لە ئۆیدیپوس-ەوە بۆ ئەنتیگۆنە


Loading

شانۆی گرێکی لەگەڵ پرۆسەی دیموکراسی یۆنان، بەر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ گەشە دەکات و دەشبێتە ئامڕازێکی گرینگی ئەو پرۆسەیە. شانۆ بوارە کردەییەکەی سیستێمە دیموکراسییەکەی یۆنان بوو، لە ڕێگای شانۆوە ئەو گفتوگۆیانە دەکران و بەرجەستە دەکران، کە لە دامودەزگاکانی وڵات و لەنێو هاوڵاتیان دا دەگوزەرا. زۆر جار شانۆ له‌لایه‌ن ته‌نیا ئه‌کته‌رێکه‌وه‌ ده‌بووه‌ ئه‌و ئامڕازه‌ی، به‌ هۆیه‌وه‌، چەمکەکانی دیموکراسی و هاوڵاتیبوون و پتەوکردنی ڕۆڵی شار، وەک ناوەندێکی به‌هاداری چەمکەکانی ئەو پرۆسە دیموکراسییە، له‌ باری پراکتیکییه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌کران. ڤیستیڤاڵەکانی دیۆنیسیوس، بۆ نموونە تەنها ڤیستیڤاڵێکی شانۆیی نەبووە، بەڵکوو شوێنێکیش بووە بۆ ده‌مه‌ته‌قێ سیاسییەکان، دەقە شانۆییەکانیش ئامڕازێک بوون بۆ وروژاندنی پرسە هەنووکەیی و گرینگەکان، هەر بۆ نموونە سێینەکەی ئێسخیلۆس (ئۆرێستێیا) بە دەنگدانێکی سیاسی کۆتایی دێت، کە لە دەنگدانەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانەکانی دونیا دیموکراسیەکان دەچێت.

 

مرۆڤ هەر لەسەرەتاکانی ژیانیەوە، ملکەچی کۆمەڵێک ڕێسا و یاسای دینی و هەروەها دەوڵەتیش، بووە. ئەمەیش پێوەندییەکانی تاک بە دەسەڵات، دەسەڵات بە یاساکانی دەوڵەت، دەوڵەت و دەسەڵاتیش بە یاسا خواوەندییەکانەوە، دیاری دەکات. مرۆڤی تاک لەم هاوکێشەیەدا، بەشێکە لە دەوڵەت، خێزان و بنەماڵە؛ ئەم هاوکێشەیەش، کە هەمیشە لە گۆڕانکاری و ململانێ و کێشە و قەیرانە ئەزەلییەکاندا بووە، لە شانۆی گرێکی و لە دەقە دێرینەکاندا باس کراون. کە دەستور پێشێل کرا، کە یاسا جێبه‌جێ نەکرا، کە مرۆڤ پەنای بۆ یاسایەکی تر، لە دەرەوەی دەستور و یاسا نوسراوەکانەوە برد، چی ڕوودەدات؟ مرۆڤ چۆن هاوسەنگییەک له‌نێوان یاساکانی خواوەند و ئەوانەی سەر زەمیندا ڕابگرێت؟ خواوەندەکان شتێکیان دەوێت و مرۆڤ لەسەر زەوی شتێکی تر، لەم نێوەندەدا، چارەنووس و بڕیاری پێشوەختە لەلایەن خواوەندەکانەوە چ ڕۆڵێکیان دەبێت؟

 

گەر بە چاوێکی مۆدێرن و لە گۆشەنیگای شیکارییەکی ووردی، فەلسەفی، ئەدەبی، دەروونییەوە، سەیری تراجیدیای گرێکی بکەین، ئەم پرسانەی بە ڕوونی کۆکردۆتەوە، لە هەمان کاتدا، بە ئاشکرا باسی تاوان و سزا، گومان و باوەڕ، گەڕان بە دوای ڕاستیی هەست و هۆشەکانماندا، هەروەها مرۆڤ و چارەنووس، دەکات.

تراجیدیای گرێکی، بە درێژایی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەسەر شانۆکانی ئەوروپا نمایشکراون، بەردەوام خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە و لەگەڵ هەموو سەردەمێکدا گونجاوە. هیگڵ، فرۆید، نیتشە، لاکان، فۆکۆ… و ده‌یان فەیلەسوفی تر و زانا دەروونییەکان، بۆ نموونە فەیلەسوفی ئەمەریکی (مارتا نویسبەوم) هەروەها (جودیت بوتلەر) لە دید و بۆچوونی جیاوازەوە، هەوڵی چارەسەرکردن و ڕاڤە و خوێندنەوەی تری ئەم تراجیدیایانەیان داوە و کاریان لەسەر کردووە.

 

فەیلەسوفی ئەڵمانی هیگڵ ١٧٧٠- ١٨٣١ بنەمایەکی گرینگی فەلسەفی بۆ لێکۆڵینەوەی درامای گرێکی داڕشتوە؛ ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌ (ئەنتیگۆنە)ی سۆفۆکلێس بە یەکێک لە شاکارە گەورەکانی هەموو سەردەمەکان هەژمار دەکات، به‌لای ئه‌وه‌وه‌ نموونەیەکی باڵایه‌ پیشانی ده‌دات، چۆن گرێکییه‌کان مامەڵەیان لەگەڵ سەردەمی خۆیان کردووە.

شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و لەوەرزی ئەم زستانەیدا، هەردوو دەقی (ئۆیدیپوس) و (ئەنتیگۆنە)ی سۆفۆکلێس ٤٢٩(- ٤٩٥ پ. ز) پێکەوە و لە یەک نمایشدا پێشکەش دەکات. سۆفۆکلێس، لە ئۆیدیپوس، واتە (ئۆدیبی پادشا) و ئەنتیگۆنە دا، پرسەکانی دەسەڵات، خۆناسین، چارەنوس، خۆ-بەگەورەزان تا ئاستی لە دەستدانی ویست و یاخیبوون، لە خودی کارەکتەرە سەرەکییەکاندا (ئۆیدیپوس) و (ئەنتیگۆنە) دا چڕ دەکاتەوە و دەیانخاتە ڕوو. ئۆیدیپوس/ئەنتیگۆنە، کە دواتر ده‌بن به‌ دەروازە و دەستپێکی گرینگی خوێندنەوە فەلسەفی و دەروونییەکان ، بۆ نموونە لای فرۆید ١٨٥٦- ١٩٣٩ دەبنە سەرەتایەکی نوێ بۆ شیکاری دەروونی و پاڵنەرە سێکسییەکانی ناوەوەی مرۆڤ، حەزی سێکسی بۆ دایک و ویستی کوشتنی باوک. بە بڕوای فرۆید، ئۆیدیپوس بنەمایەکی گرینگی قۆناخێکی گەشەی مرۆڤ بەرجەستە دەکات، ئەزموونێک دواتر لای مرۆڤ بە شێوە و شێوازی جیاواز کاریگەری دەبێت.

فرۆید باسی درامایەکی سێکوچکەیی پڕ لە ئازار، لەنێوان منداڵ، دایک و باوک-دا دەکات و لەم درامایەدا، منداڵە بچووکەکە حەزێکی جیاوازی بۆ دایکی هەیە و رقی لە باوکییەتی. ئەم حەزە دواتر، کە مرۆڤ گەورە دەبێت، لە نەستی دا خۆی حەشار دەدات و کپ دەبێت، هەندێک جار سەرهەڵدەدات و جۆرە ئازارێکی دەروونی دروست دەکات. ئەم شیکارییە دەروونییەی فرۆید بە گرێی ئۆیدیپۆس ئاماژەی بۆ کراوە. فرۆید ئەم گرێی دەروونییەی لای منداڵی کچیش چارەسەر کردووە و لەم ڕووەیشەوە هەر گەڕاوەتەوە بۆ لای سۆفۆکلێس و درامای گرێکی، بۆ نموونە گرێی ئێلێکترا.

 

شانۆیەکی بۆشی گەورە، بە تەمێکی چر و خەست داپۆشراوە، هەروەک ئەوەی ئەو تەمە بەشێک بێت لەو گوناهانەی بەسەر شاری (تێبە)وە گیرسابێتەوە و لەگەڵ ڕەوتی گەشە و بەرەوپێشەوە چوونی هێڵەکانی دراماکە و دەرکەوتنی ڕاستییه‌کاندا، تەمەکەیش چڕتر و چڕتر دەبێتەوە. دەکرێت بڵێین، تەمەکە ئاماژەیەکە، یان هێماگەلێکە بۆ نەمانی زەمەن و خوڵقاندنی زەمەنێکی میتۆلۆژی و هاوکات لەنێو زه‌مه‌نێکی ڕەها، یان مۆدێرن و تازه‌دا، لە دەروازەکانی ئەم دوو زەمەنەوە، لەنێو تەمە چڕەکەی شانۆکەوە، یەکەیەکە ئەکتەرەکان دەردەکەون و لەنێو سێبەر و ڕووناکی و تاریکیی پانتاییە بۆشەکەدا ڕووبەرووی خۆیان و بینەرانیش دەبنەوە. کۆرس، کە لێرەدا تەنها دوو ئه‌کته‌رن؛ ژن و پیاوێک، له‌مسه‌ر و له‌وسه‌ری شانۆکه‌دا دادەنیشن. لەم بەشەدا باسی ئۆیدیپوس دەکرێت، کە بێ ئاگایە، لە نەژاد و چارەنووسی خۆی، کارەکتەرێک بێ مێژوو، پادشایەک لە دەرەوەی گەمەکانی دەسەڵاتەوە و دەسەڵاتێک لە ترۆپکی گەڕان بە دوای ڕاستییەکاندا: ڕووخانی خۆی و سزای چارەنووسێکی لەوەوبەر دیاریکراوەوە، بەرجەستە دەکات. ئۆیدیپوس: ئەو پیاوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان وڵات لە بەڵایەکی گەورە و لە دەستی (سفینیکس) (ابوالهول) ڕزگار دەکات، ئێستا خۆی هۆکاری وێرانبوونی وڵات و شاری تێبە-یە. هاوکات ئۆیدیپوس، وەک کارەکتەرێکی نەمر ناسراوە، پیاوێکی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هێزه‌، هۆشیاره، چاونه‌ترس و ئازایه‌، به‌ڵام دواتر ده‌بێته‌ که‌سێکی داماو، ده‌چێته‌ نزمترین ئاستی ژیان، تاوانبار ده‌کرێت، کوێر و بێلانه‌ ده‌بێت و خواوەندەکانیش نه‌فره‌تی لێ ده‌که‌ن، ئیتر دووچاری ده‌ربه‌ده‌ری ده‌کرێت و له‌ وڵات ده‌کرێته‌ ده‌ره‌وه‌). خۆی دەڵێت: (بە تاوانبارکردنی کوشتنی باوکم و هاوسەرگیری کردنی دایکی خۆم، لەدایکبووم.)

لە (شانۆنامه‌ی) “ئۆیدیپوس” دا، سێبەری هەڵە و تاوانەکانی ڕابردوو، بە بەردەوامی هەڕەشە لەوانە دەکات، کە لەو بڕوایەدان ڕزگاریان بووە، لە دەستی ئەوەی ڕووبەروویان بێتەوە.

“ئۆیدیپوس” و “ئەنتیگۆنە” پرسه‌ هه‌تاهه‌تاییه‌کانی وه‌کوو هه‌ستکردن به‌ تاوان، چاره‌نووس و دادپه‌روه‌ری ده‌ورووژێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، دوو شانۆنامه‌ی زۆر جیاوازن)؛ لە “ئۆیدیپوس” دا، دەقەکە بە ئاڕاستەکانی میتۆلۆژیاکەوە دەڕوات و بەو دونیا میتۆلۆژییەوە پەیوەستە و هەر لەو چوارچێوه‌یشه‌وه‌ کۆتایی پێ دێت. لە “ئەنتیگۆنە” دا، زیاتر بە شێوەیەکی سیاسیی و ڕاستەوخۆ قسە بۆ ئەو کاتە دەکات، کە دەقەکەی تیا نووسراوە و تا ئێستایش کاریگەری خۆی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، هەردوو دەقەکە، باس لە پێوەندییەکانی هاوڵاتی بە دەسەڵاتەوە، دەسەڵات بە یاسا و هاوڵاتییەکانییەوە ده‌که‌ن. سۆفۆکلێس نزیک سه‌توبیست دەقی شانۆیی نووسیوە و تەنها حەوتیان گه‌یشتوونه‌ته‌ دەست ئێمە، سێ لەو دەقانەیش باسی داستانەکانی ئۆیدیپوس دەکەن؛ “ئەنتیگۆنە” لەساڵی ٤٤٢ دا نووسراوە، دوای ئەوە “ئۆیدیپوس” لەنێوان ساڵانی ٤٢٥ – ٤٢٩ دا نووسراوە و دوا دەقیش “ئۆیدیپوس” لە کۆلۆنۆس” لەساڵی ٤٠٦ دا نووسراوە. هاوکات ئەم دەقانە بە سەرەتاکانی دەستپێکی کات لە شارستانییه‌تی ئه‌وڕووپا، هەژمار دەکرێت.

ریژیسۆری نمایشەکە، بە هەستێکی مۆسیقی و بە دیدێکی قووڵەوە مامەڵە لەگەڵ ئەکتەرەکانی دەکات، کەسایەتی و کارەکتەرەکان، لە ناوەوەی ئەکتەرەکاندا دروستدەکات، جوڵەی نادروست لادەبات و هەست و هۆشێکی خەفەکراو، دەکاتە بنەمای گەمەیەکی سروشتی، کە هەستێکی قووڵمان پێ دەبەخشێت.

“ئۆیدیپوس” لە دیدێکی هاوچەرخ و تێڕوانینێکی مۆدێرنەوە، ڕاڤەیەکی سیاسی، موراڵی، فەلسەفی، هاوکات هونەری کراوە و مرۆڤ هه‌ست به‌ ئێستاتیکای به‌رهه‌مه‌که‌ ده‌کات؛ کارەکتەرە پیاوەکان، وه‌کوو، ئۆیدیپوس و کریۆن، بۆ نموونە، قاتی ڕەشی گرانبەهایان لەبەردایە، کارەکتەرە ژنەکانیش کراس و جلی تازەی دوا مۆدێلەکانی دونیا.

 

(تێیرێسییاس)ی کوێر، دەتوانێت ڕووداوەکان پێش وەختە ببینێت و دەزانێت چارەنووسی پاڵەوانەکان بە کوێ دەگات، له‌ نمایشه‌که‌دا، ئه‌کته‌رێکی ئافره‌ت ڕۆڵی تێیرێسییاس ده‌بینێت و بە چاویلکەیەکی ڕەش و سەگێکی گەورەوە دێتە سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ. سه‌گه‌که‌، لەبری گۆچان، ڕێنمایی تێیرێسییاس دەکات. سەگەکە، بەبێ جووڵە لەسەر شانۆکە دادەنیشێت، تا تێیرێسییاس پەیامەکەی خۆی دەگەیەنێت و دەچێتە دەرەوە. ئۆیدیپوس لەم نەمایشەدا، مرۆڤە، میتۆلۆژیا نییە و لەو دیدەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە. میتۆلۆژیا دەبێتە بنەمای راستییەکی ڕەها و چارەنووسێکی پێشوەخت دیاریکراو.

 

“ئەنتیگۆنە” لە “ئۆیدیپوس” جیاوازە و زیاتر دەقێکە ژیان و سەرپێچی و یاخیبوونی گەنجێکمان بۆ بەرجەستە دەکات؛ پادشایەکی تر دوای ئۆیدیپوس دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، دەیەوێت یاساکانی وڵات و حوکمڕانییەکەی به‌پێی پرنسیپەکانی دەسەڵاتەکەی خۆیەوە بسەپێنێت، هەر لەم بنەما ڕەهایەی دەسەڵاتەوە، نایەوێت و قایل نابێت یەکێک لە براکانی ئەنتیگۆنە بەخاک بسپێردرێت.

 

ئەنتیگۆنە

لە چاوی هەندێک کەسەوە ئەوەی تۆ ڕاست بوو،

لە چاوی هەندێکی ترەوە، هیی من.

 

ئه‌م پاشا نوێیه‌، کریۆنی خاڵی ئه‌نتیگۆنه‌یه‌. کریۆنی پادشا، پۆلیونێیکیس، کە یەکێکە لە براکانی ئەنتیگۆنە بە ناپاک بەرامبەر وڵات هەژمار دەکات و هەر لەبەر ئەوەیشە، پێی وایه شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ به‌خاك بسپێردرێت، بەڵام براکەی تری، واته‌، ئێتیۆکلێس، پاڵەوانە و بەرگری لە وڵات کردوە و بە شکۆ و ڕێزەوە بەخاک دەسپێردرێت. ئەنتیگۆنە سەرپێچی ئەم یاسایە دەکات، ئەوە بۆ کریۆن دووپات دەکاتەوە، کە ئەرکێکی مرۆڤانەی ئەوە یارمەتی براکەی تری بدات و بەخاکی بسپێرێت، ئەمەیش سەرەتای ناکۆکیی نێوان ئەنتیگۆنە و کریۆن-ە.

کریۆن و ئەنتیگۆنە، به‌ بۆچوونی هیگڵ، هەردووکیان ڕاستن، بێگومان هەردووکیان لە دیدی تایبەتی خۆیەوە. ئەم دوو کارەکتەرە دوو هێزی دژ بەیەکن، کە بە شێوەیەکی توندوتیژ و یەکاڵاکەرەوە، بەرەنگاری یەکتر دەبنەوە. ئەنتیگۆنە بەرگری لە ئافره‌تبوون، یاسا خواوەندییەکان و یاسا نەنوسراوە پیرۆزەکان، کە لەسەر بنەماکانی خێزان و بنەماڵە ڕۆنراون، دەکات. کریۆن بەرگری لە پیاوبوون، دەوڵەت، یاسا دیاریکراو و نووسراوەکان، هەروەها لە دادپەروەریی و دەسەڵات، دەکات. فەلسەفە دیالێکتییە مێژووییه‌که‌ی هیگڵ لە ئەنتیگۆنە دا ڕەنگ دەداتەوە و مەودا و مەداری تر لەخۆ دەگرێت.

دەقەکە چەندە باسی دەسەڵات، یاساکانی وڵات و یاخیبوون دەکات، هێندەیش باسی خۆشەویستی دەکات و چه‌مکی خۆشەویستی بە قووڵی لە بوونیاد و ستراکتوری ئەو یاخیبوونەوە، جێگای خۆی دەگرێتەوە.

 

“ئەنتیگۆنە”، لای شانۆنامەنووسە هاوچەرخ و مۆدێرنەکانی جیهانیش جێگای سەرنج بووە و چەندان چارەسەری جودایان بۆ ئەم دەقە دێرینەی شانۆی گرێکی کردووە، گرینگترین ئەو نوسەرانەیش، هەردوو شانۆنامەنووسی فەرەنسی، جان ئەنوی و جان کۆکتو-ن، کە کاریان لەسەر “ئەنتیگۆنە” کردووە و لە دوو دەقی ناوازەدا، بە هەمان ناونیشانەوە نووسیویانه‌.

ته‌واو

 

سەرچاوەکان

١-ئەنتیگۆنە، سۆفۆکلێس، وەرگێڕانی لە سوێدییەوە، خەبات عارف.

٢-پرۆگرامی نەمایشەکە.

3-AIOLOS, tidskrift för litteraturteori och estetik, nr 57–58, 2017: Kung Oidipus.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین