Guernica - By Picasso

جەللادێكی قوربانی


Loading

ئەو شەوە هەفتەیەك دەبوو لەگەڵ سەرۆك لەو تونێلە نهێنیە خۆمان شاردبوویەوە، هەفتیەك دەبوو كودەتایەك لە دژی سەرۆك هەڵگیرسابوو،  هەموو شارەكان كەوتبوونە دەست ناحەزانی سەرۆكەوە.

شەوو درەنگ سەرۆك گووتی نەسرەدینی قەمەر ئەمەوێ‌ حیكایەتی خۆمت بۆ بگێڕمەمەوە، هیچ لە وشەكەی حاڵی نەبووم، گووتم ببوورە دەبێت چیم بۆ بگێڕیتەوە، بە خەندەیەكی مناڵانەوە گووتی چیرۆكی ژیانی خۆم، چیرۆكی گەیشتنم بە كۆشكی سەرۆكایەتی، چیرۆكی بوونم بە سەرۆك، لەوێدا یەك پارچە ترس سیمامی داپۆشی، بۆ یەكەمجار چاوم بە دێوەزمەی مەرگ كەوت، ئاخر نهێنی سەرۆك بگەشتایەتە هەر كەسێ‌ دواجار چارەنووسی مردن بوو، من لە هەموو شتێ‌ زیاتر لە مەرگ دەترسام و دەیانجار لەو كۆشكە نەحلەتییە هەڵهاتبووم، كەچی هەموو جارەكان دەیانبردمەوە بۆلای سەرۆك، كەچی نەمدەزانی بۆ سەرۆك نەیدەكوشتم، ئەو لە خێزانەكەی خۆشیدا ئەوانەی دەكوشت كە هەڵدەهاتن، هەستم دەكرد سەرۆك بۆ شتێكی لە مەرگ گرنگتری هەڵگرتووم.

لەوێدا سەرۆك هەستی بە ترسەكەم كرد و گووتی نەسرەدینی قەمەر وا هەستدەكەم هێدی هێدی لە دواین لاپەڕەكانی حیكایەتەكەم نزیك دەبمەوە و ئەم ماوەیە دواین دێڕەكانی مێژوی چیرۆكەكەمە، ئەمەوێ‌ حیكایەت خوانێ‌ هەبێ‌ تا ئەم چیرۆكە بەنەمری بمێنێتەوە، ئاخر هەنوس كەس وشەیەكی ئەم حیكایەتە نازانێ‌ هەنوس كەس نازانی من لەكوێوە هاتووم و چی منی گەیاندە كۆشكی سەرۆكایەتی.

ئەو شەوە هەستێكی غەریبم هەبوو هیچكات خۆمم بۆ شتێكی وەها ئامادە نەكردبوو، شەو بە دەروونێكی ئاڵۆزەوە خەوتم، بۆ سبەینێ‌ سەرۆك گووتی نەسرەدینی قەمەر ئەشێ‌ ئەمڕۆ ئامادەبیت گوێ‌ لە حیكایەتەكەم بگریت، ئاخر نەسرەدین نابێ‌ بهێڵیت ئەم حیكایەتە لەناوبچێت، بەڕاستی وشەكانی سەرۆك سەیربوون گەرچی سەرۆك وەك دۆستێكی خۆی تەماشای دەكردم بەڵام من لە بنەڕەتدا لەخزمەتكارێك بەولاوە هیچی كە نەبووم، دۆستایەتی من و سەرۆك لەو تونێلەدا و لەو هەفتەیەدا دروست بوو، دوای ئەوەی كە هەموو پیاوەكانی كۆشك لە سەرۆك هەڵگەڕانەوە و تەنها من لەگەڵی مامەوە و بەمەش متمانەی سەرۆكم بەدەست هێنابوو، گەر ڕاستتر بڵێم من نەمدەویست متمانەی سەرۆك بەدەست بهێنم، ئەسڵەن هەر نەمدەویست لەگەڵی بمێنمەوە بەڵام لەدوای ئەوو كودەتایە سەرۆكم وەك مناڵێكی بێلانە بینی، ڕەنگە ئەوە وای لێكردبم كە لەگەڵیدا بمێنمەوە، ئەو ڕۆژە سەرۆك بەم شێوەیە دەستی بە گێڕانەوەی حیكایەتەكەی كرد؛ نەسرەدینی قەمەر بەر لەهەموو شتێ‌ دەبێ‌ بزانی من چۆن گەیشتمە كۆشك و چی منی گەیاندە ئەوێ‌، چی منی كردە جەللاد.

نەسرەدینی قەمەر دەبێ‌ تۆش و دونیاش بزانن كە تاكە گوناهی من و گوناهی بە جەللادی بوونی ڕۆحی من ئەوەیە كە كوڕی پیاوێكی هەوەس باز و بێباك بووم، ئەو پیاوە منی گەیاندە ئێرە، هەموو ناشیرینیەكانی ئەم حیكایەتە لە ئەستۆی ئەو پیاوەیە، ئەو هەموو تەمەنی لە نادی و تیاتڕۆخانەكان سەرف دەكرد، ئاخ ئێواران كە بۆنێكی ناخۆش لە هەناسەكانی هەڵدەستا، چ بەرامەیەكی بۆگەنی بە ماڵەكەدا بڵاو دەكردەوە ، ئاخ چەند ئێوارە دایكم چاوەڕوانی كرد تا خوانێك پێكەوە بین، بەڵام نەبوو، ئەو ئێوارەیە هەر نەهات كە ئێمە لەسەر سفرەیەكدا كۆبینەوە و سفرەی خوان عیشقمان پێ‌ ببەخشێ‌، ئەو پیاوە هەموو شەوێك بە مەستی دەهاتەوە و بە شەق دەرگاكەی دەخستە سەرپشت و بە جوێن دانەوە بەژوور دەكەوت.

ئیدی نەسرەدینی قەمەر من لەو ماڵە جەهەنەمیەدا لە كۆشی ژنێكی پڕ پڕ لە فرمێسك داكەوتم، لەوێدا ئەو دەمانەی كە زەمەنی ناسین و بینین و بیستن و تێڕامانم بوو پڕ پڕ كرام لە یاسا چەواشەكاریەكانیان، بەر لەوەی ئاشنای هیچ ببم بەر لەوەی چاو بە جوانی گوڵێكدا هەڵبێنم لە كەمترین تەمەندا ئاشنای ترسناك ترین دیمەن بووم، دیمەنێك كە ئەستەمە پیاوە گەورەكانیش بیبینن، دیمەنی كوشتنی مریەمی خوشكم، دیمەنی مەرگی ئەو خوشكە پاكیزەیەم، لەوێدا سەرۆك كەمێ‌ وەستا و دڵۆپە فرمێسكەكانی سەر گۆنای سڕی، من تا ئەو دەمە فرمێسكی سەرۆكم نەبینی بوو، هەرگیز بەخەونیش بڕوام نەدەكرد كەسەرۆك لەتەمەنیدا فرمیًسكی ڕشتبێ‌، بڕیارەكانی ئەوو جاری وا هەبوو هەزاران كەسی دەكردە قوربانی، فرمێسك لەچاوی مرۆڤێكی وەهادا نامۆ بوو، سەرۆك بەردەوام بوو لەگێڕانەوەكەی و گووتی ئەو دیمەنە سیخناخی كردم لە ناشیرینی، ئیستاش ناتوام لەبەرچاوم بیسڕمەوە، دیمەنی كچێكی منداڵ بەزەندەق چوونەوە لەبەر دەم لولەی كڵاشینكۆفێكدا لە چاوەڕوانی مەرگدا دەبێ‌ ئەوساتە چۆن بێ‌ كە ئەوی تیا ژیاوە، دەبێ‌ ئەو ساتانەی كە مرۆڤێك دڵنیایە دەمرێت بیر لەچی بكاتەوە، دەبێ‌ بەر لەوەی باوكم دەست بە پەلەپیتكەی كڵاشینكۆفەكەدا بنێت و دەنگی مریەم و گولەكان تێكەڵ ببێت مریەم بیری لەچی كردبێتەوە ، ئەشێ‌ بێگوناهێك لەسەر ئەوو گوناهەی كەنەیكردووە و دەكوژرێت لەئانی مەرگدا چی لەدڵدا بێت، ئاخر نەسرەدینی قەمەر مریەم هیچ گوناهێكی نەكردبوو، ئەووهێندەی مریەمی موقەدەس بێگوناه بوو، ئەو تەنها بەڵێی بۆ داخوازیكەرێكی دراوسێمان كردبوو، باوكم وای دەزانی یەكتریان خۆش دەوێت، ئاخر یاساكانی ئەو وابوو نەدەبوو یەكیان خۆشبووێت، دەبوو مریەم بیگوتبا مێردی پێناكەم ئەوجا باوكم بەزۆر لێی مارەدەكرد، باوكم بێئاگا لەوەی كە عیشق هەرگیز ڕوو ناكاتە ماڵی ئێمە و خۆشەویستی بە كوچەكەمان نامۆیه‌، ئاخر نەسرەدین تۆ دەزانی عیشق بەزۆر پەنجەرە نامۆیە، عیشق بەو پەنجەرانە نامۆیە كە جەللادێ‌ لەودیوویەوە حاكمە، من دڵنیام نەسرەدین مریەم كچێ‌ بوو پڕپڕ لە بەرائەت و پاكیزەیی لەڕۆحی دەچۆڕا، ئاخر ئەو هیچ هەنگاوێكی حەرامی نەنابوو، نیگایەكی حەرامی لەكەس نەبڕیبوو، كەچی باوكم گوللەبارانی كرد و كۆتایی بۆ حیكایەتەكەی دانا، ئەفسوس نەسرەدینی قەمەر ئەوو ڕۆژە دایكم چووە خەڵوەتەوە هەفتیەك لە ژوور نەهاتەدەرەوە و وشەیەكی لەگەڵ كەس نەگوت، بەڵام كە هاتە دەرەوە بەگڕەوە هاتە دەرەوە، گڕی لە جەستەی خۆی بەردابوو، باوكم تەماشایی كرد تا بوو بەخۆڵەمێش، من بەو تەمەنە كورتەمەوە دوو دیمەنی سامناكم بینی نەسرەدین، دیمەنی مریەم كە بەدەم هاوارەوە كەوت و دیمەنی دایكم بە گڕەوە دەیقیژاند، ئەم دوو دیمەنە هەنگاوێكی منیان لە جەللادی بوون نزیك كردەوە و منیان بەرەو دونیای جەللادی بوون نارد، بەجۆرێ‌ ڕق لەدڵمدا چەكەرەی كرد كە هەرگیز ناگۆڕێ‌ بۆ عیشق.

ئەفسووس دوای مانگێ‌ لەم دوو دیمەنە باوكم ئێوارەیەك دەستی ژنێكی هەوەسبازی گرت و هێنایەوە ماڵ، ژنێك بوو لەو ژنە مەلعونانەی كە هەمیشە بۆ مشتێ‌ لەزەت و شەهوەت خۆی دەگەیاندە باوكم، ئەو ئێوارەیە من لەژێر لیباسە بوكێنیەكانیدا، دونیایەك ناشیرینیم بینی، ئاخ نەسرەینی قەمەر ئەو ئێوارەیە دەبوو من دوولەت بم، دەبوو هەم خۆشحاڵ بم هەم دڵگران، دەبوو هەم چەپڵە بۆ زاوایەتی باوكم لێبدەم هەم ئەشك بۆ ڕۆحی سوتاوی دایكم بتوێنمەوە، دیمەنی ئەو شەوە پیاوێكی نوقمی لەزەت كرد و منی غەرقی نائومێی و فیراق كرد، هەفتەیەك دوای ئەو شەوە بوكەخان دەستی بەسەر هەموو شتێكی ماڵەكەیا گرت و بوو بە هەموو شتێ‌ لەو ماڵەدا تەنانەت دەستی بەسەر یاساكانی باوكیشما گرت و یاسا هەوەساویەكانی خۆی لەبری دانا، باوكم تەسلیمی یاساكانی ئوو ژنە بوو، ئەو پیاوەی كە نیشانەی قارەمانێتی و چاوسووركردنەوە بوو، لە باوەشی ئەو ژنەدا بوو بەماستی مەیوو، ئیدی دەبوو هەموو بڕیارەكان ئەو ژەنە بیدات، ژنێكی پڕ لە شەهوەتی شەیتانی.

نەسرەدینی قەمەر من پێشتر بڕوام نەدەكرد ژنێكی نەگریس هەبێت بە هەستی دۆزەخەوە بیربكاتەوە، من لەیاساكانی ئەو ژنەوە زانیم كە دەسەڵات پەیوەندی بەڕەگەزەوە نییە، پەیوەندی بە لاوازی لایەكەوە هەیە، هەركە لایەك لاواز بوو لایەكەی دیكە بەسەر ڕۆحیەوە دەبێتە جەللاد، ئەدی لە بێدەسەڵاتی و لاوازی باوكمدا ئەو ژنە بوو بەجەللاد و دەسەڵاتی ڕەهای كەوتە دەست، ئەدی یاساكانی ئەو دوانە منیان گەیاندە لوتكەی بەجەللادی بوون، ئاخ نەسرەدینی قەمەر ئەو ڕۆژگارەی كە دەبوو منی منداڵ منی تازەلاو گوێ‌ لەحیكایەتەكانی داپیرە ڕاگرم و ئیرەیی بە كوڕە ئازاكەی ناو حیكایەتەكە بەرم كە چۆن لەدواین ساتدا فریای كچە شازادەكە دەكەوێت و لە چنگی ئەژدیهاكە دەریدەكات، ئەو ڕۆژگارەی كە هیچم نەدەزانی و ڕەنگەكانم وەك خۆی نەدەبینی و چاوەڕوانی سۆز و خۆشەویستی بووم، ئەو ڕۆژگارەی كە خاڵی خاڵی بەدوای حەقیقەت و مانای یەقینی شتەكاندا دەگەڕام خەمساردی پیاوێكی داڕووخاو و یاساكانی ژنێكی هەوەسباز فڕێیان دامە سەر ڕاستە شەقامی یاخیبوون، یاخیبوون لە جوانی و ناشیرینی یاخیبوون لە هەموو شتێ‌، یاخیبوون لەیاساكان.

نەسرەدینی قەمەر یەكەمین دیمەنی ئەو یاخیبوونەم لەیادە شەوێكی دەیجوری زستان بوو كە بەفر هێدی هێدی دەباری، ئاگام لێبوو بووكەخان شتێكی بە باوكم گوت، نازانم چی پێگوت بەڵام دڵنیام درۆیەكی گەورەی بۆ هەڵبەستم و باوكیشم تا هیلاك بوو داركاری كردم و پاشان فڕێی دامە ناو بەفرەكەوە، ئاخ چەندە زۆر لەناو ئەو بەفرەدا مامەوە و چەندە بەدەم لەرزەوە چاوەڕوانم كرد تا دڵی یەكێ‌ نەرم ببێ‌ و وەك جارەكانی كە بمباتەوە بۆ ژوورە ساردەكە بەڵام نەدایە لەماڵ بوو بەنهێنی بمباتەوە ژوور نە داپیرە لەوێ‌ بوو تا بەچمكی سەرپۆشەكەی فرمێسكەكانم بۆ بسڕێ، تا نیوەی شەو تێپەڕی بەو خەیاڵەوە دەژیام كە ئێستا نا ساتێكی كە بڵێسەی ڕق و هەڵچوونی بابە دامركێتەوە و لەو گوناهەم خۆش بێت كە نەمدەزانی چیە، بەڵام بابە خەونی شادی ئامێزی بوكەخان بردبوویەوە، ئیدی توانای خۆڕاگری ناو ئەو بەفرەم نەما ویسم بەنهێنی بچمەوە ژوورەوە بەڵام ئەفسوس بابە گشت دەرگا و پەنجەرەكانی داخستبوو، بە مات و مەلوولیەوە هاتمەوە بۆ ناو بەفرەكە، بەڵام ئاخر دەبوو چەندە بەرگەی ناو بەفرەكە بگرم ، ئاخر نەسرەدین تۆ خۆت بخەرە جێگای من گەر تۆ بوویتایه‌ چیت دەكرد گەر دڵنیا بوویتایە كە بابە و بووكەخان لەباوەشی یەكا نوستون و تۆیان بیر چۆتەوە، دڵیام گەر تۆش بوویتایە هەمان كاری منت دەكرد، گەر تۆش بوویتایە یاخی دەبوویت و لەماڵ هەڵدەهاتی، ئەبوو ئەوو شەوە یەكەمین هەنگاوی یاخی بوون هەڵنێم، دەبوو بۆ یەكەمین جار بۆ یاخی بوون دەرگای حەوشە بترازێنم، لەوێدا سەرۆك هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشاو مژێكی قووڵی لە جگەرەكەی دەستیدا و گووتی نەسرەدین ئەو شەوە من یاخی بووم لەو ماڵە و یەكەمین هەنگاوی یاخی بوونم نا و یەكەمین شەقامم خستە ژێر پێم، ئەفسوس بەسەر ئەو شەقامەوە كە چەند هەنگاوێك لەماڵ دوور كەوتبومەوە دیمەنێكی سەیرم بینی، دیمەنی منداڵێكی بچوك لەژێر چەتری دوكانێكی مریشك فرۆشدا بە مقەبای پاشماوەی دوكانەكان ئاگری كردبوویەوە و خۆی پێ‌ گەرم دەكردەوە، چووم لەتەنیشتی وەستام لەوە خەمناكتر بوو هەستم پێبكات، ویستم بیدوێنم لەوە نامۆتر بوو وەڵامم باتەوە، دیار بوو زەمەنێ‌ بەسەر یاخیبونیدا تێپەڕیوە و ڕەنگ بەكوچەكانی ڕۆحیەوە نەمابوو، سیمای پڕ بوو لەغەزەبی یاخی بوون، بەناچاری و بێ‌ خواحافیزی بەجێمهێشت و دووبارە بەسەر شەقامە خاڵًییەكاندا بێمەبەست و بێ‌ ئامانج كەوتمەوە گەڕان، چەند هەنگاوێ‌ ئەو منداڵەم جێهێشت گوێم لەدەنگی قاقا و پێكەنینی كۆمەڵێ‌ منداڵ بوو بەئاڕاستەی پێكەنینەكە هەنگاوم نا تا ئاگرێكی گەورەم بینی كە كۆمەڵێ‌ منداڵ لەدەوری كۆ ببونەوە، منداڵەكانم ناسییەوە هەمان منداڵە چەقاوەسووەكانی شار بوون، ئەو منداڵانەی كە بەڕۆژ لەعەلوە و مەیدان و ترمیناڵەكاندا شاریان هەراسان كردبوو، بەڵام زۆر سەیر بوو نەسرەدین ئەشكم بە سۆمایانەوە نەدەبینی، لەبری ئەشك قاقای تەڕ بەلێویانەوە دیار بوو، چەندە دیمەنێكی سەیریان هەبوو بە قاقا و پێكەنینەوە بەسەر گڕی ئاگرەكەدا هەڵبەز و دابەزیان بوو، من نەمدەزانی ئەوانە چیدەكەن لەوێ‌ و بۆچی هێندە بەكەیفن نەمدەزانی بەچی پێدەكەنن، دوای چەندین شەوی دیكە تێگەشتم كە ئەو منداڵانە بەچی پێدەكەنن، درەنگ زانیم كە ئەوان هێندە گریاون لەبیریان چۆتەوە بۆ چی دەگرین و شەوێك پێكەوە بڕیار دەدەن چیدی واز لەگریان بهێنن، بەڵام بۆ ئەوەی كارێكیان هەبێ‌ و بێدەنگی نەیان كوژێت بڕیار دەدەن لەبری گریان خۆیان بەئاوازێ پێكەنینەوە سەرقاڵكەن، پێكەنینێكی بێكۆتایی، من ئەمەم لەدەمی یەكێ‌ لەمنداڵەكانەوە بیست، ئەو دەیگوت پێكەنین و گریان هیچ جیاوازییەكیان نییە، بەڵام ئاوازی گریان لە پێكەنینی نەی دەچی لەقاقا نەرمتر و هێواشترە، نەسرەدین ئەو شەوە لەسەر ئەو شەقامەدا بە گریانەوە وازم لەقاقای ئەو منداڵانە هێنا و هێدی هێدی هەنگاوە سەر لێشێواوەكانم گەیاندمیانە بەردەم مزگەوتی گەورەی شار ویستم پاشماوەی ئەو شەوە لەماڵی خودا بەسەر بەرم، بەڵام كاتی نوێژی بەیانی بوو لە سوچێكی بەر دەرگای مزگوتدا پاڵكەوتم لەولای منیشەوە سەگێ‌ خه‌وتبوو، من بەو هیوایەوە لەوێ‌ پاڵكەوتم تا نوێژكەرێك هەستی مرۆڤایەتی بجوڵێت و بمباتەوە بۆ ماڵی گەرم یان خواپەرستان لەنوێژبنەوە و بچمە ماڵی خودا بنووم، كەچی دوای نوێژ یەك یەك بەسەر من و سەگەكەدا هەنگاویان نا تا گەیشتە سەر ئیمامی مزگەوتەكە دەرگای ماڵی خودای وەك دەرگای بەندینخانە داخست و بەتەكەبورێكەوە گووتی كە گوناهن ئەم سەگانە، بەڵام سوێند بە هەرچی ئەولیایە نەسرەدین دوای ئەوەی مامۆستاكە ئەمەی گوت ئەو سەگە ئامێزی خۆی بۆكردمەوە و لە باوەشی گرتم.

ئاخ نەسرەدینی هاوڕێم سەدان شەو و ڕۆژ بەسەر ئەو شەقامە خاڵیانەوە چاوەڕێبووم تا بابە دڵی نەرم بێت بمباتەوە، چاوەڕێ‌ بووم خزمێ‌ منی بیر كەوێتەوە بێت بەشوێنمدا، كەچی ژیانی من بەلای كەسەوە گرنگ نەبوو تا منیش ڕەنگ و بۆنی منداڵە یاخییەكانم لێنیشت و بوومە كوڕێكی یاخی، كوڕێكی هەڵهاتوی سەر شەقامەكان، بوومە هاوڕێی ئەو منداڵە هەڵهاتوانەی كە هەریەكە لە ئامێزی دایك و باوكێ‌ یاخی بووبوون، ئەدی سات لەدوای سات یاخی دەبووم و هەڵدەهاتم، بەڵام یاخیبوونێكی جیاواز لە یاخیبوونی منداڵەكان، یاخیبوونێكی سەیر، بوومە سەركردەوی گشت یاخی بووەكان دەسەڵاتی شەقامم گرتە دەست بەخێرای بەسەر ڕۆحی گشت منداڵەكانەوە بوومە جەللاد و جێگای داڵدەی ئەو منداڵانەی لە یاساكانی پیاو هەڵدەهاتن، ئەو مندڵانەی بەرەگەی سنوورەكانیان نەدەگرت، ئیدی ئەو ساتانەی كە پیاوانی دونیا لە باوەشی ژنەكانیاندا مەستی لەزەتی شەهوەت بوون و باوكانی ئێمە نوقمی خەونی شادی بوون، ئێمەی هەڵهاتوو لە باخەكانی قەراخ شار خەریكی كاڵكردنەوەی ڕەنگەكانی ڕۆحی یەكدی بووین و یەكترمان لەپیرۆزی ڕووت دەكردەوە.

ئاخ نەسرەدینی قەمەر ئەو شەوانە ئێمەی منداڵ بەدیار چاوی ئەستێرە بزێوەكانەوە سەرگەرمی دۆڕاندنی بەهاكانی مرۆڤ بوون بووین ئەوەی كە حەیوانەكانیش بێزیان لێدەكردەوە ئێمە لەتاریكیدا ئەنجاممان دەدا، بەڵێ‌ نەسرەدین وەك ئاژەڵ خەریكی ناشیرینترین ناشیرینیەكان بووین و لە گوناهێكەوە دەچوین بۆ گوناهێكی گەورەتر، ئیدی بووینە دووژمنی سەرسەختی جوانیەكانن، بووینە زامێكی چڵكن بەسەر جەستەی كۆمەڵگاوە، ئه‌و كۆمەڵگا بێبەزەییەی كە هیچ لە ئازارەكانی ئێمە تێنەدەگەیی و نەیدەزانی ئێمە چ ناشیرینیەك جێدەهێڵین، ئەو كۆمەڵگایەی كە هەنگاو بەهەنگاو ئێمەی لە جەللادی بوونی ئەبەدی نزیك دەخستەوە، ئاخ نەسرەدین تاكەكانی ئەو كۆمەڵگایە بە پەراوێز خستن ئێمەیان لێوانلێو كرد لەناشیرینی دونیا، ئێمەیان لە هەموو شتێ‌ یاخی كرد تەنانەت ئەوان منیان لە  خوداش یاخی كرد، ئاخر هەموو تەمەنم وشەیەكی پڕ لە میهری كەسێ‌ نەگەیشتە گوێی من، ئێوارەیەك پێكەنینی سووری حەقیقەت نەگەیشتە من، بەیانیەك كەس گۆرانییەكی شادی بۆ نەگوتم.

ئەوان شەوێكی زستان بەرائەتی منداڵیان لێدزیم و لەبری پاكیزەیی منداڵی سیمای پیاوێكی زبریان پێفرۆشتم، كوچە ڕەنگاڵەییەكانی منداڵیان لەڕۆحما كاڵكردەوە و شەقامێكی ساردی بێبەزەییان خستە ژێرپێم، لە ئامێزی دایە دەریان هێنام و ژنێكی هەوەسبازیان پێناساندم ئامێزی سەگێكی بەوەفایان پێدام. ئەوان لەمنداڵی دەریان هێنام و كردمیان بەجەللادێكی گەوره‌، ئەو جەللادە هێدی هێدی لەگەڵما گەورە بوو، گەورە بوو تا بوو بە كێوێكی گەورەی ئاگرین بۆ سوتانی جوانیەكان.

نەسرەدینی هاوڕێم ڕێگای بەجەللادبوون گەلێ‌ سانایە هێندەی بەسە كە جەللادێك بتخاتە سەر شەقامێكی یاخیبوون، ئیدی خۆت گشت كوچەكانی جەللادبوون دەدۆزیتەوە، بڕوابكە نەسرەدین مرۆڤ یەك بیانوی بەسە بۆ ئەوەی ببێ بە جەللاد، ئاخ نەسرەدین هەست ناكەی چەندە بەخێرایی بوومە جەللاد، چەندە بەخێرایی دەسەڵاتی شەقامم گرتە دەست و چەندە خێرا بوومە گەورەی هەڵهاتووەكانی شا، ئاخ نەسرەدین تۆ نازانی دەسەڵاتی جەللادبوون چەندە شادی بە مرۆڤ دەبەخشێ‌ تۆ نازانی چەندە شادومان بووم، بەجۆرێك خەریك بوو هەموو شتێكم لەبیر دەچوویەوە، بەڵام ئەم شادوومانیەم زۆری نەخایاند لەپڕ یاخیبوویەكی بەهێز كەوتە سەر شەقامەكان و ناوی بە شاردا بڵاو بوویەوە یاخیبویەكی چەقاوەسوو كە بەنیاز بوو دەسەڵاتی جەللادیم داگیر بكات، ئەو لەزۆر شوێن گوتبووی نابێت شارێكی نەگریس دوو جەللادی هەبێت ئێمە یەكێكمان زیادەین دەبێت یان من لە شاردابم یان ئەوو، وردە وردە خەریك بوو گشت منداڵەكان بەرێ‌ بۆ خۆی، ئاخر من ئەو منداڵانەم بە موڵكی خۆم دەزانی بە مەیلی خۆم كارە پیسەكانی خۆمم پێ‌ جێبەجێدەكردن، ئەو جەللادە تازەیە دەیویست لە جەللادییەوە بمگەڕێنێتەوە بۆ قوربانی، ئەبوو لەپێناوی ئەو دەسەڵاتەدا یەكێكمان یەكێكمان بكوژین، من لەترسی ئەوەی نەكوژرێم و نەبمە قوربانی ئەوم كوشت. شەوێك لەو جەنگەڵستانەی قەراخ شاردا ئەوم كوشت و بەدیار دواین هەناسەدانیەوە دانیشتم، بەڵێ‌ نەسرەدین من لەبری خودا كۆتایم بۆ حیكایەتی ژینی ئەوو كوڕە دانا بەڵام بڕوابكە لە ترسدا كوشتم، لەترسی ئەوەی نەمكوژێت، دڵیابە كە زۆربەی شەڕەكانیش لە ترسدا دەكرێن، زۆربەی جەللادەكانیش لەترسدا دەبنە جەللاد.

نەسرەدینی قەمەر ئەو شەوە مەرگم لەلا ئاسایی بوویەوە دەستم بە خوێنی یەكەمین مرۆڤ سوور بوو، ئای چەندە سانایە كوشتی مرۆڤ، چەندە ئاسانە كۆتایی دانان بۆ ژیانی مرۆڤ تەنها هێندەی بەسە ساتی بیر لە مرۆڤ بوونی خۆت مەكەرەوە ساتێ‌ خۆتت لا ببێتە ئامێرێك، ساتێ‌ دەست لە ڕۆحت هەڵگرەوە بە چاوی دڵەوە مەڕوانە، تەنها هێندەی بەسە لە ئانی كوشتنی ئەو مرۆڤەدا تەماشای قوڵایی چاوی نەكەیت، من وامكرد ئێستاش نازانم قوڵایی چاوی چۆن بوو، نازانم لەدواین ساتەكانیدا چ دێڕێك لەچاویا نوسرا بوو، نازانم دواین وشەی چاوی چ گلەییەك بوو، چ پاڕانەوەیەك بوو.

بەڵام هاوڕێم مەرگی ئەو كوڕە نازناوێكی گەورەی پێبەخشیم، كردمی بە قارەمانێكی ئەفسانەیی شار، كردمی بە جێگا سەرنجی گەورەكانی شار و دوای ئەوە بۆ ئەوەی گەورەیی بەنازناوەكەم ببەخشم چەندین بێگوناهی ترم كوشت و لەماوەیەكی كەمدا هێندە بێگوناهم كوشت تاوانی گشت كوژراوەكانی شاریان دەخستە ئەستۆی من و منیش لەبری ئەوەی حاشای لێبكەم شانازیم پێوە دەكرد، ئیدی لەشاردا بەچاوی گەورەییەوە لێیان دەڕوانیم و چەپڵەیان بۆ گەورەبونی جەللادەكەی دەروونم لێدەدا و بەخێرایی ناوبانگی جەللادیم گەیشتە گوێی گشت جەللادە ترسنۆكەكانی شار، ئەو جەللادانەی لە ژنە كانیان دەترسان، ئەوانەی كە لە ئەزەلەوە پیاوكوژبوون كەچی لەخوێن دەترسان، لەقوڵایی چاوی قوربانی دەترسان، ئەوانەی لەترسی مەرگ نەیاندەوێرا كەس بكوژن، ئەوانەی لەهەموو شوێنێ‌ لەپێشی پێشەوە بوون، هەموویان شەوانە دەهاتن بۆ قەراخ شار و مەرگی ناحەزەكانیان بەمن دەفرۆشت، ڕۆحی ناحەزەكانیان تەسلیمی من دەكرد، بەخێرایی گشت جەللادە ترسنۆكەكان لەدەورم كۆبوونەوە و هەر شەوەی نەخشەی مەرگی ناحەزێكی خۆیان پێ‌ جێبەجێ‌ دەكردم، دەیان ساڵ بەم شێوەیە بەردەوام بووم لە كوشتنی ناحەزی جەللادەكانی شار، لە كوشتنی ئەوانەی كە دەبوونە ڕێگر لەبەردەم كاری جەللادەكاندا، ئیدی هەر شەوەی پیاوێك لەشاردا ون دەبوو، ئەوانە هەمووی كاری من بوو، من تەرمەكانیشم دەشاردەوە و هەرگیز هیچ بەڵگەیەكم جێنەدەهێشت، بەڵام نەسرەدینی قەمەر شەوێك هەمووشتێ‌ گۆڕا و هیچ شتێ‌ لەجێی خۆیدا نەمایەوە، لەو شەوەدا من گەیشتمە كۆشكی سەرۆكایەتی، ئەو شەوە من دەیان هەنگاو لە دونیای جەللادبوون نزیك بوومەوە.

لەوێدا سەرۆك لە قسەكردن وەستا و گووتی ببوورە نەسرەدین ئەمشەو بەسەرهاتەكەت بۆ تەواو دەكەم، ئیدی ئەو ئێوارەیه‌شمان وەكو ئێوارەكانی تر لەو تونێلەدا بردە سەر و شەو سەرۆك گووتی نەسرەدین هەستە دەبێت بچینە دەرەوە، خۆی پێشم كەوت و من بەدوایدا ڕۆشتم، هەندێ‌ دەرگای نهێنی كردەوە تا دواینجار لە شەقامێكی چۆڵەوە سەرمان دەرهێنا و وەك دوو كەسی ئاسایی كە بۆ پیاسە بچن بەسەر شەقامەكانەوە هەنگاومان دەنا دەیان شەقام و سەدان كوچەمان بڕی سەرۆك بێوەستان هەنگاوی دەنا تاوەكو شارمان بەجێهێشت و بەحاڵ ڕووناكی گوڵۆپەكانی شارمان دەبینی، دواجار سەرۆك لەناو باخ و باخات و جەنگەڵێ‌ وەستا و تەماشایەكی منی كرد و گووتی نەسرەدین شەوێك ئا لەم باخەدا ژیانی من گۆڕا، من ئا لەم باخەوە گەشتمە كۆشكی سەرۆكایەتی.

نەسرەدینی قەمەر شەوێك لەگەڵ مناڵە هەڵهاتووەكاندا خەریكی كاڵكردنەوەی ڕەنگەكانی ڕۆحی یەكدی بووین، خەریكی ناشیرینترین ناشیرینیەكانی دوونیا بووین، وەك هەموو شەوەكانی دیكە لەناشیرنیدا غەرق بوو بووین، لەپڕ پیاوێكی ڕێكپۆش خۆیكرد بەناو خەڵوەتەكەماندا، بەلامەوە سەیر بوو شوێنی ئەو پیاوە لای من نەبوو، بەڵام ئەو بە ئەسپایی چرپاندی بە گوێمدا و گووتی مەترسە من نێردراوی مستەفا كەریمم، ئەو سەركردەی سوپایە ئەمشەو دەیەوێ‌ كودەتا بەسەر حكومەتدا بكات، منی ناردووە بەدوای ئێوەدا تا هاوكاری بكەن، جەنابی مستەفا كەریم ناوبانگی قارەمانێتی ئێوەی بیستووە، ئەو پیاوە ویستی زیاد بڕوات لە ستایش كردندا بەڵام من وەستاندم، دەمزانی درۆدەكا لەستایشەكەدا، گووتم ئێمە لەپێناوی چیدا هاوكاری جەنابی مستەفا كەریم بكەین، ئەو نێرداوە خێرا گووتی مستەفا كەریم بەڵێنی شەرەفی داوە كە دوای كودەتا لە گشت گوناهەكانتان دەبوورێت و پلەو پایە بە هەمووتان دەبەخشێ‌.

ئاخ نەسرەدینی قەمەر دەروونی من بۆ شەڕ دروستكرابوو، ئەو شەوە گەورەترین بیانووم پێبوو تا تۆڵە لەو سەرۆكە پۆخڵەواتە بكەمەوە، بڕیارمدا تۆڵەی هەموو ناشیرینیەكان لەڕۆحی سەرۆك بكەمەوە، بڕیارمدا هاوكاری مستەفا كەریم بكەم بە مەرجێ‌ خۆم هەڵكوتمە سەر كۆشكی سەرۆكایەتی، ئیدی بەخێرایی ئێمەیان پڕ چەك كرد، كۆمەڵەێ‌ مناڵی یاخی بەدڵێكی پڕ لەقینەوە و بە چەكەوە هەڵمانكوتایە سەر كۆشكی سەرۆكایەتی و لە هەموو لایەكەوە شار بوو بە پارچەیەك لە دوكەڵ و بۆنی باروت و جۆگەلەی خوێن، ئاگری لوولەی تفەنگەكان و سەدای گوللەتۆپەكان لە هەموو شوێنێكەوە دەبینرا، من بەخێرایی بەكاری خۆم هەستام و سەرۆك و دارودەستەكەیم قەتڵ و عامكرد، كۆشكی سەرۆكایەتیم بەخوێن سووركرد، بەڵام ئەفسووس مستەفا كەریم درۆی لەگەڵ كردین، ئەو بۆ پاككردنەوەی چەپەڵی خۆی دوای ئەوەی كە كودەتاكە سەری گرت و خۆی بوو بە سەرۆك و بارودۆخ ئاسایی بوویەوە، ویستی هەموومان بكوژێت، بە نهێنی هەڵیكوتایە سەرمان، ئاخر من هەمیشە لەشەڕا بۆ بیانوو دەگەڕام، ئەو شەوە بیانوویەكی ترم دەستكەوت بۆ شەڕی مستەفا كەریم، بڕیارمدا ڕووبەڕووی ئەویش ببینەوە، بەڵێ‌ نەسرەدینی قەمەر ئەو شەوە مستەفا كەریم هیچ چارەیەكی بۆ نەهێشتمەوە هەمان شەو بە چەكەكانی خۆیەوە لەگەڵ گەنجە یاخییەكان هەڵمانكوتایە سەری، ئەو شەوە ڕقی دونیام لەو شەڕەدا بەكارهێنا و جۆگەلەی خوێنم بەشارا ڕاكێشا، ڕقی كۆبووەوەی دەروونم لە مستەفا كەریمدا خاڵی كردەوە، گشت مناڵەكان بێ ترس لەمەرگ دووبارە گڕیان لە جەستەی شار بەردا تا ئەوەی كە گڕمان گەیاندە بەر پێی مستەفا كەریم و ئەو پیاوە درۆزنەمان بەدیلی گرت، بەڵێ‌ نەسرەدینی قەمەر من بەدەستی خۆم ئەو پیاوەم كوشت، ئەوە یەكەمین پیاویش بوو كە كوشتوومەوە و تا ئێستا پەشیمان نیم لە كوشتنەكەی، وەك ئەوە وابوو بەچكە چۆلەكەیەكم كوشتبێ‌، هیچ نامەیەكی گلەیم لە قووڵایی چاویدا نەبینی، ڕەنگە هەر لە ئەزەلەوە ئەو پیاوە زیادە بووبێ‌.

نەسرەدینی قەمەر ئەو شەوە وڵات بۆ من و كۆمەڵێ‌ مناڵی سەر شەقام بەجێما و من بوومە سەرۆكی وڵاتێكی داڕووخاوی لێوانلێوو لە جەللاد و قوربانی، پڕپڕ لە نایەكسانی، سیخناخ لە شكاوی، بەڵام بڕوابكە نەسرەدینی قەمەر هیچ حەزم لە مانەوە نەدەكرد لەكۆشكی سەرۆكایەتیدا، ئاخ كۆشكی سەرۆكایەتی چ بۆنێكی پیسی لێدەهات، حەزم نەدەكرد یەك شەویش بمێنمەوە، كەچی بۆ یەك شت مامەوە، تەنها بۆ تۆڵە كردنەوە مامەوە، تۆڵە لە كۆمەڵگا، لە پیاوە جەللادەكان لە ژنە هەوەسبازەكان، لە هەموو ئەوانەی كە ببوونە هۆی یاخی بوونمان.

ئیدی من بوومە سەرۆكی وڵات، چوومە كۆشكی سەرۆكایەتی و هەموو منداڵە یاخییەكانم كردە سەركردەی سوپاكان تا لەڕێگای ئەوانەوە تۆڵە لە كۆمەڵگا بكەمەوە، ئاخر ئەوان قوربانی یەكەم بوون، ئەوان لەمن زیاتر حەزیان لەجەنگ دەكرد، لە من زیاتر حەزیاندەكرد تۆڵە بكەنەوە، ئەوان لەودیوو هەموو شادییەكانەوە بوون بە قاقای تەڕەوە، دەچوونە بەرەی جەنگەكان و بە پێكەنینی سوورەوە گوللەیان بە بەرەی ئەوبەرەوە دەنا و هەر بە پێكەنینەوە پێشوازیان لە مەرگ دەكرد، بڕوابكە هیچكامیان نەیانتوانی لەكۆشكدا بمێننەوە، ئەوان هەمیشە بیانووی جەنگەكانیان بۆ دەدۆزیمەوە، پەلكێشی جەنگەكانیان دەكردم، ئاخر ئەوان بۆ جەنگ دەژیان هیچ یادگارییەكیان نەبوو، هیچ عیشقێ‌ نەژیابوون، دوور دوور بوون لەگشت جوانییەك، خۆشیەكی سەرسوڕهێنەریان لە جەنگ دەبینی و لەبری خۆشەویستی جەنگیان دەكرد، ئاخر نەسرەدین ئەوەی خۆشەویستی نەزانی پەنا بۆ جەنگ دەبات، نەسرەدین ڕەنگە بە پیاوێكم بزانی كە لە خۆمەوە چیرۆك دروستدەكەم، نا ئەزیزم من خۆم شەوێك چوومە یەكێك لە بەرەكانی جەنگەوە، چوومە پێشی پێشەوە تەنها چەند مەترێكم مابوو بگەمە دووژمن، ئەو شەوە تێگەیشتم كە ئەوانە چەندە عاشقی جەنگن، ئەو شەوە دڵنیا بووم كە خودا ئەوانەی بۆ جەنگ خوڵقادووە، بە چاوی خۆم بینیم كە چەندە بە گەرمی پەنجە دەنێن بە پەلەپیتكەی تفەنگەكاندا و چەندە تامەزرۆی مەرگی بەرامبەرن، بە گۆرانیەوە بەرامبەریان دەكوشت و بەشیعری تەڕەوە پێشوازیان لەمەرگ دەكرد، ئاخر نەسرەدینی قەمەر ئەو شەوە كەسم نەبینی بە عیشق و گۆرانیەوە نەچێ‌ بۆ كوشتنی بەرامبەر، كەسم نەبینی لە مەرگی بەرامبەر بترسێ‌، كەسم نەبینی بە سۆمای ڕۆحەوە بڕوانێ‌ و بەرائەتی ڕۆحی بەرامبەر ببینێ‌، كەسم نەبینی كەمتەرخەمی بنوێنێ‌، ئەزانی ئەوە یانی چی نەسرەدین ئەوە یانی ئەوەی نەمتوانی كۆتایی بەجەنگ بهێنم، من ئەو شەوە بۆ ئەوە چووم تا جەنگ ڕاگرم.

ئاخ نەسرەدین من زۆر درەنگ زانیم كە ئێمە ڕەنگێ‌ بە ڕۆحمانەوە نەماوە و گشت جوانی و پیرۆزیەكانمان دۆِڕندووە، ئەفسووس ئێمە گەشتبووینە دواین وێستگەی فیراق و لەوسەری لوتكەی جەللادیدا وەستا بووین، نە دەمانتوانی بۆ سەرەوە هەڵكشێین نەدەمانتوانی بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای كوچە ڕەنگاڵەییەكانی منداڵی، تەنها شتێ‌ كە دەمانتوانی ئەنجامی بدەین تۆڵە كردنەوە بوو، تۆڵە كردنەوە لە هەموو جەللادە حەقیقیەكان، لە هەموو ئەوانەی منیان گەیاندە سەر شەقامە نەگریسەكانی شار، ئەوانەی دەستی منیان بەخوێنی بێگوناهەكان سوور كرد، ئیدی نەسرەدین دەبوو ببمە كۆیلەی ئەهریمەنەكەی دەروونم، دەبوو ئیلهام لە وشە و جوڵەی ئەهریمەنەكەی دەروونم وەرگرم، ئاخ نەسرەدین تۆ تێناگەی ئەشێ‌ گشت جەللادەكانی دونیای ئەمڕۆ منداڵە یاخی و قوربانیەكانی دونیای دوێنێ‌ بن، ئەشێ‌ منداڵە چڵمنەكانی سەر شەقامەكان جەللادە نەگریسەكانی سبەینێ‌ بن، ئەو منداڵانەی كە ئێستا كۆمەڵگا بەچاوی سووكەوە تەماشایان دەكات سبەینێ‌ هەر یەكە و بەشێوازی خۆی تۆڵە لە كۆمەڵگا دەكاتەوە، دڵنیام ئەوانە لە نیگایەكی سوكایەتی خۆش نابن، ئەشێ‌ دەروونی مرۆڤ ئاوێنەی ڕووداوەكان بێت، ڕەنگە سبەینێ‌ دەروون هەمان وێنە بداتەوە كە ئەمڕۆ وەریگرتووە.

ئاخر نەسرەدین وەرە ساتێ‌ خۆت بخەرە جێگای من و تەماشاكە، پیاوێك لە تەمەنیا بە عیشقەوە نیگای لە كیژێك نەبڕیبێ‌ و چێژی لە خۆشاوی ماچێ‌ نەدیبێ‌ و ئێوارەیەك پەنجەی لە پەنجەكانی كچێك نەئاڵاندبێت، پیاوێك كە ئامێزی بەباوەشی هیچ ژنێك گەرم نەبووبێتەوە و چێژی لەسۆزی ئامێزی ژنێ‌ نەبینیبێ‌.

لەوێدا سەرۆك لەقسەكردن وەستا و سۆمای پڕ بوو لە فرمێسك بەدەنگێكی پچڕ پچڕ گووتی نەسرەدینی هاوڕێم من تەنانەت ژنە پیرۆزەكەی خۆشم لە ئامێز نەگرتووە و شەوێك لێوم نەناوە بە هەناسەكانیەوە و چێژم لە ماچێكی نەبینیوە، ئیدی پیاوێك خاڵی خاڵی لە دونیای مێینە چۆن ناگاتە مەملەكەتی جەللادەكان. ئەم وشانەی سەرۆك بەلامەوە سەیر بوو حەپەسام، ئاخر سەرۆك ژنێك و سێ منداڵی هەبوو، ئەی ئەو منداڵانە هی كێ‌ بوون نەمدەزانی، لەو خەیاڵەدا غەرق بوو بووم، سەرۆك گووتی نەسرەدین سەرسامه‌ هەستە با بچینەوە بۆ تونێلەكە، هەموو شتێكت بۆ ڕووندەكەمەوە، تا ئەو كاتە لەگەڵ سەرۆك لە قەراخ شار لەناو ئەو باخ و باخاتە مابووینەوە و سەرۆك بەسەرهاتەكەی بۆ دەگێڕامەوە و ئەو شوێنانەی نیشان دەدام كە سەردەمی یاخیبوونی تیا بەسەر بردبوو، بە جۆرێ‌ چووبوومە نێو باسەكانیەوە كەوتبوومە ئەودیوو زەمەنەوە، ئیدی لەوێوە جارێكی كە دوای هەنگاوەكانی سەرۆك كەوتم و لە ڕێگایەكی نهێنیەوە چووینەوە بۆ تونێلەكە و سەرۆك قۆڵی گرتم و بەدوای خۆیدا ڕایكێشام، چەندین قادرمە و ڕێڕە و هۆڵی گەورەمان بڕی، دیاربوو سەرۆك لەدێر زەمانەوە ئەو پەناگە نهێنیەی ئامادە كردبوو، ئیدی دواجار گەشتینە بەردەم پەنجەرەیەك و سەرۆك وەستاندمی، منی پێشی خۆی خست و گووتی تەماشاكە نەسرەدین، بەئاستەم ناوەوەی ژوورەكەم دەبینی لەبەر تیشكی ڕووناكی كەم ڕەنگی مۆمێكدا خانمی یەكەمی كۆشكم بینی، خانمی سەرۆك، ئاخ چ دیمەنێكی سەیر بوو، ژنەكەی سەرۆك لە باوەشی هاوشێوەكەیدا نوستبوو، بەڵێ‌ خانمی سەرۆك لەباوەشی جاسم خزڵی هاوشێوەیدا نوستبوو، جاسم ئەو پیاوەی كە لە یەكەم شەوی سەرۆكایەتی سەرۆكەوە لەگەلیدابوو، لەبەر ئەوەی كە لەگەڵ سەرۆكدا لەیەك ده‌چون، سەرۆك وەك هاوشێوەی خۆی بەكاریدەهێنا بۆ زۆربەی كۆڕ و كۆبونەوەكان لەبری خۆی دەینارد، تەنانەت دەیناردە بەرەی جەنگەكانیش، بۆ ورەی سەربازەكان، بەڵام كەس بەوەی نەدەزانی كە هاوشێوەكە لەژیانی خێزانی سەرۆكدا دەوری سەرۆك دەگێڕێت، هەرچەندە سەیری دیمەنەكەم دەكرد بڕوام بەچاوی خۆم نەدەكرد، بەڵام ئەوە خۆی بوو، خانمی سەرۆك لەباوەشی جاسم خزڵدا.

كاتێ‌ لەگەڵ سەرۆك چووین بۆ جێگاكەی خۆمان، تا ماوەیەك نەمدەتوانی هیچ بڵێم، ئاخر ئەوە دیمەنێكی كەم نەبوو كە بینیم، زمانم گۆی نەدەكرد هیچ بڵێم بەڵام سەرۆك بێدەنگیەكەی شكاند و گووتی ئەمە گەورەترین نهێنی ژیانمە و تۆ یەكەم كەسی كە ئەم نهێنیە دەزانیت، دەیان ساڵە ئەم نهێنیە وەك خۆی ماوەتەوە، حیكایەتی ئەم نهێنیەش لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە مامم كچەكەی خۆی بە بووكی بۆ ناردم، كچێ‌ پڕ پڕ لە پاكیزەیی و جوانی، پڕ پڕ لە بەرائەت، لێوانلێو لە پیرۆزی، تا نیوەی شەو لەگەڵ دەروونی خۆم دەجەنگام زۆر هەوڵمدا، نەسرەدین زۆر هەوڵمدا ببمە پیاوێكی ئاسایی وەك هەموو ئەو پیاوانەی كە ژن دەهێنن و دەبنە خاوەنی منداڵی پشتی خۆیان، هەوڵمدا منیش بەئامێزی ژنێ‌ جەستەی سڕم گەرم بكەمەوە و ببمە باوك، بەڵام بڕوابكە نەسرەدین نەمتوانی، نەمتوانی ئاسایی بم، نەمتوانی ژنێ‌ بخەمە دڵمەوە، بچمە دڵی ژنێكەوە، نەسرەدین زۆر هەوڵمدا بەڵام دوای ئەو هەموو تراژیدیایە نەمدەتوانی لەگەڵ ڕۆحی مێینەیەك ئاشتبمەوە.

نەسرەدین تۆ خۆت بخەرە جێگای من، ئاخر كاتێ‌ ژنێكی شەهوەتباز فڕێیدامە سەر شەقامەكانی شار هیچ كچێ‌ ئامادە نەبوو بە عیشقەوە نیگایەك بە سیمامدا بگێڕێت، كچێك ئێوارەیەك زەردەخەنەیەكی لە سیمامدا خاڵی نەكرد، كچێ‌ وشەیەكی نەرمی لە ڕووما بەكارنەهێنا، ئەو كاتەی گەیشتمە كۆشك دوژمنایەتی دڵی من و ڕۆحی مێینە گەیشتبوویە لوتكە، كچێ‌ لە نیوەی ڕێگا نەیدەتوانی كۆتایی بەم دوژمنایەتیە بهێنێ‌، دەكرا نەسەدین، دەبوو بە سەرنجی كچێ‌ بە زەردەخەنەی شۆخێ‌، بە عیشقی كیژێ‌ ئەم حیكایەتە جۆرێكی كە بوایە، بەڵام ئەفسووس هیچ كچێ‌ نەیتوانی ئەم حیكایەتە دەستكاری بكات، ڕەنگە وا نوسرابێ‌ كە حیكایەتی من وەك جەللادێ‌ كۆتایی پێ بێت بەبێ‌ عیشق، كە دیمەنێكی ئەوینداری نەكەوێتە ناو دێڕەكانی ئەم چیرۆكەوە، هاوڕێم پیاوانی كۆشك منیان بە شەهوەتبازترین پیاوو دەزانی، ئەوان بەهەڵە لە حەقیقەتی من حاڵی ببوون، دەیانویست جەللادەكەی ڕۆحم بە میهر و عیشق و سۆز و ناسكی مێینە بكوژن، ئەو گەمژانە كۆشكیان پڕكردبوو لە ژن و كچی ناسكی شەهوەت باز، دەیانویست بە باوەشی ساردی ئەوانە دوژمنایەتی دڵی من و ڕۆحی مێنە كاڵكەنەوە، ئەو گەمژانە شەوانە ژووری نوستنەكەمیان پڕ دەكرد لە كچی بەعیشوە و ناز، كەچی ئەوان نەیاندەزانی جوانی و شەهوەتی هیچ نازدارێ‌ سەرنجم ڕاناكێشێ‌ و باوەشی هیچ فریشتەیەك كۆتایی بەم جەنگە ناهێنێ‌، ئەوان نەیاندەزانی كە من لەگەڵ هیچ ژنێ‌ نەنوستووم تەنانەت ژنە پیۆزەكەی خۆشم، كەس ئەم حیكایەتە نازانێ‌، كەس نازانێ‌ نەسرەدین كە چەندە لە هاوشێوەكەم پاڕاومەتەوە تا شەوی یەكەم كارەكانی من تەواو بكات.

نەسرەدینی قەمەر ڕەنگە جگە لە تۆ كەس بڕوا بەم حیكایەتە نەكات، ئاخر ئەم وشانە لەودیوو بڕوای مرۆڤەكانەوەیە، كێ‌ بڕوا دەكات سەرۆكی وڵات خۆی لەپیاوبوون دەرباز كردبێت و هاوشێوەكەی ناردبێتە شەوی پەردەوە، ئاخر ئەم حیكایەتە بۆ هەر كەسێكی ژیر بگێڕمەوە بڕواناكات، بەڵام ئەمە حەقیقەتە نەسرەدین حەقیقەتێكی تاڵ وەك حەقیقەتی مردن، ئاخر نەسرەدین تۆ نازانی من بۆچی وەها كارێكم كرد، تۆ نازانی گەر من شەوێك لە ئامێزی گەرمی ژنێكدا بنوستمایە و هەناسە گەرمەكانی ژنێك ئاوێتەی هەناسەكانم ببوایە، گەر چێژ و لەزەتی شیلەی لێوی ژنێك بەلێوما بهاتایەتە خوارەوە، گەر لە باوەشی ژنێكدا مەستی حەز و شەهوەت ببومایە، میهرەبانی سۆز و عیشقی ژن سیحری جەللادییەكەمی بەتاڵ دەكردەوە و لەبەرامبەر ژندا نەرم نەرم دەبووم و ئیدی نەمدەتوانی وشەیەكی زبر بەكاربێنم نەمدەتوانی ئەو هەموو جەنگە بەڕێوە بەرم، نەمدەتوانی تۆڵە لە كەس بكەمەوە، ئاخر گەر لە ئانی ئاوێتە بوونی ماچدا هەناسەی ژنێ‌ بچوایە بە گەرووما چۆن دەمتوانی لە جەللادیا بمێنمەوە، ڕۆحم پڕ دەبوو لە هەناسەی ئەوینداری و سیخناخ دەبووم لە بەرائەتی ڕۆحی مێینە، گەر دەستم پڕ بكردایە لە جوتێ‌ لیمۆی كاڵ چۆن دەمتوانی نارنجۆك بخەمە دەستی ئەو هەموو گەنجە و ڕەوانەی بەرەی مەرگیان كەم، ئاخر گەر پەنجەكانم لە دوو پەنجە بئاڵاندایە دەستم تفەنگی قبووڵ نەدەكرد و لەبری ئەو تفەنگە نەحلەتیە فێری گەمەی گوشینی لیمۆ دەبووم.

نەسرەدینی قەمەر من نەمدەتوانی لەتاریكیدا لە ئامێز و شەهوەتی ژندا بتوێمەوە، كەچی لەڕۆژی ڕووناكدا دەستم لە كوشتنی ژندا هەبێ‌، نەدەكرا نەسرەدین شەو قاچی ژنم بلێستایەتەوە و ڕۆژ سێدارەم بۆ ژن هەڵخستایە، نەسرەدین ئەوانە مرۆڤ نین كە لە باوەشی ژنەكانیانەوە هەڵدەستن و تێر تێر منداڵە ساواكانیان دەنوسێنن بەسنگیانەوە و پاشان دەچنە بەرەی جەنگ بۆ كوشتنی دوژمن، دوژمنێنكی نەناسراو لە جەنگێكی نزانراودا، جەنگێك جگە لە گەورەكانی سیاسەت كەس نازانی بۆچی هەڵگیرساوە، ئەوانە دڕندەن كە لەیەك كاتدا هەم باوكن خۆشەویستی بەمنداڵەكانیان دەبەخشن، هەم جەللادن منداڵی ساوا بێباوك دەكەن، ئەوانە لە جنسی سەگن هەم عیشق بازی دەكەن هەم گولە بەسنگی كچانەوە دەنێن، نەسرەدین ئێمە دەبێت یەك ڕوومان هەبێت، یا فریشتە یا ئەهریمەن یا دۆستی ژن یا دوژمنی ژن، من گەر لێووم بۆ لێوی كچێ‌ ببردایە دەمم پڕ دەبوو لە پەپولەی ماچ و جەنگی من و مرۆڤ كۆتایی پێدەهات، تۆ نازانی نەسرەدین گەر من شەوێك كۆرپەیەكی خۆمم لەسەر باڵم بكردایەتە خەو، هەناسەكانی تێكەڵ بەهەناسەكانم ببوایە، گەر كۆرپەیەكم لەئامێز بگرتایە و لە ئانی گەمەدا بەدەممەوە بشنایەتەوە و منداڵێك یەك دوو جارێك بانگی بكردمایە بابە، یا منداڵێ‌ ئێواران چاوەڕوانی گەڕانەوەم بوایە، چۆن دەمتوانی ئەم هەموو جەنگە نەعلەتیانە بەرپاكەم كە هەزاران منداڵی بێگوناهی تیا دەبێتە قوربانی و هەزاران منداڵ بێ باوك و دایك دەمێننەوە و هەزاران بابە جارێكی كە ناگەڕێنەوە بۆلای كۆرپەكانیان، چۆن دەمتوانی ڕێگا بە هەلیكۆپتەرەكان بدەم تا شار و گوندەكان پێكەوە بە خەڵكەكەیەوە بسوتێنن، ئاخر گەر ژنێك بە كۆرپەیەكەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی منی بكردایە چۆن دەمتوانی بە جەنگاوەرەكان بڵێم بێبیركردنەوە بیكوژە، ئەوە دوژمنی نیشتیمانە، ئاخر ئەم هەموو كوشتنە لەپای چی، ئاخر جەنگ و سوتان چارەی چیدەكات، ئاخر داگیركردنی مشتێ‌ خاكی ئەودیو چ سودێ‌ بە نیشتمان دەگەیەنێ‌ كە ڕەنگە سبەینێ‌ نەتوانین بیكەین بەتەڕەپیازیش، بەڵام نەسرەدین من منداڵم نەبوو تا بینوسێنم بە سنگمەوە و تێبگەم بێبەشكردنی ئەو هەموو منداڵە لەبۆنی سنگی بابە و ساردكردنەوەی باوەشی ئەو هەموو ژنە لە باوەشی دڵخوازەكانیان چیدەگەیەنێ‌، نەسرەدین كە خۆت هیچت نەبوو لە هیچ ناترسی هیچ نادۆڕێنی، هیچ نییە تا لەدەستی بدەی.

ئاخ نەسرەدینی قەمەر من نەمتوانی ببمە باوكێكی میهرەبان و نەشدەكرا لە یەك كاتدا هەم باوك بم هەم جەللاد، زۆر سانایە ببیتە سەرۆكێكی جەللاد، سەربازێكی جەللاد، پاسەوانێكی جەللاد، برایەكی جەللاد، بەڵام باوكێكی جەللاد نا، من بوومە سەرۆكێكی جەللاد بۆ ئەوەی هێندەیكە وێنەكەی ژیان ناشیرین بكەم، ئەو وێنەیەی كە لە ئەزەلەوە شكاوە و بە كەس كۆناكرێتەوە، بوومە جەللادێكی قوربانی، جەللادێ‌ كە لە كوچەی قوربانی بووندا وەرمگرت و لەسەر شەقامە ساردەكانی شاردا جەللادە ترسنۆكەكانی شار بەدیاری پێیان بەخشیم، ئاخر نەسرەدینی قەمەر ئەی دۆست، من پیاوێكی دوور دوور بووم لە عیشق، خاڵی خاڵی بووم لە ئایەتە ڕەنگاڵەییەكانی ئەوین، بێبەش لە ئامێزی پڕلە سیحری دایە و وشە گەرمەكانی بابە، خاڵی لە حیكایەتێكی پڕ لە عیشقی كوچەی مناڵی، دوور دوور لە بۆن و بەرامەی هەناسەی ژنێك و دوور لە یاریە ڕەنگاڵەییەكانی ماڵە باجێنەی مناڵی، ئیدی پیاوێك بەم هەموو بۆ شاییەوە چۆن دەتوانێ‌ نەبێتە جەللاد.

لەوێدا سەرۆك هەستایە سەرپێ و گووتی هەستە نەسرەدین، كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەم حیكایەتە بهێنم، ئەمە حیكایەتی هەموو جەللادەكانە، بڕۆ بە دونیای ڕاگەیەنە، نابێ‌ ئەم حیكایەتە شاراوە بێت لە دونیا، دەبێ‌ ئەوانەی دوای ئێمە بزانن كە جەللاد چۆن دروست دەبێ‌، بۆ دروست دەبێ‌، كێ‌ دروستی دەكات، كێن ئەوانەی مرۆڤە پاكیزەكان دەنێرنە سەر شەقامی جەللادیبوون، با ئەوانەی دوای ئێمە بزانن كە هیچ مەخلوقێ‌ بەجەللادی لەدایك نابێ‌، بەڵكو دەیكەنە جەللاد، بڕۆ نەسرەدین با ئەم حیكایەتە بگاتە ڕۆشنایی، تۆ حیكایەتی جەللادێكی قوربانیت لەخۆتدا هەڵگرتووە.

لەوێدا سەرۆك دەمانچەكەی دەرهێنا و گووتی بڕۆ نەسرەدین ئەمە دواین دێڕی ئەم حیكایەتە بوو، من كە لە تونێلەكە چوومە دەرەوە، گوێم لە دەنگی دوو گوللەی دەمانچە بوو!

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.