
كه‌سایه‌تیی قه‌پۆز
ڕێبوار سیوەیلی
(یا خوا پیرۆزبێ، جەژنی نەورۆزتان؟
هەر ئاوەدان بێ، دەم و قەپۆزتان) “حەمە سەعید حەسەن”
تێبینی:
ئەم وتارەم لەسەر داوای هەندێ دۆستان بڵاو دەكەمەوە، كە دیارە بەركەوتنیان لەگەڵ قەپۆزەكان هەبووە. من بۆخۆشم لەم ماوەیەدا بەر هەندێ قەپۆز كەوتم كە بیست ساڵ لەمەوپێشیش هەر ئاوا قەپۆز بوون. بۆیە دووبارە خوێندنەوەی ئەم وتارە هیچ لە هیچ ناگۆڕێت و پێویستە لەو ڕاستییە تێبگەین، كە ئێمە لە ناو جیهانێكی قەپۆزندا دەژین. گرنگ ئەوەیە خۆشمان نەبینە قەپۆز، یان هەندێ حاڵەتمان وەك قەپۆزن لەسەر حساب نەكرێت!
١. مانای وشەی قەپۆز/قەپۆزن لە زمانی ئێمەدا ڕوونە. وشەی كەپۆ، كەپوو بە مانای لووت دێت. وشەی كەپ لە زمانی ئێمەدا بە بەشێك لە جەستە دەگوترێ، كە لە بەشێكی دیكەی جەستەوە دەرپەڕیبێتە دەرەوە، بە مەرجێك تەواوكەری بەشە سەرەكییەكەی لەش بێت. بەمجۆرەش وشەی كەپۆ، یان كەپوو، ئەو بەشە دەرپەڕیوەیە لە ڕووخساری ئێمە كە پێشیدەڵێین لووت. پیتی (ز) لە وشەی قەپۆز دا، لە بنەمادا كورتكراوەی (zin زن)ـەوە هاتووە كە بە مانای ئاودانە دەرەوە دێت. بەپێی م. نەبەز، وشەكانی وەك: ئاوەزێ، ئاوەدز و ئاودزیش هەرلەمەوە پەیدابوون و سەرچاوەكەیان (دزن) و (دزین)ـە. (بڕوانە: نەبەز: 2018، ل: 264-265).
هەر لەمبارەیەوە ئوستازی من د فازڵ عومەر دبێژێت: (دەستخۆش.. پێشنیارەك بۆ ئەتیمۆلۆجیایێ. ھەلبەت قەپۆز ژ كەپ- ھات بت، بەرھۆشە، لێ من رەئیەك دی ھەیە، د‌بت ژ كە- (مەزن، گەورە، قەبە) و پۆز ھات بت. پۆز ل باكور ب واتەیا دفن، كەپوو، بێڤل،.. دێت. ل بەھدینی بۆ كون، كوون دھێت. د بنەڕەت دا كونێن كەپینە (خمخمك) و دەربازی ئەرەبی ژی بوویە: بوز (یبیع بوزات).

٢.بەڵام كولتوور كاریگەریی خۆی بەسەر زمانیشەوە جێدەهێڵێت و ڕەنگە وشەی قەپۆز بەرهەمی ئەم كاریگەرییە بێت. زمانیش لەبەر خۆپەرستی خۆی، ئەوكاتەی نەتوانێت لەژێر كاریگەریی كولتوور ڕزگاری ببێت، جێدەستی خۆی بە كولتوورەوە جێدەهێڵێت و ڕاڤەیەكی تایبەتی بۆ دەكات. ئەمە لە وشەی قەپۆز/قەپۆزندا ڕەنگیداوەتەوە: قه‌پۆز، به كه‌سێكی لوتبه‌رز، خۆبه‌شتزان و خۆبه‌گه‌وره‌زان ده‌ڵێن، كه كۆی كه‌سایه‌تی خۆی له شێوازی ڕووخساریدا كۆده‌كاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی رووخساری ته‌عبیر بێت له كه‌سایه‌تی ئه‌و. بەڵام ئەوە ڕووخسارییەتی كە ئەو وێنەیەی بۆ دروستدەكات، كە خەڵك پێی بڵێن: قەپۆز!، یان قەپۆزن!
٣. قه‌پۆز فۆڕمێكه له كه‌سایه‌تی كه پێناكه‌نێت، گه‌شاوه نییه، بایەخ بە هەست و شعووری به‌رامبه‌ره‌كانی نادات و ساردوسڕ خۆی پیشانده‌دات و هه‌میشه خۆی به ڕاست، عاقڵ و خاوه‌ن ڕا ده‌زانێت و هه‌ركه‌سیش به‌رپه‌رچی بداته‌وه، بیر لە لێدان و پاشقول لێگرتنی دەكاتەوە و ڕقی لێهه‌ڵده‌گرێت و پووچ و بچووكی دەكاتەوە و دەیكاتەوە سفر. چ له ژن‌دا و چ له پیاودا، قه‌پۆز وه‌بیرخه‌ره‌وه‌ی سام و ترسێكی ساخته، خۆبه‌گه‌وره‌زانی و تۆ بههیچنهزانییه. قەپۆز یەك ڕووخساریشی نییە، بەڵكو چەندین دەمامكی هەیە، لەو شوێنەی بیەوێ، ئەو دەمامكە لە ڕووخساری دەكات و ئەو پۆزە لێدەدات، كە سەركەوتنی بەسەر ئەویتردا بۆ دەستەبەر دەكات.
٤. دەمامكەكانی جۆربەجۆرن، جار هەیە دەمامكیی ئایینی و ئایدیۆلۆژی دەكاتە ڕووخساری و خۆی بە سۆفیی و مەشایەخ دەنوێنی، جار هەیە وەك ئایدۆلۆژیستێك دەكەوێتە دوان و سوێند بەسەری ئەم و ئەو دەخوات. جاریش هەیە لێمان دەبێتە ڕۆشنبیر و ئەفەندییەكی ئەكادیمی، كە وا بزانین كلیلی هەموو دەرگاكان لە گیرفانی ئەودایە. لە ئێستادا و لە تۆڕی كۆمەڵایەتیشدا جۆرە قەپۆزێكی دیكەمان بۆ دروستبووە، كاتێك تۆ بەوپەڕی خۆشییەوە دڵێكی تێدەگریت، ئەو لایكێكی ساردت بۆ دادەنێت! یان نامەی بۆ دەنووسیت و ئەو دەیبنێت و وەڵام ناداتەوە و جۆرەكانی دیكەی قەپۆزچێتی فەیسبووكیشمان زۆرن، یان لە ئینستاگرام و ئەوانیتر.
٥. مەرج نییە قەپۆز هەمیشە پۆشتە و پەرداخ و خاوێن بێت، هەیانە شیك و هەیانە پەڕپووت، هەیانە بۆگەن و هەشیانە بۆنخۆش. مەرجیش نییە پلە و پۆستی زۆر بەرز بێت، دەتوانێت بە بچووكترین پایەوە، بە بچووكترین پۆستەوە، تەنانەت ئەگەر بەردەستی دكتۆرێكیش لە كلینیك و دەرگاوانی دائیرەكیش بێت هەر قەپۆزایەتی خۆی بكات. لەبەر ئەوە، هەر بۆن و بەرامەیەكی لێبێت و هەر جلێكی لەبەردا بێت، هەر بە قەپۆزیی دەمێنێتەوە. ڕووخسار دەبێتە، مەیدانی ئەسپسواریی قەپۆز و ئەوەی هەیەتی بە هێنانەوە یەكی برۆ و لچ خواركردنەوە و مۆڕە و تۆنی دەنگ و لەسەر لا دانیشتن و خۆسەرقاڵكردن و.. ئەو شتانە، دەریدەبڕێت و دەیەوێ تۆ بهاڕێت و وردت بكات.
٦. قه‌پۆز وه‌ك دیارده‌یه‌كی زمانی، له كۆتایی حه‌فتاكاندا لە شاری سلێمانی، وه‌ك جوێنێكیش ده‌ركه‌وت: (گوو بخۆ، قەپۆز..) به‌ڵام پاشان له ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا كه ده‌یه‌ی شۆڕشگێڕی و زمانی شیرین بوو: (دڵه‌كه‌م، ڕۆحه‌كه‌م، به‌سه‌رچاو، به‌سه‌ر ڕۆح، حه‌وبرا، هاوڕێگیان، سوپاس، شایانی نییه و هتد)، شوێنیان به قه‌پۆز چۆڵكرد. ئەوەی لەو ساڵانەدا بەیەكێكیتری بگوتبایە قەپۆز، خوێنی خۆی دەكردە كاسەوە. بەڵام ئیتر لەگەڵ دامەزراندنی حكومەتی هەرێمدا، قهپۆزهكان له‌سه‌ر شه‌قام كه‌مبوونه‌وه و وردە وردە، چوونه پشت مێزه‌كانه‌وه و فەرمانگەكانیان پڕ كردن.
٧. له ئێستادا، قه‌پۆز جارێكی‌تر به ڕێگاوه‌یه له شێوه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان، مه‌سئولی بچكۆله، شوفێر و حیمایه‌ی مه‌سئول، سكرتێری وه‌زیر، وته‌بێژ، ئه‌ندامی لیژنه، ڕاگر، مامۆستا، ڕۆشنبیر، پێشكه‌شكار، رۆژنامه‌نووس و ته‌نانه‌ت كرێكاری بیانیی و مۆدێلەكان و بانگخواز و خاوه‌ن كۆمپانیا و ئه‌و بێگانه و ئه‌ورووپاییه خانهنیشینكراوانهی له هه‌رێمدا خۆیان وه‌ك پسپۆڕ ناساندووه، دەردەكەوێتەوە! لەگەڵ ئەوەشدا دوو جۆریان زۆر قەپۆزن: یەكەم كارمەندە قەپۆزە باڵاكان، لەگەڵ میدیاكارە لە خۆڕازیی و قەپۆزچییەكان، كە پێیانوایە نابێت داواكانیان ڕەتبكرێتەوەو هەمیشە بۆیان هەیە بەو جۆرە ڕەفتار بكەن، كە خۆیان دەیانەوێت. بۆیە دەبینیت لە گەرمەی سەمینارێكدا، كامێرا دەچەقێنن و كەسانێك دەهێنن قسەیان بۆبكات و هۆشی ئەو خەڵكەی هاتوون بۆ تێگەیشتن، بەلای خۆیاندا كێش دەكەن.
ئەگەر داوایەكیشیان ڕەتبكەیتەوە، یەكسەر خۆی و كامێرای دەپێچێتەوە و دەیكاتە مننەت بەسەرتەوە و قەپۆزایەتی خۆی ناشارێتەوە و شوێنەكە بەجێدەهێڵێت.
٨. قەپۆزایەتی پەیوەندیی بە كوردبوون و ئەمەركیی بوون و ئەفغانیبوونەوە نییە. پەیوەندیشی بە جۆری ئایین و مەزهەبەوە نییە. هەمووان لە هەر دین و ڕەگەز و وڵاتێك بن، دەتوانن قەپۆز بن. لەم ڕۆژانەدا لە (كانی وەتمان) ویستم پارەی خواردنەكەم بدەم. چوومە بەردەم پارە وەرگر و خەریكی مۆبایلەكەی بوو، قاچێكی لەسەر قاچی دانابوو، زۆر بە مننەتەوە وتی چیتخواردووە؟ گوتم ئەوە و ئەوە، زۆر بە قەپۆزییەوە گوتی: حەوت هەزار و پێنصەد و كەتەوە تەماشاكردنی مۆبایلەكەی.. منیش لەو كاتەدا پارەكەم دەدایە، پێمگوت: بێ قەزابیت وەمزانی تاوانێكی زۆر گەورەم كردووە، ئەوەندە بەساردی مامەڵە دەكەیت.. یەك دوو لەو كەسانەی لەوێ بوون، پێكەنین. كاكی قەپۆزیش بڵێ چی باشە؟ ههههه نەوەڵا، ئەوە داڵغەم لە شوێنێكیتر بوو.. ساڵانێك لەمەوپێش، مامۆستایه‌كی قوتابخانەی كوڕه‌كه‌مان بینی و دوای چاك و چۆنییهكی سارد، ڕووی له‌و منداڵهكرد و وتی: ئه‌مساڵ ده‌بێت به (مسته‌ر فڵان ناوم به‌ریت، ئێ؟!) زهریابیش به‌و شه‌رمه جوانه‌ی خۆیه‌وه وتی: باش. من یه‌كسه‌ر خۆمم له‌به‌رده‌م ساته‌وه‌ختێكی قهپۆزیانهدا بینیه‌وه، چونكه ئه‌و مامۆستایه به‌ریتانی بوو، منیش ده‌زانم كه له به‌ریتانیا باوی مسته‌ر و ئه‌وشتانه له نێوان قوتابی و مامۆستادا نه‌ماوه، یان ناوی تایبه‌ت به‌كار ده‌هێنرێت، یان (سێر). بۆ ئه‌وه‌ی تێیبگه‌یه‌نم به ئینگلیزیه شڕۆكهكهی خۆم، ڕوومكرده كوڕه‌كه‌م و وتم: كوڕم وشه‌ی میستهرت بۆ مامۆستا فڵان هه‌رگیز بیر نه‌چێت، با هه‌ستنه‌كات ڕێزی ناگری. مستەر، سوور هەڵگەڕا! له دڵی خۆمدا وتم با كه‌مێك خۆمان له‌و به‌ڵای قهپۆزییه دوور بخه‌ینه‌وه. من یه‌كسه‌ر وه‌ها تێگه‌یشتم كه ده‌ستێك هه‌بێت و ئه‌مانه فێر بكات كه له كوردستان به‌و جۆره بیر بكه‌نه‌وه كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی كولتووری خۆیانه. جا كورد چۆن لەبەردەم بێگانەدا كوردیتر سووك دەكات، ئەوەیان مەپرسە! ڕۆژێكیشیان ته‌له‌فۆنم كرد بۆ به‌شی ڤیزای سهفارهتێك كه پێشتر مه‌وعیدم وه‌رگرتبوو، له‌گه‌ڵ كه‌سێك قسه بكه‌م. هه‌ر زوو تێگه‌یشتم، زۆر به قه‌پۆزی قسه ده‌كات و خێرا ته‌له‌فۆنه‌كه‌م داخسته‌وه و ئه‌و ڤیزهیهم نه‌ویست كه قهپۆزێك ده‌مداتێ.
٩. قه‌پۆز هه‌ندێجاریش جوانییه‌كی تێدایه، به‌تایبه‌تی له سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا، كاتێ ده‌چوونه لای سه‌ركرده باڵاكانی ئێمه و له تەلفزیۆنهكاندا پیشانده‌دران. ده‌مبینین چۆن به‌جۆرێ قاچیان له‌سه‌ر قاچیان داده‌نا وه‌كئه‌وه‌ی بیانه‌وێ نامه‌یه‌ك بنێرن و كه‌سیان به پیاگ نه‌ده‌زانی.. منیش له دڵی خۆمدا ده‌مگوت: كوڕی باش! تۆ كه ئاماده‌یی بینینی هاوخوێن و هاونیشتیمانیه‌كانی خۆت نه‌بێت، خودا لنگهكهوشی ئه‌مانه ده‌خاته باوه‌شته‌وه. هاوڕێیه‌كم بۆی گێڕامه‌وه وتی: به‌ده‌ست كابرایه‌كی به‌نگلادیشی گیرمانخواردووه و هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌هانه‌یه‌كمان پێده‌گرێت و ئه‌ڵی ئێوه به ئه‌نقسه‌ت مێزه‌كانی كۆمپانیاكه‌تان پیس ده‌كه‌نه‌وه و من ئاماده نیم پاكیان بكه‌مه‌وه. ئه‌مه‌ش جۆرێكی تری قه‌پۆز.
١٠ . بۆیه قه‌پۆز له هه‌موو كو‌لتوورێكدا هه‌یه، هه‌یشه خۆی وا نییه و قه‌پۆزایه‌تی ده‌كات، وه‌ك ئه‌و كچه ناسكانه‌ی كه لێیان نایه‌ت قه‌پۆز بن، به‌ڵام قه‌پۆزایه‌تی وه‌ك ڕووپۆشێك به‌كار ده‌هێنن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێرشه نیگاكان و ته‌علیقه‌كان.. قهپۆزیش هه‌یه به سه‌یاره مۆدیل به‌رزه‌كه‌یه‌وه، یان خزمه دهسهڵاتدارهكهیهوه، به‌سه‌ر پۆلیسی هاتوچۆوه دهقهپۆزێنی.. هەشیانە بە چوونە نێو خواردنگە گرانبەهاكانەوەو لەوێوە سناپچاتێكمان تێدەگرێت بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە، ئەو لە كوێ‌یە و ئێمە لە كوێ.
١١. به‌ڵام پیسترین جۆری قه‌پۆز ئه‌و كاربهدهستانهن كه حكومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌میهێناون. به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه به درێژایی ساڵه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه و گۆڕینی كابینه‌كانیش، هیشتا له‌و پۆستانه‌دا ماون و بگره به‌رهه‌ڵبێنه و به‌رهه‌ڵبێنه (له‌سه‌ر وه‌زنی: كابینه پاش كابینه)، پۆستی تریان پێدراوه. ئه‌م قه‌پۆزانه هه‌ر خۆیان قه‌پۆز نین، به‌ڵكو باوكیشیان قه‌پۆز بووه و سیمایه‌كی قهپۆزیانهشیان به حكومه‌ت داوه. ئه‌مانه ڕووخسارێكی دزێون به ده‌موچاوی ئه‌م ئه‌زموونه‌وه، كه هه‌میشه چاوه‌ڕیی ئیتاعه له خه‌ڵك ده‌كه‌ن و بشزانن كه‌سێك ڕۆحێكی یاخیگه‌رانه‌ی تێدایه، ڕۆحی ده‌رده‌هێنن.. ئه‌مانه ڕۆحی خراپه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ن و زۆرجاریش ئه‌م ئه‌زموونه ته‌نیا باجی خراپه‌كاریی و لوتبه‌رزی ئه‌م قه‌پۆزانه ده‌دات.
هەیانە هیچ ڕەچاوی دۆخی هاووڵاتیان ناكات و ئەوەی بۆ گرنگ نییە كە هاووڵاتییەك سبەێنێ زوو لە كەلارەوە، لە شارەزوورەوە، لە هەڵەبجە و پێنجوێن و شارباژێڕەوە هاتووە بۆ ئەوەی سەعات هەشت و نیو بگاتە ئەو فەرمانگەیەی كارەكەی تێیكەوتووە. كەچی لەوێ بە فەرمانی مودیرعام، هەتا كاتژمێر نەبێتە نۆ، دەرگا لەسەر موراجیع ناكرێتەوە! ئێمە لەو شوێنانە و لە دیدی ئەو قەپۆزانەوە، هاووڵاتیی و مرۆڤ، نین، ئێمە موراجیعین! ئەمجا كارەكەشی بۆ جێبەجێ ناكەن و ناچاری دەكەن شەو لە هوتێل بمێنێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو كەسەی مۆرێكی لایە، لە فەرمانگە نەماوە و مۆرەكەشی لەگەڵ خۆی بردووە!
١٢. هەر وڵاتێك ئاستی هووشیاری هاووڵاتیبوون، ڕێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ و كولتووری بەخشین تیایدا لاواز بوو، پڕ دەبێت لە قەپۆز.. ئەم قەپۆزانە هەموو ئیمكانییەتەكانی پۆست و پەیوەندییەكانی خۆیان بۆ قەپۆزایەتیكردن بەكار دەهێنن. ئەمانە چەوسێنەری یەكەمی هاووڵاتیانن و بێڕێزی و سوكایەتیان پێدەكەن. لە هەر فەرمانگەیەك چەند دانەیەك، لە ژووری جیاواز ئا لەمانە هەن، كە دۆزەخ پیشانی هاووڵاتیان دەدەن…
بنەمای قەپۆزئەستووری مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ باریكیی و لاوازیی پەروەردە بنەڕەتییەكەی، چ لە ماڵ و چ لە قوتابخانە. ئەم سیستەمە ئابوورییەش كە ئێمەی لە قەفەس ناوە، جۆرە قەپۆزێكی دیكەی بەرهمهێناوە: قەپۆزێكی فەرمی و جیدی كە پێت دەڵێت: فەرموو بەڕێزم! قەپۆزێك، كە جلێكی تایبەت دەپۆشێت، ژیست و فیزێكی تایبەتی هەیە و ئێمەی مشتەری و هاووڵاتی وەك عەبدی خۆی دەبینێت. كەواتە دەركەوتەی قەپۆز لە كۆمەڵگەی ئێمەدا سێ سەرچاوەی هەیە: خێزان و پەروەردە و سیستەمی ئابووری. پێویستە لەوێوە چارەسەر بۆ نەهێشتنی قەپۆز بدۆزینەوە، چونكە قەپۆز كاتێك دێتە كۆمەڵگەوە و ده‌بێت لووتی بشكێنرێت.
