ماڵی بووكه‌ڵه‌ی دووهه‌م

ماڵی بووکەڵە ٢، گەڕانەوەیەکی چاوه‌ڕواننه‌کراوی نورا


Loading

سه‌توپه‌نجا ساڵە دەنگی ئەو دەرگایەی، نورا لە شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە)دا، لە دوای خۆیەوە بە توندی دایخست، لە ڕارەوەکانی شانۆکانی دنیا و کۆمەڵگە نایەکسانەکاندا دەنگ دەداتەوە، هەروەها لەنێو ڕەوتی درامانووسه‌کانیشدا، کەم و زۆر داخستنی ئەو دەرگایە بۆتە سمبۆل و لای بەشێکی زۆریش لە نووسەرە شانۆییەکاندا، ڕەنگی داوەتەوە و لە فۆرم و شێوازی تردا بەکارهاتۆتەوە.

نورا، کە ئەو دەرگایە لە دوای خۆیەوە به‌ یه‌کدا ده‌دات و پشت دەکاتە مێردەکەی، منداڵ و ماڵ و گوزەرانێکی خۆش و ژیانێکی ئارام و هەموو شتێک لە پشت ئەو دەرگایەوە بەجێ دەهێڵێت، تا ببێتە مرۆڤ، نەک وەک بووکەڵەیەک بژی. نورا بەم هەڵوێستەی دەیویست بەرگری لە خۆی بکات، ژیانێکی تر و یەکسان بۆ خۆی دەستەبەر بکات، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرینگتر ئەوەیە، کە ویستی خۆی بدۆزێتەوە. نورا بە دوای شووناسێکی تردا، لە دەرەوەی ماڵ و منداڵ و ژیانێکی خۆشگوزەران، دەگەڕێت.

هەرچەندە هێنریک ئیپسن ١٨٢٨-١٩٠٦ بەر لە سه‌توپه‌نجا ساڵ شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە)ی نووسیوە، بەڵام ڕەوشی ئافرەت، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە؛ ماڵی بووکەڵەیش هەروەک ئەوەی دەقێکی نوێ بێت، بە بەردەوامی لەسەر شانۆکانی جیهان، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکا و ئه‌مریکای لاتین، بە فۆرم و شێوازی جودا نەمایش دەکرێت.

شانۆی شاری ستۆکهۆڵم، ماڵی بووکەڵەیەکی نوێ، لە نووسینی شانۆنامەنووسی ئەمەریکی (لیۆکاس نات) بە ناوی (ماڵی بووکەڵە ٢)ەوە پێشکەش دەکات. ئەم شانۆنامەنووسە باس لەوە دەکات، چی ڕوودەدات، کە نورا سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماڵەی، وەک ناڕەزاییەک بەجێیهێشت، تا چیتر نەگەڕێتەوە.

ئیپسن ماڵی بووکەڵە-ی لەساڵی ١٨٧٩ دا نووسیوە و بۆ یەکەمجاریش لە هەمان ساڵ دا لە کۆپنهاگن-ی پایتەختی دانیمارک نەمایش کراوە. ڕەوشی ئەوسای ئافرەت، پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگە و یەکسانی نێوان ژن و پیاو، لە زۆر ڕووەوە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام ڕووکەشین و ئەوەی ڕوویداوە، ڕەوشی ئافرەتی لە ریشەوە نەگۆڕیووە.

لەم نەمایشەدا، نورا دوای سه‌توپه‌نجا ساڵ بەسەر نووسینی دەقەکەی ئیپسن دا، دەگەڕێتەوە بۆ سەر شانۆکان. لەم دەقە نوێیەی (ماڵی بووکەڵە ٢) نورا دوای پانزە ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ لای تۆرڤاڵد-ی مێردی، واتە ساڵی ١٨٩٤، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، گوایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای خێزانەکەی و تا سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە، نەخێر. نورا دەگەڕێتەوە تا بە تەواوی تەلاقی خۆی وەربگرێت و تۆرڤاڵد ئیمزای خۆی لەسەر بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی جیابوونەوەکەیان بکات. نورا، لە ماوەی ئەم پانزە ساڵەدا ژیانێکی باش ژیاوە، سەرلەنوێ دەستی پێکردۆتەوە و خاوەنی دارایی و ژیانی تایبەتی خۆیەتی و بووه‌ته‌ نووسه‌رێکی دیاریش، کە لە ژێر ناوێکی خوازراوه‌وه‌ بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە. کێشە گەورەکە ئەوەیە، ئەو تاکو ئێستا بە فەرمی ژنی تۆرڤالد-ە و ئافرەتی خاوەن مێردیش هیچ مافێکی نییە لە بڕیاردانی ژیانی تایبەتی خۆیدا.

لەم نەمایشە نوێیە دا، ماڵی تۆرڤاڵد لە ژوورێکی ئێجگار گەورەی تەواو سپی و به‌تاڵدا بەرجەستە دەبێت، ساپیتەی ژوورەکە زۆر بەرزە و دەرگاکان هێندە گەورەن، لە دەروازەی قەڵایەک دەچن، نەک ماڵێکی ئاسایی؛ کە نورا-یش دێتە ئەم ژووره‌ گەورەیەوە، بچووک دەبێتەوە، وەک ئەوەی کات ڕووداو و کارەکتەرەکانی دوورخستبێتەوە و بینەران لە دوورەوە لەم ڕووداوانە بڕوانن.

نورا، وەک ئافرەتێکی ئازاد دەگەڕێتەوە، کە دێتە ئەو ماڵەی پانزە ساڵ لەمەوبەر بەجێی هێشتووە، وەک کەسێکی نامۆ سەیری دیوارەکان و ناو ژوورەکە و مێرد و منداڵەکەی دەکات. هەموو شتێک بەو نامۆیە و هەست دەکات بۆ یەکەمجارە دێتە ئەو شوێنەوە.

ئەم شانۆنامەنووسە ئەمەریکییە، گەڕاوەتەوە سەر دەقەکەی ئیپسن، لە دەروازەکانی ماڵی بووکەڵەوە، ماڵی بووکەڵەیەکی تری خوڵقاندووە، کە پڕە لە تەنز و گەڕانەوە بۆ تەزویرکردنی دۆکیومێنتە فەرمییەکان؛ بەر لە پانزە ساڵ نورا بۆ ڕزگارکردن و یارمه‌تیدانی مێردەکەی هەڵەیەکی یاسایی کردبوو، ئێستا مێردەکەی بۆ ئامانجێکی تر دۆکیومێنتەکانی ساختە کردووە و ڕاستییەکانی شاردۆتەوە. نورا-یان بە مردوو لە قەڵەم داوە و بۆ ئەمەیش موچەیەکیان لە دەوڵەتەوە وەرگرتوە. هەموو شتێک دووبارە دەبێتەوە. ڕووبەرووبوونەوەی نورا و تۆردڤاڵد، ڕووبەرووبوونەوەی دوو کەسە، کە نە لە ڕابردوودا و نە لە ئێستا دا، کە (نورا گەڕاوەتەوە) دەتوانن پێکەوە بدوێن و لەیەک بگەن.

ئەم نووسەرە گەنجە ئەمەریکییە، شەڕی سێ نەوەی ئافرەت، بەرامبەر بە نایەکسانی و چەوساندنەوەی ئافرەت بەرجەستە دەکات، ئەوەی نورا کردوویەتی، بە شێوەیەکی تر لای کچەکەی نورا، (ئێمی)، کە لای باوکی دەژی و لەم ماوەی پانزە ساڵەدا هیچ شتێکی دەربارەی دایکی نەزانیووە، ڕەنگ دەداتەوە. کچەکەی نورا، بە پێچەوانەوە دەیەوێت ژیانێکی ئارامی هاوسەرگیری و پێکەوەنانی خێزان دروست بکات. ئەوەی نورا ڕووبەرووی وەستایەوە و ئەوەی نورا ماڵ و منداڵی لە پێناویدا بەجێهێشت، بە شێوەیەکی تر لای ئێمی کچی دەکەوێتەوە. نورا لەم دیدەوە خۆی ڕادەست ناکات و بەردەوام دەبێت لەو شەڕەی پانزە ساڵ لەمەوبەر لەو ماڵەدا هەڵیگیرساندووە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە، کە کارەکتەری نورا لەم دەقە نوێیەدا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە؛ لە پاشکۆی مێردەکەیەوە، کە خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نەبوو، بووە بە ئافرەتێکی ئازاد و خاوەن پیشە و ویستێکی بەهێز. لە بووکەڵەوە بووە بە مرۆڤ.

ئەوەی ئەم دەقە، لە ماڵی بووکەڵەکەی ئیپسن جیادەکاتەوە، بە پلەی یەکەم زمانە، ئەو زمانەی دیالۆگی کارەکتەرەکانی پێ نووسراوە، مۆدێرنە و لە ژیانی ڕوژانەی ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی ئەوروپاوە نزیکە.

ریژیسۆری نەمایشەکەیش، بۆ ئەوەی دەقەکە/نەمایشەکە زیاتر لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆی ئەوروپاوە نزیکتر بکاتەوە، جل و بەرگی کارەکتەرەکان، کەل و پەل و جانتای دەستی و تەنانەت موتوموری نورا، لە دووکانە مۆدێرن و دیزاینە گرانبەهاکانی بازاڕەکانی ستۆکهۆڵم، لەندەن و پاریس دا دەست دەکەون.

لە (ماڵی بووکەڵە ٢) دا، نە نورا و نە هیچ کەسێکی تر، له‌ دوای خۆیانه‌وه‌ ده‌رگا به‌ یه‌کدا ناده‌ن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، نورا دەڕوات و دەرگای ماڵەکە لە دوای خۆیەوە دەخاتە سەر پشت و بە کراوەیی بەجێی دەهێڵێت. نورا دەبێت جارێکی تر لە دەرگاکەوە بچێتەوە دەرەوە و خۆی بە تەنیا بەرپرسبێت لە ژیانی خۆی، هاوکات مێردەکەیشی (تۆرڤاڵد) بەردەوام لەو ململانێیەی لەگەڵ خۆیدا هەیەتی، تا لە خۆی بگات و ڕۆڵی خۆیشی وەک (پیاو) لە بەرامبەر کێشەکانی ژن و پیاودا بگۆڕێت.

نورا، بەرلەوەی لە دەرگاکەوە بچێتەوە دەرەوە، لە دوا دیالۆگەکانیدا دەڵێت: (دنیا هێندە نە گۆڕاوە، وەک ئەوەی من چاوەڕوانم دەکرد، بەڵام دەزانم ڕۆژێک دێت هەموو شتێک جیاواز دەبێت، هەموو ئازاد دەبین – ئازادتر لە ئێستا). دەرگاکەی ماڵی تۆرڤاڵد، سەرلەنوێ دەکرێتەوە، یان کراوەیە، دنیایش زۆر بە هێواشی دەگۆڕێت، زۆر لەوە هێواشتر، کە ئێمە هەستی پێبکەین و خوازیارین.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.