بەردەکی سەرا، وێرانەکەی سەنتەری شاری ڕۆشنبیری

Loading

دوور لە قسەی زل و دروشمی ڕەنگاو رەنگ،  ئەمەیە واقعی سەنتەری پایتەختی ڕۆشنبیریە ؟ لە ساڵی ١٩٨٦ دا بۆ یەکەمجار دەست کرا بەدروست کردنی سەنتەرێکی مۆدێرن و تازە کە شایستەی شارەکە بێت، هونەرمەندی پیکەرتاش (دارا حمە سەعید) و چەند ئەندازیارێکی لاو هەستان بە دیزاین و دروست کردنی په‌یکەر و نافورە و سەوزایی و شوێنی حەوانەوە و کۆبوونەوەی خەڵکی وەک چۆن لە هەموو شارێکی تردا بە دیدەکرێت.

لە هەمان ساڵدا ڕژێمی بەعس  هەستا بە شاردنەوەی (پەیکەری پیرەمێرد) بە بیانوی جۆراو جۆر و کاڵکردنەوە و بچوککردنەوەی شارەکە. لە ساڵی ١٩٩١ دا شارەکە ئازا کرا و چووە قۆناغێکی ترەوە تاوەکو  گیشتە ئەو ئاستەی، کە ببێت بە پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان!

لە مێژووی سلێمانیدا(بەردەركی سەرا ) جێگەیەکی  مێژوویی  تایبەتی هەیە، نابێت ساڵی سیەکانی سەدەی بیستمان لەبیر بچێت، کەژنێکی ئازا (ئه‌خته‌ره‌ ڕه‌ش) و چەندەها پیاوی ئازادیخواز لەبەردەرکی سەرا لەخۆپیشاندانێکدا گوللەباران دەکرێن . 

هەروەها لە ئەدەبیاتی ئەم ناوچەیە شوێنی خۆی کردۆتەوە بە بەشێکی زیندوو دەناسرێت،  ڕۆمانی  (ژانی گەل) ئیبتاهیم ئەحەمەد یەکێکە لەنمونە دیارانە.  تازە ترین ڕووداوی مێژوویش  ڕووداوەکانی  حه‌ڤده‌ی  شوبات بوو کە لەوێووە یەکەم ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بوو  دەرکەوت دژ بەدەسەڵاتی حکومەتی هەرێم. 


لێرەوە لە خۆمان دەپرسین ؛


بۆچی ئەم فەرامۆشکردنە و  وێرانیە ڕووی کردۆتە ئەم شوێنە ؟
لە پاش چی وە چی لە پشتەویە ئەم وێرانییە ؟
بۆ چی ئەم شوێنە ئاوای بەسەرهاتووە ؟
بۆ چی دەیانەوێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە ؟
بۆچی دەیانەوێت لەیادەوەری  شاردا بیسڕنەوە ؟
مانەوەی ئەم شوێنە بەمشێوەیە لە خزمەتی چیدایە ؟
ئایا سەنتەری شارەی کولتوری و پایتەختی ڕۆشنبیری بەم شێوەیە گونجاوە ؟


پرسیارە گرنگەکە لەوەدایە؛  بۆ کەس بیری لێناکاتەوە و ئاوڕی لێنادەنەوە؟ بۆ دەبێت  سی  ساڵ پشت گوێ بخرێت و نۆژەن نەکرێتەوە؟ لەگەڵ ئەو هەموو بودجە و پارە زەبەلاحەی کە لە ژێر ناوی بە پایته‌ختی ڕۆشنبیری کردندا سەرفکراوە و پڕۆژەی گەوره‌ و دانانی ماستەر پلان، بەناو ، جوانکردنی شار لە ڕووی تەلارسازی و جادە و بان و ڕەنگ کردنی شەقامەکان، بەڵام ، بەردەركی سەرا ، لە کوێی ئەم هەموو شتانە دابووه‌؟

پارێزگای سلێمانی و شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری هونەر و بەرێوەبەرایەتی گەشت و گوزار و گشت دامودەزگاکانی ئەم شارە ئاگادارن چی دەگوزەرێت لە سەنتەر شارەکەدا؟  یان خۆیان بە مەبەست ئەم شوێنە ئاوا بەم وێرانەییە دەهێڵنەوە؟ 

نازانم چۆن شانازی بە دەسکەوتەکانتانەوە دەکەن کە سەنتەری شارەکەتان ئاوا وێرانە؟

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.