بەرزکردنەوەی یاسای جەعفەری دەربارەی بەیاساییکردنی بەشوودانی کچی نۆ ساڵ بۆ مشتومڕکردن لەپەرلەمانی ئێراقدا، ئەوەندە گرفتئامێز و پڕ کەموکورتی و کەلێنە کە ناکرێت هەروا ئاسان لێی بێدەنگ بین و لەسەر مەترسیەکانی نەوەستین. هەر بێشەرمی و بێڕوویی بەرزکردنەوەی داوا و خولیایەکی لەو چەشنە بۆ پەرلەمان ئەوەمان پێدەڵێت کە ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، دەگەڕێتەوە بۆ چرکەساتەکانی پێش یاساکانی باری کەسێتی بەر لە ریفۆرمەکانی ساڵی ١٩٥٩ کە تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری کچ بە ١٨ ساڵ، دانراوە.
ئەوەی ئامانجی منە لەم وتارەدا لەسەری بوەستم، بەشە یاساییەکەی نییه، بەڵکو کۆی فاکتەر و هۆکارە کۆمەڵایەتی سایکۆلۆژیەکانی پشت بڕیارەکەیە کە دەکرێت لە چەند تەوەرەیەکدا کورت و پوخت لەسەریان بدوێم.
یەکەم: گرفتی سەرەکی ئەم چەشنە لە داڕمانی بەهای یاسا و مرۆڤ بریتیە لە سەندنەوەی مافی هاوڵاتیبوون لە مێینە و بچووکردنەوە و قەتیسکردنی لەو دەزگا کۆمەڵایەتیەدا کە ناوی خێزانە.
ئەوەی کە پێشنیارکەرانی ئەم یاسایە هەوڵی بۆ دەدەن تەواو پێچەوانەی خەونی ئەو دەوڵەتە فیدراڵی شارستانییهیە، کە بڕیار بوو ئێراقی نوێ نوێنەرایەتی بکات. باشترین هۆکارێک کە پێمانبڵێت ئێراق نەک نەبووە بە دەوڵەتێکی فیداراڵ و مۆدێرن، بەڵکو گەڕاوەتە بۆ قۆناغەکانی هەژموونی خێزان، خێڵ، عەشیرەت و مەزهەب و پیاوانی ئایینی.
بوونی خولیایەکی لەم جۆرەیە کە لە جیاتی ئەوەی کار لەسەر دروستکردنی (سوبێکتێکی نوێ) و پڕ لە گەرانتی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ مێینەی ئێراقی بکات و بەڵێنی ئەوەی بداتێ کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری یاسایی هەیە بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی دەکات تا لەدەست ستەمی دەزگا کۆنەپارێزەکانی وەک خێزان و خزمخزمێنە و خێڵ بیپارێزێت، بە پێچەوانەوە و بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکە سیاسیە فەرمیەی دەوڵەت کە مامەڵەکردنی مێینەیە وەک هاوڵاتی و هاومافی نێرینە، دیسانەوە وەک فێڵێکی سیاسی و شەرعی، خۆی لە مامەڵەکردنی مێیینە وەک (بونەوەرێکی سیاسی) و خاوەن مافی مرۆیی دەدزێتەوە، سەرلەنوێ دەیلکێنێتەوە بە خێزانەوە و وەک جەستە/تەنێکی بیۆلۆژی مامەڵەی دەکات.
دەوڵەتی ئێراق بە ڕەوایەتیدانی بە یاسایەکی لەم چەشنە، خۆی لە ئەرکە سەرەکیەکەی کەڕدەکات کە بەرهەمهێنانی مرۆڤی سەربەخۆ، خاوەن ماف و پەروەردەکراوە بە زانینی نوێ، هەر بۆیە پێشنیار بۆ یاسایەکی لەم چەشنە دەکات، تاوەکو دیسان خۆی بێبەری بکات لە نیوە زیاتری کۆمەڵگەکەی کە مێینەکانین!
دووەههم؛ لە ڕەهەندە ترسناکەکانی یاسایەکی لەم چەشنە دۆزینەی فرتوفێڵی یاساییە بۆ ڕەوایەتیدان بەو چەشنە لە هاوسەرگیری لەسەر بنەماگەلێک کە ڕیشەیان لەناو خودی ئایینی ئیسلامدایە: چ وەک ئیدیاڵ و بەرزەمنی پیاوان کە (موحەمەد)ە هەروەها کردنی مۆدێلی هاوسەرگیری پەیامبەر موحەمەد لەگەڵ (عائیشە) ی دایکی موسوڵمانان وەک تاقە مۆدێڵی ڕەواو شایستە بە پەیوەندی هاوسەرگیری.
بە بۆچوونی سەلەفیەکی وەک (مەلا عەبدولەتیف) وەک لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکادا لەسەر یاساکە دوا؛ هیچ گرفتێک لەم یاسایەدا نییه گەر هاتوو باوکی کچە تەمەن نۆ ساڵانەکە هەستیکرد پیاوێک هاتۆتە داوای کچەکەی کە هاوشان و هاوشێوە و هاوئاکاری (موحەمەد) ە لە نەجابەت و شەرافەت و شەهامەت و کەرامەتدا!
گەر ئێمە ئەم دیدە هەڵبوەشێنینەوە، ئەوا دەڵێین ئارەزووەکە بەتەنها مەبەست لێی تێرکردنێکی سێکسیانە نییه (بەمانا سەلەفیەکەی)، بەڵکو ئەم پرۆسەیە لە نەستی خۆیدا ئیش بۆ ئەوە دەکات کە هەمو پیاوانی دونیا بکات بە موحەمەد. واتە بیناکردنی کارەکتەری شەریف و نەجیبی موحەمەد لە ناو کەسێتی هەموو پیاوێکدا وەک یۆتۆپیایەکی ئیسلامیانە.
کەواتە گرفتەکە لێرەدا بەتەنها بەشوودانی کچێکی نۆ ساڵ نییه، گرنگ ئەوەیە بەم یاسایە کارەکتەری پیاوێک بونیادبنێیت لەسەر وێنەی موحەمەد! بە مانایەکی تر، ئارەزوو لە دوالیزمەی بوون_هەبوون خۆی نمایشدەکاتەوە بە مانا فرۆمییەکەی. ووردتر بڵێین ئەم دیدە سەلەفیە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئارەزوو ئەو شتە نییە کە پیاوان نیانە و ئارەزووی دەکەن (هاوسەرگیری و سێکسکردن لە گەل مناڵێکی نۆ ساڵ وەک ئەوەی لە یاساکەدا هەیە) بەڵكو ئەوەیە کە دەیانەوێت ببنە هاوشێوەی ئیدیاڵە ئاینییهکەیان، ببنە ئەوی تری باڵا (فیگەری موحەمەد).
گرفت لەم جۆرە کەلتورەدا ئەوەیە کە ژن نەک هەر نابێتەوە بە ئەوی تری پیاو وەک ئەوەی کە (دی بوڤوار) باسی دەکات، بەڵکو هەر پیاو خۆی دەبێتەوە بە ئەوی تری خۆی، واتە دروسستبوونی کولتورێکی مۆنۆسێکسوێلە (بە مانا ئیریگارییەکەی) کەلتورێک لە یەک ڕەگەز و یەک چەشن لە پیاو، کە ژن تیایدا بوونی نییه. واتە لەم جۆرو کولتورەدا ژن وەک ڕەگەز بوونی نییه، بەڵکو بریتیە لەو ئەوی ترەی کە پیاو نییه.
سێهەم: گەڕانەوە بۆ کارکردن بە دوالیزمی ( پیرۆز/پۆخڵ) لە پەیوەست بە جەستەی ژندا. بەشێکی تری کارەساتەکەیە. مێینە (وەک ئەوەی لە شەرعی ئیسلامیدا باوە) کە بۆ یەکەمجار بە دۆخی سوڕی مانگانەدا دەڕوات، ئیدی لەوە دەکەوێت مناڵ بێت، بەڵکو دەبێتە بوونەوەرێکی شیاو بۆ مناڵدروستکردن لە پاش پڕۆسەی سێکسی. پاش ئەم دۆخە بیۆلۆژیە، ئیدی کەلێنێک دەکەوێتە جەستەیەوە کە وا دەکات خودی جەستەی بەدەست جۆرێک لە بێئۆقرەییەوە بناڵێنێت و بەردەوام لە نێوان دۆخی (پیرۆز/پۆخڵ) دا جۆلانێبکات. هەربۆیە ڕەواتیدان بۆ بەشوودانی بەر لە ڕژانی خوێن وەک سوڕی مانگانە پتر ئارەزووکراوە لای پیاوی ئایینی.
نابێت ئەوەیشمان لەیادبچێت کە لەم تەمەن و قۆناغەدا مناڵ خۆی لیبیدۆی لە دۆخێکی مت و سستدایە، بەو مانایەی کە هیچ ئارەزوویەکی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر نییه، بەڵکو جۆرێک لە ڕقی تێدایە و بێزی لێدەکاتەوە. هەردوو تیۆرەی (فرۆید( و (ئێرکسن) بۆ گەشەی مناڵ لەسەر ئەوە تەبان کە لەم قۆناغەدا مناڵ ڕێنمای بکرێت و ئیش لەسەر بزواندنی ئەو لیبیدۆ/ وزە سستە بکرێت تا بتوانێت لە ژیان و چونە ناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، بەکاری بهێنێت. بەهەڵەدابردنی مناڵ لەم قۆناغەدا و شکاندنەوەی ئەم وزە مت و سستە بە شێوەیەکی ناڕێک و ناپەروەردەییانە، دەبێتە مایەی گەڕاندنەوەی بۆ قۆناغی ئۆیدیپۆسی. هەر بۆیە بەشێکی زۆری ئە مناڵانەی کە دووچاری پەلامار و لاقەکردنی سێکسی هاتوون لەو قۆناغەدا یان دەبنە (لیبیدۆیەکی مردوو، پاسڤ و هیچ نەکردە) لبیدۆیەک کە لە قۆناغی ئۆیدیپۆسیدا گیریخواردووە، یان ئەوەتا لە پاشەڕۆژدا دەبنە کەسێکی بێسنوور و پەڕگیر لە ژیانی سێکسیدا.
باشترین نموونەشمان ژیانی تایبەتی عائیشەی هاوسەری موحەمەد خۆیەتی کە ئێستا باڵی شیعە سەزەنشتی دەکەن بەوەی کە گوایە ووردەکاریە سێکسیەکانی سەرجێگای خۆی و موحەمەدی لەلای خەڵکی گێڕاوەتەوە و بەمەش نارسیزمی ئەوی شکاندووە: لەدۆخە پیرۆزەکەی خۆی دەریهێناوە و کردوویەتیە بابەتێکی پۆخڵ بۆ تانەوتەشەر.
چوارەم: خاڵ کە گرنگە باسی بکەین ئاستی گەشەکردنی کەسێتی و سایکۆلۆژیای ئەو مێیینە تەمەن نۆ ساڵانەیە کە دەدرێت بە شوو.
ئەگەر ئەو دابەشکردنەی فرۆیدمان بۆ کەسێتی مرۆڤ قبوڵکرد کە دەیکات بە سێ بەشەوە؛ (ئەو، من و بەرزەمن) ئەوا زۆر سانایە کە ببینین لە بەردەم بونەوەرێکداین کە خاوەنی خۆی (من) ی خۆی نییە، بەڵکو هێشتا لە دۆخە غەریزیەکانی خۆی (قۆناغی ئەو) دایە، دۆخێکی نائەقڵانی و نا هۆشیارانەی ئەوتۆ کە هێشتا زمانیش تیایدا گەشەی تەواوی نەکردوە. لێرهوه دانانی ئەم تەمەنە بۆ بە شوودانی مێینە هەر بەتەنها بۆ تێرکردنی غەریزە ئاژەڵییەکانی پیاو نییە بەڵکو ڕامکردن و جڵەوکردنی ئەو بوونەوەرەیە کە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیایەتی وەک مرۆڤ.
گەر بە زمانی کولتورناسێکی وەک (گایاتری سپیڤاک Gayatri Chakravorty Spivak) ڕوونی بکەینەوە، ئەوا دەڵێین؛ ئەم بوونەوەرە لەو دۆخەدا دەژی کە وەک (سوبالتە) مامەڵەدەکرێت و باشترین هەڵە بۆ کۆنترۆڵکردنی لەلایەن پیاوەوە لەو تەمەنەدا. (سوبالتە) کە لە بنەڕەتدا چەمکێکی (ئەنتۆنیۆ گرامشی)ە بۆ پێناسەکردنی پڕۆلیتاریای ڕێکنەخراو، ئەو هێزانە لە جوتیار و سەپان و کرێکار کە دەکەونە گوندەکان و دەرەوەی شارەکان و هێشتا ڕێکنەخراون، هێشتا توانای بەرهەمهێنانی زمان و گوتاری تایبەتە بە خۆیان نین، دووجار دەچەوسێنرێنەوە، جارێک لەلایەن ئەو توێژە ڕۆشنبیرەی کە وەک بوونەوەری بێزمان لێیان دەڕوانن، جارێکیش وەک قوربانی دەسەڵاتی بۆرژوا.
سپیڤاک هەمان زاراوەکەی گرامشی بۆ شیکارکردنی دۆخی خراپی ژن لە هیندستان بەکاردەهێنێت (بێگومان لە کۆنتێکستی توێژینەوە پۆست – کۆلۆنیالیەکاندا) تا لەڕێیەوە قسە لەسەر ئەو (ژنە بێدەنگە) بکات کە جگە لە خۆی، هەمووان دەتوانن لەبارەیەوە بدوێن و قسە لەسەر ژیانی و ئایندەی بکەن.