سارا حه‌مه‌ساڵح - كاری هونه‌ری - جلی ژێره‌وه‌ی ژنان- فێبراوار ٢٠١٨

تابۆکانی کۆمەڵگه‌ لە کارێکی هونەریدا


Loading

جگە لە گرنگی و بایەخی کارە هونەرییەکەی سارا حەمە ساڵح بە ناوی جلی ژێرەوە (underwear)، بۆئەوەی ئەو کولتوورە دروست بێت کە لەسەر ئیشێکی هونەری لەم شێوەیە بنووسرێت، بڕیارمدا کە لەسەر ئەو ئیشە بنووسم. چونکە ئەوەی لێرە هەیە بەگشتی هونەرمەندەکان باسی ئیشەکانی خۆیان دەکەن و زۆر کەم کەسێکی تر دێت لە چاوێکی جیاوازەوە و لە ڕوانگەیەکی ترەوە لێی دەڕوانێت و لەبارەیەوە دەنووسێت.

هونەرمەند سارا حەمە ساڵح لە سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لقی سیرامیکی لە سلێمانی تەواو کردووە، ئێستا فێرخوازی پۆلی سێیەمی لقی وێنەکێشانە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی. سارا لە شوباتی ٢٠١٨دا ئیشەکەی خۆی (underwear) لە کۆلێژی هونەر لە زانکۆی سلێمانی نمایش کرد.

 

کارە هونەرییەکە بریتییە لە کۆمەڵێک ستیانی ئاوی و ڕوون، کە بەنایلۆنی ئاویی دروستکراوە و ستیانەکان بەدەست دووراون، بەڕستێک هەڵواسراوە لێڕوانەر (بینەر) دەتوانێت لە هەردوو دیوەکەوە بەباشی بیبینێت. ماتریاڵە ئاوییەکە وەک واتایەک بۆ شاردنەوەی ئەم ئۆبژێکتە بەکارهێنراوە، واتە ئەم ئۆبژێکتە هەیە بێ ئەوەی دیار بێت و بتوانین بیبینین. لێرەدا هونەرمەندە دەتوانێت لە ڕێگەی ئیشی هونەرییەوە هۆشیاری جەستە و پێویستییەکانی جەستە بئافرێنێ. لەبەرئەوەی جەستە لە کۆمەڵگا داخراوەکاندا کەمترین بایەخی پێدەدرێت هەربۆیە پێویستییەکانی جەستەش فەرامۆش دەکرێن.

جەستە ڕۆڵێکی گرنگی لە ئیشە هونەرییەکاندا هەیە، ئاخر جەستە مێژووی هەیە، لەلایەن کۆمەڵگە و کولتوورەوە فۆڕمێنراوە، شێوەی پێدراوە. هەربۆیە پێداویستی و ئۆبژێکتەکانی پەیوەست بە جەستەوە بەشێگی گرنگ و دانەبڕاون لێی. پێویستە وەک خود و ئەرکی خۆیان لێیان بڕوانین نەک ڕۆڵ و کارایی تریان پێ ببەخشرێ. سارا وەک هونەرمەندێکی ژن دێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بە هۆشیارییەکی ژنانەوە بە ڕێگەیەکی خودییانەی جیاواز ئیش لەسەر ئەو سنوور و تابۆیانە دەکات کە بۆ ژنان دیاریکراوە. ئەو لە ڕوانگەی دەرککردنی بە قەدەغەکراوەکانی نێو کۆمەڵگە و ڕێسا و یاسا بێبنەماکانی بۆ ژن دانراوە ئیشێکی هونەری لەم جۆرە نمایش دەکات. ئەم ئیشەی سارا شکاندنی نەریتە باو و ترادیوسیۆنەکانی کۆمەڵگەی کوردییە. هەستێکی سەربەخۆیانە و بەرەنگارانەیە بۆ قەدەغەکراوەکانی نێو کۆمەڵگا کە بەرهەمی ئەقڵیەتی خێڵەکی، پیاوسالاری و ئاینیین. بەڵام جوانی هونەر ئەوەیە کە هیچ شتێک تێیدا مەحاڵ و قەدەغە نییە.

جلی ژێرەوەی ژن جیادەکرێتەوە لە پارچە جلەکانی تردا و دەشاردرێتەوە، ئەمە وایکردووە جلی ژێرەوە نائاسایی دەربکەوێت و ناوهێنانی شەرم هێنبیت. لە کاتێکدا ستیان بوونی هەیە و پێوستییە، بەڵام ئەم مامەڵەکردنانە لەگەڵیدا وەک ئەوەیە کە بوونی نەبێت، بەکارهێنانی ستیان وەک ئیشێکی هونەریی دیسانەوە پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەکات، بۆچی دەبێ جلی ژێرەوە عەیبە و تابۆ بێت؟ زۆرینەی ژنان کە خۆیان لەم ئۆبژێکتە بەدوور دەگرن و دەیشارنەوە بەڵام هێنانە نێو کاری هونەری و قسە لەسەرکردنی ڕەتناکەنەوە. کاتێک هونەرمەند هۆشیار بوو بەرانبەر بە بوون و ئەرکی خۆی لەنێو کۆمەڵگەدا، ئەوا لە ڕێگەی هونەرەوە خۆ دەردەبڕێت و بە ئیشە هونەرییەکانی ڕەخنەی نەریتە ترادیسیۆنییە باوەکان دەکات بۆ دەرچوونی ژن لە بەقوربانی بوون و سەپاندنی قەدەغەکراوەکان بەسەریدا.

تاکی کوردی بەرگەی ئازار و چەوساندنەوە دەگرێت، بەڵام بەرگەی بینین و بەرکەوتنی پێویستی و ماتریاڵیک ناگرێت کە لەم کارەی سارادا بریتییە لە جلی ژێرەوە. هەربۆیە ئێمە لە منداڵییەوە فێردەکرێین کە چۆن خۆمان داپۆشین چۆن پرسیارەکانمان سەبارەت بە جەستە و پێویستییەکانی سنووردار بکەین. لە کۆمەڵگەی کوردیدا مرۆڤەکان دیسپلینکراون، سنوور و یاسای توند بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیان دانراوە، بەڵام ژنان دووجار دیسپلینکراون. هەربۆیە پێویستیەکانی وەک جلی ژێرەوەی ژنان دەبێتە شەرمێکی گەورە، بەتایبەت لە بازاڕەکان کاتێ دەیکڕیت خێرا لە عەلاگەی (زەرفی) ڕەش دەکرێت بۆ ئەوەی داپۆشرێت و بشاردرێتەوە.

 

ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هونەرمەند بەو کارەی پەیام و پرسیاری گرنگ ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکات. بەم خەریکبوونەی تیشک دەخاتە سەر تابۆ و قەدەغەکراوەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی. ئەو بەم کارەی دەیەوێت لەو سەپێنراوە گشتییە بێتە دەرەوە کە کۆمەڵگە بۆ توێژێکی گرنگ و بەهاداری وەک ژنانی داناوە، هەربۆیە سارا بە کارێکی هونەری ڕەخنەییانە کە فۆڕمێکی هونەری و ئیستێتیکی جوانی هەیە، دێت ئەو پێویستییە سادە و گرنگانە لە کۆنتێکستێکی هونەری جواندا نیشان دەداتەوە. هەروەها لە ڕێگەی ئیشە هونەرییەکەیەوە ڕەخنە لە سەپاندندنی تابۆ و قەدەغەکراوەکانی کۆمەڵگە داب و نەریتی کۆمەڵایتی و ئاینی دەگرێت، پێویستە ئەم جۆرە ڕەخنانە ببێتە بنەما بۆ شێوازی کارکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بەگشتی و کارکردنی هونەرییانە بەتایبەتی. گرنگی ئەم جۆرە ئیشکردنانە ئەوەیە کە هونەرمەند پێویستە لە ڕێگەی ئیشە هونەرییەکانییەوە ئاگایی و هۆشیارییەکی جێندەری لەو شێوەیە بە لێڕوانەر بگەیەنێت.

سەیرکردنی سێکسییانەی جلوبەرگی ژێرەوەی ژنان بۆتە هۆی هێنانەگۆڕێی وێنایەک لە مێنتاڵێتی پیاوی کورد کە ژن تەنیا جەستەیەکی سێکسییە، بۆیە وەک مرۆڤ لە ژن و وەک پێویستییەک لە ئۆبژێکتەکانی ژن ناڕوانرێت، بەڵکو تەنیا وەک جەستە و بابەتی سێکسی لێی دەڕوانرێت. ئەم شێوە ڕەفتارانەی بەرانبەر بەم پێداویستییە ژنانەیە دەکرێت، وای لە سارا کردووە کە لەسەر ئۆبژێکتێکی لەم جۆرە کارێکی هونەری ڕۆشن و ڕوون نمایش بکات بۆ ئاوەڵاکردنی حەشاردراوەکانی سەر ژن و پێویستییەکانی.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project