فیلم؛ ماڵی دۆست لە کوێیە؟ ده‌رهێنه‌ر عەباس کیاڕۆستەمی

سینەفیلیا وەک ئامێرێکی جەنگ


Loading

سینەفیلیا، وەک هەموومان دەزانین واتا ئاشقی سینەما،  بەڵام ئەمە چ پێناسەیەکی پووچە، کام ئاشقی سینەما و فیلم؟! مەگەر لە هەر ئاستێک و  هەرجۆرە (بینەرێکـی سینەما و فیلم)  خۆیان وەک ئاشقی سینەما ناناسێنن؟ گوتە بەرەنگارییەکەی (سێرژ دێنەی)  ڕەخنەگری فەڕەنسی، دەربارەی سینەفیلیایی خۆی کە بە ووردی  دژ بەم بەربڵاوی و گشتاندنه‌  بوو، بەجۆرێک دەتوانین تووڕەیی ئەو لە دروشمێکی پڕوپاگەندەی دەیەی حەفتاکاندا ببینین کە تووڕەیی گی دیبۆریشی گەیاندە لووتکە: “ئەوانەی ژیانیان خۆشدەوێت دەڕۆن بۆ سینەما!“(١)

 

کەواتە هەمووان سینەفیلن،  هەروەک (ن. پاوڵ تۆد)  لە گەورەترین پڕۆگرامی تەلەڤیزیۆنی ڕیاڵێتیی باسی بانگه‌شه‌ی بۆ كرد. سەرۆکە دزێوە قەڵەوەکەم، (فۆکس، ئەمریکا، ٢٠٠٤-٢٠٠٥) وەڵامدەداتەوە و ئێمە دەنگێک دەبیستین: “بۆچی، جا چییە، کێ بۆی گرنگە؟”….

هەر چۆنێک بێت، سینەفیل دەیەوێت جیاواز لەگەڵ بینەرێکی فیلم و ئاشقێکی ئاسایی فیلم، کە سینەمایان بەدڵتەنگی و دوور لە ئیلهامەکەی خۆش دەوێت، پێناسبکرێن. سینەفیلەکان کۆمەڵێک بێگانەن، گرووپێکی جیاواز- یاخود هیچ شتێک نین – و ئەو شتەی ئازارماندەدات لە کەشوهەوای مۆدێرندا لە هەر سایتێکی دەستی دوودا کەسانێک خۆیان وەک سینەفیلیا-فڵان دەناسێنن.

لە کاتێکدا ژمارەی کتێب و کۆنفرانسەکان دەربارەی سینەفیلیا وەک بابەتێکی زانستی لە گەشەکردندایە: کاتێک، گەر بە کورتییەکەی بڵێم بەدواداچوون و چاودێریسازکردن و لە ئەنجامدا ماڵیکردنی تۆڕی سینەفیلیایی. سینەفیلیا گۆڕاوە بۆ ناوی مارکە و براند، جۆریک لە ئەرزشی زیادەی سێکسی کە ئەکادیمی و ئیمپڕاتۆرەکانی ئینتەرنێت بە ئەندازەی هەواڵەکان خۆش نین؟ خۆیان شەحن دەکەنەوە. ئەم جۆرە شەیداییە بۆ سینەفیلیا بۆشە، لەناو لیستی (باشترین فیلمەکان) لە زەلکاوی ئینتەرنێتدا مەلە دەکەن و پێشنیاری ئەوە دەکەن کە سینەفیلیا ئێستا دەتوانێت پێش-تەلەڤیزیۆن کۆمەڵێک هەوادار کۆبکەیەوە و بارودۆخەکە هیچ بەرەوپێش نەچێت.

 

ئەجێندای سینەفیلیا هەمووکات ڕوون و ئاشکرا نییە. پۆڵ ویڵمەن ئەم دۆخە[سینەفیلیاییە] وەک شتێکی تاریک و لێڵ وەسف دەکات، چڕەدووکەڵێک بۆ حاڵەتە دەروونییە ئاڵۆزەکان کە بە تەواوی ناتوانین ناوێکی لێ بنێین. (٢) تۆماس ئێلسایسێر جەخت دەکاتەوە له‌وه‌ی  کە سینەفیلیا هەمیشە درامایەکە پەیوەست بە کات و زەمانی لابرا و دواخراو: سینەمایەکه‌ کە ونبووە، ئۆبژەی ونبووه‌.   سینەمایەکه‌ کە لەگەڵ ئیگزۆتیکی دیکەدا پەیوەندیی هەیە؛ سینەمای نەوەی ڕابوردوو، بەڵام سینەمایەک هەرگیز دایکوباوکتان نەیانبینوون و نەشیان توانیوە لێی تێبگەن.

(٣) ئالان بێرگالا، لە وتارە نایابەکەیدا بە ناوی “ئەگەری سینەما“، لەم گەمەی توخم و نەوەیەدا گەڕانەوەیەکی پۆزەتیڤ، تەنانەت تالێهاتووانەش پیشکەشدەکات: بە بڕوای ئەو لەنێوان ئۆبژەی سینەفیلەکاندا گەورەترین فیلمەکان ئەم کۆمەڵە فیلمانەن – لە موونفلیت ی فریتز لانگ ەوە بۆ ڕەنگی پارەی مارتین سکۆرسیزی و تا ماڵی دۆست لە کوێیە؟ـی عەباس کیاڕۆستەمی – کە بڵاوکردنەوەیەکی مەعریفیی نهێنی و میهرەبانانەیە، هەروەک جوانیناسیی هەست لە مامۆستایەکەوە بۆ خوێندکار و لە دایکوباوکێکەوە بۆ منداڵ. (٤)

لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ سینەفیلیا نییە، وەکو ئەو چەمکانەی لە ئەدەبیاتدا پێناسە کراون، من ناتوانم هیچ کام لە پێناسەکان بە تەواوی قبوڵ بکەم. بۆ نموونە: من بڕوام بەوە نییە سینەفیلیا لە بنەڕەتدا چالاکییەکی تاکگەرایی، مێلانکۆڵیک، مەسیحی یاخود سوریالی بێت. یاخود پێویست بکات سینەفیلیا لەگەڵ سیاسەتی چەپگەرا و ڕاستڕەو، یاخود لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی هاوڕا بێت. من بڕوام بەوە نییە سینەفیلیا دەستکەوتی دیسپلین و  نیزامێکی شەپۆلی جیلی پێشووتر بێت. ناتوانم بڕوا بکەم کە هەمیشە لیستێک لە فیلمی دیاریکراوی سینەفیلیا بوونی هەبێت و هەمیشە بگەڕێینەوە سەر لیستێکی دیاریکراو. هاوڕا نیم لەگەڵ ئەوەی سینەفیل وابەستەی هەر جۆرە تێکنۆلۆژییەکی تایبەتی ببێت، چ هۆڵی سینەما کلاسیکییەکان، چ DVD پلەیرە مۆدێرنەکان. بڕوام بەوە نییە کە سینەفیلەکان تەنیا گرنگی بە فراگمێنتەکان (یاخود وێرانییەکانی بنیامین) دەدەن یاخود فیلمە مۆدێرنیست و پۆستمۆدێرنیستەکان.  پێموانییە کە بابەتی سینەفیلیا لە بنەڕەتدا پەیوەندی  بەڕیتوالی بینین و شەیدایی تەماشاکردن بێت یاخود بابەتی دێوانەیی (هەرچەند ئەم تەماشاکردنانەش بەجێژ بێت) یاخود ئەوشتەی نۆێل کینگ بە “دیسپلینی قسەکردن” ناوی دەنێت، کە گوزارشتێکە بۆ سینەفیلیاکان دەربارەی ئەو شتانەی حەزیان لییە دەدوێن یاخود دەنووسن(٥)، چونکە هیچ جۆرە یاسا و نیزامێکی لەو جۆرە بوونی نییە.

بە بڕوای من ڕێگەی دەربازبوون لەم بنبەستەدا پێشنیاری گەڕانەوە دەکەم بۆ ڕوانگە مێژووییە زیرەکەکەی ئەنتوان دوبیک لەژێر ناونیشانی: سینەفیل: داهێنانی جۆرێک لە نیگا، مێژووی جۆرێک لە کولتوور ١٩٤٤-١٩٦٨. (٦) دوبیک دەنوسێت؛ دەکرێت سینەفیل لەگەڵ جۆرێک هەستی قسەهەڵنەگر و وێنانەکردن یاخود ئارەزووی ئاژەڵی (خۆتان وەک بێچووە دێوێکی سینەفیلی وێنابکەن لە بەرامبەر پەردەی فراوانی سینەما) دەستپێدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاستەوخۆ ئەو ئارەزووە تێکەڵ بە ئاکت کردن دەبێت- بە تایبەتی نوسین، قسەکردن، بەرنامەدانان یاخود چارەسەر، هەروەها بێگومان فیلم دروستکردن. بەڵام دروستکردنی فیلم چیرۆکێکی ترە. ئەو ئاکتانەی لە شوێنی گشتیدا دەکرێت، بە شێوەی بەرنامە پەخش دەکرێت، ڕوویان لە جیهانە – ئەو ئاکتانەی کە ئامانجیان دروستکردنی کۆمەڵێکە، تەنانەت ئەگەر ئەو کۆمەڵە تەنیا لە گروپێک هاوڕێ، لە خوێندکارانی پۆلێک یاخود لە گروپچاتێکی ئینتەرنێت دروست بووبێتن.

سینەفیلیا ئارەزووبەخش و جووڵێنەرە. سینەفیلیا هەردەم، هاوکات لەگەڵ ئەندێشەدا، دەگەڕێتەوە سەر تیۆری و ڕەخنە. ئەگەر ئەمانە نەبن، ئەوا تەنیا کۆمەڵێک بێمانایی دێتە ئاراوە و گەمژێیەتیەک دروست دەبێت وەک لیستێک لە باشترین فیلمەکان و تەماشاکردنی شەش هەزار فیلم.

 

 

فیلم؛ ماڵی دۆست لە کوێیە؟ ده‌رهێنه‌ر عەباس کیاڕۆستەمی

سینەفیلیا هیچ فۆڕم و چەمکێکی بنچینەی نییە، بەڵام ڕەنگە شتێک لە ژێر ناونیشانی بنچینەی پڕۆسەی سینەفیلیا یاخود ژێستی بنەڕەتی سینەفیلیا هەبێت. لێگەڕێن بەم جۆرە بڵێم: سینەفیلیا ئامێرێکی جەنگییە؛ ئامێرێکی تاکتیکی و کولتوری جەنگ. هەمیشە جەنگی جیاواز و هەمیشە ئامێری جیاواز، پشتئەستوور بەوەی کە لە کوێ و لە چ کاتێکدا، لەگەڵ کێ دەجەنگی و دژ بە کێ لە جەنگدای. کەوایە لەم تێگەیشتنەدا هەموو ئەو شتانەی خەڵک لەبارەی سینەفیلیاوە گوتوویانە – کە مێلانکۆڵیک، سوریالی و یاخود هەر شتێکی تر بێت – دەکرێت ڕاست بێت، ئەگەر لەگەڵ مێژوویی سینەفیلیا بگونجێت و ئەگەر بتوانیت ئەو چیرۆکە بەباشی بگێڕیتەوە، ئەگەر بتوانیت ئەو وزەیە ببەخشیت و بەردەوامی پێبدەیت.

لەم قسانەدا مەبەستم ئەوە نییە بڵێم ئامێری جەنگیی سینەفیلیا بەڕاستی کاریگەرە و بەڕاستی لە گۆڕینی جیهاندا سەرکەوتوو بووە، یاخود لە گۆڕینی کولتورەکانیاندا. سینەفیلیا مێژووی شکستی هەزاران شۆڕشە. هەندێکجار تەواوی ئەم جەنگە گەورەیە خەیاڵییە؛ یاخود لە ستوونێکی گۆڤارێکدا ڕوودەدات، یا لە بەرنامەیەکی یانەی سینەمای نەناسراو. ڕەنگە ئەو موشەکەی سینەفیلیا تەقاندوویەتی زۆربەی کات نەگات بە ئامانجەکەی. بەڵام چیرۆکەکان، مێژووەکانی سینەفیلیا وەک ئارەزوویەکی بزوێنەر لەبەر هۆکارگەلێکی باش هەن، ئەگەر نووسرابنەوە یاخود دۆکۆمێنتکرابن یان ژی پەیمانێک لە ئارادا بێت، ئەوا دەتوانین لە شوێن و زەمەنێکی جیاوازدا پێی بگەین. ئەگەر گێڕانەوەی مێژوو بەشی خۆی ئیلهامبەخش بێت، دەکرێت لەگەڵ هەندێک بەشی تر لە سیناریۆی ماشێنی جەنگیی خۆمان پەیوەندی دروست بکات.

 

هەقیقەتەکە ئەوەیە کە ئێمە شتێکی ئەوتۆ دەربارەی مێژووی جیهانیی سینەفیلیا نازانین. هەموو ئەو دەربڕینانەی کە پێداگری دەکەن لە سەرهەڵدان و سەرزەمینی سینەفیلی لە پاریس-فەڕنسا لە دەیەی پەنجاکاندا و لە گۆڤاری کایە دو سینەمادا بە تەواوی هەڵەن، هەر وڵاتێک سینەمای هەبێت دەکرێت مێژووی سینەفیلیاشی هەبێت. ‌هەڵبەت نەک مێژوویەکی بەردەوام؛ ڕەنگە وەک شتێک هاتبێت و ڕۆیشتبێت، چرۆی کردبێ و سیس داهاتبێت و چەندین جار کۆتایی پێهاتبێت. تەنانەت لە فەڕەنساشدا، کە بە ئەفسانەکراویترین ماڵی سینەفیلیا دادەنرێت، ئەگەر چیرۆکی سینەفیلیا بە وردی بخوێنینەوە ئەوا تێدەگەین سینەفیلیا لە شاری لیۆن دەستپێدەکات، چیرۆکی دەستپێکی گۆڤاری پۆزەتیڤ چیرۆکێکی تەواو جیاوازە لەگەڵ دەستپێکی گۆڤاری کایە دو سینەما و پاریس، یاخود چیرۆکی دەستپێکێک کە تەنیا یەک دەیە و نیو لەژێر کاریگەریی نیکۆڵ برێنێز لە شاری ئەکس-ئێن-پرۆڤێنس شێوەی گرت، جیاوازی زۆری هەیە و ئەگەری زۆرە لە هەر جوگرافیایەکدا بێت هاوشێوە دروست ببێتەوە.

 

با نموونەیەکی تایبەت لە بیرکردنەوەی سینەفیل یاخود ئارگومێنتی سینەفیل بهینینەوە. ئێستا لە ئیسپانیادا جۆشوخرۆشێکی کولتوریی ڕاستەقینەی جەنگاوەرئاسا لە ناوچەکەدا بەرانبەر سینەفیلیا هەیە – و لە هێڵی پێشەوەی ئەم جەنگەدا نوسخەی ئیسپانیی کایە دو سینەما دەبینین کە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بڵاودەکرێتەوە (بە بڕوای من) زۆر لە نوسخە فەڕەنسییەکە باشترە (کە تەواو لە ڕووی چاپەوە سەربەخۆیە). کارە مەزنەکان لە هەر ئاستێکدابێت لە زمانی ئیسپانیدا دەربارەی سینەما ئەنجام دراوە کە لە وڵاتە ئینگلیزیزمانەکاندا هاوشێوەی هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، نەناسراوە. یەکێک لە ڕەخنەگر و مامۆستای هاوچەرخی ئیسپانیا کارلۆس لۆسیلایە، لە کۆکردنەوەی بەرهەمهێنەرانی سینەمای ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ گۆڤاری ئەرشیفەکانی سینەما (٧) کە دەتوانین زۆێک لە ڕەهەندەکانی ئەندێشەی سینەفیل ئاشکرا بکەین: واتا؛ ڕێگەیەکی بوێرانە بۆ کردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندی سینەفیل و سینەمای میلی/ نەتەوە National Cinema. لە ڕاستیدا هەندێک کات بیردەکەمەوە و دەڵێم دەتوانم لەو ڕقە زۆرەی سینەفیلەکان تێبگەم بەرامبەر سینەمای نەتەوەکەیان. هەڵبەت سینەفیلێکی وەک لۆسیلا هاوکات سینەمای میلیی خۆشدەوێت: وەک شتێکی نادیار و پەراویز. ئەوانەی ڕقیان لە سینەمای ئۆفیشاڵی وڵاتەکەیانە، ئەوەش بەرهەمی کرداری ئامێری جەنگییە.

 

 

فیلم؛ ئەوانی دیکە- ده‌رهێنه‌ر ئەلیخاندرۆ ئامێنبارە ٢٠٠١

ئامانجی لۆسیلا لەم تێکستە بە تایبەت ئەلیخاندرۆ ئامێنابارە، کە فیلمی “چاوەکانت بکەوە/ ئیسپانیا، ١٩٩٧”ـی دەرهێناوە لەگەڵ پێنەلۆپە کروز، هەروەها فیلمی “ئەوانی دیکە/ ئەمریکا ٢٠٠١” لەگەڵ نیکۆڵا کیدمان و فیلمی لەناخی دەریادا/ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا ٢٠٠٤” لەگەڵ خافایەر باردێم دروستکردووە.

لە ڕوانگەی لۆسیلاوە تاوانی ئامینابار ئەوە نییە کە ڕێی داوە لە فیلمەکانیدا تۆم کروز ڕۆڵ بگێڕێت، یاخود ئەوەی جارێک لە هۆڵیوود جیابۆتەوە یا هەموو ئەو شتە ئیسپانیاییەی کە ماددەی پله‌ یەکی ئۆسکارە. نا، گفتوگۆی  سینەفیلی ورد گەڕانەوەیە بۆ ئایدیاکانی ئەندرێ بازەن و بۆ دۆزینەوەی شتێک شیاوی ڕق و تاوانبارکردن بێت لە فیلمی “چارەنووسی ئەفسانەی ئێمیلی پۆلەین” (ژان پێر ژونێت/ فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ٢٠٠١) پەل دەهاوێت.

 قسەکەی لۆسیلا ئەمەیە: تەماشای هەر سێ فیلمە بازاڕی و عەوامەکەی ئامێنابار بکەن کە ڕەخنەگران ستایشی دەکەن. لە هیچ کوێی ئەم فیلمانەدا ئامادەیی واقیعی فیزیکی یاخود جەستەیەکی واقیع لەگەڵ ئەزموونە هەستپێکراوەکان نادۆزیتەوە. لە فیلمی چاوەکانت بکەوە و فیلمی ئاسمانی ڤانیللا (کامیرۆن کراوس، ئەمریکا، ٢٠٠١) هەمووکەسێک و هەمووشتێک وەهمێکە لە واقیعی مەجازی.

لە فیلمی ئەوانی دیکە نزیکەی هەموو کارەکتەرەکان دەبن بە تارمایی. هەروەها نمایشکارانەترین شتیش بۆ لۆسیلا، لە فیلمی ناخی دەریا، فیلمەکە کۆپییەکی نەخۆشیی، ئیفلیجی و لە کۆتاییدا مەرگمان پێشکەش دەکات: لەکاتێکدا وێنەی سەوزە فیلمەکە خۆشتر دەکات. بۆ لۆسیلا، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئامێنابار، هەروەک ژونێت، دەرهێنەرێکە بووتە کەسێک دژ بە سینەما، دژ بە پیشە و زاتیکی سینەما کە سینەفیلەکان لە دەرهێنەرگەلێکی وەک ڕۆسێلینی، ئێریک، برایانی داردن و تەنانەت کلێنت ئیستوود ستایشیان دەکرد.

بە بڕوای لۆسیلا، ئامێنابار ڕوحێکی نەخۆش و جۆرێک لە فێڵی نامرۆڤانەی لەباوەش گرتووە. دەکرێت تۆ ئێستا دژ بە هەموو بیروبۆچوونەکانی لۆسیلا بیت. بەڵام هەر بیروڕایەکت لەسەر ئەو بابەتە هەبێت، گفتوگۆکەی ئەو گفتوگۆیەکی زیندووە – واتا بە شێوەیەکی زیندووانە تەواوی سونەت و یاخود تۆڕێکی هاوبەشی گریمانە و ئیحساسات بۆ سینەما زیندوو دەکاتەوە. ئەمە هەمان ئەو ڕوحەیە کە دەتوانین بە سینەفیلیای ناعیرفانی ناوی ببەین.

 

هەندێک جار دەگوترێت؛ سینەفیلیایی بریتییە لە نوخبەگەرایی، “بۆچی؟ جا چییە؟ کێ بۆی گرنگە؟” ڕاستیت بوێت، ئایدیای ئەوانی دی یاخود گرنگییان بەم نوخبەگەراییە دەبێتە لایەنگیری سینەفیلیا؛ لە جیاتی ئەوە، ئەوان دەست بەم خەیاڵە دەکەن کە لەچاو تەواوی خەڵک، زۆر زیاتر لە خەڵک، خەڵک لە خۆیان دەچن و لاسایی هونەری بازاڕیی و عامپەسەند دەکەنەوە. ئەمە تەنیا بەشێکە لەو شتەی سێرژ دێنەی وردەوردە شکڵ و شێوە پێدا کاتێک جۆرج کیوکەر لە ساڵی ١٩٦٤ـدا، گاڵتەی بە ستایشی ئەو دەکرد بۆ فیلمی Wind across evergladesـی نیکۆڵاس ڕەی (ئەو هێندە کەوتە قاقای پێکەنین کە دەتتوانی تەواوی سووکایەتی ئەو بۆ فیلمەکە ببینی[٨]) لەنێوان دێنەی و تەماشاکەرانی فیلم لەو سەردەمەدا درزێکی ترسناک سەریهەڵدا کە تا ئەبەد درێژە دەکێشێت. بەڵام دەبێت لەیادت بێت چۆن دێنەی خۆی کۆکردەوە و لەسەر پێیەکانی وەستاو و گوتی:”برینەکانمان قووڵ بوون، بەڵام هەرگیز بیرباوەڕمان نەگۆڕی.” دێنەی بە باشی دەیزانی کە ئامێری جەنگیی سینەفیلیا لە هەندێک بارودۆخدا سەلیقەیە: بەڵام سەلیقەیەکی باش نا، نەک بە کامڵ بوون و بیروباوەڕدروستکردن، نەک لیستێک فیلم – بەڵکو جەنگ لەپێناو شتگەلێک کە دەبێت ببینرێن و تەنانەت زیاتریش، دەتوانین لە ناو عامدا ئەوەی بینیومانە لەبارەیەوە بدوێین و ئەم جەنگەش ناکۆتایە.

 

 

 

سه‌رچاو و په‌راوێزه‌كان 

  1. Serge Daney, Postcards from the Cinema, trans. Paul Grant (London: Berg, 2007); Guy Debord, In girum imus nocte et consumimur igni, trans. Lucy Forsyth (London: Pelagian, 1991).

  2. Paul Willemen, Looks and Frictions: Essays in Cultural Studies and Film Theory (London: British Film Institute, 1994), 226.

  3. Thomas Elsaesser, “Cinephilia or the Uses of Disenchantment”, in Cinephilia: Movies, Love and Memory, ed. Marijke de Valck and Malte Hagener (Amsterdam: Amsterdam University Press, 2005), 27-43.

  4. Alain Bergala, L’hypothèse cinéma. Petit traité de transmission du cinéma à l’école et ailleurs (Paris: Cahiers du cinéma, 2006).

  5. Noel King in Willemen, Looks and Frictions, 247.

  6. Antoine de Baecque, La cinéphilie. Invention d’un regard, histoire d’une culture 1944-1968 (Paris: Fayard, 2003).

  7. Carlos Losilla, “Contra el cine español. Panorama general al inicio de un nuevo milenio”, Archivos de la cinemateca, no. 49 (February 2005): 125-145.8

  8. Serge Daney interviewed by Bill Krohn, “Les Cahiers du cinéma 1968-1977”, http://home.earthlink.net/stevee/Daney_1977.html, originally published in The Thousand Eyes (1977).

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.