سەباح ڕەنجدەر - هێڵکاریەکی قەرەنی جەمیل

خاڵبەندییەکەی سەباح ڕەنجدەر و بێ هێماکانی خاڵبەندی


Last updated:

Loading

خاڵبەندییەکەی سەباح ڕەنجدەر و بێ هێماکانی خاڵبەندی

پێشەوا کاکەیی

کلیلەوشە: سەباح ڕەنجدەر، هێماکانی خاڵبەندی، ڕێنووس، ڕێزمان، زمان، زمانی ناو زمان، شیعری کۆن، شیعری نوێ، خاڵبەندی کۆن، خاڵبەندی نوێ، لاساییکردنەوەی هێماکان، بەجێهێشتنی هێماکان، لابردنی هێماکان، دەربڕینی شیعری نوێ، ئافراندنی خاڵبەندێ نوێ…

پێشەوا کاکەیی
پێشەوا کاکەیی

پێشباس:

چەندین ساڵە شیعری سەباح ڕەنجدەر دەخوێنمەوە، هەر بە دیدە قووڵەکەی خۆی و زمانە پاراوەکەی خۆی و تێگەیشتنی خۆم بۆ شیعر لێی دەڕوانم؛ بەڵام ساتێک لە خۆم و سەباح ڕەنجدەر و زمان هاتمە دەرەوە و وەک خوێنەرێکی تر و «زمانی ناو زمان» لێم ڕوانی، (لەبارەی زمانی ناو زمانەوە دوواوم لە شوێنی تر) کە دەقە چڕەکانی یەک نیشانەی خاڵبەندی نییە. پرسیارم لە خۆم کرد و چوومە ناو کێشەکانی شیعرە بێ خاڵبەندییەکانی سەباح ڕەنجدەرەوە، چ بەسەر شیعری نوێدا دەهێنێت. هەر لە بەر خۆمەوە، پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکەوە، گوتم: هێماکانی خاڵبەندی، ژێی مۆسیقان. دەتوانن ڕێنوێنی هەست و بیری خوێنەر بکەن. تەنیا ئامرازێکی زمان نین، بەڵکوو ڕۆحی شیعریشن. هێمای خاڵبەندیی درووست، دەتوانێت شیعرەکە زیاتر هەوایی بکات و ڕێگە بە خوێنەر بدات هەست بە گرژی هەست و سۆزی نێوان دێڕەکان بکات. شاعیر ئازادە لەوەی کە هێماکانی خاڵبەندی لە شیعری نوێدا، لای زیادەڕۆییە یاخود نا، بەڵام لای من بەشێکن لە درووستکردنی زمان کە دەتوانێت هەموو وشە و ڕستەیەک زیندووتر ڕابگرێت و چەمکی هونەری شیعرەکە قووڵتر بکاتەوە. ئەگەرچی سەباح ڕەنجدەر هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی دەرچێت و بە دوای داهێنانێکی تر و زمانێکی تر و تێگەیشتنێکی ترەوە بێت بۆ شیعر، ئەویش بە بێ هێماکانی خاڵبەندی. لێ جار جار لە ناونیشانێکیدا کە شیعرەکەی داڕشتووە، هێمای ژمارە و ئەستێرەی بە کار هێناوە وەک ناوبڕی نێوان پارچە شیعرەکان. لەگەڵ ئەو دیوە شاراوانەی ئەو مەبەستیەتی، بەری کەوتووم، بەڵام لە دیواری ئەم خانووە شیعرانەوە، ماڵی ڕۆحی شیعریشی درزی باریکی تێدا دەردەکەوێت کە بە خوێنەر نەگات. 

نەگەیشتن لە کێشەی خوێنەرەوە نییە، بەڵکوو لە خودی زمانی ناو زمانەوەیەتی کە هێماکانی خاڵبەندییش سەر بە تەواوکاری ڕێنووس و دەربڕینی ڕێنووسیش سەر بە لایەنەکانی هونەری ڕێزمانە و جووڵەپێکردنی هونەری ڕێزمانیش سەر بە زمانە. جا لەو ڕێیەوە و لە زمانەوە دەچینە ناو زمانەوە، واتە دەقەکانی سەر بە زمانی ناو زمانی خۆیەتی و شاعیر لێی دەرچووە. بە واتایەکی تر، شیعرەکان دەگەنە خوێنەر، بەڵام بە زیادەوە ناگەنە خوێنەر، چاوەڕێی ئەوەین کە گوتاری زیاتری لێ بخوێنینەوە. شاعیر شێوازێکی نوێی تاقی کردووەتەوە لە شیعری کوردیدا کە شاعیرانی تریش لە جیهاندا ئەمەیان کردووە پێش ئەو، بێ هێماکانی خاڵبەندی نووسیویانە. لێ ئێمە چۆن لەگەڵیدا بڕۆین و بیخوێنینەوە، ئەوە ڕێگە درووستەکەی شیعر خوێندنەوەیە. کە دەکرێت لە وێستگەیەکدا یان دیوانێکیدا ئەم ئەزموونە ڕەچاو بکات و دواتر ڕەچاوی هێماکانی خاڵبەندییش بکات کە ئاواز و هەوای خۆی هەیە؛ چونکە وشە بە تەنیا هەر خوێندنەوە نییە، بینینیشە و بینینی وشەیەک یان نیوەدێڕێک یان ڕستەیەک یان پارچەیەک، دەبێت بە گوڵدانی زمانی ناو زمانەوە دەری بخەین تا هەست بە ڕۆحی وشەکان بکەین. 

شیعر هەمیشە پێویستە خاڵبەندی ستاندارد بە کار بهێنێت، مەگەر هەندێک هۆکار هەبێت کە ڕەچاوی نەکات، خزمەت بە ئامانجەکانی شیعرەکەی دەکات. بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی بیت بە سەرکەوتوویی، پێویستە تێگەیشتنێکی باشت هەبێت لە چۆنیەتی کارکردنی هێماکانی خاڵبەندی. کەس پێی وانییە ئێمیلی دیکینسۆن نەیزانیوە چۆن هێماکانی خاڵبەندی بە کار بهێنێت؛ ئەو تێگەیشتنێکی باشی هەبووە لە ئەرکی هێماکانی خاڵبەندیدا، هەر بۆیەش توانی بە سەرکەوتوویی، هێڵکاری/ لە شوێنی هەموو جۆرەکانی تری هێماکانی خاڵبەندیدا بە کار بهێنێت. هەمان شت بۆ (ئی. ئی. کامینگز)یش ڕاستە. وەستای هێمای خاڵبەندی بوو، هەر بۆیە توانی بە سەرکەوتوویی دەستبەرداری بەکارهێنانی خاڵبەندی لە زۆرێک لە شیعرەکانیدا بێت.

بەکارهێنانی داش لە لایەن ئێمیلی دیکینسۆنەوە تایبەت بوو بە شیعری سەردەمی خۆی و بوو بە نیشانەی جیاوازی. هێماکانی ئێمیلی دیکینسۆن، بۆ ئەوە بوو لە هەڵەتێگەیشتن دوور بکەونەوە یان جەخت لەسەر مەبەست بکەنەوە. لە کۆتاییدا بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی زیاتر بەکارهێنانی بینراوە، بەو پێیەی نیشانە تایپۆگرافییەکان بە زۆری توخمگەلێکی بێدەنگن لە شیعرەکەدا کە تەنیا لە شێوەی نووسراودا دەردەکەون؛ لێ گرنگی خۆی هەیە بۆ نەریتی زارەکی، ئەگەر بێت و خوێنەر بە جوانی لەسەر هێماکان بوەستێت و جووڵە و دەنگ و نووسین و خاڵبەندی ڕەچاو بکات. 

سەباح ڕەنجدەر – هێڵکاریەکی قەرەنی جەمیل

دەروازەیەک بۆ شیعری نوێ و هێماکانی خاڵبەندی: 

لێرەدا قسە لەسەر جۆرەکانی خاڵبەندی ناکەین، تەنیا ئەوەیە کە لە نووسینی ژانرەکانی تردا، هێماکانی خاڵبەندی لادانی تێدا ناکرێت بەو شێوەیەی کە لە شیعردا دەکرێت و زۆر جاریش شیعر هێمای تر سەربار دەخات. ئەوەی زیاتر خاڵبەندی سەربار خستووە، شیعرە نەک ژانرەکانی تر. ڕاستە هێماکانی تری خاڵبەندی هەر لە: هێڵی لار، یەکسانبوون، دابەشکردن، کەڕەتکردن، کۆکردنەوە و کەمکردنەوەدا… لە زمانی بیرکاریدا سەریان دەرهێناوە، لێ زمانی شیعر هەموانی قووت داوە و بە گەڕی خستوونەتەوە و بە دوای هێمای تری خاڵەبەندی دیکەشدا دەگەڕێت کە زمان تەتەڵە دەکات و پێویستیەتی. بۆیە ئەگەر بێ لایەنەکانی هونەری خاڵبەندی، شیعر بنووسین، ڕۆحی شیعرەکەش لە گۆشەنیکای خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت وەک دەقێکی کراوە، بەڵام بە لایەنی هونەرییەوە کراوەترە بۆ بەردەنگ و ئەو کەسەی شیعرەکە بە دەنگ دەخوێنێتەوە لە قووڵاییی لایەنی هونەری شیعرەکەوە دەیخوێنێتەوە. چەندە شاعیر شارەزاتر بێت لە دەرخستنی هێماکان، ئەوا زیاتر خوێنەر پەلکێشی ناو زمان دەکات. وەک گوتمان هێماکانی خاڵبەندی، قۆناغی یەکەمی زمانە و ڕێنووس زمانی دووەمە و ڕێزمان زمانی سێیەمە و زمان لووتکەی هەموانە. لە زمانەوە دەچینەوە ناو زمانەوە کە ئەویش بە لایەنی هونەری و جووڵە و خزانی زمان و بیرکردنەوە لێی، زمان خۆی دەزێتەوە و زمانی ناو زمان بەرهەم دەهێنێتەوە.

هێماکانی خاڵبەندی لە شیعری نوێدا، لە شێوە و شێوازدا هەمەچەشن و ئاڵۆزن، ئەمەیش بە شێوەیەکی سەرەکی لە نەهێشتنی هێماکانی خاڵبەندی و بەکارهێنانی هاوئاهەنگی هێماکانی خاڵبەندی و دێڕشکێندا ڕەنگ دەداتەوە.

 

لاساییکردنەوەی هێماکان: بەو مانایەیە کە هێماکانی خاڵبەندی وەک وێرگوڵ، خاڵ، خاڵبۆر، نیشانەی سەرسووڕهێنەر، نیشانەی پرسیار، سێ خاڵ، جووت خاڵ، هێڵی لار، تەقەڵ، کەوانەی گەورە و بچووک و… هتد بە پێی مانا و ئەرکە ڕەسەنەکانیان لە دەقە گشتییە نوێیەکاندا بە کار دەهێنرێن و لەگەڵ دێڕشکێنەکانی شیعریشدا یەکدەگرنەوە بە بێ هیچ کەلێنێک. 

جێهێشتنی هێماکان: ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی لەو شوێنانەی کە پێویستە بە پێی ستانداردە گشتییەکانی نووسینی نوێ بە کار بهێنرێن. دوو شێوەی دەربڕین هەیە بە پێی مەودای جێهێشتنەکە. ئەویش؛

لابردنی کەمێک لە هێماکان: لەم جۆرە شیعرەدا هەندێک نیشانەی خاڵبەندی لەو شوێنانە لادەبرێن کە پێویستە بە کار بهێنرێن و هەندێکی دیکەش هێشتا بە کار دەهێنرێن. ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەک ئاڵۆزە و دەتوانرێت بە نزیکەیی دابەش بکرێت بەسەر سێ شێوەی سەرەکیدا:

یەکەمیان: ئەوەیە کە شێوازی دێڕی شیعری بە کار ناهێنرێت، بەڵکوو لە ناوەڕاستی دێڕەکاندا بە کار دێت.

دووەمیان: لە کۆتایی هەندێک دێڕی شیعردا بە کار دێت و هەندێکی تر بە کار ناهێنرێت.

سێیەمیان: بەکارهێنانی بە هاوبەشی لەگەڵ دابەشکردنی دێڕەکانی شیعرێک، شکاندن و دابەشکردنی دێڕەکە لە ناوەڕاستی دێڕێکی تەواودا. لە کۆتایی دێڕەکەدا هیچ هێمایەکی خاڵبەندی بە کار نەهاتووە، بەڵام دوای ڕستەی تەواو بە کار هاتووە.

لابردنی زۆرینەی هێماکان: ئەم جۆرە شیعرە لە کۆتایی دێڕەکەدا هێمای خاڵبەندی بە کار ناهێنێت، هەروەها هێمای خاڵبەندی لە نێوان دەستەواژەکان یان ڕستەکاندا لەناو دێڕەکەدا بە کار ناهێنێت. (وەک بۆشایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت)، هەرچەندە واتاسازی و دەربڕینەکە دەبێت- وەستان، پرسیار، سەرسووڕمان، یان ئاماژە و هتد… بێت. سەباح ڕەنجدەر هیچ یەکێک لە هێماکانی خاڵبەندی لەناو هیچ دێڕێکی شیعرەکانیدا بە کار ناهێنێت. کە [ژمارە، تاک ئەستێرەیی، سێ ئەستێرەیی و پیت] بە کار دەهێنێت، ئەوا [ژمارە و پیت] لە خوار ناونیشانەوەیە و درێژەپێدەری ناونیشان و درێژکردنەوەی شیعرەکانە بۆ چەند پارچەیەک، یاخود لە خوارەوەی پارچەی یەکەمی هەر شیعرێکە و درێژ دەبێتەوە بۆ چەند پارچەیەک. کە ئەمانە، پەیوەندی بە هێماکانی خاڵەبەندی ناوەوەی شیعرەوە نییە. واتە لە نێوان پارچە شیعرەکانیەتی، وەکوو: (*، ***، ١، ٢، ٣… و پیت) نەک هەر لە دیوانی سێیەم، لە کۆدیوانەکانیشیدا! کە ئەمە 

لە بەکارهێنانی هێمای خاڵبەندیدا، شاعیران دابەش دەبن بەسەر چوار چیندا:

    • ئەو شاعیرانەی کە نیشانەی خاڵبەندی بە کار دەهێنن بە بێ ئەوەی بزانن بۆچی بەکاریان هێناوە.
  • ئەو شاعیرانەی کە تەنیا بەیتەکانیان دەنووسن، بە بێ بەکارهێنانی هیچ نیشانەیەک و بە هیچ شێوەیەک، نەک بە ئەنقەست، تەنیا لەبەر ئەوەی نازانن چۆن و لە کوێ بەکاریان بهێنن.
  • ئەو شاعیرانەی کە هێماکانی خاڵبەندی بە ئارەزووی خۆیان دایدەنێن، بە بێ ئەوەی بزانن کە خاڵبەندی لە ڕاستیدا یارمەتی لێکدانەوەی خوێنەران دەدات و هەروەها وەستانی هەناسەدانیشی دیاری دەکات.
  • ئەو شاعیرانەی کە پێیان وایە شیعر بێ خاڵبەندی دەگات و خاڵبەندی زیادە و هەرگیز بە کاری ناهێنن.

هێماکانی خاڵبەندیی شیعری نوێ و شیعری سەباح ڕەنجدەر:

١- چۆنێتی بەکارهێنانی خاڵبەندی و دەربڕینی شیعری نوێ:

لە خوڵقاندنی شیعری نوێدا، نیشانەی خاڵبەندی تەنیا ئامرازی ڕێزمانی نییە، بەڵکوو هەڵگری سۆز و وێنەیشە. شاعیر لە ڕێگەی هێمای خاڵبەندی درووستەوە دەتوانێت ڕەوتی هەستەکانی خوێنەر ئاڕاستە بکات بە جۆرێک کە هەر وشەیەک قووڵتر دەست لە ڕۆح بدات. بەکارهێنانی نیشانەکانی خاڵبەندی دەتوانێت هەستی جیاوازی هەوا/ ڕیتم درووست بکات، خوێندنەوەی شیعر زیندووتر و مانادارتر دەکات.

ئەگەر ناونیشانی شیعرێکی سەباح ڕەنجدەر وەربگرین کە هەر ناوی (خاڵبەندی)ـیە، دەیەوێت لە ڕێی بیرکردنەوە لە زمان، کێشەکانی زمانی ناو زمان داپۆشێت. وەک گوتمان پەیام و گوتاری ناو شیعرەکانی دەگەن و بە خاڵبەندییش زووتر و زۆرتر دەگات و وێنەی زیاتری لێ دەخوێندرێتەوە. بێ خاڵبەندی پایەیەکی زمانی تێدا نابێت بۆ گەیشتنە لووتکەی زمان. شاعیر لە ڕێی شیعری خاڵبەندییەوە، دەیەوێت پۆشاکی هونەر فڕێ بدات بۆ بەردەنگ و تەنیا ڕۆحی شیعر نیشان بدات لە شیعرەکەیدا. لە ڕێی ناونیشانە لاوەکییەکانی شیعری خاڵبەندی، سەرنجمان دەباتەوە سەر خاڵبەندی بێ خاڵبەندی. ئەگەر پارچەشیعری (خاڵ)ـی ناونیشانی (خاڵبەندی)ـی سەباح ڕەنجدەر وەربگرین، دەچینە ناو زمان، بیر، ڕۆح و هونەری شیعرەکەیەوە. لەوێوە لە کێشەکان تێدەگەین.

(خاڵ

خاڵ لە شەرمێکی گەمژانەی ڕستە ڕادەگرێت

زەمینیش دەخولێتەوە و بە دوای خورپەیەکی بەهێزەوەیە

ئەدی بە کام دەست دەبەخشێ و بە کام دەست لێمان دەستێنێتەوە

دوای کەمێکی تر زەمین هەمووی تاریک دەبێت

بە دەنووکی سووری قەقنەس گۆڕێک هەڵدەکەنم

دڵ پێی ڕازی نییە و ئاهی شادمانی تێ نەگەڕاوە

گوڵەستێرە لەناوی نیشانە و ناوە

بە نیگایەکی ماندوو بیر و پڕۆژەی دیوارانی دەخوێنێتەوە

لەوێ پەیام ناگات

کەویش لە چیای لاڵن)

شاعیر لە خاڵدا ‘بێ خاڵی’ دەخاتە ڕوو کە زمانی شیعر کراوەیە بۆ بەردەنگ بە بێ خاڵ. پێی وایە کە خاڵ هەناسەی شیعر ڕادەگرێت و پێویستە بێ خاڵ بێت؛ ئەمە دیدێکی خەیاڵبۆنەکراوە کە شیعر هەناسەیەکی درێژە و پشوو نادات. پێم وایە کە شیعر پشوو بە ناوەوەی خۆی نەدات، لە مانادا دەپسێت. کە وایە وشەکان لە واتاسازیدا، بە دوای هەناسەیەکی ئارام و قووڵترەوەن بۆ ئەوەی بگەنە سەری دێڕ. شیعری نوێ، ئەسپێکی خێراترە و شێوەی چوارینە و غەزەل و مەسنەویی کۆن نییە لە خۆیدا بگەوزێت و وەستان و هەستانی نەبێت، یانژی وەک شیعرگەلێکی ژاپۆنی و چینیی کۆن پشووی تێدا نەبێت. ئاخر شیعری ژاپۆنی و چینی هەر لە بەرەبەیانی مێژووی شیعرییانەوە بۆ ئێستا، لە ناوەوەیاندا پشوودرێژی مانایان هەڵگرتووە. شیعری نوێی کوردی، پشوودرێژییەکەی لە پشوودانیدایە. شیعری خاڵ هیچ کێشەی نییە لە گەیاندن، کێشەکەی لە زۆر نەگەیاندندایە. واتە شیعر هەر لە زوو گەیاندندا نییە، بەڵکوو لە زۆر گەیاندنیشە کە لە قۆناغی یەکەمی زمانەوە بۆ قۆناغی چوارەمی زمان لە خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەو پێی وایە زمان وەک زەوینە و لەناو خۆیدا دەخولێتەوە، ئەوە ڕاستە؛ بەڵام بە دەوری خۆیشیدا دەسووڕێتەوە، بۆ ئەوەی زمان، زەمان تەواو بکات. من لەگەڵ ئەو بێ خاڵبەندییەدا نیم، لەگەڵ ئەو ئەڵغامڕێژکردنەی میعر و شیعرەکانی حەمەسەعید حەسەنیشدا نیم، کە لە نێوان هەر وشەیەک یان دوو وشە تا سێ وشەدا، وێرگوڵ هەیە. ئەم هەموو وەستانە شیعر زیاد ناکات و فراوانیشی ناکات، بەڵکوو تەنگەنەفەسی دەکات. سەباح ڕەنجدەر لەم دێڕەدا زۆر بە توندی دژی خاڵ دەوستێتەوە کە دەڵێت: (بە دەنووکی سووری قەقنەس گۆڕێک هەڵدەکەنم). لای شاعیر خاڵ خوێنڕشتنە و دەبێتە خۆڵەمێش و هەڵناستێتەوە و شیعر تێیدا دەمرێت. ئەوەتا گۆڕ بۆ خاڵی شیعر هەڵدەکەنێت. ئەو پێی وایە، دەبێت شیعر لە بەرزەخدا بمێنێتەوە. لە بەرزەخ مانەوەدا، شیعر لە لای دەگاتە نەمری. ئەو وێرگوڵ بە گوڵەستێرە دەچوێنێت و پێی وایە پەیام ناگات و هەتا خاڵیش لاڵە لە ڕۆحی شیعردا.

بەکارهێنانی وێرگوڵ دەتوانێت وێنەکانی ناو شیعرەکە بە شێوەیەکی کاریگەر جیا بکاتەوە، ئەمەیش ڕێگە بە خوێنەران دەدات لە هەموو وەستانێکدا هەست بە سۆز و خۆشەویستی شیعرەکە بکەن. بۆ نموونە، لەکاتی باسکردنی دیمەنە سرووشتییەکان، وێرگوڵ گونجاوە و دەتوانێت ڕێگە بە خوێنەران بدات وێنەی زیندوو لە مێشکیاندا بکێشن و کاریگەریی بینراوی شیعرەکە بەرز بکەنەوە. ئەگەر لە هیچ کوێیەکی ئەم شیعرەدا وێرگوڵ بە کار نەهێنین، دەبێت لە نیوەدێڕی (لەوێ پەیام ناگات) وێرگوڵ هەر دابنێین! 

با لێرەدا بەیتێکی نالی بخەینە ڕوو،

(شه‌وی یه‌ڵدایه‌ یان ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و

كه‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و)

ئەوەی لە نیوەبەیتی دووەم ورد نەبێتەوە و لە ڕێی هێزی ئاوازەوە نەیخوێنێتەوە، دەکەوێتە هەڵەوە. خوێنەر لەکاتی گەردانکردندا، دەبێت بە شێوەی یەکەم بیخوێنێتەوە کە هەست بکات لەتاو ئەوی دیکە ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە نەک لە دووری ئەو ئارام بێت و چارەی ئەوی دیکەی نەبێت. کە بە شێوەیەکی یەکەم بخوێندرێتەوە: (کە دیدەم دوور لە تۆ، بێ نوورە ئەمشەو)، واتە لەکاتی خوێندنەوەدا، وێرگوڵێک لەدوای وشەی ‘تۆ’ دانێی، ئەوا حاڵی پەرێشان و بێئارامی ئەوی دیکە دەخوێنیتەوە؛ بەڵام کە بە شێوەی دووەم بخوێندرێتەوە: (کە دیدەم دوور لە تۆ بێ، نوورە ئەمشەو)، ئەوا بە کورتی و پوختی، چارەی ئەوی دیکەی ناوێت و شەوی لا ڕۆشنترە. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە لای نالی، بەپێی غەزەلەکەی بێت، خوێندنەوەی یەکەمی مەبەستە. لێرەدا لەسەر هونەری جیناس نییە لە نێوان [دوور و نوور]دا، بەڵام خۆ قسەکردنە لەسەر «زمانی ناو زمان» لە ڕێی هێز و ئاوازەوە. خوێنەر نابێت لەگەڵ ناوەرۆک و مانایەکی پێشوەختەدا ئامادە بێت کە چی مەبەست بووە؛ بەڵکوو وەک باشلار گوتەنی، لەگەڵ خوێندنەوی هەر دەقێکدا، خوێندنەوەکانی تر پشتگوێ بخەین و ڕووبەڕوو بین. ئەگەر مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس ڕاڤەی نەکردبا، ئەوا خوێنەر دەبوایە لە ڕێی هێزی ئاوازەوە بیدۆزێتەوە. بەڵام چونکە پێشوەختە خوێندنەوە و ڕاڤەی بۆ کراوە، دەستبەرداری خەیاڵی زمان و هونەری زمان بووە لەم نیوەبەیتەدا.

لەم بێنەوبەردەدا، لەپێناو کێش و بڕگەدا، کە (١٦)ییە، دەبوایە نالی (بێ)ـێیەک بنووسێت دوای وشەی ‘تۆ’ و وشەی سەرەتاش- ‘کە’ لابەرێت. یانی وەها نووسرابا، بۆ ئەوەی خوێنەر ڕاستەوخۆ بەری بکەوێت. (دیدم دوور لە تۆ بێ، بێ نوورە ئەمشەو)، بەڵام نالی بۆ ئەوەی خوێنەر بخاتە ناو ئاڵۆزی و پەرێشانی خۆیەوە، ئاڵۆزی لای خوێنەر درووست کردووە تا ئاڵۆزییەکەی دەر بخرێت، بۆیە لەم نیوەبەیتە و هەشت نیوەبەیتی دیکەی نالیدا، خەیاڵی زمان و هونەری زمانی خوڵقاندووە. کە ئەمەیش تەقینەوەی زمانی نالییە لەناو خەیاڵ و هونەردا.

ئەگەر سەیری پارچەشیعری «دووخاڵ»ـی ناونیشانی (خاڵبەندی)ـیەکەی سەباح ڕەنجدەر بکەین، دەبینین دووخاڵیش لە شیعردا دەخوڵقێنێتەوە. بۆ ئەوەی جەخت لەسەر هەستی کۆتایی شیعرەکە بکاتەوە، ڕێگە بدات هەندێک هەست یان بیرۆکە چڕ ببنەوە و کاریگەرییەکی بەهێز درووست بکەن. جگە لەوەیش، بەکارهێنانی خاڵبۆر و وێرگوڵ دەتوانێت قووڵی بۆ شیعرەکە زیاد بکات. خاڵبۆرەکان دەتوانن پەیوەندییەک لە نێوان دوو بیرۆکەی پەیوەندیداردا درووست بکەن، ئەمەیش ڕێگە بە خوێنەران دەدات لەکاتی بیرکردنەوەدا هەست بە واتای شیعرەکە بکەن. وێرگوڵ دەتوانێت ببێتە هۆی ڕوونکردنەوە یان درێژکردنەوەی دواتری کە مانای شیعرەکە دەوڵەمەندتر بکات. بەکارهێنانی زیرەکانەی ئەم نیشانە خاڵبەندییە، دەتوانێت دەربڕینی شیعرەکە چیندارتر بکات، ئەمەیش ڕێگە بە خوێنەران دەدات کە هەر جارێک بیخوێننەوە، مانایەکی تری پێ بدەن. بۆیە هێماکانی خاڵبەندی ڕۆڵێکی پێویستی لە درووستکردنی شیعری نوێدا دەگێڕن. شاعیران پێویستە بە باشی سوودیان لێ وەربگرن و هەر نیشانەیەک بکەنە ئامرازێکی بەهێز بۆ دەربڕینی هەستەکان.

 

٢- بەکارهێنانی نیشانەکانی خاڵبەندیی شیعری کۆن و ئافراندنی خاڵبەندیی شیعری نوێ:

زۆر جار بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی دەبێتە هۆی ورووژاندنی گفتوگۆی گەرم. زۆرێک لە شاعیران پێیان وایە کە هێمای خاڵبەندی ئامرازێکی گرنگە بۆ گەیاندنی هەست و وێنە، هەروەها دەتوانێت یارمەتی خوێنەران بدات باشتر لە هەوا و ئاستی سۆزداری شیعرێک تێبگەن. بە بەراورد لەگەڵ پێکهاتەی توندی شیعری نەریتی، شێوەی ئازادی شیعری نوێ وا دەکات کەڵکوەرگرتن لە هێماکانی خاڵبەندی نەرمتر بێت و شاعیران دەتوانن بەپێی پێویستی داهێنەرانە خۆیان هەڵبژێرن کە ئایا هێماکانی خاڵبەندی بە کار بهێنن یان نا. ئەگەر سەیری پارچەشیعری «سێ خاڵ»ـی ناونیشانی (خاڵبەندی)ـی سەباح ڕەنجدەر بکەین، دیسانەوە لەوێدا جەخت لەسەر ‘شیعرەکانی بێ خاڵبەندی’ دەکاتەوە و سۆز و هەست و تێگەییشتنی تایبەتی خۆی پێ دەدات. لای شاعیر وایە کە ئەم کارکردەیە ڕێگە بە زمانی شیعرەکە دەدات و ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر بڕوات و خوێنەران بتوانن لەکاتی خوێندنەوەیدا بە ئازادی مانای شیعرەکە لێک بدەنەوە؛ بەمەیش دەنگدانەوەیەکی قووڵتر درووست بکەن. کەمینەیەک لە شاعیران واز لە هێمای نەریتی دەهێنن و سەرنجیان لەسەر خودی زمانەکەیە، ئەمەیش ڕێگە بە وێنەسازی و هەستەکانی شیعرەکە دەدات بە شێوەیەکی نەبینراو لای خوێنەر خۆی داڕێژرێتەوە. لە کاتێکدا، شیعری نوێ هەر پەیوەست نییە بە هێمای نەریتەوە، بەڵکوو هێمای نوێی خاڵبەندیشی خوڵقاندووە. بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی بەپێی بابەت و سۆز و شێوازی شیعرەکە دیاری دەکرێت. بە هەر شێوازێک بنووسیت، گرنگ ئەوەیە شاعیر بتوانێت بە ڕاستی جیهانی ناوەوەی خۆی دەرببڕێت و ڕێگە بە خوێنەر بدات، دەنگدانەوە لە گەشتی شیعرەکەدا بدۆزێتەوە. ئەم جۆرە گەڕانە تەنیا ڕژدیبوونی شێوەی شیعری نییە، بەڵکوو ڕێزگرتن و پاتکردنەوەی ئازادیی داهێنەرانەی شاعیریشە. شاعیر لە سێ خاڵدا دەڵێت:

(خاڵ بە ڕەنگی سوورێکی گەرم و بە دەنگێکی دۆستانە 

خۆتمان پێ بناسێنە

لەپێناو چیدا درێژ دەبیتەوە

چاوی دوێنێ چی بە دی کردووە

قەلەڕەش لەسەر کاغەز سووڕ دەخۆن و دەنیشنەوە

پێیان شوێن بریندار دەکات

سەیری ئێرە بکە و بۆچوونی خۆت بڵێ

ڕێگای ژیان لە ڕێگای مردن جیا نییە)

هەڵبژاردنی هێماکانی خاڵبەندی دەتوانێت ڕەنگدانەوەی شێوازی کەسیی شاعیر و فەلسەفەی داهێنەرانەیش بێت. ڕەنگە هەندێک لە شاعیران پێیان باش بێت کە ‘سێ خاڵ’ بە کار بهێنن بۆ دەربڕینی وشەی تەواونەکراو یان ناڕوونی سۆزداری. ئەم هونەرە، شیعرەکە زیاتر پڕ لە نهێنی دەکات و خوێنەر سەرسام دەکات، بەو واتایەی کە مانایەکی قووڵتری لە پشتەوەیە. ئەگەرچی لای سەباح ڕەنجدەر وا دەردەکەوێت کە ‘سێ خاڵ’ ناتوانێت شیعری ئەو بناسێنێت، مەگەر خۆی بیخاتە ناو شیعرەوە و ئەو سێ خاڵ بناسێنێت. ئەمە دیوێکی خوازەیی گەلێک جوانە، دیوێکیشی گەلێک کورتبڕی تێدایە کە دواتر دەڵێت (لەپێناو چیدا درێژ دەبیتەوە)، وەک گوتمان ئەو دژی پشوودانی شیعرە و نایەوێت لەناو زماندا زمان بەرهەم بهێنێتەوە. شاعیر ئازادە لەوەی چۆن لە شیعرەکەی بڕوانین، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت دیوەکانی ناوەوەی زمان کە خاڵبەندییە زمانی پێ دەربخەین. خاڵبەندی لایەنێکی دەرخستی زمانی ناو زمانە. لای شاعیر، (چاوی دوێنێ) کە ئاماژەیە بۆ (خاڵ) هیچئ نەهێناوەتە گۆڕێ و هەرچی (قەلەڕەش)یشە وەک خاڵ بەدوای یەکدا ڕیز دەبن و هیچ لە واتا زیاد ناکات. شاعیر پێی قەلەڕەشەکان بە خاڵ دەچوێنێت و ‘شوێن بریندار دەکات.’ ئەگەر لەم دەستەواژانە بکۆڵینەوە، دەردەکەوێت کە لای شاعیر زمان نابێت پشوودانی تێدا بێت، تەنیا خوێنەر خۆی لێکی بداتەوە. لای شاعیر، خاڵ و وێرگوڵ و هێماکانی تر… شوێن داگیر دەکەن. 

لای شاعیر بەهانە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو هێماکانی خاڵبەندی هێناوەتەوە و بە شیعر دەیانخاتەوە گەڕ. هەر لە [خاڵ، دووخاڵ، سێ خاڵ، هێڵی لار، تەقەڵ، وێرگوڵ، ئەستێرە، نیشانەی پرسیار و نیشانەی سەرسووڕمان]ـەوە بە زیادە بۆ ڕێنووس و زمانەوانی و زمانی دەزانێت، لە کاتێکدا، خاڵبەندی سەرەتایەکە بۆ بیرکردنەوە لە زمانی ناو زمانەوە. شاعیر هێماکانی کۆنی هێناوەتەوە، لە کاتێکدا، شیعری نوێ کۆمەڵێک هێمای نوێتری هێناوەتە گۆڕێ کە زمان پێویستی بووە بە دەرخستنی. وەکوو: [(؛-)، (.-)، (-)، (–)، (‘ ‘)، (” “)، ([ ])، ([[ ]])، ({ })، ({{ }})، ‘( )’، (( ))’، (=)، (\)، (/)، (|)…]. 

ڕەنگە شاعیرانی دیکە، نیشانەی سەرسووڕمان هەڵبژێرن بۆ دەربڕینی هەست و سۆزی بەهێز کە دەنگدانەوەیان لەگەڵ خوێنەران هەیە. ئەم گواستنەوە سۆزدارییە ڕاستەوخۆییە، زۆر جار دەتوانێت هەستی خوێنەران بورووژێنێت. هەروەها بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پێشکەشکردنی بینراوی شیعرێک هەبێت. کاتێک شاعیران لە پیتچنیندا بە لێهاتوویی هێماکانی خاڵبەندی بە کار دەهێنن، دەتوانن کاریگەرییەکی بینراوی ناوازە درووست بکەن و هونەری شیعرەکە زیاتر بەرز بکەنەوە. بۆ نموونە، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی (دێڕشکێن و خاڵبەندی)ـیدا، شاعیر دەتوانێت سەرنجی خوێنەر ڕێنمایی بکات و لە هەر دێڕێکدا مانای تر بدۆزێتەوە. نەخشەیەکی لەم شێوەیە نەک هەر خوێندنەوەی شیعرەکە باشتر دەکات، بەڵکوو هەستی شیعرەکە زیاتر سێ ڕەهەندی دەکات.

بۆیە بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی بە نزیکییەوە پەیوەستە بە پڕۆسەی داهێنەری شاعیرەوە. کاتێک شاعیران خەریکی خوڵقاندنن، زۆر جار لە مێشکیاندا بیر لە هەموو وشە و ڕستەیەک دەکەنەوە و هەڵبژاردنی هێماکانی خاڵبەندی دەبێتە درێژکراوەی بیرکردنەوەکانیان. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، تەنیا بەکارهێنانی زمان نییە، بەڵکوو دەربڕینی هەستیشە. شاعیر لە ڕێگەی خاڵبەندییەوە توانای ئەوەی هەیە ململانێ و بیرکردنەوەکانی ناوەوەی خۆی بە دی بکات، ئەمەیش ڕێگە بە خوێنەران دەدات هەست بە سۆز و هێز و جووڵە و پشوودانی نێوان دێڕەکان بکەن. کە بێگومان هێماکانی خاڵبەندی، توخمێکی پێویستییە لە درووستکردنی شیعری نوێدا. لە پشت هەموو هێمایەکیشەوە، تێگەیشتنی قووڵ لە زماندا هەیە. شاعیران دەتوانن ڕژدی بەکارهێنانی نەریتی هێماکانی خاڵبەندی بکەن، یان تەنانەت هێمای نوێش درووست بکەن بۆ دەربڕینی شیعر و بەمەیش فەزای فراوانتر دەبێت. ئەمە تەنیا داهێنانێک نییە لە شیعردا، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیەکی قووڵە لەسەر کڕۆکی هونەریش.

جێگای سەرنجە، خاڵبەندی بە پێی مەبەستی شاعیر خوێنەر ڕێنمایی دەکات. ڕێزمانی درووست دڵنیای دەدات لە گەیاندنی مانای مەبەست. خاڵبەندی نادرووست یان نەبوونی، دەتوانێت مانای دەستەواژە، دێڕ، ڕستە، کۆپلە و هتد… بگۆڕێت یان تێکەڵ بکات. لە ڕووی خوێندنەوەی شیعرەوە، هێماکانی خاڵبەندی گرینگە بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز بخوێنرێتەوە وەک ئەوەی شاعیر مەبەستیەتی، لەگەڵ جووڵە و وەستانی گونجاودا. چەند نیشانەیەکی خاڵبەندی لە شیعردا بە کار دێت کە لە نووسیندا کەمتر باون، ئەوانە بریتین لە هێڵکاری و دێڕشکێن، هەموو ئەمانەیش کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی خوێندنەوەی شیعر هەیە. وەک هێمای ڕێگا وان بۆ خوێنەر.

کە وایە پێش ئەوەی هەوڵی شکاندنی یاساکان بدەیت. فێر ببە. هەروەها کاتێک دەیانشکێنیت، ئامانجدار بە، بزانە بۆچی و لە تاقیکردنەوەش مەترسە، (یاساکان بۆ ئەوەن کە بشکێنرێن.) دانانی هێمای خاڵبەندیی درووست لەناو شیعرەکەتدا نەک هەر یارمەتی خوێنەر دەدات، بەڵکوو دڵنیایی دەدات لەوەی هەست و زمانت دەگوازرێنەوە.

 

ئایاری ٢٠٢٥

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.