
گوڵناز، لە کاتی دروومانەکدا بێ پەروا هەوڵی ئەدا جڵەوی خۆی بکات و دەستەکانی نەلەرزن. خۆ ئەو هەرگیز بەرگدرووێتی نەکردبوو. بەڵام دروونی کفنیش هێندە گران نەبوو. ئەو، بە بێدەنگ دەگریا و نەیدەهێشت مێردەکەی و مناڵەکانی پێی بزانن. ئەگەر فرمێسکیش چاوەکانی تەڵخدەکردن و نووکی دەرزییەکە کسپەی لە پەنجەکانی هەڵدەستاند، بە لچێکی فەقیانەکەی چاوەکانی دەسڕییەوە. کاتێك عەزیز بە پەستی و تێکشکاوییەوە خۆی کرد بوو بە ماڵدا و پێیڕاگەیاند بوو، کە پیکابەکە، کاتژمێر یەک و نیو دەردەچێت، ئەو لە دروونی کفنەکە بوو بووەوە.
لەگەڵ هەڵتەك هەڵتەکی پیکابەکەدا و ئەو تەقە و ڕەقەیەی لە کەلوپەلەکانی ناوییەوە دروست دەبوون، ئەمانیش خەیاڵیان دەشێوا و دەگەڕانەوە ناو تەپوتۆزی جادەکە. بە درێژایی ڕێگاکە، ئەمان لەگەڵ هیچ کام لە سەرنشینەکاندا نەدووان. عەزیز، خەیاڵی لای دەستکەوتنەوەی لاشەکە بوو. گوڵنازیش، خەیاڵی لای ئەو گوللانە بوو کە بەسەر جەستەی کوڕەکەیەوە بوون؛ ڕەنگە بکوژەکانت لەو کاتەدا، کە گولـلە بارانیان کردیت، خۆیان بە قارەمان زانیبێت. ڕەنگە هەندێکیشیان بە قاقایەکی نەگریسانەوە، تەقەیان لێ کردبیت. ئاخریەکەی سەری خۆت دانا. من هەر دەمزانی ئەو سەرە هی خۆت نییە ومەرگی خۆتت داوە بەشانتا و دەیگێڕیت. بەڵام هەرگیز بڕوام نەدەکرد مەرگەکەت بەو شێوەیە بێت. دەبێت دوعای چ دایکێكێت لێ گیرا بوبێت، لەسەر ئەوەی ئازاری کوڕەکەیت داوە، ئاوا جەرگی منت سووتاند. ئەی دەبێت چەند کەس بە مەرگت دڵتەنگ و چەندیش دڵخۆش بن….
دوای ئەوەی تەحسین و سەعدوونیان برد، ماوەیەكی زۆر گەڕەك کپ و خامۆش بوو. شەقاوەکانی گەڕەك، چ ئەوانەی نەیاری تەحسین بوون و چ هاوڕێکانی، زۆر خۆیان دەرنەدەخست. ئەو وەكو گەنجێکی بزێو، شەڕانی چەقۆوەشێن و بگرە شەقاوەی گەڕەك ناسرا بوو. ئەو، لەگەڵ گەلێک کەسدا بە شەڕ دەهات، بە تایبەت هەندێك لەو شەقاوانەی گەڕەك کە نەیاری بوون، و بە خراپییش دەستی لێ دەوەشاندن .

Francis Bacon’s ‘Two Figures
with a Monkey’ -1973
ئەم گەڕەکە شەقاوەی چەقۆوەشێنی زۆر بوون، بۆیە لە ناو شاریشدا هەر بە گەڕەکی چەقۆوەشێنەکان ناوی دەرکرد بوو. ئیواران، کە ئەم شەقاوانە لای دوکانەکەی حاجی غەفور کۆ دەبوونەوە، ئیدی ترسیان دەخستە دڵی منداڵ، پیر و تەنانەت هەندێك گەنجیشەوە. چونکە یا کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکەیان دەکردە مەیدانی فڕک و هوڕی ماتۆڕە تیژەکانیان یا شەڕێکیان دەنایەوە. هەندێكجار ئەم شەقاوانە، شەڕیان بە کەسانی غەریب، کە بە کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکەدا دەڕۆیشتن، دەفرۆشت. جاری وا هەبوو لە ناو خۆیاندا دەیانکردە شەڕەچەقۆ. هەندێکجاریش شەڕەکانیان، بۆ تۆڵەکردنەوە بوو. ئەو ڕۆژەی براکەی سالەی حەبێ بە چەقۆ کوژرا، گەڕەك ئارامیی بە خۆیەوە نەدی، هەتا سالە و برادەرەکانی بکوژەکەیان لە گەرماوی ماڵێکدا دۆزییەوە و هەر لەوێدا ورگیان هەڵدڕی. ئەم شەقاوانە؛ کۆترباز، هەتیوباز و منداڵبازیشیان تێدا بوو. هەندێك لەو شەقاوانە، کە تووشی پیاوکوشتن دەبوون، دەچوونە دەرەوە و دەبوون بە پێشمەرگە. تیایاندا هەبوو دەستی لەگەڵ ڕژێمدا تێکەڵاو دەکرد و هەیشیان بوو بە نهێنی کاری بۆ یەکێك لە حزبەکان دەکرد.
تەحسین، کاری تەختەبەستی و هەندێكجاریش لە لای ئەو تڕێلە بارهەڵگرانەی چیمەنتۆ دەهێنن بۆ شار، حەماڵی دەکرد. چەندینجار لەگەڵ گروپی تری حەماڵەکاندا، لەسەر ئەوەی کامیان مافی هەیە، چیمەنتۆکە دابگرن، شەڕە بۆکس و شەڕە چەقۆی کردووە.
ئەو، ئێواران لەگەڵ برادەرکانیدا، لای باخەکانی قەراغ شار، دەیانخواردەوە. زۆرجاریش بە سەرخۆشی ماتۆڕی دەئاژوو. ئەو،کەسێکی کەمدوو بوو، هەتا پرسیاریان لێ نەکردایە، قسەی نەدەکرد. بە کەمی پێدەکەنی و زۆر تێکەڵاوی شەقاوەکانی تر نەدەبوو. ئەو کاتانەی ئیشی نەبووایە، لە بەردەم دوکانەکەی حاجی غەفوور بە بێدەنگی دادەنیشت. بەدەم خواردنەوەی بیبسییەوە یاری بە چەقۆ ئەبو ئەڵقەکەی دەستی دەکرد. هەتا ئەو کاتەی تەحسینیان نەفڕاند، کەس خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو، ئەو تاقەتی سیاسەت و حزبایەتی هەبێت. ئەو حزبەی ئەو کاری لەگەڵ دەکردن، لە ڕووی ژمارەوە، ئەندامەکانی کەم بوون و بە تەنها ئەو، لەو گەڕەکەدا کاری بۆ ئەو حزبە دەکرد. دروشمەکانی ئەو حزبە لەسەر دیواری ماڵەکانی گەڕەک بە تەنها ئەو دەینوسین.
حزبەکان، دیوارەکانیان کردبوو بە مینبەر، تا بە نوسین لەسەریان مژدەی کۆمەڵگەی ئازاد، یەکسان و سەربەخۆ بە خەڵکی بدەن. ئەو دروشمانە، هەندێكجار لەلایەن پێشمەرگە و بە زۆرییش لە لایەن ڕێکخستنی حزبەکانەوە بە بۆیەی سپرای دەنوسران. خەڵکی، کاتێك بەیانییان دەهاتنە دەرەوە و دروشمی نووسراوی سەر دیوارەکانیان دەبینی، حەماسێك تێکەڵ بە ترسی تۆڵەکردنەوەی پیاوانی ڕژێم لەو ماڵانەی کە دروشم لەسەر دیوارەکانیان نوسرا بوو، دای دەگرتن. ئەو کاتانەیش کە لە شاخەکانەوە دەبووە شەڕیان، نوسینی سەر دیوارەکانیش دەبووە شەڕە پشیلە. ئەم حزب، شەو دروشمێکی دەنوسی. ئەویتر شەوی دواتر دەیکوژاندەوە و لەژێر یان سەرەوەی نوسینەکەوە دروشمی خۆی دەنهخهشاند. جاری وا هەبوو لە جیاتی دروشم جنێو و قسەی سووکیان بە یەکتر دەگووت. زۆرجاریش گەنجەکانی ناو ڕێکخستنی حزبەکان لە یەکتر ئاشکرا دەبوون. ئیدی زیانگەیاندن بە یەکتری و تۆڵەکردنەوە لە شاخەکانەوە دادەبەزی بۆ ناو شارەکان و دەگەییشتە ڕێکخستنەکانیان.
پیکابەکە کاتی زەردەپەڕ گەیشتبووە ئاوایی. سەرنشینەکان هەریەکە بەرەو ماڵەکانیان ببوونەوە و ئەمانیش بەرەو مزگەوت. هیچ کام لەسەرنشینەکان خوڵقیان نەکردبوون بۆ ماڵەکانیان. ئەوانەی زانیبوویان ئەمان کێن و بە چ مەبەستێك هاتوون بۆ ئەو ناوچەیە، لە ترسی گێچەڵی پێشمەرگە و ئەوانەیشی نەیانزانی بوو ئەمانە کێن و چ کارەن لە ترسی گێچەڵی بەعس نەیانوێرا بوو بیانبەنەوە بۆ ماڵەکانیان. ئەمانیش خۆیان مانەوەیان لە مزگەوتەکە پێ باشتر ببوو لە چوون بۆ ماڵان. پێشتریش بڕیاریان دابو، کە نە بچنە ماڵی هیچ کەس و نە لە بارەگای پێشمەرگەکانیش بمێننەوە.
نیو کاتژمێر بەسەر حەوانەوەیان لە مزگەوتەکەدا تێپەڕ نابێت، چەند پێشمەرگەیەك بە فەرمانی بەرپرسی بارەگاکە، دەچنە مزگەوتەکە و لە هۆکاری هاتنەکەیان دەپرسن. ئەمانیش پێیان دەڵێن؛ هاتوون بۆ سۆراغی کوڕەکەیان، کە دوو شەو لەمەوپێش بردوویانن…هەرچەندە عەزیز و گوڵناز تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیا بوون لە نەمانی کوڕەکەیان. بەڵام ویستبوویان وەڵامی دڵنیاکەرەوەیان لە بەرپرسانی ئەو حزبەوە دەستگیر بێت. پێشمەرگەکانیش بە ساردییەکەوە پێیان دەڵێن؛ باشە، چاوەڕێ بن هەتا دێین بە شوێنتانا و دەتانبەین بۆ بارەگا…
ئەمان، بیستبوویان هەر ئەو شەوەی تەحسین و سەعدونیان بردۆتە ناوچە ئازادکراوەکان، لە شوێنێك دەوەستن و دوای ئەوەی گۆڕەکان بە خۆیان هەڵ دەکەنن، بە تۆمەتی ئەوەی کاریان لەگەڵ هەواڵگریی بەعسدا کردووە، گولـلەبارانیان دەکەن. دەنگۆی ئەوەش بڵاو بوو کە تەحسین، خۆی هەردوو گۆڕەکەی هەڵکەندووە و بەردەوامیش جنێوی بە پێشمەرگەکان داوە، بگرە لە سەعدونیش تووڕە بووە کاتێك زانیوویەتی ئەو شڵەژاوە.
ئەو شەوەی پێشمەرگە، تەحسین و سەعدونیان فڕاند، وەکو شەوەکانی تر تەق و تۆقێکی زۆر کرا. بۆ بەیانی خەڵکی، کە لە ماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە، گوێیان هەڵدەخست تا هەواڵی ئەو گورزە جەرگبڕە ببیستن کە لە ئەنجامی تەقەکانی شەوێدا لە رژێم دراوە. بەڵام جگە لە هەوڵی فڕاندنی تەحسین و سەعدون و نوسینی چەند دروشمێك لەسەر دیوارەکان هیچی دیکەیان نەبینی. لەو رۆژەوە ئیدی کەس نەبوو لەو گەڕەکەدا دروشمی حزبەکەی تەحسین لەسەر دیواری ماڵەکان بنووسێت.
بەرلین – 03.03.2019

تهنها دانانی لینكی بابهت ڕێگهپێدراوه.