ماریۆ ڤارگاس یۆسا دەڵێت : (بە هۆی شیعرەوە دەتوانین چەند جۆرێك لەژیان بژین)…منیش دەڵێم: (تەنهابەهۆی شیعرەوە دەتوانین دەستبەسەرو بیربەسەرو دڵبەسەر نەبین)… هەمیشە ئەو هەستە ناهێڵێت ببەزم كە بەشیعرەوە چەندە مرۆڤم، ژنم، جوانم، ڕەسەنم، پڕ شكۆم، بەبەردەوامی لەخۆم دەپرسم ئەگەر خاوەن ئەو بەهرە ناوازە نەبام، دەبوو لە كوێی دونیا نیشتەجێ بام ؟!
سەد لە سەد دەبوو چۆن ژنێكی ڕواڵەتی بام و تاكە خەونم ئەوەبوایە كە پیاوێك بە شوخێکی جوانم بانگ بكاو وەك دەزگای خێرخوازی بەخانمی خۆیم ناوزەدبكا؟! یا تا دەمردم سەوداسەری خۆ ڕازندنەوە بە كەوشو پۆشاكی ماركەدار بام تا هەستم كردبا نرخم پێیان زیاد دەكا! یاوەكو مەكینەیەكی بەرهەمهێنان تاكە هیواو كارم خێزانو منداڵ دروستكردن با! یا سەردانەوانم بۆ سەدان مرۆڤی گەمژە پێ سەرەكیترین ئەرك با، یا بەزینم پێ تاكە چارەنوسی خۆم بوایە، یا خۆم وەك ژمارە دوو، لە ڕیزی دووەم قبوڵكردبا، یان لە مردنیشدا پاشكۆ بوونم پەسەندكردبا، یان هەمیشە دڵم جڵەوی ژیانمی بەدەستەوە نەگرتبا، یان دڵم بە نوێنەرایەتی كردنم لەو ژیانەدا ڕازی نەبوایە.
بەڵام هەر شیعر نەیهێشت هەست بەكەمی بكەم نەیهێشت ئازاری كوشندە بمژاكێنێ، شیعر نەیهێشت قاقایەكانم سارد ببنەوە و ڕێگەی نەدا غەریبـیو تاراوگە ڕەنگم بگۆڕێ و بۆنم بگۆڕێ، چاوڕوونی كردمو نەیهێشت ون ببم، ڕێگەی نەدا لێڵ بم، شیعر لە ماڵی بوون قوتاری كردم، تاكە تاج بوو لەسەرم نا، بەهێزترین دژە بەزینو دژەگشتی بوونو دژە سوانو دژە پیری بوو بۆ من، هەر شیعر بوو دڵی پاراستم، لە پیس بوونو لە سیس بوونو لەداوەستان لە ڕاوەستان، لە گلان، لەدانەوان.
شیعر جۆرەها بەرگری فێركردم، ئاڵای لەسەر هەڵدام، شیعر نەیهێشت هەرگیز بە چۆكدابێم ، ڕێگەی نەدام لەنگەر بگرم، نەیهێشت ژنێكی خاڵی بم لەو ژیانەدا، پاراستمی لە دڵ بەبەدەڵی، لەدەستبەدەڵی، لەبیربەدەڵی، پڕ بەدڵی خۆم دنیای لەناومدا كەوی كرد، هاوڕێیەتی لەگەل ئەستێرەكانی ئاسمانێ دروستكرد.
ئەی خودایە ئەگەر شیعر نەبا، دەبوو لەو ژیانەدا چەند ڕەتەڵم بردبا، چەند گەمژەم پێ سەركردە با، چۆن نرخو بەهام لێ تێكەڵبووبا، چەند جار دڵم سەرچیغ ڕۆیشتبا، چۆن وەك ڕووبار بەگێژەنێك ژیانم شڵەقابا، وەكو نێچیر دڵم لەتەڵەی سەدان مرۆڤی بودەڵە كەوتبا.
ئەی ئەگەر ژیانم تەواو لەو بەهرەیە خاڵی با، دەبوو چەند ڕێگام لەو ژیانەدا هەڵە كردبا، چۆن چاوەڕێی ئافەرینی ئەو كۆمەڵگەیە منی زیندە بە دزێوی كردبا، ژیانم بەچەند جۆرە ملكەچی تەوقدرابا، چاوەكانم چۆن خاڵی لە شكۆ بان، چۆن ژیان لە ناو یەك مرۆڤ و یەك نیشتیمان دا منی ئابلۆقە دابا.
ئەگەر شیعر نەبا چۆن وشەكانم وەكو مۆم داگیرساندبان، چۆن لەناو هەر وشەیەكی جواندا خۆم بەدڵی سەدان عاشقدا كردبا، دەبوو ئەو ژیانە تاڵە چۆن چۆنی دڵمی پێشێل كردبا، وەك ژنێكی بن نایلۆن، دڵم ژیانی بەنرخی شمکەکان پێوانەكردبا، نە ڕەنگی با نە بۆنی باران ڕێكەوتی ناو سنگیمیان نەكردبا .
ئەی خودایە بەشیعرەوە چەند نازدارم، چەند ڕەنگینم، چەند سەنگینم، بە شیعرەوە هەست دەكەم هەمیشە ژیان چاوەڕێی ئامێزمە، مانگ لەناو دڵمدا هەست بەتەناهی دەكا، ئەستێرە نەماوە لەو ئاسمانەی كە داوای هاوژینیم لێنەكا، ڕووبار بە سەرچاوەی خۆیانم ئەژمار دەكەنو چیایەكانیش سەرەیان گرتوە لە چاوەڕوانیمدا.
دەبوو بەبێ شیعر ناوم لەكوێ نوسرابا؟! لە پشتی ناسنامەو پاسپۆرتی پیاوێك، لە ڕەچەتەی ئارایشتگایەكان، لەسەر تابلۆی ڕێكلامی كەوشو ترۆمبێلەكان، لە ناو لیستی پزیشكی جوانكارییەكان، لەسەر ڕەچەتەی ڕێجیمی لاوازیو سەعاتە ماركەكان، لەلیستی چاوەڕوانی بەكرێگرتنی ژنە خزمەتكارە ئاسیاییەكان، لەلیستی فەرمانبەرە فەرمانپەرستەكانی دەوڵەت، لە لیستی شاراوەی قاچاخچیەكانی سیاسەت بۆ پۆستەكان، لەسەر ڕەچەتەی زێڕینگەرو قوماشە گرانەكان، ناوی خۆمم ڕێكەوتكردبا.
شیعر جۆرەها مەشقی پێكردم، مەشق لەنێوان مەرگو ژیان، مەشقی ڕەوشەن بوون، مەشقی دژە ملكەچبوون، مەشقی بە خۆماڵیكردنی ئازادیو ئازار، مەشقی سەربەخۆبوون، مەشقی پێداگرتن، مەشقی نەسرەوتن، مەشقی بەرەو ترۆپك سەركەوتن، مەشقی دڵ خواستنم بە هەموو ناوێک نەک توێكڵەكان.
شیعر ناهێڵێت ببەزم، دانەوێنم، سازشبكەم، دڵ هەرزانفرۆشكەم، زمانم دەستەمۆ بكەم، دانوساندن لەسەر ناوازەیم بكەم، درز ببەم، كەڕو دەركەم، لەخۆبایی بم، پێكەنینە خۆڕسكو دڵەئاوەڵایەكەم بەهیچ نرخێك ئاوەژووكەم.
هەر بەهۆی شیعرەوە لە ڕێگای گشتی، مافی گشتی، خەونی گشتی، یاسای گشتی ژناندا هەڵبڕام و تەنها مامەوە، شیعر چ تەنهاییەكی جوانی وەكو دیاری پێبەخشیم، شیعر پاراستمی لەوەی ناوم بەتەنها لەسەرپشتی كێلی قەبرەكەم نەچەسپێو ناوم گواسترایەوە سەر پشتی چەندین كتێبـی جوان، شیعر ویستی ناوم قەتیس نەمێنێ لەناو میراتی تاكە خانەوادەیەك، دووباڵی نەخشینی پێبەخشیم بۆ فڕێن لەناو ئاسمانی نوسین.
خودایە سوپاسگوزارم كە بەو بەهرەیە پیرۆزت كردووم، كە هەمیشە وەك پەپوولەیەك هەست دەكەم هەم تەمەنم كورتە هەم ژیانیش كورتە.
خودایە سوپاسگوزارم كە نەبەهیچتەوە گرێدام، نە هیچت پێوەلكاندم، نە لێت كەمكردمەوە، نە لەخۆم زیاترت بەسەردا سەپاندم، ڕوخسەتت دام لەو ژیانەدا دروست وەكو خۆم بمێنمەوە، هێندەی توانای خۆم پێ هەڵێنم، پڕ بەدڵی خۆم بنووسم، بە ڕەنگی تۆخی خۆم بمێنمەوەو بە هیچ كاڵ نەبمەوە.
خودایە سوپاسگوزارم كە گەورەترین سامانی ئەو ژیانەت پێبەخشیمو بەو هەموو ئەو وشانە پشتڕاستو سەرڕاستت كردم، بە ناوی ساماندارترین ژنی دنیا لەدڵو وشەدا بانگت كردم، شاعیربوونت وەکو ئەركی نوێنەرایەتی کردنی مانگ لەسەر زەمین پێ ئەسپاردم.