ورێن، موێنشنگلادباخ 1975

یۆهانس ماینهاڕت؛ کۆنتێکست


Loading

ئەو هونەرە کە خۆی لەسەر شێوازێکی تایبەتی بەو شتەوە خەریک دەکات کە ناودەنرێت کۆنتێکست، هاوشێوەی ڕەخنەی دامەزراوەکان لەو تەنگژەیەوە سەریهەڵدا کە هونەری مۆدێرن لە شەستەکاندا تێیکەوت. هونەری مۆدێرن هەندێک لایەنی خستە ژێر پرسیارەوە کە لەنێوایاندا ئەم پرسانە هەبوون:

تێگەیشتنی ئیدیالیستی بۆ کاری هونەری، دانانی هونەرمەند بە ئافرێنەری بلیمەت، ئەوجا ئەزموونی ئێستێتیکی. لێ بە هێنانی ئەم پرسانە بۆ ژێر پرسیار هاوکات بە پێویست زانرا کە تێگەی نوێ وەک دەسوێژی شرۆڤەیی ئاوەڵابکرێن و بۆ تێگەیشتن لە هونەر بەگەڕبخرێن. بێگومان ئێستا ئەم تێگانە واژەی ئەوتۆ بوون کە چیدی مۆرکە ناخەکییە ئێستێتیکییەکانی ئەزموون و مەئریفەی کارە هونەرییەکانیان دەرنەدەبڕی، بەڵکو لە پرسیارێکی بنەڕەتییەوە دەردەچوون، کە لە مۆدێرنەدا تا ساڵانی شەستەکان نەکرابوو یان بە دەگمەن کرابوو. پرسیارەکە بریتی بوو لە: ئایا چۆن شتێک دەبێت بە هونەر؟ کەواتە گەر ئێستا چیدی تێگەیشتنێکی ڕۆشن نەچەسپێنرابێت و هونەر دیاری بکات، گەر ئێستا چیدی هەڵوێستێک نەبێت و چواندنی گومانلێنەکراوی پێدرابێت، گەر ئێستا چیدی هیچ ڕاڤەکردنێکی ئۆنتۆلۆگییانە یان مێتافیزیکییانە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە نەدەنەوە، ئەوا دەرککردن لە کرۆکەوە گۆڕانی بەسەردا دێت: ئێستا دەرککردن دەبێت بە هزرین لەو مەرجە دەرەکی و دیسکورزییانە کە کۆمەڵایەتییانە پێناسەی کارە هونەرییەکان دەکەن و مەغزای ئێستێتیکییان پێدەدەن.

تێگەی “کۆنتێکست” تێگەیەکی تیۆریی زمانە کە چە ڕووی ستروکتورالیستی و چە ڕووی پۆستستروکتورالیستی لە خۆ دەگرێت. مەبەستی تێگەکە ئەو تێکستەیە کە دەوری تێکستێکی تایبەتی دەدات، لێ سەر بەو تێکستە دەورەدراوە نییە، بەڵکو ڕۆڵێک بۆ مەغزاکەی دەگێڕێت. هەر بۆ نموونە لە ڕستەیەکدا پاژێک کۆنتێکستە بۆ ئەو ڕستەیە، یان سەرجەمی تێکستێک (گۆتارێک، کتێبێک) کۆنتێکستە بۆ پاژێک، یان تێکستگەلی هەمان نووسەر کۆنتێکستن بۆ تێکستێکی ئەو، یان تێکستگەلی نووسەرانی دی هەن و مەسەلەی زەو نووسەرانەن، لێ تێکستەکانیان دەبن بە کۆنتێکست بۆ نووسەرێکی دیاریکراو. گەر بەگوێرەی شرۆڤەی ستروکتورالیستی بڕوانین، ئەوا دەبینین کە تەنانەت لەسەر ئاستی هەر وشەیەک واتا چێدەبێت. لێرەدا واتا لە لایەک بەڕێی ئەو پەیوەندییەوە چێدەبێت کە پیتەکانی وشەکە بە سەرجەم پیتەکانی دیکەوە هەیانە، لێ لە لایەکی دی بەڕێی ئەو پەیوەندییەشەوە واتا چێدەبێت کە وشەکە بە سەرجەم وشەکانی دیکەوە هەیەتی، بێگومان بە تایبەتی بەو وشە نزیکترانەوە کە واتای هاوشێوەیان هەیە. کەواتە واتا تەنیا بەند نییە بە مەبەست یان بە ویست یان بە ئیدێکانی کەسی پەیڤەر یان نووسەرەوە، بەڵکو هەروەها بەندە بە سیستەمی خودی زمانەوە.

لە سەرەتای حەفتاکاندا هێرمینیۆتیکی پۆستستروکتورالیستی (ژاک دێڕیدا) ڕەخنەی گرت لە شرۆڤەی ستروکتورالیستییانەی زمان و هێما (بۆ نموونە شرۆڤەکەی ڕۆلان بارت). ئەم هێرمینیۆتیکە پۆستستروکتورالیستییە ئاماژەی بۆ ئەوە دا کە هەموو تێگەیشتنێک بەندە بە کۆنتێکستەوە، یان بەندە بە ئەوەوە کە هێشتا نەپەیڤراوە یان نەنووسراوە. بە دیدی دێڕیدا مرۆ ناتوانێت هیچ کۆنتێکستێک (بەمەش هیچ تێگەیشتنێک) سنووردار بکات، چونکە ئەو کۆنتێکستە لە لایەنی خۆیەوە بە کۆنتێکستێکی دی دەوردراوە. گەر هەر کۆنتێکستێک لە لایەنی خۆیەوە تێگەیشتنی تێکست هەمواربکاتەوە، ئەوا ڕەوتی تێگەیشتن هەرگیز بە کۆتاییەک ناگات. ڕەوتی تێگەیشتن هەمیشە گۆڕان بەسەر مەغزادا دەهێنێتەوە، بۆیە چیدی ناشێت مەغزایەکی چەسپ هەبێت. مەبەست لەو مەغزا چەسپەیە کە پێشتر شرۆڤەی ستروکتورالیستی گریمانەی کردبوو. ئەوجا تێگەیشتنێکی دی هاتە پاڵ ئەم تێگە تیۆریی-زمانییەی کۆنتێکست کە بریتی بوو لە تێگەیشتنی هێماییانەی (سێمیۆلۆگییانەی) شتەکان و بەتایبەتی شمەکەکان. واتا ئەم جۆرە تێگەیشتنە شتەکان یان شمەکەکانی بە هێما دادەنا (ژۆ بودریارد). ئەم شرۆڤە سێمیۆلۆگییە لە هونەردا بە تایبەتی بەر ئەو گۆڕانە بناغەییە کەوت کە بەسەر دەرککردن و ڕەچاوکردنی ئێستێتیکیدا هاتبوو، گۆڕانکارییەکەش لە مینیمال ئاڕتەوە سەرچاوەی گرتبوو. ئێستا لەم پەیوەندییەدا مرۆ ڕووی نەدەکردە کاری هونەری و ئەزموونکردنی ئێستێتیکیانەی کاری هونەری (ئەزموونکردنێک کە وەک فریوی ئیدیالیستی هەڵماڵرابوو)، بەڵکو ڕووی دەکردە دەوروبەری کاری هونەری، یان ڕووی دەکردە مەرجە فەزایی و کاتەکی و دامەزراوەییە ڕیال و پێشدراوەکان. ئێستا مرۆ دەیتوانی دەوروبەر (ی سەرەتا فەزایی)، جێ، مەوقیع (Situs/site) و دۆخ، بە تەشکیلی هێما ی بابەتی و وێنەیی دابنێت، ئەوجا بە تیۆریی هێما و وەک کۆنتێکست شرۆڤە و ڕاڤەیان بکات.

لێ کۆنتێکستی تێکستێک و دەوروبەری کارێکی هونەری سەر بە “فەزا”ی تەواو جیاوازن، واتا ئەوان لە لایەک سەر بە فەزایەکی خوازەیی (مێتافۆری) و لە لایەکی دی سەر بە فەزایەکی وشەیین. کەواتە ئەو پەیوەندییە کە هێما لەنێو کایەی ستروکتورێکدا هەیەتی، تەواو جیاوازە لە بەپاڵیەکەوەبوونی ئۆبژێکتە جیاوازەکانی دەرککردن لەنێو فەزایەکی دیاری تەنیەوەدا. لەبەر ئەم هۆیە مرۆ ناچار بوو بۆ دەستلێدان و جیاکردنەوە و جیاوازیکردنی کاری هونەری و دەوروبەر توخمێکی تایبەتی وەربگرێت کە بریتی بوو لە چێوە. چێوە چە بە واتای وشە و چە لە ڕووی خوازەییەوە هەمان فێنۆمێنی پەیوەندیداری ئاڵۆز دیاری دەکات، واتا چێوە پچڕانێکی یان درزێکی دیتەنی و دیسکورزیڤە لەنێو هۆمۆگێنێتیی فەزا و دەرککردندا، لێ  پچڕانەکە سەرەڕای ئەوە سەر بە فەزایە. کاری هونەری خۆی بە جۆر و شێوازی تایبەتی لە دەوروبەر دادەبڕێت و جیادەکاتەوە، بەم ڕێیەشەوە چێوە دەبێت بە جێ ی جیاوازییەک – کە جیاوازییە لە نێوان ناوەوە و دەرەوەی هونەردا، یان لە نێوان کاری هونەری و دەوروبەرەکەیدا. ئێمە تەنیا کاتێک سنووری ئەم جیاوازییە دەبینین، گەر هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی مێژوویی-کۆمەڵایەتی ئەو پرسەمان چەسپاندبێت کە داخۆ کاری هونەری چییە و چی سەر بە کاری هونەرییە. وەک ژاک دێڕیدا دەبێژێت: “پێشمەرجێکی بنەڕەتی بۆ ڕوونکردنەوە ئەوەیە کە مرۆ دەبێت بزانێت داخۆ چۆن ناوەوە، واتا لەچێوەگیراو، دیاری دەکرێت، ئەوجا داخۆ چی وەک چێوە و وەک دەرەوەی چێوە پشتگوێ بخرێن”.

 

 

partir-de-laبیورێن

چێوە لە واتایەکی فراوانتردا کۆنتێکستی فەزاییە (و پاشان کۆنتێکستی کاتەکی و دیسکورزیڤ و دامەزراوەییە). چێوە لێرەدا دەرفەت بۆ دەرککردنی کاری هونەری دەڕەخسێنێت، جگە لەوە لە لایەنی خۆیەوە کاریگەری دەنوێنێتەوە، واتا گۆڕان بەسەر ڕاڤەکردنی کاری هونەریدا دەهێنێت و شێوەی نوێ بە ڕاڤەکردنەکە دەدات. هەروەها کارە هونەرییەکانی دی بریتین لە پانتاییەکی گرنگ و ئاڵۆزی ئەم کۆنتێکستە. لێرەدا کارێک فەزاییانە پەیوەندە بەو کارە هونەرییانەوە و خۆیشی کۆنتێکستێک پێکدەهێنێت. بۆیە دانانی پرۆژەی پێشانگە و ڕیزبەندیکردن و ئینستالەیشنی کارانی هونەری بریتین لە چێکردنی ئاگامەندانەی کۆنتێکستی جیاواز. بە هەمان شێوە گەڕان بەدووی جێدا بۆ دەستتێوەردانی هونەری، هەروەها ڕووکردنە ئەو جێیانە کە وەکو دی هیچ پەیوەندییەکیان بە هونەرەوە نییە، کارکردنی ئاگامەندانەن لە کۆنتێکستدا. لێرەدا هەندێک بەریەککەوتن هەیە لەنێوان ئەم جۆرە کارانە و ئەو کۆنسێپتەدا کە ناونراوە ‘تایبەتمەندیی مەوقیع’ (Site Specificity) و نزیکەی 1970 گۆڕانی پێدرا. بەریەککەوتنیان لە بنەڕەتدا بەندە بە ڕەچەڵەکی هاوبەشی ئەو دوو جۆرەی هونەرەوە کە ناونراون کۆنتێکست ئاڕت و مینیمال ئاڕت، ئەو ڕەچەڵەکە هاوبەشەش لە دوو لایەندایە: خستنی مۆدێرنە بۆ ژێر پرسیار، هەروەها تێگە سەنترالییە نوێکەی دۆخ (زیتواسیۆن).

دانیەل بیورێن ی فەڕەنسی لە ڕووی شرۆڤەییەوە بەهێزترین و ڕیشەییترن هونەرمەندە کە توێژینەوەی کردووە لە چێوە یان لە ئاستە جیاوازەکانی کۆنتێکستدا (کە بریتین لە: دەوروبەری فەزایی، ڕیزبەندیی کاتەکی، کۆنتێکستی دیسکورزیڤ، دەرفەتڕەخساندنی دامەزراوەیی و ئاوەڵاکردنی کارە هونەرییەکان). بیورێن ئامرازێکی زۆر تۆکمە و سادە بەگەڕدەخات تاکو لە دۆخی بینراوە و ئامێرە پێویستەکانی لەچێوەگرتن و هەروەها لە پێشمەرجە دیاریکەرەکان (دێتەرمیناسیۆن) بتوێژێتەوە: ئامرازەکەی بریتییە لە شریتی ستوونیی ڕەنگ جیاواز کە بەڕیز بەدووی یەکدا دێن و چە لە فەزای هونەر (لە مۆزەخانە و پێشانگەکان) و چە لە فەزای گشتیی دەرەوەدا بەکاردەهێنرێن. بیورێن جەخت لەوە دەکات کە دەبێت کاراییەکەی (فونکسیۆنی) خودی چێوە دەربکەوێت، هەروەها بەجەختی دەبێژێت، ئەو لێڕوانینە کە شێوازی کارابوونی کۆنتێکست دەناسێتەوە، لە هێزی مەئریفەیدا زۆر پتر لە هەر شرۆڤەیەکی تێگەیی یان لە هەر دیسکورزێکی تیۆریانە تێپەڕدەکات. ئەمڕۆ وەرچەرخاندنی کاری هونەری ڕووەو کۆنتێکستەکەی (هەروەها ڕووەو کۆنتێکستی کاری دیکە، ڕووەو: کۆنتێکستی دۆخ، کۆنتێکستی دیسکورز و دامەزراوەکان، کۆنتێکستی کۆمەڵگە) لە زۆر بواری بەرهەمهێنانی هونەریدا بووە بە شێوازێکی کرۆکییانەی کارکردن، کە بە جۆری جیاواز لە کارەکانی زۆر هونەرمەنددا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت (بۆ نموونە فەرید ئارمالی، ئاندریا فرەیزەر، ڕێنێ گریین، لویز لۆولەر، کریستیان فیلیپ میولەر، ستیڤن پرینا). بێگومان تێگەی کۆنتێکست ئاڕت وەک دەستەواژە لە کۆتایی هەشتاکان و نەوەدەکاندا بۆ ئاڕاستەیەکی هونەری بەکارهێنرا، لێ ئەمە گومانی لێدەکرێت، چونکە کاتێک ئەو دەستەواژەیە لە کەتەلۆگی پێشانگەکەی گڕاتسدا (1994) بە ناوی ‘هونەری کۆنتێکست’ (Kontext Kunst) بەکارهێنرا، ئەوا بەکارهێنەران بەڕوونی هەوڵیان دابوو دەست بەسەر دیسکورزەکەدا بگرن، ئەوەش نەک تەنیا زۆر هونەرمەند، بەڵکو هەروەها زۆر ڕەخنەگر ڕەتیانکردەوە. جگە لەوە ماوەیەکە دەرکەوتووە کە تێگەی تیۆریانەی “کۆنتێکست” لەنێو سیستەمی هونەردا واتا و بایەخێکی گەورەتری هەیە لە دروشمەکەی “هونەری کۆنتێکست” کە نەیتوانی خۆی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بهێڵێتەوە.

ئەدەبیات

– Jaques Derrida: Signatur, Ereignis, Kontext (1971), in: ders.: Randgänge der Philosophie, 2. Auflage, Wien 1988.

Backstage. Topologie zeitgenössischer Kunst, Ausst.-kat. Kunstverein in Hamburg, 1993 / Kunstmuseum Luzern, Hamburg 1994.

Kontextkunst. Kunst der 90er Jahre, hg. v. Peter Weibel, ausst.-Kat. Neue Galerie, Graz 1993, Köln 1994.

Die Orte der Kunst. Der Kunstbetrieb als Kunstwerk, Ausst.-Kat. Sprengel Museun Hannover, Ostfildern-Ruit 1994.

Betriebssystem Kunst, in: Kunstforum International, hg. v. Thomas Wulffen, Bd. 125, Januar/Februar 1994.

– Daniel Buren: Grenzen / Kritik (1970), in: ders.: Achtung! Texte 1967-1991, Dresden und Basel 1995.

Ein-räumen. Arbeiten im Museum, Ausst-.Kat. Hamburger Kunsthalle, Ostfildern-Ruit 2000.

سەرچاوە:

Begriffslexikon zur Zeitgenössischen Kunst. Hg. v. Hubertus Butin. Köln 2006

فەرهەنگۆک

دیسکورزی تیۆریانە: ڕێکخراوی گۆزارەی تیۆرییانە کە هەوڵ دەدەن زنجیرەی دەربڕین ڕوونبکەنەوە.

فەزای خوازەیی (مێتافۆری): فەزایەکە (ڕاومێکە) وەک کردەکێتییەک کە ئێمە خۆمان بە پێشبینی بنیاتمان ناوە، بە پێچەوانەی فەزای ڕیال کە لە دەرەوە چێدەبێت. بۆ نموونە گەر لە شوێنێک پەیکەرێک دابنرێت، ئەو پەیکەرە لەوێ فەزایەک/ڕاومێک دەگرێت.

هێرمینیۆتیکی پۆستستروکتورالیستی: یان دێکۆنستروکتیڤیزم، بریتییە لە ناوی ئاڕاستە فەلسەفەییەکەی ژاک دێڕیدا و بە هەڵە لە ئارەبەکانەوە واژەی هەڵوەشانگەریی بۆ بەکاردەهێنرێت. لە بنەڕەتدا هەموو بنیاتنانێکی تیۆرییانە ناڕاستی لە خۆ دەگرێت، چونکە ناتوانێت بە ڕاستی ئەوە بێت کە ئەو خۆی پێ دادەنێت. لێرەدا دێکۆنستروکتیڤیزم دەبێت بە ڕەخنە لە مێتۆدەکانی بنیاتنانی تیۆرییانە.

پۆستستروکتورالیزم: لە شەستەکاندا لە فەڕەنسا سەریهەڵدا، کە لەسەر ستروکتورالیزم دامەزرا و هاوکات ویستی نەفیی بکات. لەژێر ئەم ناوەدا زۆر زانا و فەیلەسوف کۆدەکرێنەوە، وەک فووکۆ، لاکان، دێڕیدا، لیۆتارد و هتد.

ستروکتورالیزم: لەسەر بنەمای تیرۆیی زمان دامەزراوە. لە تیۆریی زماندا سەرەتای سەدەی بیستەم زمان وەک سیستەمی هێما دانرا و ستروکتوری (بونیادی) سیستەمەکە کرا بە بابەتی لێتوێژینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە چەندین ئاڕاستە لە فەلسەفە، سۆسیۆلۆگی، پسیکلۆگی و هتد دامەزراون و هەر یەکەیان پەیوەند بە بوارەکەی خۆیەوە لە ستروکتورەکانی سیستەمێک دەتوێژێتەوە.

شرۆڤەی تێگەیی: لێرەدا مرۆ شرۆڤەی تێگە ناکات، بەڵکو تێگەییانە شرۆڤەی ڕەوش، ئۆبژێکت یان زانین و هتد دەکرێت.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین