كاریكاتور؛ ڤنست ڤانكوخ

چۆن بووم بە حەمید ڤان كوخ؟


Loading

كاریكاتور؛ ڤنست ڤانكوخ

زۆرم مەراق بوو ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی پێشوو بگۆڕدرێت، كەچی ئێستا خەریكە پەشیمان دەبمەوە، ئاخر ئەوانیش زۆر خەڵكیان ئەزیەت دەدا و هیچ مافێكی هاوڵاتیان دەستەبەر نەدەكرد، تەنیا متووی دزی و بە تاڵان بردنی داهاتەكانی وڵات بوون.  كە مامۆستا بووین، حسێبی سەگێكی‌ تۆپیویان بۆ نەدەكردین، بۆیێ زۆرم ڕق لێ دەبوونەوە و خۆشیم بە چەهرە و بیچمی دزێویان نەدەهات. كە لەو دەشت و كێوانە دابەزین، دەتگوت بەرازن بیستانان دەڕنن، بەراز كە دەكەوێتە ناو ڕه‌ز و باخان، هەرچیی ساغە بەپێوەی ناهێڵێ، ئەمانیش وابوون، گۆرییە جێ پەنجە كونەكانی خۆیان لەبیرچۆوە و فێری ناوی ماركە جیهانییەكانی بۆن و قات و قۆندەرە و تیشێرت بوون، یەكسەر كەروباریان كردن بە جوانترین مۆدیلی فۆرد و مارسیدیس و دۆج. بۆیێ ڕقمان لێ دەبوونەوە، دەنا بە بەراوورد بەم ڕدێن مووچكە سەگانە، خەریكە لە هۆڕژنی گریانێ دەدەم و دەڵێم  دەك هەزار ڕەحمەتت لێ بێ كفن دز.

ئاخر ئەو ڕدێن تەپشوولانییانە، سمێڵ قووتی دەلینگ هەڵكشاوی ناشیرینن، ئەرێ بۆنی دەمیان بۆ وا گەنیوە؟ تۆ بڵێی بزانن ددان شووشتن چییە؟ هەر هەموو شتێكیان بەلاوە حەرام و گوناهە، چۆن زەندەقم لێیان نەچێ؟ گوتیان خواردنەوە حەرامە، گوتمان ئامەننا، ئەگەرچی زۆر غەمبار نەبووم، بەڵكوو تەنیا مانگی جارێ لە یانەكەی فەرمانبەران خۆم و چەند نەگبەتێ بەخۆشیەوە خەمەكانمان بەبا دەكرد و تا مڕدەبووین هەڵماندەقوڕاند، ئەوەشیان ڕۆیی، كەچی ئێستا خەریكە هەموو شتێكی جوانمان لێ دەدەنە بەر بڕیارە دزێوەكانیان گوایە حەرامن.

 جا ئوتووكردنی جلوبەرگ كەی لە كتێبە پیرۆزەكاندا بە حەرامی هاتووە؟

 ئەی قژ داهێنان چ پێوەندییەكی بە ئیرتیداد و میرتیدادەوە هەیە؟

 توخوا وڵات هەیە لە دونیادا شانەی قژی تێدا مەمنوع بێت؟

زۆر سەیرە هەرچیی دێ دەمانخێوێنتێ!

 

ئەوە مانگێكە بۆیەی قژیان قەدەغە كردووە، چ كون و قوژبنێكی ئەم شارە نەما بۆی نەگەڕێم، چابوو ئەمجارە (سدیقە فەندیی نۆغەرانێ)  بە هانامەوە هات و تیووبێكی ڕەنگ كردنەوەی قژی دامێ، باش بوو ئەمجارەشیان چەرموویی قژمم لە كۆڵ كردەوە، ئەی بۆ جارێكی دیكە چیم چارەیە؟

مانگێك دواتر خەریك بوو تەواوی قژم ڕەنگی بەفر داگرێ، ئێوارەیەكیان بۆی هاتمە دەرەوە، تاوه‌كو پاكەتێك لە هەرجۆرە بۆیەیەك بێت لەم شارە زل و زەبەلاحە پەیدا بكەم. ئێ ئاخر ئەوانە وا بۆ ساڵێك دەچێت دینارێكی خانەنشینییەكەیان نەداوینەتێ، زۆر سەیرە، جاران دەمانگووت؛ ئەوان مووچە نادەن و دەمانچەوسێننەوە، ئاخر بەڕاستی لە تامێیان دەركرد…لە دەركی قەیسەری تووشم بە تووشی (شەمە دمبرلۆز)ی هاوڕێی دێرینم بوو كە چەند مانگ بوو نەمبینیبوو، خەریك بوو نەیناسمەوە. شەمە زەلامێكی كەتەی وەرزشوان بوو و برادەری جارانی یانەی فەرمانبەرانم بوو، دین و دیانەت بەلایەوە بایەخێكی نەبوو، ئەو قەت نەیدەهێشت تاڵێكی قژە بۆزەكەی بەلای سپیپاتیەوە بڕوانێت، وەستای ڕەنگكردنەوە بوو و ناوی ئەنواع و ئەشكال بۆیەی قژی دەزانی، كەچی ئەمڕۆ شەمە بەو سپێتییەی قژیەوە دەبینم، سەردەمێكی سەمەرەیە! توخوا ئاخر بۆیەی قژ بۆ مەمنوع بێت؟ ئەرێ هیی هەندێیە پیاو شەش مانگی لە پایین پێ بچێتە ژووەرەوە؟

سەرم لەبن گوێی شەمە نا و گووتم:  شەمە، بزانە قەت عیلاجێكم بۆ نابینیەوە؟

گووتی: هااا مامۆستا حەمید چیتە؟ من لە خزمەتتدام.

گووتم: توخوا شەمە گیان تیووبێ بۆیەم بۆ پەیداكە، شەمە گیان دونیا مەرگ و مردنە، قەت نامەوێ بە قژی چەرموومه‌وه‌ سەر بنێمەوە، شەمە منت لە بیرە؟ توخوا قەتت بەم بێزەوەرییە دیوم؟ بریقەی قۆندەرە و لووسوپووسیی جلوبەرگ و بۆنی خۆشی منت نایەتەوە یاد؟

شەمە لێی بادامەوە تومەز عەقڵی بۆتە عەقڵی كێشكەی سەر سواندووكان. ئێ ئاخر من چوزانم، شەمەی زەندیق لە ئەستەغفیروڵڵایێ دەدات و باسی حەرام و حەڵاڵیم بۆ دەكات، داخێكی زۆرم لێی خوارد و هەر بەپەلەپەل خۆیم لێ قورتار كرد.

ئەو بازاڕە گەڕام سەری دۆستە دوكاندارە نزیكەكانیشمم دا، كەچی بۆیەم دەست نەكەوت و نەكەوت. بۆیەی قژیان لێ كردبووینە حەشیشە و تلیاك، بەو خودایەی بێ شەریك و لامەكانە، ئەوانت ئاسانتر دەست دەكەوت.

 

شەو لەسەر دۆشەگەكەم وەركەوتبووم و داڵغەی بۆیە و بیركردنەوە لە چۆنییەتیی پەیداكردنی خەریك بوو مێشكم كونبەدەر بكات، هەر بیرم كردەوە و لە خەیاڵی سەیر ڕادەچووم و یەكسەر (حسقیلی حامیدە بنجووم)  بیركەوتەوە كە خمچییەكی ناوداری سییەكانی هەولێر بوو. بەیانییەكەی سەردانی ماڵەوەیم كرد كە كەوتبووە بەرامبەر مەزارەكەی سەعدووناوا.

حسقیلم لەمێژ بوو نەدیبوو، ئەو كاتی خۆی لە مەكتەبی (ئەربیل ئوولا) هاوپۆلم بوو، دواتر بەهۆی تەنبەڵییەوە وازی لە مەكتەب هێنا و لەگەڵ بابی لە دوكانەكەیان لەناو خمچییەكان كەوتە كار، دواتر چەند ساڵێك بەر لە ڕاپێچ كردنی جوولەكەكان، بابی لە دین وەرگەڕا، ئەو تا ئێستاش هەر خەریكی خمكاری و خمچێتییە. گەرمای ئاب بە هانكەهانكی خستبووم.

 

  حسقیل چاوی پێم كەوت، گەشایەوە و بردمیە ژوورەوە و جامە ئاوێكی كەدینەكەی بۆ هێنام. ئاوە فینكەكەم لە گەروو ئاودیو بوو و باسی بۆیەی قژم لەگەڵیدا هێنایە گۆڕێ، حسقیل سەری سوڕما و نەیدەزانی چۆنم وەرام بداتەوە! ئەو دەیگووت: برایێ من، ئەو خمەی من هەمە هیی خام و جورجێت و كودەری و ئەنگۆرە و سووف و بازە و چیت و كشمیر و خوری و جۆری دیكەی قوماشە، ترسێكەم بڕكۆكەكت بدەمێ ئەو قژە خاوەت بسۆتینی، یان وەك قوماشی داڕزاوی عەمباران، قژت ببێتە عەمبارەسۆت و ئەوەندەی هەتە، ئەویشت نەمێنێ. نا، نەخێر، چارەی تۆ لای من نییە، بەڵكو دەتنێرمە لای (یوسف یاقوو) كە بندیانێكی لێزانی گەورەی ڕەنگ و بۆیەیە و مامۆستای ئەو زانستانەیە كە پێی دەڵێن كیمیك.

 

 ماڵی یوسفم لە كۆڵانی عارەبان دیتەوە كە دەكەوتە پشت مزگەوتی مەردان پاشا. یوسف لەمن بە تەمەنتر دیاربوو، نەیدەهێشت تاڵە مووێكی سپیی قژە گروازەكەی سەردەرێنێ، بۆیەكەرەوە و بۆیەگرەوەیەكی مەعلان بوو، كە باسەكەم لەگەڵی كردەوە، وەرامی دەمودەستی هەبوو و بەلایەوە كارێكی ئاسان بوو و ڕێگە چارەیەكی شیاوی بۆ دانام، بە مەرجی ئەوەی لای كەس باسی نەكەم. ناردمیەوە لای حسقیل و جۆڕكێكی یەك وەقەیی پڕ خمی ڕەشم لای هێنا و گەڕامەوە لای یوسف و ئەویش چۆنییەتیی گرتنەوەی بۆیەكەی جوان جوان بۆ ڕاڤە كردم گووتی:

(( حەمید گیان گوێ بگرە، هەموو كیسەكانم لەسەر نوسیون، پێویستە قاپێكی بەتاڵی قوڕ بێنی و دوو مست لە خمەكەی حسقیلی تێبكەی، پاشان ئەم كیسانەی كە مادەی كیمیایی جۆراوجۆریان تێدایە، دێنی و بایی یەك كەوگیر لەم بۆیە كانزایەی كە لەسەری نوسراوە خوێی قورسی كانزا تێدەكەی. پاشان بایی دوو كەوگیر لە پارافینیلین (پی پی دی)  پاشتر یەك مست سركەی قورقوشمی تێكەڵ بە كبریتی تێدەكەی. بە برایێ خۆم بڵێم، دواتر گۆلمێك لە خوێی بزمۆسی تێدەكەی، ئینجا ئۆكسیدی ئاسن و كاربۆناتی مەگنیسیۆم و ئۆكسیدی ئامۆنیا و مەنگەنیز و كبریتاتی سۆدیۆم هەریەكەیان بایی كەوگیرێكیان تێدەكەی، پاشان جامیلكەیەك لە هەریەكە لە هاڕاوەی ڕەژووی ناو پاتری و تۆزی وورد و ڕنراو لە تایەی لەكاركەوتووی ترومبێل و چنگێ لە تەنیی بن مەنجەڵی دانووی تێدەكەی. شەش جامە ئاوی تەواو كوڵاویش دێنی و هەموویان دەگریەوە و بە دەوەخاكەناسی بچووك تێكەڵوپێكەڵیان دەكەی و  بۆ ماوەی سەعاتێك دەیانخەیە سەر ئاگرێكی كز، پاشان دەیهێنییە خوارەوە و تا بەیانی لە هەیوانەكە جێی دێڵی، بۆ بەیانییەكە گیراوەكە دەخەیتە ناو شووشەی گەورەی سەر گیراو، پاشان دەتوانی بە شانەی دار، ئی جارانی خۆمان كە ئێستا دەست ناكەون، بۆخۆت بەكاری بێنی…))

ڕوپییەكم دایە (یوسف بندیان) و خۆم و زەمبیلی پڕ لە كیسە كیمیام، بەرەو ماڵ بوومەوە.‌ یوسف چۆنی گۆت وامكرد، شوشە گەورە سەرگیراوەكانم هێنان و لە هەیوانەكەم بەجێهێشتن. خەریكبوو پاڵدەكەوتم، ئەو ڕۆژە زۆر ماندوو بووبووم، كە پاڵكەوتم، خەریكی وەنەوزدان بووم و لە چركەساتی خەوبردنەوەم، لە دەرگاكە درا، كە كردمەوە، شەوكەتی برازام خۆی پەستایە ژوورەوە و پێی ڕاگەیاندم كە سبەی بۆ ئێوارەكەی لە ئەگلەنجەی كوڕەكەی ئامادە بم. پێی گووتم؛ بە دزییەوە دەیكەین و بۆ چەند كەسێكی تایبەتە…پیرۆزباییم لێی كرد و خۆشحاڵی خۆم نیشاندا و ڕازیبوونی خۆمم بە چوونە بۆنەكەیان بۆ دەربڕی.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پاشتر، خۆم بە بۆیەكردنەوەی قژی چەرموومەوە خەریك كرد، كە بەڕاستی شێوازێكی هیلاككەر و ئەركێكی زۆر بوو بۆ من، تا لێبوومەوە، هەموو شانوپیلم كەوت. دواتر ڕوومكردە باخچەكە و بەچاوەنۆڕیی وشكبوونەوەی بۆیەكەوە كەوتمە داڵغە لێدانەوە، لەو ماوەیەدا داڵغە خەریك بوو تەواوی ژیانم بگرێتەوە.

  عەسرێكی درەنگ بە قژی قەترانیمەوە بەرەو ماڵی شەوكەت هەنگاوم نا كە تەواوێك لە دەرەوەی شار بوو و لەوێ بە شەوق و زەوقێكی زۆرەوە پێشوازییان لێ كردم و چەند دۆستێكی خۆمم لەوێ دیتنەوە و شادمان بووم بە دیداریانەوە، حەوشە گەورەكە لە خەڵكانی شارستان و دونیا دیتە و ڕۆشنبیر جمەی دەهات و نزیكەی شەست حەفتا كەسێك دەبوون. گوایە ئاهەنگەكەیان بە دزییەوەیە نەوەكا بزانرێتەوە، چونكە ئاقیبەت خراپ دەكەوێتەوە و تینی گەرماكەش هەمووانی هەراسان كردبوو. كاریگەریی گەرماكە خەریك بوو لە پێستی خۆمم بێنێتە دەر، هەستمكرد بەخۆم و چاكەتەوە، شەڵاڵی ئارەقە دەبووم، دەستێكم بە هەنیەم داهێنا، بینیم ڕەشكاوێك لە خم و ڕەژوواو تەواوی سەر و ڕووخساری گرتووم، بەرەو لای سۆندەیەك چووم كە لە دوورەوە دیار بوو و كەمێك سەروگوێلاك و دەموچاوم دایە بەر ئاو و گەڕامەوە، هەستم كرد خەڵك بە لاچاوێكی سەیرەوە تەماشام دەكەن و لەگەڵ یەكتردا دەكەونە پستەپست و پێكەنین…ئارەقە تەواوی لەشی داگرتبووم، تك تك بە پشتی ملمدا دەچووە خوارەوە، ناچاری فڕێدانی چاكەتەكەم بووم و بینیم لە دواوە قاقای پێكەنینیانە. ئاوڕێكم دایەوە، هەستمكرد لە دواوە بە ڕەشایی و پەڵە و پیسیی كراسە سپییەكەم پێدەكەنن، بەسەرخۆم نەهانی و كراسەكەشم داكەند و تەماشایەكی لای پشتەوەیم كرد، بووبوو بە یەك پارچە ڕەشاوی پەڵەپەڵەداری پر لە خاڵی زەرد و مۆر، دەتگوت نەخشی گیراوەی فنجانە قاوەكانی جارانی دایكی ڕەحمەتیمە. ڕەشاو ڕووخساری نەهێشتبووم، ڕەشاوی تێكەڵەی ماددە جۆراوجۆرە كیمیایییەكان و زفت و قیڕ و هاڕاوەی ڕەژوو تك تك بە دەموچاومدا جۆگەلەی دەبەست، كراسەكەم كەوتبووە دەست یەكدوو چاوەش كە بۆ هەڵپەڕكێ هاتبوونە ئەو ناوە و دەیانڕوانیێ و خەریكی پێكەنین و گفتوگۆ بوون و گوێم لێ بوو دەیانگووت؛ نەخشی كراسەكەی حەمیدەفەندی كتومت تابلۆكانی ڤان كوخن… پێكەنین و قاقایان لە هەرچوار لاوە دەبیسترا، حەمید ڤان كوووخ.. ڤان كوووخ، بانگیاندەكردم.

 بەپەلە گۆچانەكەم دایە بەر خۆم و تا وزەم تێدا بوو تەكانمدا و ئەوناوەم جێهێشت، لە لاكەی ترەوە خزمەكانیشم بەم بەزمە قاقایان دەهات. سەرسەرییەكانی ئەو ناوەش تا لە چاوان بزر بووم، هەر هاوار هاواری حەمید ڤان كوخیان بوو. لەوێ ڕۆژێوە ناوی حەمید ڤان كوخم بەسەردا سەپا.. كە دەرگای ماڵەوەم كردەوە، یەكسەر خۆم لە گەرماوەكە پەستا و بە تەشتان ئاوم دەكردە سەر ‌خۆم و جۆگەلەی خم و ڕەشكاو بنی نەدەهات و نەدەبڕایەوە.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.