شەقامی سانتافە (Calle Santa Fe) دەرهێنان: كارمێن كاستیلۆ (Carmen Castilo) ساڵی: 2007 كات: 2 سەعات و 43 دەقیقە.

دیالەكتیكی شكست یان ماتەمی شۆڕشگێڕیی


Loading

سۆسیالیزم لەتەواوی سەدەى بیستدا شكستی هێنا، دیارترین و دواترین شكستی ئەوەى پێیدەگوترێت سۆسیالیزم، لە 1989 و دوای ڕووخانی دیواری بەرلین ڕوویدا، ئەو كاتەى سەرمایەداریی نیۆلیبراڵ و هار و لەكۆنتڕۆڵ دەرچوو جارێكی دیكە گەڕایەوە، دابەشكاریی چینایەتیی جارێكی دیكە بەزەقی بینرایەوە؛ جێنتریفیكەیشن (لەشوێن هەڵكەندن) سەرتاپای بەرلینی تەنییەوە؛ ئەو شوێنانەى ڕۆژێك لەڕۆژان مالیخولیای ناچینایەتیی بوون، ئەمڕۆ سۆپەرماركێت و مۆڵی گەورەن. لەهەمانكاتدا شوێنی وردەبۆرژوازیی و چینی ناوەڕاستن، كە لەئێستادا چوونەتە پاڵ سیاسەتەكانی پارتە نیۆفاشیستییەكەى ئەڵمانیاوە: “ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا” (AfD). بۆیە دەكرێت بڵێین مێژووی سۆسیالیزم نەك تەنها لە سەدەى بیست، بەڵكو لە سەدەى نۆزدەشدا، مێژووی ئەستێرەگەلێكی شكستە تراژیدییەكان و زۆرجار شكستە خوێناوییەكان بووە؛ ئاخر ئەستێرەكانی سۆسیالیزم هەموویان بوونە خۆراكی چارەنووسێكی تراژیدیی؛ لە ڕۆزا لۆكسمبۆرگ و واڵتەر بنیامینەوە بیگرە تا دەگاتە لیۆن ترۆتسكی. ئەگەرچی هەموو ئەم شكستانە نەبوونە هۆى ئەوەى ئینسانییەت و ئەستێرەكانی سۆسیالیزم تەسلیمی هەلومەرجی باڵادەست ببن. بەپێچەوانەوە، ڕۆزا لۆكسمبۆرگ لە دوایین وتاری خۆیدا، واتا چەند ڕۆژێك پێش تیرۆركردنی، لە كانوونی دووەمی 1919، دەنووسێت: “ڕێگای ڕۆیشتن بەرەو سۆسیالیزم، بەهۆى شكستەكانەوە هەمووار بووە… ئێمە لەم شكستانەوە: فێری ئەزموونی مێژوویی، تێگەیشتن، دەسەڵات و ئایدیالیزم دەبین”. ئەم ڕۆحە ئیلهامی بە چێ گیڤاراش بەخشی، كاتێك لە ئۆكتۆبەری 1967دا بە بكوژانی خۆى گووت: “ئێمە دۆڕاین، بەڵام شۆڕش ئەبەدیی و نەمرە”. ئێمە هەر هەڵدەستینەوە، شكستەكانمان فێری تەسلیمبوونمان ناكەن، بەڵكو فێری بەرهەڵستیمان دەكەن.

ئەگەر سەیری مێژووی هەموو ئەم شكستانەش بكەین، بەردەوام ئەستێرەى نوێی شۆڕشگێڕ خۆیان زەق دەكەنەوە هەر لە خەباتی زاپاتیستەكانەوە بیگرە تا دەگاتە دوایین مالیخولیای چەپ كە دانیاڵ بن سەعید نوێنەرایەتیی كرد. ئەگەرچی ئەم شكستانە كۆتاییەكی خەمۆكیان بەدوای خۆیاندا هێنا و لای زۆرێك لەچەپ بوونە میمۆری، میمۆریی و یادەوەرییەكی لەدەستچوو، جۆرێك لە نۆستالژیای ڕابردوو. ئەگەرچی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕیی خۆى تەسلیمی ئەم شكستە نەكرد، لە گۆشە و كەنارەكانی دونیا جارێكی دیكە سەرەتاتكێی كردەوە. ئەو كاتەى دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و یەكێتیی سۆڤێت، هاواری نیۆلیبراڵیستەكان بەرز بووەوە كە: ئێمە لەدوایین قۆناغی شارستانێتیی دیموكراتیدا دەژین و هیچ كاتێك قەیران لەم سیستەمەدا سەرهەڵناداتەوە، چونكە ئیتر ئینسان كەوتۆتە بەردەم كەڵەكەكردنی ئاشتیانەى سەرمایە نەك لەڕێگای زەبروزەنگەوە! بەڵام بێئاگا لەوەى: كەڵەكەكردنی سەرمایە بەدرێژایی مێژووی چوارسەد ساڵی ڕابردوو هیچ كات ئاشتیانە نەبووە. ئەم وانەیە لە “سەرمایە”ی ماركسەوە فێربووین. تەنها 9 ساڵ دوای ئەم بانگەشانە، یەكەم مانگرتنە جەماوەرییەكان دژی ئەم سیستەمە سەریانهەڵدایەوە. ئەمە ئەو تەسلیم نەبوونە بوو، ئەو هونەرەى ماركسیزم بوو كە بنیامین لەژێرناونیشانی: “پێكهاتەى ڕەشبینانە”دا ئاوا پێناسەى دەكات: دەچینە بەردەم پەرستگای شكستەكان، بەڵام لەبەرانبەردا تەسلیمی دوژمن نابین؛ بەمانایەكی دیكە: دووبارە دەستپێدەكەینەوە.

هه‌روەك میشێل لوویی زۆر بەجوانی باسی دەكات، مالیخولیای چەپ، لە وێنە شۆڕشگێرییەكاندا، باشتر خۆی پیشان دەدات نەك لە مشتومڕە تیۆرییەكاندا؛ دیارە مەبەستی لووییش لێرەدا دەبێت بگەڕێنینەوە بۆ هەستە مالیخولیاییەكان كە لە سینەمادا خۆى وێنا دەكات، بەتایبەت وەك سێ سینەماكاری گەورە، كریس ماركەر، جیلۆ پۆنتەكۆرڤۆ، كین لۆچ و دیارە بەم دوواییانەش لە فیلمی “شەقامی سانتافە”ی كارمێن كاستیلۆدا.سینەما هیچ كاتێك نایەوێت لەسەر ڕاستی و دروستیی ڕووداوەكان قسە بكات، بەڵكو سینەما وێنەى ڕەهەندە زەینیی و سوبێكتیڤییەكانی ڕووداوەكان دەكێشێت و ئەمەش وادەكات سینەما خۆى بكاتە مەیدانێكی فشار و زەختی ئەزموونی شۆڕشگێڕیی.

دەتوانین بۆ ئەم قسەیەش نموونەى “خاك و ئازادیی” (1995)ی كین لۆچ بهێنینەوە؛ فیلمێك هەوڵی كێشانی وێنەى مالیخولیایی شۆڕشی ئیسپانیای نێوان 1936-1937 دەدات. فیلمەكە باسی شكست دەكات، وێنەى چوونە بەردەم پەرستگای شكستەكان دەكێشێت، نائومێدیی و خەمۆكیی ئەستێرەكانی شۆڕش پیشان دەدات، گەڕانەوە بۆ ناكۆكییە ناوەكییەكان و كێشەكانی ناوخودی شۆڕشگێڕان، بەڵام لەهەمانكاتدا هیچ ڕەگەزێكی “تەسلیمبوون” لەم فیلمەدا نادۆزرێتەوە، بەپێچەوانەوە، لەڕوانگەى شۆڕشگێڕانی سەدەى بیستەوە، فیلمەكە بەرهەمێكی مێژووییە؛ لەهەمانكاتدا جۆرێكە لە ماتەم و پرسە بۆ ڕابردووی لەدەستچووی شۆڕش، تا لێیەوە فێرببین، تێبگەین و ڕێگای داهاتوومان هەموار بكەین، هەروەك چەند ڕۆژێك پێش تیرۆركردنی، ڕۆزا لۆكسمبۆرگ وەك هاوارێكی داهاتووی مرۆیی بەرزی كردەوە و ماوەیەكیش پێشتر گوتبووی: “یان سۆسیالیزم یان بەربەریزم”. هاوارەكەى ئەو شۆڕشگێڕە گەورەیەى ئایدیالی ئازادیی مرۆیی، لەمڕۆدا هەم لەنێو سیستەمی جەنگ و كاولكاری نیۆلیبرالیزم و هەم لەنێو مالیخولیای چەپی شۆڕشگێڕدا بەڕوونی دەبینرێت: ڕۆژ بەڕۆژ نیۆلیبرالیزم لەكاولكاریی نزیك دەبێتەوە، ڕۆژ بەڕۆژیش مالیخولیای چەپ بە دیالەكتیكە شكستەكەیەوە، هەم دەترسێت و هەم ڕێگای داهاتووی خۆش دەكات.

لێرەوە دەمەوێت لەسەر یەكێك لە باشترین و دوایین ئەم فیلمانە بدوێم، كە ئەم تێمانەى سەرەوەى بەباشترین شێوە كێشاوەتەوە، جارێكی دیكە ململانێی نێوان ماتەم، شكست، وێنەى ڕابردوو، شكستی شۆڕش، و ئایدیالی داهاتووی هێناوەتە سەر پەردەى سینەما. كەس هێندەى كارمێن كاستیلۆ، لەسەدەى بیست و یەكدا، نەیتوانیوە پەرستگای شكستەكان، مالیخولیای ئەستێرەكانی شۆڕش، یادەوەریی لەدەستچووی چەپەكان، و ئایدیالی داهاتووی شۆڕشی ئەبەدیی بنوێنێتەوە. دەكرێت بڵێم بۆ فێربوون لەم تێزانەش گەڕاومەتەوە بۆ یەكێك لە باشترین و خۆشەویستترین نووسەرە چەپەكانی ناو مێژووی موتاڵەعەى خۆم كە “ئێنزۆ تراڤێرسۆ” و دوایین كتێبییەتی بەناوی “مالیخولیای چەپ: ماركسیزم، یادەوەریی و مێژوو“، كە ساڵی پار چاپ و بڵاوكرایەوە و لەم كتێبەدا بە وردیی لەسەر تێكەڵكردن و ئاوێتەكردنی تێم و تێزەكانی: بۆهیمیا، شۆڕش، یادەوەریی، مالیخولیا و مێژوو دەدوێت و دەیەوێت دوایین ڕێگاكانی داهاتووی بەردەم ئەستێرەى شۆڕشگێڕان پیشان بدات و لە كتێبەكەى پێشوویدا بەناوی “بۆهیمیا، مەنفا و شۆڕش: چەند تێبینییەك دەربارەى ماركس، ترۆتسكی، بنیامین“، بەم ئایدیایانەوە خەریك ببوو، كە شایانی باسە دوو ساڵ پێش ئێستا ئەم كتێبەى تراڤێرسۆ لەلایەن منەوە كرابوو بەكوردیی و چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

شەقامی سانتافە(2007)ی كارمێن كاستیلۆ وێنەى شۆڕشەكانی ئەمریكای لاتینی دەیەى 70 دەهێنێتە سەر پەردەى سینەما. لە فیلمەكەدا ماڵێك لە دەوروبەری شەقامی سانتیاگۆ هەیە كە قەڵەمڕەوی یادەوەریی ماتریالیزە دەكات و ڕەهەندێكی ماددیی پێدەبەخشێت. لە فیلمەكەدا سەربازانی ژەنەڕاڵ پینۆشەى دیكتاتۆر دەبینرێن كە هاوسەرەكەی كارمێن، واتا میگوێل ئەنریكز، ڕابەری بزووتنەوەى چەپی شۆڕشگێڕ تیرۆر دەكەن لە ڕۆژی 6ی ئۆكتۆبەری 1974. بۆ ئەوەى ئەم پرسە لەلایەن خوێنەرەوە ڕوونتر بێت، پێویستە بەكورتیی، پوختەى كودەتای ژەنەڕاڵ پینۆشە بگوازینەوە.

لەنێوان ساڵانی 1970-1973 وڵاتی چیلی چووبووە نێو قۆناغێكی شۆڕشگێڕییەوە. كرێكاران دەستیانكردبوو بە كۆنتڕۆڵكردنی كارگەكان، جووتیاران دەستیان بەسەر زەوییەكاندا گرتبوو و بزووتنەوەى خەڵكانی ستەملێكراو و چەوساوە لەسەر ڕێگای دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی نوێدا بوون. لە 4ی سێپتێمبەری 1970 و لەم هەلومەرجەدا سەلڤادۆ ئالەندە (1908-1973)ی سەرۆكی بەرەى جەماوەریی (ئونیداد پۆپولار)، كە خۆى سیاسەتمەدارێكی ماركسیست و چەپی ڕادیكاڵی چیلیی و ئەندامی پارتی سۆسیالیستی چیلیی بوو، بە پشتیوانیی سۆسیالیستەكان و كۆمۆنیستەكانی ئەو وڵاتە بەسەرۆكی چیلیی هەڵبژێردرا، لەگەڵ هەڵبژاردنی و دەستبەكاربوونیدا دەستیكرد بە بەنیشتمانیكردنی سامانی ئەو وڵاتە و هەروەها ڕاستەوخۆ تەحەددای بەڕێوەبەران و سەرمایەگوزارییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی كرد. تەنها ئەوەندە بەسە گوێمان لەم هەڕەشەیەى هێنری كیسنجەر بێت: “لەوە تێناگەم بۆ دەبێت ڕێگا بە وڵاتێك بدەین ببێتە ماركسیست تەنها لەبەر ئەوەى خەڵكەكەی نامەسئول و نابەرپرسن”. ئەم قیژاندنەى كیسنجەر یەكەم هەنگاوی پشتیوانیكردنی كودەتای سەربازیی بوو لەو وڵاتە بە سەركردایەتیی ژەنەڕاڵ ئۆگۆست پینۆشەى دیكتاتۆری جێبەجێكاری سیاسەتی نیۆلیبراڵیزم لەو وڵاتەدا كە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیریی دەكرا. دۆكۆمێنتەكان دوای چەند ساڵێك ئاشكرابوون و ئەوەیان پیشاندا كە سی ئای ئەی پەیامێكی بۆ ڕادیۆی سانتیاگۆ ناردووە و تیایدا دەڵێت: “ئەمە سیاسەتی بەردەوامی كۆمپانیایە كە دەبێت حكومەتەكەى ئالەندە لەلایەن كودەتایەكەوە لەناوببرێت”. بەردەوام لەلایەن كۆمپانیا و چینی بۆرژوازیی ناوخۆ و دەرەكییەكانەوە فشار دەخرایە سەر ئالەندە تا دەستبەرداری ڕیفۆرمە ئابوورییەكانی ببێت، دەروازە بەڕووی سەرمایەگوزاریی دەرەكیدا بكاتەوە و باج لەسەر كۆمپانیا دەرەكییەكان هەڵبگرێت، بچێتە ناو بازاڕی جیهانییەوە و مەرجەكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی قبوڵ بكات و هتد. ئالەندە كە پشت ئەستوور بوو بە كۆمەكی سۆسیالیست، كۆمۆنیست، ئەنارشیست و بەرەى جەماوەریی و دواجار دەسەڵاتی كرێكاران و جووتیاران، لەسەر ڕیفۆرمەكانی بەردەوام بوو تا دواجار كودەتاكە ڕوویدا، لە ڕۆژی سێشەممەى 11ی سێپتێمبەری 1973 كۆشكی سەرۆكایەتیی بە هێزی ئاسمانیی بۆمباران كرا. ماریۆ نەینی سۆسیالیست ڕایگەیاند: “ئەمە شەڕێكی سەرتاپاگیر بوو”. سوپایەكی پڕچەك لەدژی جەماوەر هاتە شەقامەوە. سەلڤادۆر ئالەندە كەوتە بەر هێرش و تیرۆركرا. سوپا دەستی بەسەر یاریگای سەرەكییدا گرت كە زیاتر لە 12 هەزار ماڵی چەپەكان لەو دەوروبەرە بوون. پاشان هەر لەو ڕۆژەدا سوپا لە ناو یاریگا و دەرەوەدا زیاتر لە 30 هەزار چەپ و چالاكوان و خەڵكی تیرۆركرد. زۆرێكیش دوورخرانەوە، زیندانیكران و ئازاردران. زۆرێك لەژێر ئەشكەنجە و ئازاردا گیانیان لەدەستدا. پاشان وڵات كەوتە دەستی نیۆلیبراڵێكی دیكتاتۆری ئەڵقەلەگوێی بازاڕی ئازاد و جێبەجێكاری سیاسەتەكانی بانكی جیهانیی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی. ئەم كورتەمێژووە كۆمەك بەوە دەكات تا زیاتر لەئایدیاكانی پشتی ئەم فیلمەوە تێبگەین.

كاستیلۆ سەرەڕای ئەوەى بەوردیی كار لەسەر كاردانەوەى لاوانی ئەمڕۆی چیلیی دەكات؛ كە خۆیان سەرقاڵی “بەدەستهێنانەوەى یادەوەریی شكستخواردوو”یانن؛ بەڵام تەنها باس لە هۆكارەكانی ئەم شكستە ناكات، بەڵكو باس لەو بەرزی و نزمییانە دەكات كە ئەم شكستەیان بەرهەمهێنا. كاستیلۆ و یارانی سەر بەم ڕەوتە، وەك پنتەكۆرڤۆ و لۆچ و تیۆ ئەنجلۆپۆلوس و پاتریسیۆ گوزمان، دەیانەوێت سەدەى بیستەم وەك قۆناغێكی تراژیدیای شۆڕشە شكستخواردووەكان و یۆتۆپیا شكستخواردووەكان پێناسە بكەن. وەك تراڤێرسۆ دەڵێت: مالیخولیای چەپ، وەك ماتەمێكی دەستەجەمعیی لە نەوەیەكی دیكەدا وێنەى كێشراوە.

 

Calle Santa Fe : Foto Carmen Castillo

میگویل ئەنریكز كاتێك تیرۆركرا، تەنها تەمەنی سی ساڵان بوو؛ كارمێن كاستیلۆش وەك كارمەندێك لە كۆشكی مۆنیدا، لەگەڵ سەلڤادۆر ئالەندە كاری كردووە لەنێوان سەرەتای هەڵبژاردنی وەك سەرۆك تا كودەتای سێپتێمبەری 1973. دوای ئەو ڕۆژە، لەو ماڵەدا ژیاون، كە یەكێك بووە لە ژێرزەمینەكانی ڕابەرایەتیی بزووتنەوەى چەپی شۆڕشگێڕ. لەو كاتەدا كارمێن دووگیان بووە و بەسەختی بریندار، بەشێوەیەكی موعجیزەئاسا دوای هێرشی پۆلیس ڕزگاری دەبێت و بە یارمەتی دراوسێیەك دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە. بۆیە فیلمەكەى، حیكایەتی مەنفا، دۆزینەوەى دووبارەى وڵاتەكەى دوای كۆتایی دیكتاتۆرییەتی سەربازیی و هەروەها ژیان لەگەڵ میراتی بزووتنەوەى چەپی شۆڕشگێڕ لەنێو نەوەى نوێی چالاكوانانی چیلییدا. كردنەوەى زنجیرەیەكی تێكەڵكردنی دیمەنە دۆكۆمێنتارییەكانی ساڵانی ئونیداد پۆپولار – جۆرناڵەكان، چەپەكان و خۆپیشاندانەكان – لەگەڵ ئەو بابەتانەى ئەم ماڵە وەك شوێنێكی گیانی بەگیانیی ناوخۆیی لەناوەڕستی سەركوت و ئازاری سەربازیدا پیشان دەدات. ئەوان كۆمەڵە گەنجێك بوون و ئارەزووی گۆڕینی جیهانیان هەبوو، كاستیلۆ بە دەنگێكی بەرزی تێكەڵ بەتووڕە دەڵێت ئەوان هاوریان دەكرد و دەیانویست بژین. ژیاننامەیەكی كۆن ئەو وەك عاشقێك لە تەنیشت میگویل پیشان دەدات. لە نووسراوێكی تازەى خۆژیاننامەنووسیدا، مانگەكانی ژیانی ژێرزەمینیی دوای كودەتا دەگێڕێتەوە زەختی شكاندنی نێوان ترسێك لە دەرەوە – بزووتنەوە مەترسیدارەكەى ئەو لەلایەن كودەتاچییانەوە لە سانتیاگۆ، ئێستا ئەو هەڵگری وەزیفە و ئەركی سیاسیی بوو كە دەبوو تەواوی بكات – و گەرمیی و پارێزگاریی دۆستانە لەناوەوە، واتا ئەو كاتەى دەگەڕێتەوە بۆ شەقامی سانتافە. پێكەنین، یاریكردن لەگەڵ كچەكانی، چێستلێنان، خوێندنەوە، خۆشەویستیی: هەموو ئەمانە هەستێكی فریودەری ژیانكردنی ژیانێكی ئاسایی پێدەبەخشن.

لەڕاستیدا كاستیلۆ جۆرێك دەسەڵاتی وەستانی گواستنەوەى وێنە لە سینەمادا بەكاردەهێنێت، ئەو وێنانەى ئەو پیشانیان دەدات چیتر وێنەى جوڵاو نین وەك لە سینەمای باودا هەیە، بەڵكو دەسەڵاتی وەستانی شۆڕشگێڕییە، ماخولیایەكی چەپ لە پیشاندانی وێنەكانی ماتەمی شۆڕشگێڕیی، گەڕانەوە بۆ دیالەكتیكی شكست، تا لەڕێگای ئەم ماتەمەوە، ئەبەدیبوونی شۆڕشەكەمان پیشان بدات. “دابڕانی شۆڕشگێڕیی” ئەو شتەیە كە واڵتەر بنیامین قسەى لەسەر كردووە. وەك دەسەڵات بۆ دابڕان لە شتێك، وەستان بۆ نموونە وەستان ئەو شتەیە كە سینەما لە گێڕانەوە جیادەكاتەوە. تیۆریزەكەرانی ئەدەبیی تەنها یەكجۆریان كەشفكردووە، ئەویش بریتییە لە جیاكردنەوەى ڕوون و ئاشكرای ڕەگەزی نێوان شیعر و پەخشان: لە شیعردا، تۆ دەتوانی بسرەوی و بەردەوام بیت. سرەوتن یان بەردەوامبوون ڕێگا بە دژایەتیی و پێچەوانەیی سنووردارێتییە دەنگییەكان بەرانبەر بە سنووردارێتییە ماناییەكان دەدات، بۆ سرەوتنێكی كورت كە نیشانەكانی جیاوازە لەنێوان مانا و دەنگدا. شیعر توانای وەستانی هەیە؛ بەڵام پەخشان ئەو توانایەى نییە. سینەماش ئەم دەسەڵاتەى وەستانی هەبوو. بنیامین زۆر بەجوانی لە شوێنێكدا ئەم وەستانەى گێڕاوەتەوە:

“لە شۆڕشی مانگی تەممووز شتێك ڕوویدا كە ڕوونی كردەوە ئەم وشیارییە هێشتاش زیندووە. لە یەكەمین بەرەبەیانی ڕووبەڕووبوونەوەدا ڕوون بۆوە كە لە خاڵە جیاوازەكانی پاریسدا، گەلێك كەس بەشێوەیەكی هاوزەمان، بەڵام سەربەخۆ و دابڕاو لەیەكتری، تەقە لە سەعاتە گەورەكانی بورجەكان و مەیدانەكانی شار دەكەن، شایەتحاڵێكی زیندوو، كە لەوانەیە لەم بینین و ڕوانگەیەی خۆیدا قەرزارباری هونەری سەرواساز بێت، نووسیویەتی: “چ كەسێك باوەڕی دەكرد؟ ئێستا بە ئێمە دەڵێن لەپای هەر بورجێكدا یوشەعە نوێكان، وەك بڵێی لە خودی زەمەن تووڕە بوون، تەقەیان لە سەعاتە چركەدارەكان كرد تا ڕۆژ بووەستێنن”.

ئەگەر جۆرێك حاڵەتی جوڵە لە سینەمادا هەبێت، واتا ئەوەى بنیامین پێیدەڵێت: فیلمی دیالەكتیكی لەحاڵەتی جوڵەدایە؛ ئەوا ئەمجارە لە سینەمای كاستیلۆدا وەستانی زەمەنی بەردەوام لەئارادایە، واتا ئەو زەمەنەى دەیەوێت بڕوات و نەوەستێت: زەمەنی ئەوەى ئێمە هەمیشە لەشكست داین. هەر ئەوەى ڕۆزا لۆكسمبۆرگ پێیگوت: سۆسیالیزم یان بەربەریزم. جوڵەى زەمەن لای كاستیلۆ بەربەریزمە، پیشاندانی وێنەكانی ماتەمی شۆڕشگێڕیی، هەموواركردنی ڕێگای دوای دیالەكتیكی شكستە. یان ئەوەى ئێمە شكستەكانمان پیشاندەدەین تا لێیەوە فێرببین، نەك تەسلیمی ئایدیای دوژمن ببین. ئێمە لەبەردەم دەرگای دوژمن وەستاوین، نەك بۆ ئەوەى خۆمانی ڕادەست بكەین، بەڵكو بۆ ئەوەى دژی بجەنگین.

لە شەشی ئۆكتۆبەری 46دا، ئەم هارمۆنییە پڕ لەمەترسییە لەچاوی سیستەمی بازاڕی ئازادەوە بەشێوەیەكی قەتعیی شكستی هێنا. كەچی ڕۆژێك دوای ئەم شكستە، ئەو خۆی بە “ڕزگاربوویەك” بینییەوە. لە بەشی دووەمی فیلمەكەدا، ئەم قەڵەمڕەوەى یادەوەریی ساتێكی خۆ-وشیاریی ڕەخنەیی (critical self-consciousness) بونیاد دەنێت. كارمێن ئارەزووی كڕینی خانوویەكی لە شەقامی سانتافە هەیە تا بیكات بە مۆزەخانە، بەڵام لەكۆتاییدا واز لەم پڕۆژەیە دەهێنێت كاتێك قسە لەگەڵ چالاكوانێكی چەپی لاوی چیلیی دەكات، كارمێن تێدەگات بۆ ئەو لاوانە (كە وێنەكانی ماتەمی ئەوان پیشان دەدات) بزووتنەوەى چەپی شۆڕشگێڕ میراتێكی زیندووە نەك ئوبێكت و بابەتێكی مردوو. ئەنریكز تەنها نموونەیەكە نەك ئایكۆنێك بۆ پەرستن و ستایشكردن. تراڤێرسۆ باس لەوە دەكات كاتێك كارمێن دانیاڵ بن سەعید دەبینێت لەدوای دەرچوونی فیلمەكەیەوە، وردە وردە بیروبۆچوونی دەگۆڕێت. یەكەم سەفەری كارمێن بۆ سانتیاگۆ، دوای كۆتاییهاتنی دیكتاتۆرییەتی سەربازیی ئۆگۆستۆ پینۆشە، خۆی لەنێو “مالیخولیایەكی قوڵ”دا دەبینێتەوە: هەست بە “تەكەبوری سەركەوتووان و خەمۆكیی و خەمباریی دەركراوان و دۆڕاوان” لە وڵاتێكدا دەكات كە بەقوڵی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و كارمێن چیتر توانای ناسینەوەی نییە. بەڵام دوای ئەوەى كۆمەڵێك چالاكوانی لاوی چەپ دەبینێت، ئەوا زنجیرەی دیمەنێكی ئاسایی دەشكێت و ڕاستەوخۆ كارمێن دیمەن و لاندسكەیپێكی جیاوازتری پەیوەندییە مرۆییەكان، بەخشش، و ئیلتزامی نادەمارگیرانە كەشف دەكات: “تێگەیشتم ئەو خەڵكە گەنجەی ئێستا ئێمە[ی پێشوو] بوون. دووبارە میگوێل ئەنریكزم دۆزییەوە،  بەهەمان چالاكیی و زیندووییەوە، بەهەمان ئازایەتییەوە، بە هەمان ئارەزووی فێربوونەوە بەبێ هیچ جۆرە ئیدیعا و بانگەشەیەكەوە. ئەم گروپە چالاكوانانەى ئێستا نەریتەكە و یادەوەریی دەركراوان و لەناوبراوان هەڵدەگرنەوە، چونكە سەرچاوەیەكی كەرامەت، و بەجێهێشتنی هەموو جۆرە ڕیتۆریكێكی پاڵەوانخوازیی، دەدۆزنەوە”. ئا لەم ڕستانەى كارمێنەوە دەتوانین یەكەم ئەو ڕستانەى واڵتەر بنیامین بدۆزینەوە كە باس لە ڕزگاركردن و هێنانەوەى نەریتی سەركوتكراوان لەپێناوی شۆڕشی داهاتوودا دەكات. لە شوێنێكدا واڵتەر بنیامین دەڵێت: “”لەنێوان نەوەكانی ڕابردوو و نەوەكانی ئێستادا، ڕێككەوتنێكی نهێنی بوونی هەیە. لەسەر ئەم گۆی زەوییە، هەندێك چاوەڕوانی هاتنی ئێمە بوون. وەك هەموو ئەو نەوانەى لەپێش ئێمەوە بوون، ئێمەش جۆرێك دەسەڵاتی مەسیحایی لاوازمان هەیە، دەسەڵاتێك كە ڕابردوو لەبەرانبەریدا مافێكی هەیە. بەدیهاتنی ئەم مافانە بە بەهایەكی هەرزان دەستەبەر نابن. ماتەریالیستییە مێژووییەكان خۆیان بۆ ئەمە تەرخانكردووە“.

بەكورتیی لەم فیلمەدا، ئێمە بەر كۆمەڵێك تێم دەكەوین: 1) سینەما لەپێناوی سینەمادا نا، بەڵكو سینەما وەك زەقكردنەوەى وێنەكانی شكست، لەپێناوی زیندووكردنەوەى ئایدیای نەوەى نوێی شۆڕشگێڕ، 2) وێنە چیتر وێنەیەكی جوڵاوی باوی نێو سینەما نییە، بەڵكو وێنەیەكی وەستاوە كە چركە بە چركە لەسەر ئایدیای ماتەمی شۆڕشگێڕیی، پرسەگێڕان بۆ شكست، شكستەكانمان دەوەستێت، كە ئەم ماتەمە دەبێتەوە وزەیەكی شۆڕشگێڕیی نوێ، وەك گیڤارا گوتی: “ئێمە شكستمان هێنا، بەڵام شۆڕش ئەبەدییە”. ئێمە لەم فیلمەدا لای لاوان و كارمێن ئەم ئەبەدیبوونە دەبینین. 3) دەچینە بەردەم دەروازەى دوژمن، تا دژی بووەستینەوە نەك تەسلیمی ببین، هەڵبەت دەروازەى دوژمنیش هەمان سەرمایەداریی نیۆلیبراڵ و بازاڕی ئازادە، كە خەونەكانی كارمێن و نەوەى شۆڕشگێڕی ناو بزووتنەوەى چەپی شۆڕشگێڕی چیلییان لەگۆڕنا. ئەمان ئێستا هاتوونەتەوە، دەیانەوێت نەریتی ستەملێكراوان ڕزگار بكەن؛ نەریتی: ئێمە تەسلیم نابین، بەڵكو خەبات دەكەین وەك بەشێك لە ژیانمان.

شەقامی سانتافە (Calle Santa Fe)
دەرهێنان: كارمێن كاستیلۆ (Carmen Castilo)
ساڵی: 2007
كات: 2 سەعات و 43 دەقیقە.

.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project