https://petittube.com

وێنە فەرامۆشکراوەکان


Loading

وێنە فەرامۆشکراوەکان، یاداشتێک لەبارەی پێتیت توب*

ڕاڤین کامەران

 

 

چییە ئەوەی وا دەکات هەندێک وێنە و ڤیدیۆ، پڕبینەرتر و سەیرکەرێکی زیاتریان هەبێت لە هەندێک وێنە و ڤیدیۆی تر؟ لە ڕاستیدا وا دەردەکەوێت ئەوەی بەها و گرنگی دەبەخشێتە وێنەکان و بینەر و سەیرکەرێکی زیاتریان پێدەبەخشێت، ئۆبێکت و وێنەگیراوی ناو فرەیمەکان بن. بەڵام هەندێک جار گرنگیی وێنەگیراو وا دەکات کەسی وێنەگیراو لە وێنەکەدا، بسڕدرێتەوە و وێنەکان بێ “ئەو” بەردەوام بن لە پیشاندانی ئەوەی کە جێماوە، یاخود وێنەکان لەناوببردرێن. وێنەکان زۆرجار ئەرکی یادەورییمان دەگرنە ئەستۆ، ئێمە وێنە و سات و فریمەکان فەرامۆش دەکەین و وێنەکان دێن و ئەو ساتانە لە فەوتان و لەناوچوون دەپارێزن. بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودی وێنەکان فەرامۆش بکرێن؟

 

کردەی سڕینەوە و فەرامۆشکردن، ئەکتێکی سیاسییە. ستالین وێنەکانی ترۆتسکیی لەگەڵ لینین دەسڕییەوە. شوێنێکی بەتاڵ و بۆش دەمایەوە، بۆشاییەکی قوورس. دەرکەوتنەوەی ترۆتسکی، یا هەر کەسێکی تری سڕاوە، دەکرا کارەسات و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مەرگ بەرئەنجامی بوایە، کاتێک وێنەکان دەسکاری دەکران و “وێنەگیراو” دەسڕایەوە، دەبوایە تۆش کۆپییە ئۆرجیناڵەکان بفەوتێنیت، هەبوونی کەسێکی “سڕاوە” تاوان بوو. لەڕاستیدا ئەم سیستمە لەگەڵ دەروونی مرۆڤ، لە دەروونشیکاریی فرۆێددا، لێکچووییەک لە نێوانیاندا هەیە. ئێمە بەردەوام ڕووداو و ئارەزووەکان لە دەروونمان دەچەپێنرێن یاخود سەرکوتیان دەکەین. یادەوەرییە چەپێنراوەکان دەبێت بۆ هەمیشە لە نەست بمێننەوە، گەڕانەوەی چەپێنراوەکان دەکرێت ببێتە هۆی گەورەترین مەترسیی سەر دەروون و سەرئەنجام هیستریای لێ بکەوێتەوە. “سەلامەتترین” شتێک ئەوەیە چەپێنراو و سڕاوەکان بە نەست و فەرامۆشی بسپێرین. چونکە دەکرێت دەرکەوتنەوەیان ببێتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتـی سیاسی بێت یاخود دەروونی.

. . .

 

ئەو شتەی کە بەردەوام دەیتوانی یادەوەرییەکان لە لاوازیی ئاگایی مرۆڤ بپارێزێ و فەرامۆشیان نەکات، ئێستا بەشیکە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، کامێراکان بوون بە ئۆرگان و بۆریی خوێن و دەماریان هەیە، پێست و گۆشتیان هەیە، بریندار دەبن و خوێنیان لێ دەچۆڕێت، پیربوون و مردنیان هەیە، وێنەکان دەنێژرێن و لەبیر دەچنەوە، لەڕاستیدا ئەوەی کە دەژی وێنەکانن، نەک ئەوانەی لە وێنەدان. وێنەکان ئەو شتەن کە لە دۆخی ڕیاڵ‌بووندان، شتێک کە دەست پێڕاگەیشتنی مەحاڵە، هەرگیز شتێک بوونی نییە بەناوی گەیشتن بە وێنەکان (هەم لە ڕووی شوێن و لۆکەیشنەوە، هەم لە ڕووی کەسی وێنەگیراو). ئێمە بەردەوام وەک ئەوەی کامێراکانمان ‘مۆڵاک’ بێت و ئێمەش قووربانی، خۆمان دەخەینەوە گەرووی کامێراکان. دەچینەوە بەردەمیان و ڕێیەن دەدەین قووتمان بدەن. بەردەوام دەچینەوە بەردەم کامێرا و زیندوویی ئەو و مردنی خۆمان پاتە دەکەینەوە. بەڵام لە ڕاستیدا وێنەکانیش دەبن بە قووربانی و فەرامۆش دەکرێن.

ئەم چیرۆکە فەرامۆشکراوەکانە ئەزموونێکی شەخسییە و گەڕانە بە دوای ونبووەکاندا.

ڤیدیۆی ژمارە ١

 کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو لەسەر جادەکاندا بڵاوبوونەتەوە. نیوەڕۆیە و تیشکی قووڕسی بەرگەنەگیراوی خۆر لە سەریان دەدات. گەرماکە قەمیسی قۆڵکورتی پێ لەبەرکردوون. ئەوەی وێنەدەگرێت بە هەناسەبڕکێوە قسە دەکات، شتێک کە لێی تێناگەم. ئۆتۆمبێلەکان بە خێرایی دەڕۆن و هۆڕن لێ دەدەن و هۆڕنەکان تێکەڵ بە ژاوەژاوی خەڵکەکە دەبن. دەنگی چەند گوللـەیەک لە دوورەوە دێت. پاشان ڕیزەگوللـەیەکی تر بە دوایدا. خەڵکەکە زیاتر هاوار دەکەن، کامێرامان مۆبایلەکەی، (حەتمەن دیارە بە مۆبایل تەسویر دەکات)، خوار دەکاتەوە بۆ سەر جادەکە. ئێستا تەنیا دەنگە دەنگ و قاچی ئەو دەبینرێت. پانتۆڵێکی قاوەیی کاڵ و پێڵاوێکی قاوەیی تۆخ. هەنگاو بەسەر جادە قیرتاوکراوە خۆڵاوییەکە دەنێت و چەند دەنگێکی تری تەقەکردن دەبیستین، هەنگاوەکانی خێراتر دەبن و هەناسەسوارەکانیشی هەروەتر. سێبەرەکەی بازنەیەکی خڕی بە دەوریدا دروستکردووە.

کامێرامان لە قەرەباڵغییەک نزیک دەبێتەوە: منداڵێکە و کەوتووە. چەند کەسێک هاوار دەکەن و یەکێکیان منداڵەکە دەکاتە باوەشی؛ ئایا مردووە؟ ئایا بریندارە؟ ڤیدیۆکە لە خولەکێک کەمترە و لێرەدا دەوستێت.

ڤیدیۆی ژمارە ٢

 پیرەمێردێک لەبەردەم کێکێکی سەر مێز دانیشتووە، دوو مۆم لە شێوەی ژمارە ٨٦ دانراون. هەمووان دەست بە ژماردن دەکەن. یەک: کچێکی بچکۆلە دەچێتە تەنیشتی. دوو: کچەکە عەزییەکی پەمەیی لەبەرە، قژێکی زەردی کاڵی هەیە، پێدەچێت چاوی شین بێت. سێ و پیاوەکە فوو لە مۆمەکان دەکات و دەیانکوژێنێتەوە، هەمووان دەست دەکەن بە چەپڵەلێدان، هەندێکیشیان پێکەنین. ژنێک دێت و ڕوومەتەکانی ماچ دەکات، لەو کاتەدا ئەو کەسەی وێنەکە دەگرێت مۆبایلەکەی لەسەر (مێز؟ کورسی؟ نازانم) دادەنێ. هەموو شتێک تاریکە و دەنگی پێکەنین دەبیسترێت. تاریکی. سەگێک دەوەڕێت، “جێفری؟ جێفری؟ بڕۆ دیارییەکەی باپیرە سام بێنە” وێنەکە تاریکە و ئەوان قسە دەکەن، دیارییەکان دەکەنەوە و… ڤیدیۆکە دەگۆڕدرێت بۆ ڤیدیۆیەکی دیکە.

 

 

 

ڤیدیۆی ژمارە ٣

 ئاسمان تاریکە، بولێڵە. شەپۆلی زەریاکە دێت و چنگ بە وشکانی دەکات. نا، باوەشی وشکانی دەکات. دەنگی شەپۆل و نەورەسەکان تێکەڵن. ژنێک وێنەدەگرێت. لە کەناردەریاکە نزیکتر دەبێتەوە. کەسێک لەوێیە، پیاوێک. نزیکتر دەبێتەوە لە شەپۆلەکە، لە دەنگەکە، لە پیاوەکە.

سەرمات نییە؟

نا، باشم.

وێنەکە دەچێتەوە سەر زەریاکە، هەورەکان لە پارچە خەڵوز دەچن. خەڵوزێک کە بە ئاو کوژابێتەوە.

خۆشمەوێیت.

پێدەکەنێت. ڤیدیۆکە تەواو دەبێت.

ڤیدیۆی ژمارە ٤

 سپێتییەکی تەواو لەگەڵ خشەشی کامێرا.

تێبینی: سایتی پێتیت توب بریتییە لە کۆکردنەوەی هەموو ئەو ڤیدیۆیانەی بینەریان لە ٣-٤ کەس زیاتر تێنەپەڕیووە، لەوێ دەتوانی ڤیدیۆ فەرامۆش و لەبیرکراوەکان ببینی. ساڵانە ملیۆنان ڤیدیۆ لە یوتوب بڵاو دەبنەوە، بەڵام ڤیدیۆکان لەبیردەکرێن و نابیندرێن، زۆربەیان لە یوتوب تەنیا و بێ بینەر دەمێننەوە، هیچ کات ژمارەی ئەو ڤیدیۆیانە ناگاتە دە بینەر.

 بۆ بینینی پێتیت توپ فەرموون کردتە بکەنە سەر ئەم بەستەرە :

https://petittube.com

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌