ده‌ق و ڕه‌خنه
ده‌ق: سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
ڕه‌خنه: د. فوئاد ڕه‌شید
سه‌رنجێك:
له شیعری نوێی كوردیدا. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداریبم و بیزانم، یه‌كه‌م كه‌سم شیعری یه‌كدێڕم تاقی كردبێته‌وه. له ژماره (8)ی گۆڤاری (كاروان)، ساڵی 1993 نموونه‌یم بڵاوكردووه‌ته‌وه: (ته‌رمێك له‌سه‌ر شۆسته پاكه‌ت ده‌فرۆشێ). دواتر كه‌سانی دی زۆریان به‌كارهێنا. ئه‌مه درێژه‌ی ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌م نییه. بۆ ڕوونكردنه‌وه، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ترمه. (10) ناونیشانن به‌بێ شیعر.
ناونیشان بێ گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كان
له كاتی خۆیدا له قووڵاییدا هه‌ڵده‌له‌رزم
گره‌و له‌گه‌ڵ كلیلسازی گه‌نجینه‌ی پاشا و داهاتووی پێشبینیكراو
پێم بوونه‌ته ڕووبار و خۆم بۆ شه‌ڕی دنیا ناونووس كردووه
گوڵه‌خوريی زمانی سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌ژنۆ شلی بزمارڕێژ كرد
هێڵ كۆبووه‌وه‌ی خاڵ و ده‌ریای به هاژه‌یه
پێغه‌مبه‌ران به جۆره دوودڵییه‌كه‌وه ڕوخساریان وه‌رگرت
ڕووناكی و مۆسیقا ڕوخساری شاعیرێكن به دوژمن ده‌وردراو
كه ڕۆیشتم پێڵووی چرایانم هه‌ڵێنا و مانگم به ڕێگاوه
كه‌ڵه‌باب و مه‌لا ده‌ستڕه‌شترین دێوه‌زمه‌ی یه‌كترن
كانوونی یه‌كه‌می 2020 هه‌ولێر
ئه‌زموونێكی نوێ له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا
ئاماده‌بوونی ناونیشان له نائاماده‌یی ده‌قدا
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی هه‌میشه له هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعریی خۆیدایه. یه‌كێك له‌و ئاستانه‌ی كاری تێداكردووه، ئیشكردنی بووه له‌باره‌ی ناونیشانی ده‌ق.
پێشتر له لێكۆڵێنه‌وه‌ی (ئێستێتیكای ناونیشان له كۆشیعری (شه‌ڕی چل ساڵه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)دا چه‌ند ئاماژه‌یه‌كمان داوه به چۆنێتی ئاماده‌بوونی ناونیشان له كۆشیعری ناوبراودا.
له كۆشیعری (شه‌ڕی چل ساڵه)دا ((گه‌مه‌یه‌كی ئێستێتیكی نوێكارانه‌ی له‌گه‌ڵ ناونیشاندا كردووه و ڕواڵه‌تی هه‌ره دیاری ئه‌م گه‌مه‌یه له دیارده‌ی (ناونیشان له‌ناو ناونیشاندا) به‌دیده‌كرێت. خودی ئه‌م جۆره گه‌مه‌یه ئه‌دگارێكی ئێستێتیكیانه‌ی به ئاماده‌بوونی ناونیشانی كۆشیعره‌كه به‌خشیوه))(1).
ناونیشان بێ گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كان:
له‌م ئه‌زموونه‌یدا (ده) ناونیشانی بێ بوونی هیچ ده‌قێك خستووه‌ته‌ڕوو. به‌و مانایه‌ی له خوار هه‌ر ناونیشانێكه‌وه (بۆشایی، سپێتی)یه‌ك به‌دی ده‌كرێت. ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ته‌واو جیاوازه له ئه‌زموونه‌كانی پێشووتری خۆی و ته‌نانه‌ت جیاواز و تایبه‌تمه‌نده له‌ناو هه‌موو ئه‌زموونه نوێكارییه‌كانی شیعری هاوچه‌رخی كوردی.
ئه‌م كورته نووسینه هه‌وڵدانێكه بۆ به‌دیارخستنی سروشت و په‌یوه‌ندی ئه‌م ئه‌زموونه تایبه‌تمه‌ندییه‌ی، وه‌كو كرده‌یه‌كی نوێگه‌رییانه‌ی داهێنه‌رانه له‌ناو هه‌ر سێ جه‌مسه‌ری كرده‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بیدا (نووسه‌ر، ده‌ق، خوێنه‌ر).
ئاماده‌بوونی ناونیشان، نائاماده‌یی ده‌ق:
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ئه‌زموونی شیعرییدا، شاعیران به چه‌ندان شێوه‌ی جیاواز په‌یوه‌ندی نێوان ناونیشان و ده‌قیان به‌رجه‌سته كردووه.
ئیدی له چۆنیه‌تی پێكهاته‌ی ناونیشانه‌وه. له ڕواڵه‌تێكی زمانییه‌وه بۆ بوونێكی ژماره‌یی و هێمایی تا ده‌گاته نه‌بوون و نائاماده‌یی خودی ناونیشان.
پێگه‌ی جوگرافیایی ناونیشان په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی به تێكسته‌وه وای كردووه له گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا به ده‌ربڕینی جیاواز به‌ها و بایه‌خی ناونیشان بۆ ده‌ق بخرێته‌ڕوو، به‌ربڵاوترینیان ئه‌و بۆچوونه و ده‌ربڕینه‌ی (ژاك درێدا)یه كه ناونیشانی به چراخانی ده‌ق له‌قه‌ڵه‌مداوه(2). ڕه‌خنه‌گری عه‌ره‌ب (محه‌مه‌د مفتاح)یش پێگه و گرنگی ناونیشانی بۆ ده‌ق به پێگه و گرنگی (سه‌ر)ی مرۆڤ بۆ جه‌سته چوواندووه.(3) له گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا ڕۆڵ و گرنگی ناونیشان هه‌میشه گرێدراوه‌ته كرده‌ی خوێندن و ڕاڤه‌كردنی ده‌قه‌وه، بۆیه به‌لای هه‌ندێ له ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ناونیشان كلیلێكی ڕاڤه‌كاری بنچینه‌یییه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌لاله‌ته داخراوه‌كانی ده‌ق(3). هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه خودی ناونیشان به توخمێكی ستراتیژی ناو پێكهاته‌ی ده‌ق داده‌نرێت و ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت له ئاشنابوونی (خوێنه‌ر) به دنیابینی (نووسه‌ر).
هه‌موو ئه‌م ئه‌رك و ڕۆڵ و گرنگییانه‌ی ناونیشان له‌كاتی بوون و ئاماده‌یی ده‌قدایه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ق (نائاماده – غائب) بێت، به‌و مانایه له جه‌سته‌یه‌كی زمانیی خۆی به‌جه‌سته نه‌كردبێت، له‌م دۆخه‌دا ئه‌ركی ناونیشان چی ده‌بێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه ئه‌زموونی داهێنه‌رانه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له (ناونیشان بێ گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كان) هێناوییه‌ته ناو گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه.
له‌م ئه‌زموونه نوێكارییانه‌یدا (بوونی ناونیشان) به‌بێ بوونی (جه‌سته‌یه‌كی زمانیی ده‌ق) هێشتا ناونیشان گرنگیی خۆی هه‌یه له كرده‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی (ته‌ئویلكارانه)دا. ده‌كرێ خوێنه‌ر بۆشاییه‌كانی خوار ناونیشانه‌كان به دوو شێوه خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكات، جارێك له گۆشه‌نیگای چه‌مكی (ئێستێتیكای بێده‌نگییه‌وه). (هیچ نه‌گوتن) له چوارچێوه‌ی گوتاری شیعرییدا مانا و ده‌لاله‌تێكی به‌رفراوانتری هه‌یه له وتنی وشه و ڕسته‌یه‌كی دیاریكراو(4).
جارێكی تریش له ڕوانگه‌ی په‌یوه‌ندی و كارلێكردنی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ره‌وه، ئه‌م ئه‌زموونه خوێنه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌ركی به‌شدارپێكردنی له كرده‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بیدا، له‌و سۆنگه‌یه‌وه بۆشاییه‌كی خستووه‌ته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر به مه‌رامی بینینی ڕۆڵی خۆی له ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیدا. لێره‌وه ده‌كرێ بڵێین (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ئه‌ركێكی نوێی به ناونیشان به‌خشیوه، به ده‌ربڕینێكی دی ڕۆڵ و ئه‌ركی ناونیشانی له كرده‌ی (خوێندنه‌وه)وه گواستۆته‌وه بۆ كرده‌ی كاراكردنی خوێنه‌ر به ئاراسته‌ی به‌شداریپێكردنی له داهێنانی نووسینی ده‌قدا، به ده‌ربڕینێكی دی، بوونی (بۆشایی – سپێتی) له خوار (گوتن – ڕه‌شایی) ناونیشانه‌كانه‌وه، ئه‌ركی نووسینه‌وه بۆ خوێنه‌ر فه‌راهه‌م ده‌كات.
ئه‌زموونی (ناونیشان بێ گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كان) لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی دیكه و جیاواز هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌مه‌ی له‌م چه‌ند دێڕه‌دا نووسراوه قسه‌كردنێك بوو له كۆی سروشتی ئه‌زموونه‌كه، بێئه‌وه‌ی بچێته ناو ورده‌كاریی پێكهاته و ده‌لاله‌تی خودی ناونیشانه‌كان و ڕۆڵ و په‌یوه‌ندییان به بۆشاییه‌كانی خوار خۆیانه‌وه، ئه‌مه‌یان ڕه‌هه‌ندێكی تره بۆ شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه ته‌واو جیاواز و نوێیه.
خودی ئه‌زموونه‌كه‌ش نیشانه‌ی بوونی هۆشمه‌ندیی و دنیابینییه‌كی ئه‌ده‌بیی و ڕه‌خنه‌یی جیاواز و تایبه‌تمه‌نده لای (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر).
په‌راوێزه‌كان:
- فوئاد ڕه‌شید، ده‌قی ئه‌ده‌بی، لا 65.
- محمود عبدالوهاب، ثریا النص، لا 31.
- محمد فتاح، دینامیة النص، لا 72.
- د. محمد الباردي، الصمت والنص المفتوح، گۆڤاری (الخطاب)، ژ (15).