به‌درێژایی ساڵان هه‌ر ڕۆژێك ده‌گه‌یشته ئێواره، بیرم ده‌كرده‌وه له‌وه‌ی بۆچی هه‌ر وه دره‌نگی دەخەم؟ بۆچی خۆمم نه‌كوشت ئه‌مڕۆش: دوێنێ كاتێكی گونجاو بوو، ده‌بوو به‌ر له ئەمڕۆ خۆم بكوژم! ئه‌وساڵیشم له‌ده‌ست چوو، وه‌ك بارێكی قوڕس ئازاره‌كه‌یم هه‌ڵگرتووه، ده‌بوو ڕێگه نه‌ده‌م ئه‌م هه‌موو مه‌ینه‌تییه بکێشم. بۆچی به‌رده‌وام هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌كه‌مه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی ئازاری مه‌ینه‌تییه‌كان بچێژم، خۆم ناكوژم؟ بۆ ڕێگه ده‌ده‌م ساڵ دوای ساڵ زیاتر ژیان و بوون ئازاری زیاترم بده‌ن؟ ئه‌م قسانه بۆ ئه‌وه ناكه‌م نا ئومێد بن! نا؛ ته‌نیا ده‌مه‌وێ بزانن من ئازار ده‌چێژم.
كتێبه‌كان فێریان كردم، چاویان كردمه‌وه، به‌سه‌دان جۆری ژیانی جیاوازیان نیشاندام، تێگه‌یشتم (ژیان وا له شوێنێكی دیكه*)، ئه‌و بیر و ئه‌ندێشانه‌ی له كتێبان هه‌ڵمهێنجان، ده‌رگایه‌ك بوو، په‌نجه‌ره‌یه‌ك بوو تا ئه‌وه‌ی بتوانم له داب و نه‌ریت تێبگه‌م، بزانم كه ئه‌وه‌نده به‌نرخ نین، بۆ ئه‌وه‌ی بپرسم پیاوسالاری چییه؟ كۆمه‌ڵگه چییه؟… چه‌ندین پرسیاری تر…. كرانه‌وه‌ی جیهان به‌ڕوومدا، هۆكارێكی گونجاوبوو بۆ ئه‌وه‌ی وام لێبكات له داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه توڕه‌بم: به زۆر به‌شوودانی كچ و گه‌وره به گچكه و ماره‌كردنی ناوبێشكه. واته هه‌رچی دابێك دژی خواستی تاك و ئازادی تاك بوو، ڕقم لێی ده‌بوویه‌وه.
سه‌رگوڵ، ژنێكی دیاری گونده‌كه‌مان بوو، پێنج كچی جوانی هه‌بوو: سه‌یران و په‌رێشان و ڕه‌یحان و مریه‌م و گوڵڕوو. سێ له كچه‌كانی هه‌ر له‌ساتی له دایك بوونیان، هاوسه‌ری بۆ بڕیار دابوون: به قوربانی بم! دامناوه بۆ كوڕی عبدوللای برا، پوری به‌قوربانی بێ… كاتێك دوا كچی له‌دایك بوو، واته گوڵڕوو، من ته‌مه‌نم شانزه ساڵان بوو، ڕۆژێكی گه‌رمی كۆتاییه‌كانی به‌هار بوو، له حوجره‌ی مزگه‌وت دانیشتبووم، به قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌ستم نامه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه ده‌نووسی كه له‌سه‌ر قورئانه‌كه‌ی به‌رده‌مم، دامنابوو. ده‌مه‌ویست خۆشه‌ویستییه‌كی شه‌رعیانه، بۆ خۆشه‌ویسته ترسنۆكه‌كه‌م ده‌ربڕم، نه‌مده‌زانی ترسنۆكه؟ یان منی خۆشنه‌ده‌ویست؟ چونكه به‌رده‌وام به بیانووی ئه‌وه‌ی نایه‌وێ خیانه‌ت له ماڵه‌وه‌یان بكات، جار جاره لێم دوور ده‌كه‌وته‌وه. ئه‌وكات فه‌قێی قورئان خوێندن بووم، بیرمه هیچ كات به قوڵی، باوه‌ڕم به هیچ شتێك نه‌كردووه، گومانێكی سه‌یرم ده‌رهه‌ق چوارده‌ورم هه‌بوو(هه‌ڵبه‌ت ئه‌و گومانه جۆرێك بوو، هه‌تا گومانم له خۆشه‌ویستی دایكیشم ده‌كرد)، به‌رده‌وام گوێم له قورئان ده‌گرت، زیاتر له پێنج سه‌ت وتاری ئاینی مه‌لا و بانگخوازان له ناو لاپتۆپه‌كه‌مدا هه‌بوون، به‌ڵام هه‌میشه‌ش به پێكه‌نینه‌وه گوێم لێده‌گرتن.
ده‌ترسام، سه‌ره‌ڕای گومانه قووڵه‌كانم، له یادگه‌مدا ئه‌وه چه‌سپی بوو كه هه‌موو شتێك به‌ده‌ست خالقی ئه‌رز و ئاسمانه، بێ فه‌رمانی كردن و له‌ڕێ لادان و جوڵانه‌وه دژی فه‌رمایشته‌كانی ئه‌و، ده‌بنه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكم لێ بسه‌نێته‌وه. بۆیه به باوه‌ڕێكی منداڵانه‌وه، ده‌مه‌ویست خۆشه‌ویستی ده‌ربڕینه‌كه‌شم، له چوارچێوه‌ی ئاین و شه‌رع دابێت.
ده‌مه‌وێ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه لێره‌دا بنووسمه‌وه، به‌و نامه‌یه ده‌مه‌ویست كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و(واته خۆشه‌ویسته‌كه‌م) دابنێم، گومانیشم هه‌بوو له‌وه‌ی بتوانێ په‌ی به مه‌به‌سته‌كه‌م به‌رێت، یان ڕاستتر ڕه‌نگه بیه‌وێ خۆی لێ نه‌بان بكات و هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ژیانی عاده‌تی و بیرۆكه قۆڕه‌كانی: سڵاو ئازیزم. پوره سه‌رگوڵ كچێكی بوو، داماوه له زیندانی منداڵدانی دایكی هاته ده‌ره‌وه، بۆ زیندانی ژیان، ژیانێك كه بۆی بڕیاردراوه و پوره سه‌رگوڵ پێشكه‌شی كوڕه سێ ساڵانه‌كه‌ی خوشكی كرد. قه‌راره به‌یانیش به‌و بۆنه‌یه‌وه ڕه‌وزه خوێنی بكرێت و له‌یه‌كتریان ماره بكه‌ن. چه‌ند خۆشه من و تۆ ئه‌توانین به خواستی خۆمان هاوسه‌رگیری بكه‌ین… كاتژمێر دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ لایدابوو، ده‌نگی پێی مه‌لای مزگه‌وت وه ئاگای هێنام، به‌ر له‌وه‌ی بێته ژووره‌وه، شته‌كانم پێچایه‌وه و خۆم به خوێندنی سوڕه‌تێك مه‌ژغوڵ كرد، وه‌ك خووی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ر داخراوی مامۆستا وه‌ژوور كه‌وت و له‌به‌ر خۆیه‌وه شێعرێكی ده‌خوێند: یا رسول الله ده‌خیلت، ڕووم نییه بێمه حزوور…
– ئاهـ… كاك به‌شدار ئه‌وه لێره‌ی؟ ئه‌سه‌لام و عه‌لیكم، عافه‌ریم ئه‌وه قورئان ئه‌خوێنی؟!
گوڵڕوو جوانترین كچی پوره سه‌رگوڵ بوو، كچێكی بزۆز و دایم به ده‌ماغ بوو، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ مه‌ملوكی ده‌سگیرانی ده‌بینران به‌ته‌نیا له ناو بێستان و له ده‌رێی گوند پیاسه‌یان ئه‌كرد. خۆشه‌ویستییه‌كی سه‌یر له نێوانیاندا ڕوابوو. له ته‌مه‌نی شانزه ساڵی، به دڵخۆشییه‌كی ئێجگار زۆره‌وه، ئاهه‌نگی دووباره ماره‌بڕینه‌وه ئه‌نجامدرا. له خۆمم ده‌پرسی: بۆچی ڕق له داب و نه‌ریت؟ ئه‌مه چ نه‌نگییه‌كی تێدایه؟ مه‌گه‌ر دڵخۆش و كامه‌ران نین؟ ئه‌وه داب و نه‌ریته مرۆڤه‌كان به‌دبه‌دخت ئه‌كا؟ یان خۆیانن؟ مه‌گه‌ر ماره‌كردنی ناوبێشكه، دابێكی كۆن نه‌بوو؟
سه‌رگوڵ چ سیحرێكی هه‌بوو ئاوا گونجاو له ساتی له دایك بوونیان، هاوسه‌ری بۆ كچه‌كانی ده‌ست نیشان ئه‌كرد؟ مه‌ملوك، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی گوڵڕوو بگره زیاتریش دڵخۆش و به‌ده‌ماغ دیار بوو، له ڕووخسار و هه‌ڵسوكه‌وتی و ڕاوه‌ستانی له‌ته‌ك گوڵڕوو، ئه‌و خۆشه‌ویستی و تامه‌زرۆیه‌ت به‌دی ده‌كرد. ئه‌وكات من ته‌مه‌نم سی و دوو ساڵ بوو، به‌م دیمه‌ن و بۆنه و ئاهه‌نگه، نه ئیره‌ییم برد، نه توڕه‌بووم. سوپاسگوزار بووم داب و نه‌ریت دواجار شتێكی جوانی لێ شین بوو.
به بزه‌یه‌كی ماته‌وه له‌سه‌ر ڕووخسارم، له شوێنی ئاهه‌نگه‌كه دوور كه‌وتمه‌وه، به ئۆتۆمبێله‌كه‌م له گوند دوور كه‌وتمه‌وه، له سه‌ر ئه‌و كانیه دانیشتم كه به‌رده‌وام حه‌زم ده‌كرد و به به‌فرینم ده‌گوت: پێم خۆشه عه‌سرێكی دره‌نگ، ئه‌وكاته‌ی سێبه‌ر به‌سه‌ر گونددا باڵی كێشاوه و له‌وێوه ئه‌م كانییه له په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش ده‌چێت، له‌وێ سێكس بكه‌ین. بتڵی مه‌شروبه‌كه‌م هه‌ڵپچڕی، به‌ر له‌وه‌ی سه‌رم گه‌رمدابێت، له نۆتی موبایله‌كه‌م، وه‌ك ڕۆژی له‌دایك بوونی گوڵڕوو، دووباره نامه‌یه‌كم بۆ به‌فرین نووسی: ڕه‌نگه خۆشه‌ویستی وروژاوییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر بێت، تامه‌زرۆیه‌كی شێتانه‌بێت بۆ سێكس كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وی مه‌عشوق. بیستوومه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ت به‌ینتان خۆش نییه، لێت بێزار بووه، ئه‌ی هه‌ر ئه‌و نه‌بوو بۆت شێت بوو بوو؟ بۆچی هه‌رگیز ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ت به‌من نه‌دا، تا لێت بێزار بم؟!
خۆشم ده‌وێی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زه‌وقیشم هه‌ڵنه‌ستاوه.
**
هه‌رچی سیفاتی ناشیرنه له به‌فریندا هه‌بوو: ترسنۆك و درۆزان و خۆپه‌رست. ده‌ترسا له‌وه‌ی له‌سه‌ر شتێك كه په‌یوه‌ندی به داهاتووی خۆیه‌وه هه‌یه، دایك و باوكی، یان براكانی لێی زیز ببن! ئه‌مه قسه‌ی ئه‌و بوو، گومانی من جۆرێكی تر بوو: ئه‌و منی ناویست، ئه‌شیویست من باوه‌ڕ بكه‌م كه خۆشی ده‌وێم. له‌به‌ر من نا، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جارێك وتبووی خۆشمده‌وێی، به درۆ نەیەته‌وه. ڕه‌نگیشه گومانه به‌رده‌وامه‌كه‌ی من، خۆشه‌ویستی ئه‌وی كاڵكردبێته‌وه، كێ چوزانێ؟! هه‌رگیز نه‌یده‌ویست خۆ به‌ده‌سته‌وه بدات، هه‌میشه ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و ده‌یگوتن، ده‌بوو باوه‌ڕییان پێبكه‌م، لێكدانه‌وه هه‌مه‌جۆره‌كانی منیش، گومانی زیاترییان لا دروستده‌كردم. چوارمشقی به‌رامبه‌ری دانیشتبووم، ده‌سته‌كانم له‌سه‌ر سینه‌م لێك ئاڵاندبوون، به‌فرین به‌رامبه‌رم لەسەر چیچکان دانیشتبوو. هیچ كه‌سیان له‌ماڵه‌وه نه‌بوو، دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، ئه‌مه بۆمن ده‌رفه‌تێكی گونجاو بوو. هیچ قسه‌ی نه‌ده‌كرد؛ به بزه‌یه‌ك تێكه‌ڵ به شه‌رمه‌وه، سه‌یری ده‌كردم، گوتم: بۆچی هیچ كات نه‌تتوانیوه به‌و شێوه‌ی ده‌مه‌وێ، خۆشت بوێم؟
به پرسیاره‌وه سه‌یری كردم، ده‌می تێك ئاڵا، له دووره‌وه گوێت له لێدانی دڵی ده‌بوو، هه‌ر به‌و جۆره خێرایه‌ی گۆڕانی ڕوخساری و لێدانی دڵی، به‌و خێراییه هه‌ڵات، به‌ر له‌وه‌ی بتوانێ ده‌رگای حه‌مام له دوای خۆی دابخات، خۆم خسته ژووره‌وه و ده‌رگاكه‌م داخست. فرمێسك به‌سه‌ر گۆنایدا بازره‌قه‌ی به‌ست، به حاسته‌م توانی ده‌می بكاته‌وه، گوتی: بۆچی هیچ كات لێم بڕوا ناكه‌ی؟.
به پانیه‌ی ده‌ستم فرمێسكه‌كانیم سڕی، هه‌ر به‌و شێوه ده‌ستم برد بۆ ناو پرچی و ته‌وێڵیم ماچ كرد، ویستم لێوی ماچ بكه‌م، ده‌سته‌كانی گرتم و له خۆی دوور خستمه‌وه. به شێنه‌یی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستم به شكستی خۆم كردبێ، گوتم: ناته‌وێ ماچت بكه‌م! واته ده‌ته‌وێ سنورێك له نێوانماندا هه‌بێت.
– وانییە! هه‌میشه خۆشم ئه‌وێی، ته‌نیا نامه‌وێ ئه‌و كارانه بكه‌م و خودا لێم توڕه بێت!.
سه‌ری به‌رزكرده‌وه، به گومانی ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی سه‌ركه‌وێ به‌سه‌رمدا، ڕێك ڕوانییه ناو چاوم.
– به‌ڵام خۆتۆ به‌رده‌وام ده‌ڵێیت بۆ یه‌كتری نابین، كه نازانم ئه‌م قسه‌یه‌ت له‌كوێ هێناوه؟ ئیتر بۆ ناته‌وێ ماچت بكه‌م؟ بۆ ئه‌ته‌وێ هه‌میشه به تاسه و حه‌سره‌تت بم؟
***
شێرۆی هاوڕێم، وه‌ك من چاره سیا و دێوانه، ده‌یگووت: نیگه‌ران مه‌به! بڕیارێكی بێمێشكانه‌ی داوه، ئه‌و له‌گه‌ڵ تۆ نه‌ده‌گونجا چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ره ده‌گونجێ؟ ڕه‌نگیشه هه‌مان مه‌عده‌ن بن و تۆ پێت وابووبێت كچێكی نمونه‌ییه؟! هه‌رچۆنێ بێت ڕۆژێ په‌شیمان ده‌بێته‌وه و نامه‌ت بۆ ده‌نێرێت.
ڕابردوومان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شاشه‌ی سینامه‌وه سه‌یری بكه‌م، ده‌هاته‌وه پێشچاوم، نه‌مده‌توانی باوه‌ڕ به‌وه بكه‌م ڕۆژێك دێت به‌فرین له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه، په‌یوه‌ندی به‌من ده‌كاته‌وه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نایه‌وێ خیانه‌ت له مێرده‌كه‌ی كات، نا؛ ته‌نیا ده‌یزانی هه‌ر باوه‌ڕی پێناكه‌م، له دڵی خۆمه‌وه ده‌مگوت: ئه‌و ئافره‌تانه‌ی باوه‌ڕ به درۆكانیان ده‌كرێت، به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر درۆكانیان، ئه‌گه‌ر به درۆ به هاوسه‌ره‌كه‌یان بڵێن هه‌میشه خۆشمده‌وێی پیاوەکە، پیاوەكه‌ی باوه‌ڕی پێبكات، ئه‌گه‌ر ژنەکە خۆشیشی نه‌وێت، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌م خۆ فریودانه، به‌رده‌وام باوه‌ڕ به‌و وه‌همه ده‌كات كه بۆ خۆی دروستكردووه، خۆی ده‌كاته قوربانی درۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زار نه‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه بوو و پیاوەکەی باوه‌ڕی پێنه‌کرد، باری ئه‌ویش سوك ده‌بێت و چیتر ناچێته ژێر مه‌ینه‌تی هه‌مان درۆوه.
گوتم: ڕه‌نگیشه وابێت، به‌ڵام ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له دوا سات ده‌ڵێن بمبوره خۆشه‌ویستم، ناچارم شو بكه‌م! ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیان پێنه‌كه‌یت، هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه. ده‌ی خۆشم نامه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه.
– ده‌ی زۆر باشتر، بیریشی لێمه‌كه‌وه.
****
چرۆ، هاوسه‌ری برا گه‌وره‌كه‌م، تاكه ڕازگری من بوو، له‌سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی من و به‌فرین تا كۆتایی ئاگاداری هه‌موو شتێك بوو، ساڵێك دوای په‌یوه‌ندیمان، چرۆ گوتی: زانیوته به‌فرین شو ده‌كات؟
پێم سه‌یر نه‌بوو، ئاگاداری هه‌ندێ شت بووم به‌ڵام تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش نا كه چرۆ گوتی: به دایكی گوتوه هه‌ر شوی پێده‌كه‌م!
– یانی ئه‌وه‌نده خۆشی ده‌وێت؟
– دیاره! كوڕه گوێش مه‌دێ، سه‌ت كچ مه‌منونته.
ته‌مه‌نم چل ساڵه، هه‌ژده ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌دا تێپه‌ڕیون، ئێستاش (هه‌ر شوی پێده‌كه‌م!)، له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه. به خێرایی و شڵه‌ژاوی چووم بۆ ماڵی برام، ته‌نیا چرۆ له‌ماڵ بوو، ده‌رفه‌تێكی گونجاوبوو: هاوسه‌ره‌كه‌ی له متعه‌مه و كوڕه‌كه‌ی له زانكۆیه و كچه‌كانی له مه‌كته‌ب. چرۆ ده‌بینێ و ده‌زانێ په‌شۆكاوم، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی نازانێ، ناحه‌قیشی نه‌بوو، هه‌ژده ساڵ ته‌مه‌نێكه. ئه‌وكات هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌خوێندمه‌وه، به‌ڵام ئێستا چی؟
داوام لێ‌كرد په‌یوه‌ندی به به‌فرینه‌وه بكات، به هێمنی داوای لێبكات بێت: نه‌زانێ من لێره‌م!
حه‌په‌ساو به دیارمه‌وه ، به حه‌یره‌ت گرتوویی گوتی: كوڕه به‌فرینی چی بۆچیته؟
– پێی بڵێ بێ و ئاهـ. به هه‌ر بیانویه‌ك به مێشكتدادێت.
چیتر قسه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌نده توڕه بووم، له وتوێژی نێوان خۆیی و بەفرین تێنەگەیشتم. هه‌ستم ده‌كرد ده‌ماره‌كانم له لاملمه‌وه دێنه ده‌ر: چۆن ده‌بێ كاری وابكات؟ ئه‌و موته‌قیه و له خواترسه ئاماده نه‌بوو به حه‌رامی ماچی من بكات، كه‌چی ئێستا بۆته بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زاران: گانده‌ر!.
له‌گه‌ڵ هاتنه ژووره‌وه‌ی ڕاپێچم كرده ژوورێك و ده‌رگام داخست، گوێم له چرۆ نه‌بوو چیده‌ڵێ، ده‌ستم خسته سه‌ر قوڕگی و تفێكم كرده ڕوخساری، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێت به ئارامی گوتی: چۆن توانیت ئه‌و هه‌موو ساڵە لێم دوور بیت؟ به قوربانت بم!
پڕ به قوڕگم هاوارم كرد: درۆ ده‌كه‌یت، قاحپه!. به‌ر له‌وه‌ی جڵه‌وم له‌ده‌ست ده‌ربهێنێ و فریوم بدات، خنكاندم، به‌ڵێ من كوشتم. هه‌موویان ده‌یانتوانی له‌گه‌ڵی بن، من نه‌بێ. هه‌موویان سێكسیان له‌گه‌ڵ كردبوو، ته‌نیا من نه‌بێ، به‌ڵێ سێكس، كلیلی هه‌موو كێشه‌كه. کەواتە باچیتر بۆ کەس نەبێت.
*****
ددانپێدانانه‌كه‌م هه‌ڵگرتووه، به‌ر له‌وه‌ی پۆلیس بمدۆزێته‌وه، ده‌چم خۆم ڕاده‌ست ده‌كه‌م. دوانزه كاتژمێر به‌سه‌ر ژیاندا تێپه‌ڕیووه، کە دەڵێم ژیان واتە من گرێدراوی ئەو بووم، هه‌موو شتێك تا ئێره بوو. ئێستاش زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی چرۆ له سه‌رمدا ده‌نگده‌داته‌وه، كاتێ به‌ده‌م قژ ڕنینه‌وه، هاواری ده‌كرد: كوشتت… كوشتت داماوه…كوشتت. نازانم چه‌ند كه‌س ڕژابوونه حه‌وشه‌ی ماڵی برام، ته‌نیا ئه‌وه‌م له بیره له‌سه‌ری كۆڵان كه‌سێك، كه نه‌مزانی ژنه یان پیاو، به خێرایی پرسی: چی بووه؟ و هه‌ر به‌و خێرایه‌ش تێپه‌ڕی. به ده‌م ڕاكردنه‌وه، چه‌ند جارێك له‌به‌ر خۆمه‌وه پاته‌م كرده‌وه: ده‌ڵه قۆڕێك كوژراوه، له شانزه ساڵییه‌وه هه‌موو ڕۆژێك من ده‌كوژێت.
ددانی پێدا ده‌نێم، بۆیه كوشتم، چونكه ئاماده بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س سێكس بكات، ته‌نیا من نه‌بێت، بۆچی ته‌نیا من؟ مه‌گه‌ر چیم لێی كردبوو؟! ددانی پێدا ده‌نێم، هۆكاری ڕق بوونه‌وه‌م له داب و نه‌ریت، ته‌نیا ئه‌وه بوو كه هیچ خزمه‌تێكی منی نه‌كردبوو: چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر له ناو بێشكه، پورم به‌فرینی پێشكه‌ش كردبام؟ چیده‌بوو له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده ته‌قلیدی و ئاینی نه‌بووینایه؟!