كولتووری پۆڕن به‌جۆرێك له گه‌شه‌دایه له كوردستان و ئێراقدا، كه ته‌نانه‌ت له‌م خۆپیشاندانانه‌ی به‌سره‌دا له دژی هه‌ژاری و بێ ئاوی و كاره‌بایی، له چه‌ند شوێنێك و به‌ده‌ست چه‌ند پیاوێكه‌وه وێنه‌ی (مایا خه‌لیفه) ئه‌ستێره‌ی پۆرنی لوبنانی-ئه‌مریكییان به‌رزكردبۆوه، لێیان نووسی بوو ”ئه‌وه‌ی ئه‌مه پێشكه‌شم ده‌كات، سیاسییه‌كان پێشكه‌شم ناكه‌ن”…هه‌ر ئه‌م وێنه‌یه به‌بڵاوی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵابۆه‌وه و سه‌دان كه‌س سه‌رسامییان نیشاندا و گووتیان ”ڕاست ده‌كات!”.
به‌هه‌مان شێوه له كوردستانیش كولتوور و وێنای فیگوری پۆرنۆیی تارماییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه. ستانداردی جوانی ڕووخسار و جه‌سته و ئەندامه‌كانی جه‌سته‌ی ژن وێنایه‌كی گشتگیر و پۆرنۆیی له‌خۆ گرتووه. ئه‌م ڕووخساره تازه‌یه‌ی ژن له كوردستان ده‌مانخاته به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك پرسیاره‌وه- ئایا ئه‌م فیگوره نوێیه كێیه؟ بۆ ڕه‌واجی هه‌یه و كێ له پشت ئه‌م كاره‌ساته‌وه‌یه؟ ته‌ماشاكاران كێن؟ ڕوانینی پیاو چ ڕۆڵێكی هه‌یه؟ ئه‌م جۆره له جوانییه نوێنه‌ری كامه كولتووره؟
هه‌ر بۆیه‌ش لێره‌وه هه‌وڵده‌ده‌م تیشك بخه‌مه سه‌ر (ڕوانینی پیاو) و به (كاڵابوونی سێكسی) له ڕێگه‌ی پێناسه‌كردنی هه‌ردوو چه‌مكه‌كه‌وه ڕوونیبكه‌مه‌وه. دواتر باس له ئاڵۆزییه‌كانی ڕوانینی پیاو بكه‌م له چوارچێوه‌ی جوگرافی باشوری كوردستاندا و له‌وێوه له هۆكاره‌كانی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌دا بوه‌ستین كه به‌ستراوه به جوانبوون و سێكسیبوونی ڕه‌گه‌زی مێینه‌وه. پاشان دێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن هۆشیارییه‌ك دروستبكه‌ین كه هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و ئه‌وانیتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ش بگرێته‌وه؛ له وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌م ئایدیاڵه دروستكراوانه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی و هاوسه‌نگ جێگه‌ی بگرێته‌وه.
پێشینه‌یه‌كی كورتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی
له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر ئێراق و كرانه‌وه‌ی خێرای ئه‌م وڵاته به‌ڕووی دونیای سه‌رمایه‌داری جیهانی و به‌رخۆرییه‌كانیدا، كۆمه‌ڵێك ده‌رهاویشته‌ی لێكه‌وته‌وه. هه‌ر له جه‌نگ و ماڵوێرانی و هاتنی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانه‌وه بگره، تاوه‌كو هه‌ڵتۆقینی سه‌دان و هه‌زاران ڕێكخراوی (ئێن جی ئۆ) NGO و خێرخوازی لۆكاڵی و بیانی و خه‌ڵكیش هه‌ڵدرانه نێو كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی نوێ و ئاڵۆزه‌وه. له‌و دابڕان و چه‌پێندراوییه‌ی چوار ده‌یه‌ی ژێر ده‌ستی ڕژێمی به‌عسی تاك حیزبی، هاتنه‌ده‌ر بۆ ناو كۆمه‌ڵێك جه‌نگی تری ورد‌و ئاڵۆز و پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌یان حیزبی نوێوه. دەست ڕاگه‌یشتنی خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی بێكۆنترۆڵ بۆ هه‌موو ماڵپه‌ره‌كانی ئینته‌رنێت و كرانه‌وه‌یان به‌ڕووی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، په‌یوه‌ندییه‌كانی جێنده‌ری برده فه‌زایه‌كی تره‌وه. فه‌زایه‌ك كه له‌لایه‌ك له‌ژێر ڕێنمایی دینی و حه‌ڵاڵ و حه‌رامدایه، له‌لایه‌كی تره‌وه، كرانه‌وه‌یه‌كی پۆڕنۆییانه‌ی ئه‌مریكانییه، كه كولتووری پۆڕن و نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری به‌داوی خۆیدا هێناوه.
له‌م دۆخه تازه‌یه‌دا كه ئاڵووده‌بوون به پۆڕنۆ و له‌شفرۆشی له‌لایه‌ك و بازرگانیكردنی به ژنان، كوژرانی به لێشاو، ڕفاندن و به‌زۆر به‌شودان له‌لایه‌كی تره‌وه، بوونه كێشه‌ی گه‌وره له كوردستان و ئێراقدا.
به‌زۆر ئیسلامیزه‌كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌چه و حیجاب و چه‌سپاندنی زۆر بڕگه‌ی تر كه له ده‌ستووری ئێراقدا هه‌یه، له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌ی ئیسلامی‌دا، سیما گشتییه‌كان و دژ به‌یه‌كه‌كانی ئێراقی نوێن. دۆخێك كه به‌رخۆرییه‌كانی مۆدێرنه و به‌ها كۆنه‌پارێز و ئیسلامیه‌كان له پێكدادان و ژیانی هاوته‌ریبدان.
هه‌رچه‌ند كوردستان له ساڵی١٩٩١وه له ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ئازادبوو، به‌ڵام به كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ناوخۆی سیاسی و ئابووری گیرۆده بوو. له ساڵی ٢٠٠٣ كه ڕژێمی سه‌دام به‌ته‌واوی ڕووخا، كوردستان له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕاست و باشووری ئێراق كێشه‌ی هاوشێوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئایینداری و حیجاب و كۆنه‌پارێزی بۆ په‌یدابوو. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، كرانه‌وه‌یه‌كی سه‌رمایه‌دارانه‌ی بێ به‌رنامه كه خۆی له كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌كان و شوێنی نیشته‌جێبوون له‌شێوه‌ی گونده‌كانی (ئه‌ڵمانی، ئیتاڵی، ئینگلیزی) دا بینییه‌وه. به‌هه‌مان شێوه، به‌رخۆری له جلوبه‌رگ، ئۆتۆمبێل، كه‌ره‌سه و ئامڕازی ناوماڵ، كه هه‌مووی ماركه‌یه‌و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاورده‌كراون، پێكهێنه‌ری به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌م (خوده نمایشكاره) نوێیه‌ی كورده كه به‌های مرۆیی خۆی به به‌رخۆرییه‌وه گرێداوه.
ئاشكرایه سه‌رمایه هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له تاكی ئه‌مڕۆی خستۆته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه. هه‌روه‌ك فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (كارل ماركس) له كتێبی سه‌رمایه‌دا باس ”(…) له سه‌رمایه ده‌كات وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك كه هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری ده‌خاته ژێر ڕكێفی خۆی، ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ها و ئێتیكی تاكه‌كان داده‌نێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی خۆمان به خۆمانه‌وه و به جڤاته‌كانمان و سروشته‌وه به‌جێده‌هێڵێت.”(١). له كوردستانیشدا شاهیدی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ین به‌سه‌ر كۆی لایه‌نه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كۆمه‌ڵگه‌وه، په‌یوه‌ندی تاك به خۆی و ئه‌وانیتر و ته‌نانه‌ت بە ژینگه‌وه. ئه‌م ڕه‌فتار و په‌یوه‌ندی و به‌هایانه‌ی تاكی ئه‌مڕۆی كورد، ڕه‌فتار و به‌های تاكێكی ناو په‌یوه‌ندیه‌كانی سیستەمی سه‌رمایه‌داری جیهانیه، كه بێده‌ربه‌سته به‌رامبه‌ر ئه‌وانیتر و ژینگه و ئاینده‌ی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی.
زۆر به‌دیاریكراوی و زۆرتر له دوای ٢٠٠٣وه چینێكی سیاسه‌تمه‌داری له‌پڕ ده‌وڵه‌مه‌ندبوو، له‌ناو پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایەتیدا هه‌ڵتۆقین. به‌هه‌مان شێوه چینێكی ئیلیتی (نوخبه) مامناوه‌ند به‌ده‌وری ئه‌م بازنه‌یه‌دا دروستبوون، كه له‌ڕووی به‌رخۆرییه‌وه، له شاره‌كانی كوردستاندا ژیانێكی ته‌واو ئه‌مریكایی و ئه‌وروپی ده‌ژین، به‌ڕاده‌یه‌ك كه چیتر به زمانی كوردی ناخوێنن و قسه ناكه‌ن و فەرهەنگی ڕؤژانەیان بە وشەی ئینگلیزی تەندراوە. (سێكسی-بوون) یان سێكسیبوونی جه‌سته، چیتر خۆی له ڕووخسار و ته‌نانه‌ت قسه‌كردن به زمانی كوردیدا نابینیێته‌وه؛ به‌ڵكو له زمانێكی وه‌ك ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، فارسی، عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت توركیدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌م فیگوره كوردییه نوێیه چیتر به كوردی ئاشق نابێت و سێكس ناكات، به‌ڵكو هه‌ست، سۆز و حه‌زه‌كانی بارگاوین به كولتوورێكی تر، كه هی خۆی نین و هاورده‌ن، به‌شێكن له بازاڕێتی و كولتووری به پۆڕنكراوی سه‌رمایه‌داری جیهانی.
له‌م دۆخه نوێیه به‌رخۆری و به‌كاڵابوونه‌دا ئێمه له‌به‌رده‌م ڕووخسار و جه‌سته‌یه‌كی نوێین، كه نامۆیه به بوونی ئه‌و جه‌سته باوه وێناكراوه‌ی ناو خه‌یاڵدانی ژن و پیاوی كورد. ئه‌م ڕووخساره تازه‌یه ته‌واو فیگورێكی پۆڕنۆییه، فیگورێكه كه ئەندامه‌كانی جه‌سته‌ی سروشتی نین، به‌ڵكو پڕكراوه له سلیكۆن، فیله‌ر و بۆتۆكس. ئه‌م ڕووخساره ته‌نانه‌ت له پۆسته‌ری كاندیده ژنه‌كان، ڕیكلامی تیڤیه‌كان، میدیاكان، زانكۆ و سه‌ر شه‌قامه‌كاندا به‌ئاشكرا ده‌بینرێن.
هه‌رچه‌نده نادیاری و نائاماده‌یی ژنان له كایه كولتوری، سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌رده‌وام جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ڕه‌خنه‌یه، به‌ڵام جه‌سته، جوانی، ته‌مه‌ن و ڕووخساری ژن باسێكه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌رده‌وام ئاماده‌یه. هه‌روه‌ك خانمه فێمینیست و لێكۆڵه‌ر (لونا دۆلێزال) ده‌ڵێت ”سه‌ره‌ڕای نادیاری ژنان وه‌ك خودی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام لایه‌نه فیزیكییه‌كه‌ی جه‌سته‌ی مێینه به‌رده‌وام پرسێك بووه بۆ چاودێریكردن. چاوه‌ڕوانكراوه كه ژنان فۆرم، ڕووخسار‌و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ پێوانه دیاریكراو و پێناسه‌كراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یه‌ك بگرێته‌وه. ئه‌گه‌رنا، دووچاری ناوزڕاندان و له‌ده‌ستدانی سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه‌وه.”(٢). لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ره‌ڕای كۆنه‌پارێزی و كۆدی (حه‌یاو شه‌ره‌ف) و (داپۆشینی مێینه) و نادیاركردنی وه‌ك خودێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام جه‌سته و سێكسوالیتی مێینه به‌رده‌وام باسێكه ئاماده‌یی هه‌یه.
فیگوری مێینه‌ی به‌ر له ڕاپه‌ڕین و دواتر
به‌شێكی زۆر له نه‌وه‌ی ئێمه به ئایدیاڵی شۆڕشگێڕی په‌روه‌رده‌كراوین، هه‌رچه‌ند كه ئێستا ده‌ڕوانینه ئه‌و ڕابردووه، ده‌بینین پڕ له كێشه‌یه له‌ڕووی جێنده‌ریه‌وه. بۆ نمونه پیاو ئایدیالیزه و پیرۆز كرابوو وه‌ك: پارێزه‌ری وڵات، ڕزگاركه‌ری نیشتمان، ڕزگاركه‌ری ژن. بۆیە ده‌بوایه ژن وه‌ك هاوكارو سێبه‌ر له نه‌بوونی ئه‌وی پیاودا خێزان پێكه‌وه بهێڵێته‌وه. وێنای ژن له‌سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی و شۆڕشی چه‌كداری دژی ڕژێمی به‌عس، وێنایه‌ك بوو پیاوانه. ته‌نانه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بانگه‌وازیان بۆ ژنان ده‌كرد كه (شێره ژن) بن و له ڕزگاركرنی كوردستان هاوكاریان بن. به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌م بانگه‌واز و وێناكردنه گۆڕدرا، چیتر (شێره ژن) مۆدەی نه‌ما و پێوسیت به هاوكاری نه‌ما. ئه‌وه‌ی دواتر و تا ئێستاش به‌رده‌وامه، به‌كارهێنانی مێینه‌یه وه‌ك دیكۆرێك بۆ (فێمینیزه‌كردنی سیاسه‌ت) یان بابڵێین بۆ (مێینه‌كردنی سیاسه‌ت) و ڕووكه‌شێك بۆ نیشاندانی به‌شداریپێكردنی ژنانه له كایه‌ی سیاسی‌دا. له‌ودیوو ئه‌مه‌شه‌وه، ئێدیالی تری وه‌ك جوانی، ناسكی و مێینه‌یه‌تی هانده‌درا و پشتگیری ده‌كرا، ئه‌مه‌ش له‌پێناو كورتكردنه‌وه‌ی ژنان بوو بۆ ڕووخسار و جه‌سته و بە سێکسیکردنیان بوو وه‌ك كاڵایه‌ك… ته‌نانه‌ت ئێمه ئێستا شاهیدی هه‌ڵبژاردنی شاجوانه‌كانیانین، هه‌ر له شاجوانی وڵاته‌وه بگره، بۆ شاجوانی زانكۆكان و ئینته‌رنێت و داموده‌زگاكانیش، كچان ده‌خرێنه نێو پێشبڕكێوه له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زه‌كانیاندا بۆئه‌وه‌ی بگه‌ن به عه‌رشی شاجوانی! زۆرجار هه‌ردوای بوون به شاجوان له ڕووخساری سروشتی خۆیان دوورده‌كه‌ونه‌وه وهه‌موو جه‌سته‌یان ده‌خنه ژێر تیغی نه‌شته‌رگه‌ری و ته‌واو ڕوخسارێكی پۆرنۆیی ده‌به‌خشن به خۆیان.
بێگومان لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به ئه‌وه بكه‌ین، كه پیاوان خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات، حیزب، سه‌رمایه، كۆمپانیاكان، ڕاگه‌یاندن، چاپخانەکان وداموده‌زگاكانن، هه‌ر ئه‌مانن هانده‌ری ئه‌م جۆره (به‌كاڵابوون)ە، یان ئۆبجێكتبوونه‌ی ژنانن و زۆر چالاكانه ئه‌م مۆدێله له كچ ده‌كه‌نه ئێدیاڵی جوانی و مێینه‌بوون. به شێوه‌یه‌ك كه چیتر له میدیاكاندا ژنی سه‌روو ته‌مه‌ن سی ساڵ و سروشتی نابینین. له داموده‌زگاكاندا و ته‌نانه‌ت له حیزبه‌كانیشدا و له پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردندا ئه‌م فیگوره پۆڕنۆییه نمایش ده‌كرێت و ئاماده‌یه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌دیده‌كه‌ین، پارسنەگی هێزه‌و هه‌یمه‌نه‌ی پیاوه كه زۆر زوو جێگای خۆی كرده‌وه له هه‌موو داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌كاندا؛ به جۆرێك، پیاوگه‌رایی و پایه‌كانی نێرسالاری زۆر پته‌و و جێگیربوون له كوردستاندا. جۆرێك له دووفاقی ده‌بینرێت كه چۆن بانگه‌شه‌كان بۆ ژن و به‌شداریان له ژیانی گشتیدا به‌پێی كات و شوێن ده‌گۆڕێت. له لایه‌كه‌وه پشتگیری له گوتاری ئاینی ده‌كه‌ن كه خوازیاری مانه‌وه‌ی ژنانه له نێوچوار دیوار و حیجابدا، له لایه‌كی تریشه‌وه، بانگه‌شه‌ی ده‌ركەو‌تنی ژنان ده‌كرێت له كایه گشتیه‌كاندا. ئه‌مه‌ش گوتارێكی دووفاقییه بۆ (دیاركردن) و (نادیاركردن)ی فیگوری مێینه له كایه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كاندا.
فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (میشێل فوكۆ) ئه‌مه‌ی وه‌ك “(…) دووفاقیه‌ك ده‌بینی له چوارجێوه‌ی كولتووری هاوچه‌رخی ئه‌وروپیدا، كاتێك له لایه‌ك جه‌سته به شێوه‌یه‌كی گشتی نادیاره و له لایه‌كی تره‌وه زۆر به زیاده‌وه له كولتوور و داموده‌زگا و گفتوگۆ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئاماده‌یه.” (٣).
ئه‌م ئاماده‌بوون و نائاماده‌ییه‌ی جه‌سته لای (فوكۆ) هه‌ڵگری قورسایی سیاسی گه‌وره‌یه له‌په‌یوه‌ند به مێینه‌وه. كه‌واته، ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌ك جێگیره هێز و هه‌یمه‌نه‌ی پیاوه كه له سەردەمی جیاوازدا بانگه‌شه‌ی ڕۆڵ و ئێدیاڵی جیاواز بۆ ژن ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی قورسایی و ئاڵۆزی ده‌كه‌وێته سه‌ر ژنه، كه ده‌بێت به‌رده‌وام وه‌ڵامی كۆد و سیگناڵه‌كانی پیاو بداته‌وه. ئه‌مه‌ش وایكردووه له لایه‌ك بانگه‌شه بۆ ژیانێكی كۆنه‌پارێزانه بكه‌ن له‌ڕێگه‌ی مزگه‌وت و دیندارییه‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه بانگه‌شه‌یه‌ك هه‌یه بۆ كرانه‌وه و وێناكردنی ژن و سێكسوالیزه‌كردنیان لە ڕاگه‌یاندنه‌كاندا.
له ئێراقی پڕ له حیزبی سوونی و شیعی و قه‌ومی پشتبه‌ستوو به شه‌ریعه‌ی ئیسلام، له خووله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان ژنانێك كاندیدبوون كه عه‌با به‌سه‌ر و ڕه‌شپۆش بوون. به‌ڵام له‌م خووله تازه‌یه‌دا ٢٠١٨ به‌شێكی زۆری كاندیده‌كان كچانی گه‌نج و ڕووخسار پۆڕنۆیی بوون. ئه‌مه ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌و دووفاقییه‌ی كه حیزبه‌كان له لایه‌كه‌وه ده‌یانه‌وێت ستایلی ژیانێكی كۆنه‌پارێزانه بانگه‌وازبكه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌مان حیزب و ته‌نانه‌ت له سیاسه‌تیشدا كچ و ژنانی ڕووخسار پۆرنۆیی بكه‌نه ئێدیاڵ. هه‌مان كێشه له كوردستانیش به‌دیكرا، كه زۆرێك له كاندیده‌كان گه‌نج و فیگورێكی وێنابۆكراوی سێكسوالایزكراو بوون. لێره‌وه ئه‌و وێنایه‌ی دوێنێی ژنان له شۆڕشدا و له شێره ژنه‌وه گۆڕدرا بۆ ژنێكی سێكسیی ڕوخسار پۆرنۆیی.
ڕوانینی پیاو (The male gaze)
ڕوانینی پیاو تێرمێكه، چه‌مكێكه، فێمینیست و نووسه‌ری به‌ریتانی (لاورا مێلڤی) له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو به‌كاری هێناوه، به‌تایبه‌ت له وتارە (ئێسا) به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌ناونیشانی ”چێژی بینراو و گێڕانەوەی سینه‌ما” ئامانج له به‌كارهێنانی ئه‌م تێرمه كاركردن بوو له‌سه‌ر (ڕوانینی پیاو-The male gaze ) وه‌ك بینه‌ر و ته‌ماشاكاری ژن و جه‌سته‌ی ژن، له هه‌مانكاتدا كورتكردنه‌وه‌ی بوو بۆ كاڵایه‌كی سێكسی له فیلمه‌كاندا٤.
گرنگی ئه‌م باسه و تیۆریزه‌كردنی ڕوانینی پیاو هه‌وڵێك بوو بۆ تێگه‌یشتن له دیتنی ژن وه‌ك نیشاندراوێك (سپێكته‌كڵ) له فیلم‌دا كه ته‌نها وه‌ڵام به چێژ و وێناكانی نێو سه‌ری پیاوان ده‌داته‌وه، بێگومان به شێوه‌ی (ڤیژواڵ – بینراو) له تیڤی و فیلمه‌كاندا نمایش ده‌كران. دواتر ئه‌م تێرمه (ڕوانینی پیاو) زۆر فراوانتر به‌كارهێنرا له‌لایه‌ن فێمینیسته‌كانه‌وه بۆ ئاماژه‌كردن و ده‌رخستنی ئه‌و ڕاستییه بوو، كه زۆرێك له میدیاكان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه (فیلم، پۆسته‌ر و ماتریاڵی نوسراو و بینراو) به‌رهه‌مێكن بۆ ڕوانینی پیاو، بۆ چێژ و حه‌زی پیاو دروست ده‌كرێن. له‌م پرۆسه‌یه‌دا ژن و پیاو ده‌كرێنه پاسیڤ و ئه‌كتیڤ، واته ئه‌وه‌ی ته‌ماشاكاره كه پیاوه كه بینه‌رێكی چالاكه و ئه‌ویتری مێینه نمایشكاره، كاڵایه و سێكسوالیزه‌كراوه، به مانای پاسیڤه و ته‌نها ئه‌ركی ئه‌وه‌یه چێژ و خۆشی ببه‌خشێت به ته‌ماشاكاره پیاوه‌كه.
لێره‌وه گه‌ر هه‌وڵێك بده‌ین بۆ تێگه‌یشتن له ڕوانینی پیاو له كوردستان، بێگومان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌پێی كات و شوێن گۆڕانكاری به‌سه‌ر ڕوانینی پیاوی كورددا هاتووه. به‌هه‌مان شێوه گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌شدا هاتووه كه پیاوی كورد هه‌یه‌تی له‌مه‌ڕ ژن، بۆ نموونه؛ سه‌رده‌مانێك ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له شاعیره‌كانیش بانگه‌شه‌ی خوێنده‌واربوونی ژنیان ده‌كرد، ژیری و جوانی ژن له خوێنده‌واربوونیدا بوو، به‌وه‌ی كه سەردەمی مۆدێرن ئه‌م جۆره ژنه‌ی پێویسته.
هه‌ڵبه‌ت نیگای پیاو و ڕوانینی بۆ ژن به‌رده‌وام بارگاوی بووه به نیگایه‌ك له نێوان حه‌زی سێكسی و حه‌ڵاڵ و حه‌رامه‌ی ئاینی ئیسلامدا. بۆ نموونه؛ دین به‌رده‌وام هۆشداری ده‌دات به‌وه‌ی پیاو نابێت (نه‌زه‌ری حه‌رام) بكات. به‌ڵام به هه‌مان شێوه‌ش هۆكاری جوڵاندنی حه‌ز و ئاره‌زووی سێكسی ده‌خاته پاڵ ژن و وه‌ك تاوانبارێك هه‌ژماری ده‌كات! ته‌نانه‌ت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگیرسانی (فیتنه) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، چونكه له‌م ئاینەدا ژن به‌رپرسیاره له‌وه‌ی خۆی داپۆشێ و نه‌بێته هۆكاری وروژاندنی پیاو. سه‌ره‌ڕای زاڵبوونی ئه‌م گوتاره دینییه، به‌ڵام زۆرێك له كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی، به كوردستانیشه‌وه، له جۆرێك له سه‌رلێشواندندا ده‌ژین له په‌یوه‌ست به ژنه‌وه، له‌لایه‌ك نه‌زه‌ری حه‌رام و مامه‌ڵكردنی ژن وه‌ك خوشكیان؛ له لایه‌كی تره‌وه ئالووده‌بوون به ئێدیاڵی جوانی (پله‌ی بۆی) playboy و پۆرنۆیی.
له زۆرێك له‌به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی ژن و پیاودا، بۆ نمونه پیاوه‌كه چه‌ندین جار جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی؛ كه تۆ وه‌ك خوشكی ئه‌و وایت. یان پێت ده‌ڵێت {خوشكم، فه‌رقت نییه له‌گه‌ڵ خوشك و دایكم، له‌جیێی دایك و خوشكی منیت!}، به‌هه‌مان شێوه ژنیش ئه‌م جه‌خت كردنه‌وه‌یه ده‌كات، به‌وه‌ی به پیاو ده‌ڵێت {تۆ وه‌كو براو باوكم وه‌هایت!}، به‌رده‌وام گوێبیستی ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌یه‌ن كه جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و گوتاره ئاینییه‌ی كه نه‌زه‌ری ژن له پیاو حه‌رامده‌كات و ژن تاوانبارده‌كات به جوڵاندنی حه‌زی پیاو.
له‌ڕاستیدا هه‌موو ئه‌مانه جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر كورتكردنه‌وه‌ی ژن له سێكسدا. هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی ژن و پیاو ته‌نها له نه‌زه‌ركردن و حه‌ز و سێكسدا كورت ده‌كرێته‌وه. بۆ نموونه خانه‌واده دینییه‌كان كچه منداڵه‌كانیان له ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكه‌وه باڵاپۆشده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌وته‌ی خۆیان؛ نایانه‌وێت پیاو نه‌زه‌ری حه‌رامی لێ بكات! ئه‌مه‌ش كورتكردنه‌وەی مێینەیه هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زۆر منداڵییه‌وه بۆ پارچه گۆشتێك، كه ده‌بێت دیسپلین بكرێت و دوور بخرێته‌وه له ڕوانینی حه‌رامی پیاو. هه‌ر بۆیه‌ش ڕوانینی پیاو بارگاوییه به سێكسوالایزه‌كردن و بە ئامرازکردنی ئه‌ویتری ژن. له‌م دونیابینیه‌دا ژن نه‌ك هه‌ر ده‌بێت پاسیڤ بێت، به‌ڵكو به‌رپرسیاریشه له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر بێت‌و پیاو نه‌زه‌ری لێ بكات، ئه‌وا هه‌ر خه‌تای ژنه‌كه‌یه.
به‌ئۆبجێكتكردنی سێكسوالی
به‌ئۆبجێكتكردنی سێكسوالی-( به‌ئامڕازكردنی سێكسوالیی) واتای ئه‌وه‌یه، كه سه‌یری كه‌سێك بكه‌یت ته‌نها بۆ حه‌زی سێكس و هیچیتر. له‌م پرۆسه‌ی ڕوانین و ته‌ماشاكردنه‌دا کەسەکە كورتده‌كرێته‌وه بۆ كاڵایه‌ك، بۆ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته و چیتر مرۆڤێكی ته‌واو نییه، به‌ڵكو دابڕێنراوه له مرۆڤبوون و ژیریی و كامڵبوون. ئه‌قڵ و زانست و هۆشی مرۆڤه‌كه لێره‌دا ڕۆڵی نییه و گرنگ نییه، ته‌نها ڕووخسار و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مانا ده‌به‌خشن به بوونی له كاتی ڕوانینی پیاوانه‌دا بۆ جه‌سته‌ی ژن.
لێره‌وه تیۆری (به‌ئۆبجێكتكردنی سێكسوالی) كه تیۆرێكی فێمینیستییه، زۆر گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندی و ڕوانینی پیاو بۆ ژن وه‌ك كاڵایه‌ك، وه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه به چێژ و حه‌زی ئه‌و، نه‌ك وه‌ك مرۆڤێكی مێینه و خاوه‌ن هه‌ست و هۆش و ژیریی و كه‌سایه‌تی. كێشه‌ی ئه‌م نابه‌رانبەر‌ی ڕوانین و مامه‌ڵه‌كردن و به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕۆژانه هۆكاری گه‌وره‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژن به‌رده‌وام خۆی كۆنترۆڵ بكات، خۆی جوان بكات، به‌رده‌وام له نمایشدا بێت و وه‌ڵامده‌ره‌وه بێت بەم نۆرمە نێرسالارییه لاسه‌نگه.
هه‌ردوو فێمینیست و لێكۆڵه‌ر (باربارا فرێدریكسون) و (تۆمی-ئانن ڕۆبێرتس)(٥) له لێكۆڵینه‌وه (ئێسا) گرنگه‌كه‌یاندا به‌ناونیشانی ”تیۆریی به‌ئۆبجێكتكردن، به‌ره‌و تێگەیشتن له ئه‌زموونی ژیانكردنی ژنان و هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌ندروستی ده‌روونی”، تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی (ڕوانینی پیاو) بۆ ژنان وه‌ك ئۆبجێكتی سێكسی، كه چۆن ژنان ده‌كه‌ونه به‌رده‌م وێنای خودی خۆیان و به‌رده‌وام ده‌كه‌ونه چاودێریکردنی (مۆنیتۆركردنی) خۆیان. ئه‌مه‌ش له ئاكامدا ده‌یانخاته دڵه‌ڕاوكێ و كێشه‌ی ده‌روونی و ڕووخانه‌وه. هه‌ندێك له ژنان به په‌نابردن بۆ كاڵای زۆر و به‌رخۆریی و كه‌لوپه‌لی ماركه و نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و ستاندارده له سێكسیبوون و گه‌نج مانه‌وه و جوانی مسۆگەر بكه‌ن. گرنگه له‌وه تێبگه‌ین كه ژنان به‌هۆی فشارێكی زۆر له‌سه‌ریان بۆ گه‌یشتن به‌و فیگور و وێنایه له جه‌سته‌ی ئێدیاڵ، ناچارن زۆر ڕێگا بگرنه‌به‌ر كه یه‌كێكیان نه‌شته‌رگه‌ری جوانكارییه. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه- بۆ ژنان له‌ژێر ئه‌م فشاره‌دان بۆ گه‌یشتن به‌و ئێدیاڵه خوازراوه؟
له‌وه تێده‌گه‌ین كه پیاو لێره‌دا سەنتەرە و ئه‌وه كه داموده‌زگاكانی ماس میدیا و به‌رهه‌مهێنانی كولتووری، حیزب و ژیانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵی به‌ده‌سته‌وه‌یه. كه‌واته ئه‌وه پیاوه له‌م ڕێگایانه‌وه وێنای ئێدیاڵی ژن و جه‌سته و (سێكسی – بوون) و گه‌نج مانه‌وه‌ی ژن بانگه‌شه ده‌كات. له‌مه‌وه گووته گرنگه‌كه‌ی (جۆن بێرجه‌ر) بیریار، نوسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری هونه‌ری به‌ناوبانگی به‌ریتانیمان بیرده‌كه‌وێته‌وه كه ده‌ڵێت ”پیاوان له ژنان ده‌ڕوان، ژنان چاودێری خۆیان ده‌كه‌ن كه سه‌یر ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش دیاریكه‌ری، نه‌ك ته‌نها زۆربه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی پیاو و ژنه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی ژنه به خۆیشیه‌وه.”(٦).
به واتایه‌كی تر؛ ئه‌م ڕوانینه‌ی پیاو بۆ ژن، كه سێكسوالییه، ژن ده‌خاته به‌رده‌م دڵه‌ڕاوكێیی به‌رده‌وام و خۆسانسۆركردن و خۆچاودێریكردن. وه‌ها ده‌كات ژن هه‌ست به ئاسووده‌یی و بوونێكی كامڵ نه‌كات، به‌ڵكو هه‌میشه به هه‌ستیاریی ده‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر چاودێریكردنی خۆی و كردار و ڕووخساری، بۆ نموونه؛ كاتێك ژنان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناو بازاڕدا پیاوان هه‌راسیان ده‌كه‌ن، یان تانه و ته‌شه‌ریان لێده‌ده‌ن له‌سه‌ر ڕووخسار و جه‌سته‌یان، ئه‌مه لای ژن دڵه‌راوكێ دروست ده‌كات. لێره‌دا ژن ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه تاڵه ده‌بێته‌وه كه تا چ ڕاده‌یه‌ك جه‌سته‌ی ئه‌م جێگه‌ی ڕوانینی به‌رده‌وامه له‌لایه‌ن پیاوه‌وه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژنان به هه‌وڵێكی زۆر و سه‌ختییه‌وه توانیویانه بێنه فه‌زای گشتی و ژیانی كولتووری و سیاسیه‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش خواست و داواكاری زۆر له‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و ڕووخسار و گفتوگۆكردن و كاركردنیان هه‌یه. كاتێك كۆی ئابووری وڵات له ده‌ستی پیاواندا بێت و ستره‌كتووری ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر پیاوگه‌رایی وه‌ستابێت، ژنان ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی یه‌كسانی ئابوورییه‌وه؛ لێره‌وه ڕۆڵی ئه‌وان به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت. هه‌روه‌ك فێمینیست و نووسه‌ر (نایۆمی ۆولف) (٧)، له كتێبی (وه‌همی جوانیدا) باس له‌وه ده‌كات كه “(…) له‌لایه‌ك ژنان به‌هۆی نه‌بوونی هۆشیاری و دڵه‌ڕاوكێوه ده‌كه‌ونه داوی ئه‌وه‌ی له درۆی ‘وه‌همی جوانیدا’ جێگایان بێته‌وه، به‌رده‌وامی بده‌ن به‌م درۆیه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، پێویستیی ئابووری زامنی ئه‌مه ده‌كات. ئابوورییه‌ك كه له‌سه‌ر كۆیله‌داری وه‌ستاوه و پێویستی به‌وه‌یه به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر وێنای كۆیله‌كه بكاته‌وه بۆئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به بوونی داموده‌زگای كۆیله‌دارییه‌كه‌ی بداته‌وه.”. هه‌روه‌ها (نایۆمی ۆولف) باس له‌وه ده‌كات كه “(…) ئابووری وڵاتانی خۆرئاوا پشتبه‌ستووه به‌وه‌ی كه مووچه‌ی كه‌متر به ژنان بده‌ن. ئه‌مه‌ش به ئایدیۆلۆژییه‌ك داده‌نێت كه وه‌ها له ژنان ده‌كات (بێبه‌ها) له خۆیان بڕوانن…”؛ له‌وه‌ش زیاتر له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ”(…) ئابووری خۆرئاوا پشت به‌ستووه به وێناكردنی ژنان له‌وه‌همی جوانیدا…”. هه‌رچه‌ندە ئه‌م كتێبه له‌نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا نووسراوه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش زۆرێك له باسه‌كانی گونجاوه.
له كوردستانی باشووردا لاسه‌نگی ئابووری و سیاسی له هه‌موو كایه‌كاندا به‌رچاوه و ئه‌مه‌ش وایكردوه ئاماده‌یی ژن پابه‌ند بێت به كۆمه‌ڵێك ده‌ستكاریكردنی جه‌سته و ڕووخسار و هه‌ڵسوكه‌وته‌وه. له لایه‌كه‌وه، هێزه كۆنه‌پارێزه‌كان خوازیار و هانده‌ری باڵاپۆشین، له لایه‌كی تره‌وه سیاسه‌تمه‌داران و سه‌رمایه‌دارانی نیولیبراڵ خوازیاری داماڵینی ژنانن له‌هه‌موو به‌هایه‌ك و كورتكردنه‌وه‌یان بۆ كاڵایه‌كی سێكسی؛ به‌جۆرێك بوونی ژنی جوان و گه‌نج و سێكسی له‌به‌ر چاویاندا ڕۆژانه وه‌ك جۆرێك له به‌رخۆری لێهاتووه.
په‌راوێزخستن و دوورخستنه‌وه‌ی ژن له (بونه‌وه‌رێكی ته‌واو) وخاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌وه و كورتكردنه‌وه‌ی بۆ جه‌سته، لاسه‌نگیی له هێزدا دروستده‌كات. له‌لایه‌ك نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه كورتده‌كرێته‌وه بۆ ئامڕازێكی سێكسی و له‌لایه‌كی تره‌وه نیوه‌كه‌ی تری كه پیاوه، بۆ ته‌ماشاكار و لێڕوانه‌ری پیاوگه‌را. گرنگه لێره‌وه كار بۆ (دادپه‌روه‌ری جێنده‌ری) بكرێت، به‌وه‌ی ئه‌م هێرشه پۆڕنۆیی و نه‌شته‌رگه‌رییه نیۆلیبراڵییه، به په‌ره‌پێدانی هۆشیاری و به‌هێزكردنی ژنان له ڕێگه‌ی زانست و فیكری فێمینیستییه‌وه، به‌رپه‌رچبدرێته‌وه. له‌ڕێگای خۆڕێكخستنی خۆڕسكانه‌وه و سه‌ربه‌خۆوه ده‌بێت كه به‌رپه‌رچی ئه‌م به‌كاڵابوونه‌وه‌ی ژنان و هه‌موو فۆرمه‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی ژن بداته‌وه.
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بڵێین، كه نابێت ژنی كورد له‌و وه‌همه‌دا بژی كه ده‌توانێت له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك (ئێن جی ئۆ) و ڕێكخراوی دروستكراوی حیزبی ژنانه‌وه خه‌بات بۆ مافه‌كانی بكات. ئه‌مانه له‌ڕاستیدا وه‌ك چێنێكی ئۆروستوكراتی وه‌هان كه لەنێوان كۆی ژنانی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ستاون. به جۆرێك، كه مه‌رگ و سووتاندن و كوشتنی ڕۆژانه‌ی ژنان جۆرێكه له ده‌رامه‌ت و سه‌رچاوه‌ی مووچه بۆ ژماره‌یه‌كی كه‌م له ژنان له ڕێكخراوه‌كان و حیزبه‌كان و په‌رله‌مان و حكومه‌تدا.
زۆرینه‌ی ژنانی چه‌وساوه‌ی كورد گرنگه وه‌ك چینێكی دووجار زوڵملێكراو خۆیان ڕێك بخه‌ن و خه‌باتی خۆیان به پشتبه‌ستن به هۆشمه‌ندی و دونیابینی ژنانه به‌هێز بكه‌ن. ژنانی كارمه‌ندی ڕێكخراوه‌كان و (ئێن جی ئۆكان) به جیهانی و لۆكالیشه‌وه، خاوه‌نی دونیابینیی ژنانه نین و هیچ كات ناتوانن پێشڕه‌وی هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن… ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه و گرنگه وه‌ك ژن له‌بیرمان نه‌چێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه نه‌هێڵین هیچ كه‌س و لایه‌نێك سازش به ماف و داواكاریه‌كانی ژنانه‌وه بكات. دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و جێنده‌ری ده‌سته‌به‌ر نابێت، گه‌ر بێت‌و زۆرینه‌ی ژنان بێده‌نگ بن و ڕێگه بده‌ن ژماره‌یه‌كی كه‌م له ژن به‌ناوی ئه‌وانه‌وه پله‌و پایه بۆخۆیان فه‌راهه‌م بكه‌ن.
یه‌كێك له‌هه‌نگاوه هه‌ره‌گرنگه‌كان له‌م قۆناغه‌دا، خۆڕێكخستنی خۆڕسكانه‌ی ژنانه له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كانی ژنان وحیزبه‌كان. لێره‌وه دروستبوونی (جڤاتی ژنان) له په‌یوه‌ند به داواكارییه هه‌نووكییه‌كانه‌وه ودیالۆگكردن وداڕشتنه‌وه‌ی ستراتیژی كاركردن، چ له‌ڕووی گۆڕینی یاساكانه‌وه، چ له‌ڕووی کرداری خۆپیشاندانه‌وه، تاوه‌كو ده‌گاته داڕشتنەوەی له گوتارێكی سیاسی ژنانه، به‌دونیابینی وهۆشمه‌ندییه‌كی ژنانه‌وه، گرنگییه‌كی مێژوویی خۆی هه‌یه بۆ دروستبوونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان له‌كوردستاندا.
له‌نده‌ن – دیسێمبه‌ر ٢٠١٨
پەراوێز و سه‌رچاوه‌كان
-
Marx, K., Capital, vols. i and iii (New York: International Publishers, 1967). Theories of Surplus Value, pt. 2 (London: Lawrence & Wishart, 1969).
-
Dolezal، (2010). The (in)visible body: Feminism، phenomenology، and the case of cosmetic surgery. Hypatia 25(2)، 357.
-
Foucault، (1980: p186). Power/Knowledge: Selected interviews and other writings، 1972-1977، (Ed.) Colin Gordon، trans. Colin Gordon، Leo Marshall، John Mepham، and Kate Soper، Brighton: Harvester Press.
-
Mulvey، Laura (1999: p833-44) “Visual Pleasure and Narrative Cinema.” Film Theory and Criticism: Introductory Readings. Eds. Leo Braudy and Marshall Cohen. New York: Oxford UP،.
-
Fredrickson، Barbara and Roberts، Tomi-Ann،” (199، p173-206) Objectification Theory: Toward Understanding Women’s Lived Experiences and Mental Health Risks.” Psychology of Women Quarterly، 21 ، USA
-
Berger، (1973: p47) Ways of Seeing. London: Penguin Books.
-
Wolf، (1991: p18).The Beauty myth: how images of beauty are used against women. London: Vintage.