بوخاری وشیار

ژن و حەیران و دەستبازی


Loading

حەیران هونەرێکی ڕەسەنی کوردیە و لە پەخشانە شیعرەوە نزیکە، بە پێی ئەوەی کە لە کۆی ئەو حەیرانانەی تا ئێستا بەرچاوکەوتوون و ناوەکانی وەکو (شلێر، و هەمین، و ئەسمەر و فاتم و …هتد) بە زەقی لە حەیرانەکان بەکارهاتوون، یان شوێنەکانی وەکو (مەخموور و دیبەگە و قەراج و کەندێناوە و ….هتد) لە حەیرانەکاندا هەن.

 

 

(( حەیران دیبەگە لەبن زووری،

 کاغەزەکم لەبۆ بنووسە لۆبرایماغەی لە کاولە مەخمووری،

ئەوسار سەرێ چەند سارانە بەتەمامە بەژنێ باریکەرانە

 هەرگرم لۆخۆ بچمەوە سەرێ مەخمووری..))

 

 

کەواتە دەبێ سەرهەڵدانی ئەم جۆرە هونەرە بگەڕێتەوە بۆ دەشتاییەکانی هەولێر،. ئەگەر وردتر ئاماژەی پێبکەین دەبێ بڵێین؛ ناوچەی دزەییان و قەراج و کەندێناوە و مەخموور و دەورووبەری و لەوێوە بڵاوبووەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆشناوەتیی و ڕەواندز و کۆیە و حاجی ئۆمەران و ناوچەی پشدەر و تا گەیشتۆتە موکریان و لە دەورووبەری بۆکان سووڕاوەتەوە.

 

لەبەر ئەوەی تا ئێستا لێکۆڵیینەوەیەکی ورد و ئەکادییمیانەمان نییە لەسەر حەیران، دیار نییە لە چ سەردەمێک حەیران سەری هەڵداوە، بەڵام کۆنترین حەیران کە تۆمارکراوە بەدەنگ لە ساڵی ١٩٥٣ بووە. بێگومان زۆر پێش ئەو کاتەش حەیران هەر هەبووە و لە دیوەخانەکانی ئاغایانی دزەییان حەیرانبێژان کۆبوونەتەوە و حەیرانیان گووتەوە. دیاره‌  دەرەبەگایەتی هۆکارێکی سەرەکی پێشخستن و پەرەسەندنی حەیران بووە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە حەیران پێش دەرەبەگایەتیش هەبووە. بەشێکی هەرە گرنگی حەیران نیشاندانی کولتوری کوردەواریی سەردەمی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی حەیرانە، لە حەیراندا بۆمان ئاشکرا دەبێت کە دەستبازی و سێکس لە نێوان کچ و کوڕ لە کورددا نەک هەر بە چاوێکی ئاسایی تەماشا کراوە بەڵکوو حەیرانبێژان لە حەیرانەکانیاندا باسیان لێوەکردووە و ئاشکرایانە بەستوویانەتەوە بە خۆشەویستیەوە.

 

 

 

(( حەیران لە پەنا سەرگینی،

ئەوجا ئەمن دەرێم: وەرە خۆمان مات کەین کەس نەمان بینی،

 ئەتوو سینگێ خۆت لۆم واراکە مەمکت لەبۆم بکە بالیف؛

 هەتا سبەینێ دەوت لەناو دەوی نێم و بگرم مەمکێ دیکەت؛

 ئۆخەی دەرێی هەرمێیە لەسەر ئەوێ سینگێ توو

بەجۆت خەومان لێ بکەوی کەس هەرمان نەستینی..))

 

 

 

لەگەڵ هاتنی ڕەوتە ئیسلامییەکان و تەوژمی فیکری ئیسلامی عەرەبی سیاسی، کلتووری چەند سەدەیەکی کوردەوای و حەیران سەبر سەبر بەرەو دواوە ڕۆیشت و خەریکە لە ئێستادا لەبیربکرێت و تەنها وەک نۆستالیژیایەک بمێنێتەوە.

ئەگەرچی حەیران بێژەکان زۆربەی هەرە زۆریان پیاو بوونە، بەڵام ژنانیش لەم هونەرەدا کەم یا زۆر بەشداریان هەبووە. یەکێک لەم ژنانە (سەمەن خان)ە، ناوی سیانی (سەمەن ڕەفیق محەمەد)  لە ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی سمایل بەگی سەر بە ناحیەی شوان لەدایکبووە. پوورە سەمەن خوێندەواری نییە، بەڵام حەیران بێژێکی تەریقەتی نەقشبەندیە و موردیدی مامە ڕەزای کلکە سماقەیە. لە حەیران بێژیدا ژنێکی لێهاتووە و دەنگێکی ڕەسەن و خۆشی هەیە.

لەم گرتەیەدا گوێ لە حەیرانێکی پوورە سەمەن بگرن