چه‌وسانه‌وه و په‌راوێزخستنی ژنان له‌هه‌موو بواره‌کاندا مێژویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ژن وه‌ک بونه‌وه‌رێکی لاواز و سۆزدار و بێده‌سه‌ڵات له‌ئه‌ده‌بدا وێناکراوه. تائه‌م ساته‌ش کورتکردنه‌وه‌ی ژن ته‌نها بۆ تێرکردنی حه‌ز و ئاره‌زوی سێکسی پیاو، له بواری ئه‌ده‌ب و کولتوردا به‌رهه‌م هێنراوه‌ته‌وه. له خۆرئاوادا فێمینیسته‌کان له سێ شه‌پۆلی گرنگدا خه‌باتیان له‌دژی ژێرده‌سته‌یی ، بێ مافی و بی پێگه‌یی ژنانیان له کۆمه‌ڵگه‌دا کردووه. ده‌کرێ بڵێین له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیستی ژنانی لێکۆڵه‌ر و نوسه‌رنائاماده‌یی ژنان له هه‌موو بواره‌کانی وه‌کو زانست، کولتور، سیاسه‌ت، ئابوری…هتد خسته ژێر پرسیاره‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستیان بونیادنا. هه‌ندێک مافی گرنگ له‌هه‌موو بواره‌کاندا بۆ ژنان وه‌ده‌ستهات، به‌ڵام فێمینسته‌کان به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستان، هاتن پرسیاریان خسته‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک ڕۆڵی به‌کڵێشه‌کراوی (Stereotype) کۆنه‌پارێزانه‌ی دژ به‌ژنان. یه‌کێک له‌هه‌نگاوه‌کان پرسیار خستنه سه‌ر (زمان) بوو، وه‌ک ئامرازێک که به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی جیاکاری جێنده‌رییه. له‌م ڕێگه‌یه‌وه هونه‌رو ئه‌ده‌ب وکولتوریان به‌گشتی خسته ژێر شرۆڤه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه. بێگومان ئه‌م بوارانه کۆمه‌ڵێک بوارن بۆ نمایشکردن و دروستکردنی وێنای ژن وه‌کو بونه‌وه‌رێکی ژێرده‌سته به پێی نۆرمه پاتریارکه‌کانی کۆمه‌ڵگه. دیاره نابێت ئه‌وه‌شمان بیربچێت که ئه‌و بوارانه له بنه‌ڕه‌تدا کایه‌یه‌کی پیاوانه و فه‌زایه‌کی تا بڵێی به‌رته‌سک بوون بۆ به‌شداری و ئاماده‌یی ژنان له‌بواری کولتور و به‌رهه‌مهێنانی زانست‌دا.
هه‌رچه‌ند ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیست، به‌ڵام ئه‌مه پێشینه و مێژووی خۆی هه‌یه، بۆ نمونه له چاخه‌کانی ناوه‌ڕاست فێمینیزم وه‌ک تێۆر و بزوتنه‌وه بوونی نه‌بووه، ژنان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ڕه‌خنه‌گر یان نوسه‌ر فرسه‌تی زۆر که‌میان بۆ ڕه‌خسابوو. بۆ نمونه پرۆفیسۆر( کارۆلین دینشاو – ( Carolyn Dinshawکه‌خانمه ڕه‌خنه‌گرێکی فێمنیستیه ده‌ڵێت: ( ده‌ق کاریگه‌ری به‌سه‌ری ژیانی زیندوه‌کانه‌وه به‌جێده‌هێڵت، ڕاسته ژنان نه‌یانتوانیووه تێکست به‌رهه‌مبهێنن به‌ڵام هه‌ستیان به‌کاریگه‌ری ده‌قه‌کان کردوه له‌سه‌ر ژیانیان).
به‌واتایه‌کی تر نوسینه ترادیسیۆنال و ستیریۆتایپه‌کان (کڵێشییه‌کان) کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌بووه له‌سه‌ر ڕۆلی ژن له کۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌روه‌ها کاریکردووه بۆ به‌رهه‌مهێنانی وێنایه‌کی نزم بۆ پێگه‌ی ژن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و فه‌زا پیاوانه‌یه و قۆرخکردنی بواری ئه‌ده‌بی و کولتوری له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه هه‌ندێک ژنی ناوداری نوسه‌رو فه‌یله‌سوف، شاعیر و هونه‌رمه‌ند هاوشانی ئه‌وان ئاماده‌ییان هه‌بووه به درێژایی مێژوو. هه‌ندێک له لێکۆڵه‌رانی ئه‌ده‌بی فێمینیستی لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر تێکستی نوسه‌رانی پیاو کردووه، که ڕوانگه‌یه‌کی نێرسێنتریزم ( فالوسێنتریک – Phallocentric) زاڵبووه به‌سه‌ریاندا. ته‌نانه‌ت وێنای ژنیان وه‌کو ئه‌و دابه‌شبوونه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه کردووه. ئه‌مه‌ش له ڕوانگه‌ی فێمینیسته‌کانه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و له‌هه‌مان کاتدا به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مان مێنتا‌ڵیتی و ئه‌قڵیه‌تی دژ به‌ژن بووه.
فێمینیسته‌کان تێکستی ژنه نوسه‌ر و شاعیره‌کانیشیان هێناوه‌ته ژێر باس و لێکۆڵینه‌وه، هه‌ندێک له‌م ژنانه له نوسین و شیعره‌کانیاندا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌مان (وێنای خوازراو) و باوی ناو کۆمه‌ڵگه بوون له‌سه‌ر ژن. هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆئه‌وه‌ی که ڕووبه‌ری سیاسی، و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری زۆر به‌رته‌سک بوه بۆ ژنان، به‌مانای ژن وابه‌سته بووه به پیاو، ئه‌مه‌ش وایکردوه ژنان له‌و وێناخوازراوه‌ی که دونیای پیاوانه ده‌یه‌وێت نه‌ترازێن و توانای ئه‌وه‌یان نه‌بێت له‌و وێنه‌یه رزگاریان بێت.
ژنه ڕۆماننوسی به‌ریتانی (ڤێرجینیا ۆلف) له نوسینه‌کانیدا باس له‌و ئاسته‌نگی و گرفتانه ده‌کات که به هۆی ژنبوونه‌وه دێته ڕێگه‌یان. له ساڵی 1929 (ڤێرجینیا ۆلف) له‌کۆمه‌ڵه گوتارێکیدا له‌ژێر ناوی (ژوورێک که هی خۆت بێت A Room of Ones Own-1929) ئه‌م نوسینه زنجیره‌یه‌ک سیمینار‌ی ئه‌م خانمه بووه، که‌باس له هه‌ژاری ژنان و نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆی ئابووری ده‌کات. باس له‌وه‌ده‌کات، که ژن ده‌بێت شوێنێکی تایبه‌تی بۆخۆی هه‌بێت گه‌ر بیه‌وێت بنوسێت. هه‌روه‌ها زۆر ڕه‌خنه‌ی دیکه‌ی له‌و تێڕوانینه پیاوانه‌یه گرتووه، که له کۆمه‌ڵگه‌ی باوکسالاری‌دا ده‌بێته هۆی ڕێگری له داهێنانی ژنان. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژن به‌هۆی وابه‌سته‌بوونی ئابوری به پیاوه‌وه، نه‌یتوانیووه بۆخۆی به‌ته‌نیا بژی. ئه‌م نوسینانه دواتر بوونه بنه‌مایه‌کی گرنگ بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی.
هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی (ڕه‌خنه‌ی فێمینیستی) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیست ، که سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیستی بوو. گومانی تێدا نییه تیۆر و ڕه‌خنه‌ی فێمینیستی به گشتی خوێندن و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گۆڕی، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌بووه. له‌وکاته‌وه‌ی تیۆری فێمینیستی به‌رهه‌مهات و ڕوو له‌گه‌شه‌سه‌ندندا بوو، بواری ئه‌ده‌ب و زمان بووه به‌یه‌کێک له مه‌یدانه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه. لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له سه‌ده‌ی بیسته‌وه گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هات. ژنان وه‌ک خۆیان توانیان له ڕێگه‌ی نوسینه‌وه به‌ره‌نگاری (سێکسیزم) و (جیاکاری جێنده‌ری) ببنه‌وه و‌کۆمه‌ڵێک ڕۆڵی ترادیسیۆنال و کۆنه‌پارێز تێکبشکێنن. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای هێنانه‌کایه‌ی جۆرێکی‌تر له (وێناکردن) و (نوێنه‌رایه‌تی کردنی ژن) له‌تێکستدا به‌رجه‌سته بوو. به‌دیوێکی تردا بوارێکی تری ڕه‌خنه گرتن له‌و ئه‌ده‌به بوو که پیاوان ژنیان وه‌ک بونه‌وه‌ری لاواز وێنا ده‌کرد، کورتیان ده‌کردنه‌وه ته‌نها بۆ جه‌سته و نمایشکردنیان وه‌ک سێکس ئۆبجێکت.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاکانه‌وه، سێ قوتابخانه‌ی فێمینیستی گرنگ له خۆرئاوادا دروست بوون. ڕۆلی گه‌وره‌یان گێڕا له بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاک به شێوه‌یه‌کی زانستی.
بۆ نمونه قوتابخانه‌ی فێمینیستی فه‌ڕه‌نسی سه‌رچاوه‌ی ڕه‌خنه‌کانی خۆی له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌ی (سیمۆن دۆبۆڤواره‌وه) وه‌رگرتبوو. کتێبی ( توخمی دووهه‌م –The Second Sex-1949) (Simone de Beauvoirله‌م کتێبه‌دا (دۆبۆڤوار ) باس له مێژوی چه‌و‌سانه‌وه‌ی ژنان ده‌کات، ده‌ریده‌خات که له زۆر کولتوردا سیفاتی مرۆڤانه و به‌هێز دراونه‌ته پاڵ پیاوان و ژنان پێگه‌یه‌کی نزمیان پێبه‌خشراوه. فێمینیسته‌کانی دوای دۆبۆڤوار خۆی سودیان له تیۆره‌کانی ئه‌م خانمه فه‌یله‌سوفه وه‌رگرت، به‌ڵام فۆکۆسیان له‌سه‌ر زمان کرد وه‌ک ئامرازێک بۆ باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی پیاوانه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه که چۆن به‌دیدێکی پیاوانه‌وه نمایشی دونیابینی خۆیانکردوه. لێره‌وه هه‌ندێک خانمی فێمینیستی فه‌ڕه‌نسی بانگه‌وازی زمان و نوسینی ژنانه‌یان کردووه. قوتابخانه‌ی فێمینیستی ئه‌مریکایش له‌باره‌ی زمان و نوسینی ژنانه‌وه‌مه‌یلیان هه‌بوو به‌لای تێڕوانینه‌کانی فێمینیسته فه‌ره‌نسیه‌کان ، به‌ڵام ئه‌وان له ساڵه‌کانی 1970 و 1980 کاندا ده‌ستیان کرد به شیکارکردنی تێکستی ئه‌ده‌بی، نه‌ک ته‌نها وه‌ک باسکردنێکی ئه‌بستراکتانه، به‌ڵکو هه‌ندێکیان له‌باره‌ی کاراکته‌ری ژنه‌وه له تێکستی ئه‌ده‌بیدا لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ووردیان ده‌کرد. له‌مه‌وه ده‌یان ویست تێبگه‌ن له‌و نمایشکردن و وێناکردنه‌ی که پیاوانی نوسه‌ر دروستیانکردبوو له‌سه‌ر ژن. له‌م ڕێگه‌یه‌وه په‌رده‌یان له‌سه‌ر ئه‌و ڕوانگه زاڵه پیاوانه‌یه لاده‌دا، که‌به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژی (باوک سالارانه) بوو له به‌رهه‌می کلاسیک‌دا. ئه‌مانه بۆیانده‌رکه‌وت، که ترادیسیۆنی نوسینی پیاوانه، زیندووکردنه‌وه و ڕاگرتنی پیاوگه‌رایی یه وه سیسته‌ماتیک به‌رهه‌می دێنێته‌وه.
له ساڵی 1969 کاتێک پرۆفیسۆر (که‌یت میلێت) فێمینیستی به‌ناوبانگی ئه‌مریکی کتێبی سیاسه‌تی سێکسوالی نوسیKete Millet- Sexual politics 1969ڕه‌خنه‌ی فێمینیستی بووه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره بۆ نۆرمه تڕادیسیۆنه‌کانی خوێندنی ئینگلیزی له حه‌فتاکاندا. ئه‌م کتێبه کاتێک باس له سیاسه‌تی سێكسوالی ده‌کات مه‌به‌ستی له‌و کێشمه کێشه‌یه که له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی یه‌کانی ده‌سه‌ڵات (power relations)ده‌کرێ له کۆمه‌ڵگه‌دا. فۆرمه‌له‌کردنه‌وه و پێناسکردنه‌وه‌ی تێرمێکی وه‌کو (پاتریارکیه‌ت) هه‌وره‌ها ڕه‌خنه‌گرتن له وێناکردنی ژن بۆ نموونه له کاری ئه‌ده‌بی هه‌ندێک له نوسه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک (هێنری میله‌ر) (دی.ها.لۆرێنس) و (ژان ژینێ) و (نۆرمان مه‌یله‌ر) رووبه‌رێکی گه‌وره‌ی کاری ئه‌م خانمه نوسه‌ره بوو. ئه‌م خانمه بۆی ده‌رده‌که‌وێت، که پرۆتاگۆنیسته (پاڵه‌وانه‌كان) ژنه‌کانی ناو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئه‌م ناودارانه له ژنێکی پاسیڤ، ملکه‌چ و سێکسوال ئۆبجێکت زیاتر وێنانه‌کراوه. له‌م ڕێگه‌یه‌وه (که‌یت میلێت) یه‌که‌م بناغه‌ی ڕه‌خنه‌ی فێمینیستی مۆدێرنی داهێنا. ئه‌م خانمه ڕه‌خنه‌ی جیدی ئاڕاسته‌ی ئه‌وه باوه‌ڕه سیێکسیسته باوه کرد که‌له تێکستی پیاوانی نوسه‌ردا به‌رده‌وام ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه.
شایه‌نی باسه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی تا ئه‌م ساتانه‌ش گرنگی خۆی هه‌یه له خۆرئاوادا، له‌هه‌مانکاتدا من به گرنگی ده‌زانم له کوردستان بناغه‌یه‌ک بۆ ڕه‌خنه‌ی فێمینیستی جیدی دروستبکرێت، ڕه‌خنه‌یه‌ک هه‌موو بواره‌کانی کولتور و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و ئابوری بخاته ژیر پرسیاره‌وه. دیاره ئێمه میراتێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و شیعری کلاسیک و مۆدێرنمان هه‌یه، که پڕن له که‌موکوڕی و دووپاتکردنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پله‌دووی ژن و بێگومان وێناکردنی ژن وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی پاسیڤی سێکسی. ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه تێکستستی کوردی بخرێته ژێر زه‌ڕبینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستیانه‌وه...
سه‌رچاوه‌کان:
Dinshaw Carolyn in ‘A history of feminist literary criticism’ (2007:15)edited by Gill Plain and Susan Sellers, Cambridge University press
Woolf, Virginia. A Room of One’s Own. New York: Harcourt, Brace and Company, 1989
Beauvoir, Simone de. The Second Sex. New York: Vintage Books 1989
Kate Millett, Sexual Politics (Urbana: University of Illinois Press, 2000)
تێبینی ئه‌م گووتاره له ڕه‌خنه‌ی چاودێری ژماره 414دا بڵاو بۆته‌وه