![]()
ماڵی خودا تاریك نابێ
قەسیدە
سەباح ڕەنجدەر
كۆتایی دنیا
لە 31/3/1984 له ئێوارە كۆڕێكی شیعریدا
شیعرمان خوێندەوە و پڕ وزه بووین
دڵ ڕاچه‌نین و ئه‌سپ خۆی هاویشته سه‌ر پاشوو
به جوانیدا ڕۆچووم
تەماشام كرد
خۆش دیمه‌ن و نیگا شاد
بوو بە
شه‌رابی بێژه و
ئه‌ڵقه‌ى خه‌تم و
مه‌ی نه‌ی و
بۆنی یاڵی ئه‌سپ
ناونيشانمان بۆ یه‌ك كرده دیاری و خاڵی چراخانی زه‌وی
خاڵ درێژبووه‌وه بووه هیڵ و ماڵ و دیوانی خودا
چیم بینی چی
چووینە سه‌رووی هه‌ست و ئەوسەری دنیاش
دنیا ئه‌شق بوو ئه‌وسه‌ری نه‌بوو
مانگ چپەی كرد
باڵی ته‌نكی ترپه و ته‌زوو له باڵنده قه‌رز كه
شاره‌زابوونی به‌رزفڕین ئاستی خه‌یاڵه
لە دڵخۆشیدا ڕەنگی پەمەیی بوو
ژنێكی دووگیان زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد و به ژێریدا تێپه‌ڕی
14/7/2025 هەولێر

دوو كەوانە
له مردوو داوای نوێژم كرد
ئه‌م داوایه ڕووناكی كردم
باڵندەی شاراوە هاتە ناو درەختمەوە
هێلانه‌ی بە گیای میوان كرد
ئه‌و گیایه‌ی میوان ده‌یداته میوانی
باڵندە مات و باڵنەهاتووەكانمی خستە هێلانەیەوە
گۆشه و هێڵی له نه‌خشه‌ی ماڵه‌كه‌م زیاد كرد
لە ناوی باڵی مەلە دەهاوێت
دانیشتووم ویستمە ئاسمان بەخێرایی ببینم
ئەستێرەم زیاد بووە
زیاد بووەكەم لەناو كەوانەیەك دادەنێم
كەوانەی كراوە دەستی باڵندەی شاراوە
كەوانەی داخستن دەستی شاعیرێكی دەست لەسەر شان لادراو
خوشكانی حه‌وته‌وانه و ئەستێرەی بۆنخۆش دێنە ناو كەوانەمەوە
ئاوی ژیان تا شانم سەركەوتووه
دەتوانم دەستنوێژی لێ بگرم و بیخۆمەوەش
زیاتر سەركەوێ دەبمە زیندەوەری ئاوی
به چاوی به‌رانێكی سه‌ربڕاو
ته‌ماشای ده‌شتی پڕ گیا و گوێی ڕووبارم كرد
ئه‌شق به بۆنی ڕۆح بوێر بوو
بە بۆنی ڕۆحیش ئاشق بووم
چل ساڵ يه‌كپشوو جه‌نگام
شادمان و ڕووگه‌رمم
به‌خته‌وه‌ریش
ژیانم له باڵ لێكدانی ئەو باڵندە شاراوه‌یه كورت كرده‌وه
جانتاكەی كردەوە لە ناوی ئه‌ڵقه‌ی چل ده‌فم زرینگانده‌وه و داباریم
سەرم بە ناوچەوانی وەنا
گوێم لە خوشكانی حه‌وته‌وانه و ئەستێرە زیاد بووه‌كان گرت
كوڵمی كڵۆ شه‌كر و خوناوه
خەمی گواستەوە شوێنێكی نوستوو
ئاواره‌ی كرد
هەولێر – 23/7/2025

دەرگای سێبووری
تەپونمی جوانوویەك گەنجیمی بە كۆچی كۆچان سپارد
ساڵانی گەچڵاوم گوڵبژێر كرد و پیریم لە لاپەڕگە دانا
مانگ تریفەی خۆی هێنایە نزیكم گوتی
دەتوانی داوا بكەی نزیكتر بێتەوە
تریفە سەراپەردەی سێبوورییە
قەڵای ئەفسانەش
وا خەریكە سەری سۆز هەڵدەبڕێ و تیشكی داوێ
زەوی دەكاتە پاروویەكی گەورە بۆ برسیان
په‌ڕۆیه‌كی ته‌ڕیش بۆ ناوچه‌وانی تاداران
دەرگای سێبووری كراوەیە
ئەوە پەری لووتكه و بناران هاتە ناوی
بوو بە شیرناوی شه‌ربه‌ی حه‌وشه و بانی ماڵی خدری زینده
ساڵانی گەچڵاوم گوڵبژێر كرد
خوری چل بەرخم كردە دووگورد
نوێژی چل ساڵم كۆكردنەوە
لەگەڵ مانگی نزیك بووەوە بووینە ده‌سته‌برا و خوشك
بە یەكەوە تریفەمان ڕژاندە زەوی
ئارەزووەكانی زەویش كۆتری نوستووی ناو بای سه‌رپه‌ڵه‌ن
چاوتاریكان و شەوە و جنۆكەی دەست سوور شكان
هەولێر 23/7/2025

هاتنەوە ناو ئاسۆ
خودا لە هەستەكانی ڕواندم
سەرخۆش نا
خومار بە به‌هێزی زیندووه‌وه و جڵه‌وكێشی كۆچی یاران
یه‌كدڵ ڕژامە كەناری زوڵاڵی گه‌وهه‌ری سپی
هاتمەوه ناو ئاسۆوە
گەرم بووەوە ئەو ئەشقەی چیا ملپێچی سووری لە مل كردبوو
جگەرەی تووتنی بۆننه‌رمی چیایانم
كوژاندەوە و بادەی گۆزه‌ی چل ساڵه‌م هەڵدا
خوداوەندان دەفیان لێ دا و خوانیان پڕ كردم لە یه‌كه‌م به‌ری ساڵ
ناوچەوانی بووە كێڵگەی گەنمەشامی و گوڵ پڕ شیر بوون
گه‌وهه‌ری سپی پەری لووتكه و بنارانه قسە بە چپە ناكا
پرچی شه‌پۆل ده‌دا و لە تەپوتۆز پاكم دەكاتەوە
دەچینە بەر قوتابخانەی بڵێسه و گوڵستان
گه‌زۆ و قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ دەبه‌خشینه‌وه
كیژە ڕوون و پڕ مه‌یله‌كه‌ی دابه‌زیو له ئاسمانی كه‌وه‌ڕۆژ
چڵەدار بەڕوویەكی بۆنی دایك بەرز دەكاتەوە
هەویری زمانی كوردیم له ناوله‌پ دەشێلێ
هێلكەی پیت و وشه‌م و ڕسته‌م دەترووكێن
دیوانێك دەنووسم ناو و به‌رگی
گه‌وهه‌ری سپی لەكه‌ژاوه‌ی ئه‌سپێك لەناو ڕێیەكی بۆنخۆشدا
هەولێر – 28/7/2025

مێوژی شاخان
چرای مانگی هەنگوینی دایسا
ڕوخسارێك لە تەنیشتم بۆنی ڕێگا خۆش دەكا
گەردنی وەك مێوژ بە شاخانەوه‌یه
ئاوێنەم ناشكێنی و هەوام هەڵدەمژێ
دەبێتە پشتێن ناهێڵی سەرمام بێ
خەنجەریشی لەبەر توند دەكا
تا داڕسێته گای له‌شه‌ڕ
گه‌وهه‌ری سپی هەنگاوت به ڕوانینی هێشووی سه‌رلك خومار كه
لە مێژە زۆر لە مێژە لە پێدەشتدا
دەستم واڵا كردووە مێوژی گەردنی بەسەردا بڕژێ
وەرە نزیكمەوە
وەك كوژه‌كه و مۆر لەسەر ناوچەوانم بورشێتەوە
زۆر لاڕێ بوون
سڵاوم له پیری كێوی قاف وه‌رگرته‌وه و به‌ردی كێوانم په‌ڕه كرد
نوێژ و نزام بۆ پرچی پڕت كرد و ده‌سته‌وئه‌ژنۆ له ڕێگاوبانت مامه‌وه
بیر له گه‌وهه‌ری سپی بكه‌مه‌وه
له قافه‌وه تا قاف به‌سه‌ر ئاو و هه‌وادا ده‌ڕۆم
هەولێر – 30/7/2025

ئەڵقەی چل دەفان
شاخان دەستی شایەتمانی وەك لكوپۆپی دره‌خت بەرز كردەوە
نەمتوانی چاوم لە پەری لووتكه و بناران ڕوون نه‌كه‌مه‌وه
ئەسپم لە حەوزی گه‌وهه‌ری سپی ئاودا
پرچت بە تاسه‌ی په‌نجه‌ره‌ی شاران گرێ گرێ و قه‌ف قه‌ف مه‌كه
چیا نمەی گیا و ئاوی شه‌وی ناو دەپژێنن
لە نوێژم بە سرووشی خوداوەندان یاخودای بۆ دەكەم
شه‌ش كەروێشك له به‌ر چاوی هه‌موو ئاده‌میان لە پێشی بڕۆن
بچنە گردی بەرماڵان
بێنەوە بەر پێی و ختووكەی بدەن
ڕووناكی و نه‌وای مات بە پێیەوە
لە هاتنت ئاو لە دەشتی وشك زیادی كرد
خوداوەندان ئەڵقەی چل دەفان لێكدەن
هه‌موو هاواره‌كانی له‌گیانمدا تێكه‌ڵی جه‌نگ ببوون
بوون به خورپه‌ی هاتن و داوایان دام
هەولێر – 3/8/2025

خاڵی سەر دوو گوونبه‌ت
ڕۆژان پێش ئه‌وه‌ی تاریك دابێ پرچی له‌گه‌ڵ با شایی ده‌كا
هەور و حەوتەوانە دوو گوونبه‌تی خەڵوەتن
خاڵی سەریان بەردە نوێژ
یاخودای باڵ ڕەنگاوڕەنگ و خۆشباڵم
دژی ماتەم و ئاوابوون
كەمێكیش نیشانەكانی ڕێگام
لێو گۆشتن و چه‌ناگه خڕ و چاو تێكه‌ڵ ئه‌فسوون و ڕه‌نگ
كە دێ خورپه‌ی هه‌سته ده‌زانم چی ڕوو ده‌دات
لەسەر تەختی نووستنمان چاو دەخاتە سەر دەفتەری وێنەكێشان
شێلوو نابێ و وێنە دەكێشێ
ده‌یكاته ڕه‌نگی باخی خولیا و سێبه‌ری ده‌خاته سه‌ر هه‌موو شتێك
قەل لە ئاسمانی ڕوون دەردەكات
باڵندەی خۆشبێژ باڵ نه‌رم ده‌بن و سۆز دەیانگرێ
پەیكەری شەهید دەهێننەوە گوند
ڕووناكییەكی خودایی لە دەوری خۆیان دروست دەكەن
خاڵ گوڵە خەزێم و باوه‌شێنەیە
لە پەڕی باڵندەی خۆشبێژ
باڵنده‌ی خۆشبێژ ئاسۆن
هەولێر – 6/8/2025

شەڕی دڵخۆشی
ڕەگ شوێنێكی بە ئاوریشم چنراوی خۆش كرد
بووە ماڵی شكست پێهێنانی سته‌مكاران و تاجی لێو به‌په‌ڕ
منداڵانم بێ ئەوەی لە دەرگا بدەن بە پەیژە سەركەون
بە فەرمووی ڕۆح سەردەكەونە سەری سەرەوە
شەڕی دڵخۆشی لەگەڵ یەك دەكەن
گه‌وهه‌ری سپی لە یاده‌وه‌ری جه‌نگێك دێته ده‌رێ
بەختی لە دەنووكی ئەستێرەیەك بۆ هێنامەوە
نمە نمە ڕژامە هەنیەی دڵنیاییەوە
له ڕۆژی خۆشخۆر و شیعر چووم
هەناری گوڵبه‌ده‌م فریای پشكوتن كەوت
ڕووناكی هه‌میشه‌یی هه‌ڵێنا
هەولێر – 8/8/2025

كووپە گەوهەر
زۆر شووشە گوڵاو سەریان خستە دەستمەوە
هیچیانم نەكردنەوە
پایز جۆرێك ئیره‌یییه به به‌هار
بەهاریش بە تەواوی هاتبوو
دایە حەوا بە شانازی ئاگر و پشتی ئەفسانەیەكەوە
هەورێكی لە خوری بۆ هێنام
گوتی بۆنی گوڵاوی چل ڕه‌زه لە ناوی بنوو
درەختی چوار وەرزە
ده‌ست پڕ به‌ر و هێلانه و هێلكه و جریوه و جووكه
بە تیشك و سێبەر دەورت دەدەن
باڵندەی خۆشئاواز لە سەری دەنیشنەوە
گۆرانی‌یان له یاده‌وه‌ریی هه‌ڵگیراو
جریوە و جووكەیان باڵی دڵنیایی دەجووڵێنن
لە تەمه‌نێكی مات هەناری خرۆشاوی خاڵ له سەر
شیرناوی خدری زیندەی ڕژاندە گۆزه‌ی دڵ و چاومه‌وه
له شه‌ڕی دڵ و چاودا
دارستانێك لە لێوم ڕوا
دۆزیمەوە ئەو درەختە شلكەی
بە گەنجی كووپە گەوهەرم لە بنی دانابوو ببێتە ڕەگ
هەولێر – 10/8/2025

ئەفسوونی چلچرا
ئەفسوونی یەكەم چلچرا و تافه‌تافی تاڤگه ڕسكان
تەماشای لای ڕاست و چەپم نەكرد
گه‌وهه‌ری سپی دەڵێی خۆری تازە هەڵاتووى مانگی گه‌لاوێژه
لە نێوان لكوپۆپی درەختەوە
دەستبازیم لەگەڵدا دەكا
دێته‌خوارێ چاوم لێیه به‌جارێ دێته خوارێ
نەرمونیان پەڵەی زەوی دەڕنێ
جوانیی بۆ كردمە پەڕوباڵ و به‌رده‌نوێژ و گیای ڕاز
لە پشتی كەروێشكێكی خرپنی بەستا
جوانیی كەس و كار و كار و به‌رخ و ئه‌لفوبێی دیوانی منن
هەموو كاتێك چاوەڕێم
كار و بەرخی دەم بە بۆنی گیای ڕاز
گفتوگۆم لەگەڵدا بكەن
پەری لووتكه و بناران دەرگا و پەنجەرەم دەكەنەوە
خرمەی ناڵی ئەسپی حیله په‌یام و هه‌واڵ نه‌رمه
چلچرایەك دێتە ناو چوارچێوەوە
لەبەری خۆبینین و ڕێكپۆش ده‌بم
بە دەنگی كەروێشكی ناو بێستان
بانگی هه‌نگاو و ڕێگام كرد
دوا گفتوگۆ و دەستبازیمه له‌گه‌ڵ وشكبوونی برین
هەولێر – 12/8/2025

نووستنی ماسی
ماسی لە ئاوێ دەنوێ و ساكاری ئاو تێك نادا
گه‌رای تێدا داگیرساو و وریایانه‌ش چاو ده‌گێڕێ و ڕوونی ده‌كاته‌وه
گه‌وهه‌ری سپی لە ئاو دەرهات
هه‌تاوی جوانیی به‌هێزبوو
لەسەر پەنجانم خەوت
سەرچه‌فی كولێره‌ی توێژی گیان بەسەر خەوتووی سەر پەنجانم دادا
دارشاتان و هاووڵاتیانی
مۆسیقای جۆلانه‌یان ژەند و شانیان لێكدا
پەری لووتكه و بناران هەموویان هاتن
لە دەوری جوانیی گه‌وهه‌ری سپی خۆیان ڕێكپۆش كرد و داگیرسان
ڕووناكی حەوشە هەموو دنیای كرده خوان و په‌یام و ناسینی گیان
وەك پەیكەرێكی ناوچه‌وان خوێنراوه و په‌راوێز نووسراو بووم
سیەكانی گه‌وهه‌ری سپی هاتنە سینگمەوە
ئێستا مرۆڤێكی تا بڵێی ئالووده‌م به هه‌تاوی به‌هێزی جوانیی
لەگەڵ گه‌وهه‌ری سپی شانم لێكداوە
لە شایی گونددام
ده‌سته‌ی هه‌ڵپه‌ڕكێی باڵابه‌رزان ڕۆژێ سه‌د جار خودا ده‌بینن
16/8/2025 هەولێر

به‌دوای سۆراغدا چوون زۆر سپییه
ده‌ستم له ساردایی ناخم دا و له‌سه‌ر ناوچه‌وانی چیای تاگرتووم دانا
تا به‌ری دا
ڕووناكی پاراوی سپێدان
یەكەم سپیایی ڕۆژ وه‌ك لێدانی دڵ بوێره
زۆر داوایی ناكەم
بەهێزی كێش
بە دوای سۆراغی كەسێكدام
ماڵی بەرزی و نزمیم بۆ دەكا و بزرم كردووە
ڕوخسار تۆقیوەك چاوەڕوانی زەردەخەنەیەكە
بە بەر كەپری پشوودانم تێپەڕی
كه‌پری پشوودان زۆر سپییه
ئایا وازم لە ته‌مه‌نی شكاو و سەرسامی هێنا
سۆراغی كەسێكم كرد
كه‌سێك چ كه‌سێك
چیم بینی چی
ئاوم بەستای
ماسیەك لە بن ئاوی بەستراو
داوای سۆراغ دەكات
بەڵێ دەزانم لە كوێ گەورە بووم
خۆری به‌هێزی جوانیی چۆن شه‌خته‌ی شكاند
چۆنیش چوومە ڕاو و كه‌روێشك هه‌ستان
كەیش ماسیم باڵی مەلەی هاویشت
ئه‌و شتانه فێرده‌بم كه نایانزانم
هەولێر – 18/8/2025

تابلۆکان ؛ ئیسماعیل خەیات ١٩٤٤ – ٢٠٢٢
Ismail Khayat, Lasting Ipression, Sharjh Art Museum, 2022

