دوای خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی كوردیی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی – گابرێل گارسیا ماركێز ) ده‌توانم بڵێم؛ كه هه‌ر ئه‌حمه‌دی مه‌لای شاعیر و نوسه‌ر به‌كاری ئاوه‌ها ده‌وێرێت. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌حمه‌دی مه‌لا جگه له‌وه‌ی زاڵه به‌سه‌ر زمانه فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌دا و عه‌یامێكه له ئیسپانیا ده‌ژی وه‌ك له كتێبه‌كه‌دا هاتووه، ئه‌وا زاڵه به‌سه‌ر زمانه ئۆرگیناله‌كه‌ی كه ئیسپانییه. بێگومان كوردیه‌كەی ئه‌حمه‌دی مه‌لا له ئاسته به‌رز و جوانه‌كه‌ی زمانه و جێگه‌ی قسه‌كردن نییه.
ئه‌زموونی من له‌گه‌ڵ ئه‌م كتێبه ده‌گه‌ڕته‌وه بۆ له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست، كه ( ساڵح العلمانی) ئه‌م كتێبه‌ی وه‌رگێڕا و بێگومان نابێت لێره‌دا وه‌رگێڕانی (پایزی پاتریارك – خریف البطریك) ماركێز له‌یادبكه‌ین كه ڕۆماننوس و شاعیر (محمد علی الیوسفی) وه‌ریگێڕابووه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. ئه‌م وه‌رگێڕانه له مێژووی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بیدا به‌كارێكی ناوازه و ده‌گمه‌ن له جوانیدا ده‌ژمێردرێت. لێره‌وه ده‌توانم بڵێم وه‌گێڕانه‌كه‌ی (د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا) یه‌كێكه له‌ڕووداوه گه‌وره‌كانی مێژووی وه‌رگێڕان له ئه‌ده‌بی كوردیدا.
له كۆتایی نه‌وه‌ده‌كاندا ڕۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نهایی) م به زمانی ئه‌ڵمانی ( له‌وه‌رگێڕانی داگما پۆڵتز) خوێنده‌وه. داگما پۆلتز وه‌رگێڕێكی به‌ناوبانگی ماركێزه و دووڕه‌گه؛ ئیسپانی و ئه‌ڵمانه. دیاره دوایش هه‌ر خۆم دوا ڕۆمانی ماركێزم (به‌یادی سۆزانییه غه‌مباره‌كانم ) كرده كوردی كه له‌وه‌رگێڕانی هه‌مان وه‌رگێڕ بوو. به‌قسه‌ی ماركێز خۆی له كتێبی (بۆنی گوافه) له هه‌موو وه‌رگێڕانه‌كاندا، ئینگلیزیه‌كه‌ی (سەد ساڵ تەنهایی ) یه‌كێكه له‌شاكاره‌كان و ئینگلیزیەکەشم پار خوێندوه كه له وه‌رگێڕانی (جۆرجی ڕاباسا) یه . هه‌موو ئه‌م وه‌ڕگێڕانه‌ی سه‌ره‌وه باسمكردن له ئیسپانیه‌وه، وه‌ریانگێڕاوه.
بۆچی ئه‌م حیكایه‌ته ده‌گێڕمه‌وه؟ چونكه هه‌موو جارێك كه‌ئه‌م شاكاره‌م چه‌ند باره و به چه‌نده‌ها زمانی جیاواز ده‌خوێنده‌وه، حه‌سره‌تێك دڵمی گڕده‌دا، به‌وه‌ی خۆزگه ئه‌م ڕۆمانه گه‌وره‌یه به كوردیی و له‌زمانی ئۆرگیناله‌وه بوونی ده‌بوو. دیاره پێشتر براده‌رێك وه‌ریگێڕابوو (كه ئێستا ناوه‌كه‌یم له‌یاد نییه) و له سه‌ردانی كوردستانمدا له یه‌كه‌م دێڕه‌وه زانیم ئاگای له ماركێز و زمانی نییه و ته‌نها وشه‌یه‌كی له جیاتی وشه‌یه‌ك داناوه و ئه‌مه‌ش بێزاری كردم و كتێبه‌كه‌م نه‌كڕی. به‌كورتی خه‌ونی من ئه‌وه بوو خوێنه‌ری كورد و كتێبخانه‌ی كوردی خاوه‌نی ئه‌م ڕۆمانه بێت. به‌ڵام كه ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لام خوێنده‌وه به‌خته‌وه‌ربووم، هه‌ستمكرد ئه‌م حه‌سره‌ته‌م ڕه‌وییه‌وه، وه‌ك ئه‌ڵمان ده‌ڵێت؛ به‌ردێك له دڵم بۆوه… چونكه دێڕ به‌دێڕ هه‌ناسه‌ی ماركێز و زمانی ماركێزی دۆزیوه‌ته‌وه و موزیك و ڕیتم و كۆنسێپتی ماركێز ئه‌وه‌نده‌ی له‌خۆگرتووه، به‌جۆرێك وه‌ها هه‌ستده‌كه‌یت ماركێز به كوردی ئه‌م ڕۆمانه‌ی نوسیووه.
بێگومان وه‌رگێڕانی ماركێز كارێكی گرانه، چونكه خۆم كه دوا ڕۆمانیم له ئه‌ڵمانیه‌كه‌ی داگما پۆڵتزه‌وه وه‌رگێڕا بۆ كوردی (به‌یادی سۆزانییه غه‌مباره‌كانم) دوو ساڵم ویست. زۆرجار ده‌مویست وازی لێ بێنم، به‌مه‌رجێك ئه‌م ڕۆمانه زۆر كورته، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی هه‌ناسه‌كانی گران بوو و بۆ وه‌رگێڕانی ده‌كه‌ویته شه‌ڕێكی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆت و دونیا. ماركێز وایه ده‌بێت دڵت دوای هه‌ناسه‌كانی بكه‌وێت، موزیك و ڕیتمی ناوه‌وه‌ی وشه‌كان و ڕسته درێژ و پێچاوپێچه‌كانی گێژت بكات. هه‌ر بۆیه ئه‌و موزیكه‌ی له‌ناو وشه‌كاندا خۆی شاردۆته‌وه، تا دوا هه‌ناسه و وشه وه‌ك ڕه‌شه‌بای نیوه‌ڕۆ قرچه‌كانی كاریبی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات و هه‌موو مانگه ڕاكردووه‌كانی زۆنگاوه‌كانی مردنت پێ ته‌یده‌كات و هه‌ستده‌كه‌یت ته‌مه‌نت چه‌نده‌ها سه‌ده‌ی تێپه‌ڕاندووه.
لێره‌وه ئه‌حمه‌دی مه‌لا به‌هێزێكی گه‌وره‌وه ئه‌م كاره‌ی كردووه و من وا بیرده‌كه‌مه‌وه؛ گه‌ر من له‌و ڕۆمانه كورته‌ی ماركێزدا هه‌ناسه‌م توند بووبێت، ده‌بێت ئه‌و چه‌نده هیلاك بووبێت. لێره‌دا ده‌بێت سوپاسی بكه‌ین، چونكه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی مۆدێرنی كوردی، كارێكی گه‌وره‌ی كردووه .
جگه له ستایش وسوپاس بۆ ئه‌م كاره هیچیترم نییه…
ئه‌م بابه‌ته له پاشكۆی ئه‌ده‌بی كوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه.