دڵسۆز حەمە؛ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە، (بەسەرهاتی تەنیاییەک)، ٢٠٢٣ - چاپخانەت سەردەم
دڵسۆز حەمە؛ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە، (بەسەرهاتی تەنیاییەک)، ٢٠٢٣ - چاپخانەت سەردەم

ڕوانگەیەکی شیعری و زمانێکی چاوەڕواننەکراو لە نووسینی ڕۆماندا


کتێب - سەرنج و ڕەخنە

Loading

ڕوانگەیەکی شیعری و زمانێکی چاوەڕواننەکراو لە نووسینی ڕۆماندا
باخان موحەمەد*
تێبینی:تکایە گەر دەتەوەێ مافی تەواو بدەیت بە رۆمانەکە پێشەکییەکەی شێرزاد حەسەن فەرامۆش بکە و ڕاستەوخۆ لە رۆمانەکەوە خۆیەوە دەست پێبکە…
لەو کاتەوەی دەمزانی دڵسۆز سەڕقاڵی نوسینی ڕۆمانێەکە، بە پەرۆشەوە چاوەرێی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕۆمانە بووم. من دڵسۆز وەک شاعیرێکی بەتوانا و ژنێکی بوێر دەناسم، هەر بۆیە زۆر دڵم بەم هەنگاوەی خۆش بوو. بەتایبەت کاتێک زانیم ڕۆمانەکە سەبارەت بە قۆناغێکی مێژوییە کە خۆی شایەتحاڵیەتی. هەمیشە بڕوام وابووە کە گرنگە ژنان بەشداری نووسینەوەی مێژوودا بکەن، چونکە ڕوانگە و ئەزموونەکانیان هەمیشە پەراوێزخراوە لە گێڕانەوە نەریتییەکاندا.  هەروەک ئەم بەشدارییە دەبێتە هۆی ڕووپێوکردنێکی گشتگیرو وردتر وهاوسەنگتری ڕابوردوو. ئەمەش نەک تەنها بەهای ئەکادیمی هەیە، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە گرنگە، چونکە ستێریۆتایپە جەندەرییەکان دەشکێنێت و بەشداری لە خولقاندنی دونیابینییەکی دادپەروەرانە دەکات.
جگە لەمەش لە ناوەندێکی فەرهەنگی تەواو قۆرخکراودا لەلایەن پیاوانەوە، ئەم یەکەم ڕۆمانەی دڵسۆز، دەنگێکی نوێ و گرنگی بەخشیوە بە ئەدەبی کوردی. ئێمە ئەم چیرۆکە ڕازاوە شیعرییە، لە زاری کەسی یەکەمەوە دەبیستین، ئەم دەنگە دەنگی شەڕکەرێک یاخود چالاکوانێک نییە، بەڵکو دەنگی ژنێکە بە ڕێکەوت لە جوگرافیایەکدا ئامادەیە کە بە جەنگێکی بەردەوام مەحکومە. دیارە چیرۆکی ڕاپەرین زۆر جار گێڕدراوەتەوە، بەڵام بەدەگمەن لە دیدی ژنێکەوە و زۆر دەگمەنتر لەدیدی کەسێکی پەراوێزی وەک کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەی دلسۆزەوە. زۆربەی ئەدەبیاتی بەردەست لەلایەن کەسانێکەوە( پیاوانێک) نووسراون کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ململانێکانەوە هەیە، و ڕەنگدانەوەی بۆچوون وهەڵوێستە سیاسیەکانیان، بە ڕوونی لە گێڕانەوەکانیاندا هەستپێدەکرێت.
گێڕەرەوە، کە کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانەیە، ژنێکە. سەرەتا تەنها شایەتحاڵە و ڕووداوەکان دەبینێت و دەگێرێتەوە، بەڵام لەگەڵ بەرەو پێشچونی ڕووداوەکاندا خۆشی دەکەوێتە ناو چەقی ململانێکانەوە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا پێگەی وەک کەسێکی دەرەکی – پەراوێز، پانتایی و ئازادی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنێت کە بە ئاگاییەوە سەرنجی ورد سەبارەت بەو جیهانە ڕەقەی تێیدا دەژی تۆماربکات، دواتر کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستیەوە، پاسیڤانە و بە ساویلکەیی ژنێکی ئەویندار وملکەچەوە. لە ئەشقی سەرکردەیەکی سەربازیدا درێژە بەگێڕانەوە دەدات. ئەم وەرچەرخانە یان ئەم دژییەکەیە کەڕۆمانەکە سەرنجڕاکێش دەکات.
لە سەرەتادا، پێدەچێت ئەم کارەکتەرە لە چاوەڕوانییە نەریتییە جەندەریەکاندا گیری خواردبێت: کچێکی شەیدای ناسکە، شاسوارەکەی تاڕادەی بەپیرۆزکردن بەرزڕاگرتووە، و لە سێبەری ئەودا دەژی و خەو بە ژیانێکی باشترەوە دەبینێت کە بڕوای وایە لەسەر دەستی ئەودا دێتە دی. زمانەکەی پڕە لە دڵسۆزی ڕۆمانسی، کە هەندێک جار ناڕەحەتکەرە، لەم سەردەمەدا کە ئێمە زمانێکی ترو دونیابینیەکی جیاواز لە ژنان چاوەڕێ دەکەین. بەڵام هەر لێرەوە هێزی چیرۆکەکە دەردەکەوێت: ئەم کارەکتەرە بەبێ ئەوەی پلانی بوبێت، بەردەوام دەبێت. ژیان بە منداڵێک دەبەخشێت. بێئەوەی نیەتی پاڵەوان بونی هەبوبێت، بەڵام بە بەرگەگرتنێکی بێدەنگ، ژنانە، دەبێتە پاڵەوانێکی بێوێنە.
ڕۆماننوس دڵسۆز حەمە و ڕۆمانەکەی؛ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە، (بەسەرهاتی تەنیاییەک)، ٢٠٢٣ - چاپخانەت سەردەم
ڕۆماننوس دڵسۆز حەمە و ڕۆمانەکەی؛ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە، (بەسەرهاتی تەنیاییەک)، ٢٠٢٣ – چاپخانەی سەردەم
یەکێک لە ڕووە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆمانەکە گۆڕانی دیدگای گێڕەرەوەیە. سەرەتا گێڕەرەوە ڕاپەڕینەکە بە جۆرێک لە دوورییەوە تێبینی دەکات. بەڵام کاتێک ئەوینداری شەڕکەرێکی کاریزمایی دەبێت ڕوانینی دەگۆڕێت. دواتریش کاتێک دەست دەکات بە کارکردن بۆ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی پەیوەست بە پارتێکەوە، سێبەری هەژموونێکی سیاسی دەکەوێتە سەر دێڕەکانی. ئەم وەرچەرخانە وردە، نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر بابەتێکی گرنگ کە ئەویش “بابەتیبوونە“ ئایا گێڕەرەوەیەک دەتوانێت بێلایەن بمێنێتەوە گەر خۆی لە چەقی ململانێکاندا بێت؟
ئەم ڕۆمانە، سەرەڕای تۆنی هەندێک جار باو و نەریتی، وەسفەکانی سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ڕۆحی و جەستەیی تەواو جوانن. ئەزموونەکانی خۆشەویستی بە نەرمییەک دەگێڕێتەوە کە تەواو پێچەوانەی ژینگەی ڕەقی جەنگە.
من لەم ڕۆمانەدا بوێری نوسەر  دەبینیم کاتێک لەسەر سێکسوالیتی قسەدەکات و وەسفێکی ڕاستگۆیانەی ئارەزووی مێینە دەکات بەرز دەنرخێنم، چونکە نوسەر بەئاگایە لەوەی کە لە ناوەندێکدا دەجوڵێتەوە، کە بەرهەمی ژنان بە پێوەری ئەخلاقی پێش پێوەری ئەدەبی هەڵدەسەنگێندرێن. تا ئەمڕۆ، ئەوانی دی، وادەزانن مافی ئەوەیان هەیە دیاری بکەن کە ژنان پێویستە چی بڵێن یاخود چی نەڵێن و گرنگتر چۆن بیڵێن!
نووسەرانی ژن کە لەسەر سێکسوالتی دەنووسن، ڕەخنە پێشوەخت و حازربەدەستەکان چاوەڕێیانە. ئەوان گەر بەزمانێکی ناڕاستەخۆ بنوسن وەک شەرمن و کۆنسێرڤاتیف وێنادەکرێن، یان ئەگەر زمانێکی کراوە ڕاستەخۆ بەکاربهێنن ، بە خۆنمایشکردن و تەوزیفکردنی جەستە وەک ئامرازی سەرنجڕاکێشان تۆمەتبار دەکرێن. لە هەردوو بارەکەدا بێ گەڕانەوە بۆ سیاقی ئەدەبی ئەو بەرهەمە. بەهەر حاڵ لای ئەم کارەکتەرە سێکس شتێکی شەرمهێن نییە، بەڵکو وەک ئەکتێکی مرۆیی گوزارشتی لێدەکات. لە بری جێکردنەوەی ئارەزوەکانی لە زمانی باودا زمانێکی تایبەت بە خۆی بۆ ئەزموونی ژنانە دروست دەکات، بەبێ داوای لێبوردن لە هیچ کەس!
دڵسۆز حەمە؛ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە، (بەسەرهاتی تەنیاییەک)، ٢٠٢٣ - چاپخانەت سەردەم
دڵسۆز حەمە؛ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە، (بەسەرهاتی تەنیاییەک)، ٢٠٢٣ – چاپخانەی سەردەم
گرنگی ئەم ڕۆمانە بۆ من لەم خاڵانەدابوو:
یەکەم: ڕۆمانی دڵسۆز حەمە چیرۆکێکی جەنگی نموونەیی نییە، مانیفێستێکی فێمینیستی نییە، و خەیاڵی ڕۆمانسیش نییە – بەڵام کەمێک لە هەرسێکیانە. چیرۆکێکە دەربارەی ڕەنگە خۆڵەمێشییەکانی نێوان خۆشەویستی و ئایدیۆلۆژیا. دەربارەی ئەوەی کە چۆن خەڵکی ئاسایی لە بارودۆخی نائاساییدا دەگۆڕێن، هەندێک جار بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگادار بن. شێوازە شیعرییەکەی و ڕوانگە نائاساییەکەی ئەم ڕۆمانە دەکاتە ئیزافەیەکی بەنرخ بۆ ئەدەبی کوردی.
دووەم: ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە سەرنجڕاکێش دەکات، ئەوەیە کە چۆن نیشانیدەدات کە بارودۆخە سیاسییە ناجێگیرەکان پێداویستی بە ئاسایش و پاراستن زیاد دەکەن. دابینکردنی ئەم ئاسایشە زیاتر لای خاوەن دەسەڵات \ پیاوانە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕۆڵە جەندەریە نەریتییەکان، لە بری تێکشکاندنیان. جەنگ پێکهاتە و سترەکچەری باوکسالاری تۆکمەتر دەکات، دەیژێنێتەوە و سەرلەنوێ ڕەگی دادەکوتێتەوە.
سێهەم: ڕەگەزێکی سەرنجڕاکێشی دیکە، دوالیزمی سەرکردە کارەزماییە سەربازییەکەیە. ئەو هاوکات شاعیرێکە کە نەخشەی ڕازاوەی ئاشتی و لێبوردەیی دەکێشێت، بەڵام لە کۆتاییدا لەبەرەی جەنگی ناوخۆدا دەپێکرێت ودەمرێت.
ئەم دژایەتییە، دوالیزمی بەڵێنە پەمییەکانی شۆڕش و واقیعی بەخوێن سوری جەنگ کە کۆی کۆمەڵگە و بەتایبەت شۆڕشگێرانی، بۆ خاڵێک کە گەڕانەوە لێی ئاستەمە، بەکێشدەکات.
هاوشێوەی کارەکتەرەکانی “پیشانگای تەرم”ی حەسەن بلاسم—کە تێیدا بکوژەکان دەتوانن فەیلەسوفیش بن—یان شەڕکەر کاریزماتیک بێت. بە هەمان شێوە پاڵەوانەکەی `دلسۆز حەمە` فیگورێکی سادە نییە. ئەو باوەڕی بە ئاشتی هەیە، بەڵام جەنگ دەکات؛ ئەو ڕۆمانسیە هەروەها سەربازیشە. ئەم ئاڵۆزییە ئەو دەکات بە مرۆڤ، هەروەها دەشیکات بە تراژیدیا—ئەو پیاوێکە کە ئایدیالەکانی لە کۆتاییدا هاوتەریب نین لەگەڵ واقیعیدا.
ئەم دوو تێمایە—گەڕانەوەی هەژمونی باوکسالاری لە کاتی ململانییەکاندا  و ئەمبیگویتی و نادیاریی مۆراڵی پاڵەوانە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆمانەکەی دلسۆز حەمە دەکەنە، نەک تەنها چیرۆکێکی کەسی یاخود ناوچەیی، بەڵکو ڕەهەندێکی قوڵتری پێدەبەخشن لەسەر کاریگەری جەنگ و ڕاپەڕین لە شێواندنی پەیوەندییەکانی جەندەر و مرۆڤایەتی لەهەر جێیەک بێت.
تەواو
سەرچاوەی ئەم بابەتە؛ واڵی فەیەسبوکی  نووسەر `باخان موحەمەد`
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌