پێشەکی
حەرەمسەرا لەو وێنە شاراوەیەوە سەرچاوەی وەرگرتووە کە ژن لە ناو چوار دیوار قایم بکرێت و ببێتە ئامرازێکی تێرکردنی ئاڵۆشی پیاو. ئەمڕۆ، چۆن ماسکەکانی حەرەمسەرا سەپێندراون؟
با لە وێنە شاراوەکانی نێو کۆمه‌ڵی نەریتی و ئیسلامیی دەست پێ بکەین کە زۆرن، له‌وانه‌ش زۆرتر، ئه‌و وێنانه‌ن که ته‌رز و چڵ و پۆی تریان لێ ده‌بێته‌وه. ئەم بابەتە وەستانە له‌سه‌ر ئەو وێنه زه‌قانەی په‌یوه‌ندیی و هاوپەیوەندییان لە نێوان یەکیتردا هەیە و له نێو خۆیاندا سیسته‌مێک پێک ده‌هێنن و حوکمیان بەسەرا دەدرێت.
ئەگەر دەنگی ژن لە ئایندا قەدەغە کراوە، بۆ مسۆگەرکردنی ”هیچ دەرنەبڕینە”، بەوە بێ دەنگیی نیوەی کۆمەڵ بەدەست دەهینن و نیوەکەی تریشی (پیاو) بە سەرکوتکردن و باڵا دەستیی یاساکانی ئاین ملکەچ دەکەن. ڤیرجینی لارووس Virginie Larousse لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەنترۆپۆلۆگ میشێل کەزنەڤ Michel Cazenave، لە گۆڤاری (جیهانی ئاینەکان) Le Monde des religions، باس لەوە دەکات، چۆن ”(…) بە درێژایی مێژوو ژن هەمیشە پیاوی ترسان دووە، چونکە ژن هۆشمەندییی ئاینیی دەگوازێتەوە. بێدەنگیی ئەویش، وا دەکات کە پیاو، لەو زۆنە ئالۆزە نزیکتر بکاتەوە، هاوکات، ئەوە دەبێتە زۆنێکی بوون و نەبوونی ژن”. وێنەی ژنیش بەهەمان شێوە مامەڵە کراوە. وێنە لە شوێن دابڕاو نییە. شوێن لە هەموو جیهاندا گەورەترین تاقیگەی نیشتەجێبوون و هەڕەشەکردنیشە. بە داگیرکردنی شوێنێک، هەرچی نەشتەرگەرییە تێیدا ئەنجام دەدرێت و هەموو جۆرە تاقیکردنەوەیەکی بەسەرا دەکرێت. هەرچۆن پانتایی ناوماڵ، کاتێک دەست بە ڕێکخستنەوەی دەکەین و دیکۆرەکەی ناوەوەی دەگۆڕین، ئەوە هەمان وێنەیە سەبارەت بە پانتایی شوێن، ساتێ داگیر دەکرێت و دەچێتە ژێر دەسەڵاتێکی تر.
بە پەلاماردان و داگیرکردنی شوێنێک، یەکەم هەنگاو دەست دەکرێت بەو نەشتەرگەریە و یاسای داگیرکەر بەسەر دانیشتواندا دەسەپێندرێت، کە جەغت لە شەرعییەتیی زەبر و هێز دەکات، نموونەکەی لە داعش بەرجەستەیە، کە خۆی بە خەلیفەی نوێی میراتگەر و تاقە نوێنەری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئیلاهیی لەسەر زەوی پێشنیار دەکات.
لەو پانتایی تاقیگەیە، وێنەی شوێن بەهەمان شێوە نامێنێت، دەگۆڕێت و دیسان دا دەهێنرێتەوە. لە بەشەکانی خوارەوە، پەنجە دەخەینە سەر گروپی جەلادە نوێکان، ئەوانەی شمشێرە کۆنەکانیان هێشتا خوێنی سەردەمێکی تری بەسەرەوە نەسڕ دراوەتەوە و بە ئامرازی هاوپەیوەندیی نوێ، خزمەتی خەلافەتێکی دەستکرد دەکەن. بازاڕی ”نخاسە” و حەرەمسەرای هاوچەرخ، بۆ ژنی غەیەرە موسڵمان و بگرە موسڵمانیش خۆڵڕێژ کراوە، سەکۆی شانۆگەریی تراژێدیاش بۆ دیل و یاخیبوو و بێگانەکان هەڵ خراوە. چۆن لە دڕندەیی ئەوانە تێ بگەین؟
سەرەتا، بە گشتیی باسی وێنەی شاراوەی ژن دەکەین، وێنەی ژنیش لە ژێر دەسەڵاتی داعش. پاشان، باسی ڕووی کلتوور و شارستانی، یان مەدەنی لە پێکهاتەی شار دەکەین و بە هزر گرێی دەدەین و چۆن ئەوە دەستکاریی وێنەکانی کردووە. دواجار، باسی پانتایی شوێن دەکەین، کە لە نێوان قەدەغە و مۆڵەت پێدان، کاریگەری تیرۆر لە شێواندنی جوانیی بەرپا دەبێت. لە پوختەدا، دوا سەرنجم لەسەر سەرجەمی بۆچوونەکان و ئەگەری دەرچوونێک، نەک چارەسەرێک، دەخمە ڕوو.
بەشی یەکەم:
وێنەی شاراوەی ژن بە گشتیی
ژن و دابه‌شکردنی کار، یه‌کێکه له‌و حاڵه‌تانه‌ی له هه‌موو کۆمه‌ڵێکدا باوه. ژن بۆ کاری ماڵه؟ له‌و به‌ینه‌دا ڕۆڵی پیاو چییه؟ بێگومان وێنه‌ی باو ئه‌وه‌یه، که ژن له ماڵ بێت و ئیشی نێوماڵ ئه‌نجام بدات. ئایا پیاوان به‌و کارانه هه‌ڵ ناسن؟ یان دۆخی باو لەوەدا کورت دەبێتەوە کە پیاو له نێوماڵدا هیچ ناکات؟ دیاره ئه‌و وێنه‌یه وا هاتۆته پێشێ و به‌رده‌وامیشه، به‌ڵام مه‌رج نییه ڕاست بێت. زۆرن ئه‌و پیاوانه‌ی له ئەرکی ناوماڵدا هاوکاریی ژنان ده‌که‌ن، به‌ڵام هیچ کامیان ئه‌و لایەنە بۆ نزیکترین که‌سیشی ئاشکرای ناکات. لێرەدا دۆزەکە پەیوەستە بەو وێنه‌ییەی پێشنیار کۆمەڵ کراوە. وێنه‌ی پیاوی ده‌سه‌ڵاتدار (ئه‌وه‌ی به ژن ناشوبهێندرێت)، که له ده‌ره‌وه کارێک ده‌کات، رێی تێ دەچێت کە لە پلەی کارمەندێکی بەرز بێت و ده‌سه‌ڵاتی گەورەشی بەدەست بێت. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر دەسەڵاتێکی ستوونییە کە بە ڕەهایی بە دەستی پیاوە، ژن بە کەنار کراوە. بێجگه له‌وه‌ی، وێنه‌ی ماڵ و ده‌ره‌وه به چاکیی ده‌ستنیشان کراوه: وێنه‌ی ژن \ ماڵ؛ وێنه‌ی پیاو \ ده‌ره‌وه. هاتنه‌ماڵه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر شوناسی ئه‌و پیاوه، به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو سیسته‌می ماڵ، که وێنه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی له به‌ڕێوه‌به‌رێکی ژن به‌ره‌جه‌سته بووه. هه‌روه‌ها، له پشت ئه‌و پله‌به‌ندییه، وێنه‌ی هاوجووتبوون و ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه به‌یه‌که‌وه به‌ستراوه. دابه‌شکردنی پانتایی له ئارادایه. ماڵه‌وه بۆ قایمکردنی ژنه، پانتاییه‌کی سنوورداره. پانتایی ده‌ره‌وه بۆ پیاوه، کراوه و واڵا‌یه، له کرداری و لە ڕه‌فتاریشی ئازاده. لە تەک ئەو وێنەیە، ژن مێیە، شازادەی ماڵی خۆیەتی؛ پیاو، نێرە، شەڕکەرە، بە مانای جەنگاوەر و قارەمانە.
ئەو نمایش‌کردنی وێنانە بۆ ئەوەیە بچینە ناو ئەو کۆمه‌ڵەی خوازیاری شاردنەوەی ژنە. ئەو جۆە کۆمەڵە نەریتییە، به ئە‌وه‌نده‌ش ناوه‌ستێت، زمانێک دا ده‌هێنێت که ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و پله‌به‌ندییه و ته‌سکیی پانتایی ناوماڵ بۆ ژن و فراوانیی پانتایی ده‌ره‌وه بۆ پیاو، ڕیک خراوه و ئیشیشی پێ دەکرێت. فه‌رهه‌نگی رۆژانه و ته‌نانه‌ت هه‌رچی نوکته‌شه، له ده‌وری ئه‌و دابه‌شکردنه ده‌سوڕێته‌وه.
لە هەوڵێر، خودی بازار کە لە ڕووی ئابوورییەوە، بگرە لە بۆچوونی نەریتییشەوە، پانتاییەکە ژن پارەی لێی خەرج دەکات، بە ناو سەدان پلاری پیاو تێ دەپەڕیت. لە کەرکووک، لەسەر قەبرانیش ئەو پیاوانەت لێ پەیدا دەبن کە نەهێلن بە ئارامیی سەردانی گۆڕێک بکەیت. وێنەی ژنان لە دهۆک ئەوەیە کە، زێڕێکی قورسیان پێوەیە و لە ناو قەفەسی بازاری زێڕینگەرەکان لەسەر هێلکەی زێڕین بەڕێوە دەڕۆن. لە سلێمانی، ئه‌وه‌نده به‌سه به شه‌قامی سالم تێ بپه‌رین، تاکو تێ بگه‌ین پانتایی شوێن له‌و ”شه‌قامه هەرە نێره” چه‌نده به‌رجه‌سته‌یه. ته‌نانه‌ت وێنەی شەقامی سالم، کە بە ”سه‌هۆڵه‌که” نازناوی ڕۆیشتووە، کاتی ڕژێمی بەعس نموونەی خۆ ڕاگریی و یاخیبوونیی گەنجانی کچ و کوڕ بوو. ئێستا لەگەڵ زیادبوونی کشانەوەی ژن بۆ ناوماڵ، نازناوی سەهۆڵەکە، که ئاماده‌بوونی گه‌رمی ژن لێی ونه، پڕ به‌و پێناسە نێرەیە. کەسانێکی کەمیش هەن دەیانەوێت وێنەیەکی ژنی چالاک و ئیشکەر و دیپلۆمدارمان نیشان بدەن، کە لە زەمینەی ڕاستیدا، لە ناوماڵ و پەرلەمان و بگرە زانکۆکانیش لە دیکۆرێکی جوان تێ ناپەڕن و هیچ کێشێکی قورسیان بۆ سەر بڕیارە گەورەکان و ڕیفۆرمدا نییە. ئەوەش لە ڕاستیی دۆخی هەنووکەی ژن ناگۆڕێت، کە چەندە ستەم لێکراوە و زمان بڕاوە و وێنەی سڕ دراوەتەوە؛ هەندێک جار بە هاوکاریی ئافرەتان خۆیان! ئیدی هۆشیان بەو لایەنە هەبێت یان نا.
ئەمڕۆ تێکۆشانی ژن، بۆ داکۆکیکردن لە وێنەیەکی پتر مرۆڤانە، له چ ئاستێکدایه ؟
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر مێژووی ژن، ئه‌وه جوڵه‌یه‌کی نهێنی دژی ژنان لە ئارادایە. بۆ نموونه به نه‌هێشتنی شوێنه‌واری ژن و به‌تایبه‌تی ئه‌رشیفی ژن، هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی نووسراو له‌سه‌ر مێژووی ڕاستیی داهێنان و سه‌رکه‌وتنه‌کان و ساتی تێکۆشانیی ڕاستەقینەیان له به‌ره‌کانی شۆڕش و شەڕ بە ئەندازەی پیاو دەست ناکەوێت، یاخود سڕ دڕاوه‌نەته‌وه و پشتگوێ خراون. تێکۆشانیان بەرامبەر بە هەڕەشەی نوێی داڵە شوومەکانی داعش، ئا له‌م ساتەوەخەتشدا، ده‌یانه‌وێت ئه‌و وێنه‌ییه‌ی بسڕنه‌وه و که‌س له داهاتوودا شتێکیان نه‌دۆزێته‌وه. بایه‌خپێدانیش به ژن، له‌م چرکه هه‌ستیاره‌ی مێژووی کوردستان، ته‌نها له ڕووداوێکی ڕۆژانه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌کی هه‌ژاری رۆژنامه حیزبیەکان تێ ناپه‌ڕێت، که باسی کوشتن و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ری ده‌که‌ن. ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌که‌ش، له ده‌وروبه‌ری: بۆ ڕوویدا؟ کێ کردی؟ چۆن کوشتنیان؟ ده‌سوڕێته‌وه. لە باشترین دۆخدا، باس لەو تێکۆشان و ئەو بەرگرییە بەرچاوەیان دەکەن کە ئاگری کۆبانێ تیشکی خستە سەریان. ئەوەش بە بڕوای ئێمە، قۆناغێکی بەرگرییە، لە ستراتیجییەتی ئامادەکردنی ژن بۆ سەربازیی، وەک جەستەیەکی هێزی سەربازیی و پێکهێنانی سوپایەک لەناو سیستەمێک، تەواو جودایە.
میتۆدی به‌کارهێنانی پانتایی ده‌ره‌وه، تاپۆکردنی ناڕه‌وای شوێنه لەلایەن پیاو، ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نها ژن له چێژێکی ساده‌ی به ئارامیی و به ئازادیی پیاسەکردن دا ده‌بڕێت، بگره ئازادیی فیکریشی لێ زه‌وت ده‌کات. لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر ستەمکاریی داعش، به نهێنی و ئاشکرا ده‌ره‌وەیان لێ قەدەغە کراوە، به تایبه‌تی شه‌وانه. دیارە شه‌و هەمیشە هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییدارە بۆسه‌ر ژن، ته‌نانه‌ت له رۆژئاواش. لە ناوچەکانی ژێر زەبری داعش، وێنەی ژن بە ڕەهایی سوتاوە.
کۆمه‌ڵ ستراتیجییه‌تێک به‌کار ده‌بات له به‌ستنه‌وه‌ی ژن و به‌ره به‌ره ژن خۆیشی په‌یڕه‌وی ده‌کات. ئه‌و ستراتیجییه‌ته، دۆخی ته‌نیایی لەلای ژن دروست کردووە. زۆرینه‌ی ئه‌و ئافرەتانه‌ی له‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی خۆیان به‌ئاگان، له ته‌نییایی و ڕه‌شبینیی قووڵدا ده‌ژین. باشترین دۆخیان، کە بە ڕای ئێمە خراپتریینیانە، بەسەر کەسایەتی خۆیاندا دەشکێنەوە و یاسایەکی توندوتیژ دەرهەقی خۆیان پەیڕەو دەکەن. بۆ ئەوەی لە زەبری کۆمەڵی باوکسالار دەرباز ببن، ئەگەرچی، هەندێک جار بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانیی بهێنێت. که کاتژمێرێک ده‌قه به ده‌قه‌ی گیرابێت، بۆ چوونە قوتابخانە و گه‌ڕانه‌وه‌ی، یان بۆ چوونە بازار، له بارترین دۆخیشدا، که خێزانه‌که‌ی کراوه‌بن، سەردانی هاوڕێیانی بکات، ئه‌وه بۆ خۆی داستانێکه شه‌ڕی گه‌وره‌ی له‌دوایه، بێت‌و وه‌ک ”سه‌ندریلا” له کاتیی خۆیدا بۆ ماڵەوەی نه‌گه‌ڕێته‌وه.
ڤالانتینا تیریشکۆڤا له ساڵی 1963 نه‌ک به‌ته‌نیا پانتایی ماڵ و شه‌قام و شار و وڵاتیی بڕی؛ ئەو ژنە ڕووسە به ته‌نیا ئاسۆی ئاسمانی پشکنی! واتە ماوه‌ی 53 ساڵ، جیاوازیی و مەودا لە نێوان ئەوان و ئێمەدا هه‌یه! لێره‌دا، هیچ شرۆڤه‌یه‌ک ناخه‌مه سه‌ر ئه‌وه، بۆ لێکدانه‌وەی، هەر وه‌ک خۆی لێی ده‌گه‌ڕێم.
جیهانی ئێمه له کوێی له‌و هه‌موو گۆڕانکاریانه‌ی دنیاییە؟ بە دیوێکی تردا، کورد لە گۆڕانکارییەکانی جیهان، بە لایە خراپەکەیدا خۆی ناکاتە خاوەنی هیچ؛ بە لایە باشەکەش، هەرگیز هەل ناقۆزێتەوە!
ڕۆڵی ژن له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا له‌و وێنه‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌یه که به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵه رۆژئاواییه‌کانی پێش سه‌ده‌ی بیست، هه‌مان شته- له‌و سه‌دانه‌دا ژن له باشترین هه‌لومه‌رجیدا، کراوه‌ته قاڵبی چەند ڕۆڵێکی دەیاریکراو، که ته‌نها هه‌ڵ ده‌ستێت به چاککردنه‌وه، هه‌ڵگرتنه‌وه و پاراستن، به‌ڵام داهێنه‌ر نییه. قه‌ناعه‌تیان به خۆیشیی کردووه، که له‌و ڕۆڵه باشتر هیچییتر شک نابه‌ن پێی هه‌ڵ بسێت. یاده‌وریی ژن به‌و جۆره بیرۆکانه بار کراوه و بە زەبر هه‌ڵیشی ده‌گرێت. یاده‌وه‌ریی پیاویش به هه‌مان شێوه‌یه، به‌ڵام به جۆرێکی تری هه‌ڵوێست و ڕه‌فتار، ناشڵێین (زانیاریی) په‌ستراوه. لێره‌دا، به پێی (یاده‌وره‌یی تڕۆماویی)، ده‌روونناسی فه‌ره‌نسی بۆریس سیرولنیکBoris Cyrulnik, La mémoire traumatique سەرەتا، باس لە یادەوەریی تەندروست دەکات. بەو واتایە یادەورییەکی ساغ هەیە، کە هەڵسەنگاندن بە خۆیەوە دەبینێت. مەرجیش نییە ئەو یادەوەرییە بە هەمان شێوە بێتە پێشێ. ئەوەی خوشک و برایەک، کە لە هەمان خێزاندا لەسەر دایک‌و باوکیان دەیزانن و دواتر دەی گێڕنەوە، هەمان شت نییە. سیرولینک جەغت لەوەش دەکات، کە یادەوریی ترۆماویی، ئەوەیە کە زیانی پێ گەیشتووە. کاتێک باس لە خود دەکرێت، باس لە خودێکی برینداربوو دەکرێت، وەک نوێنەرێکی خود، نەک خودی ”خود”. هەروەها دەڵێت، کە ئانا فرۆید Anna Freud ”ترۆما” لە ”ترۆماتیزم” جیا دەکاتەوە. ”ترۆما” لێدانەکەیە، ”ترۆماتیزم” ئامادەبوونێکە لەبری لێدانەکە، نەک خودی لێدانەکە. بە پێی ئەو پێناسەیە، ئێمه که‌سمان یاده‌وه‌رییه‌کی ساغ و تەندروستمان نییه. خاوەنی یادەوەرییەکین کە جێی خۆی گرتووه و داکوتراوە، چونکو له منداڵییه‌وه هه‌ڵگری ئه‌و ترۆماییه‌یه و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کر‌دندا ناتوانین هه‌ڵی بسه‌نگێنین. سیرولینک دەڵێت، ئێمه دووجار له‌ده‌ستی ئه‌و جۆره ئاماده‌بوونی یاده‌وه‌ریانه ده‌چێژین: جارێکیان به‌وه‌ی لێره بوونه، ئه‌وی تریشیان، به‌وه‌ی دیسان دێنه‌وه پێشێ و لە ڕێگای پرسیارکردن (بۆچی ڕوویدا؟ بۆ من ئەوەم بەسەردا هات؟ بۆ…) دووباره لێدانەکە ئامادە ده‌بێته‌وه.
لەو بۆچوونەوە، ئێمه ددان نانێین به‌وه‌ی که کۆمه‌ڵێکین به زنجیره‌یه‌کی وه‌یکداچووی پته‌و لێدانەکانمان دووبارە دەهێنیننەوە مەیدان و یادەوریمانی پێ ئەزێت دەدەین. نه‌خۆشیه‌کانمان په‌روه‌رده ده‌که‌ین، له‌بری ئه‌وه‌ی تیماریان بکه‌ین. له جێی هه‌ڵسه‌نگاندنی یاسا، بنه‌ماکانی نه‌ریت زیندو ده‌که‌ینه‌وه. لەبری ئەقڵانییەت چی سەرە گەورەی خێڵ و مێزەری ئاینە دەیان کەینەوە بە ڕەوتی ڕاستەقینە و بنەمای ڕەوشت و رەفتار. هه‌ر خودی پرۆسه‌ی به هاوڵاتیبوون، پێشنیاری ئه‌و مه‌رجه ده‌کات که ئێش به یاسا بکرێت، خوێندن به‌رپا بێت و بە یەکسانیی بۆ هه‌موو که‌سێک بێت. مه‌رجی هاوڵاتیبوون ئه‌وه‌شه که هه‌ر یه‌که مافی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت، که‌س بیری به زۆرداریی نه‌سه‌پێنێته سه‌ر ئەوی تر و له پله‌ی به‌ندێکدا تێکی بشکێنێت. کۆمەڵێک تێیدا ژنان خرابنە کەناری ژیان و بۆ شەپۆلە توندوتیژەکانی کۆمەڵی زۆرداران بەجێ بهێڵدرێت، دەبێ وێنەی ژن لە ژێر دەسەڵاتی داعش چۆن بێت؟
سڕینەوەی وێنەی ژن لە ژێڕ دەسەڵاتی داعش
لەمەودوا (ئەگەر دۆخەکە زۆر درێژە بکێشێت)، ژنی ژێر دەسەڵاتی داعش، ڕا دەهێندرێن، په‌روه‌رده دە‌کرێن و مه‌شقیان له‌سه‌ر گوێڕایەڵی، باسیڤی، ملکه‌چی پێ دەکرێت، دوایش به چاره‌نووسی خۆیان ڕازیی دەبن و تا سه‌ر ئیسقان خۆیان دەکەنە قوربانیی. هه‌موو لادانێک له‌و مه‌شقکردنه سزای له دوایه؛ چ بە فڕۆشتن یان بە کوشتن. ئەو ناوچانەی دەکەونە ژێر دەستیان، بە رزگاربوونیشیان لە ئایدیۆلۆجی داعش قوتاریان نابێت، گەرای توندوتیژیی و پاشەکشێ و ستەمکاریی تا ماوەیەکی زۆر هەر بەرپا دەبێت.
به‌رامبه‌ر به‌و په‌روه‌رده‌کردنه‌ی ژن، پیاوان له‌سه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئەو وێنەیییە ڕا دەهێندرێن و مه‌شقیان پێ دەکرێت و په‌روه‌رده دە‌کرێن، تاکو شەرعییەتی ڕفاندن، کوشتن، دەستدرێژییکردن بەرپا بکەن و تڕۆپکی چێژ لە توندوتیژیی ببین و سزا بەکار بەرن. به‌و جۆره دوو جۆر مرۆڤ دا دەهێندرێتەوە: یه‌کێکیان (ژنە) هیچ نییه، ئه‌وی تریان (پیاوە) هه‌موو شتێکه، ئەمەشیان هەر بێ مەرج نییە. دروستە کە مێژووی توندوتیژیی ڕیشەی دوورە. دەکرێت بڵێین، کە مرۆڤایەتی پەروەردەی توندوتیژییە. لە هەموو سەردەمێکدا بە ناوی باوەڕێک دژی باوەڕێکی دیکە، ئاینێک دژی ئاینێکی دی، ڕەگەزێک دژی ڕەگەزێکی تر، کوشتن بە ڕووە هەرە توندوتیژەکەی لە ئارادا بووە. بە ناوی دژە نەتەوە و باوەڕ و ئاین شەڕێکی توندوتیژی بێهودە هەبووە و تا ئەمڕۆ لە ئارادایە. شەڕی جولەکە و رۆمانەکان؛ جولەکە و مەسیحییەت؛ مەسیحییەت لە ناو خۆیان (کاتۆلیک و پرۆتیستانت)؛ مەسیحییەت و ئیسلام (شەڕی خاچ پەرستەکان)؛ ئیسلام و جۆلەکە؛ ئیسلام لە ناو خۆی (شیعە و سنە)؛ تەنانەت ئاینیی بۆدیزم، کە بەناو ئاشتیخوازە، شەڕی کوشندە دژی موسڵمانەکان دەکات. جیاوازیی ئەو سەردەمانەی پێشوو لەگەڵ ئەمڕۆ، لە پلەی توندوتیژیی نییە، بەڵکوو لە جۆری نمایشکردنێتی. ئەمڕۆ شەڕ بە هەموو وێنە زەقەکانەوە لەبەردەم کامێراکان نمایش دەکرێت و دەرخواردی بینەران دەدرێت. بە میدیاکردنی توندوتیژیی، دەیان ڕەهەندی ترسناکی خستۆتە سەر ئەو شەڕانە، کە لە ڕاستیدا جیاوازییەکەی لەوەدایە، لەو سەردەمە کۆنانە لە ناو ڕووداوەکان ژیاون و دووبارە نمایش نەکراونەتەوە. لە ئەمڕۆدا، هەندێک شوێنی دنیا لە ناو ڕووداو ناژین، بگرە دوور لە شەڕ و وەیەکدادان، بە ئارامی دەژین، باوەڕ بە چاویان ناکەن، کاتێک لەودیو شاشەکانی تەلەفیزیۆن و ئینتەرنێت و لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ئەو وێنانە دەبینن. کەچی تەواویی کوشتن و سەربڕین و کەرتو پارچەی لەشی بەشەر لەناو شەقام و پاڵ بیناکان و لەسەر خۆڵ و لم و ئاو کەوتوون. مرۆڤ و شوێن لە میدیاکاندا بە دوو ڕەنگی ڕەها دەبیندرێن: سوور(خوێن) و بۆر (وێرانە). سەیریان دەکەن، وا لەو ناوە کەوتوون و کۆمەڵێکی تری خەڵکیش لەناو خودی فیلمەکە بە دیاریانەوە دەستەوەستان ڕەق بوون و تەماشا دەکەن. ئەو جۆرە وێنەیە لە ناو وێنە، وڵامێکی زەقە بۆ سەرجەمی ئەو توندوتیژییانەی، کە هەتا ڕادەیەک ئاسایی دەکرێنەوە. ئەوەشە کە وای کردووە، وێنەی ژنی ئیزدیی و مەسیحیی و کورد کە کەوتوونەتە دەستی داعش، لە جێیەکدا بەهای ڕاستی نەمێنێت. بگرە لە چەند چاوپێکەوتنێک بۆ پڕ کردنەوەی پرۆگرامێک و لە لێکدانەوەیەکی نووسینی حەماسیی تێ ناپەڕێت. زۆرجاریش ڕەوشی موڵکییەتی نامووسی ژن دەر دەخات.
شاری ژێر دەسەڵاتی داعش، بە مرۆڤەکانییەوە چ واتایەکی هەیە؟
ماویه‌تی بۆ به‌شی دووهه‌م
سەرچاوە نووسراوەکان بە فەرەنسی:
کتێب:
– CHOLLET Mona, Beauté fatale. Les nouveaux visages d’une aliénation féminine, Éd. Zones, Paris, 2012.
– Frontisi-Ducroux Françoise, Ouvrages de dames. Ariane, Hélène, Pénélope…, Éd. De Seuil, Paris, 2009.
– HUSTON Nancy, Reflets dans un œil d’homme, Éd. Actes Sud, Paris, 2012.
– Lévi-Strauss Claude, Anthropologie structurale, Éd. Plon. Paris, 1958,
– MERLEAU-PONTY Maurice, L’œil et l’Esprit, Collection Folio essais (n° 13), Éd. Gallimard, Paris, 1985.
– SIGMUND FREUD, Malaise dans la civilisation. TRADUIT DE L’ALLEMAND PAR CH. ET J. ODIER. PRESSES UNIVERSITAIRES DE France. Le présent ouvrage est la traduction française de : DAS UNBEHAGEN IN DER KULTUR. Par Sigmund FREUD. Vienne, 1929. Dépôt légal. – 1re édition : 1er trimestre 1971. 11e éd. Presses Universitaires de France. 1989.
– Théry Irène, La distinction de sexe. Une nouvelle approche de l’égalité, Éd. Odile Jacob. Paris, 2007.
– TODOROV Tzvetan, Symbolisme et interprétation, Éd. Seuil, Paris. 1978.
ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتی تایبەت بە کەناڵەکان:
– Coups et voile intégral : des femmes sous l’emprise de l’Etat islamique témoignent. Page La Libre. be. J. Lgg. Publié le mardi 17 février 2015.
– Dans les rues de Mossoul: la vie quotidienne sous le joug de l’EI. Journal La Presses. CA. 09 juin 2015. http://www.lapresse.ca/international/dossiers/le-groupe-etat-islamique/201506/09/01-4876447-dans-les-rues-de-mossoul-la-vie-quotidienne-sous-le-joug-de-lei.php
– Irak : face à Daesh, 250 femmes choisissent la mort plutôt que l’esclavage. Page RT. TV. 21 avril. 2016.
– L’horrible quotidien des femmes sous l’Etat Islamique. Par : Camille Moreau. Magazine, Marie Claire. http://www.marieclaire.fr/,l-horrible-quotidien-des-femmes-sous-l-etat-islamique,733902.asp
– Visages du féminin sacré, de Michel Cazenave. Éditions Entrelacs. Propos recueillis par Virginie Larousse – publié le 16/08/2013: Pourquoi la femme fait peur ?
http://www.lemondedesreligions.fr/entretiens/pourquoi-la-femme-fait-peur-16-08-2013-3351_111.php
سەرچاوەی نووسراو و فیلم، بە کوردی و عەرەبی:
– بەیان سەلمان، دەنگی شاراوەی ژن، گۆڤاری مەدەنییەت، ژمارە ٣١سلێمانی.
– فالح مهدي، الخضوع السني والإحباط الشيعي – نقد العقل الدائري، دار بيت الياسمين للنشر والتوزيع. القاهرة، 2015.
– هۆزان مەحمود، ژنی کورد نەفرەتلێکراوێکی ئەبەدییە. کلتوور مەگەزین. http://www.culturemagazine.org
– المصير، فيلم للمخرج المصري يوسف شاهين. إنتاج عام 1997. (فیلمی: چارەنووس، دەرهێنانی، یوسف شاهین. ساڵی بەرهەمهێنان ١٩٩٧.)
سەرچاوەی وێنە و دەنگ و ڤیدیۆ:
– CYRULNIK Boris, La mémoire traumatique : https://www.youtube.com/watch?v=rd13inJYbQk
– FOUCAULT Michel: L’utopie du corps (Radio Feature, 1966).https://www.youtube.com/watch?v=NSNkxvGlUNY
– GREEN André, Entretien : https://www.youtube.com/watch?v=RtzzQxhr6cs.
– Inside Raqqa : Women’s secret film. Expressen TV. http://www.huffingtonpost.fr/2016/03/14/des-images-terrifiantes-tournees-en-secret-a-raqqa-le-fief-de-l/
– Les Grandes Questions, Invité : Michel Onfray, Tariq Ramadan. Émission de télévision française, débat animée par Franz-Olivier Giesbert, diffusée sur France 5 https://www.youtube.com/watch?v=Mq1hh600uNY
– Raphael Enthoven et Marion Richez, émission philosophie, Le corps, arté, France. http://www.dailymotion.com/video/x9uypl_la-philosophie-et-le-corps-1-2_webcam