كه‌ریم سه‌ماوی شانۆنوسی گرنگی ئێراقی- له‌ ٣٠ سێپتمبه‌ری ٢٠١٩ كۆچی دوایی كرد

لەو ژوورەدا پیاوێک دەژی


Loading

ڕۆژێکی زستانی پاشی سیویەکی ئاب بوو، لە چایخانەی جمهورییەوە بەرەو فولکەکەی بەردەرکی سەرا هاتم و دەمویست بگەمە پاسەکانی تووی مەلیک. هێشتا فولکەکەم تێنەپەڕاندبوو بارانێکی بەخوڕ دایکرد، بارانێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو بوو و لەچاو تروکانێکدا تەواوی دونیای شۆردەوە و منیشی لەگەڵ خۆی تەواو تەڕی کردبوو. وەک چۆلەکەی بەربارانم لێهات و  کەوتمە ڕاکردن و کاتێک سەرم هەڵبڕی، دیمەنی کەسێک سەرنجی ڕاکێشام. پیاوێکی ئیفلیج بوو و لەبەر ئەو بارانە بەخوڕە، لەناو ڕاستی شەقامەکە وەستابوو و نەیدەتوانی بجوڵێت.

كه‌ریم سه‌ماوی شانۆنوسی گرنگی ئێراقی- له‌ ٣٠ سێپتمبه‌ری ٢٠١٩ كۆچی دوایی كرد

ناو جادەکان بەخێرایی کەسی لێنەما و هەرچی خەڵکەکە بوو خۆیان کرد بەناو چایخانەکان و ژێر چەرداخی بەر دووکان دا. دیار بوو کابرا ماسولکەکانی گرژ بوو بوون، خێرا خێرا قاچێکی دەجوڵاند و دەیوست هەرچۆنێ بێت لەدووی بێ و نەدەهات. گرفتیشی تەنیا ئەو قاچەی بوو کە لەوێدا لە جوڵە کەوتبوو. دیمەنی کابرا کتومت وەک منداڵێک دەهاتە پێشچاوم پەیتا پەیتا، پایدەر لە پاسکیلێک بدات و نەزانێت زنجیرەکەی پچراوە. کابرا هەموو گیانی بوو بوو بە ئاو و بارانیش تا دەهات بەخوڕتر دەباری. خەڵکانێکیش لەژێر چەرداخی دووکانەکانەوە، لێیان دەڕوانی. لەو پیاوەیان دەڕوانی، کە هەر بە تەنیا بۆ خۆی لەبەر ئەو بارانەدا بەجێمابوو بۆی نەدەکرا بجوڵێ.

نازانم چ هێزێک بوو وای لێکردم بە پەلە بەرەو لای کابرا ڕابکەم و خێرا باوەشی بکەم و بەرەو چایخانەکەی تەنیشتی ئارەق فرۆشییەکەی جەرجیسی بڕفێنم و لەوێ لەسەر کورسییەکی دانێم. ئیستا کە ئەو چرکەساتە بەیادی خۆم دەهێنمەوە، شەرم لە خۆم دەکەم و تک تک ئارەقی شەرمەزاری دەڕێژم. تاوه‌كو  نەچوومە دەرەوەی وڵات تێنەگەیشم ئەو کارەی من کردومە سووکایەتی کردن بووە بە پەککەوتەیێک. دەبوو بەجۆرێکی دی یارمەتیم بدایە، چەترێکم فریا بخستایە، یاخود ماشێنێکم بۆ بەکرێ بگرتایە و بمگەیاندایەتە شوێنێک. ئێمە خەڵکانێکین بەوجۆرە دەربارەی دەستگیرۆیی پەککەوتەیێک بەبار هێنراوین، بەڵام ئەو دەم من شانازیم بە کردوەکەی خۆم هات.

من ئەوم لەسەر کورسی چایخانەیێک جێهێشت و ڕۆیشتم بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وشەیێک بم لەوەوە. من هەموو هەست و سۆزم پڕی بوو لە داچڵەکین و سەرسامی. ئاخر کاتێک باوەشم کرد بوو، ئەوجا بۆم دەرکەوت کە هەردوو دەستیشی ئیفلیجە و بەباشی ناجوڵێن. ئەو پیاوە بە باوەشمەوە هیندەی منداڵێک کێشی هه‌بوو. ئیستاش کە ئەو چرکەساتە دێنمەوە یادم، دوو مرۆڤی تەڕ لەژێر باران، یەکیان نیوە مرۆڤ و ئەوی دییان خەریکە مانای مرۆڤبوون دەدۆزێتەوە، هەستێکە، موچڕکە دەخاتە نێو گیانم. من ڕۆیشتم و هێواش هێواش کارەکتەری ئەو دەهاتە بەرچاوم و شتێک لە ناخی مندا خەریک بوو لە قوڵاییەوە دەهاتەدەر و نەمدەزانی چییە.

نیوەشەو بوو چیرۆکێکم بەو ناوەوە نووسی (پیاوێک لەو ژوورەدا دەژی)  پیاوێکی ئیفلیجی تاڵانکراو، ماڵدزراوی لە دونیا جێهێڵراو. ئەو پیاوەی ناو چیرۆکەکەی من سیما و جوڵە و ژیانی لەو پیاوە وە وەرگرت، کە پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە بە باوەش گەیاندبوومە چایخانەیه‌ک و نەمزانی کێیە و پێشم وانەبوو جارێکی دی چاوم پێی بکەوێتەوە.

بۆ ڕۆژی دوایی بەنیازی کار، من دەچووم بۆ بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری. چیرۆکێکم لە گیرفان دابوو، ئەو بەرەبەیانییە تەواوم کردبوو، چیرۆکێی سەیربوو هەر بە هەناسەیه‌ک هات و هەر بە هەناسەیەکیش تەواو بوو. کە لە نزیکی (چایخانەی شەعب)  دەچوومە خوارێ بۆ خواردنەوەی چاییەک، ئەو پیاوەم تووش بوو…کتومت پاڵەوانی چیرۆکەکەی خۆم بوو. سڵاومان لێک کرد و یەکترمان ناسی، ئەو کورد نەبوو، عەرەب بوو. ئەو پیاوە، (کەریم سەماوی)  بوو، شاعیر و ڕەخنەگر و شانۆنوسی مەزنی عێراقی. هاوڕێیەتیەکی سەیر کەوتە نێوانمان و دوو سێ ساڵی خایاند، سەرەتای ناسینمان ئاوا بوو بۆ من و کۆتایی لێکجیابوونەوەشمان چیرۆکێکی دییە و لە شوێنێکی دی گێڕاومەتەوە و لە پۆستێکی دیش دواتر جارێکی دی دەیگێڕمەوە. مەرگی تۆ زۆر ئازاری دام هاوڕێ و کارەکتەری ناو چیرۆکەکەم، چ ژیانێکی پڕ لە ئازار ژیای. هیوامە مەرگ حەسانەوەیێک بێ بۆ قاچ و دەستە پەڕێشان و پڕ لە کۆڵەوارییەکانت.

 

سه‌رچاوه‌؛ واڵی فه‌یسبوكی چیرۆكنوس ؛ فاروق هۆمه‌ر

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.