Joseph Mallord William Turner (British, London 1775–1851 London) The Lake of Zug, 1843 British, Watercolor over graphite; 11 3/4 x 18 3/8 in. (29.8 x 46.6 cm) The Metropolitan Museum of Art, New York, Marquand Fund, 1959 (59.120)

خوێندنەوەیەکی نیشانەناسی بونیادگەری بۆ شیعرێكی سەباح ڕەنجدەر


Loading

ڕزگار جەباری

خوێندنەوەیەکی نیشانەناسیی بنیادگەری 

بۆ شیعری: (لە کتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیردا)ی سەباح ڕەنجدەر

 (نیشانەکانی گیانلەبەران)

 ڕزگار جەباری

 

 

 

 

 

بەشی یەکەم

 

پێشەکی:

 ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو زۆر قوتابخانە و زۆر تیۆریی ئەدەبی دەرکەوتوون، بەڵام هیچ یەک لەمانە ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دوا قسەی لەبارەی ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبییەوە کردووە. بۆیە زەمینەی تیۆریی سازی هەمیشە بە خۆشکراوی ماوەتەوە و پەیگریی بابەتیانەی جۆراوجۆر لە ڕێڕەوی تیۆریی سازی پرسێکی سروشتی تەماشاکراوە. تیۆریی و ڕێباز و قوتابخانە بەدوای یەکدا هاتوون، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەق کردووە، کە زۆربەی جار چەقی ئەم بزاوتانە ڕۆژاوا بووە.

تاوتوێکردن و توێژینەوەی بەرهەمی ئەدەبیی کوردی، لە سۆنگەی شێوازەکانی ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخی ڕۆژاواوە، دەتوانێت دەرچەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتنی ئەم بەرهەمانە بە ڕووی خوێنەردا واڵا بکەن. (نیشانەناسی) ش لەو ڕێپێبردانەی ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبییە کە بۆ بەکارهێنانی لەم بوارەدا گەڕان لە باری شێوازی ئەفراندنی واتا لە دەقە ئەدەبییەکاندا توانایەکی شایستەی هەیە. بنەمای بیری نیشانەناسی قوتابخانەی بنیادگەرییە. هەر کارێکی ئەدەبی  لە بنەمادا لە چەندین نیشانە و ئاماژە و تەنانەت بیرۆکە و زانیاری و گوزارشت پێکهاتووە، ئەو بنیادەش کە ئەم ڕەگەزانە تیایدا کۆ دەبنەوە خودانی ڕواڵەتێکی بنیادی و تایبەتمەنی جیاوازە لە تایبەتمەندی ئەو نیشانە و ئاماژانە.

هەروەها ئەم توێژینەوەیە خۆی لەخۆیدا جۆرێکی ڕاڤەیە، چونکە ((ئەگەر بەشێکی سەرەکی کاری هێرمینیۆتیک دەرخستنی ڕووە پەنهان و شاردراوەکانی ناو دەق بێت، ئەوا لە چوارچێوەی زمانەوە، دەکرێ هەموو ئەم کۆد و ڕەمزانە بدۆزێتەوە…)) (١، ٢٦٦)

((ئەم دوو چەمکە (نیشانەناسی و هێرمینیۆتیک) لەوەدا لێک نزیک دەبنەوە، کە ئەوەی پێی دەوترێت نیشانەناسی، بریتییە لە ڕاڤەکردنی واتا دەلالی و نیشانە و هێماکان….)) (١، ٢٦٩)

   جۆری  ئاماژە بە لاپەڕە و ناوی سەرچاوە شێوازێکی ڕووسی بەکارهاتووە، کە لە کۆتایی هەر پەڕەگرافێکدا چی ناڕاستەخۆ سوودی لێ وەرگیرابێت، یان وەکو خۆی بەکارهێنرابێت؛ لەناو کەوانەدا ژمارەی یەکەم ئاماژەیە بە سەرچاوەکە بە پێی زنجیرەیان کە لە کۆتایی توێژینەوەکەدا هاتووە و ژمارەی دووەم ئاماژەیە بە ژمارەی لاپەڕەکە.

 

 

1- پێناسەی نیشانە

 سادەترین پێناسەی نیشانە بریتییە لە: کۆمەڵێک دوانەیی پێکهاتوو لە چەمکێک و شێوەیەکی دەنگیی. بەپێچەوانەی ئەوەی کە بڕێک بانگەشەی بۆ دەکەن، مەبەست لە نیشانە پەیوەندی نێوان تەنێکی مادی و ناوێک نییە، بەڵکو بوونی نیشانە دەبێت لە پەیوەندیی نێوان چەمکێک و شێوەیەکی دەنگیدا بۆی بگەڕێین. پێکهاتنی چەمک و شێوەی دەنگی کۆمەڵێکی بەناوی نیشانەوە هێناوەتە ئاراوە. شێوەی دەنگی، بە گوتە، یان (دال) ناودەنرێت و هەروەها چەمکیش، بە واتا، یان (مەدلوول) ناودەنرێت. (٢، ٢٦)

   لە ڕوانگەی (لۆتمان)ـه‌وە١ جیاوازی هەیە لە نێوان ((نیشانە ڕێککەوتنەکییەکان)) (وشە؛ وەکو لایتی سوور) و ((نیشانە وێنەییەکان)) کە یەک گوزارشت بۆ دەلالەت دادەنێت و ئەویش (نەخش)ە. لە سەرتاسەری مێژووی مرۆڤدا، چەند بۆ دواوە بگەڕێینەوە، دوو نیشانەی فەرهەنگی سەربەخۆ و بەرامبەر دەبینین: وشە و نەخش. لە وشەکان هونەرە گوفتارییەکان بەرهەم دێن و لە نەخشەکانیش هونەرە شێوەکارییەکان. (٣، ٢٤٤)

٢- پێناسەی نیشانەناسی

  پێناسەیەکی یەکینە و گشتی بۆ نیشانەناسی چەشنی زۆربەی تیۆرییە ئەدەبی و فەلسەفییەکان شتێکی کردەنی نییە. تاوتوێکردنی پێناسەکان و تایبەتمەندییەکانی نیشانەناسی، کە لەلایەن بیرمەندانی جیاوازەوە خراونەتەڕوو، توێژینەوەیەکی سەربەخۆ دەخوازێت. ئەوەی لەم بەشەدا دەخرێتەڕوو، پێناسەیەکی گشتییە بۆ زانستی نیشانەناسی کە مایەی پەسەندی بیرمەندانی گۆڕەپانی زمانناسییە.

لە زمانی ئینگلیزیدا هەر دوو وشەی سیمیۆلۆژی و سیمیۆتیکس بۆ ناولێنانی زانستی (نیشانەناسی) بەکاردێن.

   وشەی سیمیۆلۆژی لە لایەن سوسێر٢ زمانناسی سویسڕییەوە دانراوە، کە بەکاری هێنا بۆ ناولێنانی زانستێکی تازە، کە بەشێک بوو لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتی بۆ توێژینەوەی ((ژیانی نیشانەکان لە کۆمەڵگەدا)). بەڵام وشەی سیمیۆتیکس لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا لە لایەن فەیلەسووفی لۆژیکزانی ئەمریکی چارلز ساندێرس پێرسەوە٣ کە دامەزرێنەری ئەم لقە توێژینەوەکارییە، دانراوە.

لێکۆڵینەوەکانی نیشانەناسی بە دوو ڕێچکەدا دەڕۆن، یەکەمیان لێکۆڵینەوەیە لە ئەرکی نیشانە لە بواری گەیاندنی زانیاریدا و سوسێر زیاتر لەو بارەوە دەدوێت. دەووەمیان لێکۆڵینەوەیە لە چییەتیی نیشانە و دیاریکردنی پێکهاتە و مەرجەکانی، کە پێرس لەو بوارەدا کاری کردووە. (٧١،٤)

١- یوری لۆتمان (١٩٢٢ – ١٩٩٣) بیرمەند و ڕەخنەگری ئەدەبی، خەڵکی سەن پترسبپرگی ڕووسیایە.

٢- مونژێن فردینان دوو سوسێر (١٨٥٧ – ١٩١٣) زمانناسێکی سویسڕییە.

٣- چارلز ساندرێس پێرس (١٨٣١ – ١٩١٤) فەیلەسووف و لۆژیکزانێکی ئەمریکی بووە.

 

 

 

٣- پێشینەی نیشانەناسی

 زانستی نیشانەناسی بە واتا ئەمڕۆیینەکەی لەلایەن فێردینان دوو سوسێر، زمانناسی سویسڕی و چارڵز ساندێرس پێرس لۆژیکزانی ئەمریکییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ڕۆنراوە. ئەم دوو زانایە نزیک بە هەمان کات پێکەوە ڕوویان لەم گۆڕەپانە کردووە. بەڵام نموونەی جیاوازیان لێ خستووەتەڕوو.

٣-١ / نیشانە لە ڕوانگەی سوسێرەوە١:

 دی سوسێر لەو باوەڕەدایە نیشانەناسی ئەوەمان فێر دەکات، کە نیشانەکان لە چی پێکهاتوونە و چی یاساگەلێک حوکمیان بەسەرەوە دەکەن. هەروەها زمانناسی بە بەشێکی ئەم زانستە گشتییە دەزانێت. پوختەی لێکۆڵینەوەی سوسێر لەبارەی زمانەوە  لەم سەرنجانەی خوارەوە کۆ دەبنەوە:

١- توێژینەوەی زمان دەبێت هاوزەمەنی بێت (ئێستایی) نەک ناوزەمەنی واتە (مێژوویی).

٢- زمان سیستەمێکی یەکپارچەیە و بەشەکانی ئەرکێکی تەواوکارییان هەیە.  زمان تەنیا کۆمەڵێک دەنگ و وشە نییە، بەڵکو دەزگایەکە لە پەیوەندی و لەسەر سیستەمێکی دیاریکراو کار دەکات. ئەو سیستەمە بەلای سوسێرەوە (زمان)ە و جیایە لە (قسە)ی تاکی ئاخێوەرانی.

٣- دوو جۆر پەیوەندی لە نێوان توخمەکانی ڕستەدا هەیە. یەکێکیان هاونشینی، بریتییە لە پەیوەندییە ڕێزمانییەکانی نێوان توخمەکانی ناو یەک زنجیرە گوتار کە بە تەنیشت یەکەوەن، پەیوەندی دووەم پەیوەندی جێنشینییە.(٤، ٥٣ و ٥٤)

پەیوەندیی هاونیشینی لە بنەڕەتدا پەیوەندیی نێوان ئەو یەکانەیە کە لە پێکهاتندا لەگەڵ یەکدا قەرار دەگرن و یەکەیەک لە ئاستێکی بەرزتر پێکدێنن، پەیوەندیی جێنشینی- ش لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی نێوان ئەو یەکانەیە لەبری یەک هەڵدەبژێردرێن و لە هەمان ئاستدا یەکەیەکی نوێ دەهێننە ئاراوە.

بە باوەڕی سوسێر زمان کۆمەڵێک ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییە (واتە نیشانەی زمانی و پەیوەندیی نێوانیان) کە لە شێوەی ئاخافتن دەردەکەوێت. نیشانەی زمانی ته‌نیا پەیوەندیی شتێک و ناوێک نییە، بەڵکو پەیوەندیی چەمکێکە لەگەڵ وێنەیەکی دەنگی. نیشانەی زمانی لە بنچینەدا واقیعەتێکی دەروونناسییە، کە خودان دوو بەشە، واتە وێنەی دەنگی (دال) و چەمکێک (مەدلوول) و پێیوایە نیشانە بەرهەمی هاوکوفبوونی ئەم دوو توخمەیە.(٥، ١٣٣)

٣- ٢/ نیشانە لە ڕوانگەی پێرس- ەوە٢:

   بە پێچەوانەی سوسێرەوە کە نیشانە بە  پێکهاتوو لە دوو پاژی دال و مەدلوول دەزانێت، لای پێرس پەیوەندیی نیشانە لە سێ پاژ پێکهاتووە:

١- هێما: ئەو شێوەیەیە کە نیشانە بە خۆیەوەی دەگرێت.

٢- ڕاڤە: ئەو واتایەیە کە لە نیشانەوە بە دەست دێت.

٣- بابەت: ئەو شتەیە کە نیشانە دەلالەتی لێدەکات.

بەپێودانگی ئەم پۆلێنەی پێرس، دەتوانین بڵێین تابلۆی (جگەرە کێشان قەدەغەیە) لە شوێناندا، هێمایە و ڕاڤەکەی ئەوەیە کەس جگەرە هەڵنەکات و بابەتەکەش جگەرەنەکێشانە. لە ئەنجامی بەراوردی نێوان پۆلێنەکەی پێرس و سوسێر بۆ نیشانە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە هێمای پێرس هاوکوفە لەگەڵ دال لە مۆدێلەکەی سوسێردا و ڕاڤەکەیشی هاوشێوەیە لەگەڵ مەدلوولەکەی سوسێر. لەو نێوانەدا ئەوە ته‌نیا بابەتە کە سوسێر نەپەرژاوەتە سەری.

   پێرس نیشانەکان بەگوێرەی پەیوەندییە جیاوازەکانی نێوان دال و مەدلوول دابەشی سێ جۆریان دەکات:

١- ئایکۆن: لە پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول لێکچوون هەیە. وەکو لێکچوونی نێوان وێنەی کەسێک و خودی کەسەکە، یان نەخشەی خانوویەک کە بچووککراوەی خانووەکە خۆیەتی.

٢- ئاماژە: نیشانەیەکە لەسەر بنەمای هۆ و هۆکار، وەکو دووکەڵ کە نیشانەی ئاگرە، یان ئامێری دیاریکردنی ئاراسته‌ی با.

٣- هێما: ئەو نیشانەیەیە کە پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول پەیمان و ڕێککەوتنەکییە، وەکو بەکارهێنانی ئەو هێمایانەی کە دەلالەت لە پلە سەربازییەکان دەکات.

بە وردبوونەوە لەوەی بەرباس خران، دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین کە پانتایی کاری زمانناسی توێژێنەوەیە لە نیشانە ڕێککەوتنەکییەکان کە هیچ پەیوەندییەکی خودی، یان سروشتیان لەگەڵ مەدلوولەکانی خۆیاندا نییە و پێویستە لە ئاراسته‌یەک بگەڕێت بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان نیشانەکان. (٨٢،٢)

 

 

 

 

 

٤- مودێلی پەیوەندیی ڕۆمان یاکۆپسۆن١

 ئەرکی نیشانە گەیاندنی پەیام و ڕۆنانی پەیوەندیی نێوان نێرەر و وەرگرە. ئەو مودێلەی ڕۆمان لەمەڕ سیستەمی پەیوەندییەکانی خستووەتەڕوو، خودان بایەخێکی تایبەتە.

١- ڕۆمان یاکۆپسۆن (١٨٩٦ – ١٩٨٢) یەکێکە لە پێشڕەوانی ئەدەبناسی، جوولەکەیەکی ڕووسی بووە.

                                        بابەت (سیاق)

                                           پەیام

   ئاخێوەر (نێرەر) …………………………………………..بەردەنگ (وەرگر)

                             پەیوەندیی (ناوەندی پەیوەندیکردن)

                                      کۆد (دەستەواژە)

بەپێی ئەم مۆدێلە، پەیوەندی داگری پەیامێکە کە ئاخێوەر دەریدەکات و بەردەنگ وەریدەگرێت. بۆ ئەوەی پەیامەکە لە نێرەرەوە بە وەرگر بگات، پێویستە بە ناوەند (رایەڵێک)دا کە دەکرێت گوفتاری، یان وێنەیی بێت تێپەڕ ببێت. ئەم ڕایەڵە دەبێت لە چوارچێوەی کۆدی هاوبەش، گوفتار، ژمارەکان، نووسراو ….. تاد، وێنابکرێت، بەجۆرێک کە گوفتارەکە شیاوی خوێندنەوە بێت. لەکۆتاییدا پەیامەکە دەبێت بۆ بابەتێک بگەڕێتەوە کە هەم بۆ ئاخێوەر و هەم بۆ بەردەنگ  ڕوون بێت، تاکو بتوانرێت تێگەیشتنێک بۆ پەیام لەبەرچاو بگیڕێت. (٢٥،٦)

   یاکۆپسۆن ئەم شەش بەشە بە دیارخەری ڕۆڵی زمان دادەنێت، لە ڕۆنانی پەیوەندیدا:

١- ڕۆڵی سۆزداری: ئەگەر پەیوەندی گوفتاری جەخت لەسەر نێرەری پەیام بکاتەوە و هەست و باوەڕ، یان سۆزی نێرەر بگەیەنێت ئەوا ڕۆڵی سۆزداری زاڵە. (٦، ٢٠٣)

٢- ڕۆڵی تەرغیبی: هەموو جۆرە پرۆسەیەکی ڕۆنانی پەیوەندی، کە ئامانج چێکردنی کاردانەوە بێت لە وەرگری پەیام.

٣- ڕۆڵی گەڕانەوەیی (ئیرجاعی): ئەم ڕۆڵە پەیوەندی نێوان پەیام و ئەو بابەتەی پەیامەکە ئاماژەی بۆ دەکات، دەخاتەڕوو. لەم ڕۆڵەدا کاری زمان وەک کاری عەینی و زانین پێناس ده‌کرێت.(٦، ٢٠١)

٤- ڕۆڵی سەرووزمانی: هەرکاتێ پەیام بەلای کۆد بشکێتەوە، ئەوا ڕۆڵی سەرووزمانی لێ دەبێتەوە.(٦، ٢٠٤)

٥- ڕۆڵی هاودڵی: سەرنجی پەیامەکە بەلای ڕایەڵی ڕۆنانی پەیوەندیدا دەشکێتەوە و بە یارمەتی ئەم ڕۆڵە ڕۆنان و درێژەدان بە پەیوەندی دەستەبەر دەبێت. (٦، ٢٠٥)

٦- ڕۆڵی ئەدەبی: سەرنجی پەیامەکە بەلای خودی پەیامەکەدا دەشکێتەوە. (٦، ٢٠٣)

 

 

 

 

٥- نیشانەناسی و بونیادگەری

 وەک ئاماژەمان پێدا زانستی نیشانەناسی لەلایەن سوسێرەوە ڕۆنرا و بوو بە بنەمای ڕێبازگەلی ڕەخنەی ئەدەبی وەکو بنیادگەری. لە ڕابردوودا گریمانە لەسەر ئەوە بوو، کە هونەر لاسایی واقیعییەتە دەرەکییه‌كانە.

بە پێچەوانەی ڕەخنەی نوێوە کە لە دەیەکانی پەنجا و شەستی سەدەی ڕابردوو لە پێناسەی هونەردا وەک (لاسایی)، واتە پیشاندانی واقیع ڕووی وەرچەرخاند و جەخت لەسەر نیشانە دەکاتەوە، ئەو پرۆسه‌یەی هەوڵ دەدات تێگەیشتنی قووڵ لەناو دەقدا بدۆزێتەوە. بەم پێیە نیشانەناسی و بنیادگەری  لە دوای هەڵماڵینی جەوهەری واقیعەوە نین، بەڵکو دەخوازن ئەوە نیشان بدەن، کە ئەم واقیعە چلۆن هاتووەتە بوون.

     بنیادگەری  ڕوانگەیەکە بۆ لێکدانەوەی ئەدەبی لە ڕێگای بەکارهێنای تەکنیک و شێوازناسی و وشەکانی زمانناسییەوە ئەو تێڕوانینە زانستییە پێشنیاز دەکات کە ئێمە چۆن چۆنی نەک هەر لە بەرهەمی ئەدەبی، بەڵکو لە هەرچەشنە پەیوەندی و ئاکارێکی کۆمەڵایەتی واتا هەڵێنجێنین. (١٢٤،٧)

 بونیادگەری  لە ڕەخنەی ئەدەبیدا لە ڕاستییە سەلمێنراوانەوە دەست پی دەکات، كه‌ دەڵێت بنیاد سەربەخۆیە و تێگەیشتن لێی پێویستی بەوە نییە پەنا ببرێتە بەر ڕەگەزی نامۆ بە بنیادەکە، یان بە سروشتی بنیادەکە. بۆ نموونە شیعر بنیادێکە لە چەند ڕەگەزێک پێکهاتووە، ئەم ڕەگەزانەش ملکەچی چەند یاسایەکی پێکهێنەر دەبن، کە ڕۆڵەکەی تێدەپەڕێنن لەو ڕووەوەی چەند بەستەرێکی کەڵەکەن و بەشەکانی قەوارە ئەدەبییەکە بەیەکەوە دەبەستن، بۆیە چەند تایبەتمەندییەک بە گشتەکە دەبەخشن، کە جیاوازە لە تایبەتمەندیی ئەو ڕەگەزانەی دەقەکەیان پێکهێناوە. (١٣٨،٨)

    بە ڕای ڕۆمان لەو ڕاستییەدا بگەڕێین کە وشە و بنیادی واتاکانی، شێوازی ناوەوە و دەرەوەی کێش و بەهایەکی لە خودی هونەریی خۆیدا هەیە. ئەوە پەیوەندی و ئەرکەکانییەتی لە بنیادی وشەدا، وەک شیکردنەوەیەکی مۆرفۆلۆژی و بنیادگەری  دەبێت بخرێتەڕوو (١٤٢،٨)

   کالێر١ لە (بوتیقای بنیادگەری )دا بە پێداگیرییەوە دەڵێ دەبێ سێ ڕەگەز لە هەر چەشنە خوێندنەوەیەکدا، بۆ نموونە شیعرێک لەبەرچاو بگیرێ:

١- ئەوەی کە شیعر دەشێ خاوەن یەکێتی بێ.

٢- له‌ بارەی ناوەرۆکەوە دەبێ بابەتێکی گرینگی بەدەستەوە بێ،

٣- ئەم گرینگییە فۆرمی ڕەنگدانەوی شیعرەکەش بگرێتەوە. (١٣٦،٧)

هەروەها پیاژە٢ دەڵێت: (بنیادی سیستەمی گۆڕینی شێوەیە.) و ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ((چەمکی بنیاد لە سێ هزری کلیلی پێکهاتووە: هزری هەمەکی، هزری گۆڕینی شێوە و هزری خۆڕێکخستنەکی.)) (٢٧٨،٩)

 بە گوزارشتێکی تر ئەو تیۆرییانەی ئاماژەمان پێدان لەسەر ئەوەن ئەوە پیشان بدەن کە چۆن تێگەیشتنمان لە واقیعەتەکانی جیهانی بوون، لەژێر کارتێکردنی ئەو زمانەیە کە پێی دەدوێین. هەموو زمانێک دەرچەیەکە کە بەهۆیەوە کەسێک واقیعی پێ درک دەکات.

لە کۆتاییدا ئەمڕۆ تێکەڵێک لە تیۆرییەکانی سوسێر و پێرس، وێڕای بۆچوونەکانی بیرمەندانی وەک یاکۆپسۆن، بارت، ئیکۆ و.. … زانستی نیشانەناسیان پێکهێناوە.

١- جاناتان کالێر (١٩٤٤ -) ڕەخنەگر و بیریاری بواریی تیۆریی ئەدەبی، خەڵکی ئەمریکایە.

٢- ژان پیاژە، بیرمەندێکی فەڕەنسییە.

 

 

 

٦- نیشانەناسیی شیعر

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی نیشانەناسیی شیعر، پێویستە بەکورتی ئاماژە بە پێناسە و زمانی تایبەتیی شیعر بکەین. پێناسەیەکی زۆر و زەبەند لە دیدگای جیاوازەوە لەمەڕ شیعر خراونەتەڕوو.

  شیعر وەک زمانی تایبەت لە ڕووی نیشانەناسییەوە لە دۆخی تێپەڕاندنی ئەو پەیمان و ڕێککەوتنەدایە، بۆیە گوێگر بە ئاسایی ناگاتە مەبەستی شاعیر. ڕەخنەی نیشانەناسیش لەو بارەدا بەپاڵپشتی زمانناسی و شێوازگەری و ئەو لادان و تێپەڕاندنانە دەستنیشان دەکات و یەکە واتاییەکان پۆلێن دەکات و بنیادە واتاییە تازەکان ڕوون دەکاتەوە. ئەو کاتەش مەبەستی شیعرەکە بەپێی وردی هەوڵە ڕەخنەییەکان ڕوون دەبێتەوە. (٧٥،٤)

بە هۆی ئەوەی کە زمانی ئاخافتن و زمانی شیعر لێک جیان، هەر یەکەیان سیستەمێکی سەربەخۆی نیشانەناسی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوە دەزانین کە نیشانە زمانییەکان، نیشانەی دڵخوازی و ڕێککەوتنەکین،  کە بۆ گەیاندنی پەیام بەکار دێن. بەڵام دەتوانین بڵێین نیشانە شیعرییەکان لە ڕووی دەربڕینی واتاییەوە لەگەڵ نیشانە سوسێرییەکان جیاوان. چونکە مەدلوولێکی چەسپاویان نییە، کە بە شێوەیەکی دیار پەیوەندیدار بن بە دالەکانەوە. بەڵکو کۆمەڵە دالێکن  دەتوانن مەدلوولێکی زۆریان هەبێت. بە گوزارشتێکی تر لە زمانی شیعردا هەموو وشەیەک وێڕای واتا ڕووکەشەکەی، تێگەیشتنی تریش کە هەمان واتا ناواخنییەکانن، دەخەنە زەینەوە.

بەهای نیشانە لە شرۆڤەی بنیادگەرییدا بەستراوەتەوە بە دەق و ته‌نیا لە دەقدا هێزی واتادان و دەلالەتخوازی وەردەگرێت و بەدەر لە تاوتوێکردنی توخمەکانی چواردەوری خۆی، شیانی لێکدانەوە و ڕاڤە نییە.

 

 

 

٧- هێما لە شیعردا

   لەبەر ئەوەی هێما جۆرێکی بەرفراوان و دیاری نیشانەیە و بەگشتی لە شیعردا بەچڕی کاری لەسەر کراوە. کورت و پوخت بەسەری دەکەینەوە:

هێما بریتییە لە نیشانەیەک ئاماژە بۆ شتێک دەکات، بوونێکی سەربەخۆی هەیە، ئەو شتە دەنوێنێ و شوێنی دەگرێتەوە و ئەم چوار تایبەتمەندییەی هەیە:

١- هەموو هێمایەک لە بری شتێکی ترە.

٢- هەموو هێمایەک ئاماژەی دوانەیی هەیە.

٣- هەموو هێمایەک ڕەگەزی واقیع و خەیاڵی تێدایە.

٤- هەموو هێمایەک خودان هێزێکە، یان خودان ئەرکێکی دوانەیی. (١٠، ١٠ و ٧)

 

   هێما ناوی بزاوتێکی ئەدەبیشی بەخۆی داوە، لە دەقە جیاوازەکان و بۆ مەبەستی تەواو جیاواز بەکار دێت. ئەم زاراوەیە لە لۆژیکی بیرکاری، واتاناسی، مەعریفەناسی، هەروەها نیشانەناسی (کە جێباسی گشتیی ئێمەیە) بەکاردەبرێت و لە پانتایی ئیلاهیاتدا (هێما هاوواتای دروشم – یشە)، هونەرە جوانەکان و شیعر (کە جێباسی تایبەتی ئێمەیە) مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. توخمی هاوبەشی نێوان هەموو ئەم بەکارهێنانە باوانە، ڕەنگە چەمکی نواندنی شتێکی تر، یان دەلالەت کردن لە شتێکی تر بێت. (٢١٠،١١)

ئەم بابەتە هەروەها سەرنجدانی دەروونناسی بە چۆنێتی کاریگەری بەشێکی هێما و وێنەکان لە ئێمەدا پەیوەندی دروست دەکات. (٢٥٩،١٢)

یونگ – فرۆید – لاكان – ڕابه‌رانی ده‌روونشیكاری

هێما لە ئەدەبیاتدا، ئەگەرچی بەرلەوە هەبووە، لە ڕۆژاوادا ته‌نیا لە بەکارهێنانە فەرەنسییەکەیدا برەوی سەند، واتای ئەم وشەیە تەنانەت ئەمڕۆ فرە لێڵ و گۆڕاوە، لە دەستەواژەکانی وەکو (لۆژیکی هێمایی)، (هێمای بیرکاری) بە واتای دژبەر بە (هێمای شیعری) بەکار دەبرێت. بەکارهێنانی لەئەدەبیاتدا پتر لە چەمکی نیشانە، یان نواندنی پەتی دوور کەوتووەتە و بووەتە جۆرێکی چەمکی کە وێنەی شیعری و خوازە دەگرێتەوە. (٢٥٨،١٣)

(لەبەر ئەوەی) هێما لە سەرێکی ترەوە لادانی دەلالی دەهێنێتە ئاراوە. هێما لەبەرزکردنەوەی ئاستی شیعرییەتی دەق ڕۆڵێکی گرینگ و لەبەرچاو دەبینێت، لەڕێی بەخشینی واتا و دەلالەتی نوێ بەشتەکان. (٣٢٨،١٤)

لەڕووی ئەرکیشەوە، لای هێماگەراکان شیعر پیشاندان و گواستنەوەی واقیع و ڕاستی نییە، بەڵکو بارێکی دەروونییە کە بە کۆتایی هێما، یان گواستنەوەی واقیع خۆی دەردەخات، بەم پێیە ئەرکی شیعر دەبێتە پێکهێنانی پردێکی ویژدانی لە نێوان داهێنەر و خوێنەردا. (٢٣،١٥)

 

 

 

بەشی دووەم

 

١- پیادەکردنی بنەماکانی نیشانەناسیی بنیادگەری  لە شیعری (لە کتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیردا)

     سەباح ڕەنجدەر (١٨/١١/١٩٦٥ – هەولێر) یەکێکە لەو شاعیرانەی تاکو ئێستا کەم و زۆر لە هەوڵی خۆی بەردەوامە و ئەزموونێکی سەرنجڕاکێشی ناوەندە شیعرییەکە و هەڵوەستەی خوێندنەوە بۆ خۆی دەستەبەر دەکات. ئەم هەوڵە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەزموونەکەیەوە دوالیزمێک بە کەشی شیعرەکانییەوە بەرچاو دەکەون. یەکێکیان ڕوون و ئەوی تریشیان لێڵ، کە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە بە مەعریفەیەکی کەمی تیۆرییانەی زمانەوانییەوە، هەوڵی داوە  خۆی لە فەرهەنگی واژەنامەی ناوەندەکە دەرباز بکات و هەوڵی بەزاندنی سنووری زمانیشی داوە. (١٦٥،١٦ و ١٦٦)

    ئەم دەقە یەکێکە لە ده‌قه‌ درەوشاوە و نموونەییەکانی شاعیر و شیعری هاوچەرخی کوردی، کە ئەزموونی ڕوحی و زەینیی (شکۆی نەفس)ی ژیانی خۆیەتی و پێشکێشی خوێنەری دەکات. شاعیر قووڵ چووەتە ناو پنتە شارەوەکانی ژیانی خۆی و جۆرێکی جیهانبینیی لا دروست کردووە. (ئەحمەد ڕەزا) لەبارەی ئەو یەکێک لەو تایبەتمەندێتییانەی کە شاعیر پێویستە لەبەرچاوی بگرێت بریتییە لە ژیانی ڕۆژانەی شاعیر خۆی و بۆ ئەمەش نموونەی مانیفێستی شیعریی (سەباح ڕەنجدەر) دەهێنێتەوە و دەڵێت ئەم تێبینیانەی یاریدەدەرێکی باشن بۆ داڕشتنی وێنەکان و هەروەک بۆ بارگاویی کردنی وێنەکان بە تێڕامانی قووڵ بەسوودە، کە ئەم بارە وا دەکات شاعیر وردتر بێتەوە لە پێکهاتە شیعرییەکان (سەرنجدانی هیچ شتێک بۆ بەهرەمەند لە سوود وەرگرتن بێبەش نییە. هەر شاعیرێکیش لە ژیانی ڕۆژانەیدا زۆربڵێ بوو، زوو سەرنجەکانی دەربڕی، نەیهێشت بارەکانی بگەن بە باری تێڕامان و ناخ ڕوونبوونەوە و جیهانبینی و بەهرە خەمڵاندن و درکاندنی، بێگومان کارەکەی وەک نوسراوی ئاسایی پڕە، بەڵام وەک نوسراوی داهێنراو بەتاڵە، چونکە نوسراوی داهێنراو تەنیا بە تێڕامان و ناخ ڕوونبوونەوە و جیهانبینی و بەهرە خەمڵاندن مەزنایەتی وەردەگرێت.) (١٧، ١٢٨)

   شاعیر دەستوپەنجەی لەگەڵ ئەزموونێکی ڕوحی و زەینی نەرمکردووە (شکۆی نەفس)ە و بە ئەفراندنی وێنەگەلێکی نەمرانە وێنەیەکی جیهانبینی خۆی بۆ ژیانێکی پڕ مەینەت و دژوار کە چواندوویەتی بە ژیانی (بابا تاهیر)، کێشاوە.  ڕەنگە هەستێکی فەلسەفی بە شیعرەکەی بەخشیبێت، بەڵام نەک لەوە زیاتر وەک ئەوەی هەستێکی زانستیی سروشتی و تاقیکاری بەسەر شیعرەکەدا بار بکات. لەم شیعرەدا هەموو شت لە خزمەتی هەستی ڕوحی و واتا و جوانی و وێنەی داهێنانەیە. ئەم وێنانە لە ڕێگای دالی ئاساییەوە ئەفرێندراون. بەڵام وەک (ئەدیب نادر) دەڵێت:  شاعیر، وەک پیتێنەر تەماشای شیعر دەکات و بە مانای نادژەباو دەیانپیتێنێت و بە مەدلوولی دیکە دەیەوێ فرچکیان ببڕێت. (١٦٧،١٦)

شاعیر بایەخێکی زۆری داوە بە کرۆک ئەمەش لە ڕێگای سروشتی دالەکانەوە، هەروەها بایەخێکی ئەوتۆی بۆ جوانیناسی و ڕیتمی دەرەکی نەداوە. جوانی و ڕیتم لەناو واتادا شەپۆل دەدەن. لایەنێکی تری بایەخپێدانی شاعیر، هەوڵی پاراستنی یەکێتیی دەقە. ئەو یەکێتییەش لە ڕێگای بنیادی دەقەوە دەستەبەر کردووە. بەجوانی بنیادی دەقەکەی ناسیوە و کاری تێدا کردووە. ئەگەرچی هەموو بەشە بچووکەکانی دەقەکە بنیادی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام لە ناو بنیادی گشتیی دەقەکەدا کۆی کردوونەتەوە و سیستەمی گشتیی دەقی پێکهێناوە.

لەبەر ئەوەی شاعیر خاوەنی شێوازێکی دەنگیی شیعری تایبەت بەخۆیەتی، دەتوانین لە سۆنگەی زمانەوە هەمان سیما لەم دەقەشدا ببینین، کە (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم) لە خوێندنەوەی دەقی: (مەرگی ئاوێنە)دا خستوویەتییەڕوو:

ئاڵۆزی زمانی دەقەکە فۆرمێکی تێکشکاوی بە شیعرەکە بەخشیوە بەجۆرێک بینینی تۆپۆگرافیای نووسینەکە کۆمەڵێک ئاماژە و ئیحا لەلای خوێنەر دروست دەکەن. لە لایەکی دیکەوە دەقەکە ئەفسوونێکی تێدایە، کە خوێنەر بەرەو واتایەک دەبات کە بەڕووکەش واتایەکی نزیکە و هەموو بارێکی بۆ ڕەخساوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو واتایە مەبەست نییە و هەر لە سیاقەکەدا ئاماژەی تر هەن کە واتای قووڵتر و شاراوەتر دەخەنەڕوو. (٤، ١٩٥)

 

شاعیر لێهاتووانە کاری لەسەر هەردوو بابەتی ئاستی ئاسۆیی (هاونیشینی) و ستوونی (جێنیشینی) کردووە. جۆری تایبەتی کاری شاعیر وای کردووە خودان شێوازی تایبەت بەخۆی بێت. (یاکۆپسۆن ڕێژەی بەکارهێنانی هەردوو ئاست بە پێوەرێکی سەرەکیی دەستنیشانکردنی شێواز دەزانێ) (١٥٧،١٨)

لەو سۆنگەیەی شاعیر توانای بۆ ئەزموونکاری لە هەردوو ئاستەکە بە ڕێژەیەکی تایبەت بەخۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو گەیشتن بە شێوازی خۆی. ئەگەرچی ئاستی ئاسۆیی پشتگوێ نەخستووە، بەڵام پتر سەرنجی خۆی لەسەر ئاستە ستوونییەکە چڕ کردووەتەوە، چونکە بەدوای گونجاندنی خەیاڵ و سۆزەوەیە و هەوڵی داهێنانی هێمای نوێ دەدا.

لەم شیعرەدا وێنە و خوازە و هێما زمانێکی نائاسایی بە دەقەکەی داوە. چەند وێنەیەک هەن هێما بەدەستەوە نادەن، وەکو (کرم) لەم دێرەدا:

 

دەزانێت پاش چەند ڕۆژ کرم لە جەستەمان پەیدا دەبێ (٢١٣،١٩)                                             

   بەڵام زۆربەی هەرە زۆری دالەکان لێبڕاوانە وەکو هێما هەژمار دەکرێن، بۆ نموونە (هوما). ئەم هێمایانە بەشێکیان لە بەرهەمەکانی پێشتری، یان شیعرە بەراییەکانی وەک وێنە دەرکەوتوون، بەڵام لە بەرهەمەکانی دواتری وەکو ئەم شیعرە بوونەتە هێما. هەر وێنەیەک دەشێ یەک جار لە شێوەی خوازەدا بە زەین بگات. بەڵام ئەگەر هەم لە ڕووی دەرەکی و هەم لە ڕووی بەهای پێوەری هەمیشە دووپات بوویەوە، ئەوا دەگۆڕدرێت بۆ هێما و دەشێ ببێت بە بەشێک لە سیستەمی هێمایی، (ئەفسانەیی) (٢١١،١١)

لەسەرێکی ترەوە جۆرێکی تر هێماگەری هەیە (سروشتی)ی گشتییە، کە دۆزینەوەی ژێدەرەکەی دژوارە، بۆ نموونە (سمۆرە). بەڵام وەک (ئەدیب نادر) دەڵێت: ئەزموونێکی شاعیر کارکردنە لە زمان، زمان وەکو جەستەیەکی خاڵی، بۆیە شکڵێک بەرهەم دەهێنێت و هەر دەشبێت وەکو شەکڵێک سەودای لەگەڵ بکرێت و پەیجۆری هیچی لێنەکرێت، جگە لە نامۆکردن و سەرسامکردنی خوێنەر بە شکڵی دووبارە دەبێتەوە. (١٧١،١٦)

لە هەرکوێ باس لە هێماگەریی شاعیرانە کرابێت، ڕەنگە جیاکارییەک لە نێوان هێماگەریی تایبەتی شاعیری هاوچەرخ و هێماگەریی شاعیرانی ڕابردوو لە لایەن خەڵکانێکەوە شیاوی تێگەیشتنن، دانرابێت.

شاعیر هێما بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی شان لەشانی بیرە پەتییەکان بدات، بیرە پەتییەکان ئەو بیرانەن، یان ئەو حەز و ئاواتانەن کە ئاشکرا نابن و بە بەرجەستەیی ناکەونە بەرچاوان. بۆ لەناونەچوونی ئەو پیرۆزییە لە تەجریدبوونی بیرۆکەکاندا هەیە بەجۆرێک، کە ئەگەر بەرجەستە ببن ئیتر پیرۆزی و چێژی ئەدەبیان نامێنێت و زۆربەی جاریش لە ئاستی دەلالەتی ڕستەدا لە جێباسی پڕاگماتیکە واتاکەی دەردەكه‌وێ.

 (٤، ١٢٨ و ١٢٩)

دەستەواژەی هێماگەریی تایبەت، لەسەرەتادا تاڕادەیەک سەرزەنیشت ئامێز بووە، بەڵام سۆز و تێڕوانینمان بۆ هێماگەری شاعیرانە بەردەوام بەچڕی ڕووبەڕووی دڕدۆنگیی بووەتەوە. هێماگەریی تایبەت دەلالەت لە سیستەم دەکات و توێژەری وردەکار دەتوانێت هێماگەری تایبەت وەک خوێندنەوەی هێما کە پەیامێکی نامۆ دەدۆزێتەوە ڕاڤە بکات (١١، ٢١٢)

لەو سۆنگەوە شاعیر هەوڵی ئەفراندنی هێمای نوێ دەدات و ئەمەش لێڵی لە زمانی شیعری دەکەوێتەوە.

لەم شیعرەدا کاریگەری ئایدۆلۆژیای شاعیر دەردەکەوێ، ئایدۆلۆژیا بەواتای (کۆمەڵێ بیروباوەڕ و بەهاگەلێکی کەسێک، کۆمەڵگە، یان ڕێبازێک؛ بۆ نموونە قوتابخانەی مارکسیست) نا، بەڵکو زیاتر مەبەست لە جیهانبینیی شاعیرە. ((ئەم کاریگەرییە لە دووتوێی وشەکاندا بەهۆی تاوتوێ کردنی پەیوەندی دەق لەگەڵ چنینی دەرەکییەوە دەناسرێتەوە. هێماکان تایبەتمەندی زمانی نیشانداریی وشەکان لەو توخمانەن کە دەق دەبەستنەوە بە بن دەقی کۆمەڵایەتی و كلتوورییەوە، پەیوەندیی واتاداری وشەکان بە ئایدیۆلۆژیا و هێزەوە دەتوانرێت بە تاوتوێکردنی فره‌پاتبوونەوەی هێما کۆمەڵایەتی، کلتووری و ڕامیاری و بنیادە کۆمەڵایەتییەکانی تر پیشان بدرێت. هەروەها ئەو تایبەتمەندانەی کە نووسەر بۆ کەسەکان و دامەزراوەکان بەکاری دێنێت و فرەپاتبوونەوەی وشە نیشاندارەکان لە پەیڤی ئەودا نیشاندەری بەستنەوەی دەقە بە ئایدیۆلۆژیاوە.)) (٢٠، ٢٦٠)

شاعیر لە دانانی ناونیشانی شیعرەکەیشیدا بیری لە دانان و ئاخنینی کۆمەڵێ واتا و مەغزا کردووەتەوە.

لە بواری نیشانەناسی ناونیشاندا، زۆر پەیوەندیی شاراوە لە بنیادی واتایی دەقەکەدا هەیە. ناونیشانی دەق هەمیشە ئاماژەیەکی قووڵ لەخۆدەگرێت و ڕایەڵە واتاییەکانی دەق ڕێک دەخات. ناونیشانی شیعر وەک سەری جەستەیەک وایە کە پێکەوە گونجانی گشتیی دەقەکە ڕێکدەخات و هەندێک لە لوغزەکان دەکاتەوە. (٤، ٧٧)

 

 

 

  ٢- کرۆکی دەقەکە

شاعیر هەر لەسەرەتای شیعرەکەوە لەڕێگای دەلالەتی (ملدرێژکردن ١- بۆ خوارەوە: سەرشۆڕی ٢- بۆ سەرەوە: سەربەرزی) ئاماژە بە بوون و نەبوونی (شکۆی نەفس) دەکات. بۆ گەیشتن بەم شکۆیە، دەبێت بەسەر جادووی جادووبازاندا زاڵ بیت، ئەوانەی دەورووبەر لە خودی خۆیان نامۆ دەکەن و وایان لێدەکەن گوێڕایەڵ بن و وەکو باڵندەیەکی کەویبوو نانی سەردەست بخۆن (بەرەنگاربوونەوەی هێزی هەڵخەڵەتێنەر). بۆ زاڵبوون بەسەر جادووبازانیش دەبێت خۆر بناسین، ئەو هێزەی بۆ هەموان یەکسانە (گەیشتن بە ڕۆشنایی ڕاستەقینە). ڕۆشنایی ڕاستەقینە لە شێوەی خودا لە ناخدا جیلوە دەکات (بەدەنگهێنانی خودا)، ئەمەش بێداربوونەوەی نەفسی لێ دەبێتەوە. کە نەفس بێداربوویەوە ئامادە دەبێ بۆ هەموو جۆرە ئەزموونێک. لەو ئەزموونانەوە بەرەو حاڵیبوون لەوی تر و دڵنیابوون لەدڵ. بەو دڵنیاییەوە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی خۆی دەکات، کە چۆن بە مەترسییەکانی لەدەستدانی خود تێپەڕێوە لە میانی ئەو تێپەڕینە سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە ئاکارە دزێوەکان. لەبەر ئەوەی شارەزایی ڕێگایە دەتوانێ هێزی ملکەچی بسڕێتەوە و هاوسەنگییەک لەنێوان (دڵ) و (گیان) دروست بکات.

  شاعیر هەر یەک لەم ئەزموونانە لە کتێبێکەوە فێر بووە کە لە کتێبخانەی تایبەتی باباتاهیردایە، دەلالەت لەوە دەکات وەکو باباتاهیر خەریکی ئەزموونێکی (ڕوحی) و (زەینی)یە کە ژیانێکی سۆفیانەیە و ئەم ژیانەش بریتییە لە تێپەڕبوون بەناو کۆمەڵێ قۆناغی سەخت و دژواردا کە شکۆی نەفسی دەوێت تاکو بە سەرفرازی لێی دەرباز بیت. لێکچواندنی ژیانی شاعیر بە ژیانی باباتاهیر لە وشەی (تایبەتی)ی ناونیشانی شیعرەکەوە هەڵمانگۆزیوە، چونکە ناونیشانی شیعرەکە بەبێ (تایبەتی) دەرگای لەسەر ئەزموونی شیعری بابا تاهیری دەکردەوە نەک ژیانی. کۆتایی شیعرەکەیشی وەکو قوفڵێک دەبەستێتەوە بە ناونیشانی دەقەکەوە کە نائومێدبوونە لە زەوی و بەردەوامی دان و دووبارەی بوونەوەی هەمان ئه‌و ڕووداوانەیە.

 

 

٣- نیشانەکانی گیانلەبەران

 ئەم شیعرە کە خودان بنیادێکی گشتییە. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا کۆمەڵێ بنیادی بچووک لەخۆیدا دەگرێ و ئەم بنیادانەش وێنەی شیعرین. بەشێک لە وێنە شیعرییەکان لە ڕێگای ئەو نیشانە و میتافۆڕانە دروست کراون کە وێنەی دیتراوی گیانلەبەرانن. لەم شیعرەدا ئاماژە بە هەژدە گیانلەبەر کراوە. سیانیان ناوی گشتین وەکو (مەل: ١ جار، باڵندە: ٦ جار و گیانلەبەر: ١ جار) کە (مەل و باڵندە) هاوواتان و شەشیان ناوی تایبەتی باڵندەن (کەڵەباب:١ جار، تووتی:٣ جار، حاجی لەقلەق: ١ جار، قومری: ١ جار، پەپوولە: ١ جار و هوما: ٢ جار). پەپوولە لە جۆری مێرووی باڵدارە و هوماش باڵندەیەکی ئەفسانەییە. نۆشیان لە ئاژەڵ و گیانلەبەرانی ترن کە بریتین لە (گامێش: ١ جار، ورچ: یەک جار، کیسەڵ: ١ جار، ئەسپ: ٤ جار، گورگ: ١ جار، بەراز: ١ جار، سمۆرە: ١ جار و گوێچکەماسی: ١ جار). ئەوە جگە لە وشەکانی (مرۆڤ، خودا و فریشتە) کە لە شیعرەکەدا هاتوون و ئێمە لێیان نەدواوین.

بەشیکی زۆریان وەک هێما دەردەکەون و چەند دانەیەکیشیان وەک خوازە و وێنە دەردەکەون. ئاسایی وێنە  بە واتای ئەو شتەیە کە هەیە؛ خوازە واتایەکە بۆ شتێک لەبری ئەو شتەی کە هەیە و هێما (کە جۆرێکی نیشانەیە) واتای ئەو شتەیە کە هەیە و وێڕای واتایەک بۆ شتێکی تر. (٢١، ٥٤)

ئەو نیشانە و وێنانەی لە ڕێگای ئاماژە بە گیانلەبەرانەوە ئەفرێندراون، شان بەشانی وێنەکانی تر بەشداری لە بنیادی دەق دەکەن هەموو تێکڕا واتای ناواخنیی دەق بەدەستەوە دەدەن.

 

فاوست – گره‌و له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا
شاكاری شاعیری ئه‌ڵمانی گۆته‌

١- گامێش و کەڵەباب:

 

گامێش بۆ گیای ناو زەلکاو ملی درێژ دەکات

کەڵەبابیش لە کاتی بانگدان (١٩، ٢١١)

نێرەر: ئاخوێوە (دەنگی شعیر)

وەرگر: بەردەنگ (خوێنەر)

پەیام: شکۆی نەفس

کۆد: زەلکاو، کاتی بانگدان

ڕۆڵی زمان: سۆزداری، شاعیر گوزارشت لە باوەڕی خۆی دەکات.

 

 

  گامێش و کەڵەباب لەڕێگای جووڵەیەکیانەوە کە (ملدرێژکردن)ە، کراون بە هێما. ملدرێژکردن لەخودی خۆیدا وشەیەکی بێ نیشانە، بەڵام لە سیاقی ڕستەکەدا نیشانە وەردەگرن کە بۆ یەکەمیان لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە واتە (سەرشۆڕکردن). بۆ دووەمیان لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە واتە (سەربەرزکردن). یەکەمیان پەیوەستە بە شوێنەوە (زەلکاو) کە دەلالەت لە ژیانێکی گەند و ورگپەروەری دەکات و دەەمیان پەیوەستە بە کاتەوە (بانگدان) کە دەلالەت لە ژیانێکی مەعنەوی و ڕوحپەروەری دەکات. لەم دوو دێرەدا کە بە جۆرێک بەراوردی نێوان دوو جووڵەی یەک ئەندامی لەشە، تێکرا هەڵگری دوو دەلالەتە لە هەمان کاتدا. یەکەمیان ئەم دوو گیانلەبەرە وێنەی دوالیزمی (خراپە و چاکە)ی نەفسە لە ناخی هەمان تاک (مرۆڤ)دا، کە لە ململانێدان بۆ بەرزەفت کردنی مرۆڤەکە. دووەم ئەوەیە هەر یەک لەم گیانلەبەرە دەلالەت لە مرۆڤێک دەکەن، یەک (خراپ: نەفسپەروەر) و (باش: ڕوحپەروەر).

گامێش بووەتە هێمای گەلحۆبوون و دەستەمۆیی و ملدان بۆ ژیانێکی نزم و ژێردەستی لەناو زەلکاودا، کەڵەبابیش هێمایە بۆ نەفس بەرزی و ژیانێکی ڕوحانی لە شوێنێکی بەرز (بانگدانی کەڵباب لە شوێنی بەرزدا). ئەڵبەتە  کەڵەباب لە نەریتی فەرهەنگی ناوچەکەدا هەمیشە خودان نیشانەی پیرۆزێتی بووە. لای یارسان پەلەوەرێکی پیرۆزە. لە میتۆلۆژیای ئیسلامیدا هاتووە، کە کەڵەبابێکی پەنامەکی هەیە قاچی لە ناخی زه‌ویدایە و سەری لە ژێر عەرشی خودا. کەواتە کەڵەباب ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوە لە ڕێگای ئەزموونێکی ڕوحی وەکو بەرزڕاگرتنی نەفس (بە واتای شکۆی نەفس) و بەرزهەڵکشان بۆ پلە باڵاکانی یەزدانی.

کەواتە پەیامەکە ئەوەیە، شکۆی نەفس دەتوانێت لە بەندی شوێن (زەلکاو) ڕزگارت بکات و بتبەستێتەوە کات – ی (بێ کۆتا) (کاتی بانگدان).

سروشتی پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول، پەیوەندییەکی دڵخوازانە و ڕێککەوتنەکییە، بۆیە پەیوەندی نێوان دال و مەدلوول نائەنگێزەیین. ئەگەر ورد بینەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە وشەکانی (گامێش و کەڵەباب) خودان مۆتیڤێکی شاراوەن و لە هەمانکاتدا، بەڵام هەست پێکراو بەبۆنەی ئەو هێما نەریتییانەوە کە لە پشتەوەی وشەکانن.

 

 

 

٢- تووتی:

 

تووتی بێ چاووڕوو دەم دەکاتەوە (١٩، ٢١١)

…….

پوولی لە بن باڵی دەدەن

گوێڕایەڵە و دان لەسەر دەستی نانی نانی دەخوات

بۆ کام لا هەڵیدەن

سەر لە ڕێیە و ڕووگەنمای دادەخات (١٩، ٢١٢)

 

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعر)

وەرگر: بەردەنگ (خوێنەر)

پەیام: لەدەستدانی خود و توانەوە لەناو لاساییکردنەوە.

کۆد: ((بێ چاووڕوو))، ((نه‌خشی ناوچەوانی بەردی بۆ دروست نابێ))، ((پوولی پۆستەی لە بن باڵی دەدەن))، ((گوێڕایەڵە و دان لەسەر دەستی نانی نانی دەخوات))، ((سەری لە ڕێیە و ڕووگەنمای دادەخات)).

ڕۆڵی زمان: تەرغیبییە.

تووتی بەهۆی ئاستی ژیری لە فێربوونی هەندێ وشە و ڕستەی زمانی مرۆڤ بەجۆرێک بووەتە هێمای زیرەکی کە ئاماژەیەکی ئەرێنییانەیە، تا ئاستێک بووەتە هێمایەکی کلتووری. بەڵام خەیاڵی داهێنەرانەی شاعیر هێمایەکی تایبەتی ئەفراندووە کە لە وردبوونەوە لە ئالیەتی ئەو هێزە دەرەکییەی ئەم ژیرییە وەگەڕ دەخات، ئەویش (لاسایی کردنەوە)یە. کەواتە دەلالەت لە (خۆبزرکردن) دەکات کە ئاماژەیەکی نەرێنیانەی هەیە. ئەمەش دەلالەت لەو بەشە بزر بووەی نەفس دەکات، کە چیدی خۆی نییە و ته‌نیا ئەو شتانە دەردەبڕێت کە فێرکراوە. ئەوانی تر (خاوەنەکانیان) چی پێ بڵێن ئەرکی ئەمیش ته‌نیا وتنەوەیە. لە وێنە گشتییەکەدا تووتی هێمایە بۆ ئەو مرۆڤانەی بوونەتە دەستگەمەی هێزی دەرەکی. پەیوەندی نێوان دال و مەدلوول پەیوەندییەکی دڵخوازانەیە کە شاعیر دایهێناوە.

 

 

تووتی کە حەزی لە خواردنی پەپوولەی وشکبووەوەیە

چاوی لە هەنگاوەکانە ئاخۆ ڕێگا دەکەین یان نا(١٩، ٢١٥)

پەیام: فریونەخواردنی هێزە دەرەکییه‌كان و زاڵبوون بەدەریاندا

((خۆی دەخواتەوە و دەروونی قوڵپ دەدات))، ((پەڕی لە کلکی دەردەکێشێ و هێلکەی دەشکێنێت))

کۆد: تووتی هێزێکی ئاراسته‌کراو و داردەستەی جادووبازان

ڕۆڵی زمان: ئیرجاعی (گەڕانەوەیی)، ((تێی ناڕوانین و فەرامۆشی دەکەین))

 

 

 

 

٣- کیسەڵ:

 

دەمە بۆڵەی جادووبازان لە قاوغی کیسەڵێکدا دەمێننەوە (١٩، ٢١٢)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)

وەرگر: بەردەنگ (خوێنەر)

پەیام: پووچەڵکردنەوەی جادووی جادووبازان (هێزی دەرەکی)

ڕۆڵی زمان: سەرووزمانی

کیسەڵ لە نەریتدا هێمای خاووخلسکییە، لەسەرخۆیی و تەمبەڵییە و  ئاماژەی نەرێنی دەگرێتە خۆی. بەڵام لە فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی دووردا وەک لە فیلمی ئەنیمەیشنی (کۆنگفۆ پاندا)دا دەردەکەوێ، کیسەڵ هێمای ئارامییەکی قووڵی دەروونییە. لەم شیعرەدا کیسەڵ بەهەمان شێوە هێمای ئارامی و خۆڕاگرییەکی قووڵە کە دەتوانی جاوودی جادووبازانی پێ پووچەڵ بکەیتەوە.  دەلالەت لە بەشێکی بەرزی خۆڕاگری نەفس دەکات، کە دەتوانێت  (هێز)ی جادووگەران قووت بدات و کپی بکاتەوە. شاعیر دەیەوێ بڵێ نەفسی بەرز ڕادەستی هێزی جادووگەران نابێت.

 

 

 

 

٤- مەلی خۆشخەبەر:

 

René Magritte,

لە ئاوێنەی نووسیندا دەستێک دەبینین

جێگوڕکێ بە دەنگ و بێدەنگی دەکات

لەم جێگۆڕکێکردنەدا

هەموو ئاوازێک دەچێتەوە ناو دەنووکی درەوشاوەی مەلی خۆشخەبەر (١٩، ٢١٢)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)

وەرگر: بەردەنگ (ئێمە: مرۆڤ)

پەیام: چاوکراوەیی

کۆد: ((لە ئاوێنەی نووسیندا دەستێک دەبینین))

ڕۆڵی زمان: ئەدەبی

مەلی خۆشخەبەر (پەپووسلێمانە) هێمای متمانەبەخۆبوون و بەختەوەرییە، بەهۆی ئەوەی شاعیر وشەی نیشانداری (خۆشخەبەر)ی داوە پاڵ و لە چیرۆکی سلێمانی پێغەمبەر وەرگیراوە کە هێمای هێنانی هەواڵی خۆشە، ئەمەش پێچەوانەی مەلی شوومە کە لە فەرهه‌نگی نەریتیدا (بایەقوش)ە و خوێندنی بەسەر هەر ناوچەیەکی ئاوەدانیدا هەوڵ و پەیامی وێرانبوونە. مەلی خۆشخەبەر هێمای ئەو بەشەی نەفسە کە چاوکراوەیی و متمانە بەخۆبوون دروست دەکات و هەمیشە ئومێدبەخشە و هەواڵی خۆش دەگەیەنێت.

 

 

 

فەرمووم لە باڵندەی ئاوی کرد

بۆ وشکایی کە ڕەگی بەهات و بیرەوەری تەڕ و پاراوە

فەرمووی باڵندەی وشکاویشم کرد

بۆ قەراغ گۆلاوی سەربەشەختە (١٩، ٢١٣)

باڵندەی ئاوی و باڵندەی وشکایی هەمان نیشانەن کە دەلالەت لە دوالیزمی نەفس دەکەن. پەیامەکە ئەوەیە کە شاعیر مەشقی بە نەفسی خۆی کردووە بۆ ڕاهاتن لەگەڵ دۆخە سەختەکان.

باڵندەی وشکاوی ___________ گۆلاو

باڵندەی ئاوی _____________ وشکاویی

 

 

 

 

Narmin Mustafa – Exhibition Museum of Contemporary Art Sulamani- 06.05-06.06.2017

٥- ئەسپ:

 

ئای خەڵوەتی دڵ

…..

پووشی قەراغی ڕێگا خەواڵوون

ئەسپ بە ماتی بە تەکیاندا دەڕوات

……

تەمەنی جوانوویی لەناو دڕکی دەم تیژ و

نزیک گورگ گوزەراندووە (١٩، ٢١٤)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)

وەرگر: دڵ (نەفسی خودی شاعیر)

پەیام: تێپەڕاندنی قۆناغی مەترسی و دژواری ژیان

کۆد: دڕکی دەم تیژ، گورگ

ڕۆڵی زمان: سۆزداری (دوان لە خود)

ئەسپ بە درێژایی مێژوو هێمای ڕەسەنایەتی بووە و ڕووبەرێکی زۆری لە پانتایی هونەرەکاندا داگیرکردووە. دەلالەت لە نەجیبی و سەرکەشی دەکات و گورگ هێمای دڕندەیییە. شاعیر گوزارشت لە قۆناغێکی ئەزموونی (ڕوحی) و (زەینی) دەکات، کە توانیویەتی ڕەسەنایەتی خۆی بپاڕێزێت نەفسی خۆی بپاڕێزێت لەو هەڕەشانەی هێزی دەرەکی ئاراستەیان کردووە.

ئەسپی ڕاویشم بە ملوانکەی کیژی کافرۆش بەستایەوە (١٩، ٢١٥)

پەیام: گەیشتن بە ئەوین

ڕۆڵی زمان: (ئیرجاعی) گەڕانەوەیی

٦- حاجی لەقلەق:

بەس نەبوو

حاجی لەقلەق دوا شەهیدی هەولێر بوو (١٩، ٢١٤)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)

وەرگر: بەردەنگ (نوێنەرانی هێزی دەرەکیی خراپەکار)

پەیام: سەرسووڕمان(!)

کۆد: شەهیدبوونی حاجی لەقلەقی هەولێر

ڕۆڵی زمان: سۆزداری (بەس نەبوو!)

حاجی لەقلەق لێرەدا وەک نوێنەری گشتی باڵندە لە شاردا دەردەکەوێت، باڵندەیەکی وەکو حاجی لەقلەق لە شاردا کە هێلانەی هەیە و خەریکی ژیانە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئارامی و سەقامگیری شار، کە جەنگ ئەو ئارامییەی شێواند، باڵندەکان، یان شەهید دەبن، یان ڕەو دەکەن. کەواتە لێرە دەلالەتە لە ئارامی، هەر چۆن کۆتر هێمای ئاشتییە و هێمایەکی جیهانییە و لای هەموو گەلانی جیهان هەمان دەلالەتی هەیە و حاجی لەقلەقیش هێمایەکی لۆکاڵیی شاری هەولێر بوو، بەڵام دواتر زیاتر وەک قوربانی جەنگی براکوژی بووەتە هێمای هونەری. هەر ئەمە وای کردووە نووسەر (حەکیم مەلا ساڵح) لە ڕاڤەی شیعرەکەدا بەناوی (شێوازی زمان و ئاڕاسته‌ی زمان لە شیعری هاوچه‌رخی کوردیدا) بەو ئاراسته‌یەدا بڕوات کە کرۆکی شیعرەکە ببەستێتەوە بە جەنگی براکوژی. نووسەر دەڵێت: ((چەمک و تێمای سەرەکی قەسیدەکە کێشەی شەڕی ناوخۆیە…)). (٢٢)

 هەندێ شوێنی ئەم دەقە بەرەوڕووی جەمسەرێکی ترمان دەکاتەوە. هەر وەکو میشێل ئۆتان لە ((سیمیۆلۆژیای خوێندنەوە))دا باسی لێوە دەکات، دوو جەمسەر لە دەقدا دیاری دەکات:

 

شوێنەکانی یەقین

شوێنەکانی گومان

 

 

ئەم دێرە شیعرە لە شوێنە گومانەکانی دەقە. شوێنەکانی گومانی دەق، پنتە تاریکەکانە، تەمومژەکانە، هێما نادیارەکانە، ئاڵۆزییەکانە. لوغزە هەڵنەهێنراوەکانە و ئەو جێگایانەشە کە ناتوانین لەناو دەقدا پێکیانەوە ببەستین و پەیوەندییان لە نێواندا دروست بکەین. ئەمەندە ئەستەم دەردەکەون وا لە خوێنەر دەکات ناچاری ئەوە دەبێت کە پێشنیازی هەندێ گریمانە بکات بۆ لێکدانەوەی ناواخنی جۆراوجۆری دەقەکە و هەندێ جاریش دەرخستنی چەند ڕاڤەیەکی جیاواز بۆ تێگەیشتن ( ١٧٢،١٦ و 173)

بۆیە (حەکیم مەلا ساڵح) یان هەر نووسەرێکی تر ئاساییە لە لێکدانەوەدا بە ئاراسته‌یەکی دیکەدا ببەن.

بەلام لای شاعیرێکی هێماگەر کە خودان گیانێکی گەردوونی بێت، لە بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور دەکەوێتەوە، ڕەنگە لە هەندێ دەقی شیعردا باسی هەندێ ڕووداو، یان هەندێ شوێن بکات، بەڵام کات و شوێنی ئەم ڕووداوانە وەک (حاجی لەقلەقی هەولێر) بێ پێناسە دەیخاتە بەردەست و جێگاکانیش بێ دیاریکردن باسکراون بەو واتایەی کە ئەو ڕووداو و شوێنانە واقیعیانە سەودا ناکات. بۆیە ئەم هێمایە گەردوونی تر بەکار هاتووە و دەلالەتی تر هەڵدەگرێت: هەر زوو زەین دەبات بۆ (دڵشکان) و (تۆران) لە زێد، نموونە وەک (مەولانا خالیدی نەقشبەندی). لێرەدا (هەولێر) ته‌نیا هەولێر نییە، دەشێت هەر شوێنێک بێت (وڵات، شار، گەڕەک، ماڵ، شوێنی کار و سەرچاوەی بژێو) و شەهیدبوون، یان ڕۆیشتنی حاجی لەقلەق دڵشکان و تۆرانە.

بەهەمان شێوە:

 

بەس نەبوو

قومری دوا شاعیری ترپە و هەست و تاسە بوو (١٩، ٢١٤)

 

 

٧- بەراز:

 

بەس نەبوو

هێزی ئاگرکوژێنەوە دزی پەتاتەی بەراز بوون (١٩، ٢١٥)

 

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)

وەرگر: بەردەنگ (نوێنەری هێزی دەرەکیی خراپەکار)

 

(جاك دێریدا ) فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی له‌ ١٩٣٠ له‌جه‌زائیر له‌دایكبووه‌ و له‌ ٢٠٠٤ كۆچی كردووه‌

وەک (درێدا) باسی لێوە کردووە کە واتای هەر نیشانەیەک بەستراوەتەوە بە واتای نیشانەکانی ترەوە. لەم دێڕەدا ئەوەمان بە جوانی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە شاعیر چلۆن توانیویەتی چەند دالێکی لێک جیاواز و لە ڕووی ڕوخسارییەوە لێک دوور کۆبکاتەوە و لە ڕووی واتاییەوە پەیوەندییەکی ناواخنی لە نێوانیاندا چێبکات.  (بەراز) لە فەرهەنگی ناوچەکەدا ئاژەڵێکی بێزراو و حەرامە و بووەتە هێمای خراپی وەک خراپی مرۆڤە ئاکارناشیرینەکان و تا ئاستێک خودا نەفره‌تی لێ کردبن. ئاگرکوژێنەوە هێمای ڕزگارکردنە، شاعیر دەڵێت ئەو هێزە دەرەکییەکی بەناوی ڕزگارکردنەوە هاتووە تەنانەت دەستی دەچێتە دزینی قووتی بەراز. ئەم قووتە بریتییە لە پەتاتە، ئەوەش دەلالەت لە خۆراکی هەژار دەکات. لێرەدا ئایرونییەکت زۆر بەهێز بەکارهاتووە کە شاعیر دەیەوێ بڵێت، هەژار لە دیدی ئەو هێزە بەناو ڕزگارکەرە نەفرەتلێکراون وەکو بەراز. ئەمەش هێمایەکی داهێنانەیە.

٨- هوما:

 

برادەرانم بابا تاهیر و هوما

لە ئاسمان مەیەنە خوارەوە

چاوی کوشتن و بڕین هێشتا نەنوستووە

دڵتان نەیەتە سەرلێوانتان

زەوی دەموچاوی گەش  و گەرمە و ئەسپ بەو ناوەدا تێدەپەڕن (١٩، ٢١٧)

…….

بابا تاهیر مووروویەک لە نێوانماندا بزر بوو

مووروویەکیش لە مشتووی خەنجەری هوما کەوت (١٩، ٢١٨)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)

وەرگر: بەردەنگ (بابا تاهیر و هوما)

پەیام: نائومێدبوون لە زەوی ((چاوی کوشتن و بڕین هێشتا نەنوستووە))، ((زەوی دەمودووی گەش و گەرم و ئەسپ بەو ناوەدا تێدەپەڕن))، ((خۆریش بە ئاڵۆزی لەدایک نابێ))

ڕۆڵی: زمان سۆزدارییە.

 

 

 هوما وەک هێمایەک لە ئەزموونی تری شاعیر بەرچاو دەکەوێت. بۆ نموونە لە شیعری (مەرگی ئاوێنە)دا. لە ئەفسانەی کوردی و گەلانی تریش وەکو فارس ئەو باڵندەیەیە کە لەسەر شانی هەر کەسێک بنیشێتەوە ئەو کەسە دەبێتە پاشا. بەتایبەتی لە ئەدەبیاتی فارسیدا هەمیشە وەک هێمای فەڕ و شکۆ و بەخت ئامادەیی هەیە. حافیزی شیرازی دەڵێت:

همای اوج سعادت بە دام ما افتد

اگر تو ڕا گذری بر مقام ما افتد (٢٣، ١٠١)

 

 لە دەقی (مەرگی ئاوێنە)دا وەک (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم) خوێندنەوەی بۆ کردووە، هوما ئەو هێزانەن کە مرۆڤ خەریکی گەڕان دەکەن بە دوای گەورەیی بێ ناوەرۆک و شکۆی ڕووکەش. بەپێی ئەم خوێندنەوەیە لەو دەقەدا هوما دەلالەتە کلتوورییەکە دەگەیەنێت. بەڵام لەم دەقەدا (هوما) هاوشان لەگەڵ (بابا تاهیر) بەپێچەوانەی دەقی: (مەرگی ئاوێنە) هێمان بۆ شکۆیەکی ڕەسەن و دەلالەت لە نەفسێکی بەرز دەکەن و بەرز بوونەتەوە بۆ ئاسمان

 

 

ئەنجام:

   لە شیعری  (لە کتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیردا)ی سەباح ڕەنجدەردا، وشەکان زۆر بە وردی و هەستیارێتییەوە هەڵبژێردراون، بەتایبەتی ئەو وشانەی ئاماژەن بۆ (گیانلەبەران) تاکو لە ناو یەک کۆمەڵە هەستدا پێشکێشی خوێنەر بکرێت. زۆربەیان وەکو نیشانە (هێما) بەکار براون و خودان بنیادێکی سیستەماتیکن. ئەم شیعرە بنیادێکی گشتی هەیە، بە دەربڕێکی تر کۆی بیرۆکە و وێنەکان بەرەو یەکێتی بابەت دەجووڵێن. پەیوەندییە هاونشینییەکان واتا پەیوەندییەکانی توخمە شیعرییەکان پێکەوە بە پێکهاتنێکی تایبەت واتا و دەلالەت دەگەیەنن. لەسەر ئاستی پەیوەندی جێنشینی هەوڵی ڕژد دراوە بۆ داهێنانی هێمای تایبەتی و لادان لە زمانی باوی ناوەندە شیعرییەکەی ئەمڕۆ و جۆرێک لە مانەوە و پابەندبوون بە شێوازێکی تایبەت بەخۆی. بنیادی دەرەکی شیعرەکە واتا ناواخنییەکە نییە. شاعیر بە وێنە و هێماگەلی داهێنەرانە پوختەی ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە و جیهانبینی و دۆخی درەوونی و زەینی خۆی وێنە کێشاوە. کە ژیانێکی مەعنەوی سۆفیانەیە و گۆشەگیری بە شکۆی نەفس و دوورەپەرێزی لە جەنجاڵی و پەتای مادەگەرایی وەک نائومێدییەک لە زەوی.

دەتوانین بنیادی ئەم دەقە بە پێی مۆدیلەکەی ڕۆمان بەم شێوەیە چڕ بکەینەوە:

١- شرۆڤەی شکۆی ناخ (پەیام)

٢- شرۆڤەی دۆخەکانی ئاخێوەری شیعر (نێرەری پەیام)

٣- شرۆڤەی بابا تاهیر و هوما (وەرگری پەیام)

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:

 

١- هێمن عومەر خۆشناو، هێرمینۆتیکای شیعری سۆفییانەی مەحوی، (٢٠١٦) هەولێر، ناوەندی ئاوێر – ژمارە ٣١٩

٢- آنە ماری دینەسن، درآمدی بر نشانەشناسی، ترجمان مظفر قهرمان (١٣٨٩ هجری شمسی) آبادان، نشر پرسش.

٣- ژان ایو تادیە، نقد ادبی در قرن بیستم، ترجمە مهشید نونهالی (١٣٩٠ هجری شمسی) جاپ دوم، تهران انتشارات نیلوفر.

٤- محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم، پێکهاتەی زمانی شیعری لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبیی نوێوە (٢٠١٢) هەولێر، ئەکادیمیای کوردی ژمارە – ١٥١.

٥- بابەک ئەحمەدی، پێکهاتە و ڕاڤەی دەق، و: مەسعود بابایی (٢٠٠٤) هەولێر.

٦- فاطمە عظيمي فرد، فرهنگ توصیفی نشانەشانسی (١٣٩٢ هجری شمسی) تهران، نشر علمی.

٧- چارلز برێسلێر، ڕەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەکانی، پێشەکییەک و تیۆری، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی، (٢٠٠٧) هەولێر، بڵاوکراوەی ئاراس ژمارە – ٥٧٥.

٨- پیتەر هاڵبێرگ و ئەوانی تر، تیۆریی ئەدەبی و شێوازناسی ئامادەکردن و وەرگێڕانی ئەنوەر قادر محەمەد (٢٠١٨) چاپی سێیەم، بڵاوکردنەوەی ناوەندی ئەندێشە – سلێمانی.

٩- ویلفرد گرین (و ….)، مبانی نقد ادبی، ترجمە فرزانە طاهری (١٣٨٥ هجری شمسی) چاپ چهارم.

١٠- د. پەخشان سابیر حەمەد، ڕەمز لە شیعری هاوچەرخی کوردی، کرمانجیی خوارووی کوردستان ١٩٧٠ – ١٩٩١ (٢٠١٢) هەولێر، ئەکادیمیای کوردی ژمارە – ١٥٥.

١١- ڕنە ولک – اوستین وارن، نظریە ادبیات، ترجمە ضیاء موحد – پرویز مهاجر (١٣٨٢ هجری شمسی) چاپ سوم،  تهران، انتشارات نیلوفر.

١٢- دیوید دیچز، شیوەهای نقد ادبی، ترجمە: محمد تقی صدقیانی – دکتر غلامحسین ویوسفی (١٣٨٨ هجری شمسی) چاپ ششم، تهران، انتشارات علمی.

١٣- ڕنە ولک، تاریخ نقد جدید (جلد چهارم – بخش دوم) ترجمە سعید ارباب شیرانی (١٣٨٩ هجری شمسی) چاپ دوم، انتشارات نیلوفر.

١٤- ناز ئەحمەد سەعید، لادان لە شیعری لەتیف هەڵمەت دا (٢٠١٣) سلێمانی، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.

١٥- نەسرین ڕەئووف ئیسماعیل، ئەرکی شیعر لە ئەدەبی کوردی دا ساڵانی (١٩٢٠ – ١٩٥٨) (٢٠١٠) هەولێر دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.

١٦- ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم (٢٠١٤) هەولێر بڵاوکردنەوەی ئەکادیمیای کوردی ژمارە – ٢٩٧.

١٧- ئەحمەد ڕەزا، هونەری شیعر نووسین، بەرگی یەکەم دەروازەیەک بۆ ناسینی شیعر (٢٠٠٧) لەسەر ئەرکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی (ی. ن. ک) چاپکراوە.

١٨- شەعبان چالی، شێوازی جزیری (٢٠٠٨) دهۆک، سپیرێز.

١٩- سەباح ڕەنجدەر، دیوانی سەباح ڕەنجدەر بەرگی دووەم (٢٠١٨) تاران، چاپی یەکەم.

٢٠- دکتر محمود فتوحی، سبک شناسی، نظریەها، ڕویکردها و ڕوش ها (١٣٩٠ هجری شمسی) تهران، انتشارات سخن.

٢١- لارنس پرین، دربارە شعر. تجمە فاطمە ڕاکعی (١٣٨٣ هجری شمسی)، تهران انتشارات اطلاعات.

٢٢- حەکیم مەلا ساڵح، زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعری (2016) هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر.

٢٣- کامران کوهستانی، دیوان حافظ (١٣٩٢ هجری شمسی)، چاپ اول انتشارات شبوستان.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌