دیمه‌نێك له‌ فیلمی كچانی خۆر

کچانی خۆر: فیلمێک تەنیا بۆ لێڕوانەری ئەوروپی


Loading

ڕەنگە زۆرینەی بینەری کورد دڵخۆشبن بەوەی کە فیلمێک لەسەر کچانی ئێزیدی و کچانی شەڕڤان دروستکراوە. من خۆشم بەتاسەوە چاوەڕێی ئەم فیلمە بووم بیبینم، چونکە کەمترین گرنگی و ڕاکێشانی سەرنجی دەرەوەمان بە خۆمانەوە بینیوە. بۆیە من گومانم لەوە نییە کە زۆرینە بەم کارە دڵخۆشە بۆ ئەوەی کێشەی کورد و بوێری کچانی شەڕڤان بە دەرەوە بناسێنرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم فیلمەی دروست دەکرێ لە چ ئاستێکە و تا چ ڕادەیەک دەتوانێ ڕووە ڕاستەقینەکەی بەرەنگاری و ئازایەتی شەڕڤانان نیشان بدات. یاخود ئەو زوڵم و ستەمەی بەرانبەر کچانی ئێزیدی کرا تا چ ڕادەیەک بە بینەر دەگات.

فیلمی کچانی خۆر کە لە دەستپێکی ڤیستیڤاڵی فیلم لە سلێمانی نمایشکرا، بەتەواوی بێئومێدی کردم، چونکە لە فیلمەکەدا نەیتوانیوە بەتەواوی پەیامی کچانی ئێزیدی و شەڕڤانان بە جیهان بگەیەنێت! ڕەنگە ئەم قسانەی من زۆر لە هاوڕێیان نیگەران بکات، بەڵام من دوای بینی فیلمەکە بەر لاوازییەکانی کەوتم و دڵنیابوومەوە، بەگشتی پێش هەموو شتێک ئەوەی لە فیلمەکەدا بەدیدەکەی سیناریۆ زۆر هەژارانە و خراپەکەیەتی. لە هەندێ شوێندا بەتەواوی دیمەن و وردەکارییەکانی فیلمەکە ناڕوونە، هەروەها لە ڕووی پرەنسیپەکانی شەڕڤانان، جلوبەرگ و تەنانەت ئاڵاکانیشەوە، هەمان ناڕوونی پێوە دیارە. دەرهێنەری ئەم فیلمەکە (ئێڤا هەسن Eva Husson)، بەتەواوی کەم ئەزموونی لە فیلمدروستکردندا پێوە دیارە، هەرچەند ئەزموونی دەرهێنەر بە ژمارەی فیلمەکانیەوە نییە، بەڵکو بە وردبوونەوە و بەدواگەڕانی تایبەتە لەسەر ئەو تێمایانەی دەیەوێت ئیشی لەسەر بکات. جگەلەوەی کچانی خۆر فیلمی دووەمیەتی، بەڵام فیلمی یەکەمی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئیشکردنی ئێستایدا ناگونجێ. فیلمی یەکەمی بەتەواوی فیلمێکی سێکسوالییە، باس لە کۆمەڵێک هەرزەکار دەکات، کە بەنهێنی ئاهەنگی سێکسی ڕێکدەخەن و ماددەی هۆشبەر دەکێشن، دواتر چۆن ئاشکرا دەبێت و دایک و باوکیان دەزانن منداڵەکانیان ئەم کارە دەکەن، کۆی ڕووداوەکانی فیلمەکە لەم چێوەیەدا دەسوڕێتەوە.

لەم فیلمەی ئێستاشیدا بەتەواوی ڕوونە کە زانیاری لەسەر کچانی ئێزیدی و شەرڤانان نییە یان زۆر کەمە، هیچ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەکی نەکردووە. ئەو دەیتوانی زانیاری باش کۆبکاتەوە، لانیکەم بە سەیرکردنی ئەو هەموو فیلمە دیکۆمێنتەرییە باشانەی لەبارەی شەڕڤانانەوە هەیە؛ یەکێ لەوانە فیلمە بە هێزەکەی ژنە دەرهێنەر ئەلبا سۆتۆرا (AlbaSotorra)یە بەناوی Commander Arian. ئەم دەرهێنەرە بەتەواوی خۆی لەنێو ڕووداوەکاندا ژیاوە بۆیە دەتوانێ کرۆکی فەلسەفەی پشت ئەو ئیرادە و بەرخۆدانە نیشان بدات. باس لە فەرماندە ئاریەن دەکات دوای برینداربوونی بە پێنچ فیشەک هێشتاش دژی دوژمنان لە بەرخۆداندایە. یان فیلمەکەی جۆی (Joey L) بەناوی (Born from Urgency) کە دواتر کتێبێکی وێنەیی لەبارەی شەڕڤانان بڵاوکردەوە بەناوی (ئێمە لە ئاگرەوە لە دایکبووین)، چەندان دۆکۆمێنتاری تر کە ناتوانم لێرەدا ناوی هەمووان بنووسم.

من دەزانم کە ژانری دۆکۆمێنتاری لەگەڵ درامی سینەمایی بەتەواوی جیاوازن، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە تاچەند دەهێنەر پێویستە لەنێو ڕووداوەکاندا بژێت و نزیکایەتی تەواوی هەبێت لە ڕووداوەکاندا، نەک تەنیا لەبارەیەوە بیستبێتت و لەسەری خوێندبێتەوە. تۆ دەتوانیت لە ژانری درامی سینەمایی زۆر فراوانتر و باشتر ئیش بکەیت و تاڕادەیەکی باش ئازادتریت، نەک تەنیا پەیوەست بیت بە گواستنەوەیەکی ڕیالیستی (واقعی) کە بەگشتی لە دۆکۆمێنتاریدا هەیە.

دیمه‌نێك له‌ فیلمی كچانی خۆر

ئێڤای دەرهێنەر کە خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ: لە ڕۆژنامەکاندا چەند بابەتێکی بینیوە لەبارەی کچانی ئێزیدییەوە و ئازایەتی شەڕڤانانەوە نووسراوە، پێی سەرنجراكێش بووە! واتا تاکە سەرچاوەی کاریگەر بۆ ئێڤا میدیا و ڕۆژنامە بووە کە ئەمەش هەرگیز ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان دەرناخات. بۆیە دەشێ ئێڤا ئەم هەلەی قۆزتبێتەوە بۆ فیلم دروستکردن. فیلمەکە بەوە ناوی ڕۆیشتووە کە لەبارەی شەڕڤانانە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕۆحێکی شەڕڤانانە بە لێڕوانەر نابەخشێ، هەر وەک چۆن ناتوانێ پەیامی کچانی ئێزیدیش بێت. چونکە زۆر ڕوواڵەتیانە باس لەو تراژیدی و هەژندە دەکات کە بەسەر کچانی ئێزیدیدا هاتووە، ئەو لە ڕێگەی ڕیزکردنی چەند دیمەنێکی سینەماتۆگرافی جوان دەیەوێت هەست و سۆزی لێڕوانەر بجوڵینیت. هەرچەندە شوێنی وێنەگرتنەکە وڵاتی جۆرجیایە، بەڵام نزیکایەتی دەبینی لەگەڵ سروشتی کوردستان، بۆیە گەر بە ناوەرۆکێکی باشتر ئامادەکاری بۆ فیلمەکە بکرابوایە ئەوا فیلمێکی زۆر کاریگەر و سەرکەوتوتر دەبوو.

یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان (بەهار) کە گوڵشیفتە ڕۆڵەکەی دەگێڕێ، ئەو کچێکی ئێزیدییە، بەڵام لە ڕۆڵبینینەکەیدا هیچ وێنەیەکی ڕوون نادات بە لێڕوانەر لەبارەی ژیانی ئێزیدییەکانەوە، هەروەها لەبارەی هەقیقەتی کچێکی ئێزیدی. بەهار بە سۆرانی قسە دەکات، هەندێ جاریش بە کرمانجی دەئاخڤێت! ئێمە هەموومان دەزانین کە دیالێکتی ئێزیدییەکان سۆرانی نییە، بەڵکو دیالێکتێکی تایبەت بە خۆیان هەیە. هیچ گومان لە توانای نواندنی گوڵشیفتەدا نییە، بەڵام من لەم فیلمەدا نەمدەتوانی تێکەڵ بە نواندنەکەی ببم. بەواتایەکی تر نەیتوانی ئەو ڕۆڵەی پێیدراوە بەباشی بیگێڕێت. دەشێ ئەمە کەمایەسی دەرهێنەر دەربخات، چونکە کاتێ دەر‌هێنەر بەتەواوی قوڵنەبێتەوە لە چیرۆک و تێمای فیلمەکەی ناتوانێت بەتەواوی کۆنسێپتەکە بە ئەکتەر بگەیەنێت.

تەنانەت دەرهێنەر لە دیمەنی شەرەکانیشدا پێوەی دیارە کە هیچ ڕاوێژکارێکی سەربازی نییە، هەڵەی هێندە زەق و خراپ لە فیلمەکەدا هەیە، کە بەهار چەکەکەی لە دەستی ڕاست دەیگوازێتەوە دەستی چەپ، واتا ئەوەی کەمێ شارەزایی لە ئاستی پەروەردەی شەرڤانان هەبێت دەزانێت کە شەڕڤانان بە هیچ شێوەیەک بەم جۆرە شەڕناکەن. ئەوان پەروەردەیەکی سەربازییان هەیە و تاکتیک و تەکنیکی جەنگ باش دەزانن، کە ئەمانە لە فیلمەکەدا نەک بەدیناکرێن بەڵکو هەڵبەزینەوە و فەرمانشکاندنی فەرماندەکەیان و لەپڕ هەڵچوونی کچە بەناو شەڕڤانەکان بەدیدەکری و لەپڕ دەپێکرێن و شەهید دەبن. یاخود بەتەواوی ساویلکەیی کارەکتەرەکان (کە شەڕڤانن لە فیلمەکەدا) نیشاندەدرێ کاتێ سیقە بە داعشێک دەکەن و هەمووان بەدوای دەکەون بۆ ناو تونێلێک! کە دوا جار خۆی دەتەقێنێتەوە و هەم دیسان شەهید و بریندار دروست دەبێت. ئەمانە نەک ڕۆحیەتی و بوێری کچانی شەڕڤانت پێنادا، بەڵکو ڕۆحیەتی هیچ جۆرە سەربازێکت پێنابەخشێ کە لە جەنگدابێ و بەرەی شەڕی بینیبێ. تەنانەت ڕووخساری داعشەکانیش لە فیلمەکەدا بەهیچ جۆرێ وێنەی داعشێکیان پێنەدەدای، کارەکتەری داعشی تێدابوو هێشتا سەکسوکەکەی بە باشی دیاربوو، یاخود ڕیشێکی مۆدێرنانەی هەبوو نەک ڕیشێکی ئاینییانە کە زۆر جیاوازن. واتا لە ڕووی ڕووخساریشەوە ئیشی وردەکاریت بەدینەدەکرد.

دوا جار ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا و هەستم کرد بەتەواوی نواندن دەکات و چۆتە نێو ڕۆڵبینینەکەیەوە ڕۆژنامەنووسە فەرەنسیەکەیە کە ئەکتەری بەتوانا Emmanuelle Bercot ڕۆڵی ئەم ڕۆژنامەنووسە دەبینێت بەناوی ماتێلد، کە دەیەوێت بەرەی جەنگ و کچە شەڕڤانەکان دۆکۆمێنت بکات. بەتەواوی هەست بە ئەرکەکەی دەکەیت هەست بە هەناسە تەنگی و دڵتەنگییەکانی دەکەیت، کە ئەویش هێندەی کارەکتەری سەرەکی (گوڵشیفتە) ڕۆڵی هەیە و لەنێو فیلمەکدا هاوسەنگییەک ڕادەگرێت.

لە کۆتاییدا ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە فیلمی کچانی خۆر ڕەنگە بۆ لێڕوانەری ئەوروپی دیوێکی زۆر سادە و بچوکی ڕاستییەکان نیشانبدات و بەلایانەوە سەرنجڕاکێش بێت. هەندێک جار ئەوروپیەکان ئەم هەلانە دەقۆزنەوە کە لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕوودەدەن، بۆ بەناوبانگبوون و ئیشکردنی خۆیان. ئێمەی ڕۆژهەڵاتی پڕ لە ڕووداو هەمیشە دەبینە کەرەسەیەکی باش بۆ ئەوروپییەکان. ئاخر بۆ من جێی گومانە کاتێ تۆ هێشتا لە فەلسەفە و دروشمی پشت ئەم ئیرادەیە نەگەیشتبی و بەتەواوی نەیپێکابی، بتوانیت فیلمی لەسەر دروست بکەیت، ئا لێرەدایە سینەما تەواو لە خزمەتی بازرگانی و بازاڕگەرمی ڕووداوەکاندا خۆی دیاردەهێنێ!

بۆیە بە هیوام فیلم لەسەر ئازارەکانی کچانی ئێزیدی و بوێری و ئازایەتی شەرڤانان زیاتر و قوڵتر بەرهەم بێت و بەردەوام بێت.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.