زمانی دایکی و گێڕانەوەمان

کاوان محەمەدپوور -بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکی

من زمانی كوردیم خۆشده‌وێت
206
پۆرتره‌تی فه‌یله‌سوفی ئیتاڵی ئاگامبێن له‌سه‌ر دیوارێك

جۆرجیۆ ئاگامبێن -فەیلەسووفی بەناوبانگی ئیتاڵی- لە کۆنفرانسێکدا بەناوی «هونەر وەکوو بەرگری»، سەرەتای وتەکانی بەم چەشنە دەست پێدەکا: “بەر لە هەرشتێک دەبێت ئاماژە بە مژارێک بدەم کە ئاسایی دەنوێنێت، ئەویش ئەوەیە کە وتەکانی من بە زمانی ئینگلیزیە. لەو سۆنگەوە کە زمانی دایکی من ئینگلیسی نییە بێگومان تەوەرێ لە باسەکە ون ئەبێت…بۆ ئەم ئاماژەیە ئەدەم؟، شتێ کە لێرەدا جەختی لەسەر دەکەم ئەوەیە کە نابێت هێژمۆنیایی زمانی ئینگلیسی لە کۆنفرانسەکان، زانکۆکان و شوێنگەلی وەها ئاسایی بنوێنێت. بەشێوەی ئاسایی زمانی ئینگلیسی[لە وەها شوێنگەلێک] وەکوو زمانی هاوبەش و پێوەندی(Lingua franca) بەکاردێت، هەر وەکوو زمانی لاتین کە لە سەدەکانی ١٥و١٦ و١٧ لە ئورووپا بەکار دەهات

“(Giorgio Agamben. Resistance in Art 2014)

ئەم هەڵوێستەی ئاگامبێن بیرخەرەوەی، هەڵوێستی (دانتێ ئەلیگیێری) و (جووانی بوکاچیۆ) لە سەدەکانی چواردەی زایینی ئیتالیا لەمەڕ (زمانی لاتین) دایە. دانتێ وەکو یەکەم کەس لەمەڕ زمانی لاتین هەڵوێست دەگرێت و کتێبە بەناونابگەکەی (کۆمێدیای یەزدانی) بە زمانی دایکی خۆیی-واتە ئیتاڵی- و تەنانەت زاراوەی ناوچەیی (توسکانی) دەنووسێت. ئەم هەڵوێستەی دانتێ، لە (بوکاچیۆ)شدا پاتە دەبێتەوە، (پاسکاڵ کازانۆا) لە کتێبی (کۆماری جیهانی ئەدەبیات) ئەم دژە وێستانەی دانتێ و بوکاچیۆ لە ژێر ناوی وەپەراوێز نانی زمانی لاتین پێناسە دەکا. دوا دانتێ و بوکاچیۆ ئەم چەشنە هەڵوێستە گشت ئورووپای سەدەکانی ناوین داگیر دەکات، ئەوڕا نە تەنیا زمانی ئیتاڵی بەڵکوو (فەڕانسی)ش بە نووسینی یەکەمین دەقی فەلسەفی بە زمانی فەڕانسی لە لەیەن (ڕێنێ دێکارت) لە سەدەی حەڤدەهەم ئەو هەڵوێستە پتەوتر دەکاتەوە.

ئەم پێشەکی و هەڵوێستە لەمەڕ بەکار هێنانی زمانی دایکی لانیکەم یەک پرسیاری بنەڕەتیمان بۆ دەردەخات. -بۆ زمانی زگماکی؟-وەختێ من دەتوانم بە زمانێک جیا لە زمانی دایکیم بنووسم و بدوێم و بگرە جەماوەری ئەم زمانەش-وەکوو لاتین لە سەدەکانی ناویندا و ئینگلیسی لەم سەدەدا-زیاترە، بە چ هۆیەک من دەبێ زمانی دایکی بەکار بێنم؟ هەڵوێستی دانتێ و بوکاچیۆ و دێکارت و لەم دوایانەشدا ئاگامبێن چ هۆیەکی هەیە لەمەڕ بەکارهێنانی زمانی زگماکی؟

ڕەنگە بە چەشنەگەلی جیاواز بتوانین وڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە بدۆزینەوە، بەڵام من هەوڵ دەدەم لە ڕوانگەی (گێڕانەوە) و بە پاڵپشتی فەلسەفەی گریمانەیی گێڕانەوەناسی وڵامێک بەم پرسیارانە بدەمەوە. هەر بۆیە پێویستە بەردەوام ئاماژە بە (شێوە گێڕانەوە)، (گۆشە نیگا) و تەنانەت (گێڕەوە) و(زەمەن لە گێڕانەوەدا) وەکو دەستەواژەکانی گێڕانەوەناسی بکەم.

ڕەنگە لەسەرەتادا پێوەندییەکی ئەوتۆ نێوان (گێڕانەوە و زمان) لە میتۆد و گریمانەی گێڕانەوەناسیدا بەدەی نەکرێت، ئەمەش بەم هۆیەیە کە سەرەتاکانی گێڕانەوەناسی، بەشێوین دەستوور زمانێکی هاوبەش لە نێوان گشت گێڕانەوەکانی مرۆییە و زۆر لەسەر ئەم پرسیارە خور نەدەبونەوە: کە ئایا فڵانە زمان شێوەی گێڕانەوەی لەگەڵ زمانێکی‌تر جیاوازە یان نا؟…ئەم ڕوانگە تا ئەو جێگەی کە ئێمە تەنیا بە شێوەی (پێکهاتەخوازی) بەشوێن سیستەم و نیزامی گێڕانەوەدا بگەڕێین، دروستە و هیچ کێشەیەکی نییە، چوون هەر گێڕانەوەیەک، گێڕەوە، زەمەن، ڕووداو، گۆشەنیگا و….هەیە کە لە (پلۆت)ێکی تایبەتدا گەڵاڵە دەکرێت، بەڵام کاتێک پرسیارەکەی ئێمە ئەو پەڕی سنوورەکانی پێکهاتەخوازی دەگرێتەوە و لە چەشنێک گریمانەی پاش پێکهاتەخوازی قسە دەکەین، ناچارین بۆ دیتنەوەی سەرچاوە و سیستەمی گێڕانەوە پاڵپشتی گریمانەیی لە پۆست کۆلۆنیالیزم و پۆست مۆدێڕن و دێکۆنسترۆکسیۆن و مارکسیزم و… بینینەوە ئەوە (زمان)، وە هاوتەریب هەست و دەرکی ئێمە لەمەڕ جیهانی گێڕانەوە بەرجەستە دەبێتەوە.

کاتێک مرۆڤ دەست دەکا بە گێڕانەوە، -چ بە شێوەی هوشیار و ناهوشیار- «شێوەیەکی تایبەت بۆ گێڕانەوە»ی چیرۆک یان بەسەرهات هەڵدەبژێرێت، ئەم «شێوە تایبەت»ییە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە سەر پەروەردەبوون و سیستەمی کولتوری ئەو تاکە لە ناو کۆمەڵگه‌دا. بۆ نموونە؛ شێوە گێڕانەوە و گۆشە‌نیگای بەکار هاتوو لە گێڕانەوەدا پێوەندی ڕاستەوخۆی بە پلەی زانیاری بێژەر/ نوسەر لەمەڕ چیرۆکەوە هەیە, یان ئەوەی کە لە چ (گێڕەوە)یەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆک سوود بگرین، دەگەڕێتەوە سەر ناوەڕۆک و کێشەی سەرەکی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکه‌كه‌. تەنانەت چوارچێوەی پلۆت و چۆنیەتی دەستچین کردنی ڕووداوەکانی چیرۆک بە پێی زەمەنی داستانی، پێوەندی بە دەرکی بێژەر/نووسەر لەمەڕ جیهانی گێڕانەوە/ڕووداو/چیرۆکەوە هەیە.

یەکەمین پلەی پێوەندی ئێمە بە سیستەمی دەرکی جیهان و ماناکانی، پێوەندییەکەی زمانییە، واتە زمان پێکهاتەیەک بەدیدێنێت کە مرۆڤ لەو پێکهاتەیەدا بیردەکاتەوە و شێوە و ڕوانگەی بە جیهان و هەڵسوکەوتی لەمەڕ ڕووداوەکان دەستنیشاندەکات. لێرەدا سیستەمی (ئەخلاقی گێڕانەوە) پێکدێت. سیستەمی ئەخلاقی گێڕانەوە، پێناسە کەری چەشنی گێڕانەوەی مرۆڤە، ئەم چەشنە بۆ مرۆڤ پێناسە دەکات، کام شێوە بۆ گێڕانەوە هەڵبژێرێت. ڕەنگە هێنانەوەی نموونەیەک ئەم باسە زیاتر شی بکاتەوە: باوه‌ها دابنێین نوسەرێکی کورد ئەیەوێت چیرۆکێکی مێژوویی کورد بنووسێت، بێگومان جیا لە بەسەرهات و ڕووداوەکانی ناو چیرۆک پێویستی بە کەرەستەیە بۆ هەناردە کردنی ئەم چیرۆکە بە مێشکی بەردەنگ هەیە. نوسەر لێرەدا بە پێی ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکەی دەیهەوێت باسی بکات. (گێڕەوە)یەکی تایبەت بۆ گێڕانەوە هەڵدەبژێرێت، ئەم گێڕەوەیە پێناسە کەری گشت پلەی گێڕانەوەیە. واتە چۆنیەتی بەکارهێنانی گشت کەرەستەکانی تر و مۆدێلی گێڕانەوە، هەر لە گۆشەنیگای گێڕەوە سەرچاوە دەگرێت، پێوەندی ئەم هەڵبژاردنە بە (زمان) لێردا بەرجەستە دەبێتەوە کە نوسەر یان بێژەری ئەم چیرۆکە، تا چ ڕادەیەک لە مێشک و دەروون و فامی دا بە ڕووداوی چیرۆکەکە نزیکە؟ واتە لە چ پلەیەکدا خەرکی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەیە؟

زمانی نوسەر، دەرکی نوسەریشە. -لێرەدا مەبەست لە زمان تەنیا مەبەست لە ئاخافتنی ڕۆژانە نییە بەڵکو پانتای گشتی زمان کە هەر دوو دەرک و ئاخافتن دەگرێتەوە مەبەستە-، کە واتە کاتێک نوسەری کورد بیەوێت بە زمانێکی جگه‌ له‌ کوردی ڕووداو و بەسەرهاتێکی چیرۆک بگێڕتەوە، ناچارە دوو ڕا لە مێشکی دا وەرگێڕانی بۆ بکات، ئەم وەرگێڕانە زەینییە، بە وتەی ئاگامبێن (تەوەرێ لە باسەکە وندەکات). یەکێك لەم تەوەرانەی کە بزر دەبێت هەستی سایکۆلۆژی نووسەر لەمەڕ (دەروونی فام کراوەی جیهانە)-لێردەا هەم جیهانی چیرۆک مەبەستە هەم جیهانی گێڕانەوە-.

ئەگەر لە کۆتاییدا جارێکیتر باسەکە بێنینەوە سەر هەڵوێستی دانتێ و بوکاچیۆ لەمەڕ زمانی لاتین، دووبارە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەڵوێستی ئەم دوو کەسە، هەڵوێستێک بوو لەمەڕ گێڕانەوەی چیرۆک بۆتێگه‌یشتنێكی  نوێ لە جیهان. واتە هەڵوێستێکە بۆ (داکۆکی لە گێڕانەوەی زگماکی بە زمانی زگماکی). دانتێ (کۆمێدیای یەزادنی) دەنوسێت و لەوێ دا سەفەرێکی خەیاڵی بۆ بەهەشت و دۆزەخ و بەرزەخ دەکا.  بوکاچیۆ (دێکامێرۆن) دەنووسێت و هەقایەتەکانی سێ پیاو و حەوت ژن کە لە ترسی تاعوون ڕایان کردوە دەگێڕتەوە، هەر دووی ئەم نوسەرانە بە نوسین بە زمانی دایکی نە تەنیا لەمەڕ سیستەمی کڵیسا و لاتینی کڵیسایی کراودا دەوێستن، بەڵکو فام و دەرکێ نوێ لە جیهان-کە جیا لە دەرکی کڵیسا و زمانی لاتینە- بۆ زەینی بەردەنگ هەناردە دەکەن.

زمانی لاتین، بۆ دانتێ و بوکاچیۆ، – تەنانەت دیکارتیش-، زمانێکی تەژی لە دەرکی کڵیسایی جیهانە، زمانێکە کە توانستی سایکۆلۆژیکی مرۆڤ لەمەڕ جیهان بزردەکات و بەشە هەر گرنگەکانی گێڕانەوە دەخاتە پەراوێزەوە، تەنانەت دەستەواژەکانی یا ڕەنگ و ڕووی کفری پێوەیە یان ڕواڵەتی ئیمانی کوێرانەی هەیە!  کە واتە بۆ گێڕانەوەی-منی به‌ده‌ر له‌ لاتین- نابێت. ئەم باسە جارێکیتر بۆ کەسانێک وەکوو ئاگامبێن پاتە دەبێتەوە، کە پێی وایە هێژمۆنیایی زمانی ئینگلیسی لە ئاستی زانستیدا بەشێکی زۆر لە هەستە و دەرکە نەتەوەیەکان بزر دەکات. کەواتە جیا لە ڕێز لێنان و سوود وەرگرتن لە زمان گەلانی تر-بەتایبەت لە ئاستی زانستیدا- پێویستە (گێڕانەوە) بە تایبەت گێڕانەوەی چیرۆک و هونەر بە زمانی دایکی بکرێت، چوون تەنیا هونەر و چیرۆکە کە دەتوانێت ئاستی سایکۆلۆژیکی و دەرک و فامی ئێمە لەمەڕ جیهان پێناسە و پەروەردە بکات.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

You might also like More from author

error: Content is protected !!