هوسرل ئیدمۆدند - Edmund Gustav Albrecht Husserl (* 8. April 1859 in Proßnitz in Mähren, Kaisertum Österreich; † 27. April 1938 in Freiburg im Breisgau, Deutsches Reich)

دیاردەگەریی دەستپێگە و کرانەوە


Loading

” دیادەگەریی/ فینۆمینۆلۆژیا” جێی بایەخێکی بەرفراوانی لە گرنگیپێدانی بیریاران و ئەو کەسانەدا گرتووە، کە سەرقاڵن بە کاروباری ڕۆشنبیریی و شارستانێتیی مرۆڤایەتیەوە، ئەویش بەهۆی ڕێگەی جیهانبینییەکەیەوە بۆ جیهان، کە پشت بە شارەزایی هەستیی دەبەستێت بۆ دیاردەکان، واتە ئەوەی دیاردەکە لە شارەزاییماندا دەینوێنێت، ” ئەرکی فینۆمینۆلۆژیا لێکدانەوەی هەستی پەتیی و کردە مەبەستدارەکانیەتی بەو پێیەی بنەڕەتی هەموو ئەبستیمێکە”(١ل١٦٢). ئەبستیم  لەبەر ئەو ڕۆشناییەدا لەسەر دیاردە بونیادنراوە، واتە ئەو دەرکەوتانەی دەتوانرێت بیانناسین، جگە لەوەش یان نابوونەوەرە یان بوونەوەر بەڵام لە دەرەوەی سنووری درکی ئەقڵە.
  ئەوەی دیاردەگەریی پێشکەشی کردووە کارکردنە لەسەر دوورخستنەوەی هەموو بڕیارە پێشینەکان، کە بە زریزەیی مێژووییدا جیادەکرێنەوە تا بتوانرێت ئەو ناوەڕۆکە پەتییانە بە ئاسانیی “باس/ وصف” بکرێن، کە لە ئاگاییدا ئامادەیە، بۆ ڕاڤە کردنی ئەوەش چەمکی مەبەستگەریی دێت، کە ” هوسێرڵ/ Edmund Husserl ١٨٥٩- ١٩٣٨” باسی کردووەو دەستپێگەکانی دیاردەگەریی بۆ دەگەڕێتەوە ، کە ” پێشنیازی گرنگییدان بەو چۆنێتییە دەکات کە کارە ئامادەکەی پێ ڕادەپەڕێنرێت” ( ٢ل/٨٣).
  چەمکی مەبەستگەریی کە دیادەگەریی بەکاری دەهێنا، دواتر بۆ ” پشتگیریی کردنی بەدەنگەوەهاتنی خوێنەرو خوێندنەوەی تایبەت بۆ مەبەستی نوسەرو ئەوەی شەقڵی بابەتیی بە دەق دەبەخشی بەکارهێنرا، ئەوەی کە لە هەڵوێستی دیاردەگەرییدا ئامادەییەکی دیاری هەیە ئەوەیە کە کردەی مەبەستدار ناوەڕۆک بەرهەم دەهێنێت، ئەم ناوەڕۆکەش مانای بابەتگەریی شتەکەیە هەروەک پێدەری کردەی پێکهاتنیشە” (٣ل/ ٣٠)، ئەوە پەیوەندیی بە هەڵوێستی ئیبستمۆلۆژیی دیاردەگەرییەوە هەیە، بەمانا گشگیرەکەشی لەسەر پەیوەندیی دیالێکتیکیی نێوان بیرۆکەو واقع پێکدێت، واتە خود یاخود بابەت یان ” بوون/ کینونة/ being” بەردەوام پەیوەندییان پێکەوە هەیە، هیچ شتێک بەبێ کەسێک بوونی نییەو هیچ کەسێکیش بە بێ شت.
  هوسێرڵ هەوڵیدا خودو کردار پێکەوە بگونجێنێت بەوجۆرە چەمکی باڵابوونی لا دروست بوو.. بەمجۆرە پێناسەی دەکات :  مانای بابەتییە دوای ئەوەی دیاردە مانایەکی پەتیی لە هەستدا ، بۆ دوای هەڵگەڕانەوەی جیهانی هەستپێکراوە دەرەکییەکان پێکدەهێنێت ئەو دادەمەزرێت، واتە جیهانی ماددییەکان بۆ جیهانی هەستەکیی پەتیی ناوەکیی( ل/ ١٦٢).
  هوسێرڵ دوو چەمکی ڕوونکردەوە، کە خەریکبوون ڕووبەڕووی لایەنی خودیی و بابەتیی کردەی خوێندنەوەی ڕەخنەیی بە هەموو شێوەکانییەوە دەبوونەوە، ئەوانیش نۆێزیس Noesis  و نۆێما Noema بوون، لە بونیادی کردەی مەبەستداریشدا جیاوازی لە نێواندا دەرخستن. نۆێزیس بە مانای جەمسەری خودیی بەرەو کردار دەچوو، کردەکەی تریش نۆێما کە جەمسەری بابەتیی بوو، واتە ئەو بابەتەی کە ئاماژەی بۆ کراوە، هەردووکیشیان لەناو یەکەی شارەزایی مەبەستگەریدا پێکەوە لکابوون، ئەوەی کە ناوی لێنا خودی بیرکەرەوە یان کردەی بیرکردنەوە( ٣ل/٣١).
 هوسێرڵی دامەزرێنەری دیاردەگەریی کاریگەرێتیی فەلسەفەکانیتر ڕەت ناکاتەوە، وەک هیگڵ و کانت و هایدگەرو سارتەرو مۆرلۆپۆنتی و پۆل ڕیکۆر، گومان لەوەدا نییە زوربەی پێشنیازەکانی ڕەخنەی نوێ، میتۆدگەرییەکەی لە دیاردەگەریی هایدگەرەوە وەرگرتووە، کە کردەی فەلسەفیی بۆ ڕەوتێکی نوێ گۆڕی، پرۆژە فەلسەفییەکەی بە دەسکاری کردنی هەندێ دەسپێگەو پێدراوەکانی هوسێرڵ دەرکەوت، ” پرۆژەی دیاردەگەریی لە ئاگایی پەیوەندیی بە جیهانەوە گواستەوە بۆ بوونی مرۆڤایەتیی پەیوەندیی بە جیهانەوە” (٤ل/٧٩) هەروەک زۆرینەی پێشنیازە ڕەخنەییەکان لەسەر ئاستی زمان و ڕەخنەی ئەدەبیی لەوەوە دەستیان پێکرد، دیاردەگەریی سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە پێکهێنانی ئاراستەیەکی فەلسەفیشدا تا ڕادەیەکی زۆر لە پشکنیندا، لە کاتێکدا پرەنسیپی هەڵگۆزینی داڕوخاند، ئاسایی بوو کودەتایەک بکات بەسەر ئەوانەشدا کە سەر بە هزری نوێ بوون وەک جاک دریداو رۆڵان بارت و مێشێل فۆکۆ. چون دیاردەگەریی کۆڵەکەی کاروانی هزرێکی فەلسەفیی ئەوروپیی تازەی چەسپاندو هەموو جیهانیشی گرتەوە، ” چارەسەری دەسەڵاتی تێگەیشتن و دانانی کردو ئاگای لە مافی پرۆسەی خوێندنەوەش بوو، گومانی لە پڕبوونەوەی دەلالەتەکانی دەق کرد بە بێ وەرگر، ئەم خاڵە پێشڕەویی کرد بۆ باسکردنی پەیوەندیی دیاردەگەریی و هێرمنیوتیک” ( ٣ل/٣١).
جان پۆل سارته‌ر Jean-Paul Charles Aymard Sartre (* 21. Juni 1905 in Paris; † 15. April 1980 ebenda) war ein französischer Romancier, Dramatiker, Philosoph und Publizist.
سارتەر وایدەبینێت کە نوسەر پشت بە سەربەستیی خوێنەر دەبەستێت بۆ ئەوەی بەشداریی لەگەڵدا بکات لە بەرهەمهێنانی مەدلولەکانیدا.. بەهای داهێنان و بەرجەستە بوونی پەیوەنددارە بە ئازادیی خوێنەرەوە، کە نوسەر پشتی پێدەبەستێت بۆ ئەوەی کارەکەی بهێنێتە بوونەوە، بە ڕۆشنایی ئەم وێناکردنە کار ئەبێتە کۆششی مرۆڤ لەبری ئەوەی ببێتە مەبەستێک ” لە خۆیدا/ بذاته” ( ٥ل/ ٩١). هێرمنیوتیک هەوڵ بۆ ڕاڤە کردنی جیهان دەدات لە میانەی گرنگییدان بە میکانیزمەکانی تێگەیشتن و بە جۆراوجۆرکردنی ئەو میکانیزمانەی کە ئەو بەرجەستە کردنەی تیا ڕوودەدات، بە هۆکاری گونجاو و دیاریکراو، بەو پێیەی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئاگایی و بوونە، دیاردەگەریی لەم چوارچێوەیەدا، گرنگیی دەدات بە داڕشتنی وێنەی دیاردەکان لە ڕێگەی پێدانی ماناو دەلالەتەوە، تا گوزارشت لە تایبەتمەندێتیی خۆی بکات، لێرەوەیە کە ( فەلسەفەی “بوون/ الوجود” لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ فەلسەفەی ” بوون/ الکینونة” دیادەگەرییش دەگۆڕێت بۆ هێرمنیوتیک) (٥ل/ ٩١)،
جێی ئاماژەیە کە دیاردەگەریی کێشەی تێگەیشتنی بوون چارەسەر دەکات، هێرمنیوتیکیش گرفتی تێگەیشتن لە بووندا چارەسەر دەکات ئەم مانا بەرامبەرکێییە بەتەنگ کرانەوەی وێناکردنی خودو بابەتەوە دێت، لە نێوانی نۆێزیس و نۆێمادا بەو پێیەی وێناکردنێکی ئیستاتیکی دیاردەگەرییە. ئەمە دەلالەتی خۆی هەیە لە کایەی خوێندنەوەی ئەدەبییدا، کە خوێندنەوەیەکی خودگەریی دەق دەخوازێت و ڕەوتی زریزەیی یان بەدوای یەکدا هاتووی مێژوویی و ڕەوشی بەرهەمهێنانی فەرامۆش دەکات، دەق بە دووی بۆشایی کاتدا دەگەڕێت، هیچ ئاماژەیەک نادات بەوەی مرۆ بکەوێتە هاوبەشیی مەبەستگەریی، بەڵام مەبەستگەریی دانراو مانای بابەتیی دەخاتە بەردەستی کردەی مەبەستگەرا لێکدراوەکە یان شیکراوەکە.  گەر بمانەوێ ڕای ولفانگ ئایزەر بزانین، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی زانکۆی کۆستانس و فەلسەفەکەی پراکتیکێکی تەواوی فەلسەفەی دیاردەگەرییە و گرنگیی هەیە لە کایەی کاریگەریی ئاڵوگۆڕکێی نێوان دەق و خوێنەردا، ئەو وایدەبینێت کە دەبێت خوێنەر نمونەیەکی داماڵراو بێت لە شارەزایی ئایدیۆلۆژیی، گەر خوێنەرێک نەیتوانی خۆی لەو شارەزاییانە داماڵێت، ئەوا خوێندنەوەی دروستی دەق مەحاڵە( ١.ل/١٦٣).
ئەمە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە جۆری بەکارهێنانی چەمکی ڕەخنەی دیاردەگەریی لە نێوان بیریارێکەوە بۆ ئەویتر دەگۆڕێت، ئەویش بەپێی سوود وەرگرتنی لە پێدراوە فەلسەفییەکە و ڕوانینە ڕەخنەییەکەی، گەر چەمکی مەبەستگەریی بەوجۆرە وەرگیرابوو کە گۆڕەپانی بەدەنگەوەهاتن بێ بۆ پرۆسەی وەرگرتن و خوێندنەوەی تایبەت بە مەبەستی نوسەر، ئەوا دەقەکە شەقڵی بابەتیی بەسەردا زاڵ دەبێت… تیۆری مەبەستی مانای دیاردەگەریی نمونەگەلێک لە خوێندنەوەو پەیوەندیی دەگرێتەوە، لە ناویاندا ئەوی سارتەر پێشکەشی کردووە لە هۆهێنانەوەیدا بۆ باسکردنی دیاردەگەریی کە ئامانجەکەی نواندنی ناوەڕۆکی شارەزاییە نواندنێکی ڕوون و بی هەڵەیە ( ٣ل/ ٣١- ٣٢).
لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنەدا وایدەبینێت کە بەهای داهێنان و بەرجەستەکردنی پەیوەنددارە بە ئازادیی خوێنەرەوە، ئەوەی کە نوسەر هانای بۆ دەبات بۆ ئەوەی کارەکەی بهێنێتە بوونەوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەدا دەتوانین بڵێین جۆرێک لە پەیوەندیی دەستاودەست کردن خوێنەرو نوسەر پێکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەند خوێندنەوە زیاتر بێت کردەی نوسین لای نوسەر دەوڵەمەندتر دەبێت، واتە بواری مەبەستەکانی فراوانتر دەبێتەوە، ڕەنگە سارتەرو مۆرلۆپۆنتی یەک بگرنەوە لە باسکردنی دیاردەگەرییدا. چونکە ئاگایی پێویستە بەرجەستە بێت، کەواتە هەر دەبێت هەر باسکردنێکی تەواو چاوێکی لە کایەی دیاردەگەریی بێت بە پێی جوڵەی شوێنگەریی و ئاماژەو گوزارشت، ئەمە لەگەڵ دیدی سارتەردا دەگونجێت، بەڵام لەگەڵ دیدی هۆسێرڵدا جیاوازە، لایەنی هەستیی جوڵەیی و هاوهەستیی بۆ شتی باسکراو، بە بۆچوونێکی بەرزەفڕ وەسف ناکرێت، یەک – پێشتر- لە کایەی درککردن و ئەزمونگەرییدا بەرجەستەو لەخۆگیراوە( ٢ل/٣١).
گەر  مانا لە دەقێکدا دیاریکراوبێت، مرۆش تەنها پێویستیی بەوە هەبێت بە کۆششی سروشتیی خۆی بیدۆزێتەوە، لەسەر ئەم بنچینەیەوە هیرشی فەیلەسوف پێێوایە هێرمنیوتیک باسکردنێکی دیاردەگەرییە، لێرەدا هیرش هەوڵ دەدات ئەوە دەربخات کە وەسفی دیاردەگەریی هۆسێرڵیی دەتوانرێت بۆ چارەسەری دەقە ئەدەبییەکان بەکاربهێنرێت، لە لایەکی تریشەوە بەوجۆرە میتۆدەکەی هیرش وەردەگیرێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات هەر قەسیدەیەک تاکماناییەکی بابەتیی هەیە، ئەو مانایەش مانا مەبەستدارەکەی نوسەرە ( ٦ل/ ٤١- ٤٢).
  بەڵام لە وەسفی دیاردەگەرییدا لای ئینگاردن، یەکەکانی ماناو چەند بابەتیی بە هەند وەردەگیرێت، لێرەدا نوسین یان پرۆژەکەی تەواو بەدی نایەت، لەبەرئەوەی چاوەڕوانی کات و شوێن و بکەرێکی تر دەکات، ناشکرێ بۆ نوسەرەکەی ئامادە بێت، تەنها بە شێوەیەکی نادیار نەبێت.
  لەوەی پێشترەوە دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە دیاردەگەریی پەناگەی زۆرێک لە ئاراستە فەلسەفییەکانی دوای نوێگەرییە، کە کاری لەسەر بنەڕەتی چالاکیی خود دەکرد، لە بانگهێشت کردنی ماناداو ئاشکرا کردنی تەمومژ کە بە ڕۆڵی خۆی مانای جیاوازی تر بەرهەم دەهێنێت، بەمجۆرە خوێندنەوە بەشێوەیەکی ناکۆتاو بێهاوتا دەڕوات.
ته‌واو

 

 

 

سەرچاوەکان
. 1 فطوس (بسام) : المدخل إلى مناهج النقد المعاصر ، ط1، دار الوفاء لدنيا الطبع ، الإسكندرية، 2006
2 .  علوش (سعيد) : المصطلحات الأدبية المعاصرة ، منشورات المكتبة الجامعية ، الدار البيضاء ، 1984.
3 .  سلفرمان (ج- هيو) : نصيات /بين الهرمينوطيقا والتفكيكية، تر: حسن ناظم وعلي حاكم، ط1، المركز الثقافي العربي ، الدار البيضاء ، 2002.
4 .  توفيق (سعيد): الخبرة الجمالية – دراسة في فلسفة الجمال الظاهراتية ، ط1 ، المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر ، بيروت
5 .  ماكوري ( جون ) : الوجودية ، تر : امام عبد الفتاح ، سلسلة عالم المعرفة ( 58) الكويت ، 1982
6 .  هوي (كوزنز): الحلقة النقدية ، الأدب والتأريخ والهرمينوطيقا الفلسفية، تر: خالدة حامد ، ط1، منشورات الجمل، بغداد، 2007
نوسینی:
ماهر الكتيباني
ئەم باسە لە ماڵپەڕی ” النور” وەرگیراوە. بە ناونیشانی:
الظاهراتية المنطلق والانفتاح لە ٢٥/ ٤/ ٢٠١٠ دا

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین