کاری کۆلاژ - ٢٠٢٢ - نەژاد عەزیز سورمێ

ڕەخنەی شیعری ترپەیی پێشەوا کاکەیی


Loading

ڕەخنەی شیعری ترپەیی

پێشەوا کاکەیی

 

 

ڕەخنەی شیعری ترپەیی، هەوڵێکە یان دەرگایەکی تری خوێندەوەیە جیا لەو خوێندنەوانەی بۆ شیعر کراوە دەکرێت، بە جۆرێکە ڕەخنە لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم خوێندنەوەیە نە ستاییشە و نە کینەبازییە، بەڵکوو ئەوە خوێنەرە کە دەبێت بە «دڵی خۆی» لە «دڵی شاعی» بگات، ئەمەیش شتێکی زۆر گرنگە «تیۆری نرخزانی شیعر»ە لە ڕەخنەی شیعردا، کە جەخت لەسەر دەنگدانەوەی ڕۆح و بەستنەوەی بە ڕۆح دەکاتەوە. لە بازنەی ڕەخنەی شیعری ئێستادا، «لێکدانەوەی ناچاری»ـی ناچار بە تیۆرگەلێکی دڕێژراو و سواو و کڵێشەسازی [پیتی ئەلف لە جێی جیم و دال لە جێی جیم دانان] بەربڵاوە و ناونانی ڕەخنەی شیعریش مەیلی زاڵبوونە. ئەوەی پێی دەگوترێت لێکدانەوەی ناچاری، لە «گوتاری دەق» لادەچێت و ئاماژە ئەدەبییەکان لە ناو دەبات و بە پێی مەبەست و دەرەنجامە خودگەراییەکانی تیۆریستەکان بە پشتبەستن بە هەڵوێست و مۆدێلەکانی پێشوو، دەق و ئەدەب لێک دەداتەوە. لەژێر دەنگی ڕەخنەگرانەی لێکدانەوەی ناچاریدا، زۆرێک لە ڕەخنەگرانی شیعر، زۆر جار بە زۆر تیۆری جۆراوجۆری وەک [ئێگزیستانسیالیزم، ستراکتورالیزم، دیکۆستراکشنیزم، فێمینیزم و پۆستکۆلۆنیالیزم…] دەچێنن، پارچەپارچەبوون بە بێ شیعر یان تەنانەت لە دەرەوەی ناسینی شیعرەوە، مەحاڵە بۆ خوێنەر و نووسەر بۆ ئەوەی بگاتە هاوسۆزی و تێگەیشتنێکی هاوسۆزی. ڕەخنەی شیعری ترپەیی، سەر بەم جۆرە لێکدانەوەی ناچارییە نییە، [ڕەخنەکانی پێشوەختە و چەمکی پێشوەختە و کڵێشەسازیی پێشوەختە] تێیدا قوت نابێتەوە و زاڵ بێت، کە بەشی یەکەمی ئەم جۆرە توێژینەوانە، زانستگەکانی داگیر کردووە و تەنیا ئاڵوگۆڕ لە [چەمکەکان و زاراوەکان و ناساندن]ـدا دەکرێت، سەرەوە بۆ خوارەوە و خوارەوە بۆ سەرەوە ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت؛ بەشی دووەمیشی جێگۆڕکێ بە شیعری شاعیر و ناوی شاعیرەکە دەکرێت. لێرەدا بە بێ هیچ ڕفاندنێکی تیۆریی، بەکارهێنانێکی سادە، دەتوانم بڵێم تیۆرێکی بێ تیۆرە، دوور لە پارچەپارچەکردنی شیعرەکە، بە شێوەی ناونانی ڕقاوی بە ناخی زەویندا یان بە کەشەکڵانکردنی ئاسماندا نییە و بە دەستی ڕووت، بە دڵێکی پاکەوە دەچێتە ناو دەقی شیعرەکەوە و کاریگەری و هێزەکەی وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆ بە کار دەهێنێت. ئەوەی نووسەر دەیەوێت بیڵێت دەیخوێنێتەوە، ئەوەی لە دەقەکەدا لای ئاشکرا بووە دەیخوێنێتەوە و بە ڕاستیی «ترپەی دڵی» دەیناسێنێت.

 

ڕەخنەی شیعری ترپەیی، هەموو ئەو هەڵوێستە ڕەخنەگرانەییانە دەپارێزێت، لە ڕێی بەرهەمەکان و دەنگدانەوە ڕۆحیەکەی نووسەر و گفتوگۆی ڕۆحی، بە جۆرێک کە وردبینی لە بەرهەمەکاندا بکات بۆ لێکۆڵینەوە. هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی ترپەیی لە ناسینی ناخیدایە کە ڕەخنەی شیعریی دەتوانێت بەناو ڕۆحی شیعر و شاعیرەکەدا ڕەت ببێت. لە ئێستادا هەندێک ڕەخنە لە ناوبانگ و بەختەوەریدا کورت دەکرێنەوە، قووڵاییی ڕۆحیان تێدا نییە، ڕۆحی ناوەوە و ئەگەری تێپەڕاندنی ناوەوەیان لە دەست داوە. قووڵاییی ڕەخنەی ترپەیی کار لەسەر دەقەکە دەکات و دەچێتە ناو دەقەکەوە، مانا و واتا شیعرییەکەی ناو دەقەکە دەدۆزێتەوە و چالاکی دەکات و بە گەڕی دەخاتەوە. ئەوەی ئەوانی دیکە نەیاندۆزیوەتەوە، لە ڕێی [چەمکی پێشوەختە و ڕەخنەی پێشوەختە و کڵێشەسازیی پێشوەختە]وە، ئەوا لە ڕێی ڕەخنەی شیعری ترپەییەوە دەدۆزرێتەوە، کە دەبێت لە ڕۆحی بەرهەمەکە بکۆڵرێتەوە و بە قووڵی لەگەڵ کڕۆکی دەقەکەدا بگونجێت. لەکاتی شڕۆڤەکردن لەسەر شیعرەکانی شاعیرێک نابێت لەژێر کاریگەری بۆچوون و لێکدانەوەی کەسی دیکەدا یان لێکدانەوەی پێشوەختەدا بێت، تەنیا هەست و نەستی خۆی بگەیەنێت بۆ لێکدانەوەکە. تا مانای قووڵی ناو دەقەکە و هۆکارە دەروونییەکانی ئەو شاعیرە دەربخات. دەبێت لەکاتی لێکدانەوەی شیعردا بە دوای وردەکاریدا بگەڕێت، بۆ نموونە: ئەو شاعیرە نوێنەرایەتی چ جۆرە شیعرێک دەکات!

 

ڕەخنەی شیعری ترپەیی دەبێت هەر لە دڵەوە هەست بە لێدان و گرژی ناو شیعرەکە بکات. تێبگات لە دەربڕینەکانی ناو ڕۆحی شیعر و شاعیرەکەوە. ئەو بابەتەی کە ڕەخنەی شیعری ترپەیی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، زۆرترین بەرهەمی شیعرییە و بیرکردنەوەی شیعرییە لە خودی شیعر. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە سەر بە بیرکردنەوەی وێنە و بیرە کە گرنگی بە تێگەیشتن و ئەزموون دەدات و لایەنگری بەرەو هەستکردنە، بۆیە ڕەخنەی شیعری ترپەیی، دەبێت سەر بە خودی شیعرەکە بێت. ڕەخنەی شیعری کۆن پڕە لە گوتاری شیعری، ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ «ئەزموونی دەقناسی» و «بیرکردنەوەی ڕەخنەیی»ـدا کە خوێندنەوەی شیعر لەگەڵ ئەزموونی تێگەیشتن و زمانی شیعریی هەستکردن تێکەڵ دەکات بۆ بنیاتنانی گوتارێکی ڕەخنەیی شیعری دیکە. زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ئێستای شیعر، یان بە شێوەیەکی میکانیکی گوتاری تیۆری ڕۆژاوایی کۆپی دەکەن و زاراوە ئەکادیمییە نیوە کوڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتیشی پێوە کەڵەکە دەکەن و کورتی دەکەنەوە لە ستراتیژییەکانی «ستاییشکردن» بە فرۆشتن و بانگەشەکردن کە زۆر بازرگانییە، یانژی قسەی ناشیرین و هەڵچوونی دەروونی، بۆ ئەوەی بکەوێتە بێبایەخکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و سرووشتی ڕەخنەی شیعریی لە دەست بدەن. ڕەخنەی شیعری ترپەیی، شیعر ناچار ناکات بە لێکۆڵینەوە، بەڵکوو نەریتی ڕەخنەی شیعریی بە میرات لە شیعرەکەوە وەردەگرێت، زمانی ڕەخنەیی کارپێکردنی تیۆرییە سەختەکان نییە، گوتاری ئەکادیمیی تەمومژاوی نییە، بەڵکوو زمانی ڕاستەقینەیە لە ناخەوە، بە بەکارهێنانی زمانی شیعریی.

 

 

٢٠٢٢

شوێنپێ: قەڵادزێ

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌