Sapho

دەبێت شتێک بگێڕمەوە


Loading

ئای خوایە، دەبێت شتێک بگێڕمەوە، دەبێت شتێک لە باری سەرم سووک بکەم. دروست فەرموویانە بیرکردنەوە ئازارکێشە، چجای، ئەوەی دەماخت دەکرۆژێت، باسێک و دووان نەبێت. چجای، ئەوەی دەبێتە گرێ کوێرەی دڵت، دۆست بێت و بێگانە نەبێت.
ئاخر من یادەوەریم پڕە لە ڕووداو، هەناسەم بە تۆزی زەمەنێک تەنگە، تژییە لە پێلەقە و لە داو. خەیاڵم، لەگەڵ چیرۆکگەلێکدا ڕۆیشتووە، بە دەگمەن دەگەڕێتەوە لای خۆم. کەمن، ئەو ساتانەی قۆڵم لە قۆڵی خۆمدایە و بە تەنها پیاسە دەکەم، بەتەنها چا دەخۆمەوە و بەتەنها دەنووم. من کەم جار لێرەم و ئێستا دەژیم، هەمیشە یان لە ڕابردوودا جێماوم یان نووقمی ئەگەرەکانی داهاتووم.

زۆرم هەیە بۆ وتن و نازانم لە کوێوە دەستپێبکەم. دەبێت شتێک بگێڕمەوە، لەبەر هیچ شتێک نا، لەبەر خۆم. تەنها بۆ ئەوەی لە ئێستادا شتێک بکەم و بۆ ئەوەی ژانەسەرم کەمتر بێت.

دەڵێم چیرۆکی پڕ کەسەری ئەو ژنە بگێڕمەوە کە لە هەرزەکاریدا، هێلکەکانی خۆی فرۆشت. ئەو ژنەی دواجار، خۆی نەیتوانی ببێتە دایک و تا دوا ساتەکانی تەمەنی، هەمیشە بە دەنگی دەرگا دادەچڵەکی و چاوەڕێی هاتنی ئەو منداڵانەی بوو کە قەت نەیبینیبوون …

یان با چیرۆکی ساتە سەختەکانی ئەو پیاوە بگێڕمەوە کە بە هۆی دەرئەنجامی هەڵەی تاقیگەی پزیشکییەوە، دوانزە ساڵی ڕەبەق، بێ دواندن، بە ئامێرێکەوە لە (کۆما*)دا ژیا و دواجار بۆیان دەرکەوت کە بە درێژایی ساڵەکان، ئەو هۆشی بە خۆی هەبووە و لە کۆمادا نەبووە، بەڵکوو توانای هیچ ئاماژەدانێکی وەهای نەبووە کە بڵێت بەخەبەرم …

نا، چیرۆکی ئەو کچە وردیلەیە دەگێڕمەوە کە شەوانە بە خەیاڵی ئەوەوە دەخەوت، هاوڕێ شیرینەکەی، بەڕاستی ببێتە خوشکی. ئەو کە حەزی دەکرد یەک خێزان بن و خۆشەویستی پتەو و بێخەوش کۆیانبکاتەوە، هەموو ڕۆژ داوای بەستنی پەیمانی خوشکایەتی دەکرد بەڵام هاوڕێکەی تەنها لە ماڵەباجێنەدا ئەمەی لەگەڵ دەکرد، هەمیشە کە دەهاتنە سەر ڕاستی، یارییەکەی تێکدەدایەوە و دڵ و خەونە پەمەییەکانی کچە وردیلەکەی وردوخاش دەکرد …

ئەی بۆ باسی ئەو کوڕە نەکەم کە لە بیمارستان، دراوسێ ژوورم بوو. ئەو گەنجەی دکتۆرەکان لە تیمارکردنی برینەکەی ناو مۆخی دەستەوەستان بوون و ئەوەندە داوودەرمانیان بۆ بەکارهێنابوو کە ئیدی بۆی نەبوو تەنانەت حەبێکی هێورکەرەوەش بخوات. کوڕەکە لە بەهێزی ئازارەکەی، زریکەی دەگەشتە عەرشی عەزیم، ئەو لە بێچارەییدا، چ نەبوو بیکات، ئەوەندە نەبێت کە بۆ ئەبەد لە هاواردا بوو …

نا نا لە چیرۆکی (بۆبی) دەدوێم، ئەو سەگە بچکۆلەیەی کە بە منداڵی وەفادارترین هاوڕێم بوو. ئەو سەگەی کە بە بخۆری جوجەڵەی دراوسێکان مەحکوم کرا و وەک تۆڵەسەندنەوە لە قێزەونترین تاوانبار، شەوێک هەموو پیاوە زەبەلاحەکانی گەڕەک بە پاچ و بێڵ و تفەنگ و حەیزەرانەوە، ڕاویاننا و تا لە خوێنی خۆیدا نەیانگەوزاند، کەفوکوڵیان دانەمرکایەوە. وای لە سامناکی ئەو شەوە، وای لە دڵەکوتەی (بۆبی) بە دەم ڕاکردنەوە و وای لە قاقای ناقۆڵای گەمژەکان کە پێیانوابوو قارەمانێتییان ئەنجامداوە و بێئاگا بوون لەوەی ئەوەی دەستی کردبوو بە خواردنی جوجەڵەکان، پشیلەیەکی ڕەش بوو، نەوەک بۆبی جوان …

ئای، ئەوە پەپوولەیەک هاتووەتە سەر پەنجەرەکەم، پەپوولەیەک دەیەوێت یادمبهێنێتەوە کە دەتوانم چیرۆکی ئەو کچە شیکپۆشە بگێڕمەوە کە بۆ ماوەیەکی کوورت هاتە ژیانمەوە و بیرەوەری زۆری لەلا بەجێهێشتم. ئەو کچەی چوون ئەکتەرەکانی هۆلیود، ڕۆژێک لەبەردەم دەرگاکەی مندا، لە سەیارەیەکی بێ سەقف دابەزی و داوایکرد بۆ ماوەیەکی کاتیی کارم لەگەڵدا بکات. هەڵبەت ئەوەی دەیویست ڕوویدا بەڵام ئەوەی لەو کچەدا سەرنجی منی ڕادەکێشا، ڕووخساری قەشەنگ و ڕوواڵەتی نەبوو بەڵکوو ئەندێشەی پڕ بەسەرهات و پەپوولەکانی بوو. ئا بەڵێ چیرۆکی ئەو کچە و پەپوولەکانی تەواو هەستبزوێنە و هەر دەبێت ڕۆژێک بیگێڕمەوە …

ئێستا با بچمە سەر یەکێک لەو چیرۆکانەی کە وەکوو شتێک دڵنیام لە داهاتوودا ڕوویانداوە! ئەگەر بڵێم لەوێوە هاتوومەتەوە، ڕاست ناکەم. گەر بشڵێم هێشتا پێیان نەگەشتووم، درۆ دەکەم بەڵام من دەبینم، دەبینم منداڵێک لەسەر شۆستەیەک دەگری، باوکی لەسەر چۆک لەبەردەمیدایە و سەیارەیەک لە دوورەوە دێت ….. ئاخ، نەفرەت، نەفرەت لە بینینی من کە هەردەم دڵ دادەخورپێنێت …

ئای خوایە چەند بیری خۆم دەکەم بەبێ هیچ پاشبینی و پێشبینی کردنێک. ئاخر من قەت نەمزانیوە ڕووناک بیربکەمەوە، قەت نەمتوانیوە یادەوەرییەکی خۆش لەگەڵ خۆمدا هەڵبگرم و جار جار داڵغەمی پێ ئاسوودە بکەم. پێموایە ئەگەر بیرکردنەوە پشتڕاستکردنەوەی بوون بێت، مەحووکەرەوەی تەنهاییشە. ئا بەڵێ، ئەوەی بیر بکاتەوە تەنها نییە. ئەمە خۆی لە خۆیدا دەستکەوتە بەڵام من لە جەنجاڵی یادەوەریم و لە دەنگەدەنگی بیرکردنەوە بە ئێشەکانم ماندووم، ماندووم و حەز دەکەم کەمێک تەنها بم. من سەرم هێندەی سەری ئەو کوڕەی بیمارستان قورسە و هەست دەکەم لە ناوەوە ئاوساوە. ڕووداو لەسەر ڕووداو ڕێم پێ دەگرێت و لە ساتێکدا لە چەندین زەمەن و شوێنی جیاوازدام. دەزانم کە ئاوها نابرێتە سەر، من دەبێت ورد ورد بچمە ناو چیرۆکێکەوە، دەبێت لە ئێستادا شتێک بگێڕمەوە …

 

Jan 2014

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.