ژنانی كورد، توندوتیژی و سته‌می یه‌كتربڕ
نوسه‌ر: فردوس حاته‌می
وه‌رگێڕانی لە فارسیەوە بۆ کوردی: سۆما ره‌حمانی
پێشه‌كی
سیاسه‌تی شوناس به ده‌ور ته‌وه‌ری دووانه‌ی (زاڵ / بنده‌ست) دا پێكهاتووه و سوبژێكتهكان له جێگای بكهربوونی جیاوازدا داده‌نێت. به پێی ئه‌م دووانه‌یه، له نێوان دوو كه‌س یان دوو گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، یه‌كیان زاڵ و بكه‌ره و ئه‌وی تریان بنده‌ست و گوێڕایه‌ڵه و ئه‌وه‌ی كه زاڵه ملهوڕی ده‌كات و ویستی خۆی به سه‌ر ئه‌ویتردا ده‌سه‌پێنێت. واته له‌م دووانه‌یه‌دا، سوبژێكتهكان ته‌نیا یه‌كێك له جێگاكان ده‌گرن و ناتوانن به هاوكات هه‌ردوو جێگاكه بۆ خۆیان ته‌رخان بكه‌ن. هه‌ر تاك یان گرووپێك ته‌نیا ده‌توانێت خۆی وه‌كوو زاڵ یان بنده‌ست بناسێت و ئه‌و كه‌سه‌ی كه بنده‌سته ناتوانێت ڕۆڵی كه‌سێكی زاڵ بگێڕێت.
گرتنی ته‌نیا یه‌كێك له‌و جێگایانه، سیاسه‌تی شوناسی ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێك كێشه كردووه‌ته‌وه. واته، هه‌ركام له شێوه‌كانی (سیاسه‌تی شوناس) كه یه‌كه‌ی شیكردنه‌وه‌ی خۆی به چین، جینده‌ر یان ئه‌تنیك داده‌نێت و هه‌ركام له‌م مژارانه‌ی وه‌كوو ناوه‌ندی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و خه‌بات هه‌ڵده‌بژێرێت، خۆی وه‌كوو جینده‌ر، چین یان ئه‌تنیكی بنده‌ست له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتر واته جینده‌ر، چین یان ئه‌تنیكی باڵاده‌ست داده‌نێت و له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و له ده‌ره‌وه‌یدایه. هه‌ر ئه‌م خاڵه، ده‌ستپێكی كاڵبوونه‌وه و سه‌رنجنه‌دانی ئه‌و جیاوازیانه‌یه كه له نێوان گرووپێكدا هه‌یه و ئه‌و زنجیره پلانه‌ی كه له نێو گرووپێكی ئه‌تنیكی یان چینی هاوبه‌شدا هه‌یه به جۆرێك ده‌شارێته‌وه كه نابیندرێن.
بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی و ڕه‌وتی شوناسخوازی كوردی جیاواز له‌م بنه‌مایه نین و هه‌ردووكیان به سه‌رنجنه‌دانی جیاوازییه نێوگرووپییهكان، دۆخی باڵاده‌ستیی خۆیان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تری گرووپدا له بیربردووه‌ته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی شوناسخوازی كوردی جه‌خت ده‌كاته سه‌ر سته‌می نه‌ته‌وه‌یی وه‌كو سته‌مێكی بنه‌مایی كه هه‌موو كورده‌كان به هاوشێوه و به جیا له جیاوازی جینده‌ری و چینایه‌تی ئه‌زموونی ده‌كه‌ن، له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر مژاری كوردبوون پێكهاتووه.
بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی بۆ سته‌می جینده‌ری وه‌كو فاكته‌رێكی كۆكه‌ره‌وه ده‌ڕوانێت كه هه‌موو ژنان به جیا له جیاوازییه ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تییه‌كانیان له ژێر سێبهرێكدا كۆده‌كاته‌وه. ئه‌م نووسراوه ده‌یهه‌وێت ئه‌م ڕاستییه ڕوون بكاته‌وه كه ژنانی كورد له هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی و شوناسخوازی كوردی، له دۆخێكی بندهستدان و ئه‌و كێشانه‌ی كه ڕۆژانه له‌گه‌ڵیان له مشتومڕدان، نه‌بیندراون. توندوتیژی چه‌ند توێژانه و داینامیك یه‌كێكه له‌م كێشانه كه به توندی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی ئۆبجێكتیڤ و ئه‌زموونكراوی ژنانی كورد داناوه، ئه‌مه له كاتێكدایه كه له نوسراوه و وته‌كانی چالاكانی بواری سیاسه‌تی شوناس، كه هه‌ركامیان ته‌نیا یه‌كێك له مژاره‌كانی نه‌ته‌وایه‌تی یان جیندهریان به بنه‌مای دروستكردنی شوناس داناوه، توندوتیژی وه‌ك چه‌مكێكی نه‌گۆڕ و یهكتوێژ پیشان ده‌درێت. له ڕاستیدا نه‌گۆڕبوونی توندوتیژی وه‌كوو یه‌كێك له گرنگترین كێشه‌كانی ژنی كورد،ده‌ره‌نجامی بینینی یه‌ك لایه‌نه و جه‌ختكردنه سه‌ر ته‌نیا یه‌كێك له شێوه‌كانی بندهستبوونه و شێوه‌كانی تری بنده‌ست بوون ده‌شارێته‌وه كه ژیانی ژنی كوردی له نێو خۆی حه‌شار داوه و ئه‌زموونی ژیانی ئه‌و له توندوتیژی پێكده‌هێنێت . له‌م نوسراوه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م باوڕه‌م كه ئه‌و شیكارییه ناڕوون و بێبه‌رهه‌مانه سه‌باره‌ت به توندوتیژی كه ته‌نیا بۆ لایه‌نێكی بنده‌ستبوون ( بنده‌ستبوونی سیاسی یان جینده‌ری) ده‌ڕوانن، ژنانی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كان و ڕاستییه ئۆبجێكتیڤهكانی ژیانیان بێگانه ده‌كه‌ن و پاساو بۆ لایه‌نه‌كانی تری بنده‌ستبوون، به ویستراو یان نه‌ویستراو، دروست ده‌كه‌ن. ئاشكرایه كه ئه‌م نووسراوه ته‌نیا ده‌ستپێكێكه بۆ هێنانه ئارای بابه‌ته‌كه و باسێكه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌رنج و پێداگری چالاكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له دژی ژنان و هێزه سیاسییه‌كانی تر، له توندوتیژی نه‌گۆڕ و شرۆڤه ئاماده و پاكهیج كراوه‌كان -ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی كاتیی و كورت- بگۆڕێت، و بۆ ئه‌م بابه‌ته وه‌كوو دیارده‌یه‌كی داینامیك بڕوانێت كه به‌رده‌وام خه‌ریكی گۆڕین و خۆنوێكردنهوهیه و شێوازه‌كه‌یشی به كرده‌وه و دژكرده‌وه‌ی شێوه‌كانی بنده‌ست بوونی سیاسی و جینده‌ری (چینایه‌تی، ئایینی و بنده‌ستی له ده‌ره‌نجامی ئۆگری جینده‌ری) ده‌گۆڕدرێت. ئه‌گه‌رچی توندوتیژی ئه‌زموونكراوی ژنانی كورد و هه‌ندێك له ژنانی كه‌مینه له ژێر كاریگه‌ریی هه‌موو ئه‌م شێوه بنده‌ست بوونانهدایه و به ڕه‌چاوكردنی ڕۆڵی هه‌موو لایه‌نه‌كانی بنده‌ستبوون له ڕوودانی توندوتیژی، ده‌ره‌نجامه توندتر، نامرۆڤانه‌تر و گرنگترهكانی ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت، به‌ڵام له هه‌لوومه‌رج و له كات و جێگای تایبه‌تدا هه‌ندێك لایه‌نی زه‌قتر و هه‌ندێك لایه‌نی تری كاڵ تر و نهبینراوتره.
من له‌م نوسراوه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م باوڕه‌م كه توندوتیژی ئه‌زموونكراوی ژنانی كورد به‌رهه‌می كۆبوونه‌وه‌ی دوو سیسته‌می بنه‌مایی زاڵیه‌تیی واته زاڵیه‌تی سیاسی و زاڵیه‌تی جیندهرییه. واته ئه‌زموونی ژنانی كورد له توندوتیژی له پێكگه‌یشتنی دوو شێوه له بنده‌ستبوون دروست ده‌بێت و هه‌ر ئه‌م تایبهتبوونهی ئه‌زموونه، توانستی ئه‌وه‌ی بووه كه له چوارچێوه‌ی سنووره دیاریكراوه‌كانی ڕه‌وتی زاڵی فێمینیستی له ئێران له سته‌می جینده‌ری و هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ی سنووره دیاریكراوه‌كانی دیسكۆرسی شوناسخوازی كوردی له سته‌می سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی بكرێته په‌راوێزه‌وه؛ چونكه توندوتیژی ئه‌زموونكراوی ژنانی كورد نه به ته‌واوه‌تی به‌رهه‌می سته‌می سیاسییه و نه به ته‌نیا به‌رهه‌می سته‌می جیندهرییهكه كه له یاسادا ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵكوو هاوكات به‌رهه‌می هه‌ردووكیانه. كه‌واته گه‌ڵاڵه‌ی په‌یوه‌ندیدار به چه‌مك و شیكاریی پێشكه‌شكراو له توندوتیژی، له لایه‌ن چالاكانی هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌كه به‌و هۆیه‌وه كه هه‌ردووكیان به‌شێك له سته‌می ئه‌زموونكراو به قازانجی ئه‌و به‌شه‌كه‌ی تر نابینن، سنووردار، لاواز و بێقازانجه.
فێمینیسمی ناوه‌ندخواز[1]، ژنانی كورد و ستهملێكراویی سیاسی
ڕه‌وتی زاڵی فێمینیستی له ئێران كه به ده‌ور ته‌وه‌ری دووانه‌ی زاڵ بنده‌ست پێكهاتووه، له كێشه په‌یوه‌ندیداره‌كان به سیاسه‌تی شوناس پارێزراو نییه و هه‌ر ئه‌مه بۆه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه ئه‌وان به ناسینی خۆیان وه‌كوو گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی بنده‌ست له به‌رانبه‌ر پیاوان و جه‌ختكردنه سه‌ر هه‌ڵاواردنی جینده‌ری ده‌ركه‌وتوو له یاسا وه‌كوو ته‌نیا فاكته‌ری بنده‌ستبوونی ژنان، دۆخی زاڵیه‌تیی خۆیان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنانی كه‌مینه‌كانی تر له بیر ببه‌نه‌وه و تێگه‌یشتنێكی قووڵیان له بارودۆخی باڵاده‌ستبوون و نه‌ته‌وه ته‌وه‌رانه‌ی خۆیان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنانی تر له‌وانه ژنانی كورد نه‌بێت.
ژنانی فارس[2] به ناوبژیوانی خاڵه له پێشدادراوهكان وه‌ك هه‌بوونی زمان و ئایینی فه‌رمی وڵات (شێعه بوون و فارس بوون) و له چینی تا ڕاده‌یه‌ك خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و به شێوه‌ی گشتی ئه‌ندامیه‌تی له كۆمه‌ڵی باڵاده‌ست و زۆرینه، له نه‌زمی زنجیره پله‌یی ئێستادا له لووتكه‌ی قوچهكدان و رێبه‌رایه‌تی بیریی و سیاسی بزووتنه‌وه‌كه‌یان به ده‌سته‌وه گرتووه. له‌م ئاڕاسته‌دا، ته‌نیا ئه‌زموونی ژیانی ژنانی فارسی شێعه (فارس بوون هه‌مووكات توێژبه‌ندی كراوه) و زیاتر ناوه‌ندنشین وه‌كو ئه‌زموونی پێوه‌ری ستهملێكراویی جینده‌ری، گرنگایه‌تی پێدراوه و بایهخهكان، قازانجه‌كان و پێویستییه‌كانی ئه‌وان وه‌كوو خه‌م و بایه‌خی هه‌موو ژنان، له پێشه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌دا دانراوه. له ڕاستیدا كاتێك كه باس له مافه‌كانی ژنان ده‌كرێت، مه‌به‌ست مافه‌كانی ژنه جیاواز و ههڵبژێردراوهكانه كه له سه‌ره‌تاوه هه‌ندێك خاڵیان پێدراوه و ژنانی تر به پێویست و به ته‌نیا به هۆی ژنبوونیان ناتوانن خاوه‌نی ئه‌و مافانه بن. به كۆكردنه‌وه و هاواتاكردنی ئه‌زموونی ژنی فارسی شێعه و هه‌ڵبژێردراو له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ژن‌بوون به گشتی، هه‌موو پلان و چالاكیی هزری، سیاسی و كرده‌وه‌یی بزوتنه‌وه‌كه له پێناو قازانج و ویسته‌كانی ئه‌واندا پێكهاتووه ، به چه‌شنێك كه ژنان وابزانن كه به ده‌ربازبوون له سته‌می جینده‌ری (كه به تایبه‌تی له یاسایه‌ك كه هه‌ڵاواردنی تێدایه ده‌رده‌كه‌وێت) «ژنان» ڕزگار ده‌بن. چالاكانی بزووتنه‌وه‌كه به بچووك كردنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و ستهملێكراویی ژنان بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی یاسایی، له پرۆگرامی خۆیاندا جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر گۆڕینی ئه‌و یاسایانه كه هه‌ڵاواردنیان تێدایه. هه‌ر بۆ ئه‌مه ئایدیا و ڕێگاچاره‌سه‌ری په‌یوه‌ندیدار به خه‌بات، كاری سیاسی و كرده‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌كه له كه‌مپه‌ینی یه‌ك ملیۆن واژۆ و به مه‌به‌ستی گۆڕینی ئه‌و یاسایانه كه هه‌ڵاواردنیان تێدایه، ده‌ركه‌وتووه.
ئاساییه كه زۆرینه‌ی ژنان بریتی له كورد و ئه‌وه‌ی كورد نییه له قازانجه‌كانی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه كه هه‌ڵاواردنیان تێدایه و په‌سه‌ندكردنی یاسای گرنگ و دادپه‌روه‌رانه كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌مه به واتای بنبڕكردنی هه‌ڵاواردنی جینده‌ری یان توندوتیژی له دژ هه‌موو ژنان نییه؛ چونكه بنه‌مای سه‌ره‌كی ڕوودانی توندوتیژییه‌كان، نه‌زمێكی كولتووری سیاسییه كه ئێستاكه بوونی هه‌یه. هه‌روه‌ها كه به جه‌ختكردنه سه‌ر ئه‌و یاسایانه كه هه‌ڵاواردنیان تێدایه، وه‌كوو هۆكاری سه‌ره‌كی و بنه‌مایی دیاریكه‌ری ڕوودانی توندوتیژییه‌كان، هۆكاره بنهڕهتیترهكانی، نه‌بینراو و ده‌سلێنه‌دراو ده‌مێننه‌وه.
دیسكۆرسێك كه هه‌موو هێزێكی سیاسی شوناسخوازی كه‌مینه به خاوه‌ن ویستی جیابوونه‌وه و هه‌ڵوه‌شێنه‌ر داده‌نێت، توانیویه‌تی باڵ به سه‌ر هه‌موو ڕه‌وتێكی سیاسی پێشكه‌وتنخواز و گۆڕانخواز له ئێران‌دا ڕابكێشێت و ڕه‌وتی زاڵی فێمینیستیش هه‌روایه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان له ئه‌زموونی هه‌ڵاواردنی جینده‌ری له‌گه‌ڵ ژنانی كورد خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه، به‌ڵام به هۆی دۆخی باڵاده‌ستیان له‌گه‌ڵ سته‌می ئهتنیكیدا بێگانه‌ن. ئه‌م ڕه‌وته به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌ئاگایانه و بێئاگایانه‌ی ستهملێكراویی سیاسی و ئه‌تنیكی، (چینایه‌تیی و ئایینی) كه له پێكهاتن و ئاڵۆزكردنی توندوتیژی له دژی ژنانی كورد ڕۆڵێكی گرنگی گێڕاوه، به شێوازێكی جیاواز،به‌ڵام به نێوه‌ڕۆكێكی هاوبه‌ش، هه‌مان زنجیره‌پله‌ی ئه‌تنیكی و سیاسی كه له پێشدا هه‌موو بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی گرتۆته به‌ر و و رێكیانی خستووه، له ژێر بابه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ژنان به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه.
نووشین ئه‌حمه‌دی خوراسانی (2013) له خاوهنبیرهكانی بزووتنه‌وه‌كه و له چالاكانی كه‌مپه‌ینی یه‌ك ملیۆن واژۆ له وتارێكدا به ناو «بزووتنه‌وه ئه‌تنیكییه‌كان و ویسته‌كانی ژنان» باس له په‌یوه‌ندی نێوان چالاكانی ژنانی ناوه‌ندخواز له‌گه‌ڵ چالاكانی ژنانی نافارس ده‌كات. ئه‌و له به‌شێك له‌م وتاره‌دا ده‌نووسێت: «كێشه‌یه‌ك كه له‌م نێوانه‌دا بوونی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی یهكسانخوازی ژنان له ئێرانی هاوچه‌رخ، سه‌ره‌ڕای بزووتنه‌وه یه‌كسانخواز و مه‌ده‌نی، نه‌ته‌وه‌یی، زمانییه‌كان، رووبه‌ڕووی جۆرێكی تر له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه كه خۆی له چوارچێوه‌ی «ویستی جیابوونه‌وه»دا شرۆڤه ده‌كات. ئاساییه ئامانجێك كه ئه‌م بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییانه كه ویستی جیابوونه‌وه‌یان هه‌یه ڕایان گه‌یاندووه، به‌ره‌و «یه‌كسانی و سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن له یاسا» نییه، به‌ڵكوو ئه‌وان خوازیاریی دامه‌زراندن و پێكهێنانی وڵاتێكی تر له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن. بێ گومان ئه‌م چه‌شنه له بزووتنه‌وه جیاییخوازه نه‌ته‌وه‌ییه له ئاكامدا ناتوانێت هاوبه‌شییه‌كی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانخوازیی ژنان بێت و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ئێران ناچاره كه له نێوان دوو ڕوانگه‌ی «ویستی جیابوونه‌وه» و «یهكسانخوازی نه‌ته‌وه‌یی» (كه له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا له نێوان كه‌مینه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا زۆر چالاك بووه) جیاوازی دابنێت و هاوپه‌یمانه‌كانی خۆی له نێوان ئه‌و بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییانه‌دا دیاری بكات كه یه‌كسانییان ده‌وێت. به‌ڵام به داخه‌وه هه‌ندێكجار ده‌بینین كه به‌شێك له چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌م دوو ڕوانگه دانانێن و زۆر ده‌بینین كه بۆ هه‌موو ئه‌م بزووتنه‌وانه به یه‌ك چاو ده‌ڕوانن: چاوی ویستی جیابوونه‌وه». نووشین ئه‌حمه‌دی خوراسانی له‌م وتاره‌دا به ڕاشكاوانه ئه‌م بیره ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ویسته‌كانی ژنانی كورد و ژنانی تری سه‌ر به كه‌مینه‌كان، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵات‌دا ده‌بێت باسی لێ بكرێت و بۆ وه‌رگرتنی ژنانی كورد و ژنانی تر له بزووتنه‌وه‌كه‌دا، هه‌ندێك مه‌رج پێویسته كه یه‌كیان ئه‌وه‌یه كه ژنانی كه‌مینه رێگای خۆیان له‌و شوناسخوازانه جیا بكه‌نه‌وه كه خۆیان به سه‌ربه‌خۆیی خواز ده‌زانن.
ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، له پێداگریی ویسته‌كانیان به ته‌نیا ده‌مێننه‌وه. وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و له‌م نووسراوه‌دا له‌بیرده‌باته‌وه كه كێشه‌ی كه‌مینه سته‌ملێكراوه‌كان بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ڕزگارییه نه به‌ته‌نیا یه‌كسانی یان دیمۆكراسی به‌و واتا كه مه‌به‌ستی ئه‌وه و ڕێك بۆ ئه‌مه‌یه ته‌نیا باس له هه‌ندێك چه‌مكی یاسایی ساكار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌مینه‌كان ده‌كات. ئه‌و له‌م وتاره‌دا ده‌یهه‌وێت زنجیره‌پله‌ی ئه‌تنیكی و نه‌زمی سیاسی ئێستا بپارێزێت و ئاماده نییه كه سه‌روه‌ری فارسه‌كان بۆ پشتگیریی كردن له قازانجی هه‌موو ژنان تووشی چهلێنج بكات. ئه‌و به به‌كارهێنانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ئێران هه‌موو ژنان له‌گه‌ڵ ژنی فارسی نیشته‌جێی ناوه‌ند ده‌كاته یه‌كێك و به لایه‌نگر دۆزینه‌وه و هه‌ڵبژاردنی دیاریكراوی هه‌ندێك له ژنه‌كان وه‌كوو هاوپه‌یمانی بزووتنه‌وه‌كه، حاشا له‌و ژنانه ده‌كات كه هێڵی سووری دیاریكراوی ئه‌و تێپه‌ڕێنن و په‌راوێزیان ده‌خات. ده‌كرێت بارودۆخی باڵاده‌ستی ژنانی فارسی ناوه‌ند له‌م چه‌ند دێڕه‌ی خاتوو خوراسانی ببیندرێت. بوونی ئه‌و و هاوزمانه‌كانی له به‌رزترین ئاستی قوچهكی زنجیره پله‌ییدا، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت كه بۆ ئاماده بوون یان نه‌بوونی ژنانی تر له بزووتنه‌وه‌كه بڕیار بده‌ن و به‌وانه كه دیاری بكه‌ن كام ده‌سه له ژنان ده‌بێت ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌كه بن. ئاشكرایه كه ئه‌ندامیه‌تی له كۆمه‌ڵه‌ی باڵاده‌ست، دیاریكه‌ری راڤه و تێگه‌یشتنه‌كانه له فێمینیسم له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا و ئه‌مه‌ی كه «فێمینیست كێیه و خاوه‌ن چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كه» له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه دیاری ده‌كرێت، هه‌روه‌ها كه ئه‌وان دیاریكه‌ری ئه‌و بابهتانهیشن كه ده‌بێت به بابه‌تی فێمینیستی بزانرێن. له وه‌ها ههلوومهرجێكدا چاوه‌ڕوانكراوه كه زۆرینه‌ی ژنانی كه‌مینه، چالاكی و ئه‌ندامیه‌تی له بزووتنه‌وه‌یه‌كیان پێ خۆش نه‌بێت كه زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی بیانه‌وێت نه‌زمی زنجیره‌پله‌یی ئێستا بپارێزن.
مه‌نسووره شوجاعی (2014) یه‌كێك له چالاكانی ڕه‌وتی زاڵی فێمینیستی له وتارێكدا به ناو «سێ وێنه له ژنان له قاپی بوونی داعش» سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه وێنه‌ی ژنانی گریلا كه له هێڵی به‌ره‌وه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعشدان، ده‌خاته پاڵ ژنانی داعش و ژنانی خهتهنهكراو، ده‌ڵێت كه هیچكام له‌م وێنانه ئه‌و وێنه ویستراوه ئاشتیخواز و ئایدیاڵه له ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نین و وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ژنانه هه‌مان وێنه‌ی ژنانێكه كه ئێستا له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و به‌هاری عه‌ره‌بیدان كه پێداگریی له ئامانجی ویستی دیمۆكراسی و ئازادی به شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه و به دوور له توندوتیژی ده‌كه‌ن. ئه‌و له‌م وتاره‌دا به شێوه‌یه‌كی نائاشكرا دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئه‌م وێنه ئایدیاڵه له ژێر سێبه‌ری توندوتیژیی ژنانی گریلا و ژنانی داعشیدا ون بووه و هه‌موو ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت به‌دوا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌دا بن.
ئه‌م نوسراوه‌ی مه‌نسووره شوجاعی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌مان ستێریۆتایپی (چه‌مكی ساده‌كراو) مێژوویی كوردی توندوتیژی خوازه كه وه‌ها له مێشكی ئه‌ودا ڕه‌گی داكوتاوه كه ناتوانێت له هه‌لوومه‌رجی سه‌ربازیی سووریا و عێراق تێبگات و ناچاری ده‌كات كه له چه‌ك به‌ده‌سته‌وه گرتنی ژنانی پێشمه‌رگه و گریلا (ته‌نانه‌ت به ئاگاداربوون له پێویستیی به‌رگری له خۆ و نه هێرش بردن) نیگه‌ران بێت چونكه چه‌ك به‌ده‌سته‌وه گرتنی ئه‌وان به سه‌رپێچی كردن له بنه‌ما فێمینیستییه‌كان و پابه‌ند بوونی ژنان به ئاشتی جیهانی داده‌نێت. ئه‌و پێی باشتره كه بكه‌وێته داوی جۆرێك له ناوهڕۆك خوازی جینسی كه له‌وه‌دا شه‌ڕكردن و سه‌ربازی به ئیشێكی له بنه‌ڕه‌ته‌وه پیاوانه داده‌نرێت و ژنان ده‌بێت خۆی لێ دوور بخه‌نه‌وه، له‌باتی ئه‌وه‌یكه به بینینی ڕاستییه ئۆبجێكتیڤهكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له بكه‌ر بوونی سیاسی ژنانی چه‌كداری كورد تێبگات. ئه‌و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له چه‌مكه به‌كارهێنراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕسته‌ی (ژنانی ئه‌تنیكی ئێرانی) هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌شروعیه‌ت به نه‌ته‌وه‌خوازی ئێرانی و خاوه‌ن ماف بوونی بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌مینه‌كان ده‌دات. ئه‌و ژنان له‌سه‌ر دو گرووپی ئه‌تنیكی و نائهتنیكی دابه‌ش ده‌كات، چونكه به باشی ئه‌مه ده‌زانێت كه ئه‌تنیكی نه‌بوون هه‌مووكات ئه‌م قازانجه‌ی هه‌یه كه هه‌ر ویست و پێویستییه‌ك به ویستێكی گشتی، نه به ده‌ربڕین یان خواستێكی تایبه‌ت و گرێدراوی گرووپێكی تایبه‌ت و دیاریكراو وه‌ك گرووپێكی ئه‌تنیكی، پیشان بدات.
ئازاده ده‌واچی (۲۰١٤) یه‌كێكی تر له‌و ده‌سته چالاكانه‌ی ژنانه كه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆڵی ژنانی چه‌كدار نوسراوه‌یه‌كی له قوتابخانه‌ی فێمینیستیدا بڵاوكردووه‌ته‌وه. ئه‌م پرسیاره ده‌كات له ئاخۆ به‌سه‌ربازكردنی ژنانی كورد و به‌شداریان له شه‌ڕ ده‌توانێت ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له دژی ئه‌وان؟ چاوه‌ڕوانكراوه كه به هه‌مان ده‌ره‌نجامێك بگات كه هاوبیره‌كانی تری له بزوتنه‌وه‌كه پێی گه‌یشتوون: ژنانی كورد ده‌بێت ده‌س له شه‌ڕ و چالاكیی چه‌كدارانه هه‌ڵگرن، ته‌نیا به هێنانه‌وه‌ی ئه‌م هۆكاره كه چهكداربوونیان ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی زیاتریان ده‌كاته‌وه. ئه‌و به به‌كارهێنانی كاری بكه‌ر نادیار (به سه‌ربازكردنی ژنانی كورد) نیشانده‌دات كه كارێك له سه‌ر ژنان كراوه و ئه‌وان وه‌كو “سوبجێكتی گوێڕایه‌ڵ و نائاگا“ بوونه‌ته قوربانی و فریوخوراوی ئامانج و ئایدیاڵه‌كانی پیاوانی كوردی توندوتیژی خواز. ژنانی كورد له‌لایه‌ن پیاوانی كورده‌وه چه‌كدار كراون، و ویستێكی ژنانه، ئه‌وانی بۆ مه‌یدانی شه‌ڕ ڕانه‌كێشاوه. چه‌مكێكی ساده‌كراو كه له زۆربه‌ی نووسراوه‌كانی چالاكانی فارس به شێوه‌ی شاراوه و نائاشكرا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنانی كورد و دیكه‌ی ژنانی كه‌مینه ده‌بینرێت؛ ئه‌وه‌یكه ژنانی ئه‌تنیكه‌كان، به وته‌ی ئه‌وان، هه‌ندێك ژنی بێ‌ئاگا له مافه‌كانیان، نه‌خوێنه‌وار و له هه‌مانكاتدا گوێڕایه‌ڵن، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی له شێوازی گریلا یان پێشمه‌رگه ده‌رده‌كه‌ون.
به‌ڵام هیچكام له نووسراوه‌كانی چالاكانی ژنی فارس به ڕاده‌ی نووسراوه‌كانی فه‌هیمه ته‌فسیری (۲۰۱۲) (ده‌وترێت ئه‌مه ناوێكی نهێنییه)، له ژێر كاریگه‌ری تارمایی یان وه‌همی كوردی جیاوازی خواز یان توندوتیژدا نین. ئه‌و له وتارێك به‌ناو «ژنانی كورد و بیری جیابوونه‌وه له ئێران»، باس له بابه‌تی كورد له ئێران و چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ژنانی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه ده‌كات و هاوڕێ له‌گه‌ڵ دان پێدانان به گرنگ بوونی كه‌لێنه ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئێران، له به‌شێك له‌م وتاره‌دا ده‌نووسێت «ژنانی كورد، ئه‌گه‌ر بیر له وه‌ها شێوه‌یه‌كی ئایدیاڵ وه‌ك بیری ڕزگاربوون له هه‌ڵاواردن و سته‌م، له ڕێگای جیابوونه‌وه له ئێران بكه‌نه‌وه، دواتر زۆر بۆی هه‌یه زۆر به‌توندی بێوره بن، چونكه ئه‌زموونی زۆرێك له وڵاته‌كان نیشانیداوه، ئه‌و ڕوانگانه‌ی به شێوه‌یه‌كی دوگم پێداگری له‌سه‌ر شوناسی ئه‌تنیكیی توندڕه‌و ده‌كه‌ن ده‌توانن هه‌روه‌كوو شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه توندڕه‌وه‌كان، به ئاسانی له سه‌ر جه‌سته‌ی ژنان فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌ن و زۆر خراپتر له جاران ئه‌و نه‌ریتانه‌ی ده‌بنه هۆی هه‌ڵاواردن له دژی ژنان به‌رهه‌م بهێننه‌وه به شێوازێك كه ژنان له هه‌رچی «شوناسی ئه‌تنیكی» و «شوناسی نه‌ته‌وه‌یی»ه بێزار و ته‌وبه‌یان لێ بكه‌ن» (ته‌فسیری،۲۰۱۲).
به‌كارهێنانی وشه‌ی (ئێتنیسیتی) له‌باتی (نه‌ته‌وایه‌تی) له‌لایه‌ن ئه‌و، هه‌ندێك ده‌ره‌نجامی سیاسی به‌شوێنه‌وه‌یه. به‌كارهێنانی وشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به ناچار مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كان به فه‌رمی ده‌ناسێت. ئه‌و به زیره‌كییه‌وه له ئێتنیسیتی كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت كه له به‌فه‌رمی ناسینی ئه‌و بابه‌ته خۆ ده‌رباز بكات. ئه‌و و هاوڕێگاكانی به به‌كارهێنانی وشه‌ی ئه‌تنیك، كورد و دیكه‌ی كه‌مینه‌كان به شێوه‌یه‌كی پێش مۆدێڕن و پێش شارستانێتی پیشان ده‌ده‌ن و له‌م ڕێگایه‌وه پاساو بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌مینه‌كان به بیانووی پێش خستن و مه‌ده‌نی كردنیان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها كه به‌كارهێنانی ئه‌م وشه ده‌كرێت ڕاستییه‌ك بۆ بكهربوونی سیاسی و ویسته‌كانی گرووپه كه‌مینه‌كان قایل نه‌بن. ئه‌و له درێژه‌دا به جه‌خت كردنه سه‌ر فیدراڵیسم وه‌كوو ته‌نیا ڕێگای پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێران به ڕووناكبیره‌كانی فارس سفارشت ده‌كات كه ویستی جیابوونه‌وه له كورده‌كان به گرنگ بزانن. وته‌كانی ئه‌و به ئاشكرا له ژێر كاریگه‌ریی نه‌ته‌وه‌خوازی ئێرانیدایه. ئه‌و له‌م نووسراوه‌دا، نه وه‌ك ژنێكی یه‌كسانی خواز، به‌ڵكو وه‌ك نهتهوهخوازێكی زۆر سه‌رسه‌خت ده‌رده‌كه‌وێت كه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خستووه‌ته پێشه‌وه‌ی شوناسی جینده‌ری خۆیه‌وه و زیاتر له‌وه‌یكه خه‌می هاوڕهگهزهی كوردی خۆی ببێت كه چۆن ژیانی به سیاسه‌تی ناوه‌ندخوازیی هاوزمانه‌كانی ئه‌و ناخۆش بووه، خه‌می یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێران و پاراستنی هه‌یه و له‌م رێگایه‌دا تا جێگایه‌ك ده‌ڕواته پێش كه له نووسراوهكانیدا به ته‌واوه‌تی له نه‌ته‌وه‌خوازی ئێرانی به‌رگری ده‌كات و دیسكۆرسی كوردی خاوه‌ن ویستی جیابوونه‌وه به فه‌رمی ده‌ناسێنێت.
ئه‌و له وتارێكی تردا خه‌می خۆی له چه‌كدار بوونی ژنانی كورد و له ده‌ره‌نجامدا ویستی سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كان زیاتر ده‌رده‌خات و له وتارێكدا به ناو «پیرۆزكردنی ژنانی چه‌كداری كۆبانی: خزمه‌ت به دیسكۆرسی شه‌ڕ!» چه‌كداربوونی ژنانی كورد له سووریا و عێراق به ده‌ستپێكێك بۆ مه‌شروعیه‌ت دان به به‌رخودانی چه‌كدارانه‌ی كورده‌كانی سووریا و عێراق (و به شێوه‌یه‌كی نائاشكرا له‌پاش ئه‌م دوو وڵاته له ئێران) داده‌نێت و ده‌نووسێت: «سیمبۆل دروست كردنی به‌په‌له و به پیرۆز نواندنی ژنانی چه‌كداری كورد، به تایبه‌ت له میدیا كوردییه‌كان، به هۆی بابه‌تێكی تری جیاواز له «به‌رگری له خۆ» یه. چونكه وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت ڕێبه‌رانی ناوچه كوردنشینه‌كانی عێراق یان سووریا، له نێو ڕوودانی شه‌ڕ و هه‌بوونی داعش، سه‌ره‌ڕای به‌رگری كردن له وڵاته‌كه‌یان، پێده‌چێت سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگا بۆ «سه‌ربه‌خۆیی» خۆیان بكه‌نه‌وه؛ ئه‌گه‌ر وه‌ها گریمانه‌یه‌ك دروست بێت كه‌واته ڕه‌نگه خوڵقاندنه‌وه‌ی سیسته‌می سیمبۆلی پیرۆزایه‌تی له وێنه‌ی ژنی چه‌كدار، به جۆرێك له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆ مه‌شروعیه‌ت دان به ویستی «سه‌ربه‌خۆیی» كه‌ڵكی لێ وه‌رگیردراوه» (ته‌فسیری، ٢٠١٤).
به گشتی ئه‌گه‌رچی چالاكانی ڕه‌وتی زاڵی فێمینیستی ئێران له كه‌لێنی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی له ئێران ئاگادارن و دانی پێداده‌نێن، به‌ڵام له شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشه و پێشكه‌شكردنی ڕێگاچاره‌سه‌ر، سیاسه‌تی هاوبه‌ش و دیاریكراویان نییه و هه‌روه‌ها كه ئاماژه‌م پێدا، هه‌ندێكیان جه‌خت له‌سه‌ر چاكسازی یاسایی و هه‌ندێكی تر فیدراڵیزم ده‌كه‌ن. به‌ڵام شتێك كه له‌م نوسراوانه و له زۆربه‌ی نووسراوه‌كانی چالاكانی فێمینیستی فارس‌دا هاوبه‌شه، باوڕیان به مه‌شروعیه‌تی نه‌زمی سیاسی ئێستا و سه‌روه‌ری فارسه‌كان و پاراستنی ئه‌م نه‌زمه كولتووری و سیاسیه‌یه.
پیشاندانه‌وه‌ی كولتووریی كورده‌كان و ستهملێكراویی یه‌كتربڕی ژنانی كورد
هه‌روه‌ها كه له پێشدا پیشانم دا ئه‌فسانه‌ی كوردی خاوه‌ن ویستی جیابوونه‌وه له نوسراوه‌كانی ڕێبه‌رانی ڕه‌وتی زاڵدا به‌رهه‌مدێته‌وه و كاریگه‌ریی ئه‌م دیسكۆرسه له‌سه‌ر بیر و بۆچوونی چالاكانی فارس و بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی ناوه‌ندخواز به ئاشكرا ده‌بینرێت. به زاڵبوونی ئه‌م بۆچوونه، هه‌رچه‌شنه هاوارێك بۆ سته‌ملێكراوی له‌لایه‌ن چالاكانی شوناسخوازی كه‌مینه به ناو ویستی جیابوونه‌وه به خێرایی بایكۆت ده‌كرێت. ڕوونه كه ویستی جیابوونه‌وه‌ی كورده‌كان هه‌مووكات له‌گه‌ڵ توندوتیژی ئه‌واندا هاوڕێیه و ویستی جیابوونه‌وه هه‌مووكات توندوتیژی و هه‌وڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی تێدایه و هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌مه‌دا له زۆربه‌ی ده‌قه نوسراوه‌كان له‌لایه‌ن چالاكه فێمینیسته‌كانی فارس‌دا؛ كورده‌كان وه‌كو مرۆڤی هه‌ڵاتوو له ئاشتی، تێكده‌ری ئاسایش و توندوتیژ پیشان دراون. ئوستووره‌ی كوردی توندوتیژ له ڕوونترین و له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك باوترین شێوه له نێو خه‌ڵكی له وشه‌ی ساده‌كراوی كوردی سه‌ربڕ دا خۆی ده‌نوێنێت. له‌م ستریۆتایپهدا (كه له هه‌ندێك له فیلمه‌كانی ده‌یه‌ی شه‌ستدا پیشان درا كه له ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی وڵاتیشدا بڵاو كرانه‌وه) كورده‌كان وه‌كو مرۆڤكوژی بێڕه‌حم و بێبه‌زه‌یی پیشان ده‌درێن كه خاوه‌ن شێوازی تایبه‌تن له كوشتنی مرۆڤه‌كاندا و ئه‌م شێوازه له كوشتن له سه‌ربڕیندا ده‌نوێندرێت.
ستریۆتایپی كوردی تیرۆریست له‌گه‌ڵ كوردی سهربڕدا هاو واتاییان هه‌یه و واتاكه‌ی له دڵ ستریۆتایپێكی كۆنتردایه؛ به‌ڵام له ستریۆتایپی كوردی سه‌ربڕ نوێتره و له‌م دواییانه‌دا بۆ كورده‌كان دروستكراوه. ئه‌م ستریۆتایپه له ماوه‌ی هێرشی تیرۆریستی كه كرایه سه‌ر په‌رله‌مانی ئێران و ده‌وترا كورد بوون ، كه‌وته سه‌ر زمانه‌كان و به به‌رهه‌مهێنانی ئه‌وه، كورده‌كان ڕووبه‌ڕووی په‌لاماری ڕق و تووڕه‌یی بوون به تایبه‌ت له ئینتێرنهت و له‌لایه‌ن هه‌ندێك له به‌كارهێنه‌رانی ئێرانییه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕووداوه بووه هۆی ڕه‌خسانی ده‌رفه‌تێك بۆ ئێرانییه‌كان كه بتوانن هه‌موو دامركان و نارهزامهندییهكانیان به هۆی دۆخی ناله‌باری كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری له ئێران هه‌رچه‌نده بۆ ماوه‌یه‌كی كورت و كاتی، به سه‌ر كورده‌كاندا ههڵڕژێنن و دیسان ئه‌گه‌رچی ئه‌م تووڕه بوونانه له درێژه‌ی هه‌مان شێوازه باوه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری تاوانبار بۆ هه‌موو چه‌رمه‌سه‌رییه‌كان له ئێران‌دا بوو (شێوازێك كه هه‌مووكات ناوه‌ڕۆكێكی ئه‌تنیكی و سیاسی هه‌بووه و كورده‌كان و كه‌مینه‌كانی تر له‌وانه ئه‌فغانه‌كان له بیرۆكه‌ی ئێرانی و به تایبه‌ت ڕووناكبیرانی فارس‌دا هه‌مووكات هۆی به‌شێك له سه‌رنه‌كه‌وتن و نائومێدییه‌كان له ئێران‌دا بوون)؛ به‌ڵام ئه‌مه بارودۆخی بنده‌ست بوونی كورده‌كان و ئوستووره‌ی كوردی سه‌ربڕ بوو كه به ڕه‌گ داكوتان له بیرۆكه‌ی ئێرانی‌دا مه‌شرووعیه‌تی به‌م ڕق و تووڕه‌ییانه ده‌دا و به بڵاوبوونه‌وه‌ی پانتایی ئه‌وه، بووه هۆی به‌هێزبوونی ئه‌م بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕق و نه‌فره‌ته.
ئه‌فسانه‌ی كوردی توندوتیژ ئه‌فسانه‌یه‌كی كۆن، له هه‌مانكاتدا كرداریانه و زۆر كاریگه‌ره كه له مێژه‌وه بۆ سه‌ركوت كردنی سیاسی كورده‌كان به كارهێنراوه و به شێوه‌یه‌كی مێژویی وه‌ك به‌ربه‌ستێك له به‌رامبه‌ر ویسته مه‌شروع و یاساییه‌كانی كورده‌كاندا ئیشی كردووه. ئوستووره‌یه‌ك كه هێزی خۆی له پێكهێنانی ترس و سام و له هه‌ندێك شوێندا له ڕقێك گرتووه كه له نێوان ئێرانییه‌كاندا سه‌باره‌ت به كورده‌كان هه‌یه و نزیكه‌ی سه‌د ساڵه به دروست كردن، به‌رهه‌م هێنانه‌وه و له ئاكامدا كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ستریۆتایپه درێژه به زاڵیه‌تی فارسه‌كان دراوه. له ڕێگای ئه‌م ئوستورهوه ڕوانینێكی ئاسایشیی بۆ كوردوستان له هه‌موو خوله‌كاندا پارێزراوه و مهشروعییهتێك بۆ چه‌وساندنه‌وه و كۆنترۆڵكردنی كورده‌كان له نێوان خه‌ڵكی دا دروست بووه. هه‌روه‌ها كه ئه‌م ئوستووره وه‌ك بیرێكی سه‌لمێندراو بۆ زاڵیه‌تیی سیاسی له‌سه‌ر كورده‌كان كاری كردووه و چالاكان و گرووپه دیموكرات و پێشكه‌وتنخوازه‌كانی نێوان ڕه‌وتی زاڵی فێمینیستی له ئێران له‌وانه‌ی كورد نین، سه‌باره‌ت به دۆخی ناخۆشی كورده‌كان به گشتی و ژنانی كورد به تایبه‌تی به‌ره‌و بێده‌نگی، گوێڕایه‌ڵی و هه‌ندێكجار هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات راكێشاوه. ئاشكرایه كه چالاكانی بزووتنه‌وه‌كه ناتوانن له گونجاوی و لێك ئاڵاوی سته‌ملێكراوی ئه‌تنیكی و جینده‌ری تێبگه‌ن كه هۆی سه‌ره‌كی شێوه‌كانی توندوتیژی له دژی ژنانی كورده، و هیچ جۆره وێنا یان زانستێكیان له سته‌ملێكراوی ئه‌تنیكی (كه خۆیان خه‌ریك به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ن) و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ژنانی كورد نییه. ئه‌م بێئاگاییه خۆی هۆیه‌كی سه‌لماندنی له پهراوێزدابوونی دووئه‌وه‌نده‌ی ژنانی كورده كه كێشه و بابه‌ته‌كانیان ته‌نانه‌ت بۆ هاوڕهگهزهكانیشیان به نه‌ناسراو ماوه‌ته‌وه. ئه‌وان به ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به هه‌موو دامه‌زراوه پهیوهندیدهر و میدیاییه‌كان، ئینتێرنێت و هه‌موو دامه‌زراوه و مژاره پێكهێنه‌ره‌كانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، دۆخێكی ناڕاسته‌قینه‌یان نواندووه كه له‌وه‌دا هه‌موو ژنان له ههلوومهرجێكی بهرابهردان و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت، به یه‌ك ڕاده كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو گرووپێكی جیاوازی ژنان داده‌نێت. بارودۆخی وێناكراو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌باری ئۆبجێكتیڤ و ئه‌زموونكراو، له‌گه‌ڵ ئه‌زموون و هه‌لومه‌رجی ژیانی ژنانی كورد نییه. ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه به‌شێك له ژنانی كورد له سته‌ملێكراوی سیاسی به‌و واتایه كه مه‌به‌ستی ئه‌م نووسراوه كورته‌یه ئاگادار نه‌بن، به‌ڵام هه‌ست به ده‌ره‌نجامه‌كانی به شێوه‌یه‌كی ئۆبجێكتیڤ و له نزیكه‌وه له ژیانی خۆیاندا ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها كه ئاماژه‌م پێدا پیشان دانه‌وه‌ی كولتوری كورده‌كان ناوه‌ڕۆكێكی به ته‌واوه‌تی سیاسی هه‌یه و بۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی بنده‌ستی ئه‌وانه. له ڕاستیدا به‌شێكی گه‌وره له بنده‌ست بوونی كورده‌كان له كوردی تووڕه و خاوه‌ن ویستی جیابوونه‌وه هه‌ڵده‌ستێت و به تایبه‌ت پیاوانی كورد وه‌ك گرووپێكی دواكه‌وتوو و وه‌حشی ده‌زانرێن كه ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵ و ڕێگرتنیان بدرێت؛ له‌م رێگایه‌وه، پیاوانی كورد به جۆرێك نیشانده‌درێن كه ته‌نانه‌ت ڕه‌حم به خێزان و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی خۆیشیان ناكه‌ن. ئایدیۆلۆجی پیاوی توندوتیژی كورد ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له بنده‌ست بوونی كورده‌كان گێڕاوه. له ڕێگای ئه‌م ئایدیۆلۆجییه‌وه به پیاوان و ژنانی كورد وه‌ها حاڵی ده‌كرێت كه تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه له به‌ستێنی كوردستان به شێوازێكه كه ڕێز له ژنانی خۆیان ناگرن، كه‌واته چاوه‌ڕوان ناكرێت بتوانن كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیشیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن. كه‌واته به په‌ره‌پێدان به جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه كه له‌وێدا تایبه‌تمه‌ندی ژنانه بێ‌نرخ ده‌كرێت، له سه‌ر كورده‌كان زاڵ بوون. پیاوی توندوتیژخوازی كورد وه‌كو كه‌سێك ده‌رده‌خرێت كه ناتوانێت ڕێز له ژنان بگرێت و لێیان تێبگات كه‌واته ده‌بێت شێوه‌یه‌ك له تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه وه‌كو تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه‌ی باشتر به سه‌ریدا بسه‌پێندرێت. به سه‌پاندنی ئه‌م شێوه له تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه كه هی گرووپی زاڵه هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان و په‌یوه‌ندییه جیندهرییهكان به سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی بنده‌ست ده‌سه‌پێندرێت و له‌م ڕێگایه‌وه كۆنترۆڵ كردنیان ئاسانتر ده‌بێت.
تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه‌ی فارسه‌كان به شێوه‌یه‌ك دروستكراوه كه وه‌كو خاتوونێك ڕێز له ژنه‌كانیان ده‌گرن. وه‌كو خاتوونێك هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵ ژنان تا ئێستا وه‌ك ئایدیۆلۆجیایه‌كی قایلكه‌ر به‌كارهێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به زاڵیه‌تی سیاسی له‌سه‌ر كورده‌كان بدرێت. ئه‌و دیوویی ئه‌م وێنه‌یه، چۆنیه‌تی دروستكردنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ژنانه له نێوان گرووپی زاڵه. ژنانی فارس وه‌كو هه‌ندێك ژنی به‌ئاگا، به‌شكۆ، ڕازاوه و ڕێك‌وپێك له به‌رامبه‌ر ژنانی كوردی بێئاگای نامه‌ده‌نی و ناشارستانی پیشان ده‌درێن. له ڕاستیدا هه‌ڵسوكه‌وت كردن وه‌كو خاتوونێك بۆ ژنان و هاوسه‌رانی گرووپی زاڵ وه‌ك ئایدیۆلۆجیایه‌ك پاساوی ویستی زاڵیه‌تی ئه‌وان ده‌دات. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م ستریۆتایپه له په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكدایه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی توندوتیژی و به تایبه‌ت كوشتنی نامووسی له كوردستان و ئه‌وانه‌ی په‌ره به‌م ستێریۆتایپه ده‌ده‌ن له ڕوودان، بڵاوبوونه‌وه و به‌هێزبوونی كوشتنی نامووسی به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌یه. له لایه‌كه‌وه به ده‌ركردنی ڕێگه‌پێدانی یاسایی بۆ كوشتن، بكه‌ره توندوتیژه‌كان هان ده‌درێن كه به ویستی خۆیان و به هه‌ر ڕاده‌یه‌ك له زاڵبوون كه خۆیان به پێویستی ده‌زانن، سزای دڵخوازی خۆیان له دژی دایك، هاوسه‌ر، كچ و خوشكێك جێبه‌جێ بكه‌ن كه سه‌رپێچیان له نۆرم و ڕێسا سێكسیه دیاریكراوه‌كان له لایه‌ن پیاوانه كردووه ( به پێی وته‌ی چالاكانی بواری توندوتیژی له زیاتر له په‌نجا له سه‌دی كوشتنه‌كان، سه‌رپێچی كردن له‌م نۆرمانه نه‌سه‌لمێندراوه و كوشتن ته‌نیا له سه‌ر شك و گومان ئه‌نجام دراوه). له لایه‌كی تره‌وه، ئاكاری توند و كولتوری عه‌شایری و توندوتیژی كورده‌كان ده‌بێته بیانوویه‌ك بۆ هه‌موو دامه‌زراوه به‌رپرسه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی خۆ له به‌رپرسایه‌تی كۆتایی هێنان به‌م كێشه‌یه لاده‌ن و له‌م پێناوه‌دا هیچ رێگاچاره‌سه‌ر یان پلانێكی كاریگه‌ر و گرنگ پێشكه‌ش نه‌كه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌وانه به بیانووی ئه‌وه‌یكه كوشتی نامووسی بابه‌تێكی ئه‌تنیكی و كولتوورییه تا ئێستا خۆیان له ده‌ستێوه‌ردان لاداوه.
هه‌روه‌ها بچووككردنه‌وه‌ی كولتووریی توندوتیژی له كوردوستان بووه‌ته دیسكۆرسی زاڵ له نێو سیسته‌می فێركاریی وه‌كوو یه‌كێك له دامه‌زراوه مه‌شروعییه‌ت ده‌ره‌كانی كرده‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان له‌م بواره‌دا كه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تی زانستی و ئاكادیمیكی كورد و ئه‌وانه‌ی كورد نین نووسراوه، به زه‌قكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی به‌ستێنی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كورده‌كان، لایه‌نی سیاسی ڕوودانی ئه‌م چه‌شنه له توندوتیژییه‌كانی شاردووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ته‌نانه‌ت به قبووڵكردنی ئه‌م لۆجیكه و گرنگایه‌تی به‌ستێنی كولتووری، ناكرێت كاریگه‌ریی هێز و ده‌سه‌ڵات و كه‌مینه بوون له سه‌ر دواكه‌وتوویی كولتووری ڕه‌چاو نه‌كرێت؛ چونكه دواكه‌وتوویی كولتووری له بۆشاییدا ڕوو نادات و خۆی له ژێر كاریگه‌ریی كه‌مینه بوونی سیاسی كورده‌كانه كه هه‌ر ئه‌مه‌ش خۆی نابه‌رابه‌ری له دابه‌شكردنی سه‌رچاوه‌كان و قازانجه‌كان و سامانی نه‌ته‌وه‌یی، ئیمكاناتی فێركاریی و كولتووری به شوێنه‌وه‌یه. به‌ڵام گرنگترین ده‌ره‌نجامی بنده‌ست بوونی سیاسی، به‌ربه‌ست دروست كردن و به‌رگیریی كردن له چالاكییه‌كانی رێكخراوه‌كان و دامه‌زراوه ناحكوومییه‌كان له كوردستانه كه به شێوه‌ی خۆویستانه و به بێ هیچ جۆره پشتگیرییه‌كی دارایی یان مه‌عنه‌وی له لایه‌ن ده‌زگا به‌رپرسه‌كانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات پێكهاتوون و له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له ژیانی رۆژانه‌دا چالاكن.
به‌ختیاری نه‌ژاد (۲۰۱۲) چالاكی بواری توندوتیژی و كوشتنی نامووسی و نووسه‌ری كتێبی كاره‌ساتی بێده‌نگ باوه‌ڕی به‌وه‌یه كه ئه‌م رێكخراو و دامه‌زراوانه كه له ماوه‌ی سه‌رۆك كۆماری خاته‌می له لووتكه‌ی چالاكییه‌كانی خۆیاندا بوون، ڕۆڵێكی به‌رچاویان بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان و ئاگاداركردنه‌وه سه‌باره‌ت به‌وانه هه‌بوو؛ به‌ڵام له ساڵی ۲۰۰۶ به دوا به سه‌ركوت كردنی سیسته‌ماتیكی ئه‌م رێكخراوانه، توندوتیژی و كوشتنی نامووسی به خێرایی روویان كردووه‌ته زۆر بوون. په‌روین زه‌بیحی (۲۰۱۹) چالاكی تری بواری توندوتیژی له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه كه هه‌ستیاربوون و به‌دگومان بوونی سیاسی ده‌سه‌ڵات سه‌باره‌ت به كه‌مینه‌كان و به‌تایبه‌ت كورده‌كان و گوشاره سیاسییه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه بووه‌ته هۆی نه‌مانی كاریگه‌ریی چالاكییه‌كانی ئه‌و رێكخراوانه‌ی ماونه‌ته‌وه، به گوشاری دوو ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر میدیاكان، وێبلۆگهكان، ماڵپه‌ڕه‌كان و ڕۆژنامه‌كان به تایبه‌ت به‌شی كاره‌ساته‌كانی (ده‌سه‌ڵات نووسینی كاره‌ساته‌كان به تاوانێكی وه‌ك ره‌ش نواندن داده‌نێت) و به‌رگیریی له جووڵانه‌وه‌ی ئازادی زانیاریی، پرۆسه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئاڵۆز كردووه و له‌م رێگایه‌وه به‌ربه‌ستی بۆ هه‌ستیاربوون، دژكرده‌وه‌ی بیری گشتی و به‌رپرسه‌كان سه‌باره‌ت به‌م توندوتیژیانه و گه‌ڕان به دوای ڕێگاچاره‌سه‌ر دروست كردووه.
ده‌ره‌نجامه‌كانی سه‌ركوتكردنی سیاسی كورده‌كان ته‌نیا هی پانتایی گشتی نییه و له پانتایی تایبه‌تییدا به شێوازێكی تر خۆی پیشان ده‌دات و پیاوان و ژنانی كورد له‌باری ده‌روونییه‌وه بۆ دژكرده‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌نێت. ڕاده‌ی هێزی پیاوان و ژنانی كورد له پانتایی تایبه‌تی، چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ توندوتیژی سیسته‌ماتیكی سیاسی دیاری ده‌كات. پیاوانی كورد له پانتایی تایبه‌تییدا دۆخی باڵاده‌ستیان هه‌یه و به كرده‌وه ده‌توانن بێهێزیی خۆیان له پانتایی گشتی به گوشار خستن و توندوتیژی له دژ ژنانی كورد له پانتایی تایبه‌تیدا قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه. به‌ڵام بێهێزی ژنان و سته‌ملێكراوی جینده‌ریی له پانتایی تایبه‌تی بارودۆخی ژنان ئاڵۆزتر ده‌كات. له ئاكامی سه‌ركوتی سیاسی پانتایی تایبه‌تی، ماڵ و بنه‌ماڵه بۆ ژنانی كورد رۆڵێكی دوانه و له‌هه‌مان كاتدا دژبه‌یه‌ك ده‌گێڕێت. له لایه‌كه‌وه وه‌كو فاكته‌رێكی پارێزه‌ر كار ده‌كات كه له نێوان ئه‌و و دۆخی نادڵنیای ده‌ره‌وه‌دایه و له به‌رامبه‌ر لێدانه‌كان، دژوارییه‌كان و سته‌مه یه‌كتربڕه‌كان له ده‌ره‌وه (سته‌می ئایینی، چینایه‌تی، سیاسی) ده‌یپارێزێت و پشتگیریی لێ ده‌كات و له لایه‌كی تره‌وه له ئاكامی توندوتیژی و كۆنترۆڵی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له لایه‌ن ئه‌ندامانی پیاوی خێزانه‌كه‌ی، وه‌كوو فاكته‌رێكی ڕێگر بۆ به‌دیهاتنی خۆی ده‌یبینێت. ئه‌م ڕۆڵه دوانه‌ی چاودێری/ پشتگیری بنه‌ماڵه ده‌یخاته دۆخێكی پارادۆكسیكاڵهوه و هه‌ر ئه‌م دۆخه‌یه كه دیاریكه‌ری میكانیسمی به‌رگری یان گوێڕایه‌ڵیی ئه‌و له به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشانه‌وه ده‌بێت كه مشتومڕیان له‌گه‌ڵ ده‌كات و له ده‌ره‌نجامدا كرده‌وه‌كانی و ئاڕاسته‌ی كرده‌وه‌كانی پێكده‌هێنێت. بێ داڵده‌یی و بێ ده‌سه‌ڵاتی ژنان له گه‌ڵ پێشترێتی شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه و به‌ها په‌یوه‌ندیداره‌كان به لهئهستۆگری و به‌رپرسایه‌تی له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا و گوشاره‌كان له ده‌ره‌وه به هۆی سته‌می یه‌كتربڕ (ئایینی، چینایه‌تی و سیاسی) بابه‌تی پشتگیریی كردنی بنه‌ماڵه بۆ ژنانی كورد زه‌ق ده‌كاته‌وه و له به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانه‌ی كه له پانتایی تایبه‌تیدا ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، رێگای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت.
ویستی گشتی كورده‌كان بۆ له‌ماڵه‌وه هێشتنه‌وه‌ی كێشه‌ی خێزانیی و به‌رگیریی له دزه‌كردنی بۆ ده‌ره‌وه و بوونی ئه‌وی تری سه‌ركوتكه‌ر كه هه‌ر چه‌شنه كێشه‌یه‌كی ناو كۆمه‌ڵ وه‌كوو ئامرازێك بۆ سه‌ركوتیان به‌كار ده‌هێنێت، پێكه‌وه، ژنان بۆ هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی سوورتر ده‌كات. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕۆڵه دوانه‌ی بنه‌ماڵه ڕه‌نگه بۆ ژنانی تریش هه‌بێت، به‌ڵام ڕۆڵی بۆ ژنانی كورد به هۆی لایه‌نه یه‌كتربڕه‌كانی بنده‌ستییان زۆرتره و لایه‌نی تریش ده‌بینێت. ئه‌زموونی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش و هه‌ست به به‌شێك بوون له كۆمه‌ڵێك كه كه‌وتوونه‌ته به‌ر هه‌ڵاواردن، ده‌بێته هۆكارێكی گرێده‌ر له نێوان ئه‌و و پیاوانی كورددا و پێویستیی یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سه‌ركوتكه‌ر ده‌بێته هۆی ئه‌وه هه‌ست به له یه‌ك بهرهدابوونی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوانی كورد بكات. بوونی ئه‌م هۆكاره یهكڕیزكهرهیه كه ده‌رفه‌تێكی پێ نادات ئه‌و كێشه و بابه‌تانه‌ی كه له بنه‌ماڵه‌دا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه به ڕه‌خنه‌گرانه بپشكنێت و تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌وی تری زاڵ له ده‌ره‌وه هه‌یه ده‌رفه‌تێك بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له به‌رامبه‌ر باڵاده‌ستیی ده‌روونی و نزیك له خۆی بۆ ئه‌و بوونی نییه.
شوناسخوازی كوردی، ژنانی كورد و سته‌ملێكراوی جینده‌ری
بنده‌ستبوونی ژنانی كورد و شوناسخوازی كوردی له خاڵێكدا پێك ده‌گه‌نه‌وه كه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ناكرێت باس له سته‌م له‌سه‌ر ژنی كورد به جیا و سه‌ربه‌خۆ له سته‌م له‌سه‌ر كورده‌كان به گشتی بكرێت. چون هه‌روه‌ها كه پێشتر ئاماژه‌م پێكرد، سته‌ملێكراوی ژنانی كورد به‌رهه‌می هه‌ندێك سته‌می یه‌كتربڕ و كۆی شێوه سته‌مه جیاوازه‌كانه. كه‌واته له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م خاڵه یهكتربڕهدا، هیچ وته یان نووسراوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن چالاكانی ژنی كورده‌وه ناتوانێت له كاریگه‌ریی دیسكۆرسی شوناسخوازی كوردی دوور بێت یان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دیسكۆرسهدا باسی لێ بكرێت. هه‌روه‌ها كه ئه‌م بابه‌ته بۆ چالاكانی شوناسخوازی كوردیش گونجاوه و هه‌موو وته و نووسراوه‌كانی ئه‌وان له بواری جینده‌ر و په‌یوه‌ندییه جیندهرییهكان به جۆرێك له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شوناس‌خوازیی كوردیدا ده‌بێت. خوێندنه‌وه‌ی بیرته‌سكانه و كورت له چه‌مكی شوناسخوازی كوردی له خولی هاوچه‌رخ و به‌ره‌نگاری له هه‌مبه‌ر گۆڕانی ئه‌م خوێندنه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له چالاكانی شوناسخوازی كورد، بنه‌مایه‌كی وشك و سه‌ختی به سیاسه‌ت و دیسكۆرسی شوناسخوازی كوردی هاوچه‌رخ به‌خشیوه. به جۆرێك كه ئه‌و ڕاڤانه‌ی كه له ئاواته سیاسییه‌كان و داواكارییه‌كانی كورده‌كان له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت، له دژی هێنانه ئارای دیكه‌ی بابه‌ت و كێشه په‌یوه‌ندیداره‌كان به كوردوستان له‌وانه كێشه‌ی ژنانه. له درێژه‌ی ئه‌مه‌دا، بیری ناكۆكی و دژایه‌تی فێمینیسم له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی شوناسخوازی كوردی هێنراوه‌ته ئاراوه و له نه‌بوونی هێنانه‌وه‌ی هۆكار كه به ڕهتكردنی ئه‌م دژایه‌تییه په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوانیاندا دروست بكات و نه‌زمی جیندهرییهك كه ئێستا هه‌یه بخاته ژێر پرسیاره‌وه، له لایه‌ن هه‌ندێك له چالاكانی كورده‌وه، به‌ستێن بۆ ده‌ركه‌وتنی هۆكاره‌كان، بیرۆكه ڕادیكاڵ و توندڕه‌وه‌كان له بواری جینده‌ر و په‌یوه‌ندیی جینده‌ری خۆش كراوه. كه‌واته هه‌رچه‌شنه هه‌وڵێكی لانیكهمی بۆ گۆڕینی په‌یوه‌ندییه جیندهرییهكانی ئێستا، له‌لایه‌ن په‌ره‌پێده‌رانی ئه‌م بیركردنه‌وانه به خێرایی بایكۆت و به خه‌یانه‌ت له‌دژی كورده‌كان واتا ده‌كرێن.
په‌ره‌پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی بێ ڕه‌وشتی سێكسی و هه‌وڵدان بۆ ڕووخاندنی بنه‌مای خێزان له كوردوستان یه‌كێكه له‌م وتانه كه له‌لایه‌ن گرووپه وشك و ڕادیكاڵ و توندڕه‌وه‌كان له‌كاتی به چهلێنج كێشانی توندوتیژی له دژی ژنان له كوردوستان ده‌هێنرێته ئاراوه و ژنانێك كه بوونه‌ته قوربانی توندوتیژی، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی قوربانی كوشتنی نامووسین، تووشی بازنه‌یه‌كی قوربانی بوونی دووئه‌وه‌نده ده‌كات. له چۆنیه‌تی هۆكارهێناوهیان جۆرێك گۆڕینی ڕۆڵی قوربانی و تاوانبار و بهتاوانباركردنی ژنانی توندوتیژی لێكراو ده‌بیندرێت؛ به جۆرێك كه بۆ ژنان نه وه‌كوو قوربانییه‌ك به‌ڵكوو وه‌ك تاوانبارێك ده‌ڕوانرێت و ئه‌وان سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌یكه بوونه‌ته قوربانی توندوتیژی پیاوانه، به‌بۆنه‌ی ئه‌مه ڕووبه‌ڕووی تاوانیش ده‌بنه‌وه و به به‌رپرسی بوونه قوربانی خۆیان ده‌زانرێن. ده‌بێت به‌شێك له هۆكاره‌كانی هێنانه ئارای وه‌ها بیرێك و هه‌ستیار نه‌بوون سه‌باره‌ت به توندوتیژییه‌كان (لێره‌دا كوشتنی نامووسی) له ڕوانگه‌ی رێسا و نۆرمه رێكخه‌ره‌كانی ئاكاری سیكسی ژنان و میكانیسمه په‌یوه‌ندیداره‌كانی سه‌یر بكرێت. ئه‌م ده‌سه له رێسا و نۆرمانه بۆ كۆنترۆڵی جه‌سته و سێكسوالیته‌ی ژنانه، كۆیه‌ك له شێوازی ئاكاری سیكسی پێكده‌هێنن كه ژنانی كورد له‌سه‌ریانه ئه‌م شێوازانه به‌ڕێوه ببه‌ن. له چوارچێوه‌ی ئه‌م رێسا و نۆرمه له‌پێشدا دیاریكراوانهدایه كه كرده‌وه و ئاكاری سیكسی ژنان هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت و به پۆلێن به‌ندی كردنی ژنان له‌سه‌ر دوو گرووپی ژنانی باش و خراپ، ئه‌و ژنانه‌ی كه له‌م رێسا و نۆرمانه لاده‌ده‌ن یان گومانی لادانیان هه‌یه، وه‌كوو ژنانی خراپ و به ئاكاری خراپ ناویان لێده‌برێت و هه‌رجۆره هه‌ڵسوكه‌وتی نامرۆڤانه له‌گه‌ڵ ئه‌وان به مه‌شروع و پاساودراو پیشان ده‌درێت.
جه‌ختكردنی شوناسخوازانی ڕادیكاڵ له‌سه‌ر پاراستنی نه‌ریته‌كان، بایهخهكان و دابونه‌ریتی كوردهواری له دروستكردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و پێویست بوونی قبووڵكردنی بێمه‌رجیان به بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی ئاگایانه و ڕه‌خنه‌گرانه، كاریگه‌ریه‌كی زۆری له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی توندوتیژی له دژی ژنانی كورد هه‌یه ؛ چونكه به‌شێكی زۆر له رێسا و نۆرمه كۆنترۆڵكهرهكانی ژنان و دوانه‌ی ژنی باش /ژنی خراپ له دڵی ئه‌م دابونهریتانهدایه و له پرۆسه‌ی دهروونیكردنی كۆمه‌ڵگا، ئه‌م ڕێسا و نۆرمانه له‌لایه‌ن گروپه دواكهوتووهكانهوه ده‌روونی ده‌كرێن و له كاتی هۆكارهێنانهوهیان په‌نا بۆ ئه‌م ڕێسایانه ده‌به‌ن.
به‌شێك له ڕه‌وتی شوناسخوازی كوردی به وه‌رگرتنی چه‌مكی نامووس له به‌ستێنی كولتووری كوردی و باسكردن له‌م وته‌یه «ژنانی كورد وه‌كوو نامووسی نه‌ته‌وه‌ی كورد و نامووسی كوردوستان»، مه‌شروعیه‌ت به چه‌مكی نامووس ده‌دات و له به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌یدا ڕۆڵێكی به‌رچاو ده‌بینێت. له ڕاستیدا چه‌مكی ژن وه‌كوو نامووس، پیاو له ئاستی بنه‌ماڵه و بچووكه‌وه بۆ نامووسی نه‌ته‌وه له ئاستی گه‌وره‌دا ده‌گوێزێته‌وه و له تێكه‌ڵبوونی نامووسی سیكسی و نامووسی نه‌ته‌وه‌یی، پیاوبوونی نه‌ته‌وه و ژنبوونی وڵات دروست ده‌كات. له به‌شێك له دیسكۆرسی شوناسخوازی كوردی و هه‌روه‌ها له هه‌ندێك له میدیا كوردییه‌كان و یان له نووسراوه‌كان و وته‌كانی چالاكانی كورد یان پارته كوردییه‌كان، مێتافۆرهكانی دایك یان دایكی شه‌هید له‌باتی وڵات به‌كار ده‌هێنرێن و هه‌رجۆره ده‌ستدرێژی بۆ خاكی كوردوستان به ده‌ستدرێژی بۆ دایك داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگایه‌وه هه‌ست و جۆشی پیاوانی كورد بۆ به‌رگری له كوردوستان كه ئه‌ویتری دایكه، بجووڵێت. ڕوونه كه به‌م شێوه ڕوانینه هه‌روه‌ها كه بارۆن (٢٠٠٦) ده‌ڵێت هه‌رجۆره چهلێنج كردن و ناڕه‌زامه‌ندی سه‌باره‌ت به تاوانی نامووسی یان هه‌رشێوه‌یه‌كی تری توندوتیژی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی نێوگرووپ جێبه‌جێ ده‌كرێت، هێرشه له‌سه‌ر ئه‌مه‌كناسی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌سه‌نایه‌تی كولتووری. و له‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌گه‌ر ژنانی كورد له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ی گرووپ بێ‌ڕێزیان پێ بكرێت، بێده‌نگبوون له هه‌مبه‌ر ئه‌م تاوانه نامووسییهدا قبووڵ ناكرێت و به واتای بێ‌نامووسی و خه‌یانه‌ته له وڵات. ڕوونترین نموونه‌ی ئه‌م جۆره ڕوانینه له مردنی فه‌ریناز خوسره‌وانی كچه ٢٨ ساڵانه‌كه‌ی مه‌هابادیدا ده‌بینرێت كه وترا بۆ هه‌ڵاتن له ده‌ستدرێژی له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیك له دامه‌زراوه ئاسایشی و سه‌ربازییه‌كان خۆی كوشتووه.
له‌و كاته‌دا له نووسراوه‌كانی هه‌ندێك له چالاكانی كورد به ئاشكرا تێكه‌ڵبوونی نامووسی سیكسی و نامووسی نه‌ته‌وه‌یی و جۆرێك له شوناسخوازی له ژێر كاریگه‌ری جینده‌ر له چوارچێوه‌یه‌كی پیاوتهوهرهدا ده‌بینرا. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه فه‌ریناز نامووسی پیاوانی كوردی مه‌هابادی و جه‌سته‌ی ئه‌و هی ئه‌وان و وه‌ك داراییه‌كی ئه‌وان بوو، ده‌سڕێژی یان هه‌رچه‌شنه هه‌وڵێك بۆ ده‌سڕێژی به‌و له لایه‌ن كه‌سانی ده‌ره‌وه (فارس یان ئه‌وانه‌ی كورد نین) به واتای ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر فه‌ریناز یان كۆمه‌ڵه‌ی كورده‌كان بریتی له پیاو و ژن دانه‌ده‌نرا؛ به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمی پیاوانی كورد و مافی خاوه‌ندارێتی ئه‌وان و له كۆتاییدا به ده‌ستدرێژییه‌ك له‌سه‌ر پیاوبوونی پیاوانی كورد داده‌نرا. به‌ڵام بابه‌ته‌كه كاتێك ئاڵۆزتر بوو كه وترا ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستدرێژی كردووه له دامه‌زراوه ئاسایشیه‌كان نزیك بووه و واته ئه‌و كه‌سه نه ته‌نیا له ده‌ره‌وه‌ی گرووپ دا بووه، به‌ڵكوو نوێنه‌ری به‌ره‌ی دژ به كورده‌كان و دوژمنی له‌مێژی ئه‌وان بووه. فارس بوون یان كورد نه‌بوونی كه‌سی ده‌ستدرێژ و له ڕیزی به‌رامبه‌ردا بوون، دوو مژاری سه‌ره‌كی بوون كه بوونه هۆی هێنانه ئارای هه‌ندێك باسی په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژی له‌سه‌ر نامووسی نه‌ته‌وه‌یی و تووڕه‌ییه‌كی گشتی دروستكرد.
له ڕاستیدا دژكرده‌وه‌ی توند بۆ كوشتنی فه‌ریناز ته‌نیا بۆ ئه‌وه نه‌بوو كه ژنێك له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه ده‌ستدرێژی پێ كراوه و مافی مرۆڤبوونی پێشێل بووه، به‌ڵكوو به‌م هۆیه‌وه بوو كه ژنێكی كورد له‌لایه‌ن پیاوێكی فارسی چه‌كدار له به‌ره‌ی دوژمن هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه. واته ئه‌مه خودی ده‌ستدرێژی نییه كه ده‌بێت ڕه‌ت بكرێته‌وه، به‌ڵكوو ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وه گرێدراوی هه‌ندێك توخمی تره له‌وانه به‌شداربووان و كه‌سانێك كه كردوویانه یان كێ دژ به كێی تر ئه‌و كاره‌ی كردووه. له نێو وته و نووسراوه‌كانی چالاكانی ئه‌و كاته سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه ده‌كرێت به‌ڕوونی گرنگایه‌تی فارسبوون و چه‌كداربوونی كه‌سی ده‌ستدرێژ ببینرێت و له ڕاستیدا ده‌ستدرێژی به ئاشكرا له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م دوو توخمه‌دا بوو. دژكردهوهكان له‌و كاته‌دا و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ تاوانێك كه كرابوو، له ژێر كاریگه‌ریی شێوازێك له دهستڕاگهیهشتنی سیكسی بوو كه له‌وه‌دا ئه‌وانه‌ی ده‌ستدرێژیان كردووه دابه‌ش ده‌كرانه سه‌ر دوو ده‌سه‌ی نێو و ده‌ره‌وه‌ی گرووپ و گرێدراوی ئه‌وه‌یكه كه‌سی ده‌ستدرێژی كه‌ر، چ جێگایه‌كی بێت، له دژ تاوانه‌كه‌ی وه‌ستان و نه به پێی تاوانێك كه كرابوو. له ڕێگای په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له‌گه‌ڵ شوناسخوازی بیرته‌سكانه ، مردنی فه‌ریناز بوو به ئاوێنه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پیاوانی كورد سته‌ملێكراوی خۆیان تێیدا بینی و تووڕه‌یی و لاوازییان به هۆی ئه‌وه بوو كه نه‌یانتوانیوه له نامووسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پارێزگاری بكه‌ن. له ئاكامدا ئه‌م ڕووداوه‌یان ته‌نیا له ڕوانگه‌ی سه‌ركوتی سیاسی كورده‌كان پیشان دا و زاڵیه‌تی جیندهرییهك كه به ئاشكرا له ڕووداوی مردنی فه‌رینازدا بوو، نه‌بینرا. فه‌ریناز بوو به سیمبۆلی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و و بوونی به سیمبۆلی سته‌می جینده‌ری، ئه‌و ڕاستییه ئوبجێكتیڤهی كه به‌سه‌ریدا هاتبوو شاردیه‌وه.
گرنگایه‌تی جه‌سته‌ی ژنانی كورد وه‌كوو نامووسی نه‌ته‌وه‌یی و نامووسی كوردستان له بیرۆكه‌ی هه‌ندێك له چالاكانی كورددا له چۆنیه‌تی ده‌ركه‌وتنی دژكردهوهكانیان له‌سه‌ر كوشتنی نامووسی و ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی كه له نێو كۆمه‌ڵه‌ی كورده‌كان له پاش مردنی فه‌ریناز ڕوویدا، ده‌بینرا. هیچكام له‌و تاوانانه نه‌بوونه هۆی دژكرده‌وه‌ی گشتی به‌ربڵاو و زۆر، به شێوه‌یه‌ك كه له مردنی فه‌رینازدا ڕووی دا(جگه له هه‌ندێك ناڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی پچڕ پچڕ و به كه‌سی كه‌مه‌وه له رۆژه‌كانی دوا ئه‌و ڕووداوه و به هۆی تر) چونكه ئه‌م كوشتن و ده‌ستدرێژیانه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی نێو گرووپ و خودی پیاوانی كورده‌وه ئه‌نجام درابوو و ده‌ستدرێژییه‌ك به نامووسی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌هاتنه ئه‌ژمێر؛ هه‌روه‌ها كه جه‌سته‌ی ئه‌م ژنانه دارایی پیاوانی كورد بوون و ئه‌وان به هه‌ر شێوازێك كه ده‌یانویست ده‌یانتوانی هه‌ڵسووكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكه‌ن. واته ژنێك (لێره‌دا فه‌ریناز) كه له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌ره‌وه‌دا ئازاری پێ ده‌گات یان ده‌كه‌وێته به‌ر توندوتیژی، زیاتر له‌وانه‌ی كه له‌لایه‌ن كه‌سانی نێو گرووپه‌وه ده‌كه‌ونه به‌ر توندوتیژیی بۆی هه‌یه ده‌نگی ببیسترێت. هه‌روه‌ها كه تاكو ئێستا توندوتیژی نێو گرووپی و هاواری ویستی به‌ده‌نگه‌وه‌چوونیان به كه‌می بیستراوه و به ئاكام گه‌یشتووه و به‌مجۆره‌یه هه‌موو ئه‌و ژنه كوردانه‌ی ده‌كه‌ونه به‌ر جۆره جیاوازه‌كانی توندوتیژی، ده‌كوژرێن یان ده‌ستدرێژیان له‌سه‌ر ده‌كرێت؛ له‌بیرده‌چنه‌وه. به‌م جۆره ڕوانینه‌یه كه ئه‌وان چ له‌و كاته و چ ئێستا، سه‌ركوتی سیاسی ده‌خه‌نه به‌ر سه‌ركوتی جیندهرییهوه، چونكه بنده‌ستبوونی ژنانی كورد به ئاكامی بنده‌ستبوونی پیاوانی كورد داده‌نێن و ئه‌وه وه‌كوو بندهستییهكی ته‌واو و هه‌موولایه‌نه له‌به‌ر چاو ده‌گرن كه به لابردنی ئه‌م بنده‌ستییه، سته‌ملێكراوی و بنده‌ستی ژنانی كوردیش له خۆیه‌وه ده‌وه‌ستێت. له ڕاستیدا شوناسخوازه ڕادیكاڵه‌كان سته‌می جینده‌ری كه كێشه‌یه‌كی جیهانییه بۆ هه‌لوومه‌رجی سیاسی كورده‌كان بچووك ده‌كه‌نه‌وه و له سه‌ر ئه‌و باوڕه‌ن كه به لاچوونی سته‌ملێكراوی سیاسی، سته‌ملێكراوی جینده‌ری له خۆیه‌وه لاده‌چێت. ڕوونه كه ئه‌م جۆره هۆكارهێنانه‌وه به شاردنه‌وه‌ی بنده‌ستی جینده‌ری كه ده‌ره‌نجامی باڵاده‌ستی پیاوان، بریتی له كورد و ئه‌وانه‌ی كه كورد نین، پیاوه توندوتیژه‌كان له هه‌ر جۆره به‌رپرسایه‌تی بۆ له ئه‌ستۆگرتنی ئه‌و كارانه به هۆی زاڵیهتییانهوه ، خاوێن و بێ‌تاوان ده‌كات. پێشتریه‌تی سه‌ركوتی سیاسی له‌سه‌ر سه‌ركوتی جینده‌ری له دیسكۆرسی شوناسخوازی كوردی، بووه‌ته هۆی شرۆڤه‌ی مافه‌كانی ژنانی كورد له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوانی كورد (نه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆیان) و هه‌روه‌ها ئه‌وانی وه‌ك گرووپێكی لكێندراو به ڕه‌وتی شوناسخوازی كوردی و یان گرێدراوی ئه‌وه و له ڕۆڵێكی لاوهكیدا ده‌نوێنێت، نه وه‌ك گرووپێكی سه‌ربه‌خۆ به ویست و پێویستی دیاریكراو. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه له چالاكانی مافه‌كانی ژنانی كورد داوا ده‌كات شوێنكه‌وتووی پیاوانی كورد بن و تا كاتی گه‌یشتن به ئامانجه به‌رز و گرنگترهكان خۆیان له هێنانه‌ئارای كێشه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌گه‌ڵ كاری دژه ژنی نێو گرووپ و دروستكردنی هه‌ستیاری په‌یوه‌ندیدار بپارێزن.
ئه‌م داواكارییه له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه زۆربه‌ی چالاكه‌كان واده‌زانن كه باسكردن له بابه‌تی توندوتیژی ده‌بێته هۆی چهنبهرهكی له نێو كورده‌كان و شێوانی یه‌كگرتوویی و پێكه‌وه‌بوونی كورده‌كان له دژ زاڵیه‌تی سیاسی و له‌لایه‌كی تره‌وه بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ژنانه و چونكه ته‌نیا كێشه‌ی نیوه‌ی كۆمه‌ڵه نابێت له سه‌ره‌وه‌ی باسه‌كاندا بێت. له نێوان گرووپه چالاك و شوناسخوازهكانی كورد ئه‌م تێگه‌یشتنه له توندوتیژی بوونی نییه كه ئه‌م كردارانه نه ته‌نیا له سه‌ر ژنانی كورد، به‌ڵكوو له سه‌ر پیاوانی كورد و بنه‌ماڵه‌كان كاریگه‌ریی زۆر خراپ و له‌ناوبه‌ری هه‌یه و هه‌روه‌ها كه له سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه پیشانم دا، زاڵیه‌تی سیاسی له سه‌ر كورده‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. كه‌واته ده‌بێت وه‌كوو كێشه‌یه‌ك سه‌یری بكرێت كه به توندی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر قازانجی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی و ئامانج و ئاواته‌كانی كورده‌كان هه‌یه و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یكه چالاكه‌كان هۆكاری بۆ ده‌هێننه‌وه له رێگای پێویست بوونی پاراستنی یه‌كگرتوویی و پێكه‌وه‌بوون له به‌رامبه‌ر سته‌م و دوژمنه كه هه‌ڵاواردنه نامرۆڤانه‌كان و دژه ژنه‌كان له نێوان كۆمه‌ڵه‌ی كورده‌كان نابێت به‌م ساكارییه قبووڵ بكرێن.
ده‌ره‌نجام:
له‌م نوسراوه كورته‌دا به دوا ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته بووم كه دوو ڕه‌وتی فێمینستی زاڵ و شوناسخوازی كوردی له په‌راوێزخستنی كێشه‌كانی ژنانی كورد و ئه‌زموونی توندوتیژی ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی چالاك كاریان كردووه. شوناسخوازانی كورد به پێشترێتیدان به سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و كۆسپ دروستكردن و به‌ره‌نگاریی له دژی زه‌قبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی توندوتیژی له دژی ژنانی كورد و سته‌می جینده‌ری به گشتی، تاكو ئێستا خۆیان له باسكردنی گرنگی بابه‌ته‌كانی ژنانی كورد لاداوه. چالاكه فێمینسته‌كان، به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیسته‌ماتیكی سته‌ملێكراوی سیاسی ئه‌و زانیارییانه‌یان شاردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر باسیان لێ بكرێت هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له دژی ژنانی كورد ره‌نگه ئه‌مڕۆكه ڕێگایه‌كی تریان بگرتایه‌ته به‌ر. له ڕاستیدا كێشه له‌وه‌دا نییه كه هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌كه به دیاریكردنی پێشترێتییه سیاسییه تایبه‌ته‌كانی خۆیان كێشه‌كانی ژنانی كورد ده‌خه‌نه په‌راوێزه‌وه، به‌ڵكوو بابه‌تی بنه‌ڕه‌تیتر ئه‌وه‌یه كه له پیشاندانی ئه‌زموونی سته‌ملێكراوی جینده‌ری و سیاسیش‌دا بێبه‌رهه‌م و بێقازانجه. واته بزوتنه‌وه‌ی كوردی شێوه‌یه‌ك له سته‌ملێكراوی سیاسی ده‌نوێنێت كه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ژنانی كورد له سته‌ملێكراوی نه‌ته‌وه‌یی جیاوازه (به هۆی تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ سته‌ملێكراوی جینده‌ری و شێوازه‌كانی تری سته‌ملێكراوی و له ده‌رنجامدا ئه‌زموونی شێوه‌یه‌ك له سته‌م به كواڵیتییه‌كی جیاواز) و له ڕاستیدا ته‌نیا ئه‌زموونی پیاوانی كورد له سته‌ملێكراوی مه‌به‌ستی بزووتنهوهكهیه و بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی له پیشاندانی سته‌ملێكراوی جینده‌ری ته‌نیا ئه‌زموونی ژیانی ژنانێكی تایبه‌تی مه‌به‌سته.
هه‌ردوو دیسكۆرسهكه به ڕه‌چاو نه‌كردنی بابه‌ت و كێشه‌كانی ژنانی كورد و جه‌ختكردنه سه‌ر لایه‌نێكی بنده‌ستی به نرخی سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتر، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ژنانی چالاكی كورد له جێگایه‌ك له نێوان ئه‌م دوو دیسكۆرسهدا ماونه‌ته‌وه و بۆ پێشترێتی دان به هه‌ركام له‌م دیسكۆرسانه و چالاكی له‌واندا له‌گه‌ڵ جۆرێك سه‌رسوڕمانی سیاسی به‌رده‌وامدا رووبه‌ڕوون. مانه‌وه‌ی چالاكان له دۆخێكی یان ئه‌مه یان ئه‌وه به وته‌ی كرێنشاو[3]، نه ته‌نیا وزه‌ی لێ گرتوون، به‌ڵكو بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌یه‌كی دیاریكراویان له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ردووك دیسكۆرسهكهدا نه‌بێت.
له كۆتاییدا پێویسته ئاماژه به‌مه بكرێت كه جیاوازی ژنانی كورد و بارودۆخی یه‌كتربڕی ئه‌وان به‌و واتایه نییه كه قازانجیان له هیچكام له‌م دوو دیسكۆردهدا نییه یان ناتوانن به‌شێك بن له‌م ڕه‌وته شوناسخوازانه. به پێچه‌وانه‌وه، یه‌كتربڕینی پێكهاته‌كان واته بینینی جیاوازییه‌كانی نێو گرووپ له ده‌لاقه‌یه‌كی نوێوه كه له‌وێدا ئازار و سته‌ملێكراوی هه‌موو ئه‌ندامێكی گروپ ببیندرێت و ده‌نگه په‌راوێزخراو و په‌راوێزخراوه‌كان پێكه‌وه ببیسترێت. كه‌واته، شیكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی توندوتیژی له كوردوستان پێویستی به ڕوانگه‌یه‌كی یه‌كتربڕ و له‌هه‌مانكاتدا سیاسی تر و ڕهخنهگرانهتره كه به له‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو لایه‌نه‌كانی بنده‌ستی كه بوونه‌ته هۆی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م دیارده‌یه، لێی بكۆڵێته‌وه و له پاشان رێگاچارهسهریی په‌یوه‌ندیدار به خه‌بات پێشكه‌ش بكات.
سەرچاوە:
زنان کورد: خشونت و ستم تقاطع یافته
http://problematicaa.com/kurdish-women/
په‌راوێزه‌كان
[1]ئه‌وانه‌ی به‌رگری له كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میری له ناوه‌ند (پایته‌خت) ده‌كه‌ن (وه‌رگێڕ)
[2] لێره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر جیاوازی نێوان فارس و ئه‌وه‌ی فارس نییه، به‌هۆی بوونی له پێشدا جیاوازییه‌كه كه له سیاسه‌تی حكومه‌تی ناوه‌ندی مۆدێڕن له ئێران‌دا بوونی بووه كه ئه‌گه‌رچی له ژێر ناوی ئێران و نه ناوی پارس یان پێرشیا (كه له نه‌خشه جوگرافییه كۆنه‌كان له خۆرهه‌ڵات ناسراوبوون) به دوا پێكهێنانی جۆرێك یه‌كگرتوویی ئه‌تنیكی له ژێر ناوی ئێران‌دا بوو به‌ڵام له كرده‌وه‌دا نه‌یتوانی ئه‌وه ده‌روونی بكات. به‌م هۆیه‌وه ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌كی جیاكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئهتنیكه جیاوازه‌كان له خوله مێژووییه جیاوازه‌كاندا به‌رده‌وام بووه. چونكه یه‌كگرتوویی شتێكی فۆرماڵ نییه و هه‌مووكات ده‌بێت به‌رهه‌می ئه‌و كێشانه كه له ده‌روونه‌وه هه‌ڵقوڵاون و هه‌روه‌ها جموجووڵی هێزه دژبه‌یه‌كه‌كان بێت. هه‌ندێك كێشه كه له‌باتی هه‌ڵسوكه‌وتی هاودڵانه بۆ چاره‌سه‌ری بابه‌ته كه، هه‌مووكات راسته‌وخۆترین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی(له خولی په‌هڵه‌وی یه‌كه‌مه‌وه تا ئێستا) له‌گه‌ڵ كراوه : واته سه‌ركوت و نه‌بیستنی ده‌نگی داخوازییه‌كانی ئه‌وان. ئه‌گه‌رچی هۆكار و بناخه‌ی ئه‌م بابه‌ته پێویستی به كاتێكی تر بۆ خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یه.
[3] Kimberlé Williams Crenshaw یاسازانی ئه‌مریكی، به‌رگری مافی مه‌ده‌نی، فه‌یله‌سووف و تیۆریسیه‌نی فێمینیستی ره‌ش و تیۆری ره‌خنه‌گرانه‌ی ڕه‌گه‌زییه كه به بۆنه‌ی په‌ره‌پێدان و شیكردنه‌وه‌ی تیۆری ئیتێرسێكشناڵی زۆرترین ناوبانگی هه‌یه.