چیرۆكنوس؛ ده‌ریا عه‌بدوڵا

دەریا عەبدوڵڵا؛ چیرۆکـی خاڵە تاریکەکان


Loading

١

“ڕەحیمی بەدبین” بە دڵتەنگی لە ماڵەکەی هاتەدەر. دەرگاکەی لەدوای خۆیەوە بە هێواشی داخست. کەمێک وەستا، سەیری جۆگەلە قوڕاویەکەی مەیانی کۆڵانەکەی کرد و بە بۆنە ناخۆشەکەی هەستی بە بێزاری کرد. وێڕای ئەوەی یەکەمجار و یەکەم بەیانی نەبوو بە هاتوهاواری ژنەکەی لەخەو هەستابوو، بەڵام هەمیسان لە قسە ڕەقەکانی دڵگران بووبوو. هەموو بەیانییەک بە دڵـبەدوایی و ڕەنجاوییەوە دەهاتە دەرەوە و بەرەو دوکانەکەی دەکەوتە ڕێ. حەزی لە کارکردن نەبوو، ئەوەی وای لێ دەکرد کار بکات، عیشقی “فەلەکناز”و گریانی منداڵەکەیان بوو بۆ پەرداخێك گیراوەی شیر.

زۆربەی بەیانیان لە دەنگە دەنگ و گریانی بە کوڵی منداڵەکەی و شیڕە شیڕی ژنەکەی خەبەری دەبووەوە. بەم هۆیەوە هەستی بە بێزاری دەکرد و کارکردنی بە نەعلەت دەکرد. پێی وابوو کارکردن بوار بۆ خۆشەویستی ناهێڵێتەوە و بەدگۆڕان دەخاتە جوانییەکانەوە و، چرۆکانی ژیان ئەفسووردە دەکات. لەمێژبوو هیوای بە ژیانێک دەخواست خاڵی بێت لە کار. هەموو ئەو کەس و قسانەی بەنەفرەت دەکردن، کە کارکردنیان موقەدەس دەکرد. ئەو، کەڵکەڵەی ژیانێکی هەبوو کارکردنی تێدا نەبێت و خۆشەویستی ڕێڕەوە سەرەتاییەکانی خۆی تا کۆتایی بەرێت و، کارکردن و لێک دوور کەوتنەوە درز نەخاتە پەیوەندییە ڕۆحییـەکانەوە.

ساڵانێک بوو ژیانی هاوسەرینیان لەگەڵ “فەلەکناز”دا پێک هێنابوو. جگە لە دوو ساڵی سەرەتای ژیانی هاوبەشیان، لە دوای ئەو ئه‌و ماوه‌یه‌ خۆشەویستییان پووکابوویەوە. پووکانەوەیەک، کە جەنجاڵییەکانی ژیان و ڕاکەڕاک و کارکردن دروستی کردبوو…گەیشتە سەری کۆڵانەکە و وەک هەموو جارەکانی تر چوار پیرە پیاوی لەژێر دارتووەکەی ماڵی “موحەممەدی ڕەحمەتی”دا بینی. دووانیان بەپێوە بوون و گەنگەشەیان بوو، خۆیان لەیەکتری مۆڕ دەکردەوە و دەنگیان بەسەر یەکتریدا هەڵدەهێنا. یەکێکی دیکە پشتی لەوان کردبوو، وەک لە موناقەشەکەیان جارز بووبێت وابوو. ئەویدیکەش لەسەر کەرپووچێک دانیشتبوو و وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی غڕەغڕی بە قوڕگی دەکرد و بەڵغەمی لەبەردەم خۆیدا ڕۆدەکرد. بێ ئەوەی گوێیان پێ بدات بە لایاندا ڕەتبـوو. هەموویان چەند چرکەیەک بێدەنگ بوون و تەماشایان کرد، بەڵام ئەو نە نیگای بۆ کردن و نە سڵاویشی لێ کردن. بێهوودە لە هەموو شتێک، بە هەنگاوی قورس، بە دڵێکی سیخناخی غەم، بە چاوی سوور هەڵگەڕاو، ملی ڕێگەی گرتە بەر.

 چەند ساڵێک بوو لەیەکێک لەشارۆچکەکانەوە گواستبوویەوە یەکێک لە شارە گەورەکان کە بە شاری “جواننـاسەکان” ناسرابوو. شاری جوانناسەکان هیچ بەلایەوە جوان نەبوو، زیاتر لە شارێکی گەورەی پڕ لە خێڵ دەچوو. پڕ بوو لە کەسانی دەمارگیر و زووهەڵچوو. ئەو پێی وابوو ته‌مه‌نێكی زۆری بەڕێکردووە و بەهۆی ئەو نەهامەتییانەی لە ژیانیدا بەسەری هاتوون ئەزموونێکی زۆری کردووە. لەبەر خۆیەوە دەیگوت: “هیچ شوێنێک لە هیچ کوڵەسووچێکی ئەم دونیایەدا ئاسوودەم ناکات.. تەنانەت جوانناسەکانیش.”

لەوەتەی هاتبووە شاری “جواننـاسەکان”ەوە ئیسراحەتی لێ هەڵگیرابوو. هەر بەدوای کارەوە بوو و هیچ ئەنجامێکیشی نەبوو. لە گێتییـدا بستێک خاک و پارووە نانێکی دڵنیایی نەبوو لەسایەیدا بژیێت. دەیەویست واز لە دوکانەکەی و بەگشتی واز لە کارکردن بهێنێت و لە گۆڕەپانی هیلاکییدا خۆی بداتە دەست ڕەشەباکان. بەڵام دەستێک وەک دەستی خودا، لە ناوەوە دەیگرت و بێ ویستی خۆی دەیخستە ناو بەردەوامیی. نەیدەزانی ئەو شتە چییە وا دەکات بەردەوام بێت، بەدوایدا دەگەڕا و نەیدەدۆزیەوە. لە دڵی خۆیەوە دەیگووت: “ئەگەر توانام هەبێت، هۆکارەکانی بەردەوامیم لەناو دەبەم، تا بەردەوامیی بەم هیچ و پووچیەوە نەدەم. ژیان لە گەوادیی زیاتر هیچی دیکە نییە، کە بە ملی ئینساندا دێت.” بێ ئاگا لەوەی ئەو دەستەی وای لێدەکات بەردەوام بێت “فەلەکناز”ی هاوسەری و منداڵە گرینۆک و برسیەکەیەتی.

خەیاڵەکانی بەرچاویان گرتبوو، دەرگای بینینی ڕەش هەڵگەڕابوو، تاقە ڕوناکیەک خەیاڵەکانی بوون. ئاگای لە ڕێگەکەی نەمابوو، هەنگاوە ڕاهاتووەکانی بەو کۆڵانانەدا دەیان برد، کە هەموو بەیانییەک پێـیاندا تێدەپەڕی. فیکر و خەیاڵەکانی ڕاوەستان؛ هۆشیاریی، وەک پڵتەی کوارگێک کە لەزەوییەوە دێتەدەر، لەناو خەیاڵەکانیدا قووت بۆوە. سەیری دەورانـپشتی خۆی کرد و هەموو شوێنێک: دیوارەکان و دوکانەکان و باخچەکان نامۆ بوون بۆی. چاوەکانی داخست و دەستی بە ڕوخساریەوە گرت. چەند خولەکێک هەروا مایەوە و دواجار بە ئەهوەنی چاوەکانی کردنەوە و کەمێک دوور لەخۆی دوکانەکەی لە بەرانبەری بوو. ئاهێکی هەڵکێشا و بە ڕاڕەوەکەدا چووو دوکانەکەی کردەوە. سەوزە و میوەکانی خستە سەر مێزە پلیکانـەدارەکە و لە چاوەڕوانی موشتەرییـدا، لەسەر ئەسکەمیلەکەی دانیشت.

 

٢

چەند ڕۆژێک بوو زیاتر لە پێنچ کیلۆ میوەی نەفرۆشتبوو. هێندەی میوەکانی بۆ ماڵەوە دەبردنەوە نیوهێندە خەڵکی لێی نەدەکڕی. وێڕای ئەوەی بێ بازاڕییـەکە بەهۆی کەم دەرامەتی و باڵادەستی هەژاریی بوو بەسەر تەواوی وڵات و بەتایبەتی شاری جواننـاسەکان؛ بەڵام ڕەوشی دوکانەکەی ئەو لە دوکانەکانی دی خراپتر بوو. بەو پارەیەی پەیدای دەکرد، دەبوو تەنیا خەم لە کڕینی شیری منداڵەکەی بخوات. لەگەڵ “فەلەکناز”دا تا ڕادەی قوربانی دان، تا سەروەختی ئاویلکەدان، خۆیان لە حاجات و ئارەزووەکانیان دەبووارد. ژیانێکی کولەمەرگی دەژیان و خواردنیان تەنیا تەماتەی سوورەوەکراو و پەتاتەی کوڵاو بوو، هەڵبەتە ئەگەر ئەویش هەبووایە. هەتا نیوەڕۆ هەر لەسەر کورسییەکەی بوو، ئیشی تەنیا دانیشتن و خوێندنەوەی کتـێبـێک بوو بەناوی “نەفرەت لە دۆستۆیڤسکی”. نەیدەتوانی لە ماڵەوە کتێب بخوێنێتەوە، ئەو کاتانەی دەشیـخوێندەوە، زیاتر نیوە شەوان بوو لەژێر ڕۆشنایی گڵۆپێکی نیمچە خامۆشدا. دوای ئەوەش دەیخستە ژێر فەرشەکەوە تا نەبینرێت. چونکە ژنەکەی نەیدەهێشت کتێب بخوێنێتەوە و دەیەویست خۆی بە کارکردن و ژیانـکردنێکی شەرەفمەندانەوە خەریک بکات کە تیادا سەرشۆڕی خەڵکی و هیچکەسان نەبن. وێڕای ئەوەی سەردەمانێک “فەلەکناز”یش خوێنەرەوەیەکی باشی کتێبەکان بوو، کەچی زۆرجار بە “ڕەحیم”ی دەگووت: “لەگەڵ کتێبدا تۆ تەنها کات بە فیرۆ دەدەی، سەرباری ئەوەی بەم هۆیەوە زێدەخەرجیی دەکەیت و دونیایەکی یۆتۆپی بۆخۆت فەراهەم دەکەی. تۆ دەبێ سەروکارت لەگەڵ واقیعدا بێ؛ ئەو واقیعەی خەریکە هەموومان بهەنجنێت و بمانـکوژێت.” …ئەم قسانە تاسیریان کردبووە سەری و چەند ساڵێک بوو ئاوێتەیی خۆی لەگەڵ کتێبەکاندا کاڵ کردبووەوە. چونکە دەیزانی هەرچەندی بخوێنێتەوە، ناتوانێت ماڵوێرانیەکانی خۆی پێ تیمار بکات.

کاتی مەلا بانگدان بوو، خەڵکی ڕەشۆک و بێکار بە لێشاو لە بازاڕەوە بەرەو مزگەوتەکان دەڕۆیشتن. دوکاندارەکانیش دوکانەکانیان دادەخست و بەتاقەتەوە بەپیری بانگهێشتی مەلاکانەوە دەچوون. “ڕەحیم” بەینی لەگەڵ هیچ ئاینێکدا خۆش نەبوو و ماوه‌یەک بوو هەموویانی ڕەتکردبووەوە و خۆی پێوە مژووڵ نەدەکردن. ڕاستە بۆخۆی لە بنەڕەتدا لە کۆمەڵگه‌یەکی ئیسلامیدا بوو، بەڵام، چونکە هیچ چاکسازیی و دلۆڤانییەک لە ئایینەکانەوە چارەی دەردەکانی نەدەکرد، پێی باش بوو بە دەردەکانی خۆیەوە بژیێ و مشووریان لێ بخوات، نەک هیوا لەسەر خورافییە ئاینییەکان هەڵبچنێت. وێڕای ئەوە، هەرکاتێکیش دەنگی مەلاکانی دەهاتە بەرگوێ، شابوون و کەیفخۆش، چەناگەی دەخستە سەر سینگی و لەبەرخۆیەوە دەستی بە پێکەنینێکی هێواش دەکرد. چونکە ئەو کەمە شتەی دەشیفرۆشت، لە سایەی داخراویی دوکانەکانی دیکەوە بوو.

جەماعەت تەواو بوو و دوکاندارەکان هەموویان گەڕانەوە. دوکانەکانیان کردنەوە و بە پەڕۆ پیسەکانیانەوە خەریکی پاککردنەوەی کەلوپەلەکانیان بوون. وەک ئەوەی خەڵک تێر و تانگر بێت و هیچ کەمایەسییەکی ئابووری لەگۆڕێدا نەبێت، موشتەری ڕوویان تێکردن و پارەیان خستە مشتیانەوە. بازاڕ پڕ حەشامات، کڕیاری زۆر، ئاپۆڕەی هەندێ کڕیار لەسەر هەندێک لە دوکانەکان دروست بوو؛ کەچی “ڕەحیم” مێشێکیشی میوان نەبوو. هەر کاتێک دەکەوتە خەیاڵی بێ ئیشی و خەیاڵی نەفرۆشتنی سەوزە و میوەکانی، مەیلێک دایـدەگرت، مەیلی گاینی هەرچی سەوزە و میوەیە. هەستی بە ناڕەحەتی دەکرد و ختووکەیەک هەناوی دێنایە خروو. سکی دێشا و دەمارەکانی سست و لاواز دەبوون. چنگی لە میوەکان دەگرت و وەک ئاژه‌ڵ قاپی لێ دەگرتن. ئارەزووی دەکرد سندووقەکان هەڵبڕێژێت و بە پا بچێت بە سەریاندا و بیانتلیسێنێـتەوە. بەحەسرەتیش بوو کەسێک پێی بڵێ: “بۆ وا دەکەی؟” تا بێ یەک و دوو، بێ هیچ پێچوپەنایەک، بیکوژێت و لەم حەیوانییەت باڵادەستییەی دونیا نەجاتی بێت؛ هەڵبەتە لای ئەو، دونیا ئەو شوێنە بوو کە تیایدا دەژیا. هەندێجار لەخۆوە هەڵدەستایە سەرپێ و لە ڕێڕەوی درێژی ناو دوکانەکاندا هاواری دەکرد: “وەرن تەماتە، تەماتەی جوان. خەیار، خەیاری جوان. سڵق، سڵقی جوان. کەوەر، کەوەری جوان. هاهاهاها.. هەر بەڕاست سەوزە و میوەکانت جوانن؟ بەڵێ بەڵێ، تشتی جوانمان هەیە. مۆزی درێژ، تەماتەی خڕ و پڕ، شووتی زل، کاڵەکی بۆندار.. هەر شتێک بتانەوێت، لێرە دەست دەکەوێت.”

کات بوو بە عەسر و بەرەو ئێوارە غلۆر دەبووەوە، کەچی هێشتا هیچی نەفرۆشتبوو. بیری “فەلەکناز”ی دەکرد و خەمی منداڵەکەی بوو. قەت حەزی نەدەکرد ئێوارە دابێت؛ چونکی هەر ئێوارەیەک ڕووەو ماڵ دەڕۆیشتەوە، ترسی لە مەرگی منداڵەکەی هەبوو. دەترسا ڕۆژێک بڕواتەوە و بەسەر مەرگی منداڵەکەیـدا بکەوێت. ئێواران دۆزەخێک بوو لە ناخیدا هەڵایسابوو. ساڵانێکی زۆر بوو ئێوارانی بەنەفرەت کردبوو. ئەم بەنەفرەت کردنەش چیرۆکی خۆی هەبوو: ئەو کاتەی لاو بوو، بە کۆڵانەکانی ئەو شارۆچکەیەدا دەگەڕا کە پێشتر ماڵیان لەوێ بوو، هەموو ئێوارەیەک لای کۆڵانەکەی خۆیانەوە منداڵێکی بچووکی بەناوی “ڕەحمەت”ەوە دەبینی و لەگەڵیدا بووبوو بە هاوڕێ. دەبوو هەموو ئێوارەیەک بیبینێت و سڵاوی لێبکات و دەست بە قژە نەرمەکەیدا بهێنێت. ڕۆژێک نەیبینیبـا ژان دەکەوتە دڵیەوە. ئێوارەیەک “ڕەحمەت” لەلای دایکی و لەناو هەموو ژنانی گەڕەکدا ڕێگای پێ گرت و لە دڵسۆزییەکی منداڵانەوە پێیگووت: “کاکە ڕەحیم تۆ بۆ هەموو ڕۆژێ ئەو جلانە دەپۆشی؟ تەنها ئەو پۆشاکەت هەیە؟” ئیدی لەو ڕۆژەوە، ئێواران بوون بە حەسرەت، بوون بە ژانێکی قووڵ و برینێکی پڕ لە مژومۆرانی لە یاد نەکراو…

 

ئێوارە نزیک کەوتەوە و کەمێک لە دوکانەکان داخران. تاریکی نمرە بە نمرە باڵادەست دەبوو. ئێواره‌ خەستتر دەبوو دەنگی پەڕەسێلکەکانی بەهار سەرشێتانە دەهاتنە بەرگوێ. “ڕەحیمی بەدبین” ڕۆچووبووە بیرەوەریەکانی و یادی ژیانە پڕ دەردەسەرییەکەی دەکردەوە؛ لە منداڵییەوە بۆ گەنجی، لە گەنجییەوە بۆ ژیانێکی لێوڕێژ لە مەینەتی (ژیانی هاوسەرینیی)، لە ژیانی هاوسەرینییەوە گەیشتن بە خاڵە تاریکەکانی ژیان. لە خاڵە تاریکەکانەوە بۆ زوڵمەتێکی فراوانی تاریکتر… ئارەقەی کردبوو و هەناسەی تەنگ بوو بوو. وێڕای ئەوەی هیچ کەسێک ڕووی تێ نەدەکرد و شتێکی لێ نەدەکڕی، هیچ کەس تەماشایشی نەدەکرد. ئەوە تووڕەتر و هەراسان تری دەکرد. هەناسەی تەنگ تر و بێ ئۆقرە تری دەکرد.. دوو ژن لە داڵانەکەوە دەرکەوتن و کەمێ بەپەلە دیار بوون. سەریان دەکرد بە هەر دوکانێکدا داخرابوو و نائومێدییـان لێ دەباری. “ڕەحیم” کەمێک هیوای تێگەڕا و شەنگوڵ و کەیفخۆش بوو. چاوەڕێی کردن تا دەگەنە لای دوکانەکەی، بەو هیوایەی شتێکی لێ بکڕن. لەگەڵ هەر چرکەیەک، لەبەر چاویدا ڕێڕەوەکە درێژ دەبووەوە و هەنگاوی ئافرەتەکانیش بەرەو دواوە دەچوون. چاوانی هەڵدەگڵۆفین و بڕوای بە چاوانی خۆی نەدەکرد. دواجار دوو ئافرەتەکە گەیشتنە لای و بەرەو ڕووی هاتن. لە ڕۆیشتنیانەوە زیاتر لە ئافرەتە عەشایەر و گوندییەکان دەچوون. چونکە شاقەلەکانیان بەچەشنێکی سەیر هەڵدەدا و دەستەکانیان وەک شمشێر وابوون بە شانیانەوە.  بە سەروچاوێکی زەقەوە سەیرێکی سەوزە و میوەکانیان کرد و هەر بەم شێوەیە داڵغەیان پێوە لێدا. دوای کەمێک، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەن ڕوویان هەڵسووڕاند و ڕۆیشتن.. “ڕەحیم” ڕوخسارە بەهارییە کاتییەکەی بەخێرایی بووەوە خەزان. هیوا  بڕاو بوو و لەو ژیانی دووبارەییە -وێڕای ئەوەی کار دەکات- بێتاقەت بوو. لەگەڵ ڕۆیشتنی ئافرەتەکاندا مەرگی منداڵەکەی لەبەرچاو نزیکدەکەوتەوە. وەک ئەوەی بەدمەست بێت، هەستایە سەرپێ و لە ڕاڕەوەکەدا هاواری لە دوو ژنەکە کرد: “هۆۆۆ سۆزانییەکان.. هۆۆۆ قاحپە پیسەکان.. وەرن مۆز بەرنەوە، کە ناشیخۆن، لەخۆتانی ببڕن..” …یەکێک لە ئافرەتەکان ئاوڕی لێ دایەوە و دەستە شمشێرییەکەی لێ بەرز کردەوە: “ئەوەت لەسەر نەچێ قووندەر، وەڵڵا دەبێ بە مێردەکەم بتگێم.” دوای ئەم قسەیە هەردووکیان تێیانـتەقاند و ڕایانکرد. “ڕەحیمی بەدبین”یش قاقایەکی لێدا و دەستی بە پێکەنین کرد.

شەو تا درەنگ لە دوکانەکەی بوو. خەریکی خوێندنەوەی “نەفرەت لە دۆستۆیڤسکی” بوو. دەیەویست هەرچی زووە ئەم کتێبە تەواو بکات و دوای ئەوە “تاوان و سزا” بخوێنێتەوە. نزیکییەکی زۆری لە نێوان خۆی و ڕەسوڵ٭دا هەست پێ دەکرد. بەچەشنێک لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکدا ڕۆندکی بۆ هەڵدەڕشت. ئارەزووی هەبوو، هەرچی زووە ئاشنایی و هاوڕێیەتی لەتەک ڕاسکلینیکۆف٭٭یشدا پەیدا بکات و لەگەڵ بویەرەکانی ژیانی ئەویشدا ڕۆندک هەڵبڕێژێت.

سێ كاره‌ – فرانسیس بیكه‌ن- ١٩٨٣

 

٣

کارەبای شار کوژابووەوە. مانگ تریفەکانی پەخش کردبوو و لەسایەیدا درەختەکان وەک پوولەکەی بریسکەدار دەتروسکانەوە، جۆگەلە باریکەکانی مەیانی کۆڵانەکان کەوتبوونە سەما. زەوقێکی لێوڕێژ لە ئاسوودەیی بەڵام ڕەش و تاریکی هەبوو. سروشت لەناوەوە سوکنایی و ئیلهامی پێ دەبەخشی. وەلێ بیرکردنەوە لە مرۆڤەکان تووشی خەفەبوونی دەکرد. لە دڵی خۆیەوە دەیگوت: “پەیوەندی نێوان سروشت و مرۆڤ و مرۆڤ، بە هەمان شێوەی پەیوەندی نێوان کتێب و مرۆڤ و مرۆڤە. سروشت و کتێب بونیادێکی یۆتۆپین لەلایەن مرۆڤ و خوداوە ئافرێنراون. مرۆڤ وەک هەمان یۆتۆپیای خوڵقێنراوی خودایی، واقیع نابووت دەکات.” خەیاڵەکانی ڕێگەکانی بۆ کورت کردبووەوە. هەر جارێک بەرەو شوێنێک دەکەوتە ڕێ زوو پێی دەگەیشت؛ بۆ ئەمەش خەیاڵەکانی یاوەری بوون. ئەو کاتەی گەیشتەوە ماڵەوە شه‌و زۆری لێ تێپەڕیـبوو، تاریکیی تەواوی شاری گرتبووە باوەش، “فەلەکناز” و منداڵەکەی لە شیرینی خەودا بوون. بێ ئەوەی جل و گۆرەویەکانی دابنێت، هیلاک و شەکەت، خۆی خزاندە ژوورەکەی و لەسەر جێگاکەی بە پشتدا کەوت. کتێبێکی لەژێر فەرشەکەوە دەرهێنا و لاییتێکی بچووکی داگیرساند. بەر چاوەکانی تەڵخ و ناڕوون بوون، هیچ شەفافییەک بوونی نەما بوو، نەیتوانی هیچ بخوێنێتەوە. کتێبەکەی خستە لای بالیفەکەیەوە و خەوێکی قووڵی لێ کەوت.

کاتژمێر ٥:۲۳ خولەکی بەیانی بوو، (فەلەکناز) ئیش و کارەکانی ماڵەوەی تەواو کردبوو. لە حەوشەکەدا خەریکی خۆشکردنی ئەو ئاگرە بوو، کە چایی خستبووە سەر. قۆڵی کراسەکەی تا ئانیشکی هەڵدابووەوە و ڕوخسارە گۆشتنەکەی سوور هەڵگەڕابوو و ئارەقەیەکی ورد لەشێوەی ئاونگ بە تەوێڵیدا دەهاتە خوار. لەوکاتەوەی لەخەو هەستابوو بە بانگکردنی مێردەکەیەوە هیلاک بووبوو و نەیدەتوانی لەخەو هەڵیستێنێت. هێندە بانگی کردبوو بەم هۆیەوە هەمیسان هەستی بە ئازاری قوڕگی دەکرد کە چەند ساڵێک بوو پێوەی دەناڵاند.

وێڕای گەرمایی بەهار و پاڵەپەستۆی هەوای قەتیسماو، لەپاڵ ئاگرەکە دانیشت و بە سەرقۆڵی کراسەکەی دەستی بە سڕینی فرمێسکەکانی کرد. لەپڕڕا قیژەیەک بەرز بووەوە و دەست بە هاتوهاوار کرا. منداڵە بچووکەکەی بوو، کە بێ وەستان و بێ هیچ پچڕانێک هاوار و فوغانی دەکرد. تا دەشهات گریانەکەی قووڵتر و بەهێزتر دەبوو. ناوە ناوەش خنەخنێک وەک ئەوەی نەفەسی نەمێنێت، دەکەوتە دەنگییەوە و دواتر بە تەکانێکی تووند دەستی بە هۆڕەهۆڕ دەکردەوە. فەلەکناز بە تووڕەییەوە وەک بۆ لێدانی کەسێک بچێت، بە گورجوگۆڵی هەستایە سەرپێ و بە دەرگای نایلۆنی پەڕپوتی جامخانەکەدا چووە ژوورەوە.

دوو ژووری بچووکی قەرەباڵخ و پڕ لە شتومەکی بێکەڵک بەرابەر بەیەکتر بوون. بە دەستە چەپدا تەماشای ژووری خەوتنی کرد، بینی ئێستاش “ڕەحیمی بەدبین” لە شیرینیی خەو دایە و هەر پڕخەپڕخی دێ. بە بینینی ئەوەی ئێستاکەش مێردەکەی هەر لەخەو دایە دەهری بوو. بێ ئەوەی گوێ بە ئازاری قوڕگی بدات هاواری کرد: “هەستە کوڕە هەستە، ڕەحیم هەستە.. ئەی هاوار خودایە تووشی چ بووم؟ هەستە کوڕە ڕەحیم هەستە..”

“ڕەحیمی بەدبین” نیوەی لاشەی لەسەر جێگاکەی بەرز کردەوە، خۆی بەسەر قاچەکانیدا لار کردەوە و چاوەکانی هەڵگڵۆفین؛ “فەلەکناز” بە دەنگێکی تیژەوە دەستی بە سەرزەنشت کردنی کردەوە و هاواری کرد: “تا ئێستا لەسەر کوڕەی عەرزی پیاوێکی لەتۆ کۆڵەوار تر و دەستوپێ سپی تر و تەمبەڵ ترم نەدیووە. پیاوی خەڵکی هەر لەگەڵ خۆرهەڵاتنـدا بەدوو پارووە نانێکی دەکەون، ئەتۆش تا ئێستا لە خەو هەڵنەستاوی. هەستە دەی، هەستە.. چانییـە دوکانێکت هەیە و دەتوانی شتێکی لێ وەدەست بهێنی. ئەی ئەگەر وەکو خەڵکی ئیشێکت نەبووایە چییت دەکرد، ها؟.. هەستە کوڕە هەستە. هەستە دەی..”

“ڕەحیمی بەدبین” بۆ ئەوەی چیتر ئازاری هاوسەرەکەی نەدات، بەلەز لەسەر جێگەکەی هەستا. ئەو کتێبەی کە شەو خستبوویە لای بالیفەکەیەوە هەڵیگرت و بەخێرایی خستییە ژێر فەرشەکەوە تا “فەلەکناز” نەیبینێت. چونکە دەیزانی ئەگەر کتێبەکە ببینێت ئەوا وادەزانێ تا درەنگانی شەو نەخەوتووە و خۆی بە خوێندنەوەوە خەریک کردووە، بەم هۆیەشەوە لێی تووڕە دەبوو.

دوای ئەوەی لە ژوورەکەی هاتە دەرەوە و سەرپێشاوی کرد و دەموچاوی شووشت؛ لە حەوشەکەدا و لە تەنیشت ئاگردانەکەوە، لەسەر حەسیرێکی لێکـهەڵوەشاوە و پەڕپووت لە چاوەڕوانی ژنەکەیدا دانیشت، تا فراوین بکات و بەرەو دوکانی سەوزە و میوە فرۆشیەکەی بڕوا.

پاش چەند خولەکێک “فەلەکناز” بەخۆی و منداڵەکەیەوە کە هیلاکیی بە ڕوخسارە سوور و سپییە ناسکۆڵەکەیەوە دیاربوو، هاتنە حەوشەکەوە. “ڕەحیمی بەدبین” لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا فراوین بکات و دوای ئەوە بەرەو دوکان بچێت. بەڵام “فەلەکناز” وەک بیری چووبێتەوە مێردەکەی خاوەن کارە، بێ ئاگا لە مێردەکەی، منداڵەکەی لە کۆشیدا دەلاواندەوە. “ڕەحیم” بە وەحشەتەوە لە ژنەکەی دەڕوانی نەکا قسەیەکی ڕەقی پێ بڵێت. هەر خۆی دەهێنا و دەبرد، دەیویست قسەیەک بکات و سەرە بابەتێک بکاتەوە تا هەرچی خراپ ئەندێشەکردنێک لە هزری ژنەکەیدا هەبێت دەریبکات؛ بەڵام هیچی بۆ نەدەدۆزرایەوە. بۆ ئەوەی لە بێدەنگییدا شکڵێکی نابووت وەرنەگرێت، کەمێک خۆی خستە جووڵە جووڵ و دەستەکانی بەرەو قۆری چاییەکە دەهێنا و دەبرد، وەک ئەوەی نەزانێ دەستەکانی چی لێبکات! دواجار چایەکی بۆخۆی تێکرد و بەدەم چایی خواردنەوەوە بە ئەرخەیانییـەوە گوتی: “دەزانی فەلەکناز.. دەزانی دوێنێ شەو زیاتر لەسێ خەونم پێتەوە دی؟”

“فەلەکناز” بە چاوە ئەفسوناوییەکانییەوە تەماشای کرد و لەپڕێکدا ڕەنگی خۆی لێ گۆڕی و بەسەریدا هاواری کرد: “بە من چی؟ بە من چی، ها؟ ئەسڵەن خەون بینین چیە جگەلە ماندوویی جەستەیی و خەیاڵە قۆڕەکانی پێش خەوتن، ها؟ هەتا زووە چایەکەت بخۆرەوە و بڕۆ سەر کارەکەت. یاڵڵا..”

دوایین کۆپلەی قسەکانی تەئکید کردنەوەیەکی جددی بوو لەسەر پەستی و تووڕەییەکەی. “ڕەحیمی بەدبین” بێ ئەوەی چایەکەی تەواو بکات، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، هەڵسایە سەرپێ و وەک تەواوی ڕۆژەکانی دیکە دەرگای حەوشەکەی کردەوە و بەناو بۆنی پیسی کۆڵانەکان و دەنگەدەنگی پیرە پیاوەکاندا، ملی ڕێگەی گرتە بەر.

ئەوڕۆژە لە ڕێگەکەیدا تاقە شتێک هەراسانی کردبێت، ئەو سه‌تڵە ماستە بوو کە لە حەوشەکەیاندا بینیبـووی. هەزاران خەیاڵی لابەلای دەکرد: ئاخۆ کێ ئەو سه‌تڵە ماستەی بۆ بردووە؟ ئەگەر بۆشیان نەبردبێت، ئەی ئەم پارەیەی چۆن دەست کەوتووە؟… چەند مستێکی بەسەر و گوێلاکی خۆیدا کێشا، تا سەبارەت بەم بابەتە خەیاڵات نەکات؛ بەڵام نەیدەتوانی. ئازاری دەچەشت و بابەتەکە لە ناخیدا بەرەو قوڕگی هەڵدەچوو. گریان بینی پێ گرتبوو و نەیدەتوانی زیاتر هەنگاوەکانی بهاوێت. خۆی بە دیوارێکەوە گرت و بەسەر خۆیدا قیڕاندی: “هاااااااااااا، هاااااااااااا..” ئەوجا بە هێواشی بەخۆی گوت: “فەلەکناز ئاشقی منە. ئەو هەرگیز ناتوانێ خیانەت…” نەیتوانی قسەکەی تەواو بکات و بە تووڕەیی هەنگاوەکانی بەرەو دوکانەکەی هەڵگرت.

گەیشتە سەرەتای ڕێڕەوی ڕیزە دوکانەکانەوە و بە ژێر ساپیتەی داڵانە درێژەکەدا بەرەو دوکانەکەی چوو. هیچ دوکانێک نەکرابووەوە. ناو داڵانەکە کەمێک تاریک بوو، بە ئاستەم دەتوانرا ڕەش و سپی لێک جوێ بکرێنەوە. پێش ئەوەی بگاتە لای دوکانەکەی، دوو ئافرەتی بینی وەک لە چاوەڕوانی ئەودابن لەسەر مێزی بەردەم دوکانەکەی دانیشتبوون. گەیشتە ئەوێ و بە هیلاکییەکی زۆرەوە وەک بە زۆر سڵاوی پێ بکەن، سڵاوێکی لێکردن. بێئەوەی وەڵام بدەنەوە یەکێک لە ئافرەتەکان لێی نزیک کەوتەوە و زللـەیەکی لە ڕوومەتی سرەواند. “ڕەحیم” قۆڵی ئافرەتەکەی گرت و کەمێک هەڵیسووڕاند، قیژە قیژ ناو داڵانەکەی پڕ کرد. ئەویدیکە کە گوایە ئەویش ئافرەت بوو، پیاوێک بوو لەژێر پۆشاکێکی ئافرەتانەدا هاتە دەرەوە و دەمانچەکەی لەسەر سینگی “ڕەحیم” ڕاگرت. “ڕەحیم” لە پەشۆکاوییـدا هیچ قسەیەکی نەکرد. چەک بەدەستەکەش دەستەکانی هەڵدەلەرزین و ترسی ئەوەی هەبوو چەکبکرێت. دەیزانی ئەگەر نەیکوژێت، دواجار ڕەنگە خۆی بکوژرێت. کەمێک لێی دوور کەوتەوە و پەنجەی پەلاپیتکەکەی زیاتر داگرت. دوو فیشەکی بەدوای یەکدا تەقاند و “ڕەحیم” کەوتە سەر عەرزەکە. یارۆی چەک بەدەست ترساو و واق وڕماو لێی دەڕوانی. “ڕەحیمی بەدبین” کە خوێن لە دەمیەوە فیچقەی دەکرد، بە بڕگەبڕگە بە کابرای چەک بەدەستی گوت: “ئەوە تۆ منت کوشت. ئەمن پێت ناڵێم: چ بیروباوەڕێکت هەیە؟ بەڵکو، تەنها لێت دەپرسم: بۆچی واتکرد؟

 

ته‌واو

 

په‌رواێزه‌كان:

٭ڕەسوڵ: کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی (نەفرەت لە دۆستۆیڤسکی) لە نووسینی (عەتیق رەحیمی).

٭٭راسکلینیکۆف: کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی (تاوان و سزا) لە نووسینی (دۆستۆیڤسکی).

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین