له ده‌ی دێسه‌مبه‌ری ساڵی ١٩٨٨ دا… کۆمیته‌ی خه‌لاتی نۆبڵ، نه‌جیب مه‌حفوز – ی نوسه‌ری میسری له ته‌مه‌نی ٧٧ ساڵیدا له‌بواری ئه‌ده‌بدا خه‌ڵات کرد.له جیهانی عه‌ره‌بیدا به‌گه‌رمی پێشوازی لێ‌کرا و ئاهه‌نگی بۆ گێڕدرا، ئه‌وه‌ی له میدیا عه‌ره‌بییه‌کانه‌وه زۆر به‌ر گوێ ده‌که‌وت، ده‌یانگوت: کاتی خۆیه‌تی زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی… باوه‌ڕی پێبهێنرێت و وه‌ک سه‌رده‌سته‌ی زمانه‌کان بناسرێت.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاماژه‌ی پێبده‌م، سه‌رنجی ئه‌وسای زۆرێک له که‌ناڵ و گۆڤار و ڕۆژنامه عه‌ره‌بییه‌کان بوو به میسرییه‌کانیشه‌وه، به‌گشتی ئه‌وه‌نده‌ی ناوی زمانی عه‌ره‌بی و ئومه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامیان هێنابوو، نیو ئه‌وه‌نده‌ش ناوی مه‌حفوز نه‌ده‌بینرا یان به‌رگوێ نه‌ده‌که‌وتن، به‌ڵام سه‌رنجه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپا جیاواز بوون، ئه‌وسا مه‌حفوز لای که‌م که‌س ناسرابوو له ئه‌وروپادا.
خواستی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و نوسه‌ره زۆر بوو، هه‌موو میدیاکان هه‌وڵی خۆیان خسته‌گه‌ڕ بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانیاری له‌سه‌ر براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب له‌و ساڵه‌دا، چاپخانه‌کان له هه‌موان زیاتر به په‌رۆش تر بوون بۆ وه‌رگێڕانی کتێب و نوسراوه‌کانی مه‌حفوز، پاش چه‌ند مانگێک… دوو کتێبی به په‌له‌پڕوزکێ وه‌رگێڕدرایه سه‌ر زمانی هۆڵه‌ندی، کتێبه‌کان زۆر بازاڕی بوون و کاری وه‌رگێڕانی خێرا‌و ڕاکه‌ڕاکه به ڕۆحیانه‌وه دیار بوو، یه‌کێک له‌و کتێبانه (قاهیره‌ی نوێ، ١٩٤٥)بوو ئه‌وه‌نده به ئامانه‌ته‌وه کاری وه‌رگێڕانی بۆ کرابوو، زیاتر له فه‌رهه‌نگی زمان ده‌چوو نه‌ک ڕۆمان.
ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له وڵاتانی ئه‌وروپادا چاوه‌ڕوانی بوون… به‌رهه‌مه‌کانی و زیاتر پاشبنه‌مای ئه‌و نوسه‌ره عه‌ره‌ب-ه بوو، له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٩دا کتێبێک به ناونیشانی (لێدوان له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز)دا بڵاوکرایه‌وه، کاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و لێدوانه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ سێساڵێک پێش ساڵی ١٩٨٨، لێدوانی جه‌مال الغیتانی بوو له‌گه‌ڵ مه‌حفوز – دا، له دووتوێی کتێبێکی ٦٠ لاپه‌ڕه‌ییدا.
الغیتانی نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس، به چیرۆک و ڕۆمانه مێژوویه‌کانیدا له ئه‌وروپادا ده‌ناسرێته‌وه، ڕۆمانی (جاسوسی بۆ سوڵتان)ی له ساڵی ١٩٨٨دا له چه‌ندین وڵاتانی ئه‌وروپادا بڵاوکرایه‌وه.
الغیتانی له‌دایک بووی یه‌کێک له گه‌ڕه‌که کۆنه‌کانی شاری قاهره- یه (حوسێنیه)، هه‌مان گه‌ڕه‌ک که مه‌حفوز پاشان لێی ژیابوو، ئه‌وه‌ش بووبووه هۆی ئه‌وه‌ی که الغیتانی خۆی له‌گه‌ڵ مه‌حفوز- دا به هاوڕێ و کوڕی گه‌ڕه‌کێک هه‌ژمارده بکات، هه‌رچه‌نده جیاوازی ته‌مه‌نیان ٣٤ ساڵێک ده‌بوو.
الغیتانی له لێدوانێکیدا ده‌ڵێت: (په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ مه‌حفوز ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٦٢، کاتێک من ته‌مه‌نم ته‌نها ١٧ساڵ بوو، یه‌کێک بووم له‌و گه‌نجانه‌ی سه‌رسام بووم به کتێب، خوێنه‌رێکی باشی کتێبه‌کانی نوسه‌ر مه‌حفوز- یش بووم، ڕۆژانه مه‌حفوزم ده‌بینی به‌یانیان بۆ سه‌ر کار ده‌چوو یان ئێواران له دوای کاره‌که‌ی به‌ره‌وماڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه، کۆتایی هه‌فته‌ش له کافرتریاکانی گه‌ڕه‌کی حوسێنیه بوو، ئه‌وسا کورته چیرۆکێکم نوسیبوو، مانگێک زیاتر بوو پلانی ئه‌وه‌م دانا بوو، ڕێگای پێبگرم و ڕای ئه‌و وه‌رگرم له‌سه‌ر چیرۆکه‌که‌م، ڕۆژێک له‌و ڕۆژانه‌دا… زۆرم له‌خۆم کرد و پاش ئه‌وه‌ی خۆمم پێناساند… داوام لێکرد، چیرۆکه‌که‌م بۆ ته‌ماشا بکات و ڕای خۆیم پێبڵێت، مه‌حفوز ئه‌وسا به‌ناوبانگ بوو به‌وه‌ی که چه‌ندێک دڵگه‌وره و به‌ڕێز بوو له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و ڕۆشنبیره لاوه‌کاندا، ئه‌و ڕۆژه پاش ئه‌وه‌ی کورته چیرۆکه‌که‌می به سه‌رپێییه‌که‌وه خوێندنه‌وه، گوتی: کارێکی باشت کردووه، به‌رده‌وام به له‌سه‌ر نووسین.
له‌دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ مه‌حفوز به‌رده‌وامه، له سه‌ره‌تای یه‌کتر ناسینمانه‌وه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆی بۆ هه‌موو گۆڕ و دانیشتنێکی خۆی بانگهێشتی کردووم، له‌گه‌ڵ ناساندنمی به هه‌موو هاوڕێ و دۆسته نووسه‌ر و ڕۆژنامه نووسه‌کانی).
ئه‌و لێدوانه‌ی الغیتانی له‌گه‌ڵ مه‌حفوز- دا کردویه‌تی، ڕه‌گی دۆستایه‌تی ئه‌م دوو نوسه‌ره هه‌ست پێده‌کرێت، توانا و ئاستی ڕۆشنبیری الغیتانی وا له مه‌حفوز ده‌کات… زۆر قوڵ ڕۆچێته ناو بیره‌وه‌رییه‌کانییه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌م کتێبه (لێدوان له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز)دا، نابێت وه‌کو بیۆگرافییه‌کی ئه‌و نووسه‌ره بژمێردرێت، به‌ڵام زیاتر وه‌ک (دۆکۆمێنتی کات) گرنگی خۆی هه‌یه.
له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ڵمانیدا، مه‌حفوز ده‌ڵێت: دوای ئه‌وه‌ی جه‌مال الغیتانی ئه‌و لێدوانه‌ی له‌گه‌ڵ مندا کرد، که ئێستا به چه‌ندین زمان وه‌ک کتێب له به‌رده‌ستی خوێنه‌راندایه، ئه‌و لێدوانه ڕێگره له پێشم تاکو جارێکی تر بگه‌ڕێمه‌وه ڕابردووم و یاده‌وه‌ریه‌کانم بنوسمه‌وه.
– ئه‌م بابه‌ته به‌راورد کردنی کتێبی (لێدوان له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز)ه به چه‌ند لێدوانێکی تری نووسه‌ر، به‌تایبه‌تی ئه‌و لێدوانانه‌ی که له دوای ساڵی ١٩٨٨وه ئه‌نجام دراون له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز و له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانی هۆڵه‌ندا- دا بڵاو کراونه‌ته‌وه، له‌م بابه‌ته‌دا ناوبژێری چه‌ند وه‌ڵامێکی مه‌حفوز- م کردووه.
جه‌مال الغیتانی: سه‌رده‌می مناڵیت له گه‌ڕه‌کی الجمالیه؟
مه‌حفوز: ئه‌گه‌ر به‌خه‌یاڵ بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌رده‌می مناڵیم… ماڵه‌که‌مانم دێته‌وه پێش چاو له‌و گه‌ڕه‌که.
باوکم فه‌رمانبه‌ر بوو، پاشان بوو به شه‌ریکی هاوڕێیه‌کی تاجری، پێش ئه‌وه‌ی من له دایک بم، دایکم به‌دوای یه‌کدا شه‌ش منداڵی بووبوون، دوو کوڕ و چوار کچ، پاشان دوای حه‌وت ساڵێک پشودانی دایکم منی ده‌بێت، کاتێک پێنج ساڵان بووم… خوشکه‌کانم سیانیان هاوسه‌رگیریان کردبوو، هه‌ر له‌وساڵانه‌شدا دواین خوشکم به‌جێی هێشتین، براکانیشم به‌ناوازه له ماڵ ده‌بوون و دایم له سه‌ر کار بوون، به‌بیرم نایه‌ت که له ماڵه‌که‌دا هه‌ستم به‌وه کردبێت که خوشک و برام هه‌بووبێت، به پێچه‌وانه‌وه گه‌وره‌بووم وه‌ک ته‌نها مناڵی ماڵ، ژیانی سه‌رده‌می مناڵیم زۆر ئاسایی بوو، به‌ناز و خۆشه‌ویستی دایک و باوکم گه‌وره بووم، دایک و باوکم هه‌موو ته‌مه‌نیان به‌یه‌که‌وه بوون و بۆ یه‌کبوون، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم باوکم په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هیچ ئافره‌تێکی تردا نه‌بوو، هه‌روه‌ک چۆن به پیاو ڕه‌وا ده‌بینرا ئه‌وسا، باوکم مه‌یی نه‌ده‌نۆشی و قومارچی نه‌بوو… توڕه و دڵڕه‌قیش نه‌بوو له‌گه‌ڵماندا، هه‌ر بۆیه له قوڵایی دڵمه‌وه تاکو ئه‌مڕۆش دایک و باوکم و خێزانه‌که‌مانم خۆشده‌وێت.
ماڵه‌که‌ی ئێمه به‌رانبه‌ری مه‌خفه‌ری پۆلیس بوو له جمالیه، ئه‌وسا ئه‌و گه‌ڕه‌که جێگایه‌کی غه‌ریب بوو بۆ ژیان تێیدا، هه‌موو چین و توێژێکی تێدا ده‌ژیان، خاوه‌ن کارگه و تاجر و فه‌رمانبه‌ر… هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری پارتی وه‌فد بوون و ته‌نها بۆ پارته‌که‌یان ده‌ژیان، ئه‌ویش جۆرێک بوو له پیرۆزی ئه‌و پارته لای خه‌ڵکی ئه‌وسا.
ماڵی هه‌ژارانیشم باش وه‌بیردێته‌وه، له‌وێ تورک و فارسه‌کان ده‌ژیان، له ماڵه‌که‌ی ئێمه‌وه ده‌مان بینین، له ڕاستیدا ئه‌وسا… هه‌رکه‌سه‌و له‌گه‌ڵ هاوشێوه و هاوبیری خۆیدا هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد، فه‌قیر له‌گه‌ڵ فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیش به‌جیا، مرۆڤه‌کان به‌گوێره‌ی ڕه‌نگ و ده‌نگیان جیا بووبوونه‌وه له یه‌کدی، ته‌نها له مانگی ڕه‌مه‌زاندا نه‌بێت… هه‌موو ده‌رگاکان ده‌خرانه سه‌رپشت و گشت تێکه‌ڵ ده‌بووین به یه‌کتری، ته‌نانه‌ت بێگانه‌کانیش به‌ختی ئه‌وه‌یان به‌رده‌که‌وت نزیکمان ببنه‌وه و خواردنیان به‌شبدرێت.
دایکم ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا له ژیانمدا و کاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌بوو، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ کاتتدا نه‌گۆڕابوو، به‌ڵام زۆر شتی لێوه فێربووم، دایم گوێم لێده‌گرتن… کاتێک میوانی ده‌هات، میوانه‌کانیشی ژنانی گه‌ڕه‌ک بوون، به‌زۆری ئه‌و ژنانه بوون که نوشته‌یان ده‌کرد و به‌خت و ده‌ستیان ده‌گرته‌وه، یه‌کێکیش له هاوڕێکانی دایکم مریشک فرۆش بوو، دایکم له هه‌ڵسوکه‌وتی ژیانی ڕۆژانه‌یدا سه‌ربه‌ست بوو، بۆی هه‌بوو به‌ته‌نیا بچێته ده‌ره‌وه بۆ لای هاوڕێ و که‌س و کاری، حه‌زیشی زۆر له شوێنه‌وار و جێگا مێژوییه‌کان بوو، زۆر جاریش منی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد بۆ ئه‌هرامه‌کان و بینینی مۆمیا کراوه‌کان، سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌شمان کرد پێکه‌وه.
له چوار ساڵیمه‌وه چووم بۆ قوتابخانه‌ی قورئان، ئه‌و سه‌رده‌مه ئاوا بوو… هه‌موو مناڵانی وڵات دوو ساڵێک قورئانمان ده‌خوێند، پێش ئه‌وه‌ی بچین بۆ قوتابخانه‌ی ئاسایی، له‌وێ سه‌ره‌داوێکیان له ڕۆحمان ده‌هاویشت له‌سه‌ر باوه‌ڕ، هه‌روه‌ها فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ش ده‌بووین.
له ماڵی ئێمه‌دا بێجگه له باوه‌ڕ… کات و جێگایه‌کی تر نه‌مابویه‌وه بۆ کلتور، دایک و باوکم هیچ هه‌ستێکیان نه‌بوو به‌رانبه‌ر به ڕۆشنگه‌ری، ته‌نها کتێبێک که ئه‌و سه‌رده‌مه له ماڵه‌که‌ماندا بوو… کتێبی (چیرۆکه‌کانی عیسا بن هاشم)بوو، له نوسینی (محه‌مه‌د الموالیهی)، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و نوسه‌ره هاوڕێی باوکم بوو.
تێکڵاو بوونی ئێمه به خه‌ڵکانی تر و به‌شدار بوونمان له زۆر کۆڕ و ئاهه‌نگدا له ڕێگای کلتوره‌وه نه‌بوو، به‌ڵکوو زیاتر له‌ڕێگای پره‌نسیپ و ڕه‌نگی پارتی وه‌فد- وه بوون، دایکم و باوکم لایه‌نگری ئه‌و پارته بوون، به‌بیرم دێت باوکم دایم باسی (سه‌عد زه‌غلول و مسته‌فا کامیل)ی ده‌کرد، زۆر به پیرۆزی ناویانی ده‌هێنا، زیاتر ناوی سه‌عد زه‌غلول… باوکم دایم سیاسه‌ت و ئاسۆی بیری خۆی تێکه‌ڵاو به هه‌موو باس و لێدوانێکی ماڵه‌که ده‌کرد، هه‌موو ڕوداوێکی گه‌وره و بچوک له ژیانی ئێمه‌دا ده‌گلا له باسی سیاسه‌ته‌وه و له کۆتاییشدا باوکم ده‌یگوت: هه‌موو شته‌کان وان، سه‌عد- یش هه‌روای گوت. هه‌موو که‌سه ناوداره‌کانی به‌ناوی یه‌که‌می خۆیانه‌وه ناو ده‌بردن… وه‌کو له نزیکه‌وه بیان ناسێت و هاوڕێی یان ناحه‌زی بن.
به‌بیرم دێت کاتێک بۆ یه‌که‌مین جار… ده‌ستم کرد به ڕۆژنامه خوێندنه‌وه، له پێش هه‌موو وشه‌یه‌که‌وه له ده‌ستپێکدا بۆ ناوی سه‌عد زه‌خلول ده‌گه‌رام، بێجه له‌وه‌ش بیری ناسیۆنالیزمی… ئه‌وه دایکم و باکم نه‌بوون به‌ڵکو مامۆستاکه‌م بوو له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له ڕۆحمدا چاندی، به‌تایبه‌تی مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی، له ناوه‌ڕاستی هه‌موو ده‌رسێکدا فرسه‌تی ده‌هێناو باسی بۆ ده‌کردین. بێجگه له‌وانه‌ش سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی ساڵی ١٩١٩و خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌و ئه‌وسا، کاریان تێ‌کردم و زۆر له قوڵاییه‌وه ڕۆحمیان هه‌ژاند، ئاسه‌واری ڕوداوه‌کانی ئه‌وسا له خه‌یاڵمدا تاکو ئه‌مڕۆش پێشینه‌ن، ئه‌وسا ته‌مه‌نم ته‌نها هه‌شت ساڵێک ده‌بوو.
قوتابخانه‌که‌مان له گۆڕه‌پانی ناوه‌ڕاستی گه‌ڕه‌کی الجمالیه- دا بوو، له په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌که‌مانه‌وه ده‌مانبینی… خۆپیشانده‌ران هوتافیان ده‌کێشا و هاواریان ده‌کرد به‌رانبه‌ر سه‌ربازه ئینگلیزه‌کان. خۆپیشاندانی ڕاسته‌قینه له گه‌ڕه‌که ساده و هه‌ژار نشینه‌کانه‌وه ده‌ستیان پێ‌کرد، گه‌ڕه‌که‌که‌ی ئێمه‌ش یه‌کێک بوو له‌و گه‌ڕه‌که به‌شدار بوانه له خۆپیشندانه‌کاندا، چونکه زۆرینه‌ی دانیشتوانی لایه‌نگری پارتی وه‌فد- بوون، ئه‌وسا به‌چاوی خۆم بینیم… چۆن سه‌ربازه ئینگلیزه‌کان به‌توندی به‌ره‌وڕوی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه، گوێم له ته‌قه‌کان بوو… کوژراو و بریندارێکی زۆرم بینی که هه‌موو له‌سه‌ر جاده‌کان که‌وتبوون، هه‌موویم باش له‌بیردێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ناو هه‌موو ڕوداوه‌کاندا زیاتر دایم بیرم لێکردبێته‌وه… خۆپیشاندانی ژنان بوو، ئه‌وسا و هه‌موو ئه‌وساڵانه‌ی دواییش زۆری له‌سه‌ر نوسرا، به‌ڵام هه‌موو ده‌یان نوسی (خۆپیشاندانی ژنانی حیجاب پۆش)، یان زۆر جاریش ژنانی پاشا، وایان به ژنان ده‌گوت ئه‌وسا، به‌ڵام کێبوون ئه‌و ژنانه؟… به‌چاوانی خۆم هه‌زاران ژنی مۆده و بێله‌چکم بینی به‌شدار بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانمه… له‌نوسین و ته‌نانه‌ت له ئه‌رشیفی وێنه‌کانیشدا به‌ته‌نها ژنانی داپۆشراو و حیجابکار ناو و وێنه‌یان ماونه‌ته‌وه.
ئێمه‌ی قوتابیش هاندراین به‌شداربین، ئه‌و قوتابیانه‌ی به‌شداریان نه‌کرد یان له‌ترساندا هه‌ڵاتن، ڕۆژانی دوایی له قوتابخانه ڕوبه‌ڕوی سزا بونه‌وه، ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له کتێبه‌کانمدا وێنه‌م کردوون، هه‌موو ڕوداوی ڕاسته‌قینه‌ن و ڕویانداوه، به‌ڵام بۆچی ئه‌و ڕوداوانه‌م له نوسینه‌کانمدا جێگاکردۆته‌وه، یان بۆ تاکو ئه‌مڕۆش له خه‌یاڵمدا به‌ڕۆشنی ماونه‌ته‌وه… له‌ڕاستیدا خۆشم نازانم.
له ساڵی ١٩٢٠دا هه‌موو خێزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان یه‌کێک له‌وانه‌ش ئێمه… گوێزامانه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کی (العباسیه)، هه‌رچه‌نده هه‌موو هاوڕێکانم له‌وێ به‌جێهێشتن و له‌چاوم ونبوون، به‌ڵام دڵم بۆ گه‌ڕه‌که کۆنه‌که‌مان دایم لێیده‌دا، پاشانیش که سه‌رقاڵی خوێندن بووم و بویشمه فه‌رمانبه‌ر… هه‌ر غه‌ریبیم ده‌کرد و ناوازه ده‌گه‌ڕامه بۆ گه‌ڕه‌که کۆنه‌که‌مان، تاکو ئێستاش هه‌ر پێشینه‌یه له خه‌یاڵمدا و ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ک سه‌ردانی نه‌که‌م ئه‌وا به‌خه‌یاڵ تاوێک پیاسه‌یه‌ک به کۆڵانه‌کانیدا ده‌که‌م… به هێزی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕۆحییه‌ی له‌گه‌ڵ دار و به‌ردی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌دا هه‌مه.
پاش ئه‌وه‌ی که خوێندنی فه‌لسه‌فه‌شم خوێند… ئه‌وسا زیاتر ڕۆحم بیانوی پێده‌گرتم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ گه‌ڕه‌که کۆنه‌که‌مان و جێگای سه‌رده‌می مناڵیم.
جه‌مال الغیتانی: گه‌ڕه‌کی العباسیه… خوێندنی ناوه‌ندی و ژیانی ته‌له‌بایه‌تیت؟
مه‌حفوز: ئه‌و گه‌ڕه‌که ئه‌وسا زۆر جیاوازتر بوو له ئێستای، هه‌موو ماڵه‌کان خاوه‌نی باخی خۆیان بوون… به‌ڵام ئێستا ئه‌وباخانه نه‌ماون و له جێگایان ئاپارتمان دروست کراون، ساڵانێکی خۆشم گوزه‌راند له گه‌ڕه‌کی العباسیه، زۆرینه‌ی کات یاری فوتباڵمان ده‌کرد و منیش زۆر لێهاتوو بووم له‌و وه‌رزشه‌دا، هه‌رچه‌نده ئه‌وکات یانه‌ی فوتباڵی نزیک نه‌بوون به گه‌ڕه‌که‌که‌مان و له‌سه‌ر شه‌قام و له گۆڕه‌پانه‌کاندا یاریمان ده‌کرد، یان له یه‌کێک له کافتریاکاندا خه‌ریکی نێرگه‌له کێشان بووین… ویسکیمان ده‌خوارده‌وه و گوێمان له (ئوم که‌لسوم) ده‌گرت.
بۆ یه‌که‌مین جارم له‌و گه‌ڕه‌که کچێکم خۆش‌ویست، هه‌رچه‌نده به ته‌مه‌ن زۆر گه‌وره‌تر بوو له‌من، له‌ڕوی دارایی و ئاستی بیرکردنه‌وه‌شمانه‌وه دوور بوین له یه‌کتری، پێم وابێت هه‌ر ئه‌و هۆیانه‌ش بوو، نه‌مان توانی به‌رده‌وامی به په‌یوه‌ندیمان بده‌ین، هه‌ر له‌و کاتانه‌شدا بوو ده‌ستم کرد به خوێندنه‌وه… به‌تایبه‌تی کتێبی نوسه‌ره نوێخوازه‌کان، وه‌ک و ته‌ها حسێن، ناوازه‌ش زانستم ده‌خوێنده‌وه به‌ڵام زیاتر ڕوم له خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه کردبوو.
دوای خوێندنی ئاماده‌یی ویستم فه‌لسه‌فه بخوێنم، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه باوکمی ته‌نگاو کرد… به ڕای مامۆستایه‌کیشم که پێی گوتم: باشتر وایه تۆ فه‌لسه‌فه هه‌ڵنه‌بژێریت… چونکه تۆ توانات باش نییه له ئه‌ده‌بدا و لێهاتو نیت تێیدا.
باوکیشم ڕێنمایی کردم که یاسا بخوێنم… به‌ڵام من ده‌مویست بخوێنم و بخوێنمه‌وه تاکو له نهێنی بونم تێبگه‌م، ئه‌وکات پێم وابوو ته‌نها له بواری فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ڵامی شیاوم چنگ ده‌که‌وێت.
کاتێک سه‌رقاڵی خوێندنی فه‌لسه‌فه بووم… ده‌ستم کرد به نوسینی بابه‌ت، لێره و له‌وێ له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاوم کردنه‌وه، هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه فه‌لسه‌فی بوون… کورتکراوه‌ی ئه‌و ده‌رسانه بوون که له زانکۆ ده‌م خوێندن، دوایی داوایان لێکردم کۆیان بکه‌مه و بیان که‌م به کتێبێک، به‌ڵام پێم وابوو ئه‌و بابه‌تانه شایه‌نی ئه‌وه نه‌بوون بچنه دووتوێی کتێبێکه‌وه.
ئه‌وسا له‌نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بدا باز بازاێنم بوو، هه‌رچه‌نده ده‌مویست هه‌ردوکیان بخوێنم به‌ڵام ئه‌وسا خوێندنی له‌و چه‌شنه بوونی نه‌بوو، ئێستا به پێچه‌وانه‌وه، ساڵی ١٩٣٦ له زانکۆ ده‌رچوم، پاشان بێدودڵی به یه‌کجاری ئه‌ده‌بم هه‌ڵبژارد، هه‌ستم کرد له‌خۆمدا ئارام بومه‌وه و به یه‌کجاری ئۆقره‌م گرت.
جه‌مال الغیتانی: له‌گه‌ڵ نوسین و فه‌رمانبه‌ریدا؟
مه‌حفوز: پاش ته‌واو کردنی زانکۆم… هه‌ڵبه‌ته له سه‌رده‌م و ساڵانی گرانیدا، ته‌مه‌نم بیست و پێنج ساڵ بوو، به‌رنامه‌م ئه‌وه‌بوو کارێک بد‌ۆزمه‌وه و له سێبه‌ری کاره‌که‌مدا خۆم خه‌ریک بکه‌م به ئه‌ده‌به‌وه.
کاتێک وه‌ک فه‌رمانبه‌ر له یه‌کێک له وه‌زاره‌ته‌کانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی کاروباری ئاینی ده‌ست به‌کار بووم، کاره‌که‌م به‌دڵ بوو… ڕۆژانه خه‌ڵکێکی زۆرم ده‌دواند، له کوڕی سوڵتانه‌وه بۆ جوتیارێکی هه‌ژار، که هه‌موو به‌شیان هه‌بوو له‌و وه‌زاره‌ته‌دا.
هه‌موو ڕۆژێک دوای کار، له ماڵه‌وه ده‌ستم ده‌کرد به خوێندنه‌وه، باوکیشم دایم بێئارام ده‌یپرسی: بۆچی هه‌موو ڕۆژێک له‌دوای مێزه‌که‌ته‌وه بێده‌نگ داده‌نیشیت و سه‌رت گرتووه به‌سه‌ر کتێبێک‌دا، چی پێویست ده‌کات… ئه‌وه‌نده خۆت له پێناوی چیدا ده‌چه‌وسێنیته‌وه؟ باوکم هه‌ر نه‌یزانی بۆچی ئه‌وه‌نده خۆم ماندوو ده‌که‌م… چونکه ساڵی دوایی کۆچی دوایی کرد.
جه‌مال الغیتانی: ئه‌ی دوای ساڵانی ته‌نگانه؟
مه‌حفوز: له ساڵی ١٩٥٩دا دوای حه‌وت ساڵێک گیرخواردنم له ناوخۆمدا ده‌ستم کرده‌وه به‌نوسین… هه‌ر ئه‌و ساڵه ڕۆمانی (مناڵانی کۆڵانه‌که‌مان)م نوسی، له‌ناو نوسینه‌کانی ئه‌و ساڵانه‌دا کۆمه‌ڵێک کورته چیرۆکیشم نوسی و بڵاوم کردنه‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ جاری یه‌که‌مم بوو، کورته چیرۆکه‌کانم بکه‌م به کتێبێک، نوسینی ئه‌و چیرۆکانه‌م… له ڕوانگه‌ی خواستی خۆمه‌وه بوون، نه‌ک وه‌ک پێویستییه‌ک بۆ خوێنه‌رانم، به‌ڵکو زیاتر وه‌ک نوسه‌رێک بۆ ئازادکردنی ڕۆحی خۆم بوون، زۆرێک له‌و چیرۆکانه‌م ده‌رباره‌ی مردن بوون، خۆ ڕزگارکردن بوو له وه‌سوه‌سه و دودڵی خۆم له‌گه‌ڵ مانای مردن‌دا، نوسین ته‌نها ڕێگه‌یه که نوسه‌ر سه‌ربه‌ست ده‌کات له‌ده‌ست داواکاری و گوشاری خه‌یاڵی.
جه‌مال الغیتانی: سیاسه‌ت له نوسینه‌کانتدا؟
مه‌حفوز: هه‌موو ڕۆمانه‌کانم… ته‌پوتوزی سیاسه‌تی سه‌رده‌می خۆیانیان پێوه‌یه، به‌و هۆیه‌شه‌وه ڕۆمانتیک لێیان بێبه‌شه، به‌ڵام چیرۆک به‌بێ هێڵی کورت یان درێژی سیاسه‌ت تێیدا بونی نییه. من له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا گه‌وره‌بووم… وه‌کو پێشتر گووتم دایک و باوکم لایه‌نگری پارتی وه‌فد بوون، ئه‌وسا ئه‌و که‌سانه‌ی لایه‌نگری پارتێکی سیاسی تر بوون، به مه‌زه‌نده‌ی ئێمه بێباوه‌ڕ و هه‌ڵه‌بوون. له ڕاستیدا تاکو ئه‌مڕۆش باوه‌ڕم نه‌گۆڕاوه، ئێستاش پارتی وه‌فد به جێگا و ڕێگای پره‌نسیپی سیاسی خۆم ده‌زانم، قه‌ت به بیریشمدا نه‌هاتوه لایه‌نگر و هه‌ڵگری بیر و باوه‌ڕێکی تربم، یان په‌یڕه و پرۆگرامی پارتێکی که به گونجاوتر بزانم، ئه‌وه ئیخوان پارتێکه… به هه‌موو ته‌مه‌نم نه‌ک هه‌ر سه‌رمام نه‌بووم به هیچ کرده‌وه‌کیان، به‌ڵکو زۆر ڕقیشم لێیان بووه، به‌هۆی بیری ڕادیکاڵانه‌یان و تاک ڕه‌وی و شێوازی فه‌ناتیزمیانه‌وه.
له‌راستیدا منیش وه‌کو باوکم دایم سه‌رسام بووم به سه‌رکرده سه‌عد زه‌غلول، به‌داخه‌وه‌م ئه‌و به‌خته‌م به‌رنه‌که‌وت تاکو له نزیکه‌وه بیناسم، هه‌رچه‌نده جارێکیان به‌تایبه‌تی چووم بۆ گه‌ڕه‌کی زه‌ین العابدین له قاهیره به مه‌به‌ستی بینینی… به‌ڵام ڕێنه‌که‌وت. که‌سانێکی وه‌کو من زۆر بوون که ڕه‌حمیان هه‌بوو بۆ ئه‌و سه‌رکرده‌یه، به‌ڵام هه‌موو له‌کاتی پێویستدا له ترسی باوه‌ڕیان بێده‌نگ بوون، ئه‌وه‌م زۆر به‌ناهه‌قی ده‌زانی.
چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا قیبتییه‌کی هاوڕێم (میسرییه‌کی مه‌سیحی) کارتی ده‌عوه‌تنامه‌یه‌کی شوکردنی خوشکه‌که‌یی پیشاندام… دروست کردنی ئه‌و کارته ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ چه‌ند مانگێک دوای مردنی سه‌عد زه‌غلول، شوکردن یان ئاهه‌نگ گێڕان و خۆشی، به‌ڵام ئه‌و کارته… پاشبنه‌ماکه‌ی ڕه‌نگی ڕه‌ش بوو، له‌سه‌ری نوسرا بوو: ئێمه بانگهێشتی تۆمان کردوه بۆ که‌نیسه، تاکو به‌ڕێزه‌وه هه‌ستی ماته‌مینی خۆت ده‌ربڕیت بۆ گیانی کۆچ‌کردوی سه‌رکرده‌ی ڕۆحیمان.
لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که زه‌غلول چه‌ند جیاواز بووه له سه‌رکرده‌کانی ئه‌وسا و ئێستای میسر. له جیهاندا به‌تایبه‌تی له ناو عه‌ره‌بدا باوه و ده‌وترێت: له‌کاتی مردنی سه‌رکرده یان ناودارێکدا… زۆری ئاماده‌بوونی خه‌ڵک له‌سه‌ر قه‌برانیدا پێوه‌ره، چه‌ندێک دۆست یان لایه‌نگری هه‌بێت. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه… ئه‌گه‌ر ئه‌وه پێوه‌ر بێت که‌واته (جمال عبد الناصر) دۆست و لایه‌نگری زۆر زیاتر بوون له زه‌غلول، هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌می زه‌غلول- دا دانیشتوانی قاهیره یه‌ک ملوێن بوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می ناصر- دا چه‌ندین ملیۆن دانیشتوانی قاهیره زیادی کردبوو، له‌هه‌مان کاتتدا نابێت زه‌غلول به ناصر به‌راورد بکه‌ین… چونکه له دوو سه‌رده‌می زۆر جیاوازدا سیاسه‌تیان کردووه، بێجگه له‌وه‌ش زه‌غلول ده‌مرد له‌پێناوی میسر- ێکی سه‌ربه‌خۆ و گه‌لێکی ئازاد‌دا، له کاتێکیشدا بوو که میسر داگیرکرابوو گه‌له‌که‌شی ژێر ده‌سته‌بوو، زه‌غلول شۆڕشی کرد… وڵاتی میسر له‌وه‌دا بوو ئازاد بێت و داگیرکه‌ری ئینگلیز دان به سه‌ربه‌ستی گه‌لی میسر- دا بنێت، ئه‌وسا ناصر بوو به سه‌رکرده‌ی شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست. ناصر کاری گرنگی کرد بۆ وڵات، ناکرێت ناویان نه‌هێنم، په‌یڕه‌و کردنی بیرۆکه‌ی سۆشیالیزم… ڕێکخستنی سه‌رله‌نوێی خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زار و به‌رزکردنه‌وه‌ی مافی کرێکار.
به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر دوژمنکارانه له خه‌بات و که‌سایه‌تی زه‌غلول- ی ده‌ڕوانی، له‌سه‌ره‌تاوه دڵخۆش بووم به شۆڕش ساڵی ١٩٥٢، هه‌ستم ده‌کرد له‌و ڕۆژانه‌دا منیش… هه‌روه‌کو زۆرینه‌ی میسرییه‌کان هه‌ستم ده‌کر منیش به‌شێکم له‌و شۆڕشه و به شۆڕشی خۆم ده‌زانی، وه‌ک باڵێکی به‌هێزی سیاسی پارتی وه‌فد که به‌شێک بوو له‌و شۆڕشه، شۆڕشێکیش که تا ڕۆژی سه‌رکه‌وتنیشی هه‌مان پره‌نسیپی سیاسی پارتی وه‌فد- ی هه‌ڵگرتبوو، ئه‌وسا ته‌مه‌نام ده‌کرد که ناصر و سه‌رکرده‌کانیتری ئه‌و شۆڕشه، وه‌فد وه‌لا نه‌نێن و چه‌ندین سه‌رکرده‌ی سیاسی ئه‌و پارته پۆستی سیاسیان پێبدرێت، بۆ به‌هێز کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له وڵات، نه‌ک من به‌ڵکو زۆرینه‌ی ڕۆشنگه‌ران ئه‌وسا پێیان وابوو که ئه‌و سه‌رکرده سیاسیانه‌ی پارتی وه‌فد… ده‌توانن نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو توێژ و چینه جیاوازه‌کانی وڵات- بن. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه… هه‌موو ئه‌و سه‌رکرده سیاسیانه‌ی پارتی وه‌فد و پره‌نسیپی ئه‌و پارته، به هه‌ڕه‌شه و ترسناک بۆ شۆڕش له‌قه‌ڵه‌م دران، ناوهێنانی سه‌عد زه‌غلول یاساغ کراو ته‌نانه‌ت له نوسراو و دۆکۆمێنت و کتێبه‌کانیشدا تاکو توانیان ناویان سڕییه‌وه.
هه‌رچه‌نده له ساڵی ١٩٧٨دا پارتی وه‌فد دامه‌زرایه‌وه و سه‌رله‌نوی ڕۆحی سیاسی و سه‌رکرده‌یی خۆیی ڕێکخسته‌وه.
ڕاچڵه‌کیم کاتێک کچه‌که‌م لێی‌پرسیم: بابه سه‌عد زه‌غلول کێیه؟… کچه‌که‌م پێی وابوو زه‌غلول له ژیاندا ماوه و سه‌رکرده‌یه‌کی نوێیه.
له سه‌ره‌تای شۆڕشدا، ئه‌گه‌ر ناصر خۆی به‌ته‌نها هه‌موو بڕیارێکی سیاسی نه‌دایه. له‌وه‌ده‌چوو بمان توانیایه دیموکراسی په‌یڕه‌و که‌ین و بیپارێزین، به پیرۆزکردنی ناصر له‌به‌رابه‌ر ئه‌و سه‌رکه‌تنانه‌ی به‌ده‌ستی هێنابوون، زۆر گران له‌سه‌ر ئێمه‌ی خه‌ڵکی میسر- ی که‌وتن، سڕینه‌وه‌ی فیۆدالیسم و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌گه‌ر حورمه‌تی دیموکراسی تێدا بپارێزرایه، که‌سی شیاو له‌جێگا‌و پۆستی شیاودا دانرابان، مه‌به‌ستم ئه‌گه‌ر سیاسییه به‌تواناکانی پارته جیاوازه‌کانی ئه‌وسا بێکار نه‌کرانایه و به‌ختیان به‌رکه‌وتایه له به‌ڕیوه بردنی وڵات- دا، له کاتێکدا که ئه‌و سیاسیانه ده‌ستیان هه‌بوو له سه‌رکه‌تنی شۆڕشدا، ئه‌گه‌ر ئێستا له سه‌رئه‌نجامی ئه‌و شۆڕشه بڕوانین… چی گه‌یشتوه به‌جێ… به‌دڵنیاییه‌وه له پێویست که‌متره.
بێجگه له کتێبه‌کانمدا… به‌شداریم نه‌کردووه له هیچ چالاکییه‌کی سیاسی‌دا، بۆ منێکی نوسه‌ر سه‌رده‌مانێکی گران و تاڵ بوون، نه‌ده‌کرا به‌ته‌نها دودڵبم و به‌رانبه‌ر به‌و شۆڕشه بوه‌ستمه‌وه، دوای چه‌ندین ساڵ بێده‌نگیم… له زۆرینه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانه‌وه به بێڕه‌حمانه هێرشیان کرده‌سه‌رم، له دوای ساڵی ١٩٥٢وه‌وه دور و نزیک خۆم په‌نادا، به‌ڵام ناو به‌ناویش به بابه‌تێک پرسیارێکی گرنگم ده‌وروژاند، به‌ڵام جێگا‌و پیرۆزی ناوی شۆڕشم له‌خه‌یاڵ و دڵی خه‌ڵکیدا پاراست، له هه‌مانکاتدا له هه‌موو کتێبه‌کانیشمدا وشه‌یه‌ک چیه نایبینیته‌وه که من دژایه‌تی شۆڕشی ساڵی ١٩٥٢م تێیدا کردبێت. ئه‌وسا سه‌رنجی من له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه بوون که بۆ ماوه‌یه‌کی دێژ خایه‌ن گه‌لی میسر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بوو لێیان، له گۆڤاری میرامار- دا ئاسۆی سۆشیالیزمی یه‌کگرتووم ڕوت کرده‌وه و زۆرێک له هه‌ڵه و ناپاکییه‌کانیانم خسته‌ڕوو، ئه‌وه‌ی له‌و گۆڤاره‌دا نوسیبووم… ڕاستی بوون و که‌س نه‌یده‌توانی چاویان لێ بپۆشێت، هه‌ڵبه‌ته ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئه‌وه‌یان ده‌زانی که ڕه‌خنه‌کانم له جێگای خۆیاندان و بوختانیان بۆ ناکه‌م… هه‌ربۆیه توشی کێشه‌یان نه‌ده‌کردم.
به‌ڵام له‌دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ساڵی١٩٥٢وه و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی… من دایم ترساوم، نه‌ک ته‌نها ترس له ده‌سه‌ڵات به‌ڵکو ترسیش له خوێنه‌رانم، بۆ نمونه… جارێکیان خوێنه‌رێکم که دۆستیشم بوو پرسیارێکی لێکردم له‌سه‌ر چیرۆکێکم… له‌وانه‌ش بوبێت ئه‌و هیچ مه‌به‌ستێکیشی تری نه‌بوبێت، به‌ڵام من زۆر ترسام… دایم به‌و شێوه‌یه ترساوم به‌ڵام دایم به‌رده‌وام بووم له‌سه‌ر نوسین… ته‌نها کاتێک که ده‌نوسم ئه‌و ترسه‌م نامێنێ و قورسایی ئه‌و ترسه ده‌ڕه‌وێته‌وه، پێم وابێت ئه‌وه ڕه‌وشتی هه‌موو نوسه‌رێکی من ئاسایه، له هه‌مانکاتدا نوسه‌ر هێزێکی بێکۆتای تێدا کۆده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر بزانێت خۆی له‌سه‌ر هه‌قه.
بۆ خۆپاراستنم په‌یوه‌ندیم نه‌بووه له‌گه‌ڵ هیچ ده‌سته و تاقم و لێپرسراوێکی ده‌وڵه‌تدا… نه به نهێنی و نه به ئاشکرا، ئه‌و ترسه‌شم په‌نای پێنه‌بردمه به‌ر قونسوڵیه‌یه‌کی بێگانه تاکو بمپارێزن. ته‌نها شت که کردبێتم دایم نوسیومه… گله‌یی و ڕه‌خنه‌کانم، نوسینه‌کانم دژی ده‌سه‌ڵات… به‌رهه‌می خه‌یاڵی که‌سێک بوون که به‌شێک بوو یان تێوه‌گلا بوو له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌کاندا، پێشم وابوو هه‌موو ده‌یانزانی که‌من دوژمنی شۆڕش و ده‌سه‌ڵات نه‌بووم، چونکه ئه‌گه‌ڕ وانه‌بوایه نه‌یان ده‌هێشت له ڕۆژنامه‌ی الاهرام بنوسم، یان ڕێگر ده‌بوون له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و به‌ختانه‌ی ترمدا.
ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌دوای ساڵی ١٩٥٢وه لێم گیران هه‌موویانم به‌گرنگییه‌وه وه‌رگرتن… به‌ڵام به درێژایی کات له‌گه‌ڵیاندا ڕاهاتم، هه‌رچه‌نده تاکو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن. نوسه‌رێکی فه‌ڕه‌نسی له‌سه‌ری نویسبووم، گوایا مه‌حفوز بووه به سۆسیالیست، له وه‌ڵامی نوسه‌رێکیتردا بۆ ئه‌و نوسه‌ره فه‌ڕه‌نسییه هاتووه، نه‌خێر مه‌حفوز کۆنه‌په‌رسته،
هه‌مووکه‌س ئازاده له ڕاده‌ربڕیندا… چۆن من دایم به پێویستم زانیوه بوارم هه‌بێت ئازادانه ڕاو بۆچونه‌کانم ده‌ربڕم.
ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م-دا بڵاوبۆته‌وه
سه‌رچاوه: جه‌مال الغیتانی: لێدوان له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز-دا.