فرانسیس به‌یكه‌ن؛ ١٩٦٦ for a Portrait of Lucian Freud, 1966. Bacon, Painting Series

کورسییەکەی سەرۆک


Loading

 – ڕۆژباش

– ڕۆژباش، دکتۆر گیان.

– وا دیارە نەخۆشەکان هێشتا نەهاتوون؟

– نەخێر.

– زۆرباشە

دەچمە ژوورەکەم و لەسەر کورسییەکەم دادەنیشم. ئەمە دەرفەتێکە بۆ دەرهێنانی ئەو ئامارەی کە دەمێکە گۆڤارێکی پزیشکیی داوای لێ کردووم دەربارەی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی دەروونی و جۆری نەخۆشییەکانیان. ئاخر  ئەم ماوەیە لەبەر زۆریی سەردانکەرانی نەخۆش، بۆ ئامارکردنی نەخۆشەکانم هیچ کاتم نەبوو. لە ماوەی دە ساڵی کارکردنمدا لەم کلینیکە هەرگیز بە ئەندازەی ئەم سێ چوار مانگەی دوایی نەخۆشم نەبووە.  ‏

کاتێک لە بەشی دەروونناسی کۆلیژی پزیشکی وەرگیرام، هاوپۆلەکانم سەریان دەخستە سەرم و بە توانجەکانیان زۆریان بێزار دەکردم.

– داماو دەبێت هەتا ماویت تەمەنت لەگەڵ شێتەکاندا بەسە ر ببەیت!

– دوای ماوەیەك لە کارکردنت، خۆشت تێکدەچیت!

– پاشەڕۆژ کە عەیادە دادەنێیت، یەک سەردانکەرت نابێت، چونکە لەم وڵاتەدا کەس خۆی بە نەخۆش نازانێت!

هەڵبەتە ئەم قسانە زانستیی نەبوون، هاپۆلەکانیشم ئەمەیان دەزانی بەڵام هەر بۆ تووڕەکردنم دەیانکرد.

کۆمپیوتەرەکەم پێدەکەم. ژمارە و جۆری نەخۆشیەکان کۆدەکەمەوە. سەرنج دەدەم زۆرینەی نەخۆشەکانم حاڵەتی پارانۆیا یا میگالۆمانیایان هەیە*. ئێمە لەناوخۆماندا و لە سەردەمی کۆلیژدا ئەم نەخۆشییەمان ناو نابوو (نەخۆشییەکەی سەرۆک) ئەمەش بە هۆی ئەو نەخۆشەوە بوو، کە ئەو دەمە لە بەشی دەروونیی چارەسەری وەردەگرت و هەندێکجاریش بۆ چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە دەکەوت.

ئەو پیاوێکی پۆشتەوپەرداخت بوو؛ لە پەنجاکانی تەمەنیدا بوو. ‏کوڕەکەی، لە نەخۆشخانە هاوەڵی بوو. سەرەتا، کە هەردووکیانم بینی وامزانی کوڕەکەی نەخۆشە و ئەم لەلایەتی. پاشان پزیشکە سەرپەرشتیارەکەمان بە ئینگلیزی بۆی ڕوونکردینەوە، کە ئەمیان نەخۆشەکەیە. دواتر منی راسپارد، بۆ ئەوەی راپۆرتێکی لە بارەوە ئامادە بکەم. بۆ ئەمەش پێویست بوو بەردەوام چاودێری ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوکەوتی بکەم، منیش بە جۆرێك پێوەی سەرقاڵ بووم، کە هەندێك جار ناچار دەبووم بەناوی یارمەتیدانی هاوەڵەکەیەوە، وەکو هاوەڵێك ڕەفتار بکەم، نەك ‏وەکو ‏خوێندکارێکی کۆلیژی ‏پزیشکی. لەو ‏ماوەیەدا، ‏کە ڕاپۆرتەکەم ئامادەدەکرد، گەلێک زانیاریم دەربارەی ژیانی تایبەتی ‏و ‏خێزانیی و ‏کۆمەڵایەتیی سەرۆک دەستکەوت.

فرانسیس به‌یكه‌ن؛ ١٩٦٦
 a Portrait of Lucian Freud, 1966. Bacon, Painting Series‏

ئەگەرچی ئەم پیاوە خۆی ناوی (مەحمود) بوو. بەڵام زۆربەی کارمەند و ‏بگرە دکتۆرەکانیش هەر بە سەرۆک بانگیان دەکرد و وەکو سەرۆکێک هەڵسوکەوتیان ‏لەگەڵ دەکرد. ئەمەش زیاتر بە هۆی بڕیاری پسپۆڕە سەرپەرشتیارەکەیەوە بوو، کە ‏پێیوابوو؛ ئەم جۆرە مامەڵەیە بەشێکە لە چارەسەریی. تەنانەت نەخۆشەکانیش هاتبوونە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو پیاوە بە ڕاستی سەرۆکە و ئەوانیش بە سەرۆک بانگیاندەکرد. زۆرجار هەندێک لە پزیشک و ‏کارمەندەکان، بەم بڕیارەی پزیشکەکەی قەڵسدەبوون و دەکەوتنە مشتومڕەوە ‏لەگەڵیدا. لەمەشدا ئەوان ناهەقیان نەبوو، چونکە لە لایەکەوە ئەوان پێیان وابوو ئەمە ‏نەخۆشییەکی ئەقڵییە و تەنها دەرمان چارەسەرەکەیەتی. لە لایەکی تریشەوە ئەم جۆرە ‏مامەڵەیە دەبووە هۆی پەککەوتنی ئیشوکارەکانیان.‏

ئەگەرچی سەرۆك بە کەمی قسەی دەکرد. بەڵام کاتێک قسەی ‏دەکرد، خۆی لێ دەبووە سەرکردەیەکی دانا. ئیدی قسەکانی هەمووی ئامۆژگاریی و باسی کاڵفامیی ‏دەوروبەرەکەی بوو. زۆرجار داوای لە هاوەڵەکەی دەکرد قسەکانی بنوسێتەوە، چونکە پێیوابوو قسەکانی زۆر بەنرخن ودەبێت لە داهاتوودا لە کتێبێکدا چاپ بکرێن. بۆ خۆیشی کتێبێکی بچووکی بەرگ تێگیراوی لە بەرباخەڵدا پێ بوو، کە کەس نەیدەزانی ناونیشانی کتێبەکە چییە. جارجارە دەریدەهێنا و چەشنی یاری کاغەز، لە بەرگەوە بۆ بەرگ خشەیەکی خێرای بە لاپەڕەکانی دەکرد و دەیخستەوە گیرفانی باخەڵی چاکەتەی. من، بۆ تەنیا جارێکێش چییە، نەمبینی ئەو کتێبە بخوێنێتەوە. بۆیە زۆرم مەراق بوو بزانم ناو و ناوەڕۆکی کتێبەکە چییە، بەشکو بۆ راپۆرتەکەم سوودی لێ ببینم.

سەرۆک هەڵسوکەوت و ڕۆیشتنی سەرۆك سەنگین بوو. لەچوونە دەرەوە و هاتنە ژوورەوەیدا، هەموو نەخۆشەکانی قاوشەکە، جگە ‏لە نەخۆشێک کە ناویان ناوبوو (حەمە) زۆر بڵێ، لەبەری هەڵدەستان و هەتا ئەو ئاماژەی بۆ ‏نەکردنایە کەس دانەدەنیشت. خۆ ئەگەر کاتی نانخواردن بووایە ئەوا دەبوو دەست لە ‏نانخواردن هەڵگرن و بە پێوە بوەستن هەتا سەرۆک نانەکەی دەخوارد. جا ئەویش نانی ‏نەدەخوارد هەتا ئەو کارمەندەی نانەکەی بۆ دەهێنا کەوچکێکی لێ ‏نەخواردایە. ‏چونکە پێیوابوو؛ ئەوانەی دەوروپشتی پیلانی لە دژ دەگێڕن ‏و دەیانەوێت دەرمانخواردی ‏بکەن. پاش ئەوەی کارمەندەکە، خواردنەکەی لەبەردەم دادەنا، دەبوو ئەویش لە پاڵ نەخۆشەکاندا بە ئەدەبەوە بوەستایە و نەڕۆیشتایەتە دەرەوە. کاتێکیش تووڕە دەبوو یا هەڵدەچوو، هەرچییەکی بە دەستەوە بهاتایە تووڕی ‏دەدا. ‏چەندینجار بە هۆی ئەم ڕەفتارەیەوە سەری کارمەند و نەخۆشەکانی دەشکاند.

خۆشەویستترین شت لای سەرۆک مەحمود، ئەو کورسییە بوو وا  بۆ مورافیقەکەی دانرا بوو. ‏ئەو کورسییەکەی بە هی خۆی دەزانی و وای دەزانی کورسی سەرۆکایەتییە. بۆیە ئەگەر بۆ تەوالێت یا بە حانووتەکەی نەخۆشخانەش بچووایە، ‏کورسییەکەی جێ نەدەهێشت لەگەڵ خۆی دەیبرد، جا دەبوو موارافیقەکەیشی بۆی هەڵگرێت. بۆیە هەندێکجار ‏کورسییەکەی بە من ‏هەڵ دەگرت، لەسەرخۆ و بە هێواشی بە کوڕەکەی دەگووت: تۆ لێرە بمێنەوە! …ئاماژەیەکی بۆ نەخۆشەکانی ناو قاوشەکە دەکرد و چاودێری ‏ئەو ‏ڕەعیەتە بکە. ‏

ئینجا وەکو سەرۆکێک لایەکی بە لای مندا دەکردەوە و دەیگووت:‏

‏-‏ وەرە برازاکەم، ئەو کورسیەش لەگەڵ خۆتا بهێنە!‏

منیش بە خۆ و بە فایل و بە کورسییەکەوە دوای دەکەوتم. ئەو متمانەی بە کەس ‏نەبوو و زۆر دەترسا لەوەی کەسێک کورسییەکەی لێ بسێنێت یا بدزێت. بەتایبەت ‏گومانی زیاتری لە حەمە زۆر بڵێ هەبوو. حەمە زۆر بڵێ، کەسێکی خەمۆك بوو، ‏چەندجارێک هەوڵی خۆکوشتنی دابوو…ئەو بەهۆی ئەوەی پێشتر بە هۆی سیاسەتەوە ‏زیندانیی کرا بوو و ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، دووچاری خەمۆکیی ببوو. لە ڕاستیدا ‏ئەو زۆر کەمدوو بوو، بەتەنها هەر جگەرەی دەکێشا، بەڵام نەخۆشەکان ناویان نابوو ‏حەمە زۆربڵێ. جا ئەو کاتانەی حەمە نۆبەی خەمۆکییەکەی بۆ دەهات و دەبا بۆ چەند ڕۆژێك ‏لە نەخۆشخانە بمابایەوە؛ هەمووان دەبوو ئاگاداری مەحمود و حەمە بین؛ بە تایبەت ئەگەر لە ‏قاوشەکانیتر جێ نەبووایە و هەردووکیان لە قاوشێک بوونایە، ئەوا بەزم و هەرایەك هەر ‏دروست دەبوو. چونکە حەمە بە بیستنی ناوی سەرۆك قوشقی دەبوو و جنێوی بە هەموو ‏سەرۆکەکانی جیهان دەدا و ئەویش وەڵامی دەدایەوە. هەندێکجار (مەحمودی سه‌رۆك) منی ڕادەسپارد ‏تا بچم بە تووڕەبوون بێت یا بە قسەی خۆش، حەمە بێدەنگ بکەم. ئەمەش بۆ من گەلێك ‏ناڕەحەت بوو، چونکە لە لایەکەوە دەبوو قسەی ئەو نەشکێنم ولە لایەکیتریشەوە دەبوو، ‏بە دزییەوە بەقسەی نەکەم!  ‏

ئای…لەو ڕۆژەی بەڕێوەبەری تەندروستیی، لەگەڵ چەند دکتۆر و کارمەندێکدا خۆیان کرد بە قاوشەکەدا! کاتێک بینیی هەموو نەخۆش و کارمەندەکان بە پێوە وەستاون تەنها مەحمود  نەبێت، کە لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە و نان دەخوات؛ ئەویش یەکسەر چوو بۆ لای و بەڕێزەوە سڵاوی لێ کرد. بەڵام مەحمود بە لالوتێکەوە و لە ژێر لێوەوە وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە. خێرا یەکێک لە پزیشکەکانی قاوشەکە بە زمانی ئینگلیزیی بەڕێوەبەری تێگەیاند کە ئەوە نەخۆشە. بەڕێوەبەر بە گرژییەکەوە گەڕایەوە و پاشان زۆر تووڕە بوو و ئەم شێوازە لە چارەسەرکردنی ڕەتکردەوە؛ هەر بەمەیشەوە نەوەستا بگرە پزیشکە سەرپەرشتیارەکەیشی بۆ شارۆچکەیەک گواستەوە. دواتر زانیمان بەڕێوەبەر بە هەڵە وا تێگەیشتووە، کە ئەمە بەرپرسێکە و هاتووە بۆ دڵنیابوونەوە لە باشی و خراپیی خواردنی نەخۆشخانەکە.

ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەری تەندروستی، دۆخەکەی بە تەواوی گۆڕی. ئەو پزیشکەی، کە دواتر دانرا بۆ سەرپەرشتیکردنی سەرۆک، هەم لە ترسی ئەوەی بە دەردی پزیشکەکەی تر نەچێت و هەم خۆیشی بڕوای بەشێوازی چارەسەرکردنەکەی ئەو نەبوو؛ بۆیە ڕێگەی نەدەدا پزیشک و کارمەندەکان بە (سەرۆک)  بانگیبکەن و وەکو سەرۆك هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. ئەمە بۆ مەحمود زۆر قورس بوو و حاڵەتەکەی خراپتر کرد. ئەو کەوتە دۆخێکەوە، کە وای نیشاندەدا هەمووان ستەمی لێ دەکەن و دەیچەوسێننەوە. بەڵام نەخۆشەکان، هەر لەسەر ڕیتمی خۆیان بەردەوام بوون و مەحمودیان لەسەرۆکایەتی نەخست، تەنها حەمەنەبێت، بسکەی سمێڵێ دەهات. ئەو بە زەردەخەنە تەوسئامێزەکانی بە سەرۆک، مەحمودی دەهریدەکرد. چەندجارێکیش بووە شەڕیان لەسەر ئەوەی حەمە، مەحمودی سه‌رۆكی غافڵگیر کردبوو و کورسییەکەی لێ زەوت کردبوو.

‏بەیانییەك کاتێک لەگەڵ چەند خوێندکارێکدا، بەرەو نەخۆشخانە دەچووین؛ بۆنکزێک هاتە بەر لووتمان. هەتا لە نەخۆشخانە نزیکتر دەبووینەوە بۆنکزەکە زیاتر دەبوو. پاشان دووکەڵێکمان بەدیکرد، کە لە باڵەخانەی نەخۆشخانەی دەروونییەوە بەرز دەبووەوە. کەوتینە ڕاکردن بەرەو نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی بزانین مەسەلە چییە. کاتێک نزیکتر بووینەوە، چەند ئۆتۆمبیلێکی ئاگر کوژێنەوە و ئەمبوڵانسمان بینی. هەندێک خەڵکیش کە لەو شوێنەدا بوون، بە نیگەرانیی و شڵەژانەکەیاندا دیار بوو، خزمو کەسو کاری نەخۆش و کارمەندەکانن. لە کارمەندێك نزیک بوومەوە تابزانم هۆکاری ئاگرەکە چییە. بەوەدا کە یەکمان دەناسی ، بە دوو وشە وەڵامی دامەوە:

– کورسییەکەی مەحمود!

بەسەرسووڕمانەوە پرسیم: کورسی مەحمود بۆ؟

– ئەم بەرەبەیانە کاتێك مەحمود دەچێت بۆ دەستنوێژگرتن. حەمەش بە فرسەتی دەزانێت، کە مورافیقەکەی مەحمود لەسەر بێدێکی ئەو لاتر خەوتووە، دەچێت کورسییەکە دەبات و لەسەری دادەنیشێت و خۆی لێ دەکات بە خەوتوو. مەحمود کە دێتەوە و پێی دەزانێت، دەچێت تەنکیی نەوتی زۆپای ژووری فەڕاشەکان دەدزێت و بە خێرایی دەیکات بە سیسەم و قەرەوێڵەکانی قاوشەکەدا و ئاگری تێ بەر دەدات. ئیتر هەر کەسە خەمی ئەوەی بووە فریای خۆی بکەوێت و رابکاتە دەرەوە.

پرسیم: ئەی چارەنووسی سەرۆک؟ حەمە؟ نەخۆش و کارمەند و پزیشکەکانیتر؟

بە بێزارییەوە گووتی نازانم!

دەنگی لێدانی دەرگەکە بە ئاگام دەهێنێت. کامەران دێتە ژوورەوە: دکتۆر، نەخۆشی ژمارە یەک هاتووە. بیکەمە ژوورەوە؟

کەمێك رادەمێنم؛

– بەڵێ، با بێت. ناوی چییە؟

– مەحمود.

 

ته‌واو

بەرلین، ١٦ی دیسەمبەری ٢٠١٧

*میگالۆمانیا‏ یا پارانۆیا: داء العظمة، جنون العظمة

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی