شانۆی چەوساوەکان و چەمکی ئازادی
زاهیر عەبە ڕەش
بەرازیل و ئۆگستۆ بواڵ (1931- 2009 ) لە ڕیۆ دی جانیرۆ لە وڵاتی بەرازیل لەدایکبووە. ئەوی ئەکتەر، دەرهێنەر، سیاسی، ئەکتیڤیست، دراماپیداگۆگ و خاوەنی تیۆری شانۆیی. لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیۆرک، لەوێجۆن گاسنەر بە میتۆدەکانی ستانسڵاڤسکی و برێختی ئاشنا دەکات. هاوکاری بواڵ دەکات و هانی دەدات، کە گروپی ئەزمونگەری ڕەش دابمەزرێنێت، بواڵ ساڵی 1955 دەگڕێتەوە بۆ بەرازیل دوای ئەوەی گروپی ئەزمونگەری ڕەش دادەمەزرێت. دوو لە تێکستەکانی گاسنەر شانۆیی نمایش دەکات یەکەمیان (ئەسپ و پیرۆز) دووەمیان شانۆیی ( ماڵی ئەوبەرشەقامەکە). دوای بەدەستهێنانی بروانامەکەی داوا لە بواڵ کرا کە لە سانپاوڵو لە شانۆی ئەرێنە کار بکات، بواڵ لە شانۆی ئەرێنە کاری رێژی بۆ چەند شانۆییەک کرد کە پەیوەستی کردەوە بەو دۆخە ئابوریەی کە ولاتی بەرازیل تێیدا دەژیا، یەکێک لەو تێکستانە شانۆی مشکەکان و پیاوان بوو کە لە چیرۆکێکی (جۆنشتاینبێک) وە ئامادەکرابوو، ئەوەیش یەکەم کاری دەرهێنانی بواڵ بوو لە شانۆی ئەرێنە، ڕەخنەگرەکان بە ریزەوە باسی ئەو نمایشەیان دەکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو، ساڵی 1965 خەڵاتی یەکێتی ڕەخنەگرانی بەرازیلی وەرگرت.
بواڵ دوای هەموو نمایشێکی لەگەڵ خەڵکەکەدا کۆ دەبۆوە و گفتۆگۆی لەگەڵ دەکردن، تا لەساڵی 1960 بەتەواوی فۆرمی شانۆکەی گۆڕی کە بینەر خۆی بەشدار بێت.
لە ساڵی 1956 ـ 1971 بەرێوەبەری شانۆی سانپاولۆ بووە. لە 31 ی مارس 1964، لە وڵاتی بەرازیل کودەتایەکی سەربازی دەکرێت، چونکە ئەمریکا ترسی هەبوو سەرۆکی ئەو کاتەی ووڵات غولار ووڵاتەکەی بەرەو بیروباوەڕی چەپ بوون بەرێت، لەو ساڵەدا بواڵ دەگیرێت و ئازار دەدرێت ، پاشان ڕادەکات بۆ ئەرجەنتین و لەوێوە بۆ فەرەنسا. لەساڵی 1964 تا ساڵی 1980. لەوێ ئەدەب تەحەدیەکی گەورەبوو. لە کۆتایی ساڵی 1980 بواڵ دەگەرێتەوە بۆ بەرازیل و لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆ نیشتەجێ دەبێت.
لەساڵی 2008 بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتیدا کاندیدکرا، بەهۆی کارەکانی لە دژی چەوساندنەوە بە ئامرازێکی هونەری و بەیارمەتی شانۆی چەوساوەکان، وەک گەورەترین ئامرازی زانیاری بەخش لە کۆمەڵگەدا، ئەوەش لەلایەن خەڵکەوە دانی پێدانراوە کە. ئەوکەسانەشی بواڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرا لە ناویاندا ئەندامانی حوکمەت، براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ، ئەندمانی مەحکەمەی نێودەوڵەتی، پرۆفیسۆرەکانی زانستەسیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان بوون.
تاک لە ڕێگەی بەشداری کۆمەڵایەتیەوە وێنەیەکی خۆی بەدەست دێنێت
ئامانج لە دامەزراندی شانۆی چەوساوەکان لە لایەن ئاوگستۆ بواڵ، جارێکی تر گەرانەوەیە بۆ گۆرانیەکانی دیسرامپ، کە لەویدا هەموو کەس ئازادانە گۆرانیەکانی چریوە. حەزی منیش بۆ کارکردن لەم میتۆدەدا، لەوەوە ڕا سەرچاوەی گرتووە کە شانۆکەی میتۆدێکە بۆ گۆرینی کۆمەڵگە، مرۆڤ لە شیکاری کردن لە میتۆدەکەدا فۆکۆس دەخاتە سەر خۆی، شانۆی چەوساوەکان گرێدەدرێتەوە بە سیاسەتەوە، بەواتایەکی تر چۆن شانۆی چەوساوەکان، لەگەڵ ڕەوشی چەوساندنەوە و گۆڕینی کۆمەڵگە دێتەوە. هەروەک چۆن فرێری دەڵێت زانستی پەروەردە سیاسەتەو سیاسەتیش هونەری پەروەردە. بەوشێوەیەش بواڵ هەمان بۆچوون لە دیدێکی شانۆیدا و لە ئیدیۆمێکی نوێدا، شانۆ بە هۆکارێکی چالاک و ئەکتیڤ دەزانێت بۆ هوشیارکردنەوەی جەماوەر. بڕێخت ووتی شانۆ پێویستە هاوکاری شۆڕش بکات، بواڵ باوەڕی وایە شانۆ دەبێت خۆی شۆڕش بێت.
شانۆش لە دەورانی خۆیدا کردەیەکی کۆمەڵایەتی و چالاکیەکی کولتوریە، لە رێگەی بەشداری کردنی ئاپورەی خەڵک و ئەو چالاکیە هۆشیاری و کۆمەڵایەتیەدا، تاکیش لەرێگەی ئەو بەشداری کردنەدا وێنەیەکی خۆی بەدەست دێنێت. مرۆڤەکان کاتێک لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا بەشداربوون، سەرەرای ئەوەی بۆ دڵخۆشی خۆیان بوون لەهەمان کاتدا هاوکار بووە بۆ دروستکردنی کولتورو ژیارێکی قوڵ و داهێنانی زمانێکی هاوبەش کە گوزارشت لە خۆیان بکات وهەموویان تێدا بەشداربوون لە نەخش و دروستکردنیدا بێ جیاوازی.
لە هەمانکاتدا کولتور دروستکردنی سیستەمی فێکردنە، یان بە کۆمەڵایەتیکردنی تاکەکانە، کە جاری وا هەیە پەیوەندی خۆت و میتافیزیکاش لەخۆ دەگرێت. لە ڕێگەی زمانەوە نەک تەنها پەیوەندیکردن بەڵکو شێوەی بەرقەرارکردنی ژیان فێر دەبن، کولتور پەیداکردنی قارەمانە کە دەبن بەسەر مەشق بۆ ئەوانیتر.
لە تیۆریەکەی ئەرستۆ تالیسەوە، بۆ نوسینەکانی شکسپیر، و کڵێشەی دەورەکانی نیکۆڵای میخایلۆڤیچ و بیرو باوەرەکەی هیگڵ، ئەوگستۆ بواڵ بەڵگەیان بۆ دەهێنێتەوە، کە چۆن شانۆ لە مێژوودا کەرەستەیەک بووە بۆ دەسەڵاتی ئەریستۆکراتەکان.
زانستی کۆمەڵناسی لێکۆڵینەوە دەکات لەو دۆخەی کە هەیە یان کە بووە، بەلای ئەوەدا ناچێت کە دەبێت هەبێت، پەیوەندی و ئاستە کۆمەڵایەتیەکان وەک خۆی کە هەیە دەخاتە ڕوو. شانۆی کلاسیکیش لە هەنگاوەکانی پاشیدا بە هەمان پێڕەو سیستمی زانستە کۆمەڵایەتیاکان بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و داکەوتەی ڕوانیوە. بەڵام بواڵ دەیەوێت هەنگاوێک بهاوێتە پیشێ و ئەو وەک فەیلەسوفێکی کۆمەڵناسی خۆی بەیان دەکات و دەڵیت دەبێت ئەرکی شانۆ ئەوەبێت کە بتوانێت گۆڕانکاری بکات، نەک بەو دۆخەی هەیە قابیل بین. ئەویش بە داهێنانی ئەو میتۆد و تەکنیکە نوێیانەی کە ڕەنگدانەوەی هزر و بیری بواڵ بوون و هەروەها بەخۆتێهەڵقورتاندنی بینەر و بەشداری پێکردنیان بۆ دروستکردنی سیستەمێکی تری ژیان کە بەهاکانی مرۆڤ تێدا پارێزراوە، لە پرۆسێسی دروستکردنی شانۆیەکەدا ،کە جێگای دڵخۆشی و رازی بوونی بەشداران بێت. لەلای بواڵ سنورەکانی شانۆ درێژ دەبێتەوەو تێکڵ بە کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی دەبێت. چونکە لە دەمی ئێستاماندا هیچ زانستێک سنورێکی دیاری کراوی نیەو ، سنورەکانی زانستەکان تێکەڵ بە یەکدی دەبن. کۆی تەوەری سەرەکی کارکردنی بواڵ مرۆڤەو کۆی پرنسیپەکانی ئاراستەی مرۆڤ بوون دەکات، هەروەها گەڕانەوەی بەهای مرۆڤە بۆ مرۆڤەکان و بونیادنانی مرۆڤە. لای بواڵ مرۆڤ بەبێدەنگی خۆی بۆ دروست ناکرێت و دەبێت قسەی هەبێت، بەشداربێت و سوبجەکت بێت. شانۆکەی مەساحەیەکە بۆ قسەکردن، کاتێکیش ئەو دەرفەتەمان بە مرۆڤدا و قسە بکات، و گوزارشت لەخۆی بکات ئەویش یەکێکە لەبنەماکانی دیمۆکراسی. مرۆڤیش لە سروشتی خۆیدا بونەوەرێکی قسەکەرە و حەزی بە گوزارشتکردنی بیرو ڕاکانی خۆی هەیە. شانۆکەی بواڵ ئەو دەرفەتە بۆ مرۆڤ دەخوڵقێنێت کە گوزارشت بکات، لەو دیدگایەوە بواڵ دەیەوێت شانۆ بگەرێنێتەوە نەسڵی خۆی کە هەمووان بەشداربوون، کە هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ گردبوونەوەی خەڵک.
بۆ لێکۆڵینەوە وهەڵکۆڵین لە شانۆکەی بواڵ دەتوانین ووشەی گرتبونەوە لەبری شانۆ بەکاربهێنین، ئەو زۆر جار لە وارکشۆپەکانیدا بە سەرجەم پرۆسێسی کارکردنی شانۆیی و نمایش دەڵێت گردبونەوە. گردبونەوە بۆ شەن و کەوکردنی کێشەیەک، چارەسەرکردنی کریسێک. گردبونەوە مەبەست لە ئاپۆرەی خەڵک کە بۆ بینینی ڕووداوێک.
گردبوونەوە، سەرەتایی ترین گروپی گۆمەڵگەیە کە تایبەتمەندیەکانی بریتیە لە بوونی پەیوەندیەکی کاتی، هەرکات دوای تەواوبوونی گۆرانیەکە یان روداوەکە رەنگە هیچ پەیوەندیەک لە نێوان تاکەکان نەمێنێت. هیچ رێکخراوێکی تایبەت نیە، دابەشی هیچ دەستە کۆمەڵێک نیە، هیچ مەرامێکی سایسی و ئایدۆلۆژی نیە، بەڵکو تاکەکان پەیوەستن بە هەڵس و سۆزە کاتیەکانەوە، هیچ لۆژیکێک زال نیە بەسەر ئاپۆرەی خەلکدا بێ هیچ مەرامێکە، هەستو سۆزەکان خێراییەکی زۆریان هەیە توانای سەرتاپاگیریەکی زۆریان هەیە، بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەنجامی دەدەن بەڵکو تەنها بۆخۆشیە.
گردبونەوەی شانۆی کلاسیکی بەدیدی بواڵ بۆ مەرامی هاوسۆزی و هاوغەمیە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانەی کە بونیادی کۆمەڵایەتیان داڕشتووە، بەڵام گرتبونەوەیەک کە بواڵ دەیخوڵقێنێت، بۆ پیشاندانی روداوێکە، روداوەکش هەر ئەوخەڵکەی کە کۆبونەتەوە دەیخوڵقێنن، بەهۆی میتۆد و تەکنیکی شانۆکەیەوە ئەو خەڵکانە دابەش دەکات و پەیوەستی دەکات بە کۆمەڵەی ترەوە، تاکەکان پایەو پلەی خۆیان لە بیردەکەن، لەکۆی ئەم تایبەتمەندیە دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەوانەی گرد دەبنەوە لە کات و شوێندا گرد دەبنەوە. ئاراستە یاخود هزرێکی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە کە بەرەو دەستەجەمعیان دەبات ، ئەمەش لەبەر هاوسێیەتی فیزیاییە کە لەنێوان تاکەکاندا هەیە، و ئامانج تێیدا دڵخۆشیە، پەیوەست بوونی تاکە بە کۆمەڵەوە تاکو هەست و سۆزەکاناین لە حاڵەتێکی دیاری کراودا دەڕببڕن و وابەستەی خۆیان بە کۆمەڵەوە بسەلمێنن.
لای بواڵ هەندێک جار بەهۆی روداوێکە گرتبوونەوە دەخوڵقێنێت وەک، شانۆی نادیار، بینەر یان بەشدار دەخاتە ژێر کاریگەریەکی هەست و سۆزەوە، تاک یان بینەر لە ئەنجامی ئەو هەستو سۆزەیەوە، گوزارشت لە خۆی دەکات بۆچونە ئینسانی و ئادۆلۆژیەکەی خۆی دەردەبڕێت، ناچارە بەوەی هەلوێستێک دەببڕێت بە بێ ئەوەی هەست بکات لەبەردەم نمایشێکی شانۆیدایە، وابەستەی دەکات بە گروپێکەوە، یان بە کەسێکی بیر کەرەوە و هەڵوێست وەرگر.
بواڵ وەک کەسێکی ڕۆشنفیکر و وەک کۆمەڵناسێک شیکاری بۆ کۆمەڵگەی هەبوو، لە غەمی مرۆڤدا بوو، وەک فەیلەسوفێکیش لە هزری ئەوەدا بوو کۆمەڵگە بگۆڕێت، هەرچەند هەم بە نوسین و هەم بە وارکشۆب زۆر باسی لە ئایدیاو بیروباوەرە پێشکەوتوخوازیەکەی خۆی کردووە ،باسی لە گۆڕینی کۆمەڵگە دەکرد بەرەو ژیانێکی باشتر،، بەڵام ئەو تەنها بە کۆڕ و سیمینارو وارشکۆپەوە نەوەستایەوە، بەڵکو چەند تەکنیکیكی نوێی داهێنا، شانۆی کرد بە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئایدایکانی و بیروباوەرەکەی. لەبەر ئەوە شانۆی چەوساوەکانی دامەزراند کە چەند جۆرێک لە تەکنیک و میتۆد لەخۆ دەگرێت، کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەدەین.
شانۆی چەوساوەکانتش دەبێت بە ئامرازێکی کاریگەر بۆ تیۆریەکەی بواڵ، تیۆرییەکەشی وەک کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ ئازادی. بەواتای ئەگەر ئێمە نەخشەسازیەکەی بۆ بکەین بەمشێوەیەی خوارەوەی لێدێت تیۆری شانۆی چەوساوەکان بە هەموو جۆرەکانی ( کە میتۆدێکی پیداگۆگیانەیە) مرۆڤ و ئازادی. بە واتای، ئەوەی شانۆی چەوساوەکان ئامرازێکە بەدەست بواڵەوە بۆ گۆڕانکاری و بۆ بەدیهێنانی ئازادی، چونکە، بواڵ ئامانجی ئەوەبووە کە مرۆڤی ئازاد دروست بکات، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە چەوساندنەوەدا خۆی بۆ دروست ناکرێت، مرۆڤ لای بواڵ واتا ئازادی چەمکی مرۆڤ بوون واتە چەمکی ئازادی. بەرازیل نەیتوانی زمانی خەڵک بەگەرێننەوە بۆ خۆیان لەبەر ئەوەی لەسەردەمی کۆڵۆنیاڵیدا ئازاد نەبوون. وەک مرۆڤ نەیتوانی گوزارشت لەخۆیان بکەن.
جا مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت گوزارشت لەخۆی بکات و ئازاد بێت ،دەبێت مەساحەیەکی بۆ دروست بکەیت کە تێیدا ئازادبێت، بێ هیچ سڵەمینەوەیەک گوزارشت لەخۆی بکات، بێ ئەوەی کەس سانسۆر بخاتەسەری و خۆشی هیچ سانسۆرێک نەخاتە سەر دەربڕینی بیرو باوەڕەکانی و حەز و ئارەزوەکانی. لە هەرشوێنیكیش ئازادی هەبوو بێ شک ئەو شوێنە سیستمێکی دیموکراتیانەی هەیە.
بواڵ شانۆ دەکاتە ئەو مەساحەیە کە مرۆڤەکان تێیدا ئازاد بن. چونکە لای بواڵ ئازادی گوزارشتکردن ئامرازێکە بۆ ئاشکراکردنی حەقیقەت، هەموو رێگریکردنێک لەم دەربڕینە وا دەکات بڕیارو هەڵوێستە هەڵەکان چاکنەکرێنەوەو نەگۆڕدرێن و وەک خۆیان بە هەڵەیی و خراپی بمێننەوە. بە مانایەکی دی، ئازادی گوزارشتکردن دەرفەتێکە بۆ چاککردن و ڕاستکردنەوەی فرمان و بڕیارو هەڵوێستی خراپ و ناڕاست، بەواتای تۆ هەموو ئەو هەڵانە تێگەیشتنە خراپانە هەیە لە ناو شانۆدا پەردەی لەسەر هەڵدەماڵیت.
بەڵام هەرگیز لە شانۆی کلاسیکدا تۆ ئەو هەلەت نیە وەک کەسێک گوزارشت لە بۆچونەکانی خۆت بکەیت، و ئازاد نیت لە بەروپێشچونی ئاراستەکردنی ڕوداوەکاندا. بەڵام لە شانۆکەی بواڵ تەنانەت شوێنی دانیشتنی بەشداران بەشێوەیەکی بازنەییە و هیچ سنورێک و بەربەستێک لە نێوان ئەکتەرو بینەردا نیە، شوێنی دانیشتنی بەشداران هەروەک فۆرمی گۆرانیەکانی دیسرامپ بەبازنەیی دادەنیشن.
ئازادیش هاوکارێکی گەورەیە بۆ بونیادی پرۆسەی دیموکراتی، تاکیش لەرێگەی دەربڕینی بیروراکانیەوە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی دروست دەکات. ئازادی واتای بەخشینی زمان بۆ ئاوەی گوزارشت لە خۆی بکات لەهەمان کاتیشدا زمان سەرەکیترین ئامرازە بۆ تێکەگیشتن لە کۆمەڵگە. مرۆڤ ووشە بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفتاری خۆی و کەسانی تر. زمان کلیلی نەتەوەیەکە دەتوانی ، ئەو نەتەوەیەی پێبناسیت.
هەرچەندە بەرازیل سەرکەوتوو نەبوو لەوەی وەک زمانی نەتەوەیی بەگەرێنێتەوە بۆ میللەتی خۆی بەڵام توانی لە بری زمان گوزارشتکردن لەخۆی ودەربڕین لەخودی تاک دابهێنێت کە بە ئازادانە بە زمانێکی تر گوزارشت لە خودی خۆی وەک کەسێکی بەرازیلی بکات و میلەت بەرەو ئازادی بەرێت.
ووڵاتی بەرازیل گەورەترین ووڵاتی کیشوەری ئەمریکایە باشوورە نزیکەی دووسەد ملیۆن کەس دەبن .بەڕازیل لە ساڵی 1500 تا 18015 بەشێک بوو لە کۆڵۆنیالی وڵاتی پورتگال. هەروەها خەڵکە ڕەسەنەکی نزیک بە هەزار زمان و دیالەکتی جیای هەبوو. بەڵام زمانی خەڵکەکەی و لەناوچوون بەهۆی باڵادەستی کارکردن و کاریگەری ڕۆشنبیری کۆلۆنیالی. کاتیکیش پورتوگال ووڵاتی بەرازیل بەجێ دەهێڵێت، وصیە لە شوێنی خۆیان دادەنێن، وەک کاربەدەستێکی پورتوگالی سەرۆکی بەرازیل هەڵس و کەوت دەکات. کاتێکیش ناپلیۆن پورتوگال داگیر دەکات 1807 هەموو پورتوگال دەگوازنەوە بۆ بەرازیل. هەرچەندە هەندێ ولایەتی دوورەدەستیان ماوە کە بە زمانی تووبی Tobi قسە دەکەن. بەڵام زمانی پورتوگالی بوو بە زمانی ڕەسمی و دەوڵەتی وڵاتی بەرازیل.
ئامانجی میتۆدی کارکردنەکەی گۆڕینی چەمکی مۆنۆلۆگە بۆ دیالۆگ، چونکێ هەرکاتێک میتافۆری دیاڵۆگ گۆڕدرا بۆ مەنەلۆگ ئەوا سەرکوتکەرو سەرکوتکراو دروست دەبێت. پێچەوانەکەیش ئەگەر مەنۆلۆگمان گۆڕی بەدیالۆگ ئەوا ڕووبەڕی ئازادی فراوانتردەبێت و تەبایی لە نێوان تاکەکاندا دروست دەبێت بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ساغلەم.
لەهەموو تەکنیکەکانی بواڵدا، بەشدار بوو ئامادەگیەکی تەواوی هەیە لە کۆی پرۆسەی بەرهمهێنان و دروستکردنی شانۆکەدا، بینەر خۆی ڕاستەخۆ بەشدارە لە بەئاڕاستەکردنی ڕەوتی ڕوداوەکاندا، لەمەوە بواڵ ووشەی بینەر لە فەرهەنگی کارکردنی دەسڕێتەوەو لەبری ووشەی بینەرو ئەکتەر، ووشەی بەشداران بۆ هەردوکیان بەکاردێنێت. ئەویش بە واتای هەم ئەکتەرەکان و هەم بینەرەکان پێکەوە نمایشەکە دەخوڵقێنن. ئەوانەی کە لە شوێنی نمایشەکەدا ئامادەن چارەسەر بۆ کێشەی ڕوداوەکان دەدۆزنەوە. بەشداریپێکردنی بینەر ڕۆڵێکی گەوەی هەیە لە کارکردنی بواڵدا.
گرنگە کە ئاگاداری ئەوەبین کە میتۆدەکەی بواڵ ڕەچەتەیەک نیە لە هەموو بوارێک و دۆخێکدا کارکردنی وەک یەک بێت. شانۆی چەوساوەکان و میتۆدەکەی بواڵ مەشق و پرۆڤەیەکە، شیکار و گەڕانە بۆ دۆخێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراودا، و لە شوێنێکی دیاکریکراودا.
لەژێر ڕۆشنایی شانۆی سیاسی ئێروین بیسکاتۆر و برتۆڵد برێخت کە دژ بەناعەدالەتی و چەوساندنەوە بوو، لە چەند ووڵاتێک چەند گروپی شانۆیی بەناونیشانی شانۆی پرۆلیتاریا لە هەندێک ووڵاتیش بەناوی شانۆی کرێکاری دامەزران. یەکەم وڵاتیش کە تێدا سەری هەڵدا ووڵاتی ڤیەنا بوو بەرابەرایەتی فرای ولس بون. پاشان ووڵاتانی تری گرتەوە. هەموو یەک شەمانێک نمایشی شانۆییان هەبوو. دوای ئەوە یەکێتیەکیان دامەزراند بەناوی international workes dramatic union . یەکێتی درامای کرێکارانی نێونەتەوەی.
بەڵام شانۆکەی ئۆگستوبواڵ بەهیچ شێوەیەک درێژەپێدەری شانۆ سیاسیەکی ئێروین بسکاتۆر نیە، یان درێژی پێدەری برتۆڵد برێخت نەخێر، بەرێخت نەیتوانی تەسەلای بواڵ بۆ گۆرانکاری و بۆ شانۆ بشکێنێت بۆیە تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی داهێنا.
ــ لەشانۆی ریالیزمیەکانی ستانسلاڤسکی کارتێکردنی هەستیە، لە نێوان ئەکتەرو نمایشدا.
ــ برێخت لەسەر هزر و ئەندێشەی بینەر کار دەکات هەڵبەت بە بەکارهێنانی تەکنیکی ئیغتراب ( نامۆ بوون)
ــ ئارتۆ و کرۆتۆفسکی ئامانجیان کارتێکردنە لەسەر هەست و رۆح و گۆڕانکارێکی دەروونی.
ــ ڕۆبەرت وێلسن ئامانجی کارتێکردنە لەسەر ناهۆشیاری بینەر .
ــ ئەی بواڵ لەسەر چی کار دەکات؟ ئەوە پرسیارەکەیە.
شانۆکەی بواڵ میتۆدێکە، تەکنیک و شیوازی کارکردنە. پاشان ئەم تەکنیکانە بوو بەجۆرێک ستایلی یەکگرتوو. هەموو ئەو ستایلانەی کە ویستی تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی بگات بە ئەنجامێک، بەڵام لەدواجاردا هەمان مەبەستی هەبوو. سەرەتا زۆر کەس وایان لێکدایەوە کە تێروانینەکانی بۆ شانۆ تێروانینێکی میدیایی و ئیعلامیە، لەسەرەتای نوسینەکانی بۆ شانۆ. بەڵام ئەو بەرگری لە بۆچونەکانی خۆی کرد و وەک (کۆنتێکست) چەمکێکی نوێگەری خۆی ناساند. بواڵ لەگەڵ ئەوەی پیداگۆگێکی بەناوبانگ بوو لەبواری نوسیندا پێنج کتێبی بۆ بەجێهێشتوین کە شیکاری دەکاتە سەر تەکنیک و میتۆدەکەی کتێبێکیش باس لە ئەشکەنجەو زیندانیەکانی وڵاتی بەرازیل دەکات.
گەڕانەوە بۆ گۆرانیەکانی دیسرامپ
– سەرەتا بابزانین گۆرانیەکانی دیسرامپ چیە؟ لەکوێ سەریهەڵدا؟ و چۆن گەشەی کرد؟!
دیسرامپ کە دیسرامیۆسیشی پێدەگوترێت، واتە چرینی گۆرانی بە کۆڕاڵ، کەشێوازێکی هۆنراوەیی هەیە، شێوازی گۆرانیەکە سەرەتا هەراو زەناو خۆشی و بەیت وبالۆرە و ئای ئای خودا پەرستی بوو بۆ دیۆنیسۆس، خودای بەپیت و فەڕ کە پاشان وەک خودای شەراب سەیریان کرد. کە لە گروپێک خەڵک پێکهاتووە کە هۆنراوە بە لاوانەوە و پارانەوە لە شێوەی گۆرانیدا دەچرن، کە سەماکردن شانبەشانی خوێندنەوەی هۆنراوەی ئاینی بەشێکی گەورەیی شانۆی یۆنانی پێکدەهێنێت.
دیسرامپ کە لە ڕێگای پارانەوە بۆ دیۆنیسیۆس ( باخۆس) کە یەکێکە لە خواوەندەکانی یۆنان، بە یەکێک لە چوار جۆری شانۆی یۆنانی دائەنرێت.. دیسرامپ سەرەتا لە موسیک، دانس و هەڵبەست پێکهاتبوو، دیسرامپ ، سەمایەکی هەرەوەزیە کە لەوێدا پەنجا سەماکەر سەمایان دەکرد لە شێوەیەکی بازنە,یدا، لە هەمان کاتدا تاکژەنێک (سولیست) کە رۆڵی دیۆنیسیۆس بەرامبەر بە کۆرسەکە دەبینێت بەتەنها گۆرانی بەرامبەریان دەڵێت، بەگوێرەی دابو نەریتەکان بۆ یەکەم جار دابو نەریتی دیسرامپ لە ئاریۆنی هەلبەستڤان و موسیکزانی شاری (کۆرنیت)ەوە داکەوت پاشان هەموو یۆنانی گرتەوە، هاوشان لەگەڵ پەرستنی دیۆنیسۆسدا. لەساڵی 600 پێش میلادوە پەرستنی دیۆنیسۆیس بو بە بابەتی پێشبڕکێی هەڵبەستڤانەکان.
دیۆنیسیۆس کوڕی (زیۆس)ە کە گەورە خواندەکانی (ئۆلیمپیۆس)ە، ئەو خواوەندەیە کە لە جەستەی گایەکی ڕەشدا بەدەردەکەوێت. لەم ڕیتوالەدا یۆنانیەکان گایەکی ڕەشیان دەبەستەوەو، پاشان نزاو دوعایان دەکرد و، خواوەندیان لە گارەشەکدا دەبینی. لە پاشاندا هەموو ئامادەبوان تاویان بۆ گارەش دەهێناو هەربەزیندوێتی دەیانخوارد. بەمجۆرەو بە بۆچونی ئەوان خواوەند دەبوو بە بەشێک لەخۆیان،. هەر لە گۆرانیە کۆنەکانی دیسرامپەوە، تراژیدی و کۆمیدی سەرەیهەڵدا. لەم جۆرە نزاو پارانەوەیە ئەم شێوازە شانۆییە سەری هەڵدا و ئەندامانی کۆرسەکە بەرگی کەوڵی بزنیان دەپۆشی و (tragos) لێرەوە تراژیدیا دروست بوو، لەو شێوازی ڕێورەسم و نەریتانەی ململانێی نێوان سیستەم و نەبووندا هەبوو. ووشەی تراجیدیا (tragoedia) بە مانای گۆرانی بزن دێ چونکە ئاژەڵ وێنەی خواندی هەبوو.
کۆمەڵناس هەمان رۆڵی دەرونزانێکی هەیە لە کۆمەڵگەدا ئەو یتریان بواری تاکەکانی کۆمەڵگەدا و ئەویان لەبواری کۆمەڵگەدا، شانۆش دەوری دەرونزان دەبینێت، لێکۆلەراوانی بواڵ ناسەکان دەڵێن شانۆکەی بواڵ دەوری هەردوکیان دەبینێت. هەم وەک درونزانێک و هەم وەک کۆمەڵناسی.
هەموو کارتێکردنانە لە ئاین و نەریدا هەبووە کە ئێستا زەرورەتێکی گەورەی شانۆیە، شانۆ رەگێکی کۆنی مێژویی لە بۆنەو جەژن و رێورەسمە ئاینیەکان و گۆرانیە بەکۆمەڵەکاندا هەیە، بەڵام ئەوا چینی ئەریستۆکراتیەکان بوون ئەم گەمەکەیان والێکرد بەشێوەیەک کە بوو بە پارێزگاریکردن لە چوارچێوەی یاساو رێساکانی سنورەکانی دەسەڵاتی خۆیان، بەشێوەیەک کە هەرەمی کۆمەڵگە وەک خۆی بهێڵنەوە.
هەر ئەریستۆکراتەکانیش بوون ئەو دیوارەیان لە نێوان بەشداران هەڵچنی و تێگەیشتنێکی تریان دا بە بەشداریکردن لەو گەمەیەدا، بەناوی ئەکتەرو بینەر، لەبری بەشداریەکی خۆرسکانە لەو کەرنەڤالانەدا. خۆ ئامادەکردن بۆ کاری نواندن و نوسین کۆریۆگرافی و مەشق و دیکۆر هتد هەموو ئەمانە لە لایەن بەرێوەبەرێکی ئەرستۆکراتیەوە یان شاعیرێکەوە جێی گرتەوە. لەم خاڵەوە ڕا جیاکاری کەوتە نێوان بەشداران، دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا ئەکتەر و بینەر. ئەکتەرێکی ئەکتیڤ و بینەرێکی پاسیڤ.
باسکردن لەم خاڵە ڕەگوڕیشەی شانۆی چەوساوەکانە
هەیکەل و بنەمای شانۆی کلاسکیکی لەسەر بناخەی نوێنەرایەتی کردن بنیادنراوە. بینەران رۆڵێکی پاسیڤیان دەدرێتێ و نوێنەرایەتی کردن و دەسەلات دەدەنە ئەکتەرەکان، لەدەورانی خۆیدا لەبری خۆیان نوێنەرایەتیان دەکرێت، ئەوەش لە بنەچەدا یەک جۆر پەیامە ئەویش پەیامێکی مۆنلۆگیە کە ناتوانێت دیالۆگ بخوڵقێنێت. بواڵ رەخنەی لەشانۆی کلاسیکی و بۆرجوازی ئەوەبوو کە هەمان دەوری میدیا و رۆژنامەو تەلەفیزیۆن دەبینێیت بۆ پاسیف کردنی کۆمەڵگە.
ئەو لە کتێبەکەیدا ( شانۆی چەوساوەکان) زیاتر قوڵ دەبێتەوە لە تیۆریەکەیدا و دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەڵێت: (شانۆ سیاسەتە) پاشان بۆمان رووندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە چۆن و بە چ شێوەیەک شانۆ سیاسەتە، بواڵ لە چاپی یەکەمی کتێبەکەیدا سەرچاوەو سەرەتاکانی درووستبوونی شانۆمان بۆ ڕووندەکاتەوە دەڵێت: شانۆ لە سەرەتادا سەربەست بووە، گۆرانیەکانی دیسرامپ بوو هەموو خەڵک بەشداری تێداکردووە، پاشان ئەرسیتۆکراتەکان چەند جارێک گۆڕانکاریان تێدا کرد. لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا خەڵک ئازادانە گۆرانیان دەووت، چینێک و دابەشکرایەک نەبوو بە نێوی ئەکتەرو بینەر. هەموو پێکەوە سرودەکانیان دەوتەوەو پێکەوە دڵخۆش دەبوون، بەڵام ئەریستۆکراتەکان هاتن و خەلکەکەیان دابەشیان کرد بەسەر دوو بەرەدا، هەندێکیان بچنە سەر تەختەی شانۆو رۆڵ ببین و پێیان بووترێت ئەکتەرو، ئەوانی تریش و پێیان بووترێت تەماشاکەر. لێرەوە بواڵ بەو دابەشکردنە دەڵێت کە شانۆ و و ئازادیان دابەشکرد بەسەر دوو بەشدا یەکێکیان ئەکتیڤ و ئەویتریان پاسیڤ. پاشان زیاتر و زیاتر دابەش دەبن . بواڵ شیکاری بۆدەکات. بابزانین بواڵ چۆن باس لەم دابەشکردنە دەکات.
دابەش بوون تەنها لە ناو خەڵکەکەدا نەبوو بەڵکو جارێکی تر لەناو ئەکتەراکنیشدا دابەشبوونێکی تر دروست بوو. گۆڕانکاریەکانینیش بەمشێوەیە بووە.
یەکەم گۆرانکاری: یەکەمجار ئەریستۆکراتەکان مرۆڤەکانیان دابەشکرد، هەندێکیان لەسەر شانۆکە کرداربنوێن و ڕۆڵ ببینن، بەشەکەی تریشیان تەماشاکەربێت و بۆ بینینی نمایشەکە بێن. دوای ئەم دابەشبوونە بواڵ ناوی دەنێت وەرگرێکی پاسیڤ و ئەکتەرێکی چالاک، ئەمەش دابەشبوونێک بوو کە مرۆڤەکانیان جیاکردەووە.
لە گۆڕانکاری دووەمدا: لە خودی شانۆی گریکیدا بوو، ( پاڵەوان و خەڵکی ڕەشۆک) لە نمایشەکاندا. واتە کەسی سەرەکی و پاڵەوان لە نمایشەکاندا ئۆرستۆکراتەکان بوون و رەشەخەڵکەکەش کۆرس بوون. کۆرس هێمابوو بۆ ڕەشەخەڵک و پاڵەوانیش بۆ ئەرستۆکراتەکان.
سێیەم گۆڕانکاری لە پاڵەوانەکاندا ڕوویدا؛ هەموو دەڕبڕین و هەستەکان بەشێوەیەکی بابەتی ئۆبجەکتیڤی گۆڕی بۆ گوزارشتی هەست و سۆزی زاتیانەی سوبجەکتیڤی کارەکتەراکان، چونکە لە پێشودا لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا بەشێوەیەکی بابەتی گشتی هەمووان گوزارشتیان لە هەست و سۆزەکان دەکرد، بەلام پاشان ئەکتەر داماڵدرا لە هەموو هەست و سۆزێکی خۆی و ئەو لەوێدایە تەنها نوێنەرایەتی هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکات، کە قەڵەمڕەون لە واقعدا، بە واتای سیفەتەکانی وەک غیرەو دڵپیسی لە بابەتەوە بوو بە شێوازێکی دەربڕینی خود و تاکەکەس لەبنەمای ئەو هەست و دەربڕینانە، واتە کەسێک گوزارشت لە دردۆنگی و دڵپیسی بکات. سوبجەکتی ئەکتەر دەبێتە قسەکەری هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار، بەشێوەیەکی ڕونتر بڵێین ئەو پاڵەوانەی لە نمایشەکدا دڕدۆنگ و غەمبارە، ئەوە ئەکتەرەکە نیە کە غەمبارە بەڵکو ئەوە پیاوانی دەسەڵاتن غەمبارن چونکە ئەو نوێنەرایەتی خۆی ناکات وەک ئەکتەر.
بە دیدی بواڵ ئەوە بۆرژوازییەکان بوون کە پاڵەوانەکانین دابەشکرد، شانۆ لەم گۆرانکاریانەدا بوو بە قسەکەری چینی باڵا دەست و بەهاکانی خاوەن دەسەڵات، خەڵکیش لە نۆبەی خۆیدا دەبێت بە بابەتێکی پاسیڤ و هیچ پەرچدانەوەیەکی نابێت، و لەو حاڵەتەدا تەنها وەرگرە. بەبۆچونی ئۆگستۆ بواڵ پێویستە ئەو دیوارانە تێکبشکێنرێت و ئەو بەربەستانە لا ببرێت کە دەسەڵاتداری چینە باڵاکان دروستیان کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر شانۆ بگەرێتەوە سەر ئەسڵ و نەسلی خۆی. ئەو خاڵە سەرەتایەو ئەو شوێنەی کە شانۆ سەرەتا چۆن بووە و چۆن هەموو خەڵک خۆی بە خاوەنداترێتی شانۆ دەزانی و بەشداری تێدا کردووە. ئەمەش لە چەند ووڵاتێکی لاتین ئەمریکا روویدا، لەوێدا تا رادەیەک شانۆ دەگەڕێتەوە سەر فۆرمە بنچینە ڕەسەنەکەی.
بواڵ بۆمان ڕووندەکاتەوە و داوادەکات لە سێ هەنگاودا گۆڕانکاری لە شانۆدا بۆ گەرانەوەی فۆرمە رەسەنەکەی رووبدات، دیوارەکانی نێوان ئەکتەر و بینەر بروخێنرێت. لەم گۆرانکاریەدا دەخوازێت کە کۆمەڵگە بەشداری بکات و رۆڵی خۆی ببینێت. لەگەڵیشیدا دیواری نێوان پاڵەوانی نمایش و کۆرس و کەرەسەی بەرهەمهێنانی پێویستە بروخێنرێت. واتە شانۆ ئامرازێکە ئەو ئامرازەش دەبێت لە لایەن خەڵکەوە بەکاربهێنرێت. بۆ چۆنێتی گەیشتن بەم سێ هەنگاوە هەردوو میتۆدی کارکردنی تیۆری شانۆی چەوساوەکان باسی ڕووخاندنی ئەو سێ دیوارە دەکات.
کتێبەکانی بواڵ
.ـ شانۆی چەوساوەکان؛ چاپی یەکەمی ئەم کتێبە لە نێوان ساڵەکانی 1971 تا 1973 کە لە ئەرجەنتین بڵاو کرایەوە، دوای ئەوەی کە دەگیرێت و سسزا دەدرێت ئەویش ڕادەکات بۆ ئەرجەنتین.
– هەر لەوماوەیەدا کتێبێکی تر چاپ دەکات بە ناوی تۆرخمیدا ( Torquemada)، کە لە ناوی (توماس دی تورخمیدا) هاتووە کە یەکەم لێکۆڵەری گشتی له دادگاکانی پشکنین بوو لە ئیسپانیا. باس لە ژیانی زیندانی و ئەشکەنجەدانی ناو زیندانەکانی بەرازیل دەکات.
ـ پەلکە زێڕینە 1995
ـ شانۆی یاسادانان 1998
– مەشق گەمە بۆ ئەکتەرو نا ئەکتەر 1992
– هاملێت و کوڕی نانەواکە. 2001… کە ژیانی من لە سیاسەت و شانۆدا.
هەروەها چەند لێکۆڵینەوەو ئێسای تری هەیە کە لە گۆڤارو رۆژنامەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
تەکنیکەکانی شانۆکەی بواڵ
ئۆگستۆ بواڵ ئەم تەکنیکانەی خوارەوەی بەکارهێنا، کە زۆرێک لەو تەکنیکانە وەک مەشق بۆ ئامادەکردنی ئەکتەر وشانۆکار لەستیۆدیۆکانی شانۆدا بەکاردەهێنرێت، لە پەیمانگاکانی شانۆدا وەک بابەتێکی پیداگۆگیانە و مەنهەجی بۆ دروستکردنی پیداگۆک دەخوێندرێت، یان وەک ئامرازێک لە فەرنمانگەکاندا بۆ نەهێشتنی کۆنفلیکت و ناکۆکی بەکاردەهێنرێن، یان لەهەندێک زانکۆدا وەک بابەتی کۆمەڵناسی دەخوێندرێت. لەوانەش سەنتەرێک لە هەرێمی بنگاڵو لە هیندستان دروست دەکرێت بە ناوی: کورتکراوەی (CCDC) . Center for Community Dialogue and Changeناوەندێک بۆ کۆمەڵگەو دیالۆگ لەگەڵ گۆڕانکاری کۆمەڵگە). ئەم سەنتەرە تەرخانە بۆ خوێندن لەبوارەکانی زانستە مرۆڤایەتیاکان لە رێگەی شانۆی چەوساندنەوە. ئەم سەنتەرە بەردەوام لەناو خەڵکدان و وەرشە و وارکشۆپ دەکەنەوە.
ئۆگستۆبواڵ دەڵێت“شانۆی چەوساوەکان وەک ڕەچەتەیەک نییە، بۆ پرۆسێسی ئازادیخوازی یان کەتەلۆگێکی حازر بەدەست بێت بۆ چارەسەرکردن. لە ڕاستیدا مەشقێک و پرۆڤەیەکە بۆ بارو دۆخێکی کۆنکرێتی، بۆ کاتێکی دیاریکراو و جێگایەکی دیار، شانۆکەمان لێکۆڵینەوە و شیکار و گەڕانە“
ئەو هەموو ئەو تەکنیک، میتۆد و جۆری کارکردنەی لەژێر چەترێکدا کۆکردەوە بە نێوی شانۆی چەوساوەکان. کە بزوتنهوهیهکی ئیستاتیکی، جهمالی بێ توندو تیژیه که ههوڵ له پێناوی بهدهستهێنانی بکهرێکی ئهکتیڤ و ئاسوده دهدات. له کۆتایشدا ئامرازێکه بۆ گهیشتن به عهدالهتی کۆمهڵایهتی و ئابوری که بنچینهیهکه بۆ دیموکراتیهتێکی ڕاستهقینه، به کورتی ئامانجی گهشهپێدانی مافه سهرهتاییهکانی مافی مرۆڤه. شانۆی چەوساوەکان لە نزیکەی حەفتا وڵات سەنتەری هەیە کە بەم میتۆدانە کار دەکەن. میتۆدەکانیش وەک شانۆی پەیکەر، شانۆی ڕۆژنامە، شانۆی نەبینراو(نادیار) ، شانۆی وێنەیی چیرۆک، شانۆی ئەفسانە وشانۆی سەکۆ و شانۆی یاسادانان. دەشتوانرێت هەموو ئەم فۆرمی شانۆ جیاوازانە بەکاربهێنرێت بەڵام هەربەشەو بەجیا بۆ خۆی و لە پانتایەکی جیاوازدا.تەکنیک و میتۆدەکان:
شانۆی سەکۆ: بەناو و دەنگترین میتۆدی شانۆی چەوساوەکانە. ئەم تەکنیکە لە توڕەیی و نائومێدی بینەرانەوە لە وڵاتی بەرازیل سەری لەدایک بوو. لە شوێنی تردا زۆر بە دوور و درێژی باسم لەم تەکنیکە کردووە، کتێبێکم لەسەر ئەم تەکنیکە نوسیوە. لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو بۆتەوە، بۆ ئاشنابوونی زیاتری ئەم تەکنیکە دەتوانن سەیری کتێبی ( شانۆی سەکۆ ) بکەن کە بە دورو درێژی باس لێوە کردووە، هەر لە نوسینی نوسەری ئەم ئارتیکڵەیە. بەڵام لێرەدا جارێکی تر پێناسەی دەکەمەوە. شانۆی سەکۆ، میتۆدێکی تەفاعولیە کە بینەر ئەو هەلەیان بۆ دەرەخسێت کە کاردانەوەیان هەبێت، لە رەوشەکەدا بژین و ڕوونکردنەوەیان هەبێت، پەیوەندی بگرن لەگەڵ ئەو کێشەیەدا کە پێشکەش دەکرێت.
شانۆی سەکۆ گەمەی میتۆدێکی پێداگۆگیانەیە بۆ ئازادی و گۆرانکاری، سەرەرای ئەوەی نمایشێکی شانۆییە و تێکستێکی خۆی هەیە ، بەڵام لەگەڵیشیدا پرۆسێسی دروستکردنی بەرهەمێکی شانۆی و نوسینی تێکستێکی شانۆییە، کە ئەکتەرەکان و بینەران لێکۆڵینەوە لە ماکە کۆمەڵایەتیەکانی کێشەکە دەکەن، ڕووداوەکان هەمیشە لە ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە وەهمەوە. تێکستی شانۆی سەکۆ تێکستێکی زۆر کورتە، کاتی نمایشەکە حەو تا پانزدە خولەکە، ئەو تێکستەش رەنگدانەوەی کێشەیەکی راستەقینەیە، کە هەمیشە تێکستەکە بە ڕەوشێکی ناخۆش کۆتایی دێت.
جاری یەکەم نمایشەکە پێشکەش دەکرێت، بەڵام بینەر تەنها تەماشای دەکات. بۆجاری دووەم ئەو نمایشە کورتە چەند خولەکیە دووبارە دەکرێتەوە. ئەمجارەیان واتە دووەم جاری پێشکەشکردنی نمایشەکە بینەران دەتوانن دیمەنەکە ڕابگرن و بیوەستێنن لەوکاتەی کە بینەرێک هەست بکات ناتەواییەک هەیە، یان دیالۆژی ئەکتەرەکە شێوەیەکی تر بێت، یان هەر جولەیەک و رووداوێک کە بینەر هەست بکات، بێحورمەتی بەکەسێک دەکرێت یان کەسێک تێیدا دەچەوسێنرێتەوە و نابێت بەو شیوەیە بێت، ئەو واقیعە دەبێت بگۆڕدرێت. هەموو ئەمانەش بە هاوکاری ئەکتەرێکی سەرەکەی یان پیداگۆگێک کە جۆکەری پێدەوترێت کە میانگیری دەکات لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەراندا. پاشان داوای هاوکاری لە بینەر دەکرێت، کە پێشنیاری خۆیان دەربرن بۆ ئەوەی هاوکاری ئەکتەرەکان بکرێت، لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا کە لە نمایشەکەدا روودەدات. ئەمەش ئەو بینەرەی کە بەشدار دەبێت دێتە سەر شانۆکەو جێی ئەکتەرێک دەگرێتەوەو، دەتوانێت بە چەند جۆرێک، بەچەند پێشنیازێک چارەسەری ئەو کێشەیە بکات. هەم بە دیالۆگ، هەم وەک رووداو یان بە زمانی جەستە، بەدیدگایەکی رەخنەگرانەوە، بە هەر شێوەیەک کە بینەرەکە بخوازێت هاوکاری لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان بکات. لە نمایشە کورتەکەدا بێگومان چەند ستێک و چەند چەوساندنەوەیەک و بێرێزی کردنێک هەیە لە نمایشەکەدا، بۆ نموونە ڕەنگە لە نمایشەکەدا کارەکتەرێک بە کارەکتەری هاوڕێکەی بڵێ ( تۆ بۆت نیە لەگەڵ ئێمە بێیت بۆ سەیران لەبەر ئەوەی تۆ قەڵەو و ناشرینی) لەم کاتەدا جۆکەر داوا لە بینەران دەکات، ئایا بۆمان هەیە بە کەسێک بڵێین (تۆ بۆ نیە لەگەڵ ئێمە بێیت بۆ سەیران لەبەر ئەوەی تۆ قەڵەو و ناشرینی) رەنگدانەوەی کەسانی دەورو بەر یان هاوڕێکانی چی دەبن؟ بینەر لەم کاتەدا رەنگە رۆڵی کەسی چەوساوە یان کەسە پاسیڤەکانی ناو نمایشەکە ببینێت، ئەو کاتە بینەر ئازادە لە ووتنی دیالۆگدا.
ئەم جۆرە کۆتاییە وا لە بینەران دەکات کە ڕۆڵی خۆیان بگێرن لەو دۆخەدا کە لە نمایشەکەدا دەخرێتە ڕوو. دەتوان نمایشەکە بووەستێنن و ئەو چارەسەرەی کە خۆیان بەلایانەوە پەسەندە بیخەنە ڕوو. ئەم دیمەنە کورتەی شانۆی سەکۆ کە چەند خولەکیە بۆ هەموو جۆر لە خەڵک و بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگەنمایش دەکرێت. لە نمایشەکەدا کاتێک ئەکتەرەکان دەگەنە خاڵ و ترۆپکی کێشەکە نمایشەکە تەواو دەبێت. پاشان ئەو نمایشە کورتە بەهۆی بەشداری بینەران درێژ دەبێتەوە و ڕەنگە چەند کاژمێرێک بخایەنێت
شانۆی نادیار: بواڵ ئەو تەکنیکەی لە سالێ 1970 دا داهێنا. ئەو کاتەی کە دەگاتە فەرەنسا و وادەزانێت لە ئەوروپای خۆر ئاوادا چەوساندنەوە نیە. بەڵام پاش ماوەیەک تێدەگات بەهەمان شێوە چەوساندنەوەش لە ئەوروپادا هەیە بەڵام چۆنێتی چەوساندنەوەکە جیاوەزە. شانۆی نادیار فۆرمێکی ترە لە لەو تەکنیکانەی کە بواڵ بەکاری دەهێنا. ڕوداوەکانی ئەم فۆڕمە شانۆیە لە شوێنێکدا ڕودەدات کە شانۆ نیە و لەبەردەمی خەڵکێکدا کە بینەری شانۆ نین، بینەرەکانی بێ ئەوەی هەست بکەن کە لەبەردەم شانۆدا دەبنە بینەری نمایشێک. دەتوانرێت شوێنی ئەم جۆری نمایشە گازینۆیەک، فارگۆنی شەمەندەفەرێک، گۆڕەپانێک، چێشخانەیەک، سەرشەقامێک یان هەرشوێنێکی گشتی بێت، تێماکانی ئەو جۆرە هەمیشە جەخت لە چەوساندنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، بواڵ دەڵێت: (ئەمە ئەو شانۆیەیە کە هیچ شێوازێکی جیاکردنەوەی جەماوەر و ئەکتەر نامێنێت و تەنانەت بەشداربوونی بینەرانیشی تیادایە کە ڕۆڵیان دەدرێتێ و کاریان لەگەڵدا دەکرێت. ئەم شێوازەش لەو شوێنانەدا جێبەجێ ناکرێت کە تایبەت بۆ شانۆ تەرخانکراوە، چونکە تێکەڵبوونێکی تەاو لەنێوان جەماوەر و نمایشکاراندا هەیە تا ئەو ڕادەیەی دەبن بەیەک. ئەم شێوازی نمایشە ئەگەر تێکستیشی هەبێت، ئەوە تەنیا بۆ خۆئامادەکردنی بەرەو ڕووبوونەوەی بینەرە، چونکە بابەتەکان لەکاتی نمایشدا هەڵدەبژێررێن)
ئەمجۆرە شانۆییە تێکستێکی سەرەتایی نوسراوی هەیە. بێگومان گۆرانکاری بەسەردادێت کاتێک سەیرکەران خۆهەڵدەقورتێنە ناو گەمەکەوە و بەشدار دەبن بەبێ ئەوەی بینەر خۆی هەست بکات، کە بۆتە ئەکتەرو روڵ دەگێرێت و هەرخۆشی ئاراستەی رووداوەکان دەگۆرێت. بە پێچەوانەی شانۆی سەکۆ کە بەشداران ساز و ئامادە دەکرێن و ئاگادارن لەوەی بۆ بینینی نمایشێک دێن. بەڵام بەشدارانی شانۆی نادیار بە هیچ شێوەیک ئاگاداری ئەوە نین کە بوونەتە بینەری نمایشێک، یان بوونەتە ئەکتەر لە نمایشێکدا. لە شانۆی نەبینراوەدا بینەر خۆی زیت دەکاتەوە، لەو کاتەدا دەبێتە سیاسیەکی ڕاستەقینە، مرۆڤ هەر شوێنێکدا نمایشی شانۆی نەبینراو بکات، مانای وایە کە مرۆڤ لەدەرەوەی شانۆ نمایشی خۆی دەکات، لەبەردەم خەڵکیدا کە بینەری شانۆ نین،لە شوێنێکدا کە تەختەی شانۆ نیە، ئەویش جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە، بەمانای چۆن ئەو بەسەرهاتانەی کە بەسەرت هاتووە بیر خۆتی بهێنیتەوە. بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکان سودێکی زۆریان لەم جۆری نمایشە وەرگرت و چریان کردەوە، ئێستا زیاتر وەک کامێرای شارەوە دەردەکەوێت.
ئەگەر نموونەیەک بهێنینەوە بۆ شانۆی نادیار بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونتر بێت: بۆ نموونە لە شوێنێکی گشتیدا وەک فارگۆنی شەمەندەفەرێک، کوڕێک گێچەڵی سێکسی بە کچێک دەکات، ڕەنگە کچکە تەنورەیەکی کورتی لە پێدا بێت یان پانتۆڵێکی تەسک، بەڵام ئەو دوانە هەردوکیان ئەکتەرن لە ڕستیدا، لە ناو فارگۆنەکەدا هەندیك ئەکتەر دانیشتوون کە سەر بەهەمان گروپی شانۆین، پاشان کچەکە دەیکات بە هەرا کە ئەو کوڕە گێچەڵی پێدەکات، ئەو ئەکتەرانەی کە لە فارگۆنی شەمەندەفەرەکەدا وەک موسافیر دانیشتوون بێ ئەوەی کە سەرنشینەکان بزانن کە ئەوانیش سەر بەهەمان گروپی شانۆیەکەن دەکەونە قسەکردن لەگەڵ سەرنشینەکاندا و دەیان دوێنن تا بزانن بۆچونی سەرنشینەکان و موسافیرەکان چیە لەبارەی گێچەڵی سێکسی، جاری واهەیە گفتوگۆیەکی توند لە نێوان خەڵکەکەدا دروست دەبێت. پاشان هەمان گروپ یان هەندێک لە ئەکتەرەکانی هەمان گروپ لە فارگۆنێکی تردا یان رۆژی دواتر هەمان دیمەن دوبارەدەکەنەوە، بەڵام ئەمجارە کچەکە گێچەڵی سێکسی بە کوڕەکە دەکات. بۆ ئەوەی بزانن ئایا هەمان بۆچونیان هەیە لەسەر گێچەڵی سێکسی؟. ئایا ئەوەی کور دەیکات بۆ کچ ڕەوانیە؟ ئا گێچەڵی سێکسی تاوان نیە جا چ کوڕ بیکات یان کچ؟. لەو نێوەندەدا ئەکتەرە بەشداربووەکان کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی کۆدەکەنەوە لەو بارەیەوە.
شانۆی ڕۆژنامە: شانۆی رۆژنامە لە ساڵانی 1975 لە کاتی شەڕی ڤێتنام و ئەمریکادا دروستبوو، تەکنیکی شانۆی رۆژنامە ئەوە فێری خەڵک دەکات یان ئامانجی ئەوە بوو، کە مرۆڤ رۆژنامە دوور لە گومانە درۆینەکەی خۆی بخوێنێتەوە، ئەو تەم و مژە لابەرن کە لە هەواڵی رۆژنامەوانیدا هەیە، شانۆی رۆژنامە تەکنیکێکە کە شکڵ و شێوەیەک گەڵاڵە دەکات، کە بینەر هەواڵەکانی ناو رۆژنامەیەک یان هەواڵە نادرامیەکان بکات بە شانۆ.
جێگای بایەخە باس لەوە بکەین، کە شانۆی رۆژنامە یەک جۆری کارکردنی نیە، هەر پیداگۆگێک یان مامۆستایەکی شانۆ دەتوانێت بە میتۆدێکی جیاوازتر لەوی تر کار بکات، بەلام ئامانجیان یەکە. ئەگەر ئاسانتر رونیبکەینەوە بەشێوەیەکی پراکتیکی دەتوانرێت بەم جۆرە باسی شێوەی کارکردنەکەی ڕونبکەینەوە.
لە وڵاتە دیکتاتۆریەکان یان ئەوانەی بانگەشەی نەتەوایەتی زۆر دەکەن، بەڵام هیچ خزمەتگوزاریەک وبۆ گەلەکەیان دابین ناکەن دەتوانرێت بەم شێوەیە کار لە شانۆی رۆژنامە بکرێت. دەتوانرێت بە ڕیکۆڕدەرێک یان بە ڤیدیۆ ئاڵای نەتەوەیی پیشاند بدرێت، بەوپەڕی حەماسەوە ئەکتەرێک سرودی نیشتیمانی دەڵێتەوە یان بە سرودی نیشتیمانی لێبدرێت، لەولاشەوە یەکێکیش بە دەنگی بەرز مانشێتی جەریدەکان، یان هەواڵی ڕۆژنامەکە دەخوینێتەوە کە دەڵێت: ئاو نیە کارەبا نیە، باسی هەژاری بکات. ئەم جۆری کارکردنە پارادۆکساڵیە، لەلایەک باسی نەتەوەپەرستی دەکەین لەلایەکی ترەوە هیچ پێداویستیەکەی سەرەتایی بۆ گەل و نەتەوە دابین ناکرێت و رێز بۆ گەلەکەی خۆت دانانێیت، یاخود تۆش دەتوانیتدەسەڵات و حکومەت بشوبهێنیت بە خیزان. بە پیچەوانەشەوە شێوازێکی دروستکراوە دەرفەت بە بینەر ئەدات کە هەواڵە نوسراوەکان یان بینینەکان کە رۆژانە گوێی لێدەبێت بە شێوەیەکی شانۆی ببینێت. ئەویش بەم رێگایانەی خوارەوە:
خوێندنەوەی ڕیتمی: لێرەدا هەواڵەکە نوسراوەکە لەگەڵ ریتمێکدا دەخوێنرێتەوە کە پێچەوانەی ئەو هەواڵەیە کە لە رۆژنامەکەدا نوسراوە. لەو کاتەد ئەو ئاوازە دەبێت بە ڕەخنە بۆ هەواڵی رۆژانامەکە، ناوەرۆکە ئەسڵیەکەی دەردەخەیت.
خوێندنەوەیەکی سادە: خوێندنەوەی بابەتە هەواڵێکی جیاواز کە ببێتە جێی سەرسوڕمان یان گفت و گۆ.
خوێندنەوەیەکی لێکدراو: لێرەدا دوو هەواڵی نوسراو دوا بەدوای یەک دەخوێندرێتەوە یان تەواکەری یەکن یان دژی یەکن لە دیدێکی تازەدا.
كارى تەريب: واته قسه كردن لەگەڵ لایەنە کاربەدەستەکان لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵەکان، بينه ر له هه مان كاتدا هەواڵەکە دەبیستێت و دەبینێت.
جاری وا هەیە دوو جۆر هەواڵ دەهێنن بۆ نموونە دەسەڵات و موعارەزە، نموونەیەکی بەرچاوە لە کوردستاندا:
دەسەڵات دەڵێت؛ بارودۆخ باشە
ئۆپۆزیسێۆن دەڵێت؛ بارودۆخ خراپە.
تۆ وەک پیداگۆگێکی شانۆی دەتوانیت یەک هەواڵ وەرگریت لە ڕۆژنامەکانی کوردستان، بۆیە لەم کاتەدا باسی کوردستان دەکەم چونکە نزیکترین نموونەیە بۆ ئەوەی بیبەستینەوە بە کارکردنی خۆمانەوە لە کوردستان. هەمان هەواڵ باسی یەک رووداو یان یەک هەواڵ یان یەک بەسەر هات دەکەن، بەڵام لە هەر ڕۆژنامەیکی سەر بە حیزبەکاندا بیخوێنەرەوە، هەواڵەکە ناناسیتەوە وەک ئەوەی باسی وڵاتێکی تر یان روداوێکی تر بکەن.
جا لە دیدی ئەو حیزبە سیاسیانەوە، یان پێگەیان لە پەرلەمان چ لە دەسەڵاتدا بن یان ئۆپۆزیسیۆن بن. تۆ ئەو دوو پەیوەندیە دەگۆڕیت بە کرێکار و خاوەن کار. یان ئاغا و دەرەبەگ.
لە شانۆی ڕۆژنامەدا دەتوانرێت فیلمی دۆکۆمێنتاری، وێنە یان هەرشتێک بەکاربهێنیت.یان بە پێچەوانەوە گێرانەوەیەک کۆلاج دەکەیت. لە شانۆی رۆژنامە بینایەکی خەیاڵی دروست دەکەیت بۆ بەرانگاربونەوەی ئەو ڕوماڵی رۆژنامەوانیە.
یان لە هەواڵێکدا کە نەخۆشیك چووە بۆ خەستەخانە دکتۆر لەوێ نەبووە، دەتوانرێت هەواڵەکە بخوێنرێتەوە، لەولاوە یەکێک هاوار بکات پێویستمان بە دکتۆرە.
شانۆی ئەفسانە Myth teater : مەشقێکە کە بەسەر هاتێکی داستانی مێژووی یان ئەفسانەیی دەگێڕێتەوە. ئەکتەرەکان مەشقی دەکەن و زیاتر ماسک بەکار دەهێنن بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ئەفسانەیە. ئەوەش لەبەر ئەوە دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی کەشفی ئەو ڕاستیە بکات کە شاراوەتەوە، کە پەیوەندی بە ئاشکراکردنی مانا شاراوەکانی ناو ڕستەکان هەیە، بۆ نموونە دێو و درنج و دەعبای خوێنمژ دەگۆڕێت بۆ سەرمایەداران و دیکتاتۆرەکان و ستەمکاران، واتە ئەفسانە ئاماژەیەکە بۆ هەندێک شت کە شاراوەتەوە. لەم مەشقەدا هەموو شارستانیەتی ئێستاو ئەساتیری ئەو کات لێکدەدرێتەوە. شتی هاوبەشی تێدا دەدۆزرێتەوە.
شانۆی شرۆڤەکردن و ڕیتوال و ماسک: ئەم ئەم دوو تکنیکە زۆر لەیەکتریەوە نزیکە بۆیە هەندێک لە پیداگۆگەکان بە دوو مەشقی جیاوازی دادەنێن و هەندێکی تر بەیەک مەشق، بۆیە من لێرەداهەردووکیان لە یەک بەشدا باس دەکەم. .یەکێک چیرۆک دەخوێنێتەوە، کڵاو ، قاسە، دەمانچە بابەت سیمبوڵە بۆ کارەکتەرو ، جۆکەر ئەو شمەکانە دابەش دەکات بەسەر ئەکتەرەکان. ئەم شانۆییە باسی دەرونزانی ناکات بەڵکو (کێشەی چینایەتی) کارەکتەرو شمەک خەسڵەتی خۆیانیان لێدەسەنرێتەوە. بەمانای ئەوەی کە کارەکتەرەکان بە سیمبوڵی دەکرێن. سیمبوڵ نوێنەرایەتی نوێنەرایەتی کارەکتەرەکان دەکات. هێمای پۆلیسی، یان کڵاوەکان کە دەوڵەمەندەکان لەسەری دەکەن. ئێسقانێک هێمایە بۆ سەگ. یەکێک دەخیلەی پێیە واتە ئابووری لای ئەوە.
کاتێک ئەو پیاویک کڵاوی سەرمایەداری دەکاتە سەری واتە کاریگەری هەیە بەسەر ڕووداوەکادا چونکە خاوەن ئابووریە. چۆن سیمبوڵ کاریگەری هەیە بەسەر ڕووداوەکان و بە چ شێوەیەک دەتوانێت کاریگەر بێت و دەسەڵات وەربگرێت. بۆ نموونە چیرۆکی دزێک باس دەکەین، گێرەرەوە کڵاوی سەرمایەدارەکان، یان ئامژەی پۆلیس ، یان دەمانچەیەک، یان عەلامەتی ماسۆنی، یان بەرماڵێک و جوبەی مەلایەتی دەدات بە دزەکە، تۆ رووداو دەخوڵقێت.
ئەم مەشقە باس لە دەرونزانی ناکات یان سروشتی مرۆڤ، بەڵکو باس لە کێشەی چینایەتی دەکات، ئەو نێوەندەی نێوان هەژار و دەوڵەمەند. لەم مەشقەدا سیمبوڵەکان بابەتەکان خەسڵەتەکانی خۆیان لێدەسەنیتەوە. ئەنالیزەی ئەم وێنانە لە تێروانینی پاڵەوانەوە یان کۆتایی بە ملکەچکی بهێنێت یان بەردەوامە لە یاخی بوون. بواڵ هەمیشە ئەو بیرۆکەیەی بە گەڕ خستووە کە نەهێشتنی چەوساندنەوە لە شانۆدا ئیلهام بەخشە بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوە لە واقعدا. هەرکاتێک ڕووکەشی گۆرا بابەتەکەش دەگۆڕێت. مانای ئەوە دەبێت وورد بین بین یەکەم جار سەیری شتێک دەکەیت لێی تێناگەیت دەبێت چەند جارێک لێی ووردبیتەوە.
ئەگەر دزێک کڵاوی پۆلیسی لەسەر بێت واتە مانای ئەوە نیە کە پارێزگاری لەتۆ دەکات.
یەکێک لەو چالاکیەکەکانی تر بەناوی ڕیتوال و ماسک. شوێنا و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بەمەراسیمە کۆمەلایەتیەکان دەکرێت. یان تەکنیکێکی تر کە ماسکی کۆمەڵایەتی پەیوەست بێت بەکار و پیشە یان ئەو کارەکتەرە سەر بە چ توێژ و چینێکە. بواڵ کارەکتەراکانی دابەش دەکرد بەسەر ماسکە کۆمەڵایەتی و مەراسیمەکاندا. ماسک و سیمبوڵی جیاوازی تێکەڵ بەیەک دەکرد یان گرێی دەدایەوە بۆ ئەوەی چەند تێڕوانینێکی جیاواز بۆ هەڵوێستەیەک، جێگەیەک یان پلەو پایەیەک دروست بکات. بۆ نموونە شەبقەی درێژی سەرمایەدارەکان کە سەرمەیەدارو بۆرجوازیەکان دەیانکردە سەریان، ئەوەی دەخستە سەر سەری پۆلیسێک کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پۆلیس بەکرێگیراوی سەرمایەدارەکانە. پرسیار جا چ روودەدات ئەگەر کڵاوێکی کرێکارانە لەسەر بکات؟. چ کاریگەریەکی دەبوو لەسەر دەور و ریتوال و بونیادی دەورەکەی.
شانۆی پەیکەر : شانۆی پەیکەر تەکنیکێکی پێرفۆرمانسیە. ئەم جۆرە تەکنیکە باشترین رێگەیە بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی کە نەخوێندەوارن، یان توانای قسەکردنیان نیە. بواڵ دەڵێت ئاسنترین رێگا بۆ داڕشتنی فکر وێنەیە بەشیوەیەکی مەلموس و ئاسان و ڕوون.
نموونەیەک: یەکێک باوەش دەکات بەکەسێکی تردا، باشە ئەو باوەشە بە چ شێوەیەکە؟ بەشێوەیەکی ڕەق، مردوو، نامرۆڤانە و ئازاردانە یان بەشێوەیەکی میهرەبانانەو دڵنەواییانە. تۆ وەک یداگۆگێک دەتوانیت بە خوێندکارەکانت بڵێیت باسی شۆڕش و ڕاپەڕین، باسی خۆشەویستی، یان هەر روداوێکی دی بکەن بەڵام تەنها جەستەتان بەکاربهێن، بۆ ووشەی شۆڕشدا هەرکەسەو لێکدانەوەیەکی خۆی هەیە. ئەم مەشقە تەکنیکێکی باشە بۆ خۆ ئامادەکردن و فروان کردنی خەیاڵ بۆ کاری ڕێژی.
شانۆی فۆتۆ ڕۆمانس: وێنەی کاریکاتێری کە بەزنجیرە بڵاو دەبێتەوە. چیرۆکێکی رۆمانسیە کە وێنەکانی لە زنجیرەی کاریکاتێری (ریز وێنە) وێنەی کارتۆنی وەردەگرێت کە بەزنجیرە بڵاو دەبێتەوە. بەشداران چیرۆکێک لەو وێنانە دروست دەکەن، بێ ئەوەی سەرچاوە وێنە رۆمانسیەکە دیاری بکەن. پاشان بەشداران باسی ئەو چیرۆکە دەکەن کە دروستیان کردووە. دوای ئەوەی کە چیرۆکەکەیان دروست کرد و گێرایانەوە دوا لە بەشداران دەکەیت کە چیرۆکەکەی دروستیان کردووە بەراوردی بکەن لەگەڵ لەگەڵ دەقی چیرۆکەئۆرجیناڵەکەدا. واتە بەشداربوان وێنەی زنجیرە کاریکاتێرێکیان تێکشکاند و چیرۆکێکی تایبەت بۆ خۆیان دروست کرد، پاشان گفتو گۆی دەکەن، سەرنجەکانیان چییە؟. دوای ئەوە نمایشی چیرۆکە دەکەن کە دروستیان کردووە. هەندێک چیرۆک ڕەنگە پێچەوانە بێتەوە لەبری چیرۆکە کۆمیدیەکە ببێت بە چیرۆکێکی خەفەت هێنەر وتراژیدی. ئەمەش رێگەیەکی باشە بۆ کێبڕکێ و دیدی ئایدۆلۆژی. بواڵ دەڵیت: ئەگەر بەشداران چیرۆکێکیان دروست کرد و پیچەوانەی نوسخە ئەسڵیەکە، ئەوا ئەو بەشداربووانە لە بەشداربویەکی پاسیڤەوە دەکەیت بە بەشداربوویەکی هەڵوێست وەرگر و ڕەخنەگر.
ئەم تەکنیکەی بواڵ سوودی زۆر لێوەرگیراوە کە چۆن وێنە لەپاڵ یەکتردا دابنێیت. لە پرۆگرامە تەلەفیزینیەکاندا سودێکی زۆری لێبینراوە. بەبۆچونی من ئەم تەکنیکە بۆ خوێندکارنی سینەماش زۆر پێویستە.
تەکنیک و مەشقی پەلکەزێرینە ( Rainbow of Desire): بواڵ هەروەها کتێبێکی هەیە بە نێوی (تەکنیک و مەشقی پەلکە زێرینە ) کە ساڵی 1995 نوسیوێتی. مەشقێکە بۆ شانۆ و چارەسەری دەرونی. ئەو کاتێک دەگاتە فەرەنسا هەمان شێوەی چەوساندنەوە نابینێت وەک ئەوەی لە بەرازیل، ئەمریکای لاتین و ئاسیادا هەبوو. تەکنیکی پەلکەرزێرینە لێکۆلینەوە لە چەوساندنەوە ناوەکیەکان دەکات، ئەم تەکنیکەی بۆ تاکەکانە کە بتوانێت تەواو لەناخەوە ئازادبێت. لە ساڵی 1980 بواڵ جۆرێکی تر لە میتۆدی شانۆکەی فۆرمەلەکرد عەوداڵی وەڵامدانەوەی جۆرێکی تر لە چەوساندنەوە بوو جگە لە چەوساندنەوە دەرەکیەکان. پەلکە زێرینە وەڵامێک بوو بۆ ئەو خەوشو کەمایەسیەی لەوەوە بەری کارکردنی، کە بەتایبەتی ئەو دۆخەی کە لە ئەوروپاو ئەمریکادا هەبوو چونکە ئەوروپا چەوساندنەی دەرەکی لەسەر نەبوو. سیستەمێکی سێکولاری دیمۆکراتی، لەسیستەمی دەوڵەتیدا پاراستنی مافەکانی مرۆڤ پیادەدەکرا، چونکە وا باسکرابوو کە شانۆی چەوساوەکان ڕەنگە نەتوانێت لە هەموو ژینگەیەک و لە هەبوو باردوۆخێکدا وەک یەک کاربکات و ئەو ناو ناوبانگەی هەبێت. لە هەندێک هەڵوێست و دۆخدا یەک هەڵوێست نەبوون کێ چەوساوەیەو کێ چەوسێنەرە.
ئەو لە ئەوروپادا چەمکی (پۆلیس لەسەردا) ( Cop in the head ) ی داهێنا . مەبەست لەوەش ئازارو خەمی ناوەوەیە ( ناخ)ە، وەک نیگەرانی، دڵنەسرەوتی ژیانێکی بەتاڵ، نامۆیی و خۆچەوساندنەوە ( Self-repression ) ئەو جۆرە چەوساندنەوەیە کە سەرهەڵدەدات زیاتر لە ناو خودی مرۆڤەکاندایە نەک لە دەرەوەی. لەو تێروانینەوە بواڵ ئەوەی لا گەڵاڵەبوو کە میتۆدێکە یارمەتی بەشداران دەدات کە کار لەگەڵ چەوساندنەوەی ناو ناخی خۆیان بکەن.
پەلکەزێرینە میتۆدێکە شێوەیەکی تراپیانەی هەیە. جیاوازترە لە شانۆی سەکۆ و نابێت تێکەڵاوی بکەین لەگەڵ شانۆی سەکۆ. ئەم میتۆدە کار لەگەڵ چەوساندنەوە ناوەکیەکان دەکات ، فۆرمێکی راستەوخۆیە کە باس لەوە دەکات بتوانین لێرە و لە ئێستادا ڕەوشەکە بگۆڕین، لێرەدا شانۆ تێکەڵاو بە زانست دەبێت. لە هەندێک حاڵەتدا تەکنیکی پەلکەزێرینە، زیاتر ڕۆشانی دەخاتە سەرچەوساندنەوە و زەقی دەکاتەوە، کام حاڵەت چەوساندنەوەیە؟ چەوساندەوە چیە؟ لە چ حاڵەتێکدا چەوسادنەوەهەیە؟ و لە چ حاڵەتێکدا پێویستمان بە چارەسەر هەیە؟. بەهەمان شێوە تۆ ئەگەر لەبەر خاتری کەسێک کارێک بکەیت، خۆت لە ناخەوە پێت خۆش نەبێت، یان هەرشتێک، هەر کارێک لەبەر کەسێک بیکەیت، ئەوەش بۆ خۆی چەوساندنەوەی خودە. ئەو پەندەی کە دەڵێت مەرگ لەگەڵ عەواڵدا جەژنە، ئەوەش تەواو بەرجەستەی خود چەوساندنەوەیە.
مەشقی و تەکنیکی پەلکەزێرینە زۆربەی کات بەرهەم هێنانەوەی بیر و هەست و سۆزی تایبەتی خۆی لەخۆ دەگرێت نەک هی کارەکتەرێک. لە کاتێکدا مرۆڤ هەوڵ دەدات ژیانی خۆی بەرجەستەبکات یان یان ئارەزوەکانی بهێنێتەدی، لە شانۆدا مرۆڤ ژیانی خۆی بگۆڕێت و ڕاستیەکانی ژیانی خۆی بەرامبەر خۆی دەکاتەوەو بگۆرێت و بیکاتە جێی سەرنج. ڕاستە هەندێک جار ژینگە یان کۆمەڵگە هاوکارمان دەبێت لە بۆ چارەسەری ناوەکەی، بەڵام تۆ گەر بەتەمای ئەوەبیت کەسێک یان گۆڕانی جوگرافیت هاوکارت بێت لە کێشە ناوەکیەکان، دەبێت سەری ئاوێنە بکەیت و خۆت ببینیت، چونکە تاکە رێگای چارەسەر هەر ئەو ئاوێنەیەیە کە خۆتی تێدا دەبینیت، خۆت بەشداربیت هێز و ئیرادە پەیدابکەیت.
ئەمەش مانای وایە کە ڕووداوەکان دەکرێت لە بەردەم شایەتدا ئەنجام بدرێت، خەڵک گەواهی دەربن لەگۆڕینی ژیانی ئەو کەسە کە خۆی هەر خۆی هاوکارە، یان سەرجەم ڕوداوی چیرۆکەکان بگۆڕدرێن. ئامادەبووان دەتوانن بە سۆزەوە ئەزموون بەسەر ڕووداوەکاندا بکەن، تاقی بکەنەوە و کە کاریگەری لەسەر پاڵەوانەکە هەیە پاشان لە ئەنجامدا دەکرێت ئەم ڕووداوانە لە ڕوانگەی ترەوە ببینرێت. دەشێت لە ئەمریکاو ئەوروپا چەوساندەوەکان بە شێوەیەکی دی بێت، بە هەمان شێوەی ئەمریکای لاتین و ئاسیا نەبێت، خەڵک چەوساندنەوەی نەتەوەیی لەسەر نەبێت، یان بەهۆی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەوەوە نەچەوسێنەوە، بەلام چەوساندەوەیەکی ترهەیە کە پیویستی بەلێوردبوونەوە و هەڵکۆڵین هەیە، ئەویش چەوسادنەوەی خودە.، ترس لە تەنهایی، ترس لە هاوڕیەتی، نەوێران لە پەیوەندی گرتن. خۆ کوشتن. لە وڵاتێکی دیکتاتۆریدا زۆر بەکەمی باس لەو جۆرە چەوساندنەوەیە دەکرێت، یان هەر باس ناکرێت.
لە هەندێک باردا، شانۆی چەوساوەکان زیاتر ڕۆشانی دەخاتە سەرچەوساندنەوە و زەقی دەکاتەوە، کام حاڵەت چەوساندنەوەیە. چەوساندەوە چیە؟ لە چ حاڵەتێکدا چەوسادنەوەهەیە؟ و لە چ حاڵەتێکدا پێویستمان بە چارەسەر هەیە. ئەمەش مانای وایە کە ڕووداوەکان دەکرێت لە بەردەم شایەتدا ئەنجام بدرێت، خەڵک گەواهی دەربن لەگۆڕینی ژیانی ئەو کەسە کە خۆی هەر خۆی هاوکارە، یان سەرجەم ڕوداوی چیرۆکەکان بگۆڕدرێن. ئامادەبووان دەتوانن بە سۆزەوە ئەزموون بەسەر ڕووداوەکاندا بکەن، تاقی بکەنەوە و کە کاریگەری لەسەر پاڵەوانەکە هەیە پاشان لە ئەنجامدا دەکرێت ئەم ڕووداوانە لە ڕوانگەی ترەوە ببینرێت. ئەو جۆرە هاوسۆزییە لە شانۆی تەقلیدیدا ناکرێت ، تەنیا لە شانۆکەی بۆڵدا ئەم هاوکاریە دەکرێن، لە شانۆی چەوساوەکاندا جەختکردنەوەیە لەسەر هاوسۆزی ، نەک بەو شێوەیەی هاوسۆزیەی شانۆیی تەقلیدی کە باوەڕ هێنانە بەوەی کە پاڵپشت و هاوسۆزی پاڵەوان بین کە هێمایە بۆ چینی دەسەڵات.
شانۆی یاسادانان ( The legislative theatre): لەساڵی 1984 دا کاتێک ئۆگستۆبواڵ دەگەڕێتەوە بۆ بەرازیل بە چەند میتۆدێکی جیاوازتر کاردەکات، لەوە تێدەگات کە پێویستە کارەکەی بەرەو پێش بدات، و بەدوای فۆرمێکدا بگەرێت بۆ گوزارشتکردن لە شانۆی چەوساوەکان و گەرەنتی بەردەوام بوونی ئەو شانۆیەی هەبێت.
شانۆی یاسادانان، کە فۆرمێکی تری درامایە وجۆرێکی تری کارکردنی بواڵ بوو، کە تیشک و ئاسۆکانی بۆ داهاتوو درێژدەبێتەوە، کە پەیوەندیەکەی تەواوی شانۆ و سیاسەت دەخاتە بەرچاو، بیرکردنەوە لەم فۆڕمی کارکردنە، ئەوەیە کە بەشداران خۆیان کاریگەربن لە پرۆسەی سیاسیدا. بناغەو بنیچینەیەکی پتەوە بۆ دانانی یاساو پەرەگراف و نوسینی دەستووری وڵات.
شانۆی یاسادانان، دوا بیرۆکە و تەکنیکی بوڵ بوو لەبارەی شانۆی چاوەساوەکان، مەبەست لەم بەرەو پێشچونەش ئەوەبوو کە بواڵ بانگەشەی دەکرد، خەڵک داخوازی بۆ بەرەو باشترو و بەرەو پێش چوون هەیە. بیرۆکەی شانۆی یاسادان ئەوەبوو خوازیاری ئەو گۆرانکاریانە پەیوەندی بە یاساکانەوە هەبێت. یەکەم بیرکردنەوە لە شانۆی یاسادانان لە شاری ریودی جانیرۆ بوو لەگەڵ گروپێکی شانۆیی لە ناوەڕاستی ساڵی 1980 دا
لە سیستمی جۆکەر، شانۆی سەکۆ، ئارەزو و پێویستیەکانی کۆمەڵگە بۆ شانۆ ڕا، بواڵ کاری کرد و کە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی دەکرد . بەڵام بواڵ ئەوەی بۆ ئاشكرابوو کاتێک کەسێک لەسەر شانۆکە بیرۆکەیەک یان ڕاو بۆچونێک و سەرنجێکی و باشی هەبووبێت بۆ کێشەیەک و کریسێک لە کاتی نمایشەکەدا، بەڵام لە نێوەندی کارو شوێنی پراکتیکیدا و لە واقعدا توشی بەربەستی یاساو و قانوون دەبۆوە، یاساکان رێگر بوون لەبەرامبەر پێشنیارە باشەکەیدا. بە واتایەکی تر لە هەندێک ڕوداودا خەڵک هەستی بە چەوساندنەوەکە دەکرد، بەڵام نەدەتوانرا چارەسەر بکرێت چونکە یاسا رێگربوو، چەوساندنەوەکە لە ناو خودی یاساکاندا بوو. بۆ ئەوەی بەردەوام بن و پەرە بەگۆڕانکاری بدەن، دەبوایە لەخودی یاساکانەوە دەست پێبکەن و یاساکان بگۆڕن و دایڕێژنەوە بەشێوەیەکی باشتر کە لەبەرژەوەندی خەڵکدا بێت. گۆڕنکاریش لە دەسەڵاتی شانۆی چەوساوەکاندا نەبوو ، چونکە هێزی شانۆکەش سنوردارە، بۆچونی بواڵ ئەوە بوو کە شانۆ وەک میتۆدێکی تر، لەشوێنێکی تر و بە شێوازێكی بەکار بهێنێت.
ئەو لە ڕابوردوودا، هەمیشە دەست و پەنجەی لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا نەرم دەکرد، بەڵام ئەم جارە ڕووبەڕووی شتێکی تر دەبێتەوە، ئەویش سیاسەت و پەرەگرافی یاساکانە، بیریکردەوە چۆن شانۆ لەو کایەیەدا کار بکات و گەشە بکات.
دوای ئەوەی لەناوەڕاستی ساڵی هەشتاکان بواڵ دەگەرێتەوە بۆ بەرازیل، پاش ماوەیەک کارکردن، شانۆی چەوساوەکان، کێشەی سەرچاوەی دارایی بۆ دروست بوو، هەموو هاوکاری دەوڵەتی لێبڕا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە1992 بواڵ داوای لە پارتی کارێکاران کرد کە ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویان دەرچوون هاوکاریان بکەن و، هەندێک پەرگراف هەیە بیگۆڕن لەیاساکانی وڵاتدا و بەردەوامی بە شانۆی چەوساوەکان بدەن بەتێروانینێکی ترەوە، پارتی کرێکارانی لەشاری ریۆدی جانیرۆ پێشنیازەکەی بواڵیان قبوڵکرد بەو مەرجەی یەکێک لە ئەندامانی شانۆی چەوساوەکان خۆیان لەسەر لیستی پارتی کرێکاران کاندید بکەن. بواڵیش هەموو ئەندامانی شانۆی چەوساوەکانی شاری ڕیۆی بانگهێشت کردن پێشنیازەکەی پارتی کرێکاری پێڕاگەیاندن، ئەوانیش بواڵیان دەستنیشان کرد، هاوکار بوون لەسەر خستنی پارتی کرێکاران و بواڵ هەڵبژێردرا بە ئەندامی ئەنجومونی شاری ڕیۆ. ئەو بینی کە دەتوانێت ئەو شوێنەی خۆی بەشێوەیەکی باش بەکاربهێنێت بەوەی کە دەتوانێت هێزی و بڕیارو دەسەڵاتی زیاتر بدات بە دانیشتوانی ڕیۆ. ئەو گۆڕانکاریەی کە دانیشتوانی کۆمەڵگەی ریو داوای دەکرد بەهۆی هەوڵەکانی بواڵەوە بوو بە یاسا و داخوازیەکانین لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێکرا.
بەو شێوەیە شانۆی یاسادانان دروست بوو، کە شارۆمەند و هاوڵاتی خۆی یاسای کۆمەڵگە بەهۆی یاسادانەرانەوە دروست دەکات. بواڵ جەخت لەوەدەکاتەوە ئەوە خەڵک خۆیەتی کە یاسا دروست دەکات و یاسادانەران تەنها سیاغەو چوارچێوە و شكڵ بەیاساکان دەدەن. ئەوان تەنها نێوانگیری یاساو خەڵک دەکەن. ئەوە کاری یاسادانەران نیەکە بڕیاری کۆتایی بە یاساکان بدەن کە بەکەڵک دێت یان نا، بەڵکو ئەوە هاوڵاتی دەبێت خۆی بڕیار و حوکم بدات.
لێکۆڵەرەوانی شانۆی چەوساوەکان باس لە شانۆی یاسادانان دەکەن و جەخت لەوەدەکەن و دەگەڕێنەوە بیروباوەری بناخەی شانۆی چەوساوەکان، کەچەوساوەکان لەم حاڵەتەدا مەبەست گەل دەسەڵاتی هەبێت نەک تەنها دەستەبژێرێک دەسەڵات پەیڕەو بکەن. شانۆی یاسادانان جیاوازە، لە تەکنیکی شانۆی سەکۆ و سیستمی جۆکەر ناچێت، لە ڕاستیدا زیاتر وەک ئەزمونێک دەبینرێت وەک لە تەکنیکێک.بواڵ لە ئەنجومەنی شارەوانیدا سیانزە یاسای چەسپاند بەهۆی تەکنیکی شانۆ یاسادانان.
میتۆدی شانۆی یاسا دانان تا ڕادهیهک له میتۆدی شانۆی سهکۆ دهچیێت، بهڵام چهمک و تێرمی نمایشهکان پێشنیاز بوو بۆ گۆڕانکاری یاساکان. بهوشێوهیه نمایشهکه پێشنیاز بوو بۆ نوسینی یاساو، لهههمانکاتیشدا خهڵک دهیتوانی بێته سهر تهختهی شانۆ، به دهنگی بهرز به تێڕوانینی ئایدیاو بیری باوهر و بۆچونی خۆی له شێوهی نواندندا پێشنیاز بکات.
له نمایشهکاندا ژمارهیهکی زۆر له بینهر ههڵدهستاو پێشنیازی خۆی بۆ نوسینی دهستوور و یاساکان دهخستهڕوو. بواڵ هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە، کە ئێمە نەک تەنها پێویستمان بە گۆرینی خۆمان هەیە، بەڵکو پێویستیشمان بە گۆڕینی کۆمەڵگە هەیە، باشترین جۆریش بۆ ئەم گۆرانکاریانە، گۆرینی یاساکانە. ئەم میتۆدی شانۆی یاسادانانە سەرنج و حەزی خەڵکانێکی زۆری بۆ گوڕین و گەشەکردنی پرسە لۆکاڵیەکان راکێشا، بەتایبەتی لای تاکەکان وگروپە تایبەتیەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی ترادیسێۆنی و تەقلیدی کاریان دەکرد.
بواڵ لە ساڵی (1992) بۆ ئەنجومەنی شارەوانیی شاری (ڕیۆ دی جانیرۆ) هەڵبژێردرا، ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجومەنەکەدا هەیبوو، بەکاریهێنا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی جیاواز کاربکات. لهتهنیشت نمایشهکهوه کۆنوسێک ههبوو که سهرجهم پێشنیازهکانی تۆمار دهکرد، و پێشنیارهکان کۆدهکرانهوه.ئەکتەرێک و پارێزەرێک پێشنیازەکانیان کۆدەکردەوەو دەیانکرد بە پرۆتۆکۆلێک، ئهو پڕۆتۆکۆلانهش بناغهیهکی سهرهکی بوو بۆ دانانی یاسای ووڵات. کە لە شێوەی یاسادا پێشنیازیان بۆ بواڵ دەکرد، ئەو پێشنیازانەش دەگۆرا بۆ یاساو لەسەر مێزەکەی بواڵ دادەنرا. ئەویش لەدەستەکەی خۆی لە ئەنجومەنی شارەوانی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش بە هاوڕێکانی دەکرد، بۆ قسەلەسەرکردن لەسەری، بۆ ئەوەی بگۆردرێت بۆ یاسا. هەموو پێشنیازەکانی بواڵ لە خەڵکەکەوە دەهاتن و بۆ ئەنجومەنەکە دەرۆیشتن. هیچ پێشنیازێک لە خودی بواڵەوە نەرۆیشتبوو، ئامرازی بەدەستهێنانی پێشنیارەکانیش تەنها ئەو جۆری میتۆدی کارکردنە بوو. هەروەها لە سەردەمی بواڵدا سیانزە لەو پێشنیارانەی خەڵک، لە ئەنجومەنەکەدا بوو بە یاسا. ئەو جۆرە میتۆدی کاکردنی شانۆیە لەدواجاردا دەبێتە دەنگ و فۆرمێکی هاوکار و هونەری و دەستپێشخەر بۆ گفتو گۆ. پاشان ئەم جۆری شانۆیە، شانۆی یاسادانان بەزۆربەی ووڵاتانی دونیادا بڵاودەبێتەوە. بەسەرکەوتنێکی گەورە ئەژمار دەکرێت لە کەنەدا و بەریتانیادا.
سەرچاوەکان
1 – De förtrycktas teater. 1979 (Övers. Marianne Eyre och Loreta Valderas). Stockholm: Gidlund.
. 2 -5David Davis och Carmel O’Sullivan har tillsammans skrivit en kritisk artikel om Boal och ‘de förtrycktas teater’. Davis, D och O’ Sullivan, C (2000).
.3- http://su.diva-portal.org/smash/get/diva2:396652/FULLTEXT01
4- Radical Doubt : The Joker System, after Boal
5- https://tidningengrundskolan.se/rainbow-of-desire/
6- Boal, A. (1977). För en frigörande teater
7– https://www.youtube.com/watch?v=4xx-CHhzR2s