هۆزان مه‌حمود خه‌ڵاتی ئێما هێمفری  برده‌وه‌


Loading

هۆزان مه‌حمود خه‌ڵاتی ئێما هێمفری  برده‌وه‌ .

هۆزان مه‌حمود ئه‌كتیڤیست و فێمینست و چالاكه‌وانی بواری مافه‌كانی  ژنان ، له‌ئێواره‌ی 06.04.2017   له‌ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت له‌له‌نده‌ن له‌  Garden Court Chamber   خه‌ڵاتی گرنگی ئێما هێمفری برده‌وه‌.  له‌ڕاستیدا  له‌چه‌نده‌ها ڕێكخراوی  وڵاتی بریتانیادا  ته‌نها هه‌شت كه‌سایه‌تی و ڕێكخراوه‌كانیان خرابوونه‌ كورته‌ لیسته‌وه‌ بۆ كێبڕكێی وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ گرنگه‌.  له‌م هه‌شت كه‌سایتیه‌ ته‌نها دووانیان خه‌ڵاته‌كه‌یان برده‌وه‌ كه‌ هۆزان مه‌حمود و ڕێكخراوی  پڕۆژه‌ی كولتوری و شه‌كیلا مان  و ڕێكخراوه‌كه‌ی  (ساوس هال بلاك سیسته‌رس)  بوو.

 

هۆزان مه‌حمود وه‌ك ئه‌كتیڤیستێكی بواری مافه‌كانی ژنان و دامه‌زرێنه‌ری پڕۆژه‌ی كولتوری، خه‌باتكار بووه‌  بۆ دووباره‌ ڕیفۆرمكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌زیان به‌مافه‌كانی ژنان ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها كه‌مپین له‌پێناو (ده‌ستورێكی  عه‌لمانی)  یه‌كێك بووه‌ له‌و چالاكیه‌ گرنگانه‌ی، كه‌هۆزان ئه‌وسا له‌ڕێگه‌ی (ڕێكخراوی ئازادی ژن  له‌ئێراق )  و له‌گه‌ڵ‌ چه‌نده‌ها ڕێكخراوی دیكه‌، توانیان  له‌ڕێگه‌ی فشارێكی زۆری مه‌ده‌نیانه، له‌‌ئێراق و كوردستاندا  ،له‌ڕووی فشاری لۆكالی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌، هه‌نگاوێك بنێن بۆ  عه‌لمانیكردنی ده‌ستوری ئێراق و كوردستان.

 

هه‌روه‌ها هۆزان مه‌حمود له‌ساڵی ٢٠٠٥  له‌دوای به‌رده‌بارانكردنی  (دوعا)  كه‌مپینێكی نێو نه‌ته‌وه‌یی  ڕێكخست، ئه‌م كه‌مپینه‌ له‌دژی كوشتنی ناموسی و كوشتنی ژنان بوو له‌كوردستاندا. فشارێكی گه‌وره‌ بوو  بۆ به‌دیهێنانی هه‌ندێك  گۆڕانكاری  له‌ مافه‌كانی ژنان له‌دووتوێی ‌ده‌قه‌یاساییه‌كاندا. هه‌روه‌ها له‌ كه‌یسی كوشتن و توندوتیژی ژناندا كاریگه‌ری هه‌بوو  بۆ سه‌ر   مامه‌ڵه‌ی ده‌زگاكانی حكومه‌ت   له‌كوردستاندا  له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسانه‌دا. به‌ دوای ئه‌مه‌شدا چه‌ندین كه‌مپینی گه‌وره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان له‌ كوردستان و عێراقدا سه‌رپه‌رشتی كردوه‌.

 

جگه‌ له‌مانه‌ هۆزان مه‌حمود به‌رده‌وام بووه‌ له‌ كۆڕ و سیمینار به‌كوردی و زمانی ئینگیلزی له‌كوردستان و له‌هه‌موو جیهاندا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ژنانی مافخوراو و زوڵملێكراو و تاوانه‌كانی ژنكوشتن بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو جیهان.

 

له‌گوتاری  دوای به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه‌دا هۆزان  مه‌حمود   جه‌ختی له‌سه‌ر خاڵێكی گرنگ كرده‌وه‌ به‌وه‌ی؛

 

(‌ژنانی كورد ته‌نها قوربانی نین، یان ده‌ربازبووی توندوتیژی، به‌ڵكو چالاك و شۆرشگێڕن، هه‌روه‌ها  تێكشێنه‌‌ری داعشن له‌ناوچه‌كه‌دا… ‌ئه‌وه‌ی ئه‌ژنۆی (داعشی) شكاند ژنانی كۆبانی بوون)  هه‌روه‌ها  هۆزان  جه‌ختی له‌خه‌باتی ڕه‌وای ژنان كرده‌وه‌ به‌وه‌ی؛ ( ژنانی كورد كۆی وێنه‌ی ژنیان له‌دونیادا  گۆڕی له‌ مۆدێلێكی (ئه‌گه‌ری بوون به‌قوربانی)  بۆ مۆدێلێكی دیكه‌ كه‌ ژنێكه‌ ڕووداو و دروستده‌كات و مێژوو ده‌گۆڕێت).

 

 لیژنه‌ی خه‌ڵاتی (ئێما هێمفری) كۆی كاره‌كانی هۆزان مه‌حمودی هه‌ڵسه‌نگاندبوو، هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵاتی ساڵی ئێما هێمفری ٢٠١٦  – ٢٠١٧  ی پێبه‌خشرا.

هه‌رله‌هه‌مان ئێواره‌دا  ( شه‌كیلا مان) كه‌ براوه‌یه‌كی تر خه‌ڵاته‌كه‌ بوو جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌؛ ( كه‌چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان  ته‌نها له‌یه‌ك جوگرافیادا قه‌تیس نییه‌، به‌ڵكو ڕۆژانه‌ ژنان له‌بریتانیا و له‌ئه‌ورپادا توندوتیژیان له‌به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و هێشتا ڕوانینی پیاوگه‌رایانه‌ وه‌ك سێبه‌رێك له‌دادگاكانی ئه‌ورپادا  ئاماده‌گی هه‌یه‌)

 شه‌كیلامان  به‌ڕێوه‌به‌ری  كه‌مپینه‌كانی ڕێكخراوی خوشكانی ڕه‌شی ساوس هاله‌ Southall Black Sisters   و هه‌روه‌ها ئه‌كتیڤیسته‌ له‌بواری مافه‌كانی ژنان به‌تایبه‌ت له‌ دژی توندوتیژی له‌دژی ژنان.   خه‌باتكردن بۆ گۆڕینی یاساكان  یه‌كێكه‌ له‌چالاكیه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م خانمه‌ بوێره‌. خه‌ڵاتی ئێما هێمفری ساڵی ٢٠١٧  له‌گه‌ڵ هۆزان مه‌حمودا، به‌ئه‌ویش  به‌خشرا.

 

 

خه‌لاتی ئێما هێمفری چیه‌‌؟

خه‌ڵاتی ئێما هێمفری بۆ ڕێزلێنان له‌ ژیان و خه‌باتی خاتوو ئێما هێمفریه‌ كه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ دووچاری توندوتیژی ناوماڵ ده‌بێته‌وه‌. (ئێما هێمفری-(Emma Humphry  له‌شازده‌ ساڵیه‌وه‌ له‌ده‌ست دایكی و  باوه ‌پیاره‌ ئه‌لكحولیه‌كه‌ی هه‌ڵدێت، له‌هه‌ژاریدا له‌سه‌ر جاده‌كانی شاری (نۆتێنگهام)  ژیان به‌سه‌رده‌بات. پیاوێك به‌ناوی  (تریڤۆر ئارمیتاج –  Trevor Armitage ) ده‌ناسێت  كه‌ته‌مه‌نی سی و دووساڵ ده‌بێت، وه‌ها خۆی نیشانده‌دات كه‌ ئێمای خۆشده‌وێت و داوای لێده‌كات له‌گه‌ڵیدا بژی و  واز له‌ژیانی سه‌رجاده‌ بهێنێت. به‌ڵام له‌دوایدا  (ئێما هێمفری) بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ئه‌م پیاوه‌ توندوتیژێكی سایكۆپاته‌ له‌دژی ژن و هه‌موو ڕۆژێك له‌ئێما ده‌دات، ته‌نانه‌ت په‌نجه‌ره‌كانیش به‌بزمار داده‌كوتێت، ئێما وه‌ك به‌ندییه‌ك له‌خانه‌كه‌دا ده‌هێڵێته‌وه‌. نه‌ك هه‌رئه‌وه‌، به‌ڵكو جگه‌ له‌ده‌ستدرێژی به‌رده‌وامی له‌سه‌ری، سێ پیاوی دیكه‌ ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عدای بكه‌نه‌سه‌ر. ئێما له‌لایه‌ن سێ پیاوی دیكه‌وه‌ ده‌ستدرێژی ده‌كرێته‌ سه‌ر. ئه‌م ئازاره‌ ده‌رونییه‌ پاڵ به‌ئێماوه‌ ده‌نێت، له‌ڕۆژێكدا كه‌چه‌قۆیه‌كی به‌رده‌ست ده‌كه‌وێت، ده‌ماری قۆڵی ببڕێت  بۆ ئه‌وه‌ی  چیتر ئارمیتاچ دووباره‌ ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ری، به‌ڵام  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ری، ئێما به‌هه‌مان چه‌قۆ كه‌قۆڵی خۆی  بڕیووه‌،   بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی چه‌ند چه‌قۆیه‌ك كوێرانه‌ له‌  تریڤۆر ئارمیتاج  ده‌دات .  له ‌( ٢٥ ی فێبرواری ١٩٨٥ ) دا ئێما هێمفری ده‌ستدرێژیكاركه‌ی تریڤۆر ئارمیتاج ده‌كوژێت.

ئێما هێمفری (له‌ناوه‌ڕاستدا) دوای ئازاد بوونی له‌زیندان ؛ گاردیان

(ئێما هێمفری)  كچێكی گه‌نجی هه‌ژار ده‌بێت، بێبه‌ری له‌خوێندن و ته‌واوكردنی خوێندن، ژیانی له‌ژێر دیلی و لێدان و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر و سووكایه‌تی پێكردن به‌سه‌ر بردووه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و چقڵه‌ ده‌بێت له‌قوڕگی ئه‌م كیژه‌ هه‌ژاره‌ كه‌وه‌ها ده‌كات نه‌توانێت به‌رگری له‌خۆی بكات. ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌كات كه‌ دادگا حوكمی هه‌تاهه‌تی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.  ئێما ته‌مه‌نی حه‌ڤده‌ ساڵان ده‌بێت كه‌ده‌خرێته‌ به‌ندیخانه‌وه‌، ساڵانی به‌ندیخانه‌  بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی ده‌نوسێته‌وه‌، بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌شێكه‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی ژنانی زوڵملێكراو له‌جیهاندا.

 له‌كاتی به‌ندیخانه‌یه‌دا ئێما په‌یوه‌ندی ده‌كات به (‌ڕێكخراوی دادپه‌روه‌ری بۆ ژنان   ( Justice For Women و ڕێكخراوه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی دووساڵ كه‌مپین ده‌كه‌ن  بۆ ئازادكردنی ئێما هێمفری، چونكه‌ (ئێما)  قوربانی  توندوتیژیه‌ نه‌ك تاوانبار. له‌ ژێر فشاری زۆری ڕێكخراوه‌كانی ژنان و فێمینیسته‌كان و ژنانی پارێزه‌ردا دادگا ناچار ده‌بێت به‌بڕیاره‌كه‌دا بچێته‌وه‌‌ و ئازادی بكات.  ئێما‌ ماوه‌ی ده‌ساڵ له‌زیندان به‌سه‌رد ده‌بات، به‌ڵام دوای ئازاد كردنی به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ژیانیدا هه‌یبوو، له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (دادپه‌روه‌ری بۆ ژنان )  له‌پێناوی ژنانی سته‌ملێكراودا خه‌باتده‌كات  و كه‌مپین ده‌كات و ده‌نوسێت.

ئێما هێمفری  كه ‌له‌زیندان دێته‌ ده‌ره‌روه‌ ته‌مه‌نی بیست و حه‌وت ساڵ ده‌بێت  و له‌ژێر چه‌نده‌ها نه‌خۆشیدا ده‌ناڵێنێت،  سێ ساڵ له‌ژێر چاره‌سه‌ردا ده‌بێت و شه‌وێك دۆزێكی زیاتر له‌چاره‌سه‌ره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت و له‌خه‌ودا ده‌مرێت.

چیرۆكی ئێما هێمفری و خه‌باتی به‌رده‌وامی ژنانی فێمینیست كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ سه‌ر دادگاكانی بریتانیا. ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها پارێزه‌ر و یاساناس و چالاكه‌وان، مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی ژنان له‌بریتانیادا بكه‌نه‌ بابه‌تێكی گرنگ له‌داڕشتنی یاسا و به‌كرده‌ییكردنی له‌ناو مامه‌ڵه‌ی پۆلیس و دادگادا له‌گه‌ڵ قوربانیه‌كان.

 

 خه‌ڵاتی‌  (ئێما هێمفری) له‌ساڵی ١٩٩٨ وه‌  دامه‌زراوه‌،  هه‌ر ساڵه‌ی جاره‌ی ده‌درێت به‌ئه‌و ئه‌كتیڤیستانه‌ی لێبڕوانه‌ ‌ بۆ ژنان  خه‌باتده‌كه‌ن، ئه‌م خه‌ڵاته‌ یه‌كێكه‌ له‌خه‌ڵاته‌  گرنگه‌كانی به‌ریتانیا كه‌دانپێدانانه‌ به‌كاره‌كانی  خه‌ڵات وه‌رگر و ڕێكخراوه‌كه‌ی.  ئه‌م خه‌ڵاته‌  دانپێدانانێكی كار و چالاكیه‌كانی (هۆزان مه‌حمود)ه‌ له‌بواری هۆشیاری جێنده‌رییدا، نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كوردی و ئێراقیدا ، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا  دانپێدانانێكی گه‌وره‌یه‌.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین