خه‌باتی ژنان

جۆریس لێڤرینک؛ لەبارەی ئیکۆفێمێنیزم: هاڤپەیڤین لەگەڵ ماریا میس


Loading

ماریا میس (Maria Mies) لێکۆڵیار و چالاکوانێکی فێمێنیستە، ئەو بە تیۆرییەکەی لەبارەی پیاوسالاریی سەرمایەداری ناسراوە. ئەم تیۆرییە ژن و سروشت وەک کۆلۆنی (داگیرکراو)ی هەردوو سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری دەبینێت. ماریا میس پڕۆفیسۆری سۆسیۆلۆژییە لە زانکۆی کۆلۆن بۆ زانستە پڕاکتیکییەکان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە وانەوتنەوە خانەنیشن کراوە. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ەکانەوە بەشداری چالاکییە فێمێنیستییەکانی کردووە. پێش ئەوەی لەگەڵ ڤاندانا شیڤا (Vandana Shiva) بڕیاربدەن پێکەوە کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بنووسن، ماریا پێشتر کتێبی باوکسالاری و کۆکردنەوە لەسەر ئاستی جیهانی نووسیوە، کە ساڵی ١٩٨٦ لە لایەن دەزگای زێد بوکس (Zed Books)ەوە بڵاوکراوەتەوە. ماریا ئەم کتێبەی داوە بە ڤاندانا کاتێک ساڵی ١٩٩٠ یەکتریان بینیوە، دوای ئەوە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩٣ کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بڵاودەبێتەوە.

جۆریس: من پێم وایە ئایدیای کڕۆکی لە ئیکۆفێمێنیزمدا، بریتییە لەوەی کە زاڵبوونی پیاو بەسەر سروشتدا هاوتەریبە لەگەڵ زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا. لەبەرئەوە خەباتی فێمێنیستی و خەباتی ئیکۆلۆژی (ژینگەناسی) لە بنەڕەتەوە پەیوەستن بە یەکەوە. بۆ ئەو خوێنەرانەی لەگەڵ کۆنسێپتی ئیکۆفێمینیزم ئاشنانین، دەتوانی کورتەیەک لەبارەی ئیکۆفێمێنیزم و ئایدیا کڕۆکییەکانی باس بکەیت و هەروەها ڕوونی بکەیتەوە بۆچی ئیکۆفێمێنیزم بۆ تۆ سەرنجڕاکێشە؟

ماریا میس – فیمینست و ئه‌كتیڤیست . له‌ ١٩٣١ له‌ئه‌لمانیا له‌دایكبووه‌ .

ماریا میس: تێگەیشتن لەوەی کە زاڵبوونی پیاو بەسەر سروشت لەگەڵ زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا هاوتەریبە، ئەو کاتە بۆ من ئاشکرا بوو کە سەرەتا دەستم کرد بەم پرسیارە: ‘بنەڕەتی کۆمەڵایەتی پەیوەندی هەڕەمی نێوان ژنان و پیاوان چییە و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟’ من وەک زۆر لە فێمێنیستەکانی دیکە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا ڕازی نەبووم بە وەڵامی وەک ئەمانە: ‘پیاوان لە ڕووی فیزیکییەوە لە ژنان بەهێزترن، لەبەرئەوە دەبێت ژنان لە لایەن پیاوانەوە بپارێزرێن’ یان ‘ژنان لەبەر ئەوەی منداڵ دەخەنەوە، بۆیە زۆر زیاتر بە ماڵەوە پەیوەستن، یان پیاوان لە ژنان زیرەکترن’. تەنانەت سیگمۆند فرۆید جیاوازی نێوان ژن و پیاو لە رێگەی وتە بەناوبانگەکەیەوە روون دەکاتەوە کە دەڵێ: ”توێکاریی جەستە چارەنووسە”.

زۆرینەی فێمێنیستەکان ئەم بایۆلۆژیزمە رەت دەکەنەوە. من هەوڵم دا وەڵامێک بۆ پرسیارەکەمان بدۆزمەوە لە رێگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی دابەشکردنی ئیش لەسەر بنەمای سێکس (زایەند). لە کاتی لێکۆڵینەوە لەم پرسیارە، ئەوەم بۆ دەرکەوت ئیشکردنی ژنان بۆ نموونە ژن کاتێک منداڵێکی دەبێت وەکو ئیش دانانرێت بەڵکو وەکو ئەرکێکی سروشتی جەستەی مێینەی ئەو یان وەک کردارێکی سروشتی دادەنرێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە پرۆسەی منداڵبوون بەبێ هیچ ئاگایییەک و بەبێ هیچ زانینێکی پێشوەخت لەبارەی ئیشەکە ڕوودەدات- زانینێک کە لە سەرەتاوە لە دەستی ”ژنە داناکان”دا، واتا لە دەستی مامانەکاندا بووە. لە ئینگلیزیدا ئەو ئازارەی کە لە لەدایکبووندا هەیە تاکو ئێستاش پێی دەوترێ ئیش، لە ئەڵمانیدا پێی دەڵێن ئازار.

لێرەدا پێشتر ئێمە تێگەیشتنی بایۆلۆژیمان بۆ ئیشی هەردوو ژن و سروشت هەیە. بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە بەرهەمهێنانی ژیان شتێکی زگماکییە. ‘توخمی ڕاستەقینەی مرۆڤ’ کە بریتییە لە ئاگایی، ئامادەیی نییە لە دروستکردنی ژیاندا. ئەم تێگەیشتنە هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندی زاڵبوونی پیاو بەسەر ژن و سروشتدا لەخۆ دەگرێت.

نزیکەی لە هەمان کاتدا، فێمێنیستەکان دەستیان کرد بە پرسیارکردن داخۆ بۆچی ئیشی ژنان لە ماڵەکانیاندا، وەک: چێشت لێنان، پاککردنەوە، شوشتنی جلوبەرگ، بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵان، ئاگالێبوونیان کاتێک نەخۆش دەکەون، خزمەتکردنی هاوسەرەکانیان کاتێک لە ئیش دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەکورتی: سەرجەم ئیشەکانی ناوماڵ کە ژن دەیان کات، بۆچی وەک ئیش ژمێرەیان بۆ ناکرێت؟ بۆچی ئەم ئیشانە هیچ کرێیەکیان بۆ دانانرێت؟ بۆچی تەنیا ژنانی ماڵەوە کاتێک دەچنە تەمەنەوە خانەنیشین ناکرێن و مووچەی خانەنیشنیان بۆ نابڕدرێتەوە؟

هەندێک لە ئێمە دەستمان کرد بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی مارکس بۆ دۆزینەوەی تێگەیشتنی ئەو بۆ ئیش چی بووە. ئێمە فێربووین بۆ مارکس، جیاوازی سەرەکی نێوان ئیشی ژنێکی ماڵەوە لەگەڵ کرێکارێکی کارگە ئەوە بوو: ئیشی پیاوی کرێکار شتومەک بۆ بازاڕ بەرهەم دەهێنێ، بریتی بوو لە ئیشێکی ‘بەرهەمهێنەر’، لە کاتێکدا ئیشی ژنی ماڵەوە و دایک تەنیا بریتییە لە ‘زایاندن’ (دووبارە بەرهەمهێنانەوە). مارکس لە ئیشی ‘زایاندن’ی ژن وەها تێگەیشت بوو کە پێویستە بۆ ‘بەرهەمهێنانەوە’ی هێزی ئیشی پیاوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و نەوە لە دوای نەوە. بەڵام مارکس لەوە تێنەگەیشت بوو کە سەرمایەدارەکان تەنیا کرێکارە پیاوەکان ناچەوسێننەوە و هێز و وزەکانیان بەکارناهێنن، بەڵکو هەروەها ژنانی ماڵەوەش کە ئیشەکانیان هیچ کرێیەکی نییە دەچەوسێننەوە و هێز و وزەکانیان بۆ سوودی خۆیان بەکاردەهێنن. مارکس هەروەها لەوەش تێنەگەیشتبوو کە ئەو قازانجەی سەرمایەدارەکان بەدەستی دەهێنن بەشێکی گەورەی لەسەر بنەمای ئەم ‘ئیشە بێکرێیە’ی ژنان بەدیدەهێنن. بۆ سەرمایەداری ئیشی ژنان لە ماڵەوە بە هەمان شێوەی ئیشی سروشتە کە بریتییە لە ‘کەرەسەیەکی بەخۆڕایی’.

من و دوو هاوڕێی دیکەم ڤێرۆنیکا بێنهۆلت تۆمسن و کلاودیا وێرلۆف بۆ ماوەیەک لە ‘جیهانی سێیەم’دا ژیاوین. کاتێک ئێمە گفتوگۆ و دانوستانی ڕۆڵی ئیشی ماڵەوە و سروشتمان دەکرد لەژێر دەستی سیستەمی سەرمایەداریدا ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کۆلۆنییەکان و ئەو وڵاتانەی لە لایەن کۆلۆنیالیزمی ئەروپییەوە داگیرکراون بە هەمان شێوەی سروشت و ژن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، واتا وەک ”کەرەسەیەکی خاوی بەخۆڕایی” کە دەتوانرێ لە لایەن پیاوی سپییەوە بەبێ هیچ تێچوویەک بەکاربهێنرێت و بچەوسێندرێتەوە.

جۆریس: تێگەیشتنی ئیکۆفێمێنیزم بۆ کۆمەڵگەی ئایدیالی چییە، هەروەها لە چ رێگەیەکەوە تیۆرداڕێژەرە ئیکۆفێمێنیستەکان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەدەن؟ هەر لەم کۆنتێکستەدا، دەتوانی زاراوەی ”ڕوانگەی خۆژێنی” (subsistence perspective) زیاتر ڕوون بکەیتەوە؟

ماریا میس: کاتێک ئێمە بە دوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێین بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداریی باوکسالاری هەبوو، ئێمە بەمە دەڵێین ”ڕوانگەی خۆژێنی” (بەپێی پێویستی). ئێمە لەبارەی کۆمەڵگەی ئایدیالییەوە قسە ناکەین، چونکە خۆژێنی ‘ئایدیال’ نییە، بەڵکو زەروورییە. زۆر خەڵک ئەم زاروەیە ڕەخنە دەکەن. ئەوان دەڵێن: ”ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە کە جارێکی دیکە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست بگەڕێینەوە؟ ئایا پێویستە جارێکی دیکە ئێمە ببینەوە بە جووتیاری بچوک؟ ئایا ئێمە دەبێت جارێکی دیکە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانمان داس و پاچ بەکاربهێنینەوە؟” زۆر خەڵک پێیان وایە کە بەرهەمهێنان بەپێی پێویستی و خۆژێنی شتێکی مەحاڵە چونکە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن توانستی ژیانێکی باشتری بە ئێمە داوە. هەروەها ئەوان پێیان وایە گەشەکردن و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان فشاری خستۆتە سەر جیهان کە گەشە بە تەکنۆلۆژیای زیاتر بدات بۆ بەخێوکردن و خۆراک پەیداکردن بۆ گەشەکردنی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان. ئەوان پێیان وایە کە روانگەی خۆژێنی ئێمە وەک خەونێکی ڕۆمانسی نووسراوە، لەم جیهانەدا نەشیاوی جێبەجێکردنە.

لەم کتێبەدا، سەرەتا ئەوەم ناساندووە کە چی لە بەرهەمێنانی خۆژێنی تێگەیشتووم:

بەرهەمهێنانی خۆژێنی یان بەرهەمهێنانی ژیان هەموو ئەو ئیشانە لەخۆ دەگرێت کە لەنێو ئافراندن، دووبارە ئافراندنەوە و نۆژەنکردنەوەی خێرای ژیان فراوانکراوە، هیچ مەبەست و ئامانجێکی دیکەی نییە. بەرهەمهێنانی خۆژێنی بەرانبەر بەرهەمهێنانی شتوومەک و زێدە بەهای بەرهەمهێنان دەوەستێتەوە. ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆژێن بریتییە لە ‘ژیان’، لە کاتێکدا ئامانجی بەرهەمهێنانی شتوومەک بریتییە لە ‘پارە’، کە دەبێت پارەی زیاتر بەرهەمبهێنێت یان سەرمایە کۆبکاتەوە. بۆ ئەم جۆرەی بەرهەمهێنان ژیان تەنیا کاریگەرییەکی لاوەکییە. ئەمە شتێکی ئاسایییە کە سیستەمی پیشەسازیی سەرمایەداری ڕای بگەیەنێت هەموو شتێک کە ئەم سیستەمە دەیەوێت بەخۆڕایی بەکاریبهێنێت ئەوا دەبێتە بەشێک لە سروشت.

بەڵام ئێمە بە ژمارەیەک نموونە لە سەرانسەری جیهان پیشانماندا کە خەڵک پێشتر دەستیان کردووە بە ڕێکخستنی ژیانی خۆیان بەگوێرەی پرەنسیپەکانی بەپێی پێویستی، بۆ نموونە بەرهەمهێنان تەنیا ئەوەندە کە پێویستە؛ دروستکردنی کۆمۆنەی تازە، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو شتانەی کە لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا شیاو و پێویستن، بۆ دوورکەوتنەوە لە گواستنەوەی خۆراک لە ناوچە دوورەکانەوە و هەروەها ئەو کەرەسە پێویستانەی کە زەروورن بۆ ژیانی ڕۆژانەمان؛ چاودێریکردن، پاراستنی سروشت، لە بیرمان بێت نەوەکانی داهاتووش کەرەسە و سەرچاوەی تەواویان لەبەردەستدا بێت بۆ ژیانکردن.

لە ئەمڕۆدا هەموو جیهان بەتایبەتی ئەوروپای باشور لە قەیرانی ئابووریدایە. لە یۆنان، ئیسپانیا، پورتوگال و ئیتاڵیا ڕێژەی بێکاری گەنجان گەیشتۆتە لە %٢٥. دەوڵەت لە پێگەیەکدا نییە بتوانێت ئیش دابین بکات یان یارمەتی بێکاران بدات. لەم دۆخەدا ‘گەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی خۆژێنی’ هیچی دیکە کارێکی نۆستالۆژی نییە بەڵکو زەروورە. زۆر لە گەنجان دەگەرێنەوە بۆ کێڵگەکانی باوانیان لە گوندەکان یان جۆرێک لە بەرهەمهێنانی خۆژێنی لەناو شارەکاندا دروست دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە.

لەجیاتی کۆمەڵگەی ئایدیالی من زاراوەی ژیانی باش بەکاردەهێنم بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە مەبەستم لە بەرهەمهێنانی خۆژێنی چییە. هەروەها من لەبارەی کۆمەڵگەی بەختەوەرەوە قسە ناکەم، وەک ئەوەی کە پاشا بوتان (king of Bhutan) وەک ئامانجی سیاسی خۆی ڕایگەیاند بوو. بۆ پێوانەکردنی پلەی بەختەوەری خەڵکەکەی، ئەو ئیندێکسێکی بۆ گەشەکردنی بەختەوەری نیشتیمانی دروست کرد بوو. ژیانی باش واتای ئەوە ناگەیەنێت ئێمە هەمیشە بەختەوەر بین. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی من مەبەستمە لە ژیانی باش و بەرهەمهێنانی خۆژێنی دەمەوێ دوو کورتە چیرۆک بگێڕمەوە:

دایکم کە دوازدە منداڵی ببوو و لە هەموو ژیانیدا هەر ئیشی کردبوو لە کێڵگە بچوکە پێویستەکەمان، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا مرد. چەند ساڵێک پێش ئەوەی بمرێت ئەو سەیری ژیانی ڕابوردووی خۆی دەکرد و بەو ئەنجامە گەیشتبوو، بڵێت: ”ئایا ئەمە ژیانێکی باش نەبوو! بێگومان ئیشکردنێکی زۆر هەبوو، بەڵام من حەزم لە ئیشکردن بوو”. بۆ من ئەم ڕستەیەی دایکم ئەوە دەردەبڕێت کە من چۆن لە ژیانی باش تێگەیشتووم. خۆزگەی ئەوە دەخوازم هەموو کەسێک لەسەر زەوی پێش ئەوەی بمرێت بتوانێ بڵێت ”ئایا ئەمە ژیانێکی باش نەبوو!”

من فێربووم بەرهەمهێنانی خۆژێنی واتای چی-نەک تەنیا بۆ تاکەکان بەڵکو بۆ هەموو جیهان- کاتێک من بۆ کۆنفڕانسێک بانگهێشت کرابووم کە لە لایەن کۆمەڵەی کاسۆلیکی ژنانی گوندەوە رێکخرا بوو، داوام لێکرابوو لەبارەی بەرهەمهێنانی خۆژێنی قسەبکەم. من کەمێک سەرم لێ شێوا بوو، ئایا دەبێ چی بە ژنانی گوند بڵێم لەبارەی بەرهەمهێنانی خۆژێنی؟ کاتێک چوومە نێو هۆڵی کۆنفڕانسەکەوە ئەوەم بینی: ژنان هەموو جۆرەکانی میوە و سەوزەی وەک: کەلەرم، پەتاتە، گێزەر، سێو، هەرمێ و هەروەها هەندێک گوڵیشیان لەسەر پلاتفۆڕمەکە دانابوو. هەروەها لەسەر ئەو میوە و سەوزانەی کە بەرهەمی ئیشی هەموو ساڵەکەیان بوو لەسەر پارچە کاغەزێک نووسیبویان: “جیهان بریتییە لە ماڵەکەمان!” ئێستا من دەتوانم چی تر لەبارەی بەرهەمهێنانی خۆژێنی بڵێم! ئەگەر هەموو خەڵک لەسەر زەوی، ژنان و پیاوان، وەک ماڵی خۆیان ئاگایان لەم جیهانە بێت و چاودێری بکەن، ئەوا جیهان دەبێتە شوێنێکی جیاواز و باشتر.

جۆریس: یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هزری ئیکۆفێمێنیزم ئەوەیە کە باوکسالاری بریتییە لە بناغەی سەرمایەداری- نەک وەک ئەوەی زۆر دەوترێ: باوکسالاری دەرئەنجامی سەرمایەدارییە. لە کتێبەکەتدا باوکسالاری و کۆکردنەوە لەسەر ئاستی جیهان: ژنان لەنێو دابەشکاری نێودەوڵەتی ئیشکردندا، تۆ ئارگومێنتی ئەوە دەکەی لەبەرئەوەی باوکسالاری بەرهەمی سەرمایەداری نییە، بۆیە بە لەناوچوونی سەرمایەداری ئەویش لەناوناچێت. تۆ ئەوەت ڕاگەیاندووە کە چەساندنەوەی سێکسوالێتی  بناغەیەکی بنەڕەتی چەوساندنەوەی پیاوسالارییە، ئەم دابەشکارییەی ئیش لە ئەو مۆدێلەی پێی دەوترێ ‘پیاوی ڕاوکەر’ەوە سەری هەڵداوە. لەم تێگەیشتنەدا، دەمەوێ ئەوەت لێبپرسم ئایا بە بروای تۆ کام خەباتەیان یەکەمییە: خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە سەرمایەداری یان خەبات بۆ پێزانینی ئیشی بەرهەمهێنەری ژنان؟

ماریا میس: لە پەیوەندی نێوان پیاوسالاری و سەرمایەداریدا پرسیارەکە ئەوە نییە کامیان پێش ئەوەی دیکەیان دێت. چەوساندنەوە و ستەمکاری بەرانبەر بە ژنان لە لایەن پیاوانەوە بناغەی هەردوو سیستەمەکەیە. لە ئەمڕۆدا، تەنانەت من لەبارەی دوو سیستەمەوە قسە ناکەم، بەڵکو لەبارەی یەک سیستەمی سەرمایەداری-پیاوسالارەوە قسەدەکەم. هەروەها من هیچی تر مۆدێلی ‘پیاوی ڕاوکەر’ بەکارناهێنم بۆ دەربڕین و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئەم دوو سیستەمە چۆن بە یەکەوە پەیوەستن. من وا بیردەکەمەوە کە سەرمایەداری دواترین وێنەی پیاوسالارییە. لەبەرئەوە کەس ناتوانێت خەبات لە دژی پیاوسالاری و خەبات لە دژی سەرمایەداری لە یەکدی جیا بکاتەوە. خەباتکردن بۆ پێزانینی ئیشی بەرهەمهێنەری ژن بەدڵنیاییەوە پێویستە. بەڵام ئەگەر ئەم خەباتە تەنیا بۆ داواکاری کرێی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان کورت بکرێتەوە ئەوا ئێمە ناتوانین بە ئاستە قووڵەکانی پیاوسالاری بگەین. بێگومان دیارکەوتن و مانیفێستی پیاوسالاری ئەمڕۆ وەک پیاوسالاری هەزارن ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵام لە جەوهەر و کڕۆکدا هێشتاش هەمان شتن: توندوتیژی دژی ژنان، تێکشکاندنی ژنان، و چەوساندنەوەی ژنان. بۆ نموونە، کۆکردنەوەی ژنان لە شوێنی ئیشەکانیان تەنیا دەرکەوتنێکی مۆدێرنی پیاوسالارییە. ئەوە گرنگە تێبگەین نهێنی زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا چییە. نهێنییەکە جیاوازی توێکاری جەستەیی نێوان دوو جێندەرەکە نییە، وەک فرۆید باوەڕی کرد بوو، بەڵکو توندوتیژییە. پیاوان لە رێگەی جیناتەکانیانەوە وەک جەنگاوەر، دەستدرێژیکەری سێکسی، بکوژ یان ڕامبۆ چارەنووسیان دیاری نەکراوە. ئەوان دەبێ ڕابهێنرێن بۆ ئەوەی ببن بە مەکینەی کوشتن. پیاوان دەبێت فێرکرابن بۆ ئەوەی بەسەر خووە سروشتییەکانیان و ترسیان لە کوشتن زاڵ ببن. ئەوان دەبێت ڕاهێنرابن بۆ ئەوەی ببن بە فڕۆکەوان و ڕۆکێت فڕێبدەنە سەر ئامانجە مرۆڤییەکان، یان بە جۆرێکی دی بێژین خەڵکی نەناسراو لەسەر زەوی. دوای تراومای دۆڕانی جەنگی ڤێتنام، پیاوە گەنجە ئەمریکییەکان نەیان دەویست جارێکی دیکە بۆ شەڕ بچنەوە. پاشان فیلمی ڕامبۆ هاتە سینەماکانەوە. ڕامبۆ پیاوێک بوو بە جلوبەرگی شەڕکردنەوە، بەتەواوی چەکدار بوو لە سەرییەوە تاکو پێیەکانی، هەموو جۆرە چەکێکی بە جەستەی خۆیدا هەڵواسی بوو، کڵاشینکۆفی لەناو دەستیدا بوو، لە دژی دوژمن شەڕی دەکرد و دەی کوشتن. ئەم فیلمە لە ئەمریکا زۆر باو بوو، بووە هۆی ئەوەی کە پیاوە گەنجە ئەمریکییەکان جارێکی دیکە ئامادەبن بۆ شەڕ بچنەوە. لە ئەمڕۆدا، وەزارەتەکانی بەرگری پێویستیان بە بەرهەمهێنانی فیلمی زیاتری وەک ڕامبۆ نییە بۆ ئەوەی گەنجان بۆ بەرەکانی شەڕ بگەڕێننەوە. ئەم ئیشە زۆر کاریگەرتر لەلایەن پیشەسازی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەکرێت.

جۆریس: یەکێک لە بەشەکانی ئیکۆفێمێنیزم هەستە ڕۆحانییەکانە، کە پێشنیازی ئەوە دەکات ژنان زیاتر لە سروشتەوە نزیکن نەک لە پیاوانەوە، هەروەها داهێنانە زانستییەکان خزمەتی بەردەوامی زاڵبوونی کولتوور (هۆشەکێتی/پیاو) بەسەر سروشت (سۆزەکێتی/ژن) دەکات، لەبەرئەوە کاتێک لێی دەرباز دەبین ئەگەر کۆمەڵگەی یەکسانی ڕاستەقینە هاتبێتە ئاراوە. تۆ لە کوێی ئەم باسەدایت، دەتوانی ڕوونکردنەوەی زیاتر لەبارەی دوانێتی ئیکۆفێمێنیزمی ماتریالی و ڕۆحی بدەیت؟

هەروەها چۆن وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەیتەوە کە لە ئایدیۆلۆژیی ئیکۆفێمێنیزم دەگیرێن، پێشنیازی ئەوە دەکەن ئیکۆفێمێنیزم لە ڕێگەی ئەو زمان و ستایلەی بەکاری دەهێنێ لەگەڵ ئەو پشتگیرییەی لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ژنان و پیاوان دەیکات، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی ئەو دوانێتییەی نێوان ژن و پیاو کە هەوڵدەدرێت کۆتایی پێبهێنرێت؟

ماریا میس: من بەشێک نیم لە ڕوانگەی ‘ئیکۆفێمینیستی ڕۆحانی’، کە وا بیردەکەنەوە ژنان لە سروشتەوە نزیکترن تا لە پیاوان یان هۆشەکێتی کایەی پیاوانە لە کاتێکدا سۆزەکێتی کایەی ژنان. ئەمە ڕاستە گەشەکردنی زانست و تەکنۆلۆژیی مۆدێرن بەزۆری بەرهەمی ئیشی پیاوانە. بەڵام ئەمە لەبەرئەوە نییە لە جینەکانیاندا وەک داهێنەر دیاریکراون. پیاوان بە هەمان شێوەی ژنان هەم هۆشەکی و هەم سۆزەکین. بۆیە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ژنان و پیاواندا نییە. ئەو فاکتەی ئەمڕۆ پیاوان وەک زۆر هۆشەکیتر لە ژنان دادەنرێن دەرەنجامی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ڕێنیسانسەوە دەست پێدەکات دوای ئەوەی زانینی ‘ژنە داناکان’، مامانەکان کە دەیان زانی چۆن یارمەتی ژنان بدەن لە کاتی لە دایکبوونی منداڵەکانیاندا، لە ماوەی ڕاوکردن و کوشتنی جادووگەرەکان لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەناوبران. ‘پیاوی نوێ’ وەک فڕانسیس بەیکن دەی وت، گریمانەی ئەوەی دەکرد لە ڕێگەی زانستی ئۆبژێکتیڤەوە فەرمانڕەوایی جیهان بکات. ئەرکەکەی ڕووخاندنی سەرجەم ‘سروشتی کێوی’یە بۆ ئەوەی ڕامی بکات، بە شارستانی بکات و زۆری لێ بکات بۆئەوەی بێتە خزمەتی ‘پیاوی هۆشمەند’. ئەگەر ئێمە سەیری ئەو دەرئەنجامە مۆدێرن و زانستە سادەکراوە بکەین، ئەوە دەبینین جیهانی نەکردووە بە شوێنێکی باشتر. وزەی ئەتۆمی، تەکنۆلۆژیی بەرهەمهێنانەوە و جینات، داهێنانەکانی بایۆتەکنۆلۆژی و تەکنۆلۆژییەکانی دیکەی پێشخستنی سروشت بوونەتە هۆی زیاتر وێرانکردنی سروشت. خەباتکردن دژی ئەو داهێنانە نوێیانە من و ڤاندانا شیڤای پێکەوە کۆکردەوە. ئێمە وانەکانمان لە ڕێگەی دانیشتن لە کتێبخانەکان و خوێندنەوەی کتێبەکانەوە لەبارەی ئیکۆلۆژی و فێمێنیزم فێرنەبووین، بەڵکو لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خەباتەکانی دژی پیاوسالاریی سەرمایەداری جیهانی و ستراتیژییە نیولیبڕاڵەکانی کە دەیەوێت دەست بەسەر سروشت و خەڵک دابگرێت و لەپێناو قازانج و بەرژەوەندی خۆی کۆنتڕۆڵیان بکات و بەکاریان بهێنێت. کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بریتییە لە دەرەنجامی خەباتە هاوبەشەکانمان.

لەبارەی دوانێتی نێوان ئیکۆفێمێنیزمی ماتریالی و ڕۆحانی، ڕای دەگەیەنم من ئیکۆفێمێنیستێکی ماتریالیم. ئاخر ڕۆحانییەت ناتوانێ بە تەنیا بوونی هەبێت، بەڵکو دەبێت لەنێو بوونێکی ماتریالیدا بەرجەستە ببێت. ئەم دوانێتییەی نێوان ماتریال و ڕۆحانیەت بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەگی لەنێو ئاینە یەکتاپەرستەکانی وەک جودایزم، مەسیحیەت و ئیسلامدا هەیە. خوای ناماتریالی نادیار، ڕۆحی پەتی، پیاوی لەسەر زەوی دروستکردووە. پاشان ڕۆحی خۆی بۆ ناردووە تاکو زیندوو بێت و بژیت. ئەمە واتای ئەوەیە سروشت، زەوی بە تەنیا خۆی توانای دروستکردنی ژیانی نییە. سروشت مادەیەکی مردووە. هەروەها ئەم مادە مردووە ناپاکژ و تاوانبارە. ئەم دوانێتییە لە نێوان ڕۆحی باش و ناماتریال لەگەڵ جیهانی ماتریالی خراپ و ناپاکژدا هاوتەریبە لەگەڵ دوانێتی نێوان ژنان و پیاوان. وەک پێشتر وترا: “پیاو هەڵگری زیرەکی و هۆشەکێتییە، ژن سروشتە، زەوییە، دەبێت لە لایەن پیاوەوە ‘دووگیان’ بکرێت بۆئەوەی منداڵ بخاتەوە، بەتایبەتی کوڕ”. ڕۆح توخمی ژیان بەخشە بێگومان بۆیە لە ماتەر (ئەستوو) باڵاترە. ئەم جیهانبینییە شارستانیەتی ئێمەی لە خۆرئاوا دروست کردووە: ئیسۆسەکەی، کولتوورەکەی، زانستەکەی، ئاینەکەی، دامەزراوە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی دروست کردووە. تەنانەت ڕۆشنگەری و سێکولاریزاسیۆنی ئاینیش ئەم دوانێتییەی نێوان ڕۆحی چاک و مادەی خراپی نەگۆڕیوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ من مادە گرنگە. مادە مردوو نییە. هەسارەکەمان تۆپێکی مردووی مادە کیمیاییە جیاوازەکان نییە. بەڵکو هەسارەکەمان ئۆرگانیزمێکی زیندووە و بەردەوامە لە دروستکردنی ژیان. زەوی دایکی ژیانە. ئەوەی پێی دەوترێ دوانێتی نێوان ڕۆح و مادە لە جیاوازی نێوان ئیکۆفێمێنیزمی ڕۆحی و مادی قووڵترە. ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت خۆمان لەم بیرکردنەوە دوانێتییە ئازاد بکەین ئەوا پێویستە ئێمە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری جیهان بکەین. ئەم ڕوانگەیەی دی هێشتاش لەنێو زۆر خەڵکی ڕەسەنی وڵاتان بوونی هەیە کە وەک دایکیان ڕێز لە زەوی دەگرن. ئێمە هەموومان، ژنان، پیاوان، ئاژەڵان، و ڕووەکەکان منداڵی دایکە زەویین. ئێمە تەنیا یەک دایکمان هەیە. بۆیە پێویستە ڕێزی بگرین و بیپارێزین.

جۆریس: دەتوانی لە ڕوانگەیەکی ئیکۆفێمێنیستانەوە باس لە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی ئێستای جیهان بکەی، سەرەڕای جیاوازییان هەموویان لە مەدا یەکدەگرنەوە کە داوای دیموکراسی ڕاستەقینە و ڕەتکردنەوەی سەرمایەداری نیولیبڕال دەکەن؟ لە ڕوانگەی تۆوە لەم داواکاری و کردارانەی بزووتنەوەی چالاکوانە هاوچەرخەکان چ شتێک ونە؟

ماریا میس: کاتێک من وەک ئیکۆفێمێنیستێک سەیری سەرهەڵدانەکانی ئێستای جیهان دەکەم، وەک: بزووتنەوەی ئۆکیوپای لە ئەمریکا، سەرهەڵدانەکانی جیهانی عەرەبی (میسر، لیبیا، تونس)، لە تورکیا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهان، لەوە تێدەگەم ئامانجی سەرەکی زۆرینەیان تەنیا ‘دیموکراسی ڕاستەقینە’یە. من وا هەستدەکەم ئەم ئامانجە زۆر کورتبینانەیە. ئامانجی زۆر لەم خەباتانە تەنیا ڕووخاندنی دیکتاتۆر و دامەزراندنی ڕژێمێکی جیاوازە. من گوێبیستی ئەوە نەبوومە خۆپیشاندەران هەروەها لە دژی سەرمایەداری، وێرانکردنی ژینگەش خەبات بکەن، داوای سیستەمێکی ئابووری ئەلتەرناتیڤ بکەن.

بزووتنەوەی ئۆکیوپای لە نیۆڕک تابووی قسەنەکردن لەبارەی سەرمایەداری شکاند. چالاکوانەکان هێرشیان کردە سەر نیولیبڕالیزم، بانکە گەورەکان و کۆمپانیا جیهانییەکان. بەڵام ئەوەندی من بزانم هیچ ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆ نەبووە بۆ سەر سەرمایەداریی پیاوسالار. لە تەلەفیزیۆن بینم لە خۆپیشاندانەکانی میسر و تورکیا ژمارەیەکی زۆری ژنان بەشدارییان کردووە، هەندێکیان بە سەرپۆشەوە و هەندێکیان بێسەرپۆش. بۆ زۆربەی خەڵک لە خۆرئاوا پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ژنانەی بەشداریان کردووە سەریان داپۆشیوە یان نا. سەرپۆش بووە بە ڕەمزێکی ئاینی و سیاسی. جگەلە تورکیا من پەیوەندی کەسیم لەگەڵ ژنانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نییە. لەبەرئەوە ناتوانم بڵێم ژنان چۆن بیر لە ئامانجەکانی ئەم سەرهەڵدان و خۆپیشاندانانە دەکەنەوە، ئایا دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی ‘پرسی ژن’ هەیە لەم سەرهەڵدانانەدا؛ هەروەها پیاوان چۆن لەبارەی ئازادبوونی ژنانەوە بیردەکەنەوە.

من ئەوە دەزانم لە تورکیا لە بزووتنەوەی پرۆتێستەکان فێمێنیزم کێشەیەکی گرنگە. دوو کتێبم وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی تورکی و لە تورکیا بڵاوبوونەتەوە. هاوڕێ تورکەکانم پێیان وتووم کتێبەکانم لە تورکیادا زۆر ناسراون. ئەمە ئەوە پیشان دەدات سەرهەڵدانەکانی جیهان سەرەڕای کورتهێنانیان لە بواری ستراتیژی و بنەمای تیۆرییان، ڕەنگە ببنە هۆی هێنانەگۆرێی پرسیاری  قووڵی وەک ئەمە: ئێمە لەنێو چ سیستەمێکدا دەژین؟ ئایا مۆدێلی ژیانی خۆرئاوایی شتێکە شایەنی ئەوە بێت خەباتی بۆ بکرێت؟ لە داهاتوودا پەیوەندی نێوان پیاو و ژن چۆن دەبێت؟ بۆچی لە ئەمڕۆدا، شەڕەکان بوونەتە شتێکی زۆر باو؟ ئایا ئاین چ ڕۆڵێکی لەم شەڕە نوێیانەدا هەیە؟ ئەلتەرناتیڤەکان چین؟

جۆریس: لە کۆتاییدا، دەمەوێ بپرسم بە بڕوای تۆ تیۆرییەکانی ئیکۆفیمێنیزم چۆن دەتوانن بزووتنەوەی چالاکوانە هاوچەرخەکان دەوڵەمەند بکەن؟

ماریا میس: لە ڕوانگەی منەوە ئیکۆفێمێنیزم دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە سەرهەڵدانە تازەکانی گەنجان لە سەرانسەری جیهان، چونکە خەباتی پاراستنی سروشت و ئازادکردنی ژن لە ئەجێندادایە لە هەموو شوێنێک. تێگەیشتنە تیۆرییەکانی ئێمە ئیکۆفێمێنیستە کۆنەکان کە لە ماوەی خەباتە جیهانییەکەمان بەدەستمان هێناوە دەتوانێ خەڵکانی گەنج فێربکات کە شتێکی گرنگ و بەسوودە ڕووبەڕووی دەسەڵاتەکانی ئەمڕۆی جیهان ببیتەوە و پێیان بڵێی نەخێر.    تیۆرییەکانمان لە ئەزموونەکانمانەوە سەریهەڵداوە، لە ماوەی خەباتەکەماندا بەدەستمان هێناوە، ئێمە لە پراکتیکەوە فێریان بووین. ئێمە هەرگیز نەمان دەتوانی کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بنووسین ئەگەر پێشتر ئێمە، ڤاندانا لە هیندستان و من لە ئەڵمانیا، یەکتریمان نەبینیبوایە و ئەوەمان نەدۆزیبوایەوە سەرەڕای جیاوازی جوگرافی، کولتووری و تەمەنەوە خەباتەکەمان هاوبەشە. ئەمە ئەزموونێکی گەورە، کاریگەر و هیوابەخشە. ئەمە پیشانمان دەدات سەرەڕای ئەوەش ئێمە جیاوازین بەڵام نابێت ئەو جیاوازیانە دابەشمان بکەن، چونکە ئێمە خاوەنی پرسێکی هاوبەشین. لەبەرئەوە ئێمە بزووتنەوەیەکمان دامەزراند: فرەیی ژنان بۆ فرەیی (DWD). ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە پاراستنی فرەیی لە نێوان مرۆڤەکان، هەروەها لە نێوان ئاژەڵان و ڕووەکەکانیش تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە. تاککولتووری ژیان دەکوژێت.

ئامۆژگاریم بۆ گەنجە چالاکوانەکان لە هەموو وڵاتان ئەوەیە: کۆبوونەوەی نێودەڵەتی ڕێکبخەن کە تێیدا خەڵک دەتوانن یەکدی ببینن و ئاڵوگۆڕی فرەیی ئەزموون، ئاستەنگەکان، ئایدیاکان، تیۆرییەکان بکەن، لە ئەنجامدا کۆمەڵەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسێکی هاوبەش دروست بکەن. ئێمە بە سەدان کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی بەم شێوەیەمان رێکخستووە و بەشداریمان تێدا کردووە، وەک کۆبوونەوەی ئیکۆفێمێنیزم، ژینگەیی، دژە-جیهانگەرایی و کۆبوونەوەی ئاشتی. لەم کۆبوونەوانەدا ژنان و پیاوان ئامادەبوون. کێشەی جێندەر هیچی تر بوونی نەبوو. ئەم جۆرە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانە زەروورن ئەگەر بمانەوێت خەڵک یەکدی بناسن، متمانە بە یەکدی بکەن و ببن بە هاوڕێی یەکدی. بەبێ ئەم جۆرە کۆبوونەوە راستەوخۆیانەی خەڵک بزووتنەوەکە دەبێتە شتێکی بێبەرهەم- پەیوەندی دیجیتاڵی بەس نییە بۆ ئەم جۆرە بزووتنەوە زیندوانە. هیوادارم دووبارە چاپکردنەوەی کتێبی ئیکۆفێمێنیزم کاریگەری لەسەر چالاکوانەکان دابنێت و خەباتەکەیان دەوڵەمەندتر بکات، تاکو ئەوە ببینین خەباتکردن پێکەوە بۆ جیهانێکی باشتر تەنیا ئیشێکی قورس نییە، بەڵکو شادییەکی گەورەشە.

سەرچاوە:

‘Ecofeminism’: a talk about hard work and great joy