O Henry

دەرگا سەوزەکە

Loading

وایدانێ پاش نیوەڕۆیەک بە پیاسە، بە شەقامی (بڕۆدوەی)دا دەچیتە خوارەوە، پاش دە خولەک چێژبردن لە کێشانی سیگارەکەت، بیر لەوە دەکەیتەوە ئایا بچیت بۆ سەیری شانۆگەرییەکی خەمناکی سەرگەرمکەر یاخود بۆ بینینی نمایشێکی خەندەهێن.

لە پڕێکدا یەکێک دەست دەخاتە سەر قۆڵت، خێرا ئاوڕ دەدەیتەوە و نیگات لە چاوە جوانەکانی خانمێکی قەشەنگ گیر دەبێت. ئەو لە پۆشاکێکی چەرمدا، بە خشڵەکانییەوە دەدرەوشێتەوە و ساندویچەکەی دەستیت بۆ درێژ دەکات، ئەوجا دێتە پێشتر، بە مقەستێکی بچکۆلە قۆپچەی پێش دووا دوگمەی پاڵتۆکەت دەبڕێت و بە چرپە دەڵێت: لا تەریبەکان. چرکەیەک دوای ئەوە لە جادەکەی بەرامبەرەوە، دەیبینیت لەسەر شانەوە بە خەمباری لێت دەڕوانێت و لەناو قەرەباڵەغییەکەدا ون دەبێت.

سەرت دەسوڕمێت، وا نییە؟ هەڵبەت بە ڕووداوێکی ڕۆژانەی ئاسایی دانانێیت، ڕەنگە بە بێ ساندویچەکە، بە سەراسیمەیی لە پیاسەکەت بە (بڕۆدوەی)دا بەردەوام بیت و بە شڵەژاوی دەستت بەو کونە قۆپچەیەوە بگریت کە لە ناکاو بێ قۆپچە بوو. (رۆدۆڵف ستاینەر) وای کرد و چەند شەوێکیش نەچووەوە ماڵەوە، بە شەقامەکاندا سووڕایەوە، بەو هیوایەی جارێکی تر و بە شێوەیەکی دی ڕووبەڕووی ماجەراکەی ببێتەوە. ئەو پێی وابوو لە پشت هەموو سووچە شەقامێکەوە ماجەرایەک خۆی مەڵاسداوە، ئارەزووشی بۆ ململانێ کردنیان، تووشی زۆر ڕێگای نادیار و پڕ مەترسی کردبوو. هەر لەو ماوەیەدا دوو شەوی لای پۆلیس بەسەربردبوو، چەند جارێک دووچاری فێڵ و تەڵەکەی فریودەران بووبووەوە و باجی ئێوارەیەکی، ڕفاندنی کاتژمێر و جزدانەکەی بوو بەڵام هیچ شتێک لە لای ئەو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆسپەکانی، ڕێگر نەبوو.

شەوێک کە لە ناوەندی شارەکە، بە شەقامێکی چەپەکدا دەسوڕایەوە، لە کەناری شۆستەکەوە دوو کۆمەڵ خەڵک وروژمیان هێنا، بەشێکیان لە ڕیستۆرانەکان هاتبوونە دەرەوە و بەرەو ماڵ دەبوونەوە بەڵام لەو ساتەدا، گەنجە سەرکێشەکە، جارێکی دی دڵی کەوتە خورپەوە.
وەکتر، ئەو لە دوکانێکی پیانۆفرۆشیی، فرۆشیاری پیانۆ بوو، ئەمە تاکە شتی ئاسایی بوو تیایدا، ئەگینا هیچ شتێکی لە کەس نەدەچوو، بۆ نموونە بۆینباخەکەی دەرزیگرەی تایبەتی پێوە نەبوو، بەڵکوو لە موستیلەیەکی هەڵکێشابوو.
هەر لە پیاسەی ئەو ڕۆژەیدا و لەگەڵ تێپەڕبوونی بە ناو خەڵکەکەدا، بەدەم ڕێوە، سەرنجی چووە سەر تابلۆیەکی ڕۆشن، لەبەردەم ڕیستۆرانێکدا بوو. لە یەکەم لێڕوانینیدا، وا پێدەچوو تابلۆکە بانگەشەی ڕیستۆرانەکە بێت بەڵام بە لێوردبوونەوەی دەردەکەوت کە تابلۆکە تایبەتە بە کلینیکێکی ددان لە هەمان بینادا. لەبەردەم دەروازەکەشیدا پیاوێکی ڕەشپێستی کەڵەگەتی پڕ خەیاڵ بە چاکەتێکی سوور و پانتۆڵی زەرد و کڵاوی شینەوە، وەستا بوو، کارتی ڕیکلامی بەسەر ئەو پیادەڕۆیانەدا دابەش دەکرد کە بەویادا تێپەڕ دەبوون.

ماوەیەک بوو پزیشکەکان بەو شێوەیە بانگەشەیان بۆ خۆیان دەکرد. هاوڕێ گەنجەکەمان پێشتر زۆر تووشی ئەم شێوازی ڕیکلامانە هاتبوو بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ کاغەزێکیان لێ وەربگرێت و بێ ئەوەی بهێڵێت هیچ دکتۆرێک بڕیار لەسەر هەڵکێشانی چەند دانێکی بدات، بە گورجی بە لایاندا ڕەت بووبوو. لێ ئەم ئێوارەیە، ئەم پیاوە ڕەنگ تێرە، هێند سەرسەخت و پێداگر، کارتی بانگەشەکەی بۆ درێژکرد، ئەم نەیتوانی خۆی لە لێ وەرگرتنی دەرباز بکات.

ستاینەر چەند هەنگاوێک ڕۆشت و چاوێکی بە کارتەکەدا خشاند، پاش ئەمدیو و ئەودیوکردنی جارێکی تر خوێندییەوە. دیوێکی کارتەکە خاڵیی بوو، لە دیوەکەی تری نووسرابوو (دەرگا سەوزەکە). لەبەردەم (رۆدۆڵف)ەوە پیاوێک ئەو کارتەی خۆی فڕێدا کە لە کابرای دابەشکەری ڕیکلامەکەی وەرگرتبوو. رۆدۆڵف نووشتایەوە و کارتەکەی ئەوی هەڵگرتەوە، ئەو کارتە، ناو و ناونیشانی دکتۆری ددانەکەی لێ نووسرابوو، هەروەها باسی دروستکردنی تاقم و ڕووپۆشی ددان و ڕێگا چارەسەری بێ ئازاری لەسەر کرابوو. سەرکەشە پیانۆفرۆشەکەمان وەستا و هەندێک بیری کردەوە. لە چاوتروکانێکدا، سووڕایەوە و بە ئاراستەی پێچەوانەی لێشاوی خەڵکەکەوە، بەسەر شەقامەکەدا چووەوە لای دەروازەی بینای کلینیکی ددانەکە. کاتێک بۆ دووەم جار بە بەردەم کابرا ڕەشپێستەکەدا تێپەڕی، وا دەرنەکەوت کە پیاوەکە بیناسێتەوە، چونکە دووبارە کارتێکی پێشکەش کرد. هاوڕێکەمان چەند مەترێک دوورکەوتەوە و تەماشای کارتەکەی کرد، ئەمیش بە هەمان خەت لێی نووسرابوو (دەرگا سەوزەکە)، بەڵام ئەو کارتانەی پیادەکانی تر پاش وەرگرتنیان فڕێیان دابووە سەر شۆستەکە، هەموویان هەر بانگەشە بوون بۆ دکتۆری ددانەکە!

رۆدۆڵف گەڕایەوە و جارێکی دی بە بەردەم پیاوە ڕەشپێستە زەبەلاحەکەدا ڕۆشت، ئەمجارە کارتی وەرنەگرت بەڵام لە چاویدا هەستی بە تروسکەی بێڕێزی کرد. لاوەکە دوور لە شۆستەکە وەستا و ڕووانییە ڕووکاری بیناکە. لەبەردەم ئەو ڕووبینایەدا سەرکەشەکەمان لە خشتەبردرا. بیناکە باریک و پێنج نهۆم بوو، قاتی ژێرەوەی ڕیستۆران بوو، نهۆمی سەرتر کە ئەو کات تاریک دەچووەوە، پێدەچوو وەرشە بێت و قاتی دوای ئەویش کلینیکی ددانەکە بوو. کۆمەڵێک تابلۆی تێکەڵوپێکەڵیش وەک قوتعەی بەختگرەوە و پزیشک و مۆسیقی و بەرگدروو، ئەوەی پیشان دەدا، کە چ جۆرە کەسانێک نیشتەجێی قاتەکانی سەروو کلینیکەکەن. پەردەی پەنجەرەکانی دووا نهۆم و هەندێک ئینجانەی گوڵ و شووشە شیری سەر تاقەکانیش، وایدەگەیاند کە نهۆمی سەری سەرەوە شوقە و ماڵی خەڵک بێت.

دوابەدوای تێڕامانەکەی، بە هەنگاوی دڵنیاوە، رۆدۆڵف چووە ناو بیناکە و بە پلیکانە بەردینەکانیدا چووە سەرەوە. ڕووپۆشێکی سوور تەواوی قادرمەکانی تا قاتی دوو داپۆشیبوو بەڵام لە نهۆمەکانی سەرەوەوە پێپلیکانەکان گچکەتر دەبوونەوە. ڕێڕەوی قادرمەکان بە ڕووناکییەکی کز ڕۆشن بوو، ئەمە بەهۆی دوو گڵۆپەوە کە لە لای چەپ و لای ڕاستەوە دەسووتان و لە پشت گڵۆپەکەی لای چەپەوە، تروسکەی دەرگایەکی سەوز دەردەکەوت.

رۆدۆڵف پاش کەمێک سڵکردنەوە، چوو لە دەرگا سەوزەکەی دا و لە چاوەڕوانیی وەڵامدانەوەیدا، هەناسەی سوار بوو. ئاخۆ چی لە پشت ئەم دەرگایەوە خۆی حەشار دابێت؟ بڵێی کونی تلیاکخۆرەکان بێت؟ یان پەناگەی چەتەکان؟ یاخود دەشێت ژنێکی جوانی ڕفێنراوی لێ بێت و بەو شێوازە داوای بەدەنگەوەچوونی ئەم بکات؟
گوێی لێبوو کەسێک لە پشت دەرگاکەوە، بە هێواشی دەجوڵایەوە. لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا خانمێکی گەنج دەرکەوت، خانمێکی بێڕەنگ کە تەمەنی بیست ساڵیش نەدەبوو، هەموو ئازای گیانی هەڵدەلەرزی، کچەکە کە دەسکی دەرگاکەی بەردا، ساتمەی دەکرد، لەو ساتەدا ئەگەر رۆدۆڵف نەیگرتایە دەکەوت و بەلادا دەهات. ستاینەر خانمەکەی بردە ژوور و لە سوچێکدا لەسەر کەرەویتەیەک داینا، پاشان چوو دەرگای دەرەوەی داخستەوە و چاوی بە ژوورەکەدا گێڕا، ژوورەکە خاوێن و ڕێکوپێک بوو بەڵام کەلوپەلەکانی ساکار بوون.

خاتوونەکە وەک ئەوەی بێهۆش بێت، هیچ جوڵەی نەدەکرد. کوڕەکە بیری دەکردەوە چۆن یارمەتی بدات، ئایا هەناسەدانی دەستکردی بۆ بکات؟ نا، ئەوە کاتێک دەکرێت کە خەڵک خەریکبێت بخنکێت. چوو بە کڵاوەکەی دەستیکرد بە باوەشێنکردنی دەموچاوی. ئەم شێوازەی کاریگەریی خۆی زوو دەرخست، لەسەر لێواری شەپقەکەوە بینی کچەکە چاوەکانی کردەوە. کوڕەکە وەستا و لێیڕاما، خانمەکە چاوەکانی ڕاستگۆ و خاکی بوون، لوتێکی بچکۆلەی هەبوو، قژیشی لوول و قاوەیی بوو. لە ڕاستیدا ئەمە جوانترین ماجەرا بوو کە رۆدۆڵف خەونی پێوە بینیبوو.
کچەکە کە هاوکات تەماشای دەکرد، زەردەخەنەیەکی هێمنی کرد و وتی:
+ من بوورامەوە بەڵام ئەمە سەیر نییە بۆ کەسێک کە سێ ڕۆژ بێت، لەتێک نان چییە نەیخواردبێت.
رۆدۆڵف حەپەسا و لەپڕ وتی:
ــ ئەوە چی دەڵێن؟ تکایە لێرەدا مەجوڵێن، هەر ئێستا دێمەوە.
پاش ئەمە، لاوەکە لە دەرگا سەوزەکەوە ڕایکردە دەرەوە و دوای چارەکێک، بە باوەشێک نان و خواردنەوە هاتەوە کە لە ڕیستۆرانەکەی خوارەوەی کڕیبوون. خۆراک و شتومەکەکان پێکهاتبوون لە نان و کەرە، گۆشت و پارچەیەک مریشک و ترشیات، هەروەها چۆرەک و پاکەتێک شیر و بتڵێک چای گەرم.
ستاینەر پاش دانانی بارەکەی لەسەر مێزەکە، بە تووندی وتی:
ــ نان نەخواردن، بێ بەرگریت دەکات، دەبێت پەیمانم پێ بدەیت کە ئەمە دووبارە نەکەیتەوە. ئێستا فەرموو خواردنی ئێوارە ئامادەیە. رۆدۆڵف یارمەتی کچەکەیدا تا چووە سەر کورسییەک و پرسی:
ــ کوپەکان لە کوێدان؟
+ لە ڕەفەی ژێر پەنجەرەکەدا.
کە بە کوپەکانەوە هاتەوە، بینی کچەکە خەریکە شووشەی ترشیاتەکە دەکاتەوە، رۆدۆڵف بە زەردەخەنەوە شووشەکەی لێ وەرگرت، پەرداخێک شیری بۆ تێکرد و وتی:
ــ لە پێشدا شیر بخۆرەوە، پاشان هەوڵ بدە مریشک بخۆیت، ئەگەر گەدەت باش کاری خۆی کرد، ئەوا بەیانی ترشیاتەکه بخۆ. من دەتوانم میوانی ئێوە بم؟
بەدەم ئەم قسانەوە، کوڕەکە کورسییەکی بۆ خۆی هێنایە پێشەوە. چا گەرمەکە بریسکەی بۆ چاوەکانی کچەکە گەڕاندەوە و ڕوومەتەکانی ڕەنگیان تێهاتەوە. ئەو وەک ئەوەی قەت تێر نەخوات، وەک گیاندارێکی کێوی دەیخوارد و دەیخواست بێگومان بێت لەوەی ئەو کوڕە گەنجە بۆ یارمەتیدانی ئەو لەوێیە.
وردە وردە خانمەکە دەستیکرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی بۆ کوڕەکە. ئەگەرچی چیرۆکەکەی، وەک باسی کارکردنی کچێکی کارمەند لە فرۆشگایەک، بۆ موچەیەکی مەمرە و مەژی و دەرکردنی لە ئیش، پاش نەخۆشکەوتنی، بەسەرهاتێکی زۆر سادە و گشتی بوو لە شارێکی گەورەی وەک (نیۆڕک)دا بەڵام بۆ رۆدۆڵف، باسەکە لە داستانی (ئۆدیس) سەرنجڕاکێشتر بوو، بۆیە وتی:
ــ بیر لەوە دەکەمەوە بەسەر چیدا ڕۆشتوون و چەند زۆرتان چەشتووە.
+ خۆم پێم وا نییە، ئەم شتانە ڕۆژانە زۆر ڕوو دەدەن.
ــ ئەی خزمتان نییە؟
+ نا، لە هیچکوێ.
ــ هەروەها منیش، لە دونیادا زۆر تەنیام.
+ بیستنی ئەمە دڵخۆشم دەکات.
کە کچەکە ئەمەی وت، خۆشحاڵیی لە ڕووخساری رۆدۆڵفیشدا، بە هەر هۆیەک بێت دەرکەوت. خانمەکە تا دەهات چاوەکانی قورس دەبوون و لەگەڵ هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵدا وتی:
+ زۆر تێرم و بێ ئەندازە خەوم دێت.
رۆدۆڵف هەستایە سەر پێ، شەپقەکەی گرت بە دەستییەوە و وتی:
ــ کەواتە من دەڵێم شەوشاد.
کە ئەمەی وت، لە سەیرکردنەکانی ئەودا وا تێگەشت کە بڵێت؛ ئێوە لە دەرەوە بنوون باشتر دەبێت، بۆیە ئەم بەردەوام بوو، وتی: ــ باشە، من بەیانی دێمەوە تا بزانم چۆنن، تازە ئاسان نەجاتتان نابێت لێم.
کە رۆدۆڵف چووە لای دەرگاکە، کچەکە ڕایگرت و لێی پرسی:
+ دەبێت پێم بڵێیت، تۆ چۆن بوو لە دەرگاکەی منت دا؟
رۆدۆڵف سەیرێکی کچەکەی کرد و کارتەکەی بیرکەوتەوە. بیری لەوە کردەوە ئەگەر کەسێکی تر ئەو کارتەی وەربگرتایە، چی ڕووی دەدا؟ هەستی بە غیرە کرد و لە دڵی خۆیدا وتی نا ئەو نابێت قەت بەوە بزانێت کە برسێتی ئەوەندەی بۆ هێناوە توانیوییەتی … خەیاڵەکەی پچڕاند و وتی:
ــ یەکێک لە کۆککەری پیانۆکانمان لەم نهۆمە دەژی، بەختی من لەوەدا بوو کە لە دەرگایەکی هەڵەم دا، ئەمە هەموو شت بوو. بەر لەوەی کوڕەکە دەرگاکە لە دوای خۆی دابخات، دووایین شت کە بینی، زەردەخەنەی کچەکە بوو. پاشان لە ناو تاریکایی ڕێڕەوەی قادرمەکاندا، (رۆدۆڵف ستاینەر)ی لاو سەرنجی دەرگاکانی تری ناو بیناکەی دا و بینی کە دوا بە یەکی دەرگاکان لە هەموو نهۆمەکان سەوزن!

بە ڕامانێکی قووڵەوە لە بیناکە هاتە دەرەوە، تەماشای کرد، پیاوە ڕەشپێستە کەڵەگەتەکە بە دوو دەستە کارتی جیاوازەوە، هەر لەوێ ماوە، ئەم یەکڕاست چووە لای، کارتەکەی پیشاندا و وتی:
ــ ئەمە مانای چییە؟
پیاوەکە وەک جێبەجێکردنی ئەرکی کارەکەی، لە پێکەنینێکی پاندا، ددانە قەوی و سپییەکانی دەرخست و وتی:
~ ئەم شەو یەکەمین نمایشێتی بەڵام تۆ فریای بینینی پەردەی یەکەمی ناکەویت.
لەگەڵ وتنی ئەمەدا، ڕەشپێستەکە، بە دەستە گەورەکانی، ئاماژەی بۆ هۆڵی شانۆگەرییەک کرد، لە شاقامەکەی ئەوبەرەوە، لەسەر تابلۆ بریسکەدارەکەی بەردەمی نووسرابوو: دەرگا سەوزەکە.

سەرنج: کۆمەڵێک لە کارەکانی نووسەری ئەمریکی (ئۆ هێنری) زیاتر لە جارێک وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی سویدی و ئەوەندەی سەرنجمدابێت، وەک هەمیشە، وەرگێڕانەکان هەرگیز بۆ هەمان دەقیش تەواو هاوشێوە نەبوون، بەڵکوو شێواز و زمانی وەرگێڕەکان جیاوازیی تێدا دروست کردون. من دوای وەرگێڕانی ئەم چیرۆکە لە سویدییەوە بۆ کوردی، لە بەراوردکردنیدا بە دەقە ئینگلیزییەکە، بۆم دەرکەوت کە هەندێک پەڕەگرافی کوورتکراوەتەوە و ناوی پاڵەوانەکەش کراوە بە (ریچارد)، بە لای منەوە کوورتکردنەوەکە لە دەقە سویدییەکەدا لە جوانیی چیرۆکەکەی کەم نەکردبووەوە بەڵام پێم باشتر بوو لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا، ناوی پاڵەوانەکە وەک دەقە سەرەکییەکە دابنێمەوە کە (رۆدۆڵف)ە.

 

سەرچاوە: Dast Magazine

* ئەم بابەتە لە ژمارە هەشتی گۆڤاری ئەدەبی سەردەمدا بڵاوبووەتەوە.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.