هیوا ك له‌ناو بۆرییه‌كانیدا

هونەر لەنێوان پۆلیتیک و ئێستاتیک دا


Loading

کاری بۆری پەنابەرەکان
سەدان ساڵە ئەوروپییەکان لەناو پێڤاژۆیەکی جیهانگیریدا بەگژ هەموو هەلومەرجە مرۆییەکان و ژینگەییەکاندا دەچنەوە و لێوەی توانیویانە جیهانێکی خۆشنوود لەشێوەی (( کۆشکێکی کریستالی))دا بۆ خۆیان چێ بکەن و و ڕۆشنگەرییەکیش بۆ خۆیان فەراهەم بکەن، بەڵام پاشماوەکەی تری جیهان بکەنە وێرانە و بیابان و بشبنە مایەی کوێرەوەریش بۆ خەڵکەکەی. ئەوروپییەکان ناسنامەی خۆیان بەوە دیاری ناکەن کەلەناو جیۆگرافیای خۆیاندا قەتیس بمێننەوە، بەڵکو ئەوان بەوە دەناسرێنەوە پەلاماری دەرەوەی سنووری خۆیان بدەن و جیهان بۆخۆیان زەوت بکەن. پێڤاژۆکانی وەک کۆلۆنیالیزم، ئیمپەریالیزم و گلۆبالیزم، هیچ نین جگە لەچەند ناوێکی جیاواز بۆ هەمان مەبەست. هەموو ئەم پێڤاژۆیانەش وەک ئەڵقەی زریزەیەکی لێکنەبچڕاون و بەو مەبەستە دراون کە سامان و گەنجینە سروشتی و کولتورییەکانی  شارستانییەکانی تر تاڵان بکەن و بیهێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. ئەم سیاسەتەش هاوکاتە بە پلانی پشتگیریکردنی هێز ودەسەڵات و ڕژێمە گەندەڵ و دیکتاتۆرەکانی ئەو کۆمەڵگایانە، تا لەڕێی ئەمانەوە هەم بازاڕی ساغکردنەوەی چەک و تفاقی سەربازی پەیدا بکەن و هەم خۆیان وەک ئاغای جیهان بسەپێنن بەسەر ئەوانیتردا و هەم ڕێگری بکەن لەوەی ئەو کۆمەڵگایانە بەرەو ڕۆشنگەری و سەروەرێتی خۆیان ڕێگا لێ بدەن. لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە ئەتڵەسێکی سیاسی نوێیان نەخشاند کە لێوەی چەندەها دەوڵەت و دەوڵەتۆکەی سەیر و سەمەرەیان قووت کردەوە و مافی چەندەها میللەتی جیاوازیان فەرامۆشکرد، تەنیا لەبەر پاراستنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان. گەلی کورد لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێکە لەو گەلانەی لەوێکاتەوە بووەتە قوربانی دەستی جەلادە ئەتڵەسسازەکانی دوای جەنگی یەکەم. هەمان ئەم سیاسەتە مونافیقە لەدوای جەنگی دووەمەوە بەسەر هەندێک لەگەلانی ئەوروپای خۆرهەڵاتدا پیادەکرا.
لەدوای جەنگی هەشت ساڵەی عێراق/ ئێران و دواتر داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە زنجیرەیەک شەڕ لە کەنداودا بەرپا کرا کە هەرهەموویان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا بوون. ئەم جەنگانەش بەرەنجامی لۆکالی و گلۆبالی کاریگەریان خستەوە. ڕاپەڕینی گەلانی عێراق( کورد و شیعە) هەروەها دواتر ئەوەی پێی دەگوترێت بەهاری عەرەبی لە تونس و لیبیا و میسر و سوریا، بریتی بوون لەبەرەنجامی ئەو جەنگانە. دواجاریش بە وێرانکردنی جیهانیژیان و شار و گوندی ئەو وڵاتانە کۆتایی هاتووە و ملیۆنان کەس ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و ئاوارە بن بۆ وڵاتانی دراوسێ و کێشوەرەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا.
 
پیته‌ر سلۆته‌ردایك
لۆجیکەکە بەم جۆرە بووە: ئەو کردارانە پەرچەکرداری بەرهەم هێناوە. واتە ئەوەی ئەوروپییەکان پێشتر بەرەو کیشوەرەکانی دەرەوەی خۆیان دەچوونەدەرەوە، لەم سەردەمەدا لە کیشوەرەکانی ترەوە،بەتایبەتیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەجیهانی ئیسلامەوە ڕووبەڕووی شەپۆل و لێشاوی بەخوڕی کۆچبەران و پەنابەران بوونەتەوە. فیلۆسۆف و کولتورناس پیتەر سلۆتەردایک لەم ڕووەوە دەڵێت: (( مەسەلەی کۆچ و پەنابەری بریتی دەبێت لە مێگابابەتی ئەم سەدەیە))

 

لێرەوە ئێمە دەتوانین ڕۆحی سەردەم دەستنیشان بکەین بەوەی پەنابەری و کۆچکردن بریتیم لە شانیشانەی ئەم سەردەمە.
بەڵام ئایا ئەرکی بوارە جیاجیاکانی وەک فەلسەفە و هونەر و ئەدەب و سیاسەت چی دەبێت لەسەردەمێکی ئاوەهادا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لێرەدا من هەوڵ دەدەم شوێن هەنگاوەکانی پڕۆتاگۆنیستێکی هونەرمەند بکەوم ، ئەویش هونەرمەند هیوا ک.
هەر لەسەرەتاشەوە دەبێت ئەوە بڵێم لەسەردەمێکی وەها تراژیدی دا ڕەنگە کاری ئیستاتیکی نەتوانێت ببێتە هێمانومای کۆنفلیکتەکانی ئەو سەردەمە، بەڵکو ئەوەی دەتوانێت ڕۆحی سەردەم بەرجەستە بکات کاری سیاسییانەی هونەرە، واتە پیشاندانی هەڵوێستی سیاسییانە لەناو نێوبەندی و کۆنتێکستێکی هونەریدا. بەمپێیە کارەکانی هیوا خۆی لەناو ئەم چوارچێوەیەدا دەبینێتەوە. ئەو هونەرمەندێکە، بەڵام تێماکانی بەدەوری سیاسەتدا دەخولێنەوە، کەچی کەرەسەی هونەری بەکاردەهێنێت. ئەو بەردەوام پەلاماری شتە زلەکە، مێگا بابەتەکە، کاپیتالیزم دەدات، بەڵام هەڵگری شتە بچووکەکانیشە، کێشە نێوخۆییەکانیش لەهەمان ئاستی قەیراندا دەبینێت. لێرەوە لەچاوی مندا بەبێ تێگەیشتن لەڕۆحی سەردەم ناتوانرێت لە نێوەڕۆکی کارەکانی هیوا تێ بگەیەن.
لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا سیاسەت فاکتۆری سەرەکی گێچەڵەکانی جیهانە. هونەر، وەکو بوارێکی ئێستاتیکی باو ناتوانێت خۆی دەرگیری ئەو گێچەڵانە بکات کە بوونی مرۆڤانەی خستۆتە بەردەم هەڕه‌شەی سیاسی جۆراوجۆرەوە، وەک هەڕەشەی مەزهەبی، هەڕەشەی نەتەوەیی، هەڕەشەی ئابووری و هەڕەشەی ژینگەیی. بەڵکو چیتر دەبێت هونەر خۆی لەناو هەموو ئەو کێشانە هەڵقورتێنێت و بەئینڤیسیۆنێکی هونەرییانە هەموو کێشە سیاسەییەکان بخاتە ڕوو.
کارەکانی هیوا ک. هەوڵیکن لەو ئینڤێسیۆنانەی دەیانەوێت بەهونەر کۆنفلیکتە سیاسییەکانی جیهان بخەنە ڕوو. وەک پرۆژەی (( شیکاگۆ بۆیز)) وە (( ئەم لیمۆیە تامی سێو دەدات))، هەروەها (( خانووە یەکژوورییەکە)) و (( زەنگەکە)) و تا دەگاتە (( پرۆژەی بۆرییەکان)) کە دواهەمین کارێتی و لە ئێستادا لە پێشانگا جیهانییەکەی دۆکومێنتا ١٤ لە کاسل نمایش دەکرێت.
تێکڕای ئەو کارە هونەرییانە لەنێوەڕۆکدا هەڵگری پەیامی سیاسیشن، پەیامی ئەوەی بۆ بەگژداچوونەوەی هەر ستەمێکی سیاسی هونەریش دەتوانێت تەدەخول بکات، خۆی تێهەڵقورتێنێت، ببێتە ئەکتیڤیست، ببێتە شۆڕشگێڕ، و بەرهەڵستکار. تایبەتمەندی کارەکانی هیوا ڕێک لەو ئامادەبوونەیدایە کە دەچێتە نێو جەرگەی ڕووداوەکان، لەهەموو ئەو کارانەی سەرەوەیدا خودی خۆی ئامادەبوونێک و بەشداربوونێکی کردەیی تێدا هەبووە، ئەمەش بەرەو ئەو تیۆرییە کێشمان دەکات، کەوا چیتر هونەر نابێت لەڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا، سەراسیمە بە کارەسات، پڕاوپڕ لە قەیران، تژی لە تەنگانە، تەنیا لە گەلەرییە کەشخەکاندا نمایش بکرێت، بەڵکو دەبێتە بچێتە نێو ڕووداوەکان و نێو گۆڕەپانەکان. کارەکتەری هیوا لەوەدا خۆی بۆمان دەنوێنێت کەئەو دەڕوات بۆ ئەو جێگایانەی لەکڵپەسەندان، ئەو جێگایانەی تەنگانە بەری پێ هەڵچنیوون، ئەو جێگایانەی لە ئەنجامی فشاری زۆری جێگاکانی ترەوە وەختە بترازێن، بگرە ئەو جێگایانەی لە جێی خۆیان ترازاون. بەرجەستەبوونی هونەر لەنێو ئەم نێوبەندییە ئاڵۆزەدا جۆرێکی تری ئەرکی سیاسییانەی هونەرمەند دەسەپێنێتک کە خودی کاری سیاسی و ئەکتی کۆمەڵایەتی ڕەنگە نەتوانن پێی هەڵبستن. هونەر، بەوەدا بڕێک کاتیگۆری ئیستاتیکی لەبینینی شتەکان بەکاردەهێنێت، دەتوانێت قووڵتر و تیژتر و خێراتر بگاتە هەموو کەس. لێرەوەیە ئەم جۆرە هونەرە هەڵگری خەسڵەتێکە جیا لە مۆدێلە باوەکانی سەردەمەکانی پێشوو. کارەکانی هیوا ، وەکو ئەکتێکی سیاسی دەردەکەون، بەڵام نەفەسی ئیستاتیکی لێ خاڵی نییە. لای ئەو ئیمپەراتیڤی ئیستاتیکی نییە بەتەنیا بەڵکو ئیمپەراتیڤی پۆلیتیکیشە. ئەم دوو فەرمانەش، دوو کارەکتەری گرنگن پێکەوە کۆ بنەوە، هەر ئەمەشە لە نێوەڕۆکی کاری هونەری زۆرێک لە هونەرمەندانی تری ئەمڕۆژگارەدا تێبینی دەکرێت، بەنموونە زۆرینەی کارە نمایشکراوەکانی پێشانگای دۆکۆمێنتا ١٤ ئەوەی  بەهاری ئەمساڵ لە ئەتینا نمایش کرا و ئەوەشی لەم هاوینەدا لە شاری کاسلی ئەڵمانی نمایش دەکرێت، تێکڕا لە نێو ئەو چوارچێوە سیاسییەدا دەخولێنەوە، هیواش بە کاری (( ماڵی نێو بۆری ئاوەڕۆکان)) بەشدارییەکی گرنگی تێداکردووە و کارەکەی لەبەردەروازەی پێشانگاکەدا نمایشکراوە و وەکو موگناتیسێک سەرنجی هەموو تەماشاکارانی بۆ لای خۆی کێشکردووە.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین