نه‌خشین- (دایك)
سه‌یركه دكتۆر، وا نه‌زانی كه ئێمه هاتووین بۆ لای تۆ مانای ئه‌وه‌یه كه شێتین، نا دكتۆر نا ئێمه شێت نین، ئێمه كه‌سانی ده‌روون نه‌خۆشین، ئێمه به ده‌سته‌كانی خۆمان دوو كچی وه‌ك فریشته‌مان به مه‌رگ سپارد. باوڕبكه بكوژیش نین، ته‌نها چاك و خراپمان بۆ لێك جیانه‌ده‌كرایه‌وه، وه به‌شی زۆری ئه‌و بڕیاره خراپانه‌ی كه دامان به‌ر (ئیسماعیل) ده‌كه‌وێت. ئاخر ئه‌و نه‌یده‌هێشت فزه‌یه‌ك بكه‌م، هه‌ر قسه‌یه‌كم كردبا به لێدان جه‌سته‌ی شین و مۆر ده‌كردمه‌وه، بێده‌سه‌ڵات بووم نه‌مده‌وێرا هیچ قسه‌یه‌ك بكه‌م. سوێند به‌خوای تاك و ته‌نیا هیچ شتێك به‌ده‌ست من نه‌بوو، هه‌موو ئه‌و وایكرد، ئه‌و زۆری لێ كرد، ئه‌و به شوویدا، ئه‌و وای كرد كه (شه‌وبۆ) له‌شی ناسكی خۆی بدا به‌و گورگه تا له‌زه‌تی لێ وه‌رگرێ، ئه‌و بوو (هه‌ڵاڵه‌ی) كوشت ئه‌و .
بێده‌نگ بوو،بۆ چركه‌یه‌ك مات و مه‌لول بێده‌نگ دانیشت،پێكه‌نینێكی تێكه‌ڵ به گریانی كرد و درێژه‌ی به باسه‌كه دا؛
كچه‌كه‌م زیاتر كچی گوڵه‌كان بوو له‌وه‌ی كچی من بێت، هه‌موو كۆتایی هه‌فتانی به‌هار كه ئامۆزاكه‌ی له‌ده‌شته‌وه گوڵه هه‌ڵاڵه زه‌رده‌كانی بۆ ده‌هێنا، هه‌ڵاڵه زیاتر و زیاتر ده‌گه‌شایه‌وه. گوڵه‌كانی ده‌كرده تاجه گوڵینه و له قژی خۆی ده‌دا. (هه‌ڵاڵه) به سه‌ر و قژی هه‌ڵاڵه‌ی شۆخ و شه‌نگه‌وه‌یه، وێنا بكه چه‌نده جوانه دكتۆر، به‌ڵام مخابن له‌دوای به شوودانی (شه‌وبۆ) ئه‌و هه‌ڵاڵه‌یه نه‌ما كه نازی گوڵه‌كانی هه‌ڵده‌گرت و گۆرانی بۆ دگووتن. هه‌ڵاڵه ته‌واو سیس بوو له‌دوای (شه‌وبۆ) گه‌رم و گوڕی و جوڵه‌ی ماڵمان نه‌ما، ماڵه‌كه ڕێك چۆڵ و خامۆش بوو، وایلێهات گوڵه‌كان تامه‌زرۆی بۆن و وشه و تۆن و ڕیتمی ده‌نگی (هه‌ڵاڵه )بوون، چاوه‌ڕوانیه‌ك بوو كۆتایی نه‌ده‌هات و تا ئه‌به‌دیش كۆتایی نایه‌ت.
شه‌وبۆ (كچ):
هێشتان جه‌سته‌م بۆنی لیكی ده‌می ئه‌و گورگه دڕنده‌یه‌ی لێدێت، گه‌لێك سه‌یر و وه‌حشیگه‌رانه مه‌مكی چه‌پی ڕاده‌گوشیم و گازی له‌لای ڕاستی سینگم ده‌گرت. بۆ هه‌ر سه‌رجێییه‌ك تاقه‌تی دونیای له‌به‌ر ده‌بڕیم و لاشه‌می شین و مۆر ده‌كرده‌وه وه‌ك ئه‌وی سۆزانیه‌كی تیاترۆخانه‌كان بم نه‌وه‌ك ژنی.
من ژنی ئه‌و بووم كه‌چی ته‌نها وه‌ك له‌زه‌تێك سه‌یری ده‌كردم. پیاوان وان له جنسی گورگن و له‌لای شه‌یتان ده‌رسیان خوێندوه. زۆر مناڵبووم، خه‌یاڵم هه‌ر لای كچانی قوتابخانه و یاری ساپ ساپێن بوو، حه‌په‌سام كاتێك باوكم گووتی؛ به شووت ده‌ده‌م. نه ناڕه‌زایی من و نه قسه‌كانی دایكم و هه‌ڵاڵه‌ش نه‌یانتوانی بڕیاره‌كه‌ی باوكم بگۆڕن، بڕیاڕێك بوو تا هه‌تایه لێی په‌شیمانه.
هه‌ر زوو زانیم بۆ پاره به شووم ده‌دا،به زۆری و به‌بێ ویستی خۆم به شوودرام و بووم به ژن و په‌رده‌ی كچێنیم دڕا و ته‌ڵاقیش درام. پاكیزه‌ی خۆم له‌ده‌ستدا و له چوارده ساڵی بوومه بێوه‌ژن. من هه‌ر ئه‌و ساته مردم كه جه‌سته‌م له‌ژێر شه‌هوه‌تی ئه‌و گورگه ڕه‌شه‌دا بوو.
دكتۆر تۆ ده‌زانی به‌بێ ویستی خۆت جه‌سته‌ت بخه‌نه ژێر ده‌ستی كه‌سێك یانی چی؟ یانی مردن،مردنێك زیندووی و گیانده‌ده‌ی و بێده‌سه‌ڵاتی. له‌دوای ئه‌وه‌ی هاتمه‌وه ماڵی باوكم ڕۆژانه سه‌د جار ده‌مردم و زیندووده‌بوومه‌وه و دیسانه‌وه ده‌مردم. ژیانم ڕه‌ش بوو و بوو به شه‌و و تاریكی. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه بێت كه ناوم (شه‌وبۆ) یه بۆیه وا ژیانێكی تاریك ده‌ژیێم و حه‌زم به شه‌وێكی درێژه تا دانیشم به‌دیار ئاوێنه‌وه. به‌ڵام چ ئاوێنه‌یه‌ك، ئاوێنه‌یه‌ك كه تا ماوم جه‌سته‌ی بۆگه‌نی خۆمی تیا ده‌بینم.
ته‌واوی كاته‌كانم له ژوورێكی تاریكدا به‌سه‌ر ده‌برد و ده‌رگام له‌سه‌ر خۆم داده‌خست، وه‌كو گوڵه شه‌وبۆ بۆ ئه‌و شه‌وه درێژانه ده‌كرامه‌وه، ناوه ناوه‌ش ده‌چوومه دیار ئاوێنه‌ی ژووره‌كه‌م، تاوه‌كو ببمه‌وه‌ی به كچه به زه‌وقه‌كه‌ی جاران، به‌ڵام بووم به كچی ناو ئاوێنه، ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ی كه به بۆیه‌ی سپی ڕه‌نگم كردبوو، ته‌نها شوێنێكی بچوكم له ناوه‌ڕاستی ئاوێنه‌كه هێشتبۆوه تا هه‌ر له‌وێوه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ساتی پێش شوو كردنم و ڕووخسارمی تیا ببینم،ڕووخسارێك كه هێشتان مه‌یلی لای كۆڵان و یاری مناڵانه‌یه.
بۆ ئێستێك بێده‌نگ بوو و چاوه‌كانی داخست وه‌ك ئه‌وی بیه‌وێ شتێك بیر خۆی بهێنێته‌وه،پاش كه‌مێك چاوه‌كانی كرده‌وه و درێژه‌ی به قسه‌كانی دا؛
هه‌گیز شه‌وی پێش ڕۆژی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ڵاڵه‌م بیر ناچێ،هات و به په‌نجه‌كانی له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ی دام،لای چه‌پی په‌نجه‌ره‌كه‌م لێ كرده‌وه. له‌وه‌ته‌ی هاتبوومه‌وه ماڵی باوكم زۆر كه‌م قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كرد، دوای شووكردن كه‌سێكی گۆشه‌گیرم لێ ده‌رچووبوو، تاریكی ببوو به به‌شێك له من. هه‌ڵاڵه هه‌موو كات حه‌زی به ڕووناكی بوو،هه‌میشه یاری له‌گه‌ڵ ئاگر ده‌كرد و ده‌یگووت؛ ئه‌ها ببین بزانن چۆن ئاگره‌كه ده‌گرم.
ئه‌و له تاریكی ده‌ترسا. له‌و فه‌زایه ده‌ترسا كه من تێی كه‌وتبووم. به‌یانیان و نیوه‌ڕۆیان و عه‌سران و ئێواران یان له ئاشبه‌زخانه‌كه بوو یانیش له باخه چكۆلانه‌كه‌ی ماڵمان به‌دیار گوڵه‌كانه‌وه ڕاده‌ما. ئه‌و له ڕه‌گه‌زی گوڵ و ئاگر بوو منیش له‌ڕه‌گه‌زی تاریكی و ئاوێنه. دوو ڕه‌گه‌ز بووین كه به نزیكبوونه‌وه له یه‌كتری یه‌كترمان ده‌شێواند و ئازاری یه‌كتریمان ده‌دا.
دوای كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌كه وگووتی: كچێ شه‌وبۆ بیستووته منیش به شوو ده‌ده‌ن!،ئاخر پێمبڵێ چۆن به‌رگر بگرم ؟ خۆ من وه‌ك تۆ ئازا نیم، خۆت ده‌زانی من له شه‌و ده‌ترسم و ده‌ره‌قه‌تی تاریكی نایه‌م، ده قسه‌یه‌ك بكه بۆ قسه ناكه‌ی ؟،باشه ته‌واو …به‌س توخوا ئه‌گه‌ر ڕۆیشتم چاك ئاگاداری خۆت به باش،ئه‌و قسه‌یه‌م له‌بیر نه‌كه‌ی ها ئاگاداری خۆت بیت…
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی زه‌رد فڕی و له‌و ناوه نه‌ما و ڕۆیشت، قسه‌یه‌ك، وشه‌یه‌ك ،ته‌نانه‌ت فزه‌یه‌كیشم لێ ده‌رنه‌هات، ده‌بوا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م چوون ئه‌وه دواهه‌مین گفتوگۆی نێوانمان بوو تا دونیایه‌كه‌ی تر.
ئیسماعیل (باوك)
هه‌ڵاڵه به ساڵێك له شه‌وبۆ گه‌وره‌تر بوو، كچێكی به سه‌لیقه و خه‌یاڵ فراوان بوو. بیرمه كه مناڵ بوو ده‌یگووت؛ كه گه‌وره بووم ده‌بمه باغه‌وان..منیش ده‌مگووت؛ ئاخر كچ چۆن ده‌بێت به باخه‌وان، نابێت عه‌یبه…
ئه‌و وشه‌ی عه‌یبه‌ی له فه‌رهه‌نگی وشه‌كانی خۆی سڕیبۆوه، دوو ڕۆژ به‌ر له كاره‌ساته‌كه، به‌یانیه‌كه‌ی ئه‌و له باخچه‌كه خه‌ریكی گوڵه‌كان بوو و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، وه‌ك بڵێت ئه‌گه‌ر قسه‌ی خۆشیان له‌گه‌ڵ بكه‌یت زووتر چرۆ ده‌كه‌ن. چوومه لای و پێمگووت؛ دوو ڕۆژی تر دێن بۆ داخوازیت، تۆش ده‌بێ شوو بكه‌یت …
وڕما و چاوه‌كانی زه‌ق و ئه‌بله‌ق ببوون، له شڵه‌ژاویان دڵی كوته كوتی ده‌كرد و خه‌ریكبوو له قه‌فه‌زه‌ی سینگیه‌وه بێته ده‌رێ،به توڕه‌یه‌وه گووتی: بمرم شوو ناكه‌م…
هاوارم به‌سه‌ر دا كرد و ئه‌ویش چووه ژوورێ بێئه‌وه‌ی گوێ له هیچ قسه‌یه‌كی ترم بگرێت، بۆ ساتێك هه‌ستمكرد نه‌ك وه‌ك باوكێك به‌ڵكو وه‌ك كچ فرۆشێك سه‌یرم ده‌كات. شه‌وی پێش ڕووداوه‌كه زۆر زۆر په‌شیمان بووم له‌قسه‌كانی دوێنێم،نازانم ئه‌و بوێریه‌م له كوێ هێنا كه باسی شوو كردنم كرد له‌گه‌ڵیدا، چونكه ئێمه به بارودۆخی شه‌وبۆمان ده‌زانی، ده‌مانزانی شووكردن له‌و ته‌مه‌نه جگه له مه‌ینه‌تی هیچی تر نییه. له بڕیاری به شوودانی شه‌وبۆش په‌شیمانم،ئیستاش نازانم چۆن ئه‌و بڕیاره هیچانه‌م دا. له‌وه ده‌چێ من نه‌بووبێتم ئه‌و بڕیارانه‌م دابێ ت، به‌ڵكو شه‌یتانه خه‌وتووه‌كه‌ی ناخم بێ و خه‌به‌ری بووبێته‌وه، ئه‌و شه‌وه به خۆمم گووت؛ ته‌واو به‌یانی پێیان ده‌ڵێم ئێمه پاشگه‌زبووینه‌ته‌وه و مه‌یه‌ن بۆ داخوازی.
به‌ڵام دكتۆر هه‌ر هێنده كه به‌یانی داهات،چ به‌یانییه‌كی دۆزه‌خاوی بوو،به قیژه و هاواری (شه‌وبۆ) خه‌به‌رمان بۆوه كه به هاواره‌وه ده‌یگووت: هه‌ڵاڵه، هه‌ڵاڵێ …
چووم، چیم بینی ئه‌ی هاوار،سامناكترین و ترسناكترین ساتی ژیانم بوو، بینیم هه‌ڵاڵه گڕی گرتووه و ئاگری به‌رداوه‌ته خۆی. شه‌وبۆ له قیژاندن به‌رده‌وام بوو و نه‌خشینیش ده‌گریا و له‌خۆی ده‌دا. منیش هێنده په‌شۆكاو بووم نه‌مده‌زانی چیی بكه‌م.
هه‌ڵاڵه و گوڵه هه‌ڵاڵه‌كان له‌نێو ئاگره‌كه هاواریان ده‌كرد و ده‌توانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یكه‌رێكی مۆمی بن. سه‌خترین شت ئه‌وه‌یه، كه باوك باسی سووتانی كچه‌كه‌ی خۆی بكات . نه‌مده‌زانی قسه‌یه‌ك و وشه‌یه‌ك ده‌بێته هۆی سووتان و له‌ناوبردنی كه‌سی به‌رامبه‌ر. من وامزانی كه وتی (بمرم شوو ناكه‌م) له قسه‌یه‌ك زیاتر هیچی تر نییه، كه‌چی قسه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێكرد و مردنی به‌سه‌ر شووكردنه‌وه هه‌ڵبژارد.
هه‌ڵاڵه و تاجه گوڵینه هه‌ڵاڵیه‌كه‌ی سه‌ری سووتان و بوون به خۆڵه‌مێش، خۆڵه‌مێشێك وه‌ك ژه‌هر هه‌موو ڕۆژ ده‌خرێته نێو گه‌روو و خواردنه‌كه‌مانه‌وه، هه‌ڵاڵه بوو به په‌پوله‌یه‌كی سووتاو، بوو به دووكه‌ڵ،بوو به گه‌رد و بوو به تۆز،تا ئه‌به‌د بوو به شین و ماته‌مه‌ی ئه‌م ماڵه چۆل و ته‌نیایه.
2016
ته‌واو