، موخەربن و جوێن بە سەدام حوسێن خوابیپارێزت، ئەدەن و ئەڵێن حیزبی بەعس خراپه …
مولازم عەزیم داوای ناسنامه‌ی لە دوو براکە کرد و یەکێکیان قوتابی بوو و ئەوی تریان ناسنامه‌ی پێ نەبوو، چونکە عەرەبییان نەدەزانی. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی خەڵکەکەی ئەو ناوە ده‌ترسان له ئه‌منه‌كان، هه‌ربۆیه کەس نەیئەوێرا بێتە پێشەوە و ئەسڵی مەسەلەکە باس بکات…مولازم عه‌زیم خەریک بوو هەردووکیان بەرێت بۆ زیندانه ترسناكه‌كانی ئه‌من. ئیتر منیش خوێن گرتمی و چوومە پێشەوە و بە عەرەبیەکی ڕەوان بە مولازم عەزیمم گووت؛ئه‌گه‌ر بێ قیمه‌تێك له‌دونیا هه‌بێت ئه‌م شه‌فیق ڕه‌فیقه‌یه… پاشان هەموو مەسەلەکەم لە نووکەوە بۆ گێڕایەوە و مولازم عه‌زیم دوای ئه‌وه یەک زلەی له‌شه‌فیو ڕه‌فیق دا، به‌جۆرێك ئاو بە هەموو کونەکانی دەم وچاویەوە هاتە خوارەوە و سەری خستە ناو سەیارەکە و شەفیق کەوتە گریان و باوکەڕۆ، لە ناو سەیارەکەدا شەفیق پێیگووتم؛ کاوە وامئەزانی هاوڕێمیت، بە داخەوە کە دەعوتم کردیت… پاشان دوو براکە زۆر زۆر سوپاسیان کردم و دوو خوشكه‌كه‌شیان لە تاو ئەو هەموو ڕووداوە کتوپڕە هەر ئەگریان…
ساڵانێك دوای ئه‌و ڕووداوه سەبارەت بە ڕه‌فیقی باوكی شه‌فیق چیرۆكێكی سه‌یرترم بیست؛ گوایه شەوێک باوكی شه‌فیق بەسەرخۆشی دێتەوە بۆ ماڵەوە و حەز ئەکات دانەیەک بکات، ئیتر دایکی شەفیق گانی نایداتێ و دەرگاکەی لەسەر خۆی دائەخات. ڕەفیقیش کە باوکی شەفیقیش نایكاته نامه‌ردی غیره‌تی كوردایه‌تی ده‌یگرێت و كوردانه دەچێت وایەرێک ڕووت ئەکاتەوە سەرێکیان ئەکات بە پلاکی کارەباکەوە و سەرەکەی تریان ئەبەستێت بە كێریه‌وه و خۆی ئەکوژێت…
له‌وانه‌یه ئێستا بپرسن من شه‌فیقم به‌گرتداوه و به‌كوشتداوه و هاتووم لێره بێ ویژدانانه چیرۆكی كۆمیدی له‌سه‌ر ده‌نوسم، له‌وانه‌یه ئێستا خه‌یاڵتان بۆ ئه‌وه بڕوات كه ئێستا خانه‌واده‌كه‌ی پاره‌ی شه‌هیدانه‌ی شه‌فیق و باوكی ڕه‌فیق وه‌ربگرن، یه‌كێكیان له‌سه‌ر ده‌ستكردن به‌قنگی كچاندا له‌زیندانی به‌عسدا له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانی له‌ده‌ستدابێت و ئه‌ویتریش له‌تاو گان كاره‌بای له‌كێری خۆی دابێت…گرنگ نییه گرنگ ئه‌وه‌یه له‌دواجاردا ئه‌وانه شه‌هیدی ڕێگه‌ی كورد و كوردستانن و كوردن…نه‌خێر ئێوه به‌هه‌ڵه‌دا چوون گه‌ر وا بیربكه‌نه‌وه! به‌ڵام له‌وه‌دا ڕاستده‌كه‌ن كه پێ بچێت ئێستا شه‌فیق باوكی كردبێت به‌شه‌هید و شه‌هیدانه‌ی وه‌ربگرێت و وه‌ك جاران خۆی پێوه بادا، ده‌زانن بۆ؟ چونكه شه‌فیق ساغ و سه‌لامه‌ته و ڕیشێكی سه‌له‌فیانه‌ی به‌رداوه‌ته‌وه و ئێستا ئیسلامیەکی تۆخە و وه‌ك جاران كوردایه‌تی ده‌كات.