INTEGRANT
INTEGRANT

بەزەیی و هاوسۆزی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتدا


Last updated:

Loading

وەک کەسێک کە وشە و تۆن و ئاخاوتن زۆر دەگەیەنن لەلام و بەرجەستەکردنەوەی تەواوی نییەت و مامەڵە و کرداری تێدا دەبینم، زۆر وشە و دەربڕین لە ئاڕاستەکردن و بەرکەوتندا زیاد لە پێویست ئازاریان داوم یانیش بە پێچەوانەوە پتر لە خۆیان ئاسوودە و شادیان کردووم. سەبارەت بەو گوتە و هەڵسوکەوتانەی نەرێنی پێمگەیشتوون و برینداریان کردووم، زۆرجار پاش ماندووبوونی زۆر پێیان، بەوە تێمپەڕاندوون کە هەوڵ بدەم لەوە تێبگەم کە بەرامبەرەکەم دوور لەوەی خەتابار بێت، لەو ئاستەدا بووە، بە مانایەکی تر هەر ئەوەندە توانای درککردن و بەخشینی هەبووە، بۆیە هەم جێگای گلەیی نییە، هەم پێکاریگەربوونی بێمانا و لۆمەکردنی بێهودەیە. ئەمە تا ڕادەیەک و کوورتمەودا هاوکاری هێمنکردنەوەی کردووم بەڵام لە درێژەی بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ خودی خۆمدا ڕووبەڕووی ئەوە بوومەتەوە بپرسم؛ ئەی مرۆڤ لەناو ڕۆحلەبەراندا چۆن و بۆ لەپێشتر و پلەباڵاترە ئەگەر لە پای پەروەردەکردنی خۆیدا، وێڵی تێگەیشتنی ڕەسەن و توانای بەخشین و وەرگرتنی تەندروستی نەبێت! ئایا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی فرە ئۆپشن و خاوەن دەسەڵات، لە کوێدا خەتابارە و تا کوێ بێ خەتایە؟ هەڵبەت ئەم پرسیارانە لە منەوە چەند ئاراستەکراوە بۆ ئەوانەی کە بە گوفتار یان بە کردار بێئاگایانە یان بەئاگاوە ئازاریانداوم، ئەوەندەش بۆ تێگەیشتنی خۆمە کە چۆن چۆنی ئەوانیتر توانیویانە به مەبەست یان بێ مەبەست ئازارم پێبگەیەنن.

من کە لەمێژە لە مرۆڤ تووڕە و بێئومێدم و لەگەڵ نووسین بەینم نەماوە، نازانم بۆچی دەمەوێت بیرکردنەوەکانی ئەم ڕۆژانەمتان لەگەڵدا بەش بکەم. بەڵام من چێژ لە گەڕان و لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە دەرئەنجامی بەبنەما وەردەگرم. لێرەدا دوور لە زمانی ئەدەبیات و فەلسەفە، هەوڵ دەدەم قووڵ بیربکەمەوە و ساکار بدوێم. ئەم نووسینە بۆ تێگەیشتنی زیاتری خۆم و بۆ تۆ کە هۆشیاریت بۆ گرنگه و دەخوازیت لە کاریگەری و بەرکەوتنەکانت لەگەڵ ئەوانیتر بەرپرسیار بیت. 

زۆرن ئەو دەربڕین و مامەڵانەی ئازاری منیانداوە. یەک لەوانە ئاراستەکردنی (بەزەیی)ە، جا لە هەر فۆڕمێکیدا بووبێت وەک وشە و تۆن یان بە ڕەفتار و کردار. لەم گەڕانەدا دەمەوێت لەسەر وشەی بەزەیی بووەستم و بۆ ڕوونتر گەیاندنی بابەتەکە ئەرگومێنتەکانم بە بەرکەوتنەکانی خۆم و ئەزموون و دیدی پسپۆران و بیرمەندان دەوڵەمەند بکەم. 

INTEGRANT
INTEGRANT

منداڵ بووم وەک وتەیەکی بەنرخ خوێندمەوە، نووسەر و فەیلەسوفی سەدەی حەڤدە (جان جاک ڕۆسۆ) لە تێڕامانێکیدا گوتویەتی ’’مرۆڤ جێگای ڕێزە، نەک بەزەیی’’، لەو کاتەوە خۆشیم لە بەزەیی نەهاتووە بەرامبەر بە ئینسان. لەگەڵ گەورەبوونمدا زیاتر لەو وتە دڵخوازەم ورد بوومەتەوە و ویستوومە پتر لە پاشخانی دەربڕینەکە تێبگەم. ڕۆسۆ لەم وتەیەیدا هەیبەتێک دەداتە مرۆڤ کە بە شایەنی کەمی نازانێت. (بەزەیی) لێرەدا ئەدگارێکی نزم ئاستە و لایەق بە سروشتی هزری باڵای مرۆڤ نییە. 

بەڵێ بەزەیی بەرامبەر بە کەسانی تر لە بنەمادا میهرەبانی و هەستکردنە بە موعاناتی ئەوانیدی. دەکرێت شیاو بێت بەزەییت بە منداڵ و بەخشراو و ژینگە و ڕووەک و گیانداراندا بێتەوە کاتێک بارودۆخیان سەخت و نالەبارە بەڵام بەوپێیەی کە بەزەیی کاتێک دێتە ئاراوە کە دەبینیت کەسێک یان کۆمەڵێک بێحاڵن و بە گرفتێکەوە گیرۆدەن و لەو کاتەدا ناڕاستەوخۆ پێتوایە تۆ لەوان باشتر و لە سەروتریت و ئەوان خراپن بەوەی کە بە بەراورد بە تۆ لە پەشێوی و نزمیدان و تۆ دڵت پێیان دەسووتێت. ئەم هەستی خۆ بە شت زانین و ئەو بە کەمزانینەی کە هەوێنی دڵپێسووتانە زۆر هەستیارانە لە پڕۆسەی بەزەیی پێداهاتنەوەدا بۆ خاوەن گرفتی هۆشیار دەگوازرێتەوە و وادەکات وێڕای بارسەختییەکەی بەو هەڵوێستە نیگەران بێت و سوپاسگوزار نەبێت.  

لە زمانی کوردیدا وشەی بەزەیی دەکرێت بە چەند مانایەک بێت کە لە ناوەڕۆکدا لەیەک جیاوازن. بەزەیی لە یەکێک لە واتاکانیدا کە بە ئینگلیزی دەبێتە (sympathy) ئەو واتایەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی نیگەرانی و ڕۆسۆ بە گونجاوی نازانێت بەرامبەر بە مرۆڤ هەتبێت. مرۆڤ خاوەنی ئەقڵێکی بەتوانایە و وێڕای هەبوونی گرفتی قورس، توانای بیرکردنەوەی بەرهەمهێن و دەسەڵاتی گۆڕین و هەڵبژاردنی هەیە. جوان نییە ئاستی مرۆڤ ئەوەندە نزم بکەیتەوە کە بێدەسەڵات و داماو بیبینیت و بەزەییت پێیدا بێتەوە، جا لە هەر بارودۆخێکی سەختیشدا بێت. جگە لەمە، (sympathy) گەر بە کوردی بیکەینە (دڵپێسووتان)، هەستێکی ڕووکەشی دووراودووری مەودائامێزە کە هیچ هاریکارییەک پێشکەش بەو گرفتە ناکات کە هەستت بەو جۆرە بۆی دەجوڵێت، بگرە زیاتر تۆخی دەکاتەوە و گەواهی دژواری دۆخەکە دەدات. 

 

مرۆڤ کاتێک گرفتێک ڕووی تێدەکات و لە ناهەمواریدا دەژی، ئاسان بە قوربانی دەبینرێت، ئاسان خۆی لێدەبێتە قوربانی و ڕەنگە هەندێک جار لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە حەزیش بکات بۆی مۆر بکەن و پێی بڵێن تۆ قوربانیت. ئەم دۆخە خەتەرترین جۆری بەزەیی دروست دەکات، تیایدا خاوەن گرفت بەزەیی بە خۆیدا دێتەوە و پێیوایە گەر ئەوانیتریش هاوڕای بن و بەزەییان پێیدا بێتەوە کۆمەکی دەکەن! ڕەنگه مافی هەر تاکێک بێت ڕێ بە خۆی بدات غەمبار بێت، لێگەڕێ لە ئازاردا بگری و بقیژێنێت. ئاساییە مرۆڤ ماندوو بێت، بکەوێت. قەرار نییە بۆ هەمیشە شاد بیت و بەهێزیش ئەوە نییە کە هەر بەپێوە بیت و نەگلێیت … بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤ لە دۆخە دژوارەکاندا پێویستی بەوە نییە قوربانیبوونی خۆی دیاری بکات یان بۆی دیاری بکرێت. مرۆڤ لە وەها دۆخێکدا پێویستی بە هزر و هێز و وزەیە تا بتوانێت کێشەکەی تێپەڕێنێت یاخود فێربێت بە شێوەیەکی تەندروست لەگەڵیدا بژی … کاتێک تۆ دێیت بەزەییت بە کەسێکدا دێتەوە و دڵت پێی دەسووتێت، قوربانی بوونی ئەو دەسەلمێنیت. بەمە هەم هێز و وزەی لێ تەرە دەکەیت، هەم بە لێکەمکردنەوە و بە داماو بینینی ئیهانەی دەکەیت. ئەمەیە کە بە بۆچوونی من ناشێت کەسی هۆشیار قبووڵی بکات بەزەیی ئاراستە بکرێت یاخود ئاراستەی بکات. 

واتایەکی تری بەزەیی کە بە ئینگلیزی دەبێتە (empathy)، بە کوردی گونجاوترە بڵێین (هاوسۆزی) یاخود هەستی دڵسۆزی بەرامبەر گیروگرفت و ئێش و ئازاری ئەوانی دی. ئەمیان کاتێک کە سەرهەڵدەدات بەرکەوتنی دڵسۆزانە و ڕاستەقینە دروست دەکات. لێرەدا کەسی (هاوسۆز) هاوهەستی بارودۆخەکە دەبێت و لە نزیکەوە گرفتەکە لەگەڵ خاوەن گرفتەکەدا بەش دەکات. 

 

بە تێگەیشتن لە مانای بەزەیی لە نێوان دڵپێسووتان و هاوسۆزیدا، ڕاستترە بڵێین (بەزەیی) و (هاوسۆزی) فەرقیان زۆرە. کەسێک کە بە هەبوونی هەستی (sympathy) دڵی بە کەسێک دەسووتێت، لە جێی خۆیەوە هەستی هاوخەمی دەردەبڕێت. لێرەدا بەزەیی هەڵچوونێکی هەستیی بێ مۆڕاڵە هەڵدەتۆقێ و دەپووکێتەوە وەک ئەوەی نەبووبێت. ئینجا لەو ماوە کوورتەی بوونیدا کە پێیوایە زۆر مرۆڤانە کاردانەوەی هەبووە، دەکرێت دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کردبێت! بەڵام کەسێک کە بە هەبوونی هەستی (empathy) هاوسۆز دەبێت، دێت هاوبەشی خەمەکە دەبێت. لێرەدا ئەو سۆزەی کە دروست بووە پڕە لە بەرپرسیارییەتی و ئامادەیی لەگەڵەدابوون و ڕووبەڕووبوونەوە وەک ئەوەی گرفتەکە گرفتی خۆیشی بێت. بەم جۆرە بەزەیی و هاوسۆزی بە تایبەتمەندی خۆیانەوە کاریگەری زۆر جیاواز لە یەکتر جێدەهێڵن. لەم بارەیەوە هونەرمەند و ڕاهێنەری داهێنەری سویدی (کرستین) دەڵێت ’’بەزەیی هەستێکی ساختەیە بەڵام هاوسۆزی هەستێکی بەنرخە بۆ کەسی وەرگر و کەسی بەخشەریش.’’ هەڵبەت لە بنچینەدا هیچ کام لە هەستەکانی بەزەیی و هاوسۆزی مەبەستی خراپیان لە پشتەوە نییە. دەکرێت هەردوو جۆرەکە لە دڵنەرمی و میهرەبانییەوە سەرچاوە بگرن. بەڵام وەک ئەلبێر کامۆ دەڵێت ’’منداڵەکان بەگاڵتەوە بەردیان دەگرتە بۆقەکان بەڵام بۆقەکان بەڕاستی دەمردن.’’ دەمەوێت بڵێم ئەگەرچی بەزەیی هاتنەوە بە مرۆڤدا لە نییەت پاکیشەوە بێت، دەکرێت ئازارەکەی وەک گورزێکی کوشندە لە دڵ بدات و ئاسەواری نەرێنی جێبهێڵێت، یان لە باشترین حاڵەتدا ڕووکەشی و کەمئەرزشانە دەرکەوێت.

 

نووسەر و چالاکوانی ئەمریکی (برینێ بڕاون) لە ئەنیمەیشنێکدا بە نموونەی ساکار و تایبەت جیاوازییەکانی نێوان بەزەیی و هاوسۆزی ڕوون دەکاتەوە.  

لە چیرۆکی ئەنیمەیشنەکەدا ڕێوییەکی گرفتار و ورچێکی هاوسۆز و بزنێکی بەبەزەیی هەیە. 

ڕێوییە گرفتارەکە لە کەشێکی نالەباردا هەورێکی لێڵ لەسەر سەرێتی و بە لێزمە بارانی بەسەردا دەبارێت. 

ورچە هاوسۆزەکە دەیهێنێتە بەر چاوی خۆی ئەگەر ئەویش هەورێکی وا لێڵ بەسەر سەرییەوە بیگرمانایە چۆن دەبوو. 

ڕێوییە گرفتارەکە زەوییەکەی ژێر پێی شەق دەبێت و دەکەوێتە چاڵێکی تاریکەوە. 

ورچە هاوسۆزەکە دێتە خوارەوە بۆ ناو چاڵەکە. سڵاو لە ڕێوییە گرفتارەکە دەکات و دەڵێت؛ دەزانم چۆن هەست دەکەیت. من لەگەڵتدام، تۆ بەتەنیا نیت. 

بزنە بەبەزەییەکە لە سەرەوە سەر دێنێتە ژوورەوە سەیریان دەکات و دەڵێت؛ وەیش خراپن ها.. پاشان بەدەم لەفە خواردنەوە دەڵێت؛ ئێ لەفە دەخۆن؟

ورچە هاوسۆزەکە بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو بۆ پەیوەندی بەستن، بە خۆخستنە جێی ڕێوییە گرفتارەکە، هەڵبژاردنی خۆی کردووە. بەڵێ هاوسۆزی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی ناسک و بە شکۆ. 

بزنە بەبەزەییەکە سەرەتاتکێ دەکات، پاشان بە فڵچە و بۆیەوە دێت سنوور بە دەوری پەڵە هەورە لێڵەکانی سەر سەری ڕێوییەکە و ورچەکەدا دەکێشێت. بەمە گرفتەکانیان نیشانە دەکات. 

ڕێوییە گرفتارەکە دەڵێت؛ منداڵێکم لەبارچوو. 

بزنە بەبەزەییەکە دەڵێت؛ بەهەرحاڵ تۆ دەزانیت دەتوانیت دووگیان بیت. 

ڕێوییە گرفتارەکە دەڵێت؛ هەست دەکەم هاوسەرگیرییەکەم تێکدەشکێت. 

بزنە بەبەزەییەکە دەڵێت؛ بەهەرحاڵ تۆ لە هاوسەرگیریدایت. 

ڕێوییە گرفتارەکە باس لە کێشەی کەسێکی دەکات و دەڵێت؛ جان لە قوتابخانە دەرکرا. 

بزنە بەبەزەییەکە باسی کەسێکی تر دەکات و دەڵێت؛ بەهەرحاڵ سارا لە خوێندکارە یەکەمەکانە. پاشان دەڕوات و جێیاندەهێڵێت. 

ورچە هاوسۆزەکە پاش بیستنی گرفتەکانی ڕێوییەکە و هەستکردن بە قورسایی لێدوانەکان، دەخوازێت هاوبەشیی نیگەرانییەکانی ڕێوییەکە بکات، هاوبەشییەکی بێ ڕتووش و ڕاستەقینە تاکوو شتێک باشتر بکات. ئەو میهرەبانانە لە ڕێوییەکە نزیک دەبێتەوە، دەست دەخاتە سەر شانی و دەڵێت؛ نازانم چی بڵێم بەڵام زۆر دڵخۆشم کە قسەت بۆ کردم. ڕێوییە گرفتارەکە خەندە دەکەوێتە سەر لێوی و ورچە هاوسۆزەکە باوەشی پێدا دەکات. 

ئەمەی کە هاوسۆزی کردی هاوبەشیکردنێکی دروست و شایستەیە چونکە بە دەگمەن وەڵامێک شت باشتر دەکات. ئەوەی کە شت باشتر دەکات پەیوەندییە، پەیوەندی ڕەسەن و دروست. 

 

نووسەری سویدی (مالینکا پی) کە هەم خۆی و هەم دایک و باوکیشی لە بواری گەشەسەندنی مرۆیی و خزمەتی گرفتدارەکاندا کار دەکەن و لە خانەوادەیەکی فرەکلتوور و پاشخان جیاوازە. زۆر هەست بە هەستیاری ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکات و ئەزمووندارانە لێیان دەدوێت. مالینکا سەبارەت بە دزێوی بەزەیی، سەرنجەکانی وەک نموونە بەرامبەر بە کەمئەندامان و پەناهەندەکان دەخاتە ڕوو. ئەو پێیوایە مرۆڤ کاتێک لە سروشتی جیاوازی کەسێک یان کۆمەڵێک تێناگات و نازانێ مامەڵەی دروستیان لەگەڵ بکات. بەئاگاوە یان بێئاگایانە پەنا بۆ جۆرە هەڵسوکەوتێک دەبات پڕە لە بێڕێزی. وەک ئەوەی کە لە کەسە ساغەکان وایە کەسە ناساغەکان بە گشتی نەگبەت و بێتوانا و نەزانن یان لە هاوڵاتیانی وڵاتە پێشکەوتووەکان وایە پەناهەندەکان بە گشتی دەبەنگ و کەم ئاست و بێ سەقافەتن. لەم دۆخانەدا تەرەفی یەکەم لەسەر ئەساسی نەشارەزایی و تێگەشتنە هەڵەکەی خۆی، لە باشترین حاڵەتدا کە بەحسابی خۆی هاوسۆزانە بەڵام بەبەزەییەوە هاریکاری پێشکەش دەکات، مامەڵەکردنیان پڕێتی لە بێئەرزشی و بە کەم بینینی تەرەفی دووەم.. تەرەفی یەکەم، با بڵێین ساغەکان و هاوڵاتیانی وڵاتەپێشکەوتووەکان، هەمیشە وادەزانن ئەوان دەتوانن هاوکار و ڕێنماییکار و ڕێبەری تەڕەفی دووەم بن کە کەمئەندامان و پەناهەندەکانن چونکە خۆیان دەرەجە یەک و موهیمتر و زرنگترن! ئەمە لەوپەڕی نەفامییەوە دێت کە نەزانیت کەسانی ناساغ و پەناهەندەش دەکرێ وەک هەر تاکێکی ساغ و هاوڵاتی ڕەسەنی هەر وڵاتێک لە بوارە جیاجیاکاندا هاوکار و ڕێنماییکار و ڕێبەربن. 

 

من خۆم وەک کەسێک کە ئەزموونی سەختی ناساغی و پەناهەندەیی و جیابوونەوە و زۆر جۆر گرفتی دیکەی کەسێتی و کۆمەڵایەتیم لە ژیاندا هەبووە، بێشوومار بەزەییم ئاڕاستەکراوە بەڵام قەت هاوسۆزی ڕاستەقینەم نەبینیوە. نەبووە کەس وەک ورچەهاوسۆزەکەی (بڕاون) بێتە چاڵەکەوە لەگەڵم و دژواری دۆخەکەم لەگەڵدا بەش بکات. گەرچی هەبووە تەمسیلی زۆر زیاتر لە هاوسۆزی کردووە و بۆ سوودی پلانداڕێژراوی خۆی بۆ ماوەیەکی کاتی هاتۆتە خوارەوە و بەبردنی دونیایەک ئەنێرژی و هێز و هیوا لە من و بە بێمروەتانە ڕۆشتنی، چاڵەکەمی قووڵتر و دەردەکەمی گرانتر کردووە. لێرەدا قسەم لەسەر نەبوونی هاوسۆز نییە، وەک وتمان هاوسۆزی هەڵبژاردنە و بوون و نەبوونی سروشتییە و مافی هەمووانە. هەروەک چۆن هاوسۆزی هەوێنی دروستکەری پەیوەندییەکە هەرگیز یەک لایەن تیایدا بەخشەر و یەک لایەن وەرگر نابێت. لە یەکەم ساتی هاوبەشیکردنی هاوسۆزییەوە تەواوی خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان دابەشی دوان دەبێت. ئەمڕۆ گرفتی لایەنێک و سبەی گرفتی لایەنەکەی تر پێکەوە بەش دەکرێت. بەڵام بەڕێز بەزەییهاتنەوەت پیامدا، بەدەرلەوەی کە کردەیەکی دووراودووری تاکلایەنە و من هەرگیز تەماسی لەگەڵدا نابەستم، بێڕێزییە و مافی تۆ نییە ئاڕاستەم بکەیت. ئەگەر لە ساویلکەییتەوە دڵت پێم دەسووتێت، کار بۆ پەروەردەکردنەوەی خۆت بکە. ئەگەریش بۆ پڕکردنەوەی نشێوی سایکۆلۆژی خۆت بەزەییم بە چاکە و پیاوەتی پێدەفرۆشیتەوە، من کڕیار و مەمنوون نیم.

بەڵێ بە گشتی و بەتایبەت لە مرۆڤ تووڕە و بێئومێدم. بەرەو هەرکوێ دەچین، لە هەر ڕەهەندێکەوە دەڕوانین کاریگەری مرۆڤ لە وێرانکردنی ژیان و جوانیدا زەق زەق دەبینین. ژمارەی نابەرپرس و بەدکارەکان زۆر لە بەرپرس و باشکردارەکان زیاترن. ئەمە خەمناک و ترسناکە. من بەدرێژایی نووسینی ئەم بابەتە کە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤە، دڵێکم لای ئاژەڵەکان بووە کە زیاترین ناڕەوایەتییان لەلایەن مرۆڤەوە بەرامبەر دەکرێت. ئاژەڵەکان کە بەڕاستی قوربانین، پێویستیان بە هەستپێکردن و هاریکاری و بەزەییشە. دە فەرموون مرۆڤە دڵ نەرم و بەبەزەییەکان، بەزەییتان بەواندا بێتەوە، یارمەتیان بدەن، بەرگریان لێ بکەن یان هەر نەبێ ئازاریان مەدەن … 

 

باران

August 2025

 

سەرچاوەکان

https://www.youtube.com/watch?v=ebWtijCPu1U&t=11s

https://motargument.se/2013/01/16/om-bemotande-av

https://christine.tarotguiderna.se/2020/01/27/att-tycka-synd-om-nagon-ar-falsk-medkansla

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین